٢٢\٤\٢٠١٦
زەریی بێشەلان.

نەژاد عەزیز
سورمێ
(دەبووایە / بەبێی / من / خوێنپژانی / بێھوودەیی و / دڵی /
ڕۆشنی / پەپوولان و / گیای / کەسکتر / ببینی.. /
چ / دەبوو / رۆژگار / لە / دەنکە / زەیتوونێک / کۆبێتەوە.. /
چ / دەبوو / ئەوەندەم / خۆشنەویستبای؟ / ..).
لە رەشنووسی
یەکەمەوە.
١
چڵی لە باڵی ھەڵۆ دەچێ
سێبەری مەرگی ناگەھان
خۆھەڵتەکاندنی ژیان
درەختی ئەبەد..
٢
یەکەمین جارە قژ ببینم
ڕووەو کەشکەڵان تەرز باوێ.
٣
ھەموو جارێ شەڕ دەستی پێدەکردەوە،
سەری پەناگەمان
بەگەڵای ئەفسووناوی ئەو دەگرت.
لەگەڵ ئەودا
زە ین دەمانباتەوە ماڵی یەکەم,
کە ھێشتا نەکەوتبوینە (بیر)ی تاکایەتی.
٤
ئەوە ڕەنگ نین
ئەوە ئاوی ڕەوانە
لەژێر خاکدا,
خۆی لێک دەکێشێتەوە.
دیارە بە تەنیاییم دەزانێ
باڵات دەدەیتە بەر خۆرو
یاریی بە ئەستێران دەکەی.
٥
کەپاڵ بەتۆوە دەدەین
دەبێ سیاسەتی چاوغایەنی
لەبیر خۆمان ببەینەوە.
ئەو پشکۆیانەی
لە ئینجانەی گوڵاندا داڵدە دەدرێن
چاویان لەچاوی ھیوا دەچێ..
٦
ھەرچیم بێتە رێ
پێش سەرەتا و دوای کۆتایی
لەسایەی تۆ
پیاڵەم ھەرگیز بەتاڵ نییە.
٧
بەو ساردەکێڵە ھەڵخەڵەتام
سێبەری تۆیان دەچووەوە سەر..
بادە تاوی بۆ نەھێنام
پێگوزەر چەپڵەی لێ کوتام,
نەرمەخوناو تواندمیەوە
ئەی ڕاز
ئەی ھێرشی مەینەت
گەواڵەی بەلەنجەولار..
٨
پێدەچێت لە باران دا ونبووبم
ئیتر کەس ناتوانێ تەڕم بکا..
ھەڵەیەکی تفتە
ئاسمانی پایز بەخۆت دابدەی..
ھەوارێکی شیرینە
ھاوینی تۆزاوی بنێژی.
٩
لێت نزیکم
ھەست بەلێدانی دڵت دەکەم
وشە پێ ناوەستێ
وشە بەو ساتە شیرینە
ھێرشبەرانە ناوەستێ.
ھیچم بۆ لێک مەدەرەوە
ھەست بە لێدانی دڵت دەکەم و بڕایەوە..
١٠
نیشانە ڕاست نەبوو
دڵی من بوو بریندار
سڵاو برادەر
دەبینی پێک دەگەینەوە.
بایی خۆمان ژیاین
بایی خۆمان پێکەنین , گریاین
داخ کە نەمانتوانی
بایی خۆمان ڕاستگۆبین..
تەمووزی
٢٠١٠
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|