په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٥

زانكۆ و تارمایی!


ئەرسەلان مەحمود  

 

لە دەرەوەی بەها فكری و فەلسەفی و ئاینەكان، زۆر بەسادەیی دەمەوێ‌ تەنها یەك پرسیاری سادە بكەم، ئەرێ‌ ناسنامەی خویندكارێك، هەموو سەرو جەستەی لەڕەش داپۆشراو بێت، بەتەنها چاوەكانی بتروسكێنەوە لەزانكۆدا، لەناوەندەكانی پەروەردەو خویندندا، لەحانوتگەو كافتریارو پۆل و كلاس و لەتاقیكردنەوەكاندا، لەلایەن هاو پیشەو سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتی و ئۆستازو مامۆستایانی ئەو ناوەندانەو پاسەوانەكانی، بەچی دەناسرێتەوە؟!


لەزانكۆی ڕاپەڕین، ئەمەم دیت، دەزانم لەناوەندەكانی تری خوێندنیشدا، دەیەها خوێندكاری وەها بەخودنامۆگەراو شوناس نادیارو مەترسیدار بوونیان هەیە!!


وەك یاسا داڕێژەر، یا وەك دژە ماف و دژە بنەماكانی دیمۆكراسییەت نا، ئاسایی وەك هەر تاكێك، باوەڕی نەگۆڕم بەوە هەیە: هەتا یاساو هێزی ملپێكەچپێكردن لەكۆمەڵگەدا زاڵبێت، مرۆڤ و ڕەگەزەكانی مرۆڤ، ناتوانن ببنە خاوەن پێگەی شایستەو شیاو بەهەبوونی خۆیان، تەنها ئەو كاتەی یاسای هاوچەرخ و سیاسەتی دروست ئازادی پەخش دەكات، مرۆڤایەتی دەتوانێ‌ داناترو تەژی تر بێت لەچاكەو مرۆڤ ژیاوتر بژیت.


هەر یاساو ڕێسایەك، یەكەیەكی بێ‌ مۆڕاڵ و نامەدەنی بخاتەوە لەنێوان ڕەگەزەكانی مرۆڤدا، بەنمونە: پیاوەكە بكاتە بەرپرسیارو ژنەیش بخاتە پەراوێز، دژە ماف و دژە دیموكراسییەت و، لایەنگری سوننەتگەراییە. هەر بیرو باوەڕێك سەرو جەستەی مرۆڤ باوێتە ژێر كاریگەری شەونمی نەرێتگەرایی و بیخاتە بەر هەستیاری ئاینگەراییەوە، بۆئەوەیەتی لەو ڕێگەیەوە ئەو جوانییە سروشتییە بفەوتێنێت خودا لەئەزەلەوە بەخشیویەتە مرۆڤ، دەیەوێ‌ ئەو مافە مەدەنی و ئەزەلییانە بسوتێنێت لەبنەمادا سەرەتایترین دیاری خودان.


داماڵینگەرایی مرۆڤ لەبەها ئەزەلییە سروشتییە یەزدانیانەكان و بەستنەوەی بەهزری ئوسوڵیگەرایی، تەنها ئەو مانایە هەڵدەگرێت: مرۆڤ پێوست ناكات بژیت بۆئەوەی وەك ئەوەی خۆی دەیەوێ‌ بیربكاتەوە، بەڵكو دەبێت كۆتایی بەبیركردنەوە بهێنێت و تەنها لەپێناو جێبەجێكردندا بژیت. لەكاتێكدا راسەقینەیی مرۆڤ لەبیركردنەوەو لەئەزمونكردن و پەیوەندی و لەبەریەككەوتنیدایە، نەك لەخۆشاردنەوەو لەدابڕانیدا.


پەرلەمان و حكومەت، لەوە بێدەسەڵات و بێباكترن مرۆڤ ڕوی دەمیان تێبكات و، داوای هێنانە ئاراوەی چارەسەرێك بۆ بەماناكردنەوەی ئەم دیاردانەیان بەیاسا لێبكات، بۆیە داوا لەهاو پیشەو لایەنە پەیوەندارە ڕێكخراوەیی و مەدەنییەكان دەكەم، هاوكاربن لەرزگاركردنی هاوەڵەكانیاندا، وایان لێبكەن ببنە پشتیوان بۆیان، هاوڕێیانە لێیان بپرسن، ئەم ستایلە بەرهەمی هزری ئوسوڵیگەراییەو، لەزیهنیەتی ئوسوڵیگەرایشدا، دامەزراوەكانی پەروەردەو خوێندن، كارو كردەوەو هەڵگری مەنهەجێكی شەیتانییە، بۆچی دەیخوێنن؟، بەنەرمی ڕونیبكەنەوە بۆیان، یان دەبێ‌ ئەمان كەوتبێتنە هەڵەوە، یان ئەم دوفاقی و دۆگماكارییەی دنیای ئوسوڵیگەرایی هەڵەو نادروستە، پێیان بڵێن ئەگەر ئەمڕۆ ئوستازو مامۆستاكانتان نەزانن ئەوە كییە هاتووە بخوێنێ‌ و فێر بێت و ببێتە هەڵگری بڕوانامە، ئەی لەداهاتوودا چۆن دەشێت كەسێك ببێتە ڕێنیشاندەرو خزمەتگوزاری وڵات ناسنامەو شوناسەكەی شاراوە بێت؟، ڕازییانبكەن بەهاوەڵیكردنێكی زانستانەو عەقڵانەو مەدەنیانەو سەردەمیانە، لەبری ئەوەی ملكەچییەك بژین كۆیلانە، تابتوانین هاوڵاتی باشترو سەلامەت ژیاوتر بژین.


مرۆڤ هەر مرۆڤە، بەڵام لێتان نایشارمەوە، وەك خۆم بێز لەو مرۆڤە دەكەمەوە، شانازی بە لاوازی و كۆیلەبوونی خۆی و ئەوانی ترەوە دەكات، بەبێ‌ ئەوەی بمەوێ‌ تف لەو دەزگەو دامەزراوە بە ڕواڵت مەدەنی و زانستیانە دەكەم، لەژێر هەر پاساوێكدا دەبنە بەشێك لە كاڵكردنەوەی جوانیەكانی مرۆڤ و قەدەری نەرێتگەرایی برەو پێدەدەن، بێباكی دەیانبات بەڕێووە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک