٢٣\٤\٢٠٢٥
زەلکاوی ترامپیزم
و ئاسۆی سۆشیالیزم.

حەمیدی تەقوایی |

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد |
چۆن دەتوانرێ ترامپیزم ڕۆشنبکرێتەوە؟
سیاسەتەکانی ترامپ هەموو یاساو پێوەرە باوەکانی جیهانی سەرمایەداریی
تێکشکاند، و بەشێکی زۆری بابەت و سیاسەتەکانی ترامپ، بەتایبەتی سیاسەتە
ئابوورییەکانی ئەو، بە ڕوونیی دژایەتی هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی چینی
سەرمایەداریی، تەنانەت لە خودی ئەمەریکاشدا. بەڵام سەرەڕای ئەوە،
بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ جەخت لەسەر بردنەپێشەوە و جێبەجێکردنی ئەو
سیاسەتانە دەکاتەوە. بۆچی؟ هۆکار و زەمینەکانی سەرهەڵدان و
بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟ ئایا جیهان ڕووبەڕووی سەرۆکێکی ناعەقڵانی
و شێت بۆتەوە؟ ئایا ترامپ تەنیا پاشکۆیەکی بە ڕێکەوتی جیهانی
سەرمایەدارییە؟ بەبۆچوونی من بەو شێوەیە نییە. ترامپگەریی لە قەیران و
دژایەتی(تناقضات) و بنەبەستەکانی سەرمایەداریی سەدەی بیست و یەکەوە
سەریهەڵداوە. ئەگەر ناعەقڵانیەت و شێتیەک هەبێ، ئەوە پەیوەستە بە
سیستەمێکەوە کە چیتر ناتوانێ بە سیاسەتە هەمیشەیی و باوەکانی درێژە بە
مانەوەی خۆی بدات و خەریکە جیهان لەگەڵ خۆیدا بەرەو لەناوچوون
ڕادەکیشێ.
پرۆژەی ٢٠٢٥ قەپاغێک بە باڵای ترامپ.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ترامپ لەم قۆناغەدا سەرەتا خودبەخود
و جێگیر نین. لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دا پلانێکی گشتگیر لە لایەن
ڕاستڕەوترین تیۆریسەنەکانی دامەزراوەی “هێرتج” بە ناوی “پڕۆژەی ٢٠٢٥”
بڵاوکرایەوە. ئەم پلانە کە پێکهاتبوو لە ٩٠٠ لاپەڕە، لە گۆشەنیگای
سەرکەوتنی ترامپ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ و نەخشەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیی
داهاتووی ئەودا نووسرابوو. سیاسەتەکانی ئێستای ترامپ، وەک دەرکردنی
بەلێشاوی کارمەندانی حکومەت و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی“دڵسۆزی” سەرۆک
کۆمار، باڵادەستی ڕەهای سەرۆک بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و
کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی یاسادانان، هەڵوەشاندنەوەی
وەزارەتی پەروەردە، بڕینی بوودجەی توێژینەوەکانی سەبارەت بە کەشوهەوا و
و گەرمبوونی گۆی زەوی، چاندن و پەلکێشکردنی بەها مەسیحیەکان بۆ ناو
حکومەت و کۆمەڵ، قەدەغەکردنی مافی لەباربردنی منداڵ، ڕەتکردنەوەی
شوناسی کۆمەڵی پەلکەزێڕینە، کەمکردنەوەی بوودجەی خزمەتگوزارییە
تەندروستیی و دەرمانییەکان (مێدیکیر و مێدیکید)، بە تاوان ناساندنی
فرۆشتن و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕیگریکردن لە دووگیانیی،
بەدواداچوونی “ڕەگەزپەرستانی دژە سپی پێست”، ناردنەوەی
پەنابەرانی”نایاسایی” بە هاوکاریی هێزی سەربازیی و هێشتنەوەیان لە
کەمپەکانی دەستبەسەرکردندا، پارێزبەندیی ئابووریی (پڕۆتیکشنیزم)،
هەموویان لەسەر بنەما و بەپێی ئەم پڕۆژەیەن.
ترامپ لەسەر ئاستی جیهانی، وازهێنان و دەستشۆردنی خۆی لە دیموکرراسی
لیبڕالی، بە بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەوروپا و هاوپەیمانە باوەکانی تری
ئەمەریکا، کشانەوە لە رێکەوتننامەی پاریس و ڕەتکردنەوەی بەرزبوونەوەی
پلەی گەرمای گۆی زەەوی، هاتنەدەرەوە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و
ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بایکۆتی
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (دادگای لاهای)، بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی
دوورگەی گرینلەند، لکاندنی کەندا بە ئەمەریکاوە بە ناونیشانی ویلایەتی
پەنجا و یەکەمین، پلانی دەرکردنی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە و کردنی
بە کۆمەڵی گەشتیاریی، ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگییەکان و باجدانان لەسەر
هاوردەکردنی نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان و هتد، تەواوکرد. ترامپ لە
هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا لە ژێر گوشاری ڕەخنەگران و شارەزایاندا،
وە تەنانەت کۆنەپاریزەکانیشدا، کە پێیانوابوو پڕۆژەکە پێچەوانەیە لەگەڵ
“سەروەریی یاسا، و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، و جیایی دین لە دەوڵەت، و
ئازادییە مەدەنیەکان، و لە نێویاندا مافی مەدەنیی ژنان، و ڕەنگ
پێستەکان و کۆمەڵی ''ئێڵ جی بی تی کیو''، گوتی کە لایەنگری ئەو پرۆژەیە
نییە، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە کردەوە هەموو ڕاسپاردەکانی ئەوانی خستە
دەستووری کاری کابینەی حکومەتەکەیەوە. یەکێ لە دیزاینەرانی سەرەکیی ئەم
پڕۆژەیە “ڕوسیڵ ڤۆت” ە کە مەسیحیەکی دیندارە و خۆی وەک ناسیونالیستێکی
- مەسیحی پێناسە دەکا، بەرپرسێکی سەرەکییە لە کابینەی پێشوو و ئێستای
ترامپ و یەکێکە لە ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی.
بەم شێوەیە ڕۆشنە ئەو خولیا و ڕەوتەی کە ترامپ بەشوێنیەوەیەتی
ئاڕاستەیەکی بیرلێکراوە و کاربۆکراوە نەک دێوانەیی و شێتییەکی
تاکەکەسیی. لە هەمانکاتدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە پڕۆژەی ٢٠٢٥
پڕۆژەیەکە ڕێک بە باڵای ترامپ دوریویانە. سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی
ترامپ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، ڕاستڕەوترین باڵ و
تیوریسەنەکانی دەستەبژێری دسەڵاتداری ئەمەریکای هاندا بۆ داڕشتنی
پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە. بەڵام هێشتا ئەم نەخشەسازییەی ترامپیزم وەڵامی
پرسیارە سەرەکییەکەمان ناداتەوە. هۆکاری ترامپیسم و پڕرۆژە سوپەر
ڕاستڕەوییەکەی چیە؟ زەمینەی سەرهەڵدان و بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟
سەرۆک کۆمارێک کە هەموو شارەزا و خاوەنبۆچوونەکان و حکومەتەکان
پێانوایە سیاسەتەکانی بە زیانی سەرمایەداریی جیهانییە.
لە تاتچەریزمەوە تا ترامپیزم.
ترامپیزم دەرئەنجامی ڕەوەندێکی پاشەکشەیە کە لە دوای ڕوخانی سۆڤیەتەوە
دەستیپێکرد. لە ڕووی سیاسییەوە، لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا،
دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرپرسیاریەتیی حکومەت لە بەرامبەر کۆمەڵ
و وڵاتی خۆشگوزەران و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە هۆی
کاریگەریی پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی و بزووتنەوە مافخوازەکانی
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە جیهاندا بەدەستهاتبوو، بوو بە خولیا
و خواستی سەرەکیی بۆرژوازی جیهانی. سۆشیال دیموکراسی جۆری
ئەسکەندەناڤیایی و پارتە سۆسیالیستەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەرەو
پەراوێز بران و ڕاستڕەوترین باڵەکانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا و هەموو
جیهاندا مەیدانەکەیان بەدەستەوەگرت. سەرهەڵدانی تاتچەریزم و ڕێگانیزم
لە کۆتایی ساڵەکانی پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت زەمینەی بۆ ئەم ئاڕاستەیە
خۆشکرد.(دامەزراوەی هێرتج لەسەردەمی ڕیگاندا دامەزرا). سەربەرزکردنەوەی
ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرئەنجام و ئاکامی ئەم
وەرچەرخانەی ڕۆۆژئاوا بوو بەرەو ڕاست. لە ڕاستیدا تاتچەر و ڕیگان
ئاڵاهەڵگری فەلسەفە و باوەڕێکی سیاسی بوون کە لە ژێر ناوی نیولیبرالیزم
و نیوکۆنسەرڤەتیڤدا، هەموو جیهانی سەرمایەداریی دوای سۆڤیەتی لە
ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا گرتەوە. لە ڕوانگەی ئابوورییشەوە، “فریدمانیزم”
قوتابخانەی ئەم خولیا و ڕەوتە بوو.
ئەمڕۆ ئەم ڕەوتە لە درێژەی ڕەوەندی لۆژیکی خۆیدا گەیشتووە بە
نکۆڵییکردنی تەواوەتی لە لیبراڵ دیموکراسی. مایەپووچیی و شکستی
“فریدمانیزم” تەوەری سەرەکیی ئەم ڕەوەندەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا
بناغەکانی جیهانی “سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد” و باوەڕەکانی کە لەسەر
ئەو بنەمایە بنیاتنرابوون هەژاند. کاپیتالیزمی دوای ٢٠٠٨ سیستەمێکە کە
لە ڕووی تیۆرییەوە باوەڕ و ئاسۆی سیاسی خۆی لەدەستداوە. تەواوی ئازادیی
و دیموکراسی و مافی مرۆڤەکەی بۆرژوازی لە نێوچوون و نەمان، بۆ چینی
سەرمایەداریی جگە لە پیرۆزکردنی سوود و قازانجی ژمارەیەکی کەم کە هەموو
ڕۆژێک سەروەت و سامانەکەیان لە زیادبووندایە و ژمارەیان کەمتر
دەبێتەوە، شتێکیتر نەماوەتەوە.
نەزمی نوێی دوای سۆڤیەت، هەژموونخوازی میلیتاریستی ئەمەریکا، پێاهەڵدان
بە پەرجووەکانی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد زۆر پێش قەیرانی ٢٠٠٨ کۆتایی
پێکهاتبوو. بۆشیزم (ڕێبازی جۆرج بۆش) و ئۆپەراسیۆنی “سەرسوڕمان و
تۆقاندن” شکستی هێنابوو، ئۆباما ناچار بوو لە ڕابەرایەتیکردنی
سەرمایەداریی بازاری ئازادەوە بۆ کورسی دواوە و “بەرەو شوێنی دروستی
مێژوویی خۆی” پاشەکشە بکا. ئەم قۆناغە بەرزەخێک بوو کە خاوەنبۆچوون و
بڵاوکراوە ستراتیژییەکانی جیهانی سەرمایەداریی هاوشێوەی “ئیکۆنۆمیست”
بە “بیماری دیموکراسی” ناویان دەبرد و بە شوێن ڕێگاچارەوە بوون بۆ
تیمارکردنی. ئەمڕۆ ئەم بیمارە مردووە و ترامپیزم سەرقاڵی بەڕێوەبردنی
ئامادەسازیی لەگۆڕنانیەتی. لە دوای بەخاکسپاردنی لیبرالیزم لە ڕێگەی
نیولیبرالیزمەوە ئێستا کاتی بەخاکسپاردنی نیولیبرالیزمە لە ڕێگەی
فاشیزمەوە. تەواوی جومگەکانی دیموکراسی لیبراڵی لە جیاکردنەوەی
دەسەڵاتەکانەوە بگرە تا بازرگانی ئازاد، لە ئازادی ژنانەوە بگرە تا
مافی مرۆڤ بە فەرمیی و بە ئاشکرا ڕەتدەکرێنەوە تا سیستەمی سەرمایەداریی
درێژە بە مانەوەی خۆی بدا.
ئابووریی سەردەمی گوزار بۆ فاشیزم.
ترامپیزم بە پێچەوانەی فاشیزمی هیتلەری و تاتچەریزم ڕێگەچارەیەکی نییە
بۆ دەرچوون لە قەیرانی هەمەلایەنەی چینەکەی خۆی. هیتلەر توانی ئابووریی
داڕووخاوی ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی یەکەم زیندووبکاتە، و تاتچەر و
ڕیگان جێبەجێکارانی “فریدمینیزم” بوون واتە تیورییەک کە وەڵامی بە
پێداویستیەکانی سەرمایەی دارایی دوای سەردەمی جەنگی سارد دەدایەوە.
بەڵام پارێزبەندی ئابووریی (پڕۆتیکشنیزم) ترامپ، نەک هەر وەڵام بە
پێداویستیەکانی سەرمایەداریی سەدەی ٢١ ناداتەوە، بەڵکو بەتەواوەتی لە
دژایەتیدایە(تناقض) لەگەڵیدا. سەرمایەداریی سەردەمی ئەمڕۆ ناتوانێ بۆ
چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆ بگەڕێتەوە. جیهانگیری “گلۆبالیزم”، بە
پێچەوانەی “فریدمینیزم” یەک تیۆری یان باوەڕی ئابووریی نییە بەڵکو
پێداویستیەکی کارکردنی کاپیتالیزمە کە مەیدانی چالاکییەکەی هەموو
جیهانە. تەنانەت سەرمایەداریی تازەپێگەیشتووی ئەوروپا لە سەدەی ١٧ دا
کە دامەزرێنەری دەوڵەتە - نەتەوەییەکان بوو لەسەر بنەمای بازرگانی
جیهانی و دۆزینەوە جیهانییەکان کە بووە هۆی دۆزینەوەی ئەمەریکا و
ئوسترالیا و نیوزلەند، بەدەسەڵات گەیشت. کۆلۆنیالیزم، و زاڵبوون بەسەر
زەوی و سەرچاوەی تری سامانی وڵاتەکان و هەناردەکردنی کاڵا و سەرمایە بۆ
هەموو گۆشەیەکی جیهان، بنەما و دوانەی گەشەی سەرمایەداریی جیهانی
ڕۆژئاوا بووە. ئەمڕۆ ئەم ڕەوەندە گەیشتووە بە کاردابەشکردنێکی جیهانی
سەرمایەداریی. سەرمایە چەند میللەتە داراییەکان قازانجی خەیاڵی خۆیان،
لەسەر بنەمای دەستی کاری هەرزانی کرێکاری چین و بەنگلادش و هیندستان،
بە ناونیشانی بەرهەمهێنەرانی کاڵا و پێداویستیەکانی بەکاربردنی
کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە هەموو وڵاتەکاندا، گەشەی فەلەکی لە
بەرهەمهێنانی هێزی کاردا بەهۆی بە کۆمپیتەریکردنی بەرهەمهێنان و شۆڕشی
پیشەسازی چوارەم لە سەراسەری جیهاندا، دەسەڵاتی دامەزراوە جیهانییەکانی
وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر کارکرد و پەیوەندیی
سەرمایەکان لە هەر چوار گۆشەی جیهاندا فەراهەمدەکەن. سەرمایەداریی
سەدەی بیست و یەکەم هیچ سنوورێکی نییە، و ئەگەر ڕووبەڕووی قەیرانێکی
درێژخایەن بۆتەوە بە هۆی گلۆبالیزمەوە نییە بەڵکو بە هۆی قەیرانێکەوەیە
کە تەنیا بە تێپەڕین لە گلۆباڵیزم و دابەشکردنی کاری جیهانی سەرمایە
دەتوانرێ چارەسەر بکرێ. ئەم تێپەڕاندنەش تەنیا بە گوزار لە پەیوەندییە
سەرمایەدارییەکان دەبێ.
لە دۆخێکی ئاوهادا بانگەوازی ترامپیزم بۆ سنوورەکان و
دروشمی“گەڕاندنەوەی گەورەیی ئەمەریکا” ڕێگەچارەی ئابووریی نییە بەڵکو
کۆششێکە لە پێناو هاوئاهەنگکردنی سەرخانی سیاسی ئەمەریکا لەگەڵ هێزی
ئابووریی چەند فرە ملیاردێرێکی ئەمەریکا.
سەرسوڕمان و تۆقاندن” بە شێوازی ترامپ”.
سەرهەڵدانی ترامپیزم و بە دەسەڵاتگەیشتنی ترامپ لە ڕوانگەی پێکهاتەی
حکومەتەوە، گۆڕینی سیاسەتمەدارانی چینی سەرمایەدارە بە خودی
سەرمایەداران خۆیان. لۆژیکێکی نەگوتراو ئەمەیە کە: ئەگەر ٣ ملیاردێر لە
ئەمەریکا کە بە ئەندازەی پەنجا لەسەدی کۆمەڵگە سەروەت و سامانیان هەیە
کەواتە بۆچی خۆیان یان سیاسەتمەدارانی هاوفکر و هاوشێوەی خۆیان کە
هەڵنەبژێردراون، بەڵکو کڕدراون، نەبنە نوێنەری سیاسی کۆمەڵگە؟ دە لە
ملیاردێرە یەکەمەکانی ئەمەریکا کە لە ڕوی داراییەوە پشتیوانی هەڵمەتی
بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپیان کرد، بە هەڵبژاردنی ترامپ ٦٤ ملیار دۆلار
قازانجیانکرد. تەنیا ئیلۆن مەسک کە ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری بەخشی بە هەڵمەتی
بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ، لە دوای هەڵبژاردنی ئەو ٣٠ ملیار دۆلار
چۆتە سەر سەروەت و سامانەکەی. بەرخوردیکی خراپ نییە! بێگومان ئەم
بەرخوردە شیرینە تەنیا بەمە کۆتایی نایەت، ئەمە وەبەرهێنانێکی
درێژماوەیە لە حکومەتێکدا کە کڕدراوە، تا لانی کەم بۆ ماوەەی چوار ساڵ
ڕاستەوخۆ لە خزمەتی یەک لەسەدی کۆمەڵگەدا دەبێ.
تەواوی ئەم بازرگانی هەڵبژاردنە بە بەرچاوی خەڵکی ناڕازی لە دۆخی ئێستا
بەڕێوەدەچێ. فرە ملیاردێرەکان کە خۆیان دەستیان بەسەر کاروبارەکاندا
گرتوە، سیاسەتمەدارە باوەکان(تەقلیدی) بەوە تۆمەتباردەکەن کە
بەرپرسیارن لە کێشە وگرفتەکانیان، هەربەم هۆکارە دەنگی جەماوەری خەڵک
کە بەدەست نائارامیی ئابووریی و بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵینن و لە
سیاسەتمەدارانی پارتە باوەکانی چەپ و ڕاست بێئومێد بوون، بۆخۆیان
ڕادەکێشن و … ئیتر بەمە حکومەتی خۆیان دەهێننە سەرکار!
بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ حکومەتی پارت و سیاسەتمەدارە نەریتیی و ئاسایی و
ناسراوەکانی ئەمەریکا نییە، بەڵکو حکومەتی خودی سەرمایەدارە
ملیاردێرەکانە. ئێستا دیموکراتەکان سەرقاڵی شیکردنەوەی هەڵەکانیانن و
کۆنسێرڤەتیڤەکانیش کە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران و
نوێنەرانیان بەدەستەوەیە، وەک ئەو ڕەعیەتانەیان لێهاتوە کە ئاغاکەیان
بەدەسەڵات گەیشتوە، و سەریان کزکردوە و نەخشی مۆرێکی پلاستیکیی دەبینن
لەسەر بڕیارە کارگێڕییەکانی ترامپ.
بەڵام ترامپیزم نەک هەر وازی لە سیاسەتمەدارانی نەریتیی و باو هێناوە،
بەڵکو پێکهاتەی نەریتیی حکومەتیشی خستۆتە لاوە. ترامپ خۆی بە پاشا
ناودەبا و وێنەی تاج لەسەری خۆی بڵاودەکاتەوە. سوڵتانێک کە لەبەردەم
کامێراکاندا بەدەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن، بەڕێوەبەرییەکانی کە
کاریان باشترکردن و بەرزکردنەوەەی ئاستی بژێویی خەڵکە هەر لە فێربوون و
پەروەردەوە تا خزمەتگوزاریی تەندروستیی و بیمە کۆمەڵایەتییەکان
سنوورداردەکا یان دایاندەخا، لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە،
دابونەریت و یاساکان پێشێلدەکا و هەموو بەها و داواکارییەکان تەنیا بە
یەک دروشم دەگۆڕێ ”زیندووکردنەوی گەورەیی ئەمەریکا”! بزووتنەوەەی
ماگا"MAGA" لە ڕاستییدا بزووتنەوەیەکە دژی هەموو بەها و سیاسەتێکە کە
بۆنی بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر کۆمەڵ و جەماوەری خەڵکدا
لێبێ.“ئەمەریکا” لە دروشمی “زیندوکردنەوەی گەورەیی ئەمەریکا” دا تەنیا
ناوێکی ڕەمزی ملیاردێرەکانی ئەو وڵاتەیە. بەڵام ئایا سیاسەتی
پارێزبەندیی (پڕۆتیکشنیزم) ئابووریی بە زیانی ئەم فرە ملیاردێرانە
نییە؟
هەموو حکومەتەکان و شارەزایانی ئابووریی جیهانی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە
باج و تاریفە گومرگییەکانی ترامپ جیهان بەرەوو پاشەکشەیەکی ئابووریی
دەبا. لە بەرامبەردا، ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکا کە تاریفە گومرگییەکان
وەبەرهێنەران و سەرمایگوزاران ناچاردەکات کە بێن لە ئەمەریکا
وەبەرهێنان بکەن، بەڵام ئەمە جگەلە بانگەشەیەکی پوچ هیچیتر نییە، چونکە
هۆکارە ئابوورییەکان مەیدان و بواری وەبەرهێنان دیاریدەکەن نەک خواستی
حکومەتەکان. مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد و پیشەسازی
ئەلیکترۆنی و دەیان کەرتی تری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دەچن لە
وڵاتانی تردا وەبەرهێنان دەکەن چونکە بەدوای قازانجی پتردا دەگەڕێن.
ئەگەر بتەوێ ئەو سەرمایەی کە بۆ دەرەوەی ئەمەریکا کۆچیانکردوە
بگەڕڕێنیتەوە، ئەوا قازانجەکانیان و سەرئەنجام توانای مانەوەیان لە
بازاڕی کێبڕکێی جیهانییدا دەخەیتە مەترسییەوە. ئەم ڕێگایە نەک هەر
نابێتە هۆی گەورەیی ئەمەریکا، بەڵکو بە لاوازیی پتری ئەمەریکا کۆتایدێ.
ئێستا بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوای
ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگییەکان ٦.٦ ترلیۆن دۆلار بەهای خۆی لەدەستداوە.
ترامپ لە وەڵام بە ڕەخنەگرانیدا دەڵێ ئەم دۆخە کاتییە و بە زوویی
ئابووریی ئەمەریکا گەشە دەکا. بەڵام لێرەشدا مەبەست لە ئەمەریکا بە
واتای فرە ملیاردێرەکانە؛ ژمارەیەک کەسی کەم کە ئامادەن ئاگر لە جیهان
بەردەن تا بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن. مەبەستی ترامپ لە
“چاوەڕوانبن دۆخەکە باش دەبێ” ئەوەیە، ئەگەر چی جیهان لە ئاگری قەیران
و پاشەکشەدا بسوتێ، بەڵام سەرئەنجام فرە ملیاردێرەکانی وەک ئیلۆن مەسک
و تەواوی هەرەمی دارایی ئەمەریکا لەم شەڕە ڕزگاریان دەبێ و دەوڵەمەنتر
و قەڵەوتر دەبن.
بەڵام لایەنی گرنگتری پارێزبەندیی ئابووریی(پڕۆتیکشنیزم) ترامپ،
کاربردی سیاسیەتی. ئەوە بەدوور دەزانرێ کە ترامپ و داڕێژەرانی پڕۆژەی
٢٠٢٥ بە دژایەتیی نێوان پلانی ئابووریی خۆیان و کارکردی جیهانی سەرمایە
نەزانن، بەڵام هەمیشە جەخت لەسەر پارێزبەندیی ئابووریی و تاریفە
گومرگییەکان و هتد دەکەنەوە چونکە ئەمە کاربرد و بەکارهێنانێکی سیاسی
دیاریکراوی بۆ ئەوان هەیە. ئەمە جۆرێکە لە “سەرسوڕمان و تۆقاندن”ی
ئابووریی. بۆشیزم (ڕێبازی جۆرج بۆش) بە هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق و
ئەفغانستان دەیویست جیهان بخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی ئەمەریکاوە،
ترامپیش بە هێرش بۆ سەر ئابووریی جیهان دەیەوێ بە هەمان ئامانج بگا،
بەڵام ئەو کلیلە بۆ ئەم قفڵە نابێ. کێشەی ترامپییەکان ئەوەیە کە
دەتوانرێ سەدام حوسێن لەناوببرێ بەڵام ناتوانرێ گڵۆبالیزم لەناوببرێ.
”سەرسوڕمان و تۆقاندن”ێک کە ترامپ لێی دەدوێ تەنانەت لە بۆشیزم
بێهودەتر و ناکامتر دەبێ.
بەمشێوەیە ئەم سیاسەتانە کە تەنانەت بۆ خودی چینی سەرمایەداریش هیج
لۆژیکێکی ئابوورییان نییە، بەشێکە لە خۆبەزلزانی و زۆرداریی
سەرمایەدارانێک کە دەیانەوێ دەسەڵاتی ئابووریی خۆیان وەک ئامڕازێکی
هەژموونی سیاسی بەکاربهێنن. ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین ئابووریی جیهانە
و ترامپ دەیەوێ ئەم کاریگەریی و هەژموونە بخاتە خزمەت یەک هەرەمی فرە
ملیاردێریی لە پێناو سەپاندنی سیاسەتەکانی بەسەر جیهان و کۆمەڵەکەی
خۆیدا. شا ترامپ، نەک بە گوێرەی پێویستییەکانی ئابووریی سەرمایەداریی
جیهانیی و شانبەشانی هاوپەیمانەکانی، بەڵکو بە دژایەتیکردن و سەرەڕای
ئەوان، دەیەوێ قسەکانی خۆی بسەپێنێ، ئەمەش بە واتای چەسپاندنی هەژموون
و هێزی ئەمەریکا کە بۆشیزم بەشوێنیەوە بوو بەڵام بەشوێنێک نەگەیشت.
هەروەها لێرەشدا، تاکتیکی بەسەریەکداڕماندنی سیستەمی ئابووریی بۆرژوا
لیبراڵی لە خزمەت ئیستراتیژی بەهێزترکردنی فرە ملیاردێرەکاندا دەبێ.
بەو ئومێدەی تەنانەت ئەگەر ئابووریی جیهانیش داڕووخا، ئەوا چەند
ملیاردێرێکی کەم کە لە پاشماوەی پاشەکشەی جیهان سەربەرزدەکەنەوە، دەبنە
دەسەڵاتدارانی ئایندەی جیهان. بریارە پرۆتیکشنیزمی (پارێزبەندیی
ئابووریی) ترامپ نەک گەشەی سەرمایەداریی ئەمەریکا، بەڵکو دەسەڵاتی
بێڕکابەری فرە ملیاردێرەکان کە تەنیا لە سەدا یەکی هەموو جیهان
پێکدەهێنن، مسۆگەر بکا. ئەمە ئاسۆی ترامپ-پڕۆژەی ٢٠٢٥ە بۆ ئایندە. وەکو
ئەو قەشانەی کە چاوەڕوانی گەیشتنی ڕۆژی هەستانەوەن تا خۆیان ڕزگار ببن،
ترامپ ئاگر لە جیهان بەردەدا تا ملیاردێرەکانی جیهان ببنە ملیاردێرتر.
ئەم سەرمایەدارییە بە جۆرێک گەندەڵ بووە و بە بنبەست گەتشتوە کە
تەنانەت ناتوانێ بەرگەی سەرەتایترین مافی خەڵک بگرێ و سەری بە
دەرودیواردا دەکێشێ تا دەرچەیەک ڕوو بەپێشەوە بدۆزێتەوە. بەڵام جیهانی
شارستانیی لە بەرامبەر ئەم کارەساتەدا، ئەم سەرمایەی کۆتایی کۆتا
سەردەمە، ئاسۆیەکیتر دەخاتەڕوو.
ئاسۆی سۆشیالیزم.
ترامپیزم، تەنانەت بەرگرییکردن لە بنەڕەتیترین و سەرەتایترین
داواکارییەکان و مافی خەڵک بە ئەرکی چەپ دەزانێ. وەختێک ترامپ و
شاگردەکانی، جۆ بایدن و کامیلا هاریس بە کۆمۆنیست ناودەبەن، ئەوا
دوژمنایەتیی خۆیان تەنانەت لە بەرامبەر میانەڕەوترین پارتەکان و
خولیایە لیبراڵیەکاندا دەردەبڕن. بۆرژوازی هەرچی پتر بەرەو ڕاست
وەربچەرخێ، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و مەیدانی چالاکی چەپ بەرفراوانتر
دەبێ. بە تێڕوانینی شا ترامپ تەنانەت بەرگریی لە دەستووری بنەڕەتیی
ئەمەریکا چەپڕەوییە. بەرگریی لە ئازادیی دەرمانی ڕێگرییکردن لە
دووگیانبوون، بەرگرییکردن لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەرگرییکردن لە
ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، بەرگریی لە هەر شێوەیەکی دەسەڵاتداریەتیی
بەکۆمەڵ، چەپڕەوییە. ئەمڕۆ کۆمۆنیزم دەبێ نوێنەرایەتی ئەم چەپڕەوییە
بێ. جیهانی شارستانیی پێویستە بۆ بەرگریی لە ئازادیی و مرۆڤایەتی و
مەدەنیەت بێتە مەیدان، ئەم جوولانەوەیە هەر ئێستا دەستیپێکردوە. ڕۆژی
پێشتر خەڵکی ئەمەریکا لە سەدان شار پتر لە ١٢٠٠ خۆپیشاندان و کۆبونەوە
لەسەر شەقامەکانیان دژ بە حکومەتەکەی ترامپ و سیاسەتەکانی ئەنجامدا، و
ئەم خۆپیشاندانانەش پتر ڕوو لە فراوانبوونە. وتارەکانی “بێرنی ساندرز”
و” ئەلیکساندریا ئوکاسیو کورتیز” لە شارە جیاوازەکانی ئەمەریکا هەموو
ڕۆژێک دژ بە هەرەمی ترامپیزم خەڵکی زۆرتر دێنێتە سەر شەقامەکان.
کۆششەکانی ئیلۆن مەسک کە بە خەرجکردنی بوودجەیەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری
دەیویست زەمینە خۆشبکا بۆ هەڵبژاردنی لایەنگرێکی ترامپ بە ناونیشانی
دادوەریی دادگای باڵای ولایەتی ویسکانسین شکستیخوارد. ئەگەرێکی زۆرە کە
کۆمارییەکانی لایەنگری ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی دووەمدا زۆرینەی
هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە دەستبدەن، بەڵام تەنیا ئەمانە
بەس نیین. پاشەکشەی دەستەی دەسەڵاتداریەتی بەهێزترین هێزی ئابووریی و
سەربازیی جیهان لە دیموکراسی لیبراڵی ناتوانرێ بە ئاسۆی دیموکراسی
وەڵامبدرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سیاسەتمەدارە باو و نەریتییەکان ڕێگاچارە
نییە؛ ئەگەر ببووایە، دیاردەیەکی وەک ترامپیزم هەر لە بنەڕەتەوە
جێگایەکی بۆ گەشەکردن پەیدا نەدەکرد. ئەمەریکا و جیهانی سەرمایەداریی
دوای سەردەمی ترامپ لە هەموو کات پتر ڕووبەڕووی ناکۆکییەکی (تناقضات)
زۆر پایەییتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە. دژایەتییەک کە لە هەموو کات پتر و
ئاشکراتر بێتوانایی دەسەڵاتی لەسەدا یەکەکان دەردەخا لە بەدیهێنانی
تەنانەت سەرەتایترین مافەکانی لە سەدا نەوەت و نۆی خەڵک و کۆمەڵ.
جیهانی شارستانی دەبێ دەست بۆ ریشە بەرێ، ڕیشەش هەمان سیستەمی
سەرمایەدارییە کە لە پێناو مانەوەی خۆیدا پێویستی بە دیماگۆجیەتێکی
خۆسەپێنی وەک ترامپ هەیە. وەڵام بە گەڕانەوەی سەرمایەداریی بۆ دەسەڵاتی
هەڕەمیی و دەسەڵاتی ڕەهای کەسانی وەک ترامپ و پۆتین، تەنیا دەتوانێ
ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و حکومەتی سەروو خەڵکی بێ. وەڵامی ئەم بارودۆخە
تەنیا بە بەشداریکردنی هەموو هاوڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی
کۆمەڵ و ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بە جۆرێک کە بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانیی
هەمووان بێ نەک تەنیا بۆ قازانجی کەمایەتییەکی موفتەخۆر.
پێویستە لە بەرامبەر پاشەکشەی دیموکراسی لیبرالیدا تێپەڕین بێ بەرەو
دیموکراسی ڕاستەوخۆی خەڵک، لە بەرامبەر نکۆڵیکردنی ئازادییە سیاسی و
مەدەنیەکان هەڵوەشانددنەوەی زۆرەملێی ئابووریی و ئازادی و ڕزگاری
ڕاستەقینەی هەموو مرۆڤەکان بێ لە کۆیلایەتی بەکرێگرتە. لەبەرامبەر
سنوردارکردنی دەسەڵات و بریارەکان لە دەستی یەک کەسدا، پێویستە پەرچەمی
گێڕانەوەی بڕیار و دەەسەڵات بۆ مرۆڤەکان و لەبەرامبەر کۆمەڵگەی
مەدەنیدا کۆمەڵگەی ئینسانی بەرزبکەینەوە. هیزی بەرهەمهێنانی مرۆیی بە
پاڵپشتی شۆڕڕشی پیشەسازی چوارەم و توانایی پەیوەندیگرتنی ڕاستەوخۆی
خەڵکی جیهان لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە، لە هەر کاتێک پتر
زەمینە مادییەکانی جێبەجێکردنی سۆشیالیزمی فەراهەمکردوە. زەلکاوی
ترامپیزم پێویستە و دەتوانرێ بە هێرشی سۆشیالیستیی وەڵام بدرێتەوە.
٦\٤\٢٠٢٥
ماڵپهڕی هیوا ئهحمهد
|