په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٨\٢٠٢٢

    زەوی لە قەفەزدایە.

فه‌رهاد مازێ

لە فڕینێکی دوور و ئاسمانێکی نزیکەوە هاتووم
لە ناو روونیی مرۆڤ شوێن هەیە بۆ نیشتنەوە
پرس بە باڵەکانت ترسە لە فڕین
بە ئازار گیرۆدە بووی بفڕەوە ئێرە بەکەڵکی نیشتنەوە نایە
مرۆڤ لە مێژە شێلوو بووە بە ئاوەدانیەکی وێران و نزم فڕین
کەس بزە بە قەرز نادا، خەندە باجی هەیە، پێکەنین دوور
ناخت پڕە لە هاواری شەرم و بینینی نزم و بیستنی کورت
دوورکەوە لە رەنگی رووت و بۆر و پووچ
نزم قورس رەش، سوک دڕاو پەرۆش
ئاسمان بانگت دەکا بۆ فڕین
هەندێ جاریش دەڵێ مەفڕە تەڕدەبی لە باران
فڕین خەونتە.. لە باڵەکانت بێیە دەرێ قەفەز دەتبا
باڵەکانت بسپێرە بە ئاسمان
لە نیشتنەوە بە رەنگەوە هەڵنەوەرێ
هەڵوەرین گوناهێکی ماندووە
مردوو لە ئاوەدانییەکی شێڵوو گێسک لە باڵەکانت دەدا
لە ناو بزە و پێکەنینتا دوور لە بینین
رەنگی ئاسمانێک بگرە بۆ فڕین
دژە فڕینە هەمیشە لە بۆسەیە
ئازادبە بۆ فڕین
مرۆڤ لە فڕین دەگەڕێتەوە سروشتی خۆی
پێش لێلبوون و ئاڵوودەبوون بە قەفەز
سەختە لە قەفەز بێیەدەرێ
ئاسمان لە ئامێزتکا.. لە ئاوەدانیی نەخۆش دوور
مرۆڤ داهێنەرێکی نەخۆش و باڵایە
زەمین قەفەزێکە فڕینی ئازاد نامۆیە
مرۆڤ لە مرۆڤ رزگارکە بەر لە مردن و وونبوونی زەوی
مرۆڤ زەوی لەت لەتکرد بە ناوی خاک
ئەو هەموو قەفەزە چیە ناوی ناوە نیشتمان
نیشتمان قەفەزێکی بچووکە لە ناو قەفەزی زەوی
بفڕە و ئاسمان هەڵبژێرە بۆ ژیان
بیر لە دابەشکردنی ئاسمان مەکەوە
ئاسمان لە قەفەز جێی نابتەوە
مرۆڤی قەفەز ناگاتە ئاسمان
زەوی لە قەفەزدایە.. لە قەفەزدایە نیشتمان
گەر دەتوانی نیشتمان لە قەفەز و زەوی رزگارکە لە پیسبوون
ئاستەمە لە ئاوەدانی تاریک فڕین
زەوی ئاودەستی مرۆڤی قەفەزە
نافڕێ.. خەریکی قەفەزی گەورەیە
رێگایەکی نزیک بۆ پاکبوونەوە
ئاسمانێکی دوور، دوور لە قەفەزی مرۆڤ و زەوی و نیشتمان.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک