٢٤\٣\٢٠٢٥ ز ێدی ئەڤین!
دارا خونچە تا بەر هەناسەی نەکەتم نەمدەزانی ئەفسوونی گڕشەی لێوان و رەزمی سەمای مەمکۆڵانی.. چن و چەوان ١ نەمدەزانی سەرچاوەی بۆنی رەشەڕەیحانێ رازی ڤەبوونی خونچەگوڵانێ ٢ هان لە کێندەرن.. ٣ لە هەنگێوە ئەز دەزانم ٤ شەنگەبی چێژ لە چ وەردەگری چەوا ناز وەسەر داروبەردەوە دەکا.. کەنگێ کارمامز ٥ گوڕاحی هەیە و حەزی دەبزوێ.. ٦ تیترواسک چ دەبینی ٧ ولۆ هەرام لەسەر دەکا: ٨، ٩ ''من دیتیتم.. من دیتیتم''! ١٠ چما چڵ و چرۆی چیمەن ١١ بەرەو ئاسمان هەڵنازەنن هەمیشە هەر دەستەودامەنی رووی زەوی توول داوێژن.. ١٢ ئیدی ئەمن هەنووکانێ ١٣ زێدی سۆز و ئەڤینی خۆم؛ تەپانی بنی بنەوەی ١٤ گۆشە و پەناوپەسیوانی کون و کەند و کەل و کەلەبەرانی لێژگە و هەڵدێر و بنار و لاپاڵانی شاخ و دوندە سەختگیر و بەرزەکانی... تێکڕا خڕیانم لێ دیارە و پێیان ئاشنام.. ١٥ جا دەتانم بێ دوودڵیی و نیگەرانیی دەنگهەڵبڕم؛ ئەمن لە بازە رامکریاگ و کەویەکان نیم ١٦، ١٧ تا لە هامێز و هوندڕی ئەشکەفتاندا ١٨، ١٩ خۆوەشێرم و ٢٠ سەروسەودای رادەستبوونم لەسەر بکەن!! لێ تا نهۆش ٢١ هەر لە کەناراوە بەخشندەکانی ئەفسوونی گڕشەی لێوان و رەزمی سەمای مەمکۆڵانی دەستەمۆ و داگیرکریاگم! ٢٢ ____________________________________________ ١- چن و چەوان: چین و چۆنن، چن و کوونە. ٢- ڤەبوون: بوونەوە، کرانەوە، پشکفتن. ٣- هان لە کێندەرێ: ئەوە لە کوێن، ئەڤ ل کوودەرێنە. ٤- لە هەنگێوە: لەو کاتەوە: لەوساکەوە، ژ هنگێڤە. ٥- کەنگێ: کەی. ٦- گوڕاح: رەوشی دەروونیی، مگێز. ٧- تیترواسک: باڵندەیەکی لاق درێژی رەش و سپییە، لە دەو بەستەئاوەکان (رووباری گچکە) یان گۆماوەکان دەژی. ٨- ولۆ: ئەوها، وەها، ئاوا، ئاوەها، وەتۆ، وەسا، هوسا، بەو شێوەیە... ٩- هەرا: هەڵڵا، دەنگهەڵبڕین، هەراوهۆریا، (لێ لەهەرادان واتە ئاشکراکردن). ١٠- ''من دیتیتم'': لێکدانەوە و دەربڕینەکی ئەندێشەییە؛ گوایە کە تیترواسکەک ناچار دەبی لەبەر کەسەک لە جێیەکەی خۆی هەڵبفڕی.. وە جۆرەک دەخوونی وەک ئەوەی لەسەریەک بێژی ''من دیتیتم.. من دیتیتم''.. واتە لێی لە هەرا دەدا .. جا کەسەکە بە نیازی مانەوە یان خۆشوشتن و مەلەکردن کە خۆی رووتدەکاتەوە دەچتە ئەوێ.. یان دوو خۆشەویست جێیەکە بە نهێنییەوە دەکەنە جێژوانی خۆیان، ئیدی تیترواسکەکە بەو خووندنەی ئاشکرایان دەکا و تۆڵەی خۆی دەکاتەوە! ١١- چما: لۆ، بۆ، لەبەرچی.. ١٢- توول: درێژایی چڵ و چرۆی گیا و دارودەوەن. ١٣- هەنووکانێ: ئێستاکانێ. ١٤- تەپانی بنی بنەوە: رووی ژێری ژێرەوەی هەر تشتەک. ١٥- خڕ: هەموو، گشت، کۆ، سەرجەم.. ١٦- رامکریاگ: رامکرا، رامکراو. ١٧- کەوی: ماڵیی (ماڵییکردنی گیانلەبەران). ١٨- هامێز: ئامێز، هەمێز، هەمبێز، باوەش. ١٩- هوندڕ: ناو، دوڕ، ناخ. ٢٠- خۆوەشێرم: خۆم بشارمەوە. ٢١- نهۆ: نها، هەنووکە، ئێستا.. ٢٢- داگیرکریاگم: داگیرکرامە، داگیرکراوم.
ئاداری ٢٠٢٥
|