په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٢\٢٠١٢

زەمانی چەتەیی زمانی شمشێر بوو.


بەنگینە پیرۆت نوری    


ئەو کە لە دایک بوو "١٨" ساڵ بوو گوندەکەیان کە پێشتر ھەڵکەوتەی لێواری سەر چۆمێک بوو ڕاگوێزرا بوو بەھۆی دروستکردنی بەنداوێک و ھەڵچوونی چۆمەکە بۆ روبارێکی گەورە، شوێنی نیشتەجێبونی گوندەکە بوو بەناوچەیەکی پڕ خێر و بێری گەنم و جۆ و توتن و کونجی و گوڵەبەڕۆژە و بێستان.


لە زەمانی زوودا بەر لە ھاتنی ئاینی ئیسلام، باپیرانی کۆنی خەڵکی گوند بە چەتەیی و ڕێگریی گوزەراندبوویان. جارێکیان کۆمەڵێک پیاوی سەیر سەیریان ڕووت کرد بوو دوای لێدان و دارکاریی ویستبوویان بیانکوژن بەڵام لەبەر دەستکەوتی تاڵانییەکی زۆر ئەو بیرەیان لەبیر کردبوو.


منیش بەو جۆرە دەیگێرمەوە کە باپیرم بۆی گێڕاومەتەوە و گوتی:


پاش کەمێک ڕۆیشتن و دوورکەوتنەوە لێیان یەکێکیان لە ھەموویان منداڵ تر لەچەتەکان، دەڵێ باشتر وایە لەگەڵ خۆمان بیانبەینەوە بۆ خزمەتکردنی ئاژەڵەکانمان، بەقسەی دەکەن و دەگەڕێنەوە، دەبینن ھەموویان لەسەر زەوی بە کرنوش داکەوتوون بۆ یەکێکیان و ئەویش لەبەر خۆیەوە ورێنە دەکات، ئەوانی تر بەدەنگی بەرز شتێک دەڵێن چەتەکان لێیان تێناگەن. بە زۆرەملێ لەگەڵ خۆیان بۆ گوند دەیانبەنەوە.


خەڵکی گوند ئەو مرۆڤە جیاواز و تاڵانییە جیاوازیە دەبینن زۆر خۆشحاڵ دەبن و بە یەکسانی دابەشی دەکەن.


نیوە شەوێک یەکێک لە دیلەکان ڕا دەکات پاسەوانی گوند دەستگیری دەکەنەوە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن، ھەمان شەو ھەمان کەس جارێکی تر ڕا دەکاتەوە بەڵام پاسەوانەکان دەستگیری ناکەن بەڵکو دەیکوژن. ئەم کارە بەلای دیلەکانەوە ناخۆش و ناپەسەند دەبێت، ماندەگرن و ھیچ ناخۆن.


لە ھۆڵێکی گەورەی پڕ لە کا زیندانیان دەکەن، دوو شەو کەس بەلایانەوە ناچێ، سێیەم شەو دەنگێک لە ھۆڵەکەوە دێت و خەڵک کۆدەبێتەوە بزانن ئەو دەنگە نامۆیە چیە، جارێکی تر دەنگەکە دەبیستنەوە بە شێوەیەک بەھێز تر لە جاری پێشوو. ترس و تۆقین پەرەدەستێنێت، ھەندێک لە پیاوە ئازاکان غیرەت و ئازایەتی و لە خۆبایی دەیان جوڵێنێت، دەچن دەرگای ھۆڵەکە دەکەنەوە، کە دەبینن ھەموو دیلەکان بە دەوری ھەمان پیاوەکەی پێشودا کە دیارە گەورەیانە خول دەخۆن، پیاوەکەش شمشێرێکی بە دەستەوەیە دەیەوێت جارێکی تر دەرگایەکە بکوتێت و بە ھێمای ڕێگا چۆڵکەن خەڵکەکە تێدەگەیەنێت، بەڵام پیاوە چەتە ئازاکان ھێرشی دەکەنە سەر و پیاوە شمشێر بەدەستەکە فوو بە پووش و کایەکەی بەردەمیدا دەکات ئاگر لە دەمی دێتەدەر گڕی ئاگرێکی گەورە ئاسمان رووناک دەکاتەوە، پیاوە چەتە ئازاکان ناتوانن پێشڕەویی بکەن بۆیە دەرگا لەسەر دیلەکان دادەخەن. پیاوە چەتە ئازاکان تا خۆرھەڵات دەرگا ناکەنەوە. کە جگە لە سوتانی کایەکە ئەسپ و کەل و پەلی چەتەیی و ھەمو شتێکی پیاوە ئازاکان دەسوتێت، لە نێو خۆڵەمێشی سوتانەکە پیاوە شمشێر بەدەستەکە دێتە دەر. "ئەڵا. ئەڵا. ئەڵا". بە بینینی ئەو دیمەنە تازەیە شەش کەس ئەوانەی بەرگەی دیمەنە سەیرەکەیان نەگرت لە ھۆش خۆیان چوون، ئەوانیتر لە خەڵکەکە بەسەر ئەژنۆدا کەوتن و کەوتنە کڕنوش بردن بۆ پیاوە شمشێر بەدەستەکە.


چەند ساڵێک مانەوەی شمشێر بەدەست لە گوند، بیری چەتەیی و ڕێگریی خەڵکەی نەگۆڕی، بەڵام ناوی خەڵکەکەی بۆ ناوی ئاینیی گۆڕی.


"کاردۆنیا"ی پاڵەوان بوو بە عەبدوڵای لەخواترس، ئیتر ئەویتر ناوی نرا یوسفی موبارەک ئەمیان عەبدولقادر، ئەویتر محەمەد و... ھتد.


بەم شێوەیە فاتم و زەینەب و ئامین و روقیە ناوی کچەکان بوو ھەروەک چۆن ناوی کچ و کوڕی تازە لە دایک بووانی گوندی گۆڕی، ئاواش شمشێر بەدەست بیری گۆڕا بۆ سەر نەریتی ڕێگریی و چەتەیی ئەوان.


باپیرە گەورە بە یادی ناوی باپیرانی پێشین، ئەو کوڕەی دوای "١٨"ساڵ لە گواستنەوەی گوندەکەیان کە لە دایک ببوو ناوی نا "رەشید". رەشید کە لەدایک بوو ھاوکات بوو لە وەرزی چەتەیی باپیرانی پێشین، بە بارینی نمە بارانی پایزێکی زوو بۆنێکی خۆش لە خۆڵەکە دەھات.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک