٣١\١٢\٢٠١٦
زەنگیانەی ئاویی.
- رستی
دووەم -

فەتاح حەسەن
تۆپەرستیی
لە فەرهەنگی زۆر زماندا
بە دوای وشەیەکدا گەڕام.
مەزنتر بێت
لەو (وشە)یەی لە کوردیدا
پێیدەوترێت خۆشەویستیی
لە ئاکامدا
لە میحرابی دینی یەکتاپەرستیدا
دۆزیمەوە..
پێیدەوترێت تۆپەرستیی.
جۆگەلە
تۆ جۆگەلەی
پڕی لە ئیشقی خودایی.
من جۆگەلەم
تەژی لە ئیشقی جودایی
کە تۆ جۆگە و من جۆگە بم
دە پێمبڵێ..
ئەدی ئیتر بۆ یەکتری نەخۆینەوە؟!
سەرمەست نەبین،
بە ئیشقی هەتا هەتایی.
سوێند
لە سێبەری پەپوولەدا
هێدی.. هێدی
گۆرانی ئیشقت بۆ دەڵێم.
سۆزم لەگەڵ قاسپەی کەوا
سیمفۆنیایە و
ئاوێزانی رۆحتی دەکەم.
سوێندت دەدەم
تو پەپوولە.. تو رەوتی کەو
ئەی ئاسکەکەی کانیئاسکان
تاکەی سرکی و کەوی نابی؟!
سۆما
ئاسکە کێویی
ئاشقی، کێوی بەرز و سەختە
زۆر پێی شەرمە لە دامێنا
شاخەکانی لە بەرد بسوێ.
من پەپوولەم زۆر خۆشدەوێ
چون پەپوولە..
ئیشقی بێ ناڵەی فێرکردووم.
ئاسکە کێوی.. پەپوولە.. ئیشق
سۆمای چاومن.
پەریی
دەریا
لە کۆبنهاگن
لەبەر پەیکەری (پەریی دەریا)دا
کیژۆڵەیەك، دۆشدامابوو
نەیدەزانی!
ببێت بە ماسی
یا
پەری!
با
کە هەواری خاڵیم بەجێهێشت
بۆ ماوەیەك (با)م کرد بە تۆ
با..
بە یادی ژوانی پێشوو
گوێڕادێرم،
بۆ جیکەجیکی نەورەسەکانی کەنار دەریا
پەنجەکانم بگێڕم بە شەپۆلی ئەگریجەتا.
با..
سەرت بخەمە نێوان هەردوو لەپی دەستم
چاو ببڕمە نێو چاوانت
چیمە لە تەنکایی دەریا!!
______________________________
رستی یەکەم:
www.emrro.com/zengiyaneyawiy1.htm
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|