٢٨\٩\٢٠١٧
زەکەریا عەبدوڵا و
تیپە مۆسیقایە تورکیەکە.

ئاری محەمەد سابیر
ھونەر
لە بنەڕەتدا ھەوڵێکی تاکە کەسیی و کارێکی تاکە کەسیی و سەربەخۆیە لە
پێناو سەرکەوتن و داھێنان کە دوا جار دەبێتە کەلتور و خزمەتێک بۆ
کۆمەڵگە و مرۆڤەکان و مرۆڤایەتی. جار ھەیە مرۆڤ بە ھەوڵ و ماندووبوونی
خۆی جاریش ھەیە بەھرەیەکی خودایی یارمەتیدەرە بۆ داھێنان و سەرکەوتن و
گەیشتن بە لوتکە! بەھرەی خودایی وەک (دەنگ خۆشی ، کەشخەیی ، جوانی ،
شازی) کە ئەمانە مرۆڤ زۆر بە زەحمەت بە خۆی بە دەستی بھێنێت بە تایبەت
گەر لە ھونەر بەردەوام بیت واتە مرۆڤ یان خۆی پێدەگەینێت یان وا
خوڵقاوە بۆ پیشەکەی یارمەتیدەرە، ھەرچەندە جاریش ھەیە یارمەتی (مادی و
مەعنەوی) لە دەرەوەی کەسەکە رۆلی خۆی دەبینێت بەڵام کاتییە!
ئێمە دەزانین گۆرانیبێژ و ھونەرمەند(زەکەریا عەبدوڵا) گۆرانیبێژێکی
سەرکەوتوو و مۆدێرن و داھێنەربوو لە سەرەتای کارەکانیەوە لە ڕووی ئەدا
و تەکنیک و دەنگی مۆسیقا و ئەلبووم و سیدی و جۆشوخرۆشی گۆرانیەکانی، (زەکەریا
عەبدوڵا) یەک لە گەنجە سەرکەوتووەکانی بواری مۆسیقاوگورانی کوردیە لە
ساڵانی (١٩٩٨) تاکو بەودوایە نەک ئێستا چونکە ماوەیەکی زۆرە بەرھەمی
نیەو دەرناکەوێت ھەرچەند ھونەرکارێکی تاکە کەسیە بەڵام دواجار دەبێتە
کارێک بۆ گشت و دەوروبەرەکەی لە خزمەت گشتدا بۆیە ھونەر نابێت دابڕان
دروستبکات لەگەل دەورووبەر. ھەموو کەس ومرۆڤ و ھونەرمەند لە ھەر بوارێک
خاڵی (ئیجابی وسلبی) ھەیە جێگایی رەخنەیە لە پێناو کەشف و دۆزینەوەی
خاڵە لاوازەکان و نوقسانیەکان بەرەو زیاتر ھەنگاونان بۆ باشتربوون لە
بوارەکەی خۆی. ئەو قسانەی من بۆ ئەوەیە ھونەرو مۆسیقاکەی (زەکەریا
عەبدوڵا) ھەرچەند خزمەتی ھونەر و گوێگری کوردی کردووە و خۆشەویستە لای
زۆربەی جەماوەری کورد کەزۆر ڕەخنەی لێناگرن بەڵام ھونەروزانست بە ھەست
وسۆز نابێت دەبێت ڕەخنەوپرسیار ھەبێت!
ئەو ڕەخنەو پرسیارەی من لە ئێستادا لەوانیە
گیرابێت وکرابێت بە ڵام من زەقی دەکەمەوە لە ئیستادا و بەتایبەت لەو
ئاھەنگەی دوایی لە ھەولێر لە یاریگایی (فرنسوا حەریری) کە بۆ پاڵپشتی (ریفراندۆم)
سازکر،ئایا (زەکەریا) پاش (٢٥) ساڵ لە حوکمڕانی کوردی لە باشوری
کوردستان نەیتوانی تیپێکی ھونەری مۆدیرن دروستبکا و ئاھەنگی پێبگێڕێت،
ئایا تاکەی ئەو تیپە مۆسقایە تورکیە وەک (ئۆکسجین) ھەردەم لە کۆنسێرت
وکلیپ و ئاھەنگەکان شانبەشانی (زەکەریایە) کەچی ئێمە باسی دەوڵەتی
کوردی و سەربەخۆیی و حوکمی کوردی دەکەین دەمانەوێ خۆمان بناسێنین بە
ھەموو دونیا کەچی ھەربە دەست و پەنچەی کەسانیتر ئاواز و ھونەری کوردی
بژەنین و بچڕین ! بە پارەی خۆمان وا باشتر نیە پارەی خۆمان بۆ دەست و
پەنچەی خۆمان.
ھونەرمەندان و ھونەری کوردی لە ھەرێمی کوردستان بۆ قسەیەکیان نیە لەسەر
ئەمە؟ کە ئەمە بە ئاشکرا لاوازی ھونەری کوردیە پیشاندەدا بەڵام وادیارە
لە کوردستان ھەر کەسێک لە کوردستان لەلایە ھەر کاربەدەستێک و حیزبێک
پشتی گیرا کەس قسەی لەسەر ناکات ھەتا ئەگەر لە بواری ھونەریش بێت !(زەکەریا)
خۆیی و تیپەکەی لە ھەندەران لە ئاھەنگەکان مۆسقاری کوردی بوون بە
تەکنیک و ئەندازیاری دەنگ وخۆی بوو، خێرە پاش ئەو ناوبانگ و باشبوونی
باری دارایی ناتوانێ تیپێکی ھونەری کوردی دروستبکا!، ئەی ئەوە سبەی دوو
سبەی (تورکیا) سنوورەکانی داخست (زەکەریا) چیدەکات و ئاھەنگ ناگێرێت
واتە ئێمە لە ڕوویی ھونەریشەوە زەرەرمەند دەبین نەک لە ڕوویی ئابووری و
سیاسی و دیبلۆماسی! ئەمە ڕخنە و پرسیارێکی من بوو گەر (زەکەریا
عەبدوڵا)ش وەڵامی نەدامەوە با ھەواداران و خۆشەویستانی وەڵام بدەنەوە!
areezendiny40@yahoo.com
|