٢١\٥\٢٠١١
زەمبیلەیەک بێهودەیى.

عەبدولموتەڵیب
عەبدوڵاَ
زەمبیلەیەک
لەو تنۆکە ئاوە دەدرەوشێتەوە
وەک ئەوەى گەڵا سەوزەکان خۆیان لە بێهودەیى پرتقاڵ بخشێنن
چۆلەکەکانیش بە ماندوێتى دەڵێن: زەردەخەنە
تا ئێرە من لە شەقەى ماچ گوڵ دەچنم
لە زەردەخەنەى لێوى گەڵا
دەرژێمە زەمبیلەکانى سێبەر
گوڵەکانى باران دەژمێرم ئەوانەى
چۆلەکەکان لەبیریان کرد
من بە هەتاویان دەسپێرم
کێ بە قەد مەمکە خرەکانى ئێواران
حەزیان لە بێدەنگى لمە
کێ وەک شەپۆلەکانى گوڵەباخ
حەز لە لیمۆى بەیان دەسوون
کێ
ئەو تابلۆیانە لە خەونى منداڵان دەبنە هەور
لە پەنجەرەکان پایز
شایستەترین دەلاقە لەڕووى پەپوولەکان گوڵن
لەبەر هەتاو ئاواز
لە باڵەخانەى شۆخەکان گەڕانەوە
لە خەڵوەتدا پەرى
من لەنێوان هەموویان ئاسمانێکى رووت بۆ سەفەر
بە دەریا دەسپێرم
چەشنى لاولاوە
دەئاڵێمە پەنجەى نەرمى باران
ئەوە قسەیەکە لە تەک بێدەنگى بەربۆتەوە قەراغ هەتاو
(با)ش جولەکانى هەتاو شیرینتر دەکات
کوڵمى گەڵاکان بە گەمە سوور هەڵدەگەڕێنێ
من خۆم لە بزەى سێبەر بەتاڵ دەکەمەوە
عاشقەکان لەو گەمەیە وەڕس دەبن
بەڵام لە دواین وانەى (با) دڵم پتر بە کۆترەکان سووتا
لە یەکەم وانەى هەتاو
منداڵانە گاڵتە بە پیتەکان دەکەم
پیتەکان بەلارى دەڕۆن
منداڵەکان وەک قوتابخانە بە پیتەکان پێدەکەن
بەڵام چۆلەکەکان رۆیشتبوون لە پاشاندا منداڵەکان
چەند ساتێک لە یەکتر رامان
کە سەیریان کرد پیتەکان بوونە پەپوولە
پەپوولەکان
ماسییانە لەگەڵ شەپۆلان پەنجەیان دەخستە قژى ئاوێنەکان
ئەو لەنجەیە بەچى دەگات
کۆترەکان ئەوەیان نەگوت
لیمۆکان هەرگیز ئەوەیان پەسەند نەبوو
قسەیەک دەکرێ
پڕ بە زەمبیلەیەک ئاو
لە دەمى گوڵەکان خوناو
بەسەر سێبەرى مەمکدا دەتکێ
بەڵام من لە قەراغ سەراب ئارامیم دەدۆزمەوە
دایکم نانى بێهودەیى دەجوێ
لە بێ بەزەیى من گەڵا سووتاوەکان گوتیان رەنگە پێشنیارەکانى گوڵ
لەبەر دەمى پەپولەدا چاو لە هەتاو نەتروکێنێ
رەنگە سێبەرى پیتەکان لە لێوى با منداڵانە بەرد لە پەنجەرەى ئاو بگرن
دەکرێ کۆترەکان لە لەنجەى ماسییەکان نیگەران نەبن
لەوانەیە درەنگتر لە پایز خۆیان بە درەخت هەڵبواسن
درەنگتر لە ئاو
بمرن.
________________________________
لە کۆمەڵ شیعرى ''سێبەرى
ئاو'' - چاپى یەکەم/ هەولێر 1995
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|