٣\١١\٢٠١٣
زەردەخەنە
تەمەنمان درێژ دەکا.

رەزا ساڵح
با
زەردەخەنە بکەین بە دروشمی هەمیشەی ژیانمان.. زەردەخەنە بکەین بە رێباز
و بە پەیژەی سەرکەوتنمان.. بیکەین بە کلیلی هیوا و خۆشی و شادیمان..
بیکەین بە پەیامێکی پیرۆز و، بە مژدەی ئاشتی و ئاسوودەیی و تەباییمان..
زەردەخەنە بکەین بە نهێنیی بەهێزکردنی برایەتی و خوشکایەتی و
هاوڕێتیمان.. بیکەین بە پێشاندانی رێز و سۆز و خۆشەویستیمان.. با بە
زەردەخەنە گوزارشت لە رووخۆشی و دڵخۆشی و دڵپاکی و گەشبینیی خۆمان
بکەین.. با زەردەخەنە بکەینە پاسپۆرتی بێ ڤیزەمان، بۆ چوونە ناو دڵ و
دەروونی کەسانی ترەوە.. با بە زەردەخەنەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و
شیاوتر، بەرەو ژیانێکی خۆشتر و شیرینتر بەبێ دوودڵییەوە هەنگاو بنێین..
با هەردەم لێو بە خەندە و رووخۆش و رووگەش بین.
مرۆڤی رووگرژ و مۆن ، نێوچەوان لۆچ ، دۆست و هاوڕێ و ئاشنای کەمە .. لە
ناخی خۆی دەخواتەوە .. زیان بە کەسایەتی و بە تەندروستی خۆی دەگەیەنێت
.. لە نێو کوردەواریدا ، ئەگەر کەسێک رووترش و مەنگ و نێوچەوان لۆچ بێت
، بە توانجەوە دەڵێن : " دەڵێی بارە ترشی کەوتۆتە ئاوەوە " یان " دەڵێی
کەشتییەکەی نوقم بووە " یان " رووناکی لە دەموچاویدا بەدی ناکرێت " یا
" کابرایەکی رووگرژ و مەنگە " .. بە پێچەوانەش کە باس لە خەسڵەتە
باشەکانی کەسێک دەکڕێت ، دەڵێن : " فڵان کەسێکی رووخۆش و گەشە " یا "
کەسێکی ئێسک سووک و خوێن شیرینە " یا " هەردەم لیۆ بە خەندەیە " یا "
کەسێکی کراوەیە و دەچێتە دڵەوە " یا ...هتد . پەندێکی( چینی ) ش هەیە ،
دەڵێ : " ئەگەر ناتوانیت بزەخەنە بکەیت .. کۆگایەکیش مەکەرەوە .. " .
بەر لەوەی بێێنە سەر باسی زەردەخە .. پێویستە ئەوە بزانین ، کە (
زەردەخــــەنە ) و ( پێـــکەنین ) دوو شتی جیاوازن ، ئەگەرچی لە زۆربەی
مەبەست و سوودەکانیاندا ، هاومەبەست و هاوسوودن .. باسی ئەمجارەمان
تەنها باسی زەردەخەنە و سوودەکانێتی .. هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا ،
باسی پێکەنینیش بکەین .
زەردەخــەنە چیـیە؟ زۆر وتراوە و زۆر نووسراوە و زوریشمان بیستووە
دەربارەی زەردەخەنە و سوود و کاریگەرییە تەندروستیی و
کۆمەڵایەتییەکانی.. بە کورتیی:
(*) زەردەخەنە ، جووڵەیەکی نەرم و ساکاری لێوەکانمانە ، کە لە
چاوترووکانێکدا روودەدات .. بەڵام کاریگەری و یاد و ئاسەوارە
ئەرێنییەکانی هەتا هەتایە .. لێرەدا مەبەستمان لە زەردەخەنەی راست و
ناسک و جوانی هەڵقوڵاوی ناخی دڵمانە .. کە بەرەو ناخی دڵی کەسانێکی کە
.. رێگای خۆی دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە ، تەنها شێوەیەکی رووکەشی نییە ، کە تەنها دەموچاومان
بڕازێنێتەوە .. بەڵکو جوانترین تابلۆ و نەخشی سروشتییە .. ناسکترین و
جوانترین گوزارشتە لە هەست و نەست و ، لە سۆز و لە خۆشەویستیی ناخی دڵ
و دەروونمان .
(*) زەردەخەنە ، جوانترین و نەرمترین و شیرینترین زمانە لە ژیانماندا
.. زمانێکی روون و سادە و ساکاری مرۆڤایەتی و جیهانییە .. کە پێویست بە
گۆڕین و راڤەکردن ناکات و ، هەموو گەلانی جیهان لێی تێدەگەن .. هیچ
پارە و پوولێکیشی تێ ناچێت .. بەڵکو زەردەخەنە خۆی پارەیەکی بەهاداری
دەگەمەنە و ، لای هەموو کەسێک نییە.
(*) زەردەخەنە ، پەیامێکی ناسکی بێ وشە و بێ داڕشتنە .. بروسکەیەکی
مزگێنی خۆشە .. کۆمەنتارێکی خۆشەویستی و دڵسۆزی و رێزە بۆ کەسانی
دەوروبەرمان .
(*) زەردەخەنە ، نهێنییەکی ئەفسوناوی سەیرە .. کلیلی شادی و خۆشییە ..
زەدەخەنە دەتوانێت قایمترین دەرگای قەڵای رق و کینە هەڵتەکێنێت ..
دەتۆانێت ژەنگ و خڵتی دڵ بتوێنێتەو .. دەتوانێت گەورەترین کێوی بوغز ،
بەرزترین دیواری دوژمنایەتی لەبن بێنێت .. دەتوانێت گڕترین گڕکانی
توڕەیی و هەڵچوون خامۆش بکات .. دەتوانێت قووڵترین زام ساڕێژبکات ..
دەتوانێت پاییز بگۆڕێت بە بەهار .. شەوی تار و زیل بگۆڕێت بە رۆژی
رووناک .. رەشەبای شێت و هاری تووڕەبوون .. بگۆڕێت بە شنەبـای نەرم و
فێنکی هێـوربوونەوە .. دەتوانێت بێ ئومـێدی بگۆڕێت بە هیـوا .. شکستی
بگۆڕێت بە سەرکەوتن .
(*) زەردەخەنە ، گوزارشتە لە شادیی ناخی دڵ و دەروونمان .. لە سۆز و
دڵسۆزی و رازیبوونمان .. لە دڵپاکی و سادەیی و خاکیمان .. لە متمانە و
بڕوابەخۆبوونمان .. لە دڵنیایی و ویژدان ئاسوودەییمان .
(*) زەردەخەنە ، باشترین و کورترین و ئاسانترین رێگایە ، بۆ بەهێزکردنی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان .. بۆ چاندنی تۆی برایەتی و خوشکایەتی و
هاوڕێتیمان .. زەردەخەنە بەهێزترین هێزی راکێشەرە ، بۆ راکێشانی سۆز و
خۆشەویستیی کەسانی تر بە لای خۆماندا .. شیوازێکی زۆر ئاسانە بۆ
دڵنیایی و بۆ بڕوا پێ کردنمان .. بۆ چوونە ناو دڵ و دەروونی خەڵکییەوە
.
(*) زەردەخەنە ، ناسکترین وشەیە .. جوانترین رستەیە .. شیرینترین
ئاخافتنە ، باشترین وەڵامیشە .
(*) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا ، ئەوە ساغبۆتەوە ، کە لە ( ٦٩ % )ی
خەڵکی ، ئافرەتانی لێو بە خەندەیان لا جوانترە ، لەو ئافرەتانەی ، کە
بە نایابترین بابەتی جوانکاری ( پۆدرە و بۆیە و سوراو ) ئارایش و تیف
تیفەی دەموچاویان دەدەن .
(*) زەردەخەنە ، مامۆستایەکی زۆرزانە .. فێرگەیەکی سوودبەخشە ..
نەوەیەکی گەشبین و بڕوابەخۆ و ئاسوودەخواز و ، هیواداری دڵنەگۆڕ پێ
دەگەیەنێت .
(*) تا پێتان دەکرێت زەردەخەنە بکەن .. چونکە زەردەخەنە ، پەژارە و
غەمەکانتان ساڕێژدەکات .. شادیتان لە خەو هەڵدەسێنێت .. گوڕ و تین و
هێزتان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە بکەن .. هەرگیز کۆڵ مەدەن و بێ هیوا مەبن .. خۆتان مەدەن
بە دەستی بێزاری و نائومێدییەوە .. ئێوە تەنیا کەس و یەکەمین کەس نێن ،
کە تاڵی و تفتی و نەهامەتییەکانی ژیان ، بەدبەختییەکانی رۆژگار ئازاری
دابن و ، سڕی کردووبن .. جوانترین زەردەخەنەش .. زەردەخەنەی هیوایە ..
کە لە نێوان هەوری تاریک و لە شەوگاری نوتەکدا سەردەربێنێت و .. مژدەی
کۆڵنەدان و سەرکەوتنتان پێ دەبەخشێت .. زەردەخەنە بکەن ، تا بەسەر
سەخترین و بەهێزترین شەپۆڵەکانی بێ ئومێدی دا سەربکەون .. تا لە
تاقیکردنەوەکانی رۆژگار و ژیان دا ، بە پلەی باشەوە دەربچن .
(*) زەردەخەنە بکەن و هەمیشە رووتان خۆش و گەش بێت .. تا بچنە دڵی
خەڵکییەوە و رێزتان لێ بگرن .. تا ئەوانیش بە هەمان شێوە ، زەردەخەنەی
قووڵترتان بۆ بکەن و روویان خۆشتربێت لە رووتاندا .. زەردەخەنە ، یەکێک
لە یەکێکی ترەوە دەیگرێت و ، زوو تەشەنە دەکات و بڵاودەبێتەوە .
(*) با زەردەخەنە بکەین .. چونکە زەردەخەنەکانمان ، هیوا و گەشبینی و
شادی و گوڕ و تین دەخاتە دڵی کەسانی خەمبار و داماوەوە ..
زەردەخەکانمان ، جوانترین دیاری و باشترین بەخشینن .. بە خێر و چاک
بۆمان دەنووسرێن .. زووبێت یا درەنگ پاداشتی زەردەخەنەکانمان وەردەگرین
.
(*) زەردەخەنە ، زمانێکی بەرزە ، لە زمانەکانی ئەم سەردەم و لە
شارسستانییەتی نوێی مرۆڤایەتی و ، لە یەکتر نزیکبوونەوە و ، لە تەبایی
و ئاشتی و پێکەوە سازاندا .
(*) جوانترین زەردەخەنە ، ئەو زەردەخەنەیەیە ، کە بە نێوان زەنگوڵی
فرمێسکەکاندا رێی خوی بکاتەوە .. ئەو زەردە خەنە جوانەیە ، کە
پەلکەزێڕیینە ئاسایی .. لە نێوان هەوردا دەربکەوێت و .. مژدەی هاتنی
کەشوهەوایەکی خۆشمان پێ ببەخشێت .
(*) بێگومان ، هەموو زەردەخەنەیەکیش شیرین و جوان نین و لە ناخی دڵەوە
نایەن .. زەردەخەنە دروستکراوی ناشیرین و بێ تامیش هەیە .. زەردەخەنەی
مەبەستداری شاراوەش هەیە .. زەردەخەنەی واش هەیە ، کە لە تامی گوژاڵک
تاڵترە .. لە ژەهری مار کوشندەترە .. لە دڕکیش تیژترە .. لە ئاگریش
سوتێنترە .
سوودە کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخـەنە:
(*) زەردەخەنە ، لۆچی دەموچاومان ناهێڵێت و .. سیماو و رووخسارێکی گەش
و جوانترمان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە ، مەودایەکی زیاتری بیر و بیرکردنەوە و زەین باشیمان پێ
دەبەخشێت .. یارمەتیی توانای داهێنانمان دەداتێ .. زاخاوی هەست و دڵ و
دەرمان دەدات .
(*) زەردەخەنەکانمان ، تووڕەبوون و هەڵچوون و بارگرژیی و دۆخی نائاسایی
کەسانی تر هەڵدەمژن و .. ئاسایی و هیۆریان دەکەنەوە .. پەشیمانیان
دەکەنەوە .
(*) زەردەخەنەکانمان ، دەبنە مایەی ئەوەی ، کە خەڵکی بە باشی و بە
رێزەوە لێمان بڕوانن و ، لێمان نزیک ببنەوە و گوێمان لێ بگرن .. بەبێ
ترسیش راز و نیازەکانی دڵی خۆیانمان بۆ باس بکەن .. لە تۆژینەوەیەکدا ،
توژێنەران گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە : ئافرەتانی رووخۆش و لێو بە
زەردەخەنە و بزە .. زیاتر دڵی پیاوان رادەکێشن .. ئەم تۆژینەوەیە لەسەر
( ٤٦٠) کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ ئەنجام دراوە .. گەیشتوونەتە ئەو
ئەنجامەی کە ، پیاو ناتوانێت سۆز و رازی دڵی خۆی بۆ ئەو ئافرەتە
دەرببڕێت ، کە رووی خۆش نەبێت و ، زەردەخەنەی لێ بەدی نەکات .. بەڵام
ئەگەر رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندەبێت .. زوو دەکەوێتە داوێوە .
(*) بە لێکۆڵینەوە ش ، ئەوە ساغ بۆتەوە کە منداڵ لە رۆژێکدا تێکڕا
(٤٠٠) جار ، زەردەخەنە دەکات .. بەڵام گەورە ، لە رۆژێکدا تێکڕا (١٤)
جار زەردەخەنە دەکات .
(*) ئەوانەی زەردەخەنە دەکەن .. کەسانێکی ئاسایی و لەسەرخۆن و ،
لەهەڵسوکەوت و رەفتارکردندا هێمن و رێک و سەرکەوتوون .. ژیان ئاسوودەن
و .. کەسانی باشن .
(*) لەوانەیە لە ڕێی زەردەخەنەوە ، گەلێ کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر
بکرێن .
(*) زەردەخەنە پێویستییەکی رۆژانەی کۆمەڵایەتییە .. بۆیە بە لاتانەوە
سەیر نەبێت .. کە لە هەندێ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا .. کۆرسی راهێنانی
زەردەخەنە دەکەنەوە .. بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ، فێری زەردەخەنەی
جوان و ناسک و قووڵ ببن و .. لە رێی زەردەخەنەوە ، پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانیان باشتر و بەهێزتر بکەن .
(*) زەردەخەنە ، رێگایەکە بۆ بەرزبوونەوەی پایەی کارکردنمان .. بە
لێکۆڵێنەوە ئەوە ئاشکرابووە .. کە خاوەن کار و بەڕێوەبەرەکان ..
حەزدەکەن پلە و پایەی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە بەرز بکەنەوە .. کە
رووخۆشن و لێو بە خەندە و زەردەخەنەن .. زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەیە
و .. بە باشی و بە جوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن .. بە روویەکی
خۆشیشەوە ، پێشوازی لە سەردانبووەکانیان دەکەن و .. بە باشی
کارەکانییان بۆ رای دەکەن و .. بە جوانیش بەڕێیان دەکەن .
(*) ئەو مامۆستا و وانەبێژانەی ، کە روویان خۆشە و خەندە لەسەر
لێوەکانیان دایە .. زیاتر دەچنە دڵی قوتابیانەوە .. باشتر و زووتر
بابەتەکانی وانەکانیان فێردەبن .. ئەو مامۆستایانە لای قوتابییەکانیان
خۆشەویستن و زیاتر رێزیان لێ دەگرن و .. زیاتریش قوتابیان لێیان نزیک
دەبنەوە .. زۆر جار لە هەندێ لە قوتابییان دەبیستین ، کە دەڵێن :
حەزمان لە وانەی فڵانە مامۆستا نییە .. چونکە زۆر رووگرژ و مچومۆڕ و
مۆنە ، نە خەندە دەکات و نە پێدەکەنێت .. نە دوو قسەی خۆشیشمان بۆ
دەکات .
(*) زەردەخەنە ، دۆست و هاوڕێمان بۆ زیاد دەکات و .. ناحەزانیشمان کەم
دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنەی نێوان ئەندامانی خێزان ، پەیوەندیی خێزانییان زۆر
بەهێزتر و خۆشتر دەکات .. تەبایی و ئاشتی و رێز و شادی و بەختەوەرییەکی
زیاتریان پێ دەبەخشێت .
(*) چەند جوانە .. هەمیشە رووخۆش و رووگەش بین .. لێو بە خەندە و
زەردەخەنە بین .. دڵ پڕ لە هیوا و ئومێد بین .. بڕوابەخۆ و گەشبین بین
.. چاکە و بەخشینێکی گەوەرەشە .. گەر بزەخەنە بخەینە سەر لێو کەسانی
خەمبار و بێزار و بێ هیواوە .
سوودە تەنـدروستییەکانی زەردەخـەنە:
(*) زەردەخەنە ، خۆراکی دڵ و دەروونە .. باشترین دەرمانی چارەسەرکردنی
زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان و جەستەییەکانە .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتیی دابەزینی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خۆین دەدات
.. سۆڕانەوەی خوێنیش لە دەمارەکانی خوێن بردن و هاوردنی لەشماندا
چالاکتر دەکات .. دەزگای بەرگری کردن لە دژی نەخۆشییەکان بەهێزتر دەکات
.
(*) زەردەخەنە ، تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات .. ئەمەش لە ئەنجامەی
بەراوردکرنی نێوان ئەو کەسانەی رووخۆشن و زەدەخەنە دەکەن ، لەگەڵ ئەو
کەسانەی رووگرژ و مۆنن و ، زۆر بە کەمی زەردەخەنە دەکەن .. دەبا بە
زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانمان .. بە رووخۆشی و گەشیمان .. تەمەنمان
درێژتر بکەین .
(*) زانایەکی پزیشکی بە لێکۆڵینەوە ، گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی ، کە
زەردەخەنە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ( ئیندرۆفین ) کە بریتییە لە (
هۆرمۆنی شادی ) ، ئەم هۆرمۆنە دەگاتە خانەکانی مێشک و ، لە هاوشێوەی
سڕکەری ( مۆرفـین ) دا ، سوێ و ئازارەکان کەم دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتیی مێشک دەدات ، بۆ ئەوەی رادەیەکی باشی (
ئۆکسجین ) لە خانەکانیدا بپارێزێت .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتی ( هەرسکردن ) دەدات و ، ( ترشاندنی گەدە ) کەم
دەکاتەوە .
(*) ئەمڕۆ لە ئەوروپادا ، بۆ هەندێ لە نەخۆشخانەکانی منداڵان .. کەسانی
گاڵتەجاڕ و خۆشبەزمیان داناوە .. کە ئاهەنگی جەفەنگ و قسەی خۆش و یاری
و بەزمی سەیر و سەمەرەی خۆش پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان دەکەن ..
ئەگەرچی ئەم کارانە نابنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان .. بەڵام
یارمەتییان دەدەن ، بۆ هێورکردنە و بۆ لە بیرکردنی ئێش و ئازارەکانیان
.. بۆ خۆڕاگرتن و بۆ بەرزکردنەوەی ورە و هیوایان.
(*) زەردەخەنە ، مەشقێکی باشە بۆ ( ماسوولکەکانی دەموچاومان ) .. چونکە
لە کاتی زەردەخەنەی قووڵدا .. نزیکەی ( ٥٣) ماسوولکەی دەموچاومان
دەبزوێن.
(*) زەردەخەنە ، دەرمانی خەمە و ، مەرهەمی زامە .. بە تایبەتیش بۆ ئەو
کەسانەی تووشی بێزاری و گۆشەگیری و خەمۆکی و رەشبینی بوونە .. لە رێی
زەردەخەنەوە .. دەتوانین هیوا و ئۆمێدیان پێ ببەخشین .. بیانخەینە سەر
ئەو بڕوایەی کە ژیان بۆ ئەو کەسانە زەردەخەنە دەکات .. کە گەشبینن و
زەردەخەنە لەسەر لێوەکانیان ناتۆرێت .
(*) لەگەڵ زەردەخەنەدا ، تیشکەکانی چاوەکانیشمان .. بەشداری لە رووخۆشی
و لە گەشیمان دەکەن و .. چاوەکانمان جوانتر و گەشتر دەبریسکێنەوە .
(*) رووگرژی و مۆنی ، دەبنە هۆی ئەوەی کە دەموچاوی مرۆڤ زووتر چرچ و
لۆچ بێت و .. زووتر نیشانەی پیری سەری لێ هەڵبدات و .. تەمەنیشی کورتر
بێت.
(*) زەردەخەنە ناسک و شیرینەکانی پزیشکان و پەرستاران .. رۆڵیکی زۆر
گەورە و گاریگەریی دەروونی و چەستەییان ، لە هیوا بەخشین و چاکبوونەوەی
نەخۆشەکاندا هەیە .. بە تایبەتیش نەخۆشە تووشبووەکانی نەخۆشی دڵ و
شێرپەنجە و درێژخایەن .
(*) سوودە دەروونی و چەستەیی و ، کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخەنە
.. زۆر زۆرترن .. لەو سوودانەی کە لە سەرەوە باسمان لێ کردن .
رۆژی جیهانیی زەردەخـەنە:
هەموو ساڵێک لە جیهاندا ، لە ( رۆژی یەکەمین هەینی ی/ مانگی ئوکتۆبەر )
دا ، بە بۆنەی ( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە ) ەوە .. ئاهەنگی زەردەخەنە و
بەزمی خۆش سازدەکرێت .. ئەمساڵ لە ( ٤/ ١٠/ ٢٠١٣) دا ، لە گەلێ لە
وڵاتانی جیهان ، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ سازکرا .. با بزانین رۆژی جیهانیی
زەردەخەنە لە چییەوە هاتووە ؟
لە ساڵی ( ١٩٦٣) دا ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ دەستەبەرکردنی ژیان (
تەئمین ) .. داوای لە هونەرمەندی شێوەکار ( هـــارڤی بـــال ) کرد ..
کە ( سیمبول ) ێک بۆ کۆمپانییەکەیان بکێشێت ، کە ئەندامە
بەشداربووەکانیان ، بتوانن بە ئاسانی لەسەر پسوولەنامەی کۆمپانییەکەیان
بێتەوە یادیان .. هارڤی بیرۆکەی زەردەخەنەی بەلاوە جوان بوو ..
وێنەیەکی خڕی لە شێوەی خۆر کێشا .. کە لە ( دەموچـــاوی منـداڵێکی
زەردەخـەنەکـردوو ) دەچێت .. ئەم هێمایە زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ،
سەرکەوتنی بەدەستهێنا .. دوایی ئەم دەموچاوە خڕە بزەکردووەیان ، لەسەر
تیشێرت و کراس و لەسەر شەبقە و لەسەر پۆستکارت و ، لەسەر گەلێ شتی تر
بەکاریان هێنا .. ئەمریکا پوولێکی پۆستیشی دەرکرد ، کە ئەم هێمایەی
لەسەر بوو .. رۆژی کێشانی وێنەکە و پەسەندکردنی ئەم هێمایە کە رۆژی
هەینی بوو ، کرا بە( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە) .
بۆ یەکەمین جاریش لە جیهاندا ، لە ساڵی (١٩٩٩) دا ، بە بۆنەی ( رۆژی
جیهانیی زەردەخەنەوە ) ئاهەنگ سازکرا .. لەو ساڵەوە بۆتە بۆنەیەکی
ساڵانەی جیهانی .
خەڵاتی ساڵانەی زەردەخـەنە:
خەڵاتی ساڵانەی زەردەخەنە کە بریتییە لە ( ویسامێک ) ، ساڵی دوو جار
دەدرێت ، لە پایز و لە بەهار دا .. دەدرێت بە کەسانی گەورە ، پیاو بێت
یا ئافرەت ، یان دەدرێت بە بە رێخراوێکی مەدەنیی بواری خزمەتکردنی
منداڵان .. ویسامەکە دەدرێ بەو کەسانە یا بەو رێکخراوەی ، کە رۆڵێکی
بەرچاویان هەبووە .. لە خزمەتکردن و یارمەتیدان و لە بایەخدان بە
منداڵان ، لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن .. ئەو کەس و
رێکخراوانەی ، کە سۆز و خۆشەویستیان بە منداڵان بەخشیوە .. ئەم کەسانەش
، یا ئەم رێکخراوانە .. لە لایەن منداڵان خۆیانەوە ، بۆ وەرگرتنی
خەڵاتەکان کاندید دەکرێن .. براوەکانیش بە نازناوی ( شاسواری خەڵات )
ناودەبرێن .. میدالیا و خەڵاتەکانیش .. لەلایەن ( ئەنجوومەنی میدالیای
زەردەخەنە ) وە ، لە شاری ( وارشۆ ) ی ( پۆڵەندا ) پێیشکەشیان دەکرێن
.. کە بارەگای ئەم ئەنجوومەنە لەم شارەدایە .. بیرۆکەی ئەم خەڵاتەش ،
لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا ، لە لایەن ( گۆڤـاری کویـر) ی پۆڵەندییەوە پێشنیار
کرا .. لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا ، سـکرتێری گشـتیی پێشووی نەتـــــەوە
یەکگرتــــووەکان ( کـۆرت ڤاڵدهایم ) بە فەرمی دانی بەم خەڵاتە و ، بە
کۆمەڵەی بەخشینی خەڵاتی رۆژی جیهانیی زەدەخەنەدا نـا .. بێجگە لە
پۆڵەندا ـ کە زۆرینەی ژمارەی ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنەن ـ نوێنەری
بەشیکی زۆری وڵاتانی تری جیهان ئەندامی ئەم کۆمەڵەیەن .
تا ئەم ساڵ (٩٥٠) چالاکــوانی یارمەتیدەر و خزمەتکردووی بوارەکـــانی
منـــداڵان .. لە ( ٤٥) وڵاتی جیهاندا ، ئەم خەڵاتەیان پێشکەش کراوە ..
لەوانەش :
( دایکە تیرێــزا ، نیلسون ماندێـلا ، کۆرت ڤاڵدهــایم ، خاتوو سیلڤیا
ـ شاژنی سوێد ، ئەلیکسەندەر کفاشنیف ـ سەرۆکی پێشووی پۆڵەندا ، خاتوو
داگمار هاڤڵ ، خاتوو مۆزە ناسر ـ قەتەری ، پاپا یوحنا پۆلسی دووەم ، شا
عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز ـ شای پێشووی سعوودییە ، ماریک میگالاک ، دەلای
لامە ـ چواردەمین ، ... هــتد).
زەردەخەنە لە گۆشەنیگای ناودارانەوە:
(هێنریـک وێـرکلاند ) : زەردەخەنە ، جوانترین گوڵی سەر زەمینە .
( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) : زەردەخەنە ، کورترین مەودای نێوان دوو کەسە .
( بۆب گریــن ) : زەردەخەنەی ناسک ، زمانێکی شیرینی جیهانییە .
( فرانکلین ) : بە زەردەخەنەیەک ، هەموو دەرگاکان بە رووی مرۆڤدا
دەکرێنەوە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنەی ئافرەت ، تیشکێکە لە تیشکەکانی خۆر .
( شەکسپیر) : ئەگەر دۆڕاو زەردەخەنە بکات ، براوە چێژ لە سەرکەوتنەکەی
نابینێت .
( ناپلیۆن ) : ئەو کاتە خۆم بە ئازا دەزانم ، کە دوای هەرشکستییەک
زەردەخەنەیەک بخەمە سەر لێوم .
( ڤیـل دۆرانت ) : من زەردەخەنە ، بە مەشخەڵی مرۆڤایەتی دەزانم .
( جـۆرج نیـکۆڵا ) : زەردەخەنە ، دوژمن دەکات بە دۆست .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) : زەردەخەنە ، جوانترین ئارایشی روخسارە .
( جاکسۆن بـراون ) : تووڕەیی بە زەردەخەنە بگۆڕە .
( ئەمەرسـۆن ) : ئافرەت بە زەردەخەنەکانی ، ئاگری خۆشەویستی هەڵدەکات
.. بە ئەنقەستیش دەیەوێت ، بە فرمێسکەکانی بیکوژێنێتەوە .
( پێغەمبەر محـەمەد ـ د . خ ) : زەردەخەنەکەت لە رووی براکەتدا ..
چاکەیە .
( ونستۆن چەرچل ) : ئەو پیاوم خۆش دەوێت .. کە لە تێکۆشاندا زەردەخەنە
بکات .
( تاگـوور ) : تەنها زەردەخەنەیەک بەسە .. بۆ ئەوەی بەبێ خەرجی دڵی
خەڵکی شاد بکەیت .
( لارشـفۆکۆ ) : زەردەخەنە ، زمانێکی جیهانییە بۆ دەروون پاکان .
( ستیـڤان جـەزال ) : زەردەخەنە پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە .
( ئەلفرێد دلاموسیا ) : جوانترین زەردەخەنە لە ژیاندا ، ئەو
زەردەخەنەیەیە ، کە بە ناوەراستی فرمێسکەکاندا رێی خۆی بکاتەوە .
( ئەناتۆل فرانس ) : زەردەخەنە ، بئ ئارامی و ، گرفتەکانی ژیان کەم
دەکاتەوە و ، ناسۆرییەکانه دەروونیش ساڕێژ دەکات .
( شەکسپیر) : بە زەردەخەنەیەک رێگای خۆت بکەرەوە .. باشترە لەوەی کە بە
زەبری شمشێرەکەت بیکەیتەوە .
( ڤیکتۆر هۆگۆ ) : ئەوەی بتوانێت زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی ئافرەت ..
نیوەی رێگای بەرەو دڵی بڕیوە .
( برنادشۆ ) : زەردەخەنە ، ناونیشانی هەستە ، هەستیش ناونیشانی
مرۆڤایەتییە .. ئەگەرچی شەیتان کە لە بەهەشت دەرکرا .. زەردەخەنەیەکی
کرد .
( تاگوور) : هێزی خوای گەورە لە زەردەخەنەیەکی ناسک دایە ، نەک لە
زریانێکدا.
( شارلز گۆردی ) : زەردەخەنە هەرزانترین پێویستییە ، بۆ گۆڕینی
رووخسارت .
( لی میلدون ) : ئەگەر خەڵکی زەردەخەنەیەکی قووڵت لێ بەدی بکەن .. بە
دەگمەن لەجلوبەرگە کۆنەکانت دەڕوانن .
( ئەندریە روونی ) : ئەگەر کەست لانەبێت و ، لەبەر خۆتەوە زەردەخەنە
بکەیت .. واتا زەردەخەنەکەت بە راستییە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنە ، شەختە دەتوێنێتەوە و ، خۆشی دەپرژێنێت و ،
زامەکان ساڕێژ دەکات .. زەردەخەنە کلیلی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە .
( کارل سانبرگ ) : زەردەخەنەی ئافرەت تیشکێکە ، کە خێرایەکەی لە خێرایی
تیشکی خۆر زیاترە .
( دایـکە تیرێـــزا ) : ئاشتی بە زەردەخەنەیەک دەست پێ دەکات .
( مارتن تشارنین ) : بە شێوەیەکی جوان دەرناکەویت ، تا زەردەخەنە
نەکەیەت .
( ئۆسکار وایڵد ) : جوانە هاوڕێتی بە زەردەخەنە دەست پێ بکات ..
جوانتریش ئەوەیە کە بە زەردەخەنەش کۆتایی بێت .
( جاکسـۆن بـراون ) : زەردەخەنە بە خەڵکی ببەخشە .. لەوانەیە ئەمە
باشترین دەسکەوتی ئەو رۆژەی یەکێکیان بێت .
( لابـرۆ بیر ) : روو بە زەردەخەنە بە و ، قسەت نەرم بێت .. لە لای
خەڵکیدا ، لەو کەسانە خۆشەویستر دەبیت .. کە زێڕیان پێ دەبەخشن .
( جۆرج ئەلیۆت ) : زەردەخەنە ، هاوڕێت بۆ دەهێنێت .. بەڵام رووگرژی و
مۆنی لۆچی دەموچاوت بۆ دەهێنێت .
( شەکسپیر ) : ئافرەت بایی هەموو نەهامەتییەکان فرمێسکی لا هەیە و ..
بایی هەموو خۆشییەکانیش زەردەخەنەی لا هەیە .
( فیلیس دیلەر ) : زەردەخەنە ئەو چەماوەیەیە .. کە هەموو شتێک راست
دەکاتەوە .
( کریستینا روزبتی ) : بیربکەیتەوە و ، زەردەخەنە بکەیت .. زۆر باشترە
لەوەی ، کە بیهێنیتەوە یادت و غەم بخۆیت .
( جیـم بگز ) : پێش ئەوەی رووت کرژبکەیت و ، لۆچ بخەیتە دەموچاوتەوە ..
دڵنیابە لەوەی کە هیچ شتێک نەماوە ، کە ببیتە مایەی زەردەخەنەکردن .
( شەکسپیر ) : کە دزیلێکراو زەردەخەنە بکات .. ئەوا شتێک لە دزەکە
دەدزێت .
( جـۆرج ستیوارد ) : ئەوەی دەتەوێت بە تۆقاندن بەدەستی بهێنیت ..
دەتوانیت بە زەردەخەنە بە دەستی بهێنیت .
( گۆتــە ) : کە دەموچاوی ژن لۆچی تێ بکەوێت .. زەردەخەنەکانی کەم
دەبنەوە .
( شەکسپیر) : ئەوەی بە هێز بۆت وەرناگیرێت .. دەتوانیت بە زەردەخە وەری
بگریت.
( ولیام فیاتەر ) : ئەگەر پیاوێک زەردەخەنەی لەسەر لێودا بێت و ..
بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە .. بە دڵنیاییەوە داوای پارەی لێ دەکەن .
٣\١١\٢٠١٣
- نەرویچ
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|