په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گفتوگۆى زانیار محەمەد لەگەڵ یوسف عیزەدین.

 


 

زانیار محەمەد: چیرۆک دەیەوێت چیبکات؟ پەراوێزەکان بنووسێتەوە؟ راستییەکان بڵێت؟ ماناى دیکە بەرهەمبهێنێت؟ چیرۆک ئەرک بەرهەمدێنێت؟ یان ئەرک چیرۆک دروستدەکات؟
یوسف عیزەدین: دیارە بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ راڤەکردنى لایەنێکى خودى نووسین وەک گەمەیەکى دالەکان. ئەمە جگە لەهەوڵدان بۆخستنە رووى هەموو ئەو نهێنى و پەنهانانەى کەپاش گەمەى نووسین بەهەموو جوداکارى و جیاوازییەکانەوە لەنێو دەقدا خەفەو شاراوەیە، خۆدان لەگەمەیەک کەقەولە پێوەندییە سروشتى و ئاساییەکانى مابەینى شتگەلێکى دیاریکراو یان نادیاریکراو تێکبدات، قەولە دەستکارى پێوەندى نێوان نزیکبوونەوە و تەبابوونى رەگەزەکان بکات و ئەو چەمکانە هەڵبگێڕێتەوە کەتاکڕەهەندانە سەیر دەکرێن و چەندین شتى دیکەش. بۆیە کاتێک باس لەکردەى نووسین دەکەین دەبێت ئەوە لەپێشچاو بگرین، کە خۆمان لەقەرەى کردەیەکى ناجێگیر و پڕ گومان دەدەین. سەرەتا بۆئەوەى زۆر پەلنەهاوین و لەئاست وەڵامى پرسیارەکەدا بمێنینەوە، دەکرێت کەمێک لەو پێوەندییە بدوێین کەزمان و ئاخافتن لەگەڵ نووسین هەیانە، یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر کۆڵەکەیەکى سەرەکى نووسین زمان بێت ئەوە خودى زمان لەبگرەو بەردەو پێکدادان و ململانێدایە لەگەڵ ئاخافتن. یەکێک لەو پرسیارانەى کەهەردەم بۆتە جێى خواس و باس ئەوەیە کە ئاخۆ زمان و ئاخافتن کامیان پێش ئەویتریان دەکەوێت؟ یان گرنگى و کاریگەرى هەریەکێکیان لەسەر ئەویتریان تا چ ئاستێک بڕ دەکات، یان پێوەندى ئاخافتن بەنووسینەوە و چەندین پرسیارى دیکە کەدیارە تاوتوێکردن و پەى پێبردن و پرسیارکردن لەبارەیانەوە بەشێکە لەبەرایى ئەو کردەیەى کەپێی دەگوترێت نووسین. کاتێک ئاخافتنى گوتاربێژێک راستەوخۆ بیرکردنەوەو مەبەستى کەسەکە دەگەیەنێت لەوەى کەپێش وەخت مەبەستى بووە بیڵیت. بەڵام ئەمە لەنووسیندا وانییە و دەبێت بزانین نووسین چەند لەگەڵ دەربڕینى ناوەکى نووسەر دێتەوە یان چەند لێى دوورە، لەنووسیندا ئاخافتن نائامادەیە، بەڵام کاتێک دەڕوانیتە ئاخافتن بەتایبەت لەدەربڕینی گوتارێکدا دەبینیت بەنووسینەوە بەندەو نموونەى لێدەخوازێ و بەو شێوەیەش نووسین لەنێو ئاخافتندا خۆى دەپارێزێت تەنانەت لەهەندێک حاڵەتدا خۆى بەرهەمدێنێتەوەو ئاخافتن دەکاتە شتێکى لاوەکى، رەنگە ئەمانەو زۆر شتى تر ئەگەر رووکەشیانە تێیبڕوانین، بەچەشنێکى تر بێنە پێش چاومان. بەڵام ئەوەى کەپێویستە لە وەڵامدانەوەى پرسیارەکەتاندا بگوترێت ئەوەیە کە بەبێخۆدان لەهەموو ئەو گێرمەو کێشەیەى کەلە ئاستى جیاجیا و جۆراوجۆردا زمان و ئاخافتن و نووسین پێکەوە گرێدەدات، یان جیاوازییەکانى نێوانیان دەخاتەروو، سەربارى زۆر شتى تریش کەپەیوەستە بەنهێنى و پەنهانەکانى ئەوانەوە، ئاستەمە بەشێوەیەکى راشکاوانە و روون بتوانین باس لەکردەى نووسین بەگشتى و خودى نووسینى نێو ژانرە ئەدەبییەکان بکەین.


"رۆلان پارت" سیستەمى ریزکردنى دەفرەکانى نانخواردنى لەخوانێکى دیاریکراو بەئاخافتن و دابونەریتى خوانەکەشى بەزمان داناوە و بەپێچەوانەى"دى سۆسۆر"سیمۆلۆژیاى کردۆتە بەشێکى زانستى زمان، چونکە بەبۆچوونى ئەو ئێمە لەهەموو جۆر و چەشنێکى ئاماژەکاندا زمان دەدۆزینەوە و هەر بەڕاى ئەویش تێکست سوود لەچەمکى زمانى تاکەکەس وەردەگرێت.


بەڵام(جاک لاکان) بەچەشنێکى تر مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات، پێیوایە نەست تەنها شوێنى غەریزەکان نییە، بەڵکو شوێنێکى تایبەتیشە بۆ ئاخافتن و زمان و بەڕاى ئەو خودى نەست زمانێکەو بونیادى خۆى هەیە.


راشکاوانە دەتوانین بڵێین پێوەندى زمان و ئاخافتن و نووسین، پێوەندییەکى ساکار و سادە نییە بەڵکو تابڵێیت ئاڵۆزە. بۆ نموونە کاتێک تێورییەکى نووسراو دەچێتە نێو رایەڵەکانى ئاخافتنەوە و قسەو باسى لەسەر دەکرێت، یان کە دەبێتە گوتار و لەزمانى گوتاربێژەکانەوە دەخرێتە روو، بۆى هەیە زۆر لەتێکستە نووسراوەکە دووربکەوێتەوە و رەنگە لەگشتاندنیدا سەتحیبوون وسادەییەکى ترسناک لەخۆبگرێت، یان ببێتە شتێکى سامناک و زۆر جیاواز لەوەى لە تێکستە نووسراوەکەدا هاتووە، چونکە ئاخافتن ناتوانێت بەدەر لەخۆسەپاندنى بەسەرگوێگردا ئیدامە بەخۆى بدات. ئەو ئیختیارەى کە گوێگر هەیەتى زۆر جیاوازترە لە ئیختیارى خوێنەر، ئاخافتن لەکەشێکى خووڵقێنراودا بەڕێوە دەچێت و زۆرتریش زیاد لەکەسێک ئامادەگى دەبێت. بەڵام خوێندنەوە کارێکى تاکەکەسییە و خوڵقاندنى کەشەکەش پەیوەستە بەخودى تاکەکەسێکەوە کەخوێنەرە، لەهەر کاتێکدا کەمەبەستى بێت دەتوانێت دەستى لێهەڵبگرێت و هەر کاتێکیش کەبیەوێت دەتوانێت بچێتەوە سەرى.


دەقە ئاینییە نووسراوەکان سەربارى کۆنییان، ئاسان لێ تێنەگەیشتنیان، زۆرى میتافۆر و سەجع و پەرەگرافى عەجایب و وشەو دێڕى سەیروسەمەرە و ئەو هەموو راڤەو تەئویل و شرۆڤەیەی کەبۆیانکراوەو بۆیان دەکرێت، ئەوەندەى لەنێو دووتوێى دەق و زمانى نووسیندا بمێننەوە رەنگە بەو شێوەیەى کەدێنە نێو ئاخافتن و لەمیانەى گوتارو وەعزەوە دەخرێنە روو، ترسناک نەبن. هەر بۆ نموونە کاتێک دەڕوانینە ئەزموونى میستیکى وسۆفیستیکیانەى سۆفییەکان، تا ئەو ئاستەى نەهاتۆتە نێو ئاخافتنەوە و لەنێو دنیاى پەنهان و نهێنییەکاندا هەڵدەسووڕێت، نەبۆتە هیچ گرفتێک و مەرجەعە شەرعییەکان دەستیان نەداوەتە دژایەتى کردنى، بەڵام کاتێک بۆتە بابەتى ئاخافتن و قسەو لەدنیاى بوونى وەک ئەزمونێکى تایبەت، یان نووسراو هاتۆتە دەرێ، تووشى پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەیەکى سەخت بۆتەوە، کە زیاتر بەکوژرانى زاتى موتەسەویف و موریدانى کۆتایى هاتووە. ئەگەر حەللاج بەنموونە بهێنینەوە دەبینین تەنها لەبەر ئەوە ناکوژرێت کە کتێبێکى وەک"تەواسین" ى نووسیوە، کتێبێکى تەنها دە لاپەڕەیى کەهەموو تەسەورە تەقلیدییەکانى ئایین سەراوژێر دەکات، بەتایبەتیش لەبەشى"تاسین ئەلئەزەل و ئەلئیلتیباس"دا توانیویەتى تراژیدیاى ئیبلیس لەروانگەیەکى زۆر جیاوازەوە بخاتە روو، شایانى باسیشە ئەم نووسینەى حەللاج یەکێکە لەو نووسینە ناوازەو دەگمەنانەى کە بەئاسانى خۆى بەدەستەوە نادات و رەنگە ئاستەمیش بێت بەسانایى بهێنرێتە نێو زمانى ئاخافتنەوەو سادەبکرێتەوە، پەنهان و تەمومژێکى تێدایە کەدەتوانێت پارێزگارى لە پێکهاتەى نووسینەکە بکات، وەک "ولیەم ئەمبسۆن" یش دەڵێت:"تەمومژاوى بوون سەنگینە مادەم پشتگیرى ئاڵۆزکردنى بیرۆکە دەکات". جا سەیرە ئاخافتن و قسەى کەسانێکە دەبنە گەواهیدەرى لادانى حەللاج لەشەرعى ئیسلام، یان خودى ئاخافتنەکانى حەللاج و کەشفکردنى نهێنى ئەزمونەکەیەتى لەرێى وتووێژ و گوتنەوە، کە دەیگەیەنێتە ئەو چارەنووسە تراژیدییە، ئەمە جگە لەکەشفبوون و دەرکەوتنى راوبۆچوونەکانى بەتایبەت دەرحەق بەحەجکردن. ناکرێت ئەو راستییە لەبەرچاو نەگرین، کەخودى ئەفسانەى حەللاج تا ئەو ساتەى دەبێتە نووسین لەنێو ئاخافتندا دەمێنێتەوەو خۆیدەپارێزێت، دواتر دەبێتە بابەتى شیعرى عەتار و ئیبن ئەلخەیر و رۆمى و حافیزى شیرازى و ئەوانى تر، واتە وەک ئەفسانەیەک باڵایى و تۆکمەبوونى خۆى لەنووسیندا دەدۆزێتەوە.


نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە لە روانگەى میتافیزیکییەکانەوە هەردەم ئاخافتن دەخرێتە پێش نووسین، هەر خودى ئایینەکانیش لە قسەو ئاخافتنەوە هاتوونەتە بوون، جا ئەگەر ئاخافتنى خوداوەندەکانیش بووبێت لەگەڵ نێردراوەکانى، پاشتر بوونەتە نووسین، لەکاتێکدا نووسینە ئاینییەکان پاش بەسەرچوونى ئەو سەردەمەى کەبەبێ پرسیارکردن جێگەى قبووڵبووە، دەرکەکانى خوێندنەوەى راڤەکارییان لەنێو هالەى پیرۆزیدا کڵۆمداوە و ئەوەى کەمەبەست بووە لەرێى ئاخافتنەوە واعیزو مورشیدەکان گەیاندوویانە، بەزاڵکردنى ئاخافتنیش مۆنۆسێنترالیزم بەرقەرار دەبێت. هەر بۆیە تەنها رێگەیەک کە کڵێسا دەیخاتە پێش "گالیلۆ" ئەوەیە کەپەشیمان بێتەوە لەتێزەکەى، واتە بەبەرچاوى خەڵکییەوە بڵێت زەوى بەدەورى خۆردا ناسووڕێتەوە و تێورییەکەى خۆى بەدرۆ بخاتەوە، دیارە گالیلۆش وادەڵیت و لە مردن رزگارى دەبێت، لێرەدا دەبینین ئەو حەقیقەتە زانستییەى کە گالیلۆ پێى گەیشتبوو پێویستى بەئاخافتن و وەعز نەبوو، پەشیمان بوونەوەى خودى خاوەن تێورییەکەش هیچى لەمەسەلەکە نەگۆڕى. لە روویەکى تریشەوە کە دەڵێین قسەکردن و ئاخافتن، مەبەستمان ئەودەنگەیە کە لەنێو نووسیندا بوونى نییە. " ژاک دریدا" یەکێکە لەو بیرمەندانەى کەهەوڵى بەرجەستەکردنى نەبوونى دەنگ و بێدەنگى لەنووسیندا داوە یان بابڵێن پەى پێبردووە، تەنانەت لاى ئەو نووسین دەبێتە یەکەمین تێرم و هەوڵى دۆزینەوەى نووسینەوەى پێش ئاخافتن دەدات، لەروانگەیەکى تەفکیکییەوە هەموو پێودانگە مەییوو و راوەستاوەکانى پێشووتر دەخاتە ژێر پرسیارەوەو هەوڵ دەدات زمانێک بونیادبنێت لەدەرەوەى ئەلگۆى نووسینى فۆنیمى و ئەو چەشنە نووسینەى لەنێو ئاخافتندا دەردەکەوێت، ئەوەى کەئەو کردى دژایەتییەکى بەرچاو بوو لەگەڵ بوونى سێنتەرالیزمى میتافیزیکى، کەخودى رۆژئاوا بەپێى ئەم میکانیزمەیە تا ئەمساتە وەختەش بەڕێوە دەچێت. "ژاک دریدا" پێى وایە کەدەبێت نووسین لەنووسەرەکەى ئازاد کرێت تا رەهەندە دەلالى و مەعریفییەکانى بکەوێتە روو، بێگومان دەبێت کار بۆ کۆتایى هێنان بەو بێدەنگییە فیساگۆرییە بکرێت کەبەبێ پرسیارکردن ئەوەى پێى دەگوترێت قبووڵیەتى. ئەمە جگە لەوەى کەدەبێت بڕوانینە بوونى مرۆڤ لەدەرەوەى نووسین، زمان، تەنانەت ئاخافتنیش و لەلایەکى تریشەوە پێوەندى زمان و ئاخافتن و نووسین لەگەل دنیادا بخەینە ژێر پرسیارەوە و بەپێچەوانەشەوە. دەبێت هەوڵبدەین لەپێوەندى زمان بەتوندوتیژییەوە و پێوەندى توندوتیژى بەزمانەوە تێبگەین، ئەمە جگە لەتوندوتیژى زمانى نووسین وەک "ژاک دریدا" توندوتیژى لەنووسینەکانیدا دەباتەوە بۆ پێکهاتەى زمانەوانى زمانى فەڕەنسى و بەکاربردنى ئەو زمانە لەلایەن ئەوەوە. لێرەوە ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان ئەوە بەپێویستى دەزانم گوتەیەکى رۆماننووس" ئیبراهیم ئەلکەونى" بەنموونە بهێنمەوە کەدەڵێت:( ئێمە ئەو شتانە دەبینین کە نابێت ببینرێت و ئەو شتانەش نابینین کەدەبێت ببینرێت). لەمیانەى ئەم گوتەیەوە لایەنێکى ترى کردەى نووسینمان بۆ دەردەکەوێت دیارە بەسەرجەم ژانرەکانییەوە ئەویش بینین و نەبینینە، بینین و نەبینیش لە ئاخافتندا یان نووسیندا لەرێى زمانەوە گوزارشتى لێدەکرێت و ئەمیش بۆ خۆى لایەنێکى جەنجاڵى ترى پرۆسێسى نووسینە. "ئۆڤید" شاعیرێکى رۆمانى بووەو لەسەردەمى ئیمپراتۆر"ئەگستس"دا ژیاوە سەبارەت بەنووسین دەڵێت:" نووسین وەک سەما وایە لەنێو تاریکیدا"، ئەمە جگە لەوەى کەدەڵێت:"نووسینەکانم ئەشکەنجەیاندام"، ئەم شاعیرە یەکێکە لەو نووسەرە بەدبەختانەى کەبەچەشنێکى زۆر نالۆژیکى تاوانبارکرا بەوەى کە هۆکارى تێکشکانى سوپاى رۆما بەرانبەر بەبەربەرەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بوونى شیعرە ئیباحییە سێکسییەکانى ئەو، هەر بۆیە شار بەدەرکراو دوورخرایەوەو نێردرایە شوێنێکى دوور لەمەدەنیەت، تا مردیش نەیانهێشت بگەڕێتەوە. لێرەوە جارێکى تر دەتوانین ئەوە ببینینەوە کاتێک نووسین دێتە نێو ئاخافتنەوە بەدەر لەکاریگەرى راستەقینەى، هەردەم کەسانێک هەن دەتوانن لەمیانى ئەوەى کەدەگوترێت تەسەوورى زۆر شتى تر بکەن، شیعرەکانى ئۆڤید لەوجۆرە نووسینانە نەبوون تەنها لەنێو دنیاى نووسیندا بمێننەوە یان تایبەت بن بەخوێنەرێکى دیاریکراو، بەڵکو لەسەر زارى خەڵکى بوون و بەتەواوى چووبوونە نێو ئاخافتنەوە.


بۆ ناساندنى هەر ژانرێکى ئەدەبى، بەتایبەتیش وەک لەپرسیارەکەدا هاتووە چیرۆک، پێموانییە راستبێت بەپێى پێودانگ و تێڕوانین و کڵێشەسازییەکى تەقلیدى وحازر بەدەست پەلبهاوین بۆ وەڵامدانەوەى، یان هەوڵ بۆ دۆزینەوەى پێناسەى ئیتمۆلۆژى و جۆرەکانى ترى پێناسەکان بدەین. رەنگە من وەک خۆم نەمەوێت بزانم ئاخۆ چیرۆک دەیەوێت چیبکات، پەراوێزەکان دەنووسێتەوە، راستییەکان دەڵێت یان هەر شتێکى تر. رەنگە نەمەوێت هەر وەک چۆن تەسەوور و تێڕوانینێکى ئایینى لەپشت هەموو ئەو دنیابینییە میتافیزیکییەى کەدەبێت لەوێوە بڕوانێتە میتۆد و پرەنسیپى ئایینەکەى، کەچى دێت و هەموو ئەو دنیایە بچووک دەکاتەوە یان بابڵێین کورتى دەکاتەوە و لەنێو کۆمەڵێ دابونەریت و چەشنى جلوبەرگ و سیمگە و سیمبۆل و بونیادى پەرستگەکان و ئێکسسوارەکانى نێویدا جێى دەکاتەوە. رەنگە نەتوانم هیچ ژانرێکى ئەدەبى کورتبکەمەوە یان بچووکى بکەمەوە ئەمە سەربارى ئەوەى من جێگیرییەک لە کایە ئەدەبییەکاندا نابینم، ئەدەبیات دنیایەکى شڵۆق و ناجێگیر و گۆڕاوى هەیە تەنها بەناو هێنان و ئاماژە پێدان ناگەینە مەغزاى ئەوەى کەلە قووڵایى ئەدەبیاتدا دەگوزەرێ، تەنانەت ناوهێنانى ژانرێک بەناوێک و ئەویتر بەناوێکى تر جێى مشتومڕە، کێیە بەحیکایەت دەڵێت حیکایەت و بەچیرۆکیش چیرۆک، یان بۆ واى پێدەگوترێت. کاتێک گوێبیستى حیکایەتە سەرزارەکییە ناوازەکان دەبین ناکرێت سەرسام نەبین بەکارێک کەسەرچاوەى یەکەمین گێڕانەوەى نادیار و ونە، دەنگو سەداى گێڕەڕەوە بەراییەکانى نەزانراوە، دەبینیت لەو کاتانەدا چۆن دواى زنجیرە گێڕانەوەى یەک لەدواییەکى ئەو جۆرە حیکایەتانە دەکەوین، بەچەندین شێوە تەسەوورى یەکەمین کەس دەکەین کەگێراِویەتییەوە، حەز دەکەین بزانین لەسەرەتادا فڵانە حیکایەت چیبووە، بۆ گوتراوەو دەیان پرسیارى تر کەبەدەر لەویستى خۆمان بەمێشکماندا دەگوزەرێت. مانەوەى ساڵانێکى دوور و درێژى ئەو حیکایەتانە لەدەرەوەى نووسین پرسیارمان لادروست دەکات، تەنانەت هەیانە بەئاسانى لەنووسینەوەیدا، خۆ بەدەستەوە نادات، مەبەستم لەو جۆرە نووسینەوەیەیە کەوەک چەشنێک لە گواستنەوە لەنێو دنیاى ئاخافتنەوە بۆ دنیاى نووسین بەکاردەهێنرێت. ئەو دەمە رەنگە ئەو چەشنە نووسینەوەیە بیکاتە شتێکى تر، لەکاتێکدا بەدەماو دەمکردن و سەفەرکردنیان لەشوێنیکەوە بۆ شوێنێکى تر بەچەندین شێوە گۆڕدراون و هەر دەشگۆڕێن، بەبێئەوەى بزانین چەند گۆڕدراون یان چەندى تر لەداهاتوودا دەگۆڕدرێن، یان هەندێ حیکایەت بەچەشنێک ماونەتەوە کەزۆرجار گومان دەکەین هیچ گۆڕانێکى بەسەردا هاتبێت. لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە زۆرێک لەم حیکایەتانە پاش نووسینەوەیان سیحرى یەکەمجارى خۆیان لەدەست دەدەن و رەنگە لەروانگەیەکى میتافۆرییەوە بمرن، زۆرجار دەگەینە ئەوەى کەرەنگە ئەم حیکایەتانە خۆیان لەبنەڕەتەدا نووسرابێتن و ئێمە بەنووسینەوەیان نووسینى یەکەمجار و بنەڕەتى ئەوانمان تێکدابێت، بۆیە لەخۆڕا نییە "دریدا" بەشوێن نووسینى بەرایدا دەگەڕێت، ئەو نووسینەى دەکەوێتە پێش نووسینەوە. هەست دەکەین زۆرێک لەو حیکایەتانەى کەماونەتەوە بەشێکن لە رۆحى راوییەکانى، یان رۆحى حیکایەتەکان بوونەتە بەشێک لەرۆحى راوییەکان. حیکایەت و گێرانەوە سیحرو تەلیسمى تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەتمۆسفێر و تۆپۆگرافیاى تایبەتیان هەیە، هەمیشە ئەوانن نەک هەر زەمەن وەک ئێمە لێى حاڵیبووین تێپەڕدەکەن، بەڵکو دەتوانن نەفیبکەن و بیسڕنەوە، دەتوانن ئەوداڵى گەڕانمان بکەن، خۆشییەکى بێکۆتامان پێبەخشن، تەنانەت لەگەڵمان بدوێن، یان وامان لێبکەن لەگەڵیان بدوێین. "عەقاد" دەرهێنەرى فیلمى"پەیام" لەچاوپێکەوتنێکیدا باس لەوە دەکات چۆن لەدوا بەشى فیلمەکەیدا، ئەو بەشەى کە پەیامبەر دوا وەسیەت و وتەى خۆى بەموسڵمانان رادەگەیەنێت، نەیتوانیوە هەموو ئەو خەڵکە پێکەوە بخاتە گریان تا بەڕێکەوت لەیەکێک لەبازاڕەکاندا حیکایەتخوانێک دەبینێت کەبەتەواوى لەکاتى گێڕانەوەى حیکایەتەکانیدا گوێگران سەرسام دەکات و لەناخەوە دەیانهەژێنێت، هەر بۆیە لەگەڵ ئەو حیکایەتخوانە رێکدەکەوێت لەرێى گێڕانەوەوە ئەو ژمارە زۆرەى ئەکتەران پێکەوە بخاتە گریان، دیارە وەک لەفیلمەکەدا دیارە ئەو حیکایەتخوانە چ توانایەکى هەیە و بەبێ ئەویش هەرگیز ئەو بەشەى فیلمەکە هێندە تراژیدى نەدەبوو. لەکاتێکدا حیکایەتخوانى بێتواناو حیکایەتى ناشرین و بێپێز، دەرفەتى مانەوەیان نییە و رەنگە نەشبووبێت و نەشبێت. بەڵام چیرۆکنووسى بێتوانا و چیرۆکى ناشرین و بێپێز هەبوون و دەشبن، لێرەوە زۆر شتمان بۆ رووندەبێتەوە تەنانەت پێبزانین یا نەزانین گەیشتووینەتە خاڵێکى زۆر کریتیک لە جیاوازى ئەو دوو دنیایە، دنیایەک کەناچارى گوێگرتنت دەکات و دنیایەک ئەوەى دەیەوێت بیڵێت تێکستى نووسراوەو خوێنەر ئیختیارى خوێندنەوە یان نەخوێندنەوەى هەیە، لە حیکایەتدا حیکایەتخوان بوونى هەیەو بەبێ ئەو حیکایەت چێژى خۆى لەدەست دەدات، واتا ئەگەر کەسێکى بێتوانا لەهونەرى گێڕانەوەدا بیگێڕێتەوە حیکایەتەکە سیحرو تەلیسم و جوانییەکانى خۆى لەدەستدەدات، کەچى لە چیرۆکدا خوێنەرە خۆى لەمیانەى خوێندنەوەوە چیرۆکەکە لەزەینیدا بەرجەستە دەکات و بەشێوەیەک لەشێوەکان نووسەر غائیبە و دەبێت غائیبیش بێت. "رۆلان پارت" دەق دەکاتە بنەماى سەرەکى لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەى ئەدەبى، بیۆتیکا کارى بەوە نییە نووسەر مەبەستى چیبووە و بیرى لەچیکردۆتەوە."پارت" لەکتێبى"پلەى سفرى نووسین"دا ئاماژە بەنووسینەکانى هێمنگواى و ئەلبێر کامۆ دەدات لەو رووەوە کەهەوڵدانێکن بۆ نزیک بوونەوە لەنووسینى سپى یان نووسین لەپلەى سفردا، چ وەک سادەیى و چ وەک نزیکردنەوەى نووسین لەبێلایەنى و خەفەبوون و خامۆشى، بەڵام دیارە ئەمەش مەحاڵە چونکە خودى ئەو جۆرە نووسینانەش دەبێتە شێوازێکى نووسین، ناشکرێت تەسەوورى نووسین لەدەرەوەى شێواز و فۆرمێکى تایبەتدا بکەین. روودانى کردەى نووسینیش لەکایەو مەودایەکى زەمەنیدا ئیشکالێکى ترە، بەواتاى پەیوەست بوونى بەمێژوویەکى دیاریکراوەوە، مێژوویەک کەخۆى جێگەى پرسیارە."فاسکیز" دەڵێت:(لەکاتێکدا ئەگەر پێوەندى نێوان چەشن و جۆرە جیاجاکانى کۆمۆنیتە یەک لەدواى یەکەکان لە رەهەندى زەمەندا، لەپێوەندییەکانى گردکردنەوەو کەڵەکەبوون زیاتر نەبێت، ئەوە هیچ جۆرە پێوەندییەکى راستەقینە لەنێوان ئەو کۆمۆنیتانەدا بوونى نامێنێت و لەگەڵ نەمانى ئەو پێوەندییانەش مێژوو بوونى نامێنێت). مێژوو ناشرینترین پانتاییەکە کەناچارین لەبارەیەوە بدوێین یان ئاماژەى پێبدەین، گەرچى وەک خۆى بوونێکى سەربەخۆى نییە ئەوە ئێمەین دەستنیشانى دەکەین، تەنانەت زۆرجار بۆى دەگرین، شانازى پێوە دەکەین، بیرى دەکەین و زۆر شتى تر. سەیرم لەو نوووسەرانە دێت مێژوو بەو چەشنە دەبینن کەهەیە، واتە هەبوونێک کەلەدووتێى بەڵگەنامەو کتێب و دەستنووس و شوێنەوار و شتەکانى تردا ماوەتەوە، پێم سەیرە کەسێک بەڕاستى پێى وابێت بۆ نموونە"سەلاحەدینى ئەیوبى" پیاوچاکە،ئازایە،قارەمانە و دەیان شتى تر، بەڵام نەزانێت ئەم پیاوە دەرئەنجامى نەدانەوەى خاچێکى مەسیحییەکان کەموسڵمانەکان لەشەڕدا دەستیانکەوتبوو، بووە مایەى سەربڕینى سێهەزار کەسى موسڵمان کەلاى مەسیحییەکان دەستبەسەربوون، بەبێئەوەى هیچ باکى پێى هەبێت. بەلامەوە سەیرە کەسێک پێى وابێت سمکۆى شوکاک سەرکردەیەکى راستەقینەى بزوتنەوەى ناسیۆنالیستى کوردە، وەک ئەوەى کتێبەکانى مێژوو بەئێمەى دەناسێنن، بەڵام نەزانێت ئەم پیاوە شارێکى کوردنشینى وەک مەهابادى فەرهودکرد، پێچەوانەى هەموو داب و نەریتێکى میواندارى"مار شەمعون" ى میوانى کوشت و چەندین نموونەى تر کەتەنها لەچەتە دەوەشێتەوە، موزەیفى مێژوو یان زەیفى نووسینەوەى کتێبەکانى مێژوو لەرادەیەکدایە کە جێگەى پێکەنینە، ئەگەر بڕوانینە هەندێک لەو کتێبە مێژووییانەى ئێستا لەقوتابخانەکانى هەرێمدا دەخوێندرێت، دەستکاریکردن و هەڵگێڕانەوەى زۆر رووداوى نزیک دەبینیتەوە، جا چجاى ئەو رووداوانەى کە ساڵانێکیان بەسەرداچووە، ئەمە جگە لەوەى جیاواز لە کتێبەکانى مێژووى هەموو دنیا، هەر کەسایەتى و زاتێکى سیاسى کەئاماژەى پێدراوە، بەتایبەت میرەکان بەوەسفى ئازایەتى و مەردایەتى و پیاوچاکیان دەستى پێکردووە، زۆر گەڕاوم لەیەکێک لەو کتێبە مێژووییانەى خۆماندا پیاوخراپێک ببینمەوە، یان هەر هیچ نەبێت لایەنە نێگەتیفەکانیانم بکەوێتە بەرچاو، بەڵام چنگم نەکەوت، هەرچى میرو بەگ و ئاغا و شێخ و سەرۆک خێڵ و هۆز و تیرەمان هەبووە و هەیە هەمووى پیاوچاکبوون . جا ئەدەبێکیش کەلەمڕۆدا هەیە، بەشێکى کەمی نەبێت ئەگینا زۆربەى نەیتوانیوە سنوورى ناشرینییەکانى مێژوو تێپەڕ بکات. بەڵکو هەر بەریتمى ئەو ناشرینییەو دووبارەکردنەوەى ئەوەى کەهەیە هەوڵى خۆسەپاندن دەدات. هەر بۆ نموونە رۆمانى"بەفر"ى "ئۆرهان پامووک" یەکێکە لەو رۆمانانەى کەتەجاوزى مێژووى سەردەستى پێناکرێت و ناتوانێت بەپێچەوانەى شەپۆلەکانەوە مەلەبکات و دەتوانین بڵێین توانى ببێتە یەکێک لەنووسینە ئەدەبییە ناشرینەکانى دنیا. بۆیە لەخۆڕا نییە نووسەرانى وەک کافکا و بۆرخیس، هەموو ئەوەى کەپێشتر هەیەو زانراوە لاى ئەوان تووشى وەرچەرخان دەبێت دەگۆڕدرێت، سەبارەت بە ناجێگیرى شوێن وکات، مێژوو، زەمەن و تەوزیفکردنى لەنووسیندا دەتوانین لە چیرۆکەکانى بۆرخیس-دا بەروونى بیبینینەوە. رەنگە بۆ ناسینى چیرۆک پێویست بێت پاش "ئێدگەر ئالن پۆ" بگەڕێینەوە بۆ لاى بۆرخیس، ئەوکات زۆر شتمان بۆ کەشف دەبێت، بەو پێیەى تەکنیکێکى لوغزئامێز وگرێچنێکى دووبارە بۆوەى ناکۆتا بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانى سەرسامى بەرانبەر بە بوون و زیندەگى، جدییەتى ئەو نووسەرە لەنێوەندى ناماقووڵى و نالۆژیکى شتەکاندا هەوڵدانێکە بۆ رامکردنى ئاستەم، یان سەلماندنى ئاستەم، سەیرە نووسین ببێتە هەوڵێک بۆ سەلماندنى مەحاڵ و ئاستەم، بگرە شتێکى جوانیشە بەتایبەت ئەگەر خۆت بدەیت لەئەرگۆمێنتە جەوهەرییەکانى ئیشکالییەتى سروشتى جیهان و مەعریفەو زەمەن و خود و زۆر شتی تریش. دەتوانین بڵێین هەموو ژانرە ئەدەبییەکان بەدەر لەماهییەت و پێناسە و پێودانگە تەقلیدییەکان، بۆ خۆیان پرسیارن، بۆ دەبێت هەبن، یان تا کەى دەبن و دەگەنە کوێ. ئاخۆ دەکرێت پۆلێنبکرێن و جیابکرێنەوە، یان ئەگەر لەروانگەیەکى لاکانییەوە تێیى بڕوانین ئاخۆ داواکاریین، دیارە نەک وەک تێرکردنى هەندێک پێداویستى، بەڵکو وەک هێماکردنێک بۆ چەشنێک لەئامادەبوون و ئامادەنەبوون، ئەگەر نەڵێین لەبنەڕەتدا"بانگکردنى ئەویترە"ەو گەڕانە بەشوێن خۆشەویستیدا، یان تۆ بڵێى بتوانین بڵێین نوسین حەزە، دیارە وەک هیگڵیش سەبارەت بەحەز دەڵێت:(حەز حەزێکە لەحەزى یەکێکى دیکە، بەماناى حەزکردن لەدانپێدانانى کەسێکى دیکە). یان ئەمانە هیچیان نین و شتێکى ترە، هەر بۆ نموونە وەک لاى "سارتر" بۆ دەربڕینى قێزەو لاى"کامۆ"هیچى و لاى"بیکیت"بێهووددەیى.


زانیار محەمەد:چیرۆکەکان با لەخەیاڵەوە هاتبن و نووسرابنەوە، بەڵام ئاخۆ بەشێک نین لەدنیاى ئێمە؟ یاخود چیرۆکەکان خاوەنى دنیایەکى سەربەخۆن؟
یوسف عیزەدین: کاتێک دوو کەس دەیانەوێت بیر لەیادەوەرییەکى هاوبەشى خۆیان بکەنەوە، ئەوە بێگومان بەپشت بەستن بەتواناى وەبیرهاتنەوە، رەنگە هەردووکیان هەمان یادەوەرى هاوبەشیان بەهەمان شێوە بیرنەکەوێتەوە و نەکرێت هەردووکیان وەک یەک وبەهەمان شێوە و لەهەمان گۆشەنیگاوە بیهێننە پێشچاویان و لەزەینیاندا بەرجەستەى بکەن. ئەمە جگە لەوەى وەیادهێنانەوەى یادەوەرییەک کەمجار تەنانەت لاى کەسانى ئاساییش وەک خۆى دێتەوە یاد، زۆر هۆکار هەن کاردەکەنە سەر پرۆسێسى وەبیرهێنانەوەو بیرکردنەوە لە هەر شتێک کەپێَشتر روویدابێت، تەنانەت ئەگەرێکى زۆرى تێکەڵکارى و لەبیرچوونەوە و ئاوێزانبوونى خەون بەیادەوەرییەکى ریالیتى هەیە، ئەمە جگە لەوەى ئەگەر مەبەست بێت یادەوەرییەکە بگێڕدرێتەوە، ئەوا جارێکى تر بەویست یان بەدەر لەویستى ئەو کەسەى کەدەیگێڕێتەوە قابیل بەگۆڕان و تێکدان و پاش و پێشخستنە، دەکرێت بڵێین هەست و نەستى کەسەکە و زۆر هۆکارى سایکۆلۆژى رۆڵیان هەیە لەبیناکردنێکى سەرلەنوێى ئەوەى کەوەبیردەهێنرێتەوە. لەرۆژهەڵاتدا جیاوازى گێڕانەوەکان زۆر زیاترو بەشێوەیەکى بەرچاوتر دەکەوێتە پێشچاو، تەنانەت ئەو کاتانەى کەکۆمەڵێک کەس پێکەوە دەڕواننە رووداوێک. سەبارەت بەمە باسێک هەیە کەگوایە ئینتلیجنسێکى ئینگلیز لەیەکێک لەشارەکانى رۆژهەڵات، بەچاوى خۆى رووداوى کوشتنى زەلامێک دەبینێت، بەڵام دواتر هەر وەک ئەوەى رووداوەکەى نەبینیبێت کاتێک بەجیاجیا دەست دەکات بەپرسیاکردن لەو خەڵکانەى کە رووداوەکەیان بینیوە، دەبینێت هەریەکەى شتێکى جیاوازى لەویتر بۆ دەگێڕێتەوە، ئیتر هەیانە ئەوەندەى پێوە دەنێن کابرا سەرسام دەکەن، بەڵام پاش چەند رۆژێک کەدەپرسێتەوە سەیر دەکات، کار لەکار ترازاوە و رێک رووداوەکە بۆتە حیکایەتێکى خەیاڵى کە هیچ پێوەندییەکى بەراستى رووداوەکەوە نییە. ئەمە بۆخۆى نموونەیەکى ئاشکرایە لەحەزى شاراوەى مرۆڤ بەگشتى و خەڵکى رۆژهەڵاتییش بەتایبەتى بۆ گێڕانەوە و تەنانەت گۆڕینى ئەوەى کەبەچاوى خۆى بینیویەتى، ئەمە لەکاتێکدا کەمەرج نییە دوو کەس یان چەند کەسێک، رووداوێکى ترسناکى دیاریکراو وەک یەکتر ببینن، ترس لەو حاڵەتانەدا کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر بینین هەیە، سەربارى هەموو ئەوەى لەنێو کەسى بینەردا پەنهان و شاراوەیە، لەرووى سایکۆلۆژییەوە زۆر حاڵەتى سەیر هەیە هەر بۆ نموونە جۆرێک لە هەلوەسە هەیە وا لەو کەسەدەکات کەئەو حاڵەتەى تێدا بەدیدەکرێت، جەستەى خۆى بەدەر لەخۆى و لەحاڵەتى جووڵاندا ببینێت..."پاولۆ کۆییلیۆ" دەڵێت:(وەیادهاتنەوەى ساتەوەختێکى پڕترسى رۆژگارێکى بەسەرچوو بەسە بۆ ئەوەى کەوابکات لەگەڵ هاتنى هەر بەیانییەکى نوێدا هەمان رۆحى پڕ لەترس و تۆقین لەتۆدا دووبارە ببێتەوە). نابێت ئەو راستیەشمان لەیاد بچێت کەهەموو شتەکان وەک یەک لاى کەسە جیاجیاکان مەئلوف یان نامەئلوف نین. ئەمە لەنێو شارستانیەت و ژیارە جیاجیاکانیشدا دەبینرێتەوە، یەکەمجارى بینینى شتەکان سیحرو سەیر وسەمەرەیى خۆى هەیە، تەنانەت هەندێ جار ترس و ترسناکییش لەخۆدەگرێت، ترسان وخۆ شاردنەوەى خەڵکى گوندەکانى زۆر شوێن کاتێک بۆ یەکەمینجار ئۆتۆمبیلیان دیوە، یان بەسەرهاتى ئەو ئاغایەى بۆ یەکەمینجار تفەنگى بنیوەو بۆ ئەوەى کە بزانێت بەڕاست مرۆڤ دەکوژێت لەسەر یەکێک لەپیاو ماقووڵەکانى خۆى تاقیکردۆتەوەو کوشتویەتى دواتر لەبەر سەیرى ئەو شتەى کەبۆیەکەمینجارە دەیبینێت و شاگەشکەبوونى ئاگاى لەوە نەماوە کەسێک لەبەردەمیدا لەخوێنى خۆیدا گەوزاوە. هەندێ شارستانیەت هەبوون زاناکانى لەسەردەمێکدا زۆر راستى زانستییان کەشفکردووە، کە لەئێستاشدا جێگەى سەرسامییە، بەڵام لەنێو خودى ئەو شارستانییەتانەدا لەو کاتەشدا جێگەى سەرسووڕمان نەبووە و ئاسایى بووە. هەروەک شارستانییەتى هندییەکانى باکوورى هندستان و بەتایبەتیش لەسەردەمى گۆپتادا، زانایانى ئەو شارستانیەتە لەو کاتەدا و پێش هەموو زانایانى شارستانییەتەکانى تر، گەیشتوونەتە ئەو راستییەى کەگەردوون بێکۆتایەو توانیویانە مەوداى درێژى دەورى زەوى بخەمڵێنن کە هیچ جیاوازییەکى واى لەگەڵ پێوانەى ئەمڕۆدا نییە. تەنانەت هیندییەکان بەتایبەت باوەڕدارانى"شیڤا" یەکەمین میلەتێکن بگرە تائێستاش کەتوانیبێتیان وەک پێوەندییەکى دوولایەنەى ئاسایى بڕوانە پێوەندى سێکسى ژن وپیاو و هەرگیز سێکس کردن وەک تاوان و گوناه سەیر نەکەن و هچ جۆرە وشەیەکى وەک زینا و فاحیشەو هەموو ئەو وشانەى بۆنى نێرسالارى لێدێت لەفەرهەنگ و زمانیاندا نەبێت، جیاواز لەهەموو کولتوورەکانى تر سێکس لاى ئەوان کارێک نییە بۆ زەلیلکردنى مێینە، یان بۆ بەزەلیل بینیى مێینە. ئەگەر ئێمە وەک نامەئلوفێک بڕوانینە ئەوەى ئەوان، بەڵام ئەمە لاى ئەوان شتێکى مەئلوفە، هەروەک چۆن تێڕوانینى نائاساییانەى ئێمە بۆ فێستڤاڵى"کاسیا جا" کە بەمەبەستى رزگاربوون لەشتە خراپەکان و دوورخستنەوەى تاریکى وەک هێمایەکى هێزە شەڕانگێزەکان، لەشەوێکدا هەموو باوەڕدارانى"شیڤا" مۆم دادەگیرسێنن، دەچنە سەر لوتکەى چیاکان و ئاگردەکەنەوە، نەگۆڕانى ئەم قەناعەتەشیان لەمڕۆدا ئەوەندەى تر ئەو کەشەیان و چەندین کەشى لەو چەشنە دەکاتە شتێکى نائاسایى.


بۆیە لەهەوڵی وەڵامدانەوەى پرسیارەکەتاندا کە ئاماژەتان -دنیاى ئێمە- داوە، دەمەوێت بڵێم ئەم دنیایەى ئێمە بۆ خۆى شوێنێکى نائاسایی و پڕ لەدنیایەک خورافات و ئەفسانە و سیحر و شەعوەزەو شتى لەو بابەتەیە، هێشتاکە چەندین درەخت و شاخ و رووبار و پەرستگەو نزرگەو مەزارو شوێنجێگەى بەناو پیرۆز لەدنیادا هەن و بەردەوام خەڵکانێکى بەژمارە یەکجار زۆر روویان تێدەکەن و هەموو ئەو گۆڕانکارییە مەعریفى و زانستى و فیکرییانەى کەلەدنیادا هەر لەسەردەمى رێنیسانسەوە روویانداوەو روودەدەن کاریان نەکردۆتە سەر زەینى هیچ کامێک لەوانەى کەئاستەمە باوەڕ بکەیت هێشتاکە ئەمانە سەربارى بوونى راستەقینەیان لەدنیاى ئەمڕۆدا بەئەقڵیەتى کەسانى هەزارساڵ لەمەوپێش دەگوزەرێن، ئەمانە کەمینە نین بەڵکو رێژەى هەرە زۆرى خەڵکانى دنیان، گڵۆباڵیزم و میدیا و سینەما و تەنانەت بەشێکى بەرچاوى ژانرەکانى ئەدەب و هونەریش لەخزمەت پاراستنى هەموو ئەو باوەڕ و تەقلیدە سەیر و سەمەرانەدایە. چى لەوە سەیرتر هەیە مرۆڤ بەبێگوێدانە ئەوەى لەدنیاى مەعریفەو زانستدا دەگوزەرێت، هەڵگرى چەندین خورافات و بیرۆکەى میسیۆلۆژى و قەناعەتى ئایینى سەیر و سەمەرە بێت، لەهەمووشتێکیش زیاتر برەوى پێبدرێت. وەرە تۆ بڕوانە مەرگ، لەکاتێکدا پرۆسەیەکى بایەلۆژى زۆر ئاسایى و حەتمییە، بەڵام زۆرینەى خەڵکى دنیا سەربارى زانینى ئەوەى پەیوەستە بەمەرگەوە، کەچى هێشتاکە دەستبەردارى وەهم و خەیاڵى ژیانەوەى پاش مەرگ نەبوون، باشە بەچى بزانین ئێمە لەسەردەمى فیرعەنەکاندا یان سەردەمە بەسەرچووەکانى ئەو جۆرە تێڕوانینانەدا ناژین، بەچى بزانین دنیا گۆڕاوە و ئێمە لەچاخێکى تردا دەژین لەکاتێکدا ئاستى تێڕوانینى مرۆڤ بۆ شتە هەستیارەکان هەمان ئاستى تیڕوانینى سەردەمانێکى بەسەرچوو بێت. تۆ بڵێى مانەوەى هەموو ئەوەى مرۆڤ پێش هەزاران ساڵ بەدەر لەلۆژیک و زانست و پێى گەیشتووە، لەئەنجامى ترسى مرۆڤ لە مەجهول تا ئەم ساتەوەختە مابێتەوە. رەنگە"باسکال" بەخۆڕا نەڵێت:( ئەوەى لەرزم لێدێنێت بێدەنگى ئەبەدیى فەزا ناکۆتاکانە). ئیدى زۆربەى ئەوەى لەمڕۆدا لەم دنیا بەناو مۆدێرن و میکرۆڤیزیۆنیەدا روودەدات، شتگەلێکى ناماقووڵ و عەجایبن، لەنێو جەرگەى رۆژئاوادا"ساتانیستەکان" پەیدادەبن و چەندین گەنجى خوێندەوار رادەکێشن و دواجار بەو پەڕى قەناعەتەوە ئامادەکرێن ببنە قوربانى کەشێکى خورافى و سەرببڕدرێن، یان خۆیان بکوژن."ئیلۆهیم"ییەکان گروپێکى ترن و بەهاریکارى چەندین دەوڵەمەند بەتەماى دروستکردنى شوێنجێگەیەکى یەکجار سەیرن، بۆ پێشوازیکردنى"ئیلۆهیم" ئەودەمەى لەئاسمانەوە بەسەردان دەگەڕێتەوە سەر زەوى. ئەمانە باوەڕیان وایە پاش مردن "ئیلۆهیم"لەرێى کڵۆنکردنیانەوە دروستیان دەکاتەوە، واتە تەنها ئەوانە دروست دەکرێنەوە کەسەر بەو گروپەن و دەتوانن جارێکى تر بژێنەوە، ئەندامانى ئەم گروپەش کەسانێکى نەخوێندەوار نین، زووربەیان دکتۆر و ئەندازیار و خاوەن بڕوانامەن و لەسەرجەم وڵاتانى دنیادا نوێنەریان هەیە، کۆبوونەوەى تایبەتیان هەیە، سەما و کەشى سێکسییان هەیە، دنیایەک لایەن و هێز لەپشت کەوالیسەوە پشتگیریان لێدەکات، لەپشت هەموو ئەوەى ئەمانەو هاوچەشنەکانیان دەیکەن دنیاک شتى شاراوە و نهێنى هەیە. ئێمە لەرۆژگارێکدا دەژین تا بینەقاقاى نغرۆى وەهم و خورافەیە، نغرۆى تیرۆر و کوشت و کوشتارێکى بێ وێنەیە، تەنانەت گوتەکەى"دۆرکهایم"یش بەدرۆ دەخاتەوە کەدەڵێت:(لەگەڵ پێشکەوتنى پرۆسەى شارستانیبوون ژمارەى کوشتن کەم دەبێتەوە و روو لەکەمبوونەوە دەکات لەپێناو). بەڵام ئەمە وەک ئێمە لەئێستادا دەیبینین کەى وایە، ئەمە جگە لەوەى پرۆسەى گۆڕانى دنیا لەلایەن زلهێزەکانەوە پرۆسەیەک نییە حیساب بۆ تاکە کەس و مافەکانى مرۆڤ و ئەو شتانەى تر کەهەرخۆیان بانگەشەى بۆ دەکەن بکات. بەناوى گۆڕینى دنیا و میللەتانەوە رەئیس عەشیرەت و هێزەکانى جەهل و داکۆکیلێکەرانى چاخە تاریکەکان و جەللادەکان و دەیان هێزو لایەنى ناشرینى تر، لەجێى جەللادەکەى تر دادەنێنەوە و ئەوەى گورزى کوشندەى بەر دەکەوێت کەسە ئاساییەکانن، ئەو کەسانەى ئەندامى پێکهاتەى هۆز و تیرە و خێڵ و دەستە و تاقمە ئایینییەکان نین، ئەوەى گورزى بەر دەکەوێت خەڵکێکى خوێندەوارە، کەدەبێت لەمەو دوا بەپێى دڵى دنیایەک گەورە پیاو و گروپ و تاقم هەڵسوڕێ، بیربکاتەوە، بنووسێت. ئەمەیە ئەو دیموکراسیەتەى کە پێشتر بانگەشەى بۆ دەکرا، ئەمەیە گڵۆباڵیزم لەجێى دیکتاتۆرێک سەدان دیکتاتۆرى بچکۆلەت بۆ دروست دەکات، لەجێى ئەوەى مرۆڤەکان لەزیندانەکاندا بکوژرێن، لەپەناو پاسارەکاندا دەکوژرێن و هەر کەسیش نازانێت چۆن کوژراون، ئەمە ئەو دنیا نوێیەیە کەبەناوى ئازاکردنى ئافرەتانەوە، لە پێودانگە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان، بەناوى رزگارکردنى لە خێزان، باوک،برا،مێرد، دەیکاتە بوونەوەرێک کەلەهەموو شوێنێکدا دەبێت چاوەڕێى ئەوە بێت پەلامار بدرێت، بفڕێندرێت،دەستدرێژى سێکسى بکرێتە سەر و هەر ئەم دنیایەشە دەیکاتە بابەتى فیلمە سێکسییەکان. دیارە هەر ئەم سیستەمەى ئێستاى دنیاشە دەیەوێت بەتەواوى خۆشەویستى مابەینى مرۆڤەکان نەهێڵێت، بۆ هەموو شتێک ئەڵتەرناتیڤێکى موزەیەف بدۆزێتەوە. خودى ئەو سیستەمەى کەئێستا حوکمى دنیا دەکات پێویستى بەزۆرترین ژمارەى کوژراوە، پێویستى بەبوونى تیرۆر و تیرۆریستانە.لەم هەموو جانجاڵى و ئاشووبەدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کەکردەى نووسین هەر لەم دنیایەدا دەگوزەرێ، بەو مانایە نا کەدەبێت ببێتە ئاوێنەى ئەم واقیعە ناشرینە، بەو مانایەنا کەدەبێت وێنەیەکى فۆتۆگرافى واقیعمان پیشان بدات، کەس پێویستى بەبینینى دەقاودەقى هەموو ئەو شتانە نییە کەلەدنیادا روو دەدات، میدیاکان بەزیادەوە ئەمە دەکەن، بگرە بەدووبارەکردنەوەى چەندین جارەى وێنەى کوژراو و لاشە پارچەپارچەکراوەکان و دیمەنى کوشتارگەکان، هەموو ئەمانەیان کردە شتگەلێکى ئاسایى و مەئلوف. ئەمڕۆ دنیا هێندەى گەورەبوونى هەوڵى بچووک بوونەوە دەدات، هێندەى قەرەباڵغ بوونى هەوڵى خۆچۆڵکردن دەدات، هێندەى زۆربوونى هۆکارە تەکنەلۆژییەکانى بینین و وێنەگرتن و وێنە پیشاندان، هەوڵى نەبینین و سڕینەوەى وێنە جوانەکان و پیشان نەدانیان دەدات. کاتێک"پیتەر زلۆتەر دایک" دەڵێت:(من سەر بەو گروپە فەلسەفییەم کەگاڵتەجاڕى دەنووسمەوە). بەخۆڕایى واناڵێت و هەروەها سەرپێیش خۆى لەکایەناسى و گڵۆباڵگەرایى نەداوە. بۆیە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەمڕۆ ئێمە لەدنیایەکى ترسناک و دزێودا دەژین، دنیایەکى بێلەنگەر و ناهاوسەنگ و نابەرابەر، دنیایەک زۆر ترسناکترە لەو جەنگەڵەى مرۆڤى بەرایى تێدا ژیاوە. بەڵام هەموو ئەوەى کەلەبارەى دنیاوە دەیزانین و دەیبینین، یان راڤەى دەکەین و لێیوردەبینەوە، هەموو ئەو لۆژیک و سنوورانەى پێشکردەى نووسین هەن، لەئاست موجازەفەى نووسەرێکدا بۆ کەشفکردنى مەجهول و خستنە رووى نەزانراوەکان دەستەوسانن. پێموایە نووسەرى جدى جا لەهەر ژانرێکى ئەدەبیدا خۆى تاقیبکاتەوە، وەک کەسێکى ئاسایى ناڕوانێتە فۆرمالیتەو ناوەڕۆکى شتەکان، بەسادەیى ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ریالیتەو ئیماژى حەقیقەتى شتەکان بکات وەک ئەوەى هەن، ئەگەر وابن ،چونکە خودى حەقیقەت وەک چەمکێک یەکێکە لەچەمکە هەردەم ناجێگیر و شلۆقەکان. ئاشکرایە ونبوونێک یان وێڵبوونێک لەکردەى نووسینى ئەدەبیدا هەیە، تەنانەت زۆرجار دەستەوسانى و بێهوودەییەکى قووڵ ئامادەیى هەیە کەدواجار خوێنەر دەباتەوە بۆ نێو پاساژە تاریک و ترسناکەکانى ناخ. ئەدەبیاتێک کەبەگشتى جوانى دەبەخشێت، کار لەتۆپۆگۆافیایەکى خەیاڵیدا دەکات کەزەمەن، شوێن و هەموو شتە نەویستراوەکانى تێدا فەرامۆش دەکرێت. نووسینە جوانەکان تەلیسم و سیحر و ئەتمۆسفێرى تایبەت بەخۆیان هەیە، گەڕان و ئەوداڵبوونى تێدایە کە زۆرجار بەگەڕان و ئەوداڵبوونى سۆفییەکان دەچێت."شبلى"دەڵێت:(ئەمە مەجنونى بەنى عامیرە، ئەگەر لەبارەى لەیلاوە پرسیارى لێکرابا، دەیگوت من لەیلا-م، لە لەیلا-دا خۆى غایب دەکرد تا دیمەنى لەیلا بهێڵیتەوە، لەهەموو مانایەک غایب دەبوو بێجگە لەلەیلا و هەموو شتەکانیشى بەلەیلا دەبینى). لەقوڵایى ئەدەبیاتى جدى و جواندا، لەدەستدان و نەبینینەوەى شتێک یان شتەکان هەیە، کردەى نووسینیش وەک گەڕانى مەجنونە بەشوێن لەیلادا، عەشق و سەوداسەریى نووسەرە مەجنون ئاساکانە کەدەیانەوێت لەیلا-یەکى نەبوو بدۆزنەوە، یان دەیانەوێت لەیلا-یەک بدۆزنەوە کەئەوان پێیان وایە هەیە. بەبۆچوونى من بۆ رامکردنى جوانییەکى نەبینراو، دەبێت بەشوێن پێوەندییە نهێنى و پەنهانەکانى نێو شتەکاندا بگەڕێین، بەشوێن دۆزینەوەى خەیاڵێکى بێکۆتادا ئەوداڵ بین، دوورکەوینەوە لەرۆتیناتى واقیع و هەوڵ بدەین دنیایەک لەتاڵەهەوداکانى تیشک و تەم و شتە نەبینراوەکان بچنین، ئاشکراشە ئەگەر دروستکردنى دنیایەکى جیاوازى ئەدەبى لاى نووسەرانى تەقلیدخواز و مۆمیاکراو و عەنتیکەو داوەڵەکانى دنیاى بەناو رۆشنبیریى ئەمڕۆ وەهم بێت، ئەوە لاى نووسەرانى موجازیف و موغامیرى رێگە مەجهولەکان، نەبینراوەکان، کەشفنەکراوەکانى ئەدەبێک کەبیەوێت جوان و چێژبەخش بێت، خودى ئەم دنیا ئەدەبییە ناشرینەى ئەوان، واقیعێکە کەدەمێک ساڵە سەردەمى بەسەرچووە و بۆتە مۆدێلێکى یەکجار کۆن. ئەمە نەک هەر لاى ئێمە بەڵکو لەدنیادا وایە، تەنانەت لەبوارى هونەریشدا، دەرهێنەرى بەتواناى جەزائیرى"محەمەد ئەلئەخزەر حەمینا" خاوەنى فیلمى"بەسەرهاتى ساڵەکانى پشکۆ"، سەبارەت بەهونەرى جەزائیرى دەڵێت:" هونەرى جەزائیرى لەزەلکاودایە" ئیدى لاى ئێمەش زۆر کەسانى وریامان هەن، ئەو زەلکاوە دەبینن کە ئەدەب و هونەرى کوردى تێدا دەگەوزێت. ئیدى هەش بەسەر نێوەندی رۆشنبیرى وڵاتێک کە پارەى خەیاڵى بۆ فێستڤاڵى بێمانا و یادکردنەوەى نووسەر و هونەرمەندە مۆمیاکراوە عەنتیکەکانى ئەدەب و هونەر سەرف دەکات، لەکاتێکدا هەموو ئەوەى کەلەگەڵیان نییە بەئەدیب و هونەرمەندان و نووسەرانەوە بەر نەفرەتى فەراعینەى بەناو رۆشنبیرى ئەوان کەوتوون و دەکەون.


زانیار محەمەد:خەیاڵ چى بەسەر چیرۆک دەهێنێت؟ ئاخۆ ئەوەى خەیاڵ بەچیرۆکى دەکات، فیڵکردنێکى ئیستاتیکى نییە؟
یوسف عیزەدین: لەنێو زۆرێک لەحیکایەت و ئەفسانەکاندا ئاوێنەیەک هەیە دنیات پیشان دەدات، نەزانراوەکانت پێدەڵێت، ئامۆژگاریت دەکات، سەربارى زۆر شتى تر. ئەمە شتێکى خەیاڵییە، بەڵام ئاخۆ سەیر نییە تەکنەلۆژیا لەمڕۆدا ئەم خەیاڵەى بەچەشن و شێوەیەک کردبێتە واقیع. یان کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ زۆرێک لەتێورییەکان، دەبینین چۆن پێشوەخت لەمنداڵدانى یۆتۆپیادا دروست بوون، ئەگەر بمانەوێت لەچەمکى هیترۆتۆپیاکەى "میشێل فۆکۆ" تێبگەین، دەبینین بەتێڕوانینى نێو ئاوێنەیەک دەچێت کەکەسێک بەتێڕوانینى دەگاتە حەقیقەتى بوونى شتەکان و بەڵام لەهەمان کاتیشدا نەبوونیان چونکە ناتوانێت تەجاوزى ئەو خاڵە بکات کە شتەکانى لەوێدا پیشان دەدەن. شێوان و شپرزەییەک هەیە لەزەینى مرۆڤدا، سڕینەوە هەیە، قەناعەتى نامۆ و سەیر هەیە، نازانم ئێمە چەند دەتوانین قەناعەت بەمەسیحییەکى باوەڕدار بکەین کەمەسیح زیندوو نابێتەوە، یان ئەوەى کەلەبارەى قدیسە"ڤیرۆنیکا"ەوە باسدەکرێت راستى نییەو تەنها چیرۆکێکى خەیاڵییە، دیارە ناتوانین چونکە باوەڕیان وایە"ڤیرۆنیکا"ئەو ئافرەتەیە کەبەدەستەسڕەکەى دەمووچاوى مەسیحى سڕیوەو وێنەى دەمووچاوى مەسیح لەسەر دەستەسڕەکەى ماوەتەوە. ئاخۆ ئەمانەو چەندین نموونەى تر، راستین، خەیاڵن، وەهمن، خورافەن، فێڵن. باشە خۆ ئەمانە لەلایەن ئایینەکانەوە بەناوى راستى و حەقیقەتەوە پێشکەشى خەڵکى کراون و خەیاڵێکى ئەدەبى نین، بەڵام لەروویەکەوە خەیاڵێکى ئێستەتیکین بۆ جوانکردنى ئەو جۆرە باوەڕانە و شاردنەوەى ناشرینییەکانیان، ئەمە جگە لەوەى رەنگدانەوەى ئەو جۆرە خەیاڵاتە لەئایینەکاندا بۆ بەرگرتنە لەبیرکردنەوەو پرسیارکردنى لۆژیکى، چونکە باوەڕە ئایینى و خورافییەکان لەدنیاى لۆژیکیدا ناتوانن بمێننەوەو تێک دەشکێن، دەبێت لەپشت ئەفسانەو خەیاڵات و خورافاتدا خۆیان بشارنەوە. بەڵام رۆژ بەرۆژ ژمارەى باوەڕدارانى هەموو ئەم شتانە لەزۆر بووندایە، لێرەدا نامەوێت باس لەوحیکمەتە بکەم کەلەپشت ئەم بەرەوپێش چوونەیاندا هەیە، ئەمە شتێکیش نییە تایبەت بێت بەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان، بڕوانە گروپى"داودییەکان"ى ئەمریکا، کۆمۆنیتییەکى سەر بەخۆیان هەیە بانگەشە بۆ فرەژنى دەکەن، منداڵانیان بەچەشنێک پەروەردە دەکەن کەهەمیشە بەڕک و کینەوە بڕوانێتە دنیاى دەرەوە و ئامادە بێت لەداهاتوودا بەرپەرچى سوپاى بابل بداتەوە کە بەتەسەوورى ئەوان لەهەر ئان و ساتێکدا بۆیان هەیە هێرش بکەنە سەریان، ئەمە جگە لەخۆشەکردنى منداڵان بۆ بەرگەگرتنى لێدان و ئەشکەنجە کەهەر لەمنداڵییەوە لەلایەن باوان و مامۆستا ئایینییەکانەى خۆیانەوە رووبەڕووى دەبنەوە، ئەمەو زۆر شتى تریش سیماى هەوڵدانى ئەو گروپەیە بۆ دووبارەکردنەوەى مێژوو و دروستکردنەوەى توندڕەویى و دەمارگیرییەک بۆ بەگژداچوونى هەموو ئەوەى کە لەدنیادا هەیە، سەربارى خۆچەکدارکردن و مەشقکردن. لەکۆتاییەکانى سەدەى پێشوودا پاش پەنجاویەک رۆژ لەبەرگرى باڵێکى سەر بەو گروپە، هێزە حکومییەکانى ئەمریکا توانیان بەرگرییەکەیان دابمرکێننەوە ئەویش پاش سوتاندنى ئەو کڵێسایەى کەلەنێویدا بوون و کوژرانى زۆربەیان. باشە ئەگەر دنیاى راستەقینە پڕبێت لەدەیان نموونەى لەو چەشنە، پڕ بێت لەوێنەو پەیکەرى سەرکردەو سەرۆکە خوێناوییەکان، پڕ بێت لەو هێمایانەى مرۆڤ زەلیل دەکەن، پڕ بێت لەو گوتار و وەعزانەى رۆح ژەهراوى دەکەن، پڕ بێت لەسەماى سیاسییەکان، وەک"میلان کۆندێرا" لەرۆمانێکیدا لە زمانى"بۆنتۆڤین"ەوە ئاماژەى پێدەدات و باس لەوە دەکات کە سیاسەتچییەکانیش لەپێناو گەیشتنە دەسەڵات سەما دەکەن، ئاشکراشە هەلوەسە و هستیریاى دەسەڵات گرتنە دەست، دنیا وێران دەکات، دەنگ و رەنگى تاکەکانى کۆمەڵ دەگۆڕێت، چەندین داستان و ئەفسانە و حیکایەتى بوونى خۆیمان پێئەزبەرە دەکات، سەدان جار لەناوەوە تێکمان دەشکێنێت. بۆیە ئاخۆ سەبارەت بە خەیاڵى"بۆرخیس"لەچیرۆکى"یۆتۆپیاى پیاوێکى ماندوو"دا، دەتوانین بڵێین فێڵە لەواقیع، کاتێک سەبارەت بەنەمانى دەسەڵات و حکومەتەکان لەزەمەنێکى یۆتۆپیایدا لەزمانى کەسایەتییەکى چیرۆکەکەیەوە، بەرانبەر بەپرسیارى"حکومەتەکان چییان لێبەسەر هات؟"،دەڵێت":(بەرەبەرە پشتگوێخران، حکومەتەکان داواى هەڵبژاردنیان دەکرد، باجیان کۆدەکردەوە، دەستیان بەسەر سامانەکاندا دەگرت، فەرمانى گرتنى خەڵکیان دەردەکرد، سانسۆریان دەسەپاند، ئیدى لەسەر زەوى کەسێک نەما گوێڕایەڵیان بێت، رۆژنامەکان دەستبەردارى بڵاوکردنەوەى هەواڵى کاربەدەستانى حکومەتەکان و وێنەکانیان بوون، هەر بۆیە دەبوو سیاسییەکان ئیشێکى شەریفانە بدۆزنەوە، هەندێکیان بوونە کەسى کۆمیدى و هەندێکى تریشیان بوونە بانگەشەخوازى ئیمانى باش).


زانیار محەمەد: بەگشتى چیرۆک لەسەرو واقیعەوەیە یان بەپێچەوانەوە، لەژێر تارمایى و سالاریى واقیعدایە؟
یوسف عیزەدین: ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەموو ئەو ناوهێنان و چەمک و زاراوە و ناوانەى کەلەگڤتوگۆکەماندا بەکارمانهێنا، پێش ئەوەى هەر شتێک بن ناون، جا دەبێت پرسیار لەوە بکەین ئاخۆ ناو چەند لەنێو واقیعدایە یان لەدەرەوەى واقیع و دەبێت واقیعیش بۆ خۆى چیبێت. "هانیباڵ" و"کارتاجە" دوو ناون کەلەدووتوێى کتێبەکانى مێژوودا تێکەڵ بە کۆمەڵێک رووداو تائێستا ماونەتەوە. بەڵام چۆن ناوێک، ناوێک بەخۆکوشتن و ونبوونى هانیباڵ لەچیاکانى ئاڵپ_دا و رووخاندن و وێرانکردن و سڕینەوەى هەموو سیمایەکى ژیارى و کولتووریى"کارتاجە"بەدەستى رۆمانییەکان هەیەو ماوە. نەمانى"هانیباڵ"و سڕینەوەى تەواوى سیماى شارێکى وەک"کارتاجە" بەچەشنێک کەسەربازە رۆمانییەکان یەک ساڵى رەبەق خەریکى دەرهێنانى هەر بەرد و دارێک بوون کەپێشتر لەو شارەدا هەبوو، هۆکارى مانەوەى ئەفسووناوییانەى ئەو دوو ناوەن جیاواز لەهەر ناوێکى تر. بەڵام ئەمە تێڕوانینێکى سەرپێییانەو رووکەشیانەیە، کاتێک بتەوێت بیانهێنیتە نێو دنیاى ئەدەبەوەو تەوزیفیان بکەیت. بەبێ تەجاوزکردنى تەلیسمى ئەو دوو ناوە وەک ئەوەى هەن، ناکرێت کار بۆ بینینى دیوێکى دیکەى شتەکان بکەیت. هەروەک چۆن بەبێ تەجاوزکردنى ناوى ژانرە ئەدەبییەکان، ناتوانین لەماهیەت و خەسڵەتەکانى تێبگەین، خۆزگە هەموو ئەوەى لەدنیاى ئەدەبیاتدا دەگوزەرێ بێناو بووایە. کاتێک لەمابەینى دوو ناوى وەک چیرۆک و واقیعدا قەتیس دەبین، ناکرێت نەشڵەژێین، بەتایبەت کەپرسیارێکمان رووبەڕِوودەکرێتەوە، چونکە هەر یەک لەئێمە وەک خۆى دەیان پرسیارى هەیە، نووسینى ئەدەبى هێندەى تێڕامان و بیرکردنەوەیە، زۆر لەوە زیاتریش بینینە، روانینە، کەشفکردن و گەڕانە. تەنانەت ئەمە نەک هەر لەئەدەبیاتدا بەڵکو لە هەندێ لەبوارەکانى ترى نووسینیشدا هەر وایە، بەتایبەت بوارى سایکۆلۆژى، بۆنموونە ئەوداڵبوونى هەندێک لە سایکۆلۆژیستە غەیرە رۆژهەڵاتییەکان بۆ دۆزینەوەى هێزو سیحرى ئەو دێڕەى"تاریقى کوڕى زیاد" کەتوانى لەمیانەى گوتنییەوە ئیسپانیا داگیربکات سەرسامى کردم، ئەمە گەڕانەوەیەکى جوانە بۆ دۆزینەوەى پەنهان و نهێییەکانى شکستى خۆرئاوا لەزەمەنێکدا، جا ئەم پیاوە پێش گوتنى ئەو دێڕە سیحرییەى گرەوى جەنگى پێبردەوە، شتێکى ترى کرد، شتێکى بێوێنە ئەویش سووتاندنى هەموو کەشتییەکان بوو، هەر ئەمەش بوو چەکدارەکانى "تاریقى کوڕى زیاد"ى سەرەتا شڵەژاند و دواتر پاش زانینى ئەو راستیەى کەلەیەک رێگاچارە زیاتریان لەبەردەستدا نییە ئەویش سەرکەوتنە،سەرکەوتن. دەبینین چۆن ئەو جۆرە ئەقڵیەتانە دەیانەوێت، سەرەداوى بێهێزى و تێکشکانى خۆیان لەزەمەنێکدا لەکاریگەرى دێڕێکەوە یان کردارێکەوە بەدەست بهێنن و زۆر بەجدییەتەوە کار بۆ کەشفکردنى ئەو هێزە شاراوەیە دەکەن، کە زۆر لەژمارەى چەکدارەکانى "تاریقى کوڕى زیاد " زیاتر و لەباڵایان بەرزتر و لەقەڵافەتیشیان گەورەتر بووە. ئەدەب بەبێ خوڵقاندنى فانتازیاو ئەتمۆسفێرێکى تایبەت ئاستەمە جوان بێت و تواناى راکێشانى خوێنەرى هەبێت، گرنگى فانتازیاش لەوەدایە ئەو جیهانەى کەدەیخووڵقێنێت وەک دنیایەکى راستەقینە و هەبوو دەیهێنێتە پێشچاومان، لەگەڵ ئەوەى جودایە لەلۆژیک و یاسا سروشتییەکان، چونکە فانتازیا وەک رەگەزێکى گرنگى ژانرە ئەدەبییەکان لۆژیک و یاساى خۆى هەیە. "ئەپتەر" دەڵێت:(لەقوڵایى فانتازیاى گێڕانەوەى نوێدا، گومانێک لە شوێنى ئەو دنیایە هەیە کەحیکایەت بەرجەستەى دەکات، ئاخۆ ئەم دنیایەیە یان دنیایەکى تر، هەر ئەم پرسیارەشە وا لەهاملێت دەکات سەبارەت بەتارمایییەکە نەزانێت، ئاخۆ وەهمە یان شەیتانە یاخود فریشتە، یان باوکە مردووەکەیەتى). خوێندنەوەى ئەدەبیاتى فانتازى موجازەفەى خوێنەرى دەوێت، بۆ خۆدان لە پاساژ و میتافۆرەکان و گریمانە سەیر وسەمەرەکان و وەدووکەوتنى ئەوەى کەلەپانتایى پەرەگراف و دێڕەکاندا ئەندێشەکراوە و هاتۆتە بوون. دیارە دەبێت ئەندێشەکردن و وەهمیش جیا بکەینەوە، "کۆلردج" یەکێکە لەوانەى وەهماندن و ئەندێشەکردنى جیاکردۆتەوە، چونکە تۆ تەنها لەرێى ئەندێشەکردنەوە دەتوانیت دەقێکى ئەدەبى بخوڵقێنیت."دانتى" فانتازیاى بەخەونى ئەقڵ شوبهاندووە، خەون سەرچاوەیەکى بێکۆتایە، لەخەوندا تەجاوزى سیستەم و یاسا و رێساکان دەکرێت، هەروەک چۆن لەئەدەبیاتى جوان و جدیدا تەجاوزکردن تەوەرەى سەرەکییە. لەخەوندا ناشوێن و نازەمەن هەیە، بێباوەڕى هەیە، ترسان هەیە، دەنگ و سەداو دەنگدانەوە هەیە، سەفەرى بێکۆتاو رکى بێسنوور و خۆشەویستى سەیر و سەمەرەى تارادەى تواندنەوە و سووتان و فەنابوون هەیە، خەونە کەئێمە دەباتە نێو وێڵگەکانەوە و ونمان دەکات."بۆرخیس"دەڵێت:(خەون داهێنانە، هەروەک چۆن بێداریش داهێنانە،بەڵام خەون هەمووى لەخودەوە دێت، لەکاتێکدا بێدارى زۆرى لەدەرەوە دێت و سەرچاوەکەى خود نییە، هەربۆیە جیاوازى جەوهەریى خەون و بێدارى لەوەدایە، ئەزموونى خەون دەتوانیت خۆت بیخووڵقێنیت و دایبهێنیت چونکە لەخودەوە دروست دەبێت). کاریگەرى واقیع لەسەر ئەدەب، تەنانەت ئەگەر جۆرە ئەدەبێک هەوڵیش بدات واقیع وەک خۆى بخاتە روو، بەڵام دواجار واقیعێکى گریمانکراوە، مەگەر لەهەندێ قوتابخانەى ئەدەبیدا کتوومت خۆى بێت. کاتێک"گریگۆر سامسا" دەبێتە قالۆنچە بۆ ئەوە نییە خوێنەر باوەڕبکات کە بەڕاستى ئەو بۆتە قالۆنچە. "کافکا" ئەم بنەما ناماقوڵە لۆژیکییەى بۆ کەشفکردنى دنیاى ناوەوەى پاڵەوانەکە خستۆتە گەڕ، ئەگینا بوونى"گریگۆر سامسا" بە قالۆنچە بەبێ خستنە رووى ئەوەى پێشتر بەسەریدا هاتووەو ئەوەى دواتر بەسەریدا دێت هیچ مانایەکى نییە، لەکاتێکدا لەگۆڕانیدا هەموو یاسا سروشتییەکان پشت گوێدەخرێت کەچى ناتباتە نێو دنیایەکى ئەفسانەیى یان سیحریى بەڵکو لەم دنیایەدا دەتهێڵێتەوە، خۆى گرنگى ئەو دەقەش لەوەدایە.


زانیار محەمەد:لەچیرۆکى(بەسەرهاتى سەگێک لەسێبەرەکەیدا) حاڵەتى گەڕان هەیە، تەنانەت گەڕان بەدووى نهێنى رووداوەکانى رابردوودا، ئایا ئەم چیرۆکە رابردوو ئاشکرا دەکات لەپێناو دیتنى هەنووکەدا؟ یان هەنووکە هەڵدەوەشێنێتەوە بۆ ئەوەى لەرابردوو بگات؟
یوسف عیزەدین: پێموایە ئاناتۆمیکردن و ئەنالیزى دەق لەلایەن خودى نووسەرەوە یەکێکە لەکارە سەختەکان، بگرە زۆرجاریش کارێکى بێمانایە،
"ژاک دریدا" گوتەیەکى جوانى هەیە سەبارەت بەنووسین کە دەڵێت:(دواجار هەموو ئەوەى کەنووسیوومانە ئیدى هى ئێمە نییەو لەئێمە بەدەرەو بەدەر لەویست و خواستى ئێمە دەکەوێتە جووڵەو دەبزوێ...پاش نووسینى کتێبێک دەبمە تارمایى و هەروەک ئەوەى کەوون بوووبێتم، چونکە شوێنەوارێکم بۆ داهاتوو جێهێشتووە کەمن تێیدا مردووم). هەر لەم بۆچوونەى دریدا-وە دەگەینە ئەو راستییەى کەنووسەر پاش نووسین، بۆ خۆى بوونەوەرێکى ونبووە، تارماییە و چەشنى پێوەندى لەگەڵ تێکستدا دەگۆڕێت. پێم سەیرە هەن دەتوانن بەدوورودرێژى باس لەکەسایەتى و رووداوەکانى نێو دەقەکانیان بکەن و تەنانەت بەرگریش لەکەسایەتى و رووداوەکانى نێو نووسینەکانیان بکەن و رەتى ئەوانە بدەنەوە کەبەپێچەوانەى تێڕوانینى ئەوان لەدەقەکانیان حاڵى بوون. من ناڵێم نووسەر بۆى نییە هیچ لەبارەى دەقێکى خۆیەوە بڵێ، بەڵام نەک ئەو چەشنە گوتنەى کەتارادەیەک لەئەدەبیاتى کوردیدا باوە، لەنووکەوە هەموو ئەوەى کەنووسیوویەتى وەک خۆى بۆت دەگێڕێتەوە، ئیدى شتێک لەباس و خواس و حیکایەتى چۆنیەتى نووسین و گینگڵدان و بگرەو بەرە رۆحییەکانى خۆشى تێکەڵ دەکات، شێلگیرانە داکۆکى لەهەموو ئەوە دەکات کەنووسیوویەتى، بەچەشنێک هەست ناکەیت باس لەدەقێکى ئەدەبى دەکات، دەقێک کەهەرچییەکى لەسەر بگوترێت ئاساییە، چۆن بخوێنرێتەوە رەوایە. هەندێ لەوچەشنە بەرگریانە بەرگرى خاوەن موڵکێکت بیر دەخاتەوە لەموڵکەکەى، بەرگرى بازرگانێکت بیر دەخاتەوە لە بارەکەى، بەرگرى سیاسییەکەت بیردەخاتەوە لەحیزبەکەى. من خۆم وەک خوێنەرێک ئازادم لەوەى دەقێک چۆن دەبینم، ئەگەر گیرۆدەى خوێندنەوەیم نەکات، کێشم نەکات، چێژم پێنەبەخشێت، وەک سەرەتایەک بۆ بەدواداچوونى مەگەر بەناچارى و بەزۆر بیخوێنمەوە، ئەگینا هیچ وام لێناکات خۆم نغرۆى خوێندنەوەى بکەم. من وەک خوێنەرێک سەربەستم بۆ نموونە چۆن دیوانەکەى "مەحوى" دەخوێنمەوە، یان بۆ هەموو شیعرەکانى بەهى ئەو نازانم، بۆ نموونە ناکرێت باوەڕ بکەم، شیعرى"ستایشى خودا"و"پاڕانەوە لەخودا" یەک شاعیر نووسیبێتى، یان بۆ گاڵتەجاڕییە بەلامەوە کەسێک بەناوى"حاجى میرزا عەبدوڵڵا کۆیى" لە جێى "مەحوى"وەک ئەوەى شتێکى گرنگى کردبێت هەڵسابێت و پاش مەرگى"پاڕانەوە لەخودا" نیوە ناچڵەکەى ئەوى تەواو کردبێت، ئەو کەسە بەخۆى بزانێت و نەزانێت بۆ هەتا هەتایە ئەو شیعرەى مراند، کێدەزانێ مەحوى بۆ تەواوى نەکردووە یان رەنگە تەواوى کردبێت و ونبووبێت، یان رەنگە پەشیمان بووبێتەوە لەنووسینى، چەندین گریمان و ئەگەر لەو شیعرە نیوەناچڵەدا پەنهانە، دەیان پرسیار هەن کە بەتەوانەبوونى ئەو شیعرە دەورووژان، کەچى وەرە تۆ هەموو ئەمانە بکوژە و لەجێى ئەو تەواوى بکە. هەروەک ئەوەى "مەحوى" پێش مردنى ناوبراوى کردبێتە وەکیلى خۆى و وەسیەتى بۆکردبێت و گوتبێتى توخوا ئەگەر مردم ئەم شیعرەم بۆ تەواو بکە، دیارە شتى واش لەئەدەبدا نەبووە و نابێت. دیارە ئەو کەسە پێى وابووە چاکەیەکى زۆر گەورە لەگەڵ"مەحوى"دەکات، هەروەک چۆن پاش مردنى کەسێکى ناسیاو هەن ئەگەر ئەو زاتە قەرزێکى هەبێت بۆى دەدەنەوە، یان کارێکى بەنیوەناچڵى بەجێهێشتبێت بۆى تەواو دەکەن و زۆر نموونەى دیکەى لەو چەشنە، ئیدى نامەوێت لێرەدا لەوە زیاتر لەسەر ئەو جۆرە ئەقڵیەتانە قسە بکەم، کەهەر شتێک بن ئەقڵیەتى ئەدەبى نین و ئەو جۆرە کەسانەش ئەدیب نین و ئەدەبیاتى کوردیش تابینە قاقاى پڕە لەوجۆرە ناوانە. پرسیارەکەتان تایبەتە بەزەمەن و پێوەندى رابردوو بە ئێستاوە و بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر بەچەشنێکى تر بڕوانمە پرسیارەکەتان، وەک تێکدانى ئەو پێوەندییەى لەنێوان زەمەنە جیاجیاکاندا هەیە، رابردوو، ئێستا، تەنانەت داهاتووش. دیارە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارێکى لەو چەشنە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ کلاسیکى فیزیا، ماتەریالیزمى میکانیکى و تێڕوانینى
"نیوتن" و زۆرى دیکەش بۆ زەمەن، رەنگە هەبێت بڵێت باشە ئەمە چ پێوەندییەکى بەئەدەبەوە هەیە، بەڵام ئەگەر کتێبى"زانست و جیهانى نوێى""هوایتهێد" بخوێنینەوە، دەبینین چۆن تێز و تەرحە میکانیکییەکان لەسەردەمى بوونى ئەدەبیاتى رۆمانتیکدا چ کاردانەوەیەکى هەبووە، چۆن رۆمانتیکییەکان دژایەتیان کردووە، لەرووى بەئەبستراکردنى سروشت و زۆر شتى ترەوە. کەباس لە شوێنى رەها، زەمەنى رەها، سکونى رەها، جووڵەى رەها کراوە، ئەوە لەبەرانبەریشى رایەک هەیە کەپێى وایە سکون و هاوسەنگى و جووڵەى شتەکانیش لەگەردووندا تەنها شتێکى رێژەین. ئەو تێڕوانینەى کەپێى وایە زەمەن حەقیقەتێکى موتڵەق و واقیعییە لەگەردووندا، دەمێک ساڵە لەژێر پرسیاردایە."لابلاس" دەڵێت:(ئەگەر گریمانى ئەوە دابنێین ئەقڵیەتێک هەیە، دەتوانێت خێرایى هەموو ئەتۆمێکى ماتەریالى گەردوون بزانێت و شوێنى لەموتڵەقدا لەهەموو ساتەکانى زەمەندا بەدى بکات، ئەوە دەتوانێت رابردوو و ئێستا و داهاتووى گەردوون لەیەک کاتدا ببینێت). "ئەنیشتاین" فیزیاى بەتەواوى لەشوێن و زەمەنى موتڵەق رزگارکرد و توانى بگاتە ئەو راستییەى شوێن و زەمەن رێژەین سەبارەت بەڕێڕەوى رووداوەکانى دنیاى ماتەریالى. بۆیە سەیر نییە کاتێک دەبینین"ئووڕکۆیکدەن" لەلێکۆڵینەوەکەیدا بەناوى"ئەنیشتاین و کافکا" باس لەکاریگەرى ئەنیشتاین دەکات بەسەر"کافکا"ەوە، وەک لە چاوپێکەوتنێکى تردا ئاماژەم پێداوەو نامەوێت لێرەدا بچمەوە سەرى.لاى"هیگڵ" جەختکردنە سەر زەمەن بۆ ناساندنى خەسڵەتى سۆبژێکتیڤى سروشتەو جەختکردنە سەر شوێنیش بۆ بۆ ناساندنى خەسڵەتى ئەبژێکتیڤییەتى و پێى وایە زەمەن روویەکە لەهەبوون و هەموو شتێک لەزەمەندا روودەدات. بۆیە گرنگى پرسیارەکەتان لەوەدایە کەتوانیوتانە خۆتان لەچەمکێکى زۆر هەستیار بدەن، کە چەندین راڤە و شرۆڤە و تێڕوانین هەڵدەگرێت و دنیایەک شت دەووروژێنێت. وەک نموونەیەک کاتێک دەڵێین"هۆمیرۆس" هەست ناکەین باس لەکەسێکى مردوو دەکەین، بەڵکو وادەزانین باس لەکەسێکى زیندوو دەکەین، تەنانەت لەزیندووەکانیش زیندووتر. باشە ئەم پیاوە ئەگەر مردبێت ئەى چۆن ماوە، لێرەوە پێوەندى ناو و زەمەنمان بۆ دەردەکەوێت، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا هەموو ئەوەى کەباسى دەکەین ناون و هەشن دەتوانن مەوداکانى زەمەن تێپەڕ بکەن. کاتێک دەڵێین چاخاکانى سەهۆڵبەندان، چاخەکانى بەردین، دەیان ناوى تری لەوجۆرەش، دەبینین بەرجەستەى زەمەنێکمان بۆ دەکەن کەلەئێستادا نییە. دواجار بەشێوەیەک لەشێوەکان ئێستا و ئایندەش هەر رابردووە. چونکە هەموو ئەوەى کەهەیە زۆر خێراتر لەتەسەوورى ئێمە بەرەو تەواوبوون و کۆتایى دەچێت. تەنانەت وەک زانست ئاماژەى پێدەدات ئەم گەڕۆکەى کەلەسەرى دەژین، تەمەنى چەند درێژ بێت دواجار هەر ژیان لەسەرى دەبێت بگاتە کۆتا. "سامۆیل بیکیت" وەک نووسەرێک کەگەیشتۆتە ترۆپکى ئیماژینەیتیڤیى و توانیویەتى کاراکتەرى ئەنتیمیمەتیک و مۆتیف داخراو و بێکردار بخووڵقێنێت، یەکێکە لەو نووسەرانەى کەمامەڵەکردنى لەگەڵ زەمەن قابیل بەچەندین خوێندنەوە و راڤەکارى و تێڕوانینە، بەتایبەت لەرۆمانەکانیدا کەبە راوبۆچوونى"جۆن بارس" بیکیت لەو روانگەیەوە دەنووسێت کەهەموو شتێک پێشتر هەبووە و کۆتایى پێهاتووە. "داڤید لۆدج" یش لەدوایین دەقەکانى بیکیت-ەوە ئەوە هەڵدەهێنجێت کە زەمەن لاى ئەو نەسەرەتا و نەکۆتاى هەیە، تەنانەت هەر بوونیشى نییە، ئەمەش وەک شێوازێکى ئەڵتەرناتیفى کۆمپۆزسیۆن و مەودایەکى تێمپۆرالیزەیشن، لەتێرمۆلۆژییەکەیدا دەیناسێنێت. لێرەدا بەپێویستى دەزانم کۆپلە شیعرێکى"بیکیت" بەنموونە بهێنمەوە رەنگە شتێک لەو تێڕوانینە زەمەنییەى ئەوى تێدا بکەوێتە روو:(بچۆرە ئەوێ و کۆتایى بێنە بەرۆژێکى خۆش لەوێ تائەو کاتەش نەبووە هێندەى کەبگوترێت لەکوێ بێت باببێت چ کاتێک بێت باببێت). پێموایە رابردوو، ئێستا، داهاتوو، لەچیرۆکى(بەسەرهاتى سەگێک لەسێبەرەکەیدا)، بەو شێوەیە نییە کەبتوانین بڵێین کامیان دەمانباتەوە سەر ئەویتریان. هەردەم هەڵوەشاندنەوەى رایەڵى زەمەن گومانمان لادروست دروست دەکات وئەندێشەکردن و گریمانکردن، چەمکى زەمەن تێکدەشکێنێت. وەک"بۆرخیس"دەڵێت:(ئەگەر زەمەن بێکۆتا بێت، دەکرێت لەهەر خاڵێکى زەمەندا بین). گریمانکردنى زەمەن لەئەدەبیاتدا، دەرچوونە لەخودى زەمەن، هەڵخلیسکانە بۆ نێو دنیاى ناشتەکان، جۆرێکە لەمەست بوون و کەشفکردن و گەڕان. جۆرێکە لەئەوداڵبوون بەشوێن سەرابێکدا، گەڕانە بەشوێن چەشنە ساتەوەختێکى برووسکە ئاساى ناکۆتاى رێژەیى. گریمانکردنى زەمەن هەوڵدانێکە بۆ لەبیربردنەوەى خۆمان لەدەرەوەى زەمەن. خەیاڵکردنەوە لەهەموو ئەوەى کەدەتەوێت لەدەقێکدا بیڵێیت، بەبێخەونبینین نابێت، خەونبینینێک کە رایەڵەکانى زەمەن هەڵبوەشێنێتەوە، تەونەکانى تێکبدات، تادواجار ببێتە تارمایى، یان ئاماژەیەک لەو ئاماژانەى ئاسان خۆیان بەدەستەوە نادەن. هەموو ئەوەى کەئاماژەمان پێدا، تەنها بۆ ئەوەبوو لەسانترالیزمى زەمەن دووربکەوینەوە، وەک چۆن دەبێت پێش ئەوەش لەسانترالیزمى ئەقڵ و ئەقڵانییەت دووربکەوینەوە، دەبێت بیر لەدنیایەکى بێسەنتەر بکەینەوە، دنیایەک کە پێویستى بەهیچ گارانتییەک نەبێت بۆ مانەوە.