٨\٣\٢٠١٦
زەمەنەکانی گەڕان.

شوان
عوسمان
١
لە نێوان خۆم و
خۆمدا ،
زەمەنێک...
زەمەنێک ئەکوژێنمەوە ،
بەرلەوەی ئەو من بکوژێنێتەوە..
زەمەنێک ئەنوسم ،
بەرلەوەی ئەو من رەش بکاتەوە...
٢
من لە نێوان دووڕیانی زەمەن و
تەمەندا..
جار وایە بە زەینێک و
بە هزرێک ،
جارێک خۆم تۆخ تۆخ و جارێکیش خۆم رەش ئەکەمەوە...
من تا لە خۆم بگەڕێم ،
زیاتر لە زەمەن نزیک ئەبمەوە...
گەڕانم ،
دۆزینەوەی خۆمە ،
نەک بزر بوون لەناو تەمەنی خۆمدا...
٣
خوڵانەوە لەیەک زەمەندا ،
جگە لە بزر بوون شتێکی دیکە نابێت...
تا بزر نەبم ،
دەبێ وەکو دوێنێ نەبم ،
وەکو ئەویش بیر نەکەمەوە..
ژیان لە هەموو سەرەچرکەیەکدا پەڕەیەکی نوێ یە ،
نوێ دەبێتەوە ،
ناکرێت من لە جێی خۆم بچەقم ،
ئەو بگۆڕێت و
من بۆ چرکەیەک ،
نەگۆڕێم..
٤
لە نێوان دوو زەمەندا ،
دووڕیانێک و
خۆم..
خۆم وەکو دوێنێ ،
من وەکو ،
ئەمڕۆ..
بەکام رێگا بڕۆم ،
هەر ئەگەم بە من ،
نەک بە خۆم ..
کاتێک خۆر لە دووریەوە ئەبینم ،
ئەزانم سبەی دێ ،
بەیانیش نزیک بۆتەوە...
ئەڕۆم و
ئەشزانم هێشتا زووە ،
تا بگەم...
٥
من ئەوەندە رۆیشتووم ،
نازانم لە کەیەوە بەڕێوەم...
ئێستا بەدەنم پڕە لە رەنگی رێگاورێ ،
بۆنی سەفەرم رۆژەڕێیەک لێ دەڕوا...
من رۆیشتم ،
تا خۆم بەجێهێشت ،
لەدوای خۆمە...
من لە سەفەردا بەرلەوەی بیر بکەمەوە ،
خۆم لەبیر ئەکەم ،
من کێم...
تا تۆ نەڕۆی خۆت بەجێنەهێڵی ،
زەمەن بەجێت دێڵێ..
ناتوانی بگەی بە سبەی ،
نابی بە کەسێکی دیکە...
دەبێ تۆ خۆت لەبیر بکەی ،
بەرلەوەی زەمەن بڕوا ،تۆ بڕۆی و
بەبا ببی...
ئەو لەبیرت بکا و تۆش لەبیر بچی ،
وەکو ئاو ،
ئاو و ئاو بڕۆی....
٢٥\٢\\٢٠١٦
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|