په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٥

زانست، زانستگا، ئاکادیمسین، کورد!؟


برایم فەڕشی       

١


زانست ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌گرێته‌ خۆ که‌‌ به‌ڵگه‌ له‌ پشت، ڕێکوپێککراو، سه‌لمێندراو و به‌رهه‌می لێکۆلینه‌وه‌ و توێژینەوە له‌ به‌ستێنێکی تایبه‌ت بێت. زانستگا شوێنی فێربوونی زانست و لێکۆڵینه‌وه‌، لێکۆله‌ره‌، توێژینەوە، توێژێنەر، زانستپیشه‌، فێرکاری زانست و خوێندکاری زانسته‌.  ئاکادمیسین بەو کەسانە گوتراوە و دەگوترێ کە لە زانستگا خویندنیان بە پلەی باکالۆر، ماستر، دوکتورا و باڵاتر تەواو کردبێ و بڕوانامه‌یان وەرگرتبێ. کورد به‌ ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکە، نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌گوترێ، که‌ له‌ ڕۆژئاوای ئاسیا نیشته‌جێن و به‌ زمانی کوردی یه‌ک له‌ زمانه‌کانی هیندوئورووپی ده‌دوێن و گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵەت و کیانی سیاسی جیهانن.

پاش شۆڕشی سەنعەتی سەدەی هەژدە و نۆزدە، زانست و زانستگا و ئاکادمسین گرنگی بەرچاویان بۆ هه‌ڵسووڕاندنی، سه‌نعت، ئابووریی، حکومه‌ت، کۆمه‌ڵگا پەیدا کرد. لە سەدەی یازدە یه‌که‌م زانستگا له‌ شاری Bolognaی ئیتالیا دامەزرا. ئەمە یەکەم زانستگا بوو کە دوور لە کلیسا و دین دەستی بەکار کرد.  کۆنترین زانستگای ئاڵمان لە سەدەی چاردە(١٣٨٦) له‌ شاری هایدلبێرگ دامەزرا.  زۆرینەی ئەو کەسانەی ڕێگایان دەکەوتە زانکۆ و زانستگا منداڵی چین و توێژەکانی باڵای کۆمەڵگا بوون کە دەسەڵاتی ماڵی، سیاسی، زانستی، هونەریی، ئابووریی و سەنعەتییان هەبوو. لە سەدەی شازدە و حەڤدە ڕێگا بۆ بنەماڵەکانی مامناوندی کرایەوە و پاش  ئیجباریی کردن، دەوڵەتیکردن و خۆڕایی کردنی خوێندن بۆ وێنه‌ لە وڵاتی ئاڵمان، فێرگە و زانستگا بوون بە شوێنی هەموو چین و توێژەکان و خوێندن لە زانستگا پەرەی ساند ، هەرچەند ئێستاش ئەوەی دەستی باڵای لە ناوەندەکانی گرنگ هەیە،  چین و توێژی سەرەوەن کە لە چەند سەده‌ی ڕابوردوو، گەورەتر و پڕدەسەڵاتتر بوون. ژنان سەرەڕای پێشکەوتن و زانایی بەرزیان لە بواری جیاواز، هێشتا کەمتر و کەمتر لە پۆستە سەرەکییەکان جێگەیان پێدراوە. پرۆسه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ زانست و زانستگا‌ له‌ ئورووپا له‌ سه‌ده‌ی یازده‌ ده‌ستی پێکرد و به‌ره‌ به‌ره‌ پاشه‌کشه‌ به‌ کلیسا هێندرا و ده‌ستتێوه‌ردان له‌ بواری زانست که‌م کرایه‌وه‌ ‌، هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆش کلیسا لێره‌ و له‌وێ خاوه‌نی فێرگه‌ و زانستگا ماوه‌ته‌وه‌.
 
یەکەم زانستگا لە تورکیا لە سەدەی پازده‌ (٣٠ مای ١٤٥٣) لە ئەستانبووڵ دامەزرێندرا. دارافنوون لە تاران لە سەدەی نۆزدە(١٨٥١) دامەزرا. لە هەر دوو وڵات، ئیسلام و دەوڵەت لە فێرگه‌ و زانستگا ده‌وری گێڕاوه‌ و ئیستاش ده‌ور ده‌گێڕێ. له‌ وڵاتانی ئیسلامی پرۆسەی جیاکردنەوەی زانستگا لە دین و دەوڵەت سەری نەگرتووە، لە باشووری کوردستان دین و دەوڵەت و حزب له‌ زانستگا و فێرگه‌ دەور ده‌گێڕن!


٢


چاپخانە ڕووداوێکی گرنگی سەدەی پازدە (١٤٥٠)‌ لە شاری ماینزی ئاڵمان بوو که‌ ڕێگای بۆ پەرەپێدان به‌ بواری زانست، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات، خوێندن و نووسین خۆش کرد. لە سەردەمی عوسمانی پێش بە دامەزراندنی چاپخانە گیرا و سوڵتانی عوسمانی ئیزنی نەدا لە بەرانبەر بوونی قوڕعان، کتێبی تر چاپ بکرێ.  چاپخانە لە تورکیا لە سەدەی هەژدە(١٧٢٩) دامەزرا و هەتا ساڵی ١٧٤٢ واتە لە ماوەی سێزدە ساڵ ١٧ کتێب چاپ کران. لە سه‌رزه‌مینی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارس بۆ یەکەمجار چاپخانە کە بتوانێ کتێب چاپ بکات، لە سەدەی ١٩ بوو. واته‌ ٨٠٠ ساڵ پاش یه‌که‌مین چابخانه‌ له‌ ئاڵمان و سه‌د ساڵ پاش وڵاتی عوسمانی. لێره‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ تێگه‌یشتنی زانستی له‌ وڵاتانی ئیسلامی و له‌ دوو وڵاتی ئێران و تورکیا چۆن بووه‌ و ئێستا چۆنه‌!

لە سەدەی  ١٩ زیاتر لە ٨٠٪ لە سەدی خەڵکی وڵاتی عوسمانی نەخوێندەوار بوون. لە هه‌مان سەدە زیاتر لە ٩٠٪ لەسەدی خەڵکانی ناو سه‌رزه‌مینی پارس بێبه‌ریی له‌ خوێندن و نووسین بوون. واتە خوێندن، فێرگە و زانستگای ده‌وڵه‌تی لە سەدەی بیست دوای پێکهاتنی دەوڵەتی تورکیای ئاتاتورک و ڕەزاشای قەزاق پەرەی ساندووە. ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەک لە وڵاتانی ئیسلامی ساڵانە هەر کەس ٢،٥ کتێب  دەخوێنێتەوە، کە ئەویش کتێبی زانستی نییە. لە باشووری کوردستان بە وتەی ڕاپۆرتی مێدیا خوێندکاری زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەن، کە بێزارن لە کتێب خوێندنەوە.


٣


لە وڵاتانی ئیسلامی، ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان زانستگایان تەواو کردبێ و بڕوانامەیان وەرگرتبێ، تێگەیشتنێکی تایبەتیان لە خۆیان بە بۆنەی بوونی بڕوانامە پەیدا کردووه‌ و کۆمه‌ڵێک له‌وان تووشی حاڵه‌تگه‌لێک بوون که‌ حازر نه‌بن له‌ گه‌ڵ که‌سانێک دابنیشن که‌ خاوه‌ن بروانامه‌ی وه‌ک ئه‌وان نه‌بن، ته‌نانه‌ت له‌ ناو بنه‌ماڵه‌کان ئه‌م لوتبه‌رزییه‌ گرفتی له‌ نێوان خوشک و برا و خزم و که‌س ناوه‌ته‌وه‌. ئەم تێگەیشتنە ڕێک هەمان تێگەیشتنی دینی و ئیسلامییە کە مەلا و هۆجە و کەسانی ئایینی لە خۆیان نیشانیان داوه‌ و لە لایەک خۆیان لە خودا و پەیامبەرانیان نزیکتر بینیو‌ە‌ و لە لایەکی تر خۆیان لە خەڵکی دەوروبەریان بانتر سه‌یر کردووه‌‌. ئه‌وان جلوبەرگی جیاوازیان لەبەر کرده‌وه‌ و له‌ ناوخۆشیاندا پله‌ و پایه‌ له‌ جل و به‌رگ و ڕه‌نگ و نیشانه‌دا خۆی ده‌رخستووه‌.

ئه‌وه‌ موسڵمان و مووسایی و عیسایی و بودایی و ئەوانیتریش ده‌گرێته‌وه‌، که‌ له‌ ڕێگای جلوبه‌رگی تایبه‌ت، پله‌یه‌کی به‌رزترین له‌ کۆمه‌ڵگا به‌ خۆیان به‌خشیوه‌، که‌ ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک له‌و که‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ خۆیان وه‌ک "ئاکادمسین" ده‌بینن. لە سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست ئەوانەی له‌ ئورووپا زانستگایان تەواو دەکرد، هەمان چەشن دەجولانەوە و جلوبەرگیان جیاواز بوو. لە هێندێک وڵات ئه‌م جیاواییه‌ له‌ فێرگه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌کرا و جیاوازی نێوان منداڵانی فێرگه‌دیتوو و فێرگه‌نه‌دیتوو ده‌خرایه‌‌ ڕوو، که‌ دواتر ده‌بووه‌ به‌شێک له‌ تێگه‌یشتنی که‌سه‌که بۆ ئه‌وه‌ی خۆی‌ بانتر له‌و که‌نیشک و کوڕانه‌ی گه‌ڕه‌ک ببینێ که‌ به‌یه‌که‌وه‌ گه‌مه‌یان ده‌کرد. زۆرجار دایک باوک منداڵی خۆیان مه‌نع کردووە، خۆیان دوور له‌و منداڵانه‌ ڕاگرن که‌ فێرگه ‌نه‌دیتوو بوون، ڕێک وه‌ک ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌چوونه‌ حوجره‌ و مه‌لایان لێده‌رده‌هات.

لە سەدەکانی دواتر لە ئورووپا به‌ تایبه‌ت پاش کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌م، حەولی ئەوە درا ئەم زاهیرسازییە کەم کرێتەوە و وەلابندرێ. ئەم پرۆسە گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی لە زۆر وڵات پڕۆفیسۆر و خاوەن بڕواننامەی بەرز، خۆیان وەک خۆیان دەبینن و ئاسایی دەجولێنەوە و کاری سەرەکی خۆشیان دەکەن کە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریی و به‌شداری له‌ پێشکه‌وتنی هه‌مه‌ لایه‌ن بێ. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ پسپۆڕان که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ حه‌فتا له‌ سه‌د، زانست و زانیارییان به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کارده‌هێنن و ده‌که‌ونه‌ مامه‌ڵات له‌ ته‌ک داموده‌زگای سیاسی، حزبی، ده‌وڵه‌تی، تیجاریی، کلیسا، سه‌نعه‌تی و شوێنیتر. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ وڵاتانی ئیسلامی و له‌ کوردستان‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ باشوور بۆته‌ دیارده‌یه‌کی ئاسایی و ئه‌وه‌ش زیانی زۆر به‌ که‌سایه‌تی زانست پیشه‌ی ڕه‌سه‌ن و که‌سایه‌تی به‌ ناو " " ئاکادمیسین"ی له‌و چه‌شنه‌ ده‌گه‌ێنێ. ‌  

ئەمڕۆ لە وڵاتی ئاڵمان نزیک ١٩ ملیۆن ئاکادمیسین لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٦٤ ساڵ هەیە، ئەمە بێجگە لەو  بیست ملیۆن کەسەیە کە تەمەنیان باڵای ٦٤ ساڵە.  واتە نزیک بە نیوەی خەڵکی ئاڵمان زانکۆ و زانستگایان تەواو کردووە و کەس لە ژیانی ڕۆژانە و سۆسیال مێدیا جاڕی ئەوە لێنادا کە ئاکادمیسین و ئاکادمیکەره‌. لە سەدەی ‌ هەژدە بەو لاوە باو بوو، زۆرینەی ئەو کەسانەی دەرچووی زانکۆ بوون، به‌ کۆتوشەڵواڕ و کڕاوات لە مل دەبیندران، ئێستا زۆربەی هەر زۆری پڕۆفیسۆر و فەیلەسووف جلوبەرگی ئاسایی لە بەر دەکەن و زۆرجار لە ڕێوڕەسمی ئیداریی کەمتر دەبیندرێ کەس و کەسان وەک سەدەی ١٨ و ١٩ هەڵسوکەوت بکەن. لەوە دەچێ لە کوردستانی ئێمە کۆمەڵێکی بچووک، بە تایبەت لە سۆسیال مێدیا، تازە بگه‌ڕێنەوە بۆ سەدەی ١٨ و ١٩.

سەردەمێک هەتا سەدەی نۆزدە لە ئاڵمان لە سەر دەرگای ماڵان پیشە و پلەی خوێندنی کەسان دەنووسرا، دواتر ئەم بەزمە کۆتایی پێهێندرا. ئەوەی بۆچی ئەم کۆمەڵە کەسە، لە مێدیا و سۆسیال مێدیا و کۆڕ وکۆمەڵ و لە پێوەندی لە گەڵ حزبی کوردی، سیمایەکی دوور لە سەردەم لە خۆیان دەنوێنن و کەمتر بەرهەمەکانیان دەبنە پێناسەی بیر وهزر و زانستیان، پرسیارێکە کە گرێدراوی کۆمەڵێک لایەنی فەرهەنگی، تێگەیشتن، بنەماڵە و کۆمەڵگایە، که‌ هه‌ڵده‌گرێ قوولتر لای لێبکرێته‌وه‌.

سەردەمێک دوکتور لە ئاڵمان بە خودای بەرگ چەرمگ(سپی) ناودێر دەکران، ئەمڕۆ زۆرینەی دوکتورەکان خۆیان هاوشان و هاوگفتوگۆی نەخۆشەکانیان دەبینن و لەم ڕێگایەوە پێوەندی نەخۆش و دوکتور، پێوەندی پڕۆفیسۆر و خوێندکار، پێوەندی نێوان موعەلیم و خوێندکار لە فێرگە، پێوه‌ندی نێوان دوو ئینسانە کە یەکتر وەک خۆیان دەبینن و بەوەش لە سروشتی یەکتر نزیک دەبنەوە. پێوەندی شێوە کۆنی نووسەر و شاعیر و هونه‌رمه‌ند و خەڵک، پێوەندی فەیلەسووف و دیپلۆمات و سەرۆککۆمار و وەکیل و وەزیر و خەڵکی تر ئیتر لە چوارچێوەی کاستەکاندا نەماوە و تیتر بڕوانەمە وەپێش پێوەندییەکان ناکەون.


لە یۆنانی کۆن هێندێک لە فەیلەسووفان کە دەیانویست باڵادەستی خۆیان بەرانبەر خوێندکار ڕابگرن وه‌ک "پلاتۆن"، دژی بوونی کتێب بۆ خوێندکار بوون و دەیانگوت" خوێندکار خۆی توانای تێگەیشتنی نییە و دەبێ دایم، ڕاستەوخۆ لە فەیلەسووفەوە شت فێر بێ"، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە فه‌یله‌سووفانی وه‌ک "دیۆگنس" ڕاستەوخۆ لە ناو بازاڕ لە گەڵ خەڵک و تەنانەت منداڵان دەکەوتنە گفتوگۆ و له‌وانه‌وه‌ شت فێرده‌بوو.


٤


لە ساڵانی نەودی زایینی گۆڕان بە سەر خوێندن و چۆنیەتی خوێندن هێندرا و خوێندن لە ڕێگای دوورەوە پەرەی ساند و خوێندکار لە تێڕمێکی خوێندن چەند جارێک هاتووچۆی زانستگای دەکرد و هه‌فتانه‌ له‌ ڕێگای پۆسته‌وه‌ بابه‌ته‌کانی به‌ ده‌ست ده‌گه‌یشت. گەلێک ئاکادێمی دامەزرێندرا کە ماوەی خوێندیان کەم کردەوە و خوێندکار هەمان پسپۆڕی پەیدا دەکرد و بڕوانامه‌ی پێدەدرا.


بە هاتنە گۆڕێی ئینترنێت و ئاکادێمی و زانستگای ئۆنڵاین و هەروەها بڵاوبوونەوەی سەمینار و وانە و کتێب لە ئینترنێت و دەورە و سەمیناری ئۆنلاین، ڕاستەوخۆ چوون بۆ زانستگا و وڵات بەجێهێشتن بۆ خوێندن لە کەمی دا. ئاکادێمی لە چەشنی خان ئاکادەمی khanacademy چەند ملیۆن خوێندکاری هەیە کە بەلاش دەخوێنن.

بە ملیۆنان کەس ساڵانە لە زانستگای ئۆنلاین خوێندن تەواو دەکەن و دەبنە خاوەن بڕوانامە و لە ڕەدەی ئاکادمیسین حیسابیان بۆ دەکرێ. لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو، دوور لە زانستگا و لە ڕێگای ئینترنێت و پلاتفۆڕمه‌کان که‌ زۆریان تاکه‌ که‌سی و له‌ لایه‌ن پڕۆفیسۆر و پسپۆر و فه‌یله‌سووفه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و زانیاریی بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی (ئینترئاکتیڤ) له‌ بواری هه‌مه‌ چه‌شن که‌سان پلە و پایەی زانستی و زانیاریی و تەجرووبەی خۆیان ده‌به‌نه‌ سەرێ.
ئەمڕۆ لە زۆر بوار ئیتر بڕوانامەی زانستگا پێویست نییە، ئەو کەسانەی لە Silicon Valley - ئامریکا، ناوەندی جیهانی  گەورەترین شیرکەتگه‌لی وەک مایکرۆسافت، گوگل، ئاپل و ئه‌وانیتر کار دەکەن، بەشێکی بەرچاویان زانستگا نەچوون یان بەجێیان هێشتووە، بەڵام ئەوان پسپۆڕی ئەو بوارەیان هەیە کە کاری تێدا دەکەن. لە ئاڵمان کەسانێک لە هێندێک بوار لە زانستگا وانە دەڵێنەوە بە بێ ئەوەی خۆیان ڕۆژێک چووبێتنە زانستگا، لە فەڕانسە کەس و کەسان هەن کە هەر فێرگە نەچوون لە ماڵێ لای دایک و باوکیان فێربوون و دواتر خۆیان پسپۆڕییان پەیدا کردووە و ئێستا لە زانستگاکانی ئورووپا وانە دەڵێنەوە. هەر لەم ڕۆژانەدا ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک لە ئاڵمان بڵاو کرایەوە کە بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی خوێندنی دەساڵە تەواو دەکەن، بەرەو درێژەدان بە خوێندن و فێربوونی دەورە ناچن و خۆیان دەست بەکار دەکەن. کەم نین ئەو کەسانەی تەمەنیان ژێر هەژدە ساڵ بووە و هەر لە ڕێگای کار و فێربوونی خۆیان، گەیشتوونەتە پلەی بەرز، بە تایبەت لە بواری ئای تی، ئینفۆرماتیک و گەلێک بواری تر.

کەوایە زانستگا و فۆڕمی کلاسیکی خوێندن و فێربوون، بە تایبەت لە سەردەمی KI و AI ڕۆژ بەڕۆژ دەوری دەگۆڕدرێ و دەوری ئاکادمیسینی کلاسیک وەک خۆی نامێنێ و خوێندن و فێربوون و دامودەزگای کلاسیکی وەک زانستگا، تووشی گۆڕانی بنەڕەتی دەبن و زۆرێک لە ئوستادانی زانستگا تووشی بێکاری دێن و کاری ئەوان KI باشترئەنجامی دەدات. هەر ئێستا زۆر لە پسپۆڕانی ڕەدەی دوکتورا و پڕۆفیسۆر وڵامی پرسیار و ئانالیزی بابەتەکانیان لە KI وەر دەگرن. کە وایە ئەو کۆمەڵە ئاکادیمسێنەی کورد کە بە فەرهەنگی سەدەی هەژدە و نۆزدە ڕاهاتوون، باشترە بە پەلە خۆیان بگەیننە کۆتایی چارەکە سەدەی بیست و یەک، دەنا دەبێ بۆ ئاشنابوون لە گەڵ ئەم سەردەمە، بچنە کورسی منداڵەکانی خۆیان، کە خاوەن شیرکەت و ئاکادێمی و ئەنستیتۆ و پلاتفۆرمی ناونەتەوەیین .

ئەمڕۆ لاوانی نێوان ١٣ بۆ ٢٠ دەتوانن پڕۆژەی مەزن بخەنە بەر دەست کە خستوویانە و هەر ئێستا لە ئاستی جیهان دەیان و سەدان پڕۆژەی زەمینی و مەجازیی لە ئارادایە کە بەرهەمی فکر و بیر و هزری ئەو کەسانەنن. زانیارییەکی تر کە پێویستە ئەم کۆمەڵە کەسە بیزانن ئەوەیە، زۆربەی ئەو کەسانەی "کاشف" بوون و شتێکیان دۆزیوەتەوە و بۆ یەکەمجار بەرهەم هێناوە، زیاتر لە ٧٥ لە سەدیان خوێندنی باڵا و مامناوەندیان نەبووە، کە وایە مێشک لە دەرەوەی "زانستگا‌"ش کار دەکا و خاوەن مێشک دەتوانێ بڕوانامه‌ی هه‌بێ و نه‌بێ و ئیدە و عەمەلی گەورەی لێبکه‌وێته‌وه‌.


٥


تێگه‌یشتن و خۆ له‌ پله‌ی باڵادا دیتنه‌وه‌، ته‌نیا گرێدراوی بڕوانامه‌ نییه‌، گرێدراوی که‌سه‌که‌ خۆی و کۆمه‌ڵگا و بارودۆخه‌. ئه‌مڕۆ له‌ ئێران زانستگا له‌ ژێر ناوی ئازاد و په‌یامی نوور و ناوی تر، له‌ باشووری کوردستان و له‌ وڵاتانی باڵکان و گه‌لێک شوێنیتر بڕوانامه‌ ده‌کڕدرێن و ده‌فرۆشرێن و به‌شێکی به‌رچاوی به‌رپرسانی ئێران و باشووری کوردستان له‌م ڕێگایه‌وه‌ خۆیان به‌ "ئاکادمیسین" ده‌زانن.

ئایا له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی له‌م چه‌شنه‌ زانست و تێگه‌یشتنی زانستی، ته‌شه‌نه‌ ده‌ستێنێ؟ ئایا ئاکادمیسینی ڕه‌سه‌ن له‌و چه‌شنه‌ کۆمه‌ڵگایانه‌ جێگایان ده‌بێته‌وه‌؟ یه‌کێک له‌ دۆستانی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ پسپۆڕی بواری نه‌فت و گاز بوو، هاوکات وه‌رگێڕێکی زمانی ئینگلیسی و ده‌رچووی یه‌کێک له‌ زانستگاکانی ئامریکا بوو. ساڵی ١٩٨١ پڕۆژه‌یه‌کی نه‌فت و گازی بردبووه‌ به‌ر ده‌م جێگری وه‌زیر، کابرا گه‌ڕابۆوه‌ و ئه‌م ڕسته‌یه‌ی گوتبوو" برادر این چیزها چیه‌ می نویسد، بروید و ذهنتان را پرواز بدهید".


"ئێران، وڵاتی گوڵ و بولبول!" له‌ سایه‌ سه‌ری جێگر وه‌زیر و وه‌زیری له‌و چه‌شنه،‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و جێگایه‌ی له‌ پایته‌خته‌که‌ی ئاو ده‌ست ناکه‌وێ، به‌شێکی وڵاته‌که‌ وشک بووه‌، سه‌رجه‌م ئابووریی، زانست تێکقڕماوه‌. وه‌زعی باشووری کوردستان له‌وان باشتر نییه‌، که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ک ئه‌وان جوڵانه‌وه و‌ پێشیان به‌ ده‌یان پڕۆژه‌ی زانستی گرت، که‌ یه‌کیان پڕۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئاڵمان و کوردستان بوو.


ئاکادمیسین، سیاسی و پسپۆڕی حزبی و حکومه‌تی نه‌یانتوانیوه‌ گرفته‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و نه‌یانتوانیوه‌ و نه‌یانویستووه‌، ئاو و کاره‌با و کار بۆ خه‌ڵک دابین بکه‌ن. ئه‌وه‌ مێژوویی سه‌د و بیست ساڵی ڕابوردوو له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و "ئاکادمسینی کورد" ده‌گرێته‌وه‌ که‌ خۆیان به‌شێک له‌ گرفت بوون و ئێستاش ئاکادمسینی کورد ئه‌و ده‌وره‌یان نه‌گێڕاوه،‌ بۆ وێنه‌ وه‌ک خزمه‌کانیان، واته‌ ئاکادمسینی جوو که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاواره‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ سه‌ر سه‌رزه‌مینی باب و باپرانیان و وڵاتێکیان ساز کرد که‌ زۆرترین ئاکادمسینی به‌ جیهان به‌خشیوه‌ و زیاتر له‌ شەست و پێنج له‌سه‌دی خه‌ڵاتی نۆبیلیان پێبه‌خشراوه‌ و هه‌ر ئێستا له‌ زۆر بواری زانستی پێشکه‌وتوون.

ساڵی ١٩٨٩ هه‌ژار موکریانی له‌ شاری بۆن له‌ دانشتنێکی چه‌ند که‌سی باسی ئه‌وه‌ی ‌کرد که‌ ئه‌وان و ڕۆشه‌نبیرانی سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد پییانوابووه‌، وه‌دواکه‌وتوویی و شکستی یه‌ک له‌ دوای یه‌کی کورد، نه‌بوونی خوێنده‌واریی بووه‌. ئه‌و گوتی" خوێنده‌وارمان زیادی کرد، به‌ڵام ئه‌وانیش وه‌ک خانه‌قا و موریدی خانه‌قایان لێهات و هه‌رکه‌س بوو به‌ مریدی ئه‌م شێخ و ئه‌و شێخ." مه‌به‌ستی ئه‌و له‌ شێخ و خانه‌قا حزب و به‌رپرسانی بوو.

ڕاستییه‌کی تری خوێنده‌وار و ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ "ئاکادمیسین" ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێکی به‌رچاویان له‌ خزمه‌ت حکومه‌ته‌کانی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیه‌ بوون و هه‌ر ئێستاش له‌ ناو ئه‌و سیسته‌مانه‌دا ئه‌م که‌سانه‌ له‌مپه‌ره‌ن و له‌مپه‌ر بوون له‌ سه‌ر ڕێگای گه‌یشتن به‌ مافی کورد. به‌شی دووهه‌م له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌فتا ساڵی ڕابوردوو، نه‌یانتوانی له‌ بواری ڕێکخستن و داموده‌زگا سازکردن چ له‌ بواری پیشه‌یی خۆیان و چ له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی سه‌رکه‌وتوو بن. له‌ هیچ شوێنێکی کوردستان( باشوور، باکوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا) و ده‌ره‌وه‌ی وڵات تێگه‌یشتنی گشتی و ڕێکخراویی کوردستانی بوونی نییه‌ و ئه‌وه‌ش که‌ بوو له‌ ژێر سایه‌ی حزب و "ئاکادمسینی حزبی" سه‌رئه‌نجامیان نه‌بوو.


یه‌کیه‌تی خوێندکارانی کورد(١٩٥٦)، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی(بلژیک)، (له‌نده‌ن)، ده‌یان کۆنگره‌ی هونه‌رمه‌ندان، نووسه‌ران، کارسازان، ئاکادمیسین و ده‌یان ڕێکخراو سازکران و بێ ئاکام مانه‌وه‌. ئه‌وه‌ ناوخۆی وڵاتیش ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ هیچ شوێنێک له‌ هیچ بوارێکدا، ڕێکخراوه‌ی کوردستانی بوونی نییه‌. هه‌ژار گوته‌نی خانه‌قا و مورید و موراد بۆته‌‌ به‌شێک‌ له‌ فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ ناوی کورد که‌ هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ دابه‌شکراوه‌ به‌ سه‌ر زاراوه‌، ئایین، ناوچه‌، بیروباوه‌ڕ، عه‌شیره‌، گرووپ و ده‌سته‌ی هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگی ناکۆک له‌ گه‌ڵ یه‌ک. ئاکادمسین یه‌کێک له‌م گرووپانه‌ن که‌ خه‌ریکی سازکردنی کاست خۆیانن.

مخابن به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئاکادمیسێنی کارساز و خاوه‌ن ئه‌زموون و پڕۆژه‌، له‌ وڵاتی خۆیان جێگایان نه‌بۆته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ ئامریکا و کانه‌دا و ئورووپا دوور له‌ هه‌ڵا و هه‌نگامه‌ی حزبی، سۆسیال مێدیا، حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت و ده‌سته‌ و گرووپ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کار ده‌که‌ن و هێندێک له‌وان به‌ پێی پیشه‌یان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هاوکاری خه‌ڵک ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ناوی خۆش له‌ وڵاته‌که‌یان به‌ وڵاتانی نیشته‌جێ خۆیان و جیهان بخشیوه‌. ئه‌مانه‌ نه‌ پێویستیان به‌ مێدیای نائازاد و گرێدراوی ئه‌م حزب و ئه‌م ده‌زگا هه‌یه‌ و نه‌ هه‌ڵاوهه‌نگامه‌ی سۆسیال مێدیا و کۆمه‌ڵگای ده‌سته‌مۆکراو.


ئاکادمسین و نائاکادمسین و هه‌موو چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا له‌ هه‌ر ڕه‌ده‌ و پله‌و پایه،‌ ده‌بوو و ده‌بێ لێهاتووی و ئیمکانی خۆیان بۆ ڕزگاری خۆیان و وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌کار بهێنن و زانست و پسپۆڕیان بۆ گه‌ڵاڵه‌کردنی پڕۆژه‌ی ڕزگاریی بخه‌نه‌ کار.


له‌ بیست ساڵی داهاتوو گۆڕانکاریی مه‌زن به‌ سه‌ر جیهان دادێت و کورد ده‌رفه‌تی زۆری نه‌ماوه‌،‌ به‌رده‌وام خه‌ریکی گه‌مه‌ی سیاسی له‌ ناو خۆی و ده‌وروبه‌ری بێ، سیاسه‌تێک که‌ له‌ پاش کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌م به‌رده‌وام نوشستی و شکه‌ستی له‌دوا بووه‌ و ئێستاش درێژه‌ ده‌درێ. کورد و پسپۆڕ و ئاکادمسین و شاره‌زا، گه‌ره‌که‌ جیهانی ئه‌مڕۆ، کورد و کوردستان و جێگه‌ و پێگه‌ی بناسن و خۆیان و نه‌ته‌وه‌ و کوردستان وه‌ک هێزێک ببینن که‌ له‌ ناوچه‌ و جیهان ده‌ور بگێڕێ. ئاکادمسین گه‌ر هه‌موو وه‌ک "جوو" تێگه‌یشتنی هاوبه‌شیان بۆ ڕزگاری خۆیان و وڵات و خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌که‌یان هه‌بێ، بێ گوومان ده‌توانن ده‌وری کاریگه‌ر بگێڕن و خه‌ڵک و حزب و دامو ده‌زگا و گرووپه‌کان له‌ یه‌ک گرێده‌ن و کۆلێکتیڤێکی هه‌مه‌لایه‌ن پێکبێنن. ئه‌وان با وه‌ک دیۆگنیسه‌کان بێنه‌ مه‌یدان. وه‌ک ئه‌و حه‌وت ئاکادمسینه‌ی بوونه‌ هۆی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی جوو!


٢٣\٧\٢٠٢٥
ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک