٢٣\٣\٢٠١٢
زەوی
تۆپی فریشتەکانە.

بێستوون مینە
١.
پەپولەیێک لە
شەقەی باڵبدات
زەوی دەبێتە دوولەتەوە .
٢.
لە دەنگی پێی مێروولەکان
ھەموو بوونەوەرەکان پەردەی گوێیان دەتەقێ.
٣.
چەند زیرەکم لەسەر گازی پشت درێژ بوویمە و
دەشزانم لە پشتی سەرم زەوییە.
٤.
وشکانیی نیوەی زەوی داپۆشیوە.
٥.
ئەمریکا سەر بە قاڕەی
ئاسیایە.
٦.
راستە یان ھەڵە؟
تەنھا وەڵامی دووانیان بدەوە:
یەکەم جەنگی جیھانیی.
ھەڵەییە
دووەم جەنگی جیھانیی.
ھەڵەییە
سێییەم جەنگی جیھانیی.
تەرک.
٧.
کوندەپەپوو پەیامی ئاوەدانیی پێییە.
٨.
چاوەڕێی نامەی ئاشتیم قەلەڕەشەکە ھەر
نەگەیشت.
٩.
بەھار ھاوینی لەبەرچووە بۆیە وا وشک و
بودەڵەییە.
١٠
بەدبەخت ساندرێلا
پێڵاوەکە بە بەری ئەویشی نەکرد.
١١.
چاوە جوانەکانت چەند چوارگۆشە
و
پرتەقاڵین.
١٢.
ئای لە دڵ فراوانی تۆ
شوێنێک نییە بۆ میکرۆبەکان.
١٣.
زمانی دایک دەزانم بۆیە باوکم لێم تێناگات.
١٤.
مریشکەکان ھێلکەی قاز دەکەن و
ژانیش نایانگرێ.
١٥.
بیست و دوو ساڵە
پارەی کارەبای ئاسمانم نەداوە
ئەبێ چەندم بۆ بێتەوە.
١٦.
ئەگەر مانگ سی رۆژ بێ
ئەی رۆژ چەند
مانگە؟
١٧.
شەوانە بەر لە خەوتنم کەمێک دەنووم.
١٨.
ئەمڕۆ کوردێکم بینی عەڕەب بوو.
١٩.
دەستە جلێکم بۆ ژیان کڕیبوو
بە بەری نەکرد ناچارد دام بە
مردن.
bestunmina@yahoo.com
|