زمانی کوردی و چه‌ند نیگه‌رانییه‌ک...
فه‌همی کاکه‌یی
زۆر سه‌یره، ئه‌مڕۆکه وای لێ هاتووه به ترسه‌وه باسی ئه‌لفبێ و زمانی یه‌کگرتووی کوردی بکه‌یت، ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر باسی ئه‌لفبێی کوردی بکه‌یت (ئه‌وه‌ی من ئه‌م گوتاره‌ی پێ ده‌نووسم) ئه‌وه تۆمه‌تی ئیخوانوموسلمین ده‌خه‌نه پاڵت (با کاکه‌ییش بیت). ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر باسی زمانی یه‌کگرتوو بکه‌یت، (دیسان پێم وایه ئه‌وه‌ی من ئه‌م گوتاره‌ی پێ ده‌نووسم) ئه‌وه تۆمه‌تی سۆرانیپه‌رستیت ده‌خه‌نه پاڵ (با ماچوزوانیش بیت)*. خۆ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته له شوێنێکدا زمانت ته‌ته‌ڵه بکات و قسه‌یه‌کی ناشیاو له ده‌مت ده‌رچێت، ئه‌وه له جیاتی به دادگایی گه‌یاندنی هه‌موو کۆنه جاش و ئه‌نفالچی موسته‌شار و جاسووسه کورده‌کانی ڕژێمی پێشوو، نووسه‌رێکت لێ په‌یدا ده‌بێت و داوا ده‌کات دادگایی بکرێیت، (با پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵانیش بیت). ئه‌رێ به ڕاست، ئه‌و خزمه‌ته‌مان کوێوه چوو؟!
من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م گوتاره‌م به شێوه‌یه‌ک داڕێژم ته‌نات ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی زمانه‌وانیشیان نه‌بێت، هه‌ر بیخویننه‌وه. ئه‌مه یه‌کێکه له هونه‌ره‌کانی نووسین، که نووسه‌ر بابه‌تی خۆی به شیوه‌یه‌ک داڕێژێت بۆ ئه‌وه‌ی وا له خوێنه‌ر بکات له خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی به‌رده‌وام بێت.
له‌و ڕۆژانه‌دا هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستم ئاگاداری کردمه‌وه که له فڵانه که‌ناڵی کوردی‌دا باسی زمانی یه‌کگرتوو و کۆنگره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌کرێت، منيش گوتم با ته‌ماشایه‌ک بکه‌م به‌ڵکو سوودێکم پێ بگات و شتێکی نوێ فێر بم. که ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌م پێ خست دیار بوو خودان به‌رنامه دووا پرسیاری له میوانه‌که‌ی ده‌کرد: ـ باشه چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ر خودان زاراوه‌یه‌ک به زاراوه‌که‌ی خۆی بخوێنێت، ئه‌وه نییه له سویسرا به ئه‌ڵمانی و فه‌ره‌نسی و ئیتالی ده‌خوێنن؟** له دڵی خۆمدا گوتم: (دۆشاو به گونت، دیاره تا ئێستا جیاوازیی نێوان زمان و زاراوه ناکه‌یت). خوا قه‌بووڵ ناکات، میوانی به‌ڕێز گوتی: ـ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بکه‌ین مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه له داهاتوودا ببین به چه‌ند میلله‌تێک.
نه‌گبه‌تیی ئێمه له‌وه‌دایه ئه‌مڕۆکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی باسی زمان ده‌که‌ن فڕیان به سه‌ر زمانه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت گوتاری یه‌کبه‌رماڵیت بۆ ده‌نووسن به بێ خاڵبه‌ندی (بێ ئه‌وه‌ی خاڵ و وێرگوڵ و نیشانه‌ی پرسیار و نیشانه‌ی سه‌رسوورمان دانێن)، خه‌ڵکینه توخوا ئه‌مه هونه‌ر نییه؟ بێگومان هونه‌ره، چونکه ئه‌مه ده‌ق وه‌ک ئه‌وه وایه که‌سێک چاره‌که سه‌عاتێک قسان بکات به بێ ئه‌وه هه‌ناسه وه‌ربگرێت. من که ئه‌م جۆره نووسینانه ده‌بینم قسه‌یه‌کی کاک حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن دێته‌وه یادم که ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆکه ئه‌وه‌ی کۆمپیوته‌رێکی هه‌بێت و پیتی کوردیی دابه‌زاندبێت و بتوانێت پێی بنووسێت خۆی لێ بووه به نووسه‌ر.
من به‌ش به حاڵی خۆم له ساڵێ (1971)ه‌وه زمانی کوردی ده‌ڵێمه‌وه، تا ئێستاش ناوێرم خۆم به زمان‌زان له قه‌ڵه‌م بده‌م. ئه‌مڕۆکه به هۆی ئینته‌رنێته‌وه نووسه‌ر به نووسه‌ر ده‌ڵێت:باله‌ک. باوه‌ڕ بکه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی نووسین ڕه‌چاو بکرێت له سه‌د گوتار مه‌گه‌ر یه‌کێکیان ده‌رچێت، خۆ هه‌ندێ ماڵپه‌ڕه هه‌ن وه‌ک چاخانه‌یان لێ هاتووه.
جارێکیان یه‌کێک له قوتابییه کۆنه‌کانم ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و پرسیاری ئه‌وه‌ی کرد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت کوردییه‌که‌ی خۆی به‌هێز بکات، چی بخوێنێته‌وه؟ یه‌که‌م ئامۆژگاریم ئه‌وه بوو که هیچ بابه‌تێکی ئینته‌رنیت نه‌خوێنێته‌وه ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی وه‌ک نووسه‌ر ناسراو نه‌بێت. هه‌رچه‌نده من ده‌زانم بابه‌تی باشیش هه‌ن و نووسه‌ری باشیش هه‌ن، به‌ڵام جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ت و نووسه‌رانه بۆ ئه‌و کارێکی هێنده ئاسان نه‌بوو.
شه‌و دره‌نگه، گوتم با سبه‌ینێ ئه‌م گوتاره ته‌واو بکه‌م، به‌ڵام با ته‌ماشایه‌کی سه‌رنووچه‌کان بکه‌م به‌ر له‌وه‌ی بخه‌وم، ده‌بێنم به‌ڕێز مام جه‌لال گوتوویه‌تی: أعتز بكرديتي لكن عراقيتي هي الأولى. (واته: شانازی به کوردبوونی خۆمه‌وه ده‌که‌م، به‌ڵام عراقیبوونم له پێشدا دێت) په‌ککووو، ئه‌و‌جا وه‌ره خه‌وت لێ بکه‌وێت! به‌ڕێزم! مام جه‌لال! که‌س داوای لێ کردووی قسه‌ی وا بکه‌یت و خه‌ومان لێ تاڵ بکه‌یت؟ که‌س گله‌ییت لێ ده‌کات ئه‌گه‌ر قسه‌ی وا نه‌که‌یت؟ سبه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆک کۆماریت ته‌واو ده‌بێت، هه‌نگین چ ده‌ڵێیت؟
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی مام جه‌لال هاته نێو ناوان و حه‌ز ناکه‌م تۆمه‌تێکی دیکه‌شم بده‌نه پاڵ، با باسێکی به‌ڕێز کاک مه‌سعوودیش بکه‌م. له‌و ڕۆژانه‌دا (هه‌ر ده‌رباره‌ی زمانی یه‌کگرتوو) له هه‌فته‌نامه‌ی (هه‌واڵ) ئه‌م هه‌واڵه‌م خوێنده‌وه:
له‌سه‌ردانه‌که‌ی شاندی مامۆستایان بۆ لای سه‌رۆکی هه‌رێم، بارزانی نیگه‌رانی خۆی له میوانه‌کانی کۆنگره‌ی په‌روه‌رده ده‌ربڕی. پاشانیش له کۆتایی هه‌واڵه‌که نووسراوه: سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له کۆنگره‌و له‌سه‌ردانه‌که‌ی وه‌فدی مامۆستایان بۆ لای سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ (هه‌واڵ) جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرد که نیگه‌رانیه‌که‌ی سه‌رۆك له‌و میوانانه ته‌نها له‌به‌ر ده‌ربرینی راکانیان بووه له‌سه‌ر زمانی ستاندار. (ده‌قی هه‌واڵه‌که‌م به ڕێنووسی هه‌فته‌نامه‌ی هه‌واڵ نووسیووه)
ئه‌وه‌ی کاک مه‌سعوود بناسێت و ئه‌وه‌ی نه‌ختێک شاره‌زای عیلمی مه‌نتیق بێت نابێت باوه‌ڕ به‌م قسه‌یه بکات، چونکه هه‌رگیز به عه‌قڵه‌وه ناچیت که کاک مه‌سعوود ته‌نێ له‌به‌ر ڕاده‌ربڕینی چه‌ند نووسه‌رێک ده‌رباره‌ی زمانی یه‌کگرتوو، نیگه‌ران بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م نیگه‌رانییه ڕاست بێت که‌واته له‌مه‌ودوا که‌س ناوێرێت ئازادانه ته‌نانه‌ت له سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی په‌یوه‌ندار به زمانیشه‌وه، ڕای خۆی دربڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه وا بێت، دیاره نیگه‌رانییه‌که‌ی کاک مه‌سعود ئێمه‌ش نیگه‌ران ده‌کات. به‌ڵێ، ڕه‌نگه کاک مه‌سعوود له سه‌ر چۆنیه‌تیی گفتوگۆ و باسکردنی زمانی یه‌کگرتوو نیگه‌ران بووبێت، نه‌ک ته‌نێ له سه‌ر ڕاده‌ربڕین.
ئه‌مڕۆکه گه‌لێک هێرشی ناڕه‌وا ده‌کرێته سه‌ر ئه‌وانه‌ی باسی ئه‌لفبێ و زمانی یه‌کگرتوو ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت بڕێکی زۆری ئه‌و هێرشانه سنوور و یاساکانی نووسینیان به‌زاندووه، چاکتره به‌و جۆره نووسینانه بگوترێت جنێونامه. ئه‌مانه هێنده دژایه‌تی زاراوه‌ی یه‌کدی ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی زاراوه‌که‌ی دی له زمانی دوژمنیش مه‌ترسیدار بێت، به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت به زمانی داگیرکه‌رانی کوردستانیش ئه‌و دوژمنایه‌تییه ده‌که‌ن. باوه‌ڕ بکه‌ن جیاوازیی زاراوه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ش نییه و هه‌ردوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کی (ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان بمانه‌وێت) گه‌له‌ک له یه‌که‌وه نزیکن. من ئه‌م قسه‌یه له شاره‌زاییه‌وه ده‌که‌م و له به‌رکی خۆمم ده‌رنه‌هێناوه.
که‌سێک ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر زمانێکدا نه‌شکێت ناتوانێت شه‌ڕی پێ بکات، یان جنێوی پێ بدات، ده تۆ بڕۆ له گه‌ڵ کابرایه‌ک شه‌ڕ بکه که زمانه‌که‌ی نه‌زانیت، له پڕ به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌یت ده‌بینیت یه‌ک دوو جنێویشی به کوردی پێ ده‌ده‌یت. واته ده‌سه‌ڵاتی تۆ (به تایبه‌ت له کاتی تووڕه‌بووندا) زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و زمانه‌دا ده‌شکێت که زمانی خۆته، هه‌ر بۆیه به زمانه‌که‌ی خۆت جنێو ده‌دیت، ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌م بۆیه هێنایه‌وه تاکوو به‌شێکی جنێونامه‌یه‌ک بخه‌مه به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران و ڕاده‌ی لێکچوونی هه‌ردوو زاراوه‌ی کرمانجیی سه‌روو (کرمانجی) و کرمانجیی خوا‌روو (سۆرانی) شرۆڤه بکه‌م.
له جنێونامه‌یه‌کدا به ناونیشانی : کوردستان ده‌ست ب په‌روه‌رده‌یا که‌مالیست و باسیست دکه، له نووسینی به‌ڕێز مووراد جوان (که من دوو بڕگه‌ی لێ ده‌که‌مه کرمانجیی خوا‌روو)، هاتووه:
بڕگه‌ی 1 به کرمانجیی سه‌روو: ئیدی ڕۆژا وێ هاتییه کو کوردێن سۆرانینه‌ئاخێڤ چ ل په‌رچه‌یێن دن ئێن کوردستانێ بن، چ ژی ل کوردستانا ئازاد بن ده‌نگێ خوه ل هه‌مبه‌ر ڤان سۆرانیپه‌رستێن که‌مالیست ئوو باسیست بلند بکن ئوو بێژن (به‌سه).
به کرمانجیی خوا‌روو ئیدی ڕۆژی ئه‌وه هاتووه که کوردی سۆرانینه‌ئاخێو چ له پارچه‌کانی تری کوردستان بن، چ له کوردستانی ئازاد بن ده‌نگی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و سۆرانیپه‌رسته که‌مالیست و به‌عسیستانه بڵند بکه‌ن و بێژن (به‌سه).
بڕگه‌ی 2 به کرمانجیی سه‌روو: لۆما ژی دڤێ سه‌رۆکێن*** کوردستانێ ڤان سۆرانیپه‌رستێن که‌مالیست ئوو باسیست ڕاوه‌ستینه، ڕێ ل به‌ر مناقه‌شه ئوو لێکۆلینه‌کا جدی ئوو زانستی یا د ڤی واری ده ڤه‌که ئوو سیسته‌مێ په‌روه‌رده‌یا کوردستانێ پشتی پرۆسه‌سه‌کا ئیلمی ئا لێکۆلین ئوو کۆنفرانسان ئاڤا بکه.
به کرمانجیی خوا‌روو: هه‌ر بۆیه ده‌بێ سه‌رۆکی کوردستان ئه‌و سۆرانیپه‌رسته که‌مالیست و به‌عسیستانه ڕاوه‌ستێنێت، ڕێ له به‌ر موناقه‌شه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی جددی و زانستی له‌م بوره‌دا بکاته‌وه و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی کوردستان دوای پرۆسێسێکی عیلمی و لێکۆڵینه‌وه و کۆنفرانسان بنیات بنێت.
ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نه‌بێت ئه‌وه‌یه که نزیکه‌ی 90% ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌ی به کرمانجیی سه‌روو نووسراون هه‌ر وه‌ک کرمانجییه خوارووه‌که‌یه‌تی، هه‌ڵبه‌ته من هه‌وڵم داوه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێت لێکیان نزیک بکه‌مه‌وه، له لایه‌کی دیکه‌وه: ژماره‌ی وشه‌کانی هه‌ردوو بڕگه به کرمانجیی سه‌روو ده‌کاته: 73 ژماره‌ی وشه‌کانی هه‌ردوو بڕگه به کرمانجیی خوا‌روو ده‌کاته: 67 هۆی ئه‌م جیاوازییه‌ش له ژماره‌ی وشه‌کاندا ئه‌وه‌یه که ده‌سته‌واژه‌یه‌کی وه‌ک (یا د ڤی واری ده) به کرمانجیی سه‌روو پێنج وشه‌یه که ده‌یکه‌یته کرمانجیی خوا‌روو ده‌بێته (له‌م بواره‌دا) که دوو وشه‌یه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به جیاوازیی ڕێنووس هه‌یه له‌و دوو زاراوه‌یه‌دا.
باشه که دوو زاراوه هێند له یه‌که‌وه نزیک بن، بۆچی ده‌بێت ئێمه بیکه‌ینه گێره‌وکێشه‌یه‌کی گه‌وره و شیر و تیران له یه‌کدی تیژ بکه‌ین و بیکه‌ینه (شه‌ڕی زاراوه‌کوژی)؟ ئاخر که‌ی ڕه‌وایه کوردێک بڵێت من ده‌مه‌وێت به زاراوه‌که‌ی خۆم بخوێنم خوای ده‌کرد کورد ده‌بوو به په‌نجا میلله‌ت. یان که‌سێکی دیکه بڵێت: قه‌یدی چییه ده‌بینه فدرالی، واته فدرالیی زاراوه‌کان.
برایه‌کی ئازیز ده‌ڵێت چۆن ده‌بێت چل ملیۆن کورد به زاراوه‌ی شه‌ش ملیۆن بخوێنێت؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و برایه له سوێد ده‌ژیت، حه‌ز ده‌که‌م پێی بڵێم که نۆ ملیۆن سوێدی به زاراوه‌ی خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی شوێپینگ ده‌خوێنن که له 25 هه‌زار که‌س که‌مترن، مه‌سه‌له وا باس ناکرێت، ئه‌مه کۆنفرانسێکی فدراسیۆنی کۆمه‌ڵه کوردستانییه‌کانی سوێدم بیر ده‌خاته که نزیکه‌ی 15 ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر گیرا، له‌و کۆنفرانسه‌دا که‌سێک پێشنیازی ئه‌وه‌ی کرد که گۆڤاری فدراسیۆن به‌شه (سۆرانی) یه‌که‌شی به پیتی لاتینی بڵاو بکرێته‌وه، زۆر که‌س پشتگیری‌یان کرد و هه‌ندێکیش دژی بوون، له دوواییدا ویستیان بیکه‌نه ده‌نگدان، بێگومان ئه‌وان زۆر بوون، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایه خه‌ڵکێکی نه‌خوێنده‌واریش بۆی هه‌یه له ده‌نگدانێکی وادا به‌شداری بکات؟ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رچوونه ده‌ره‌وه‌مان نه‌کردایه هه‌ر له‌وێ ئه‌و بڕیاره ده‌درا. مه‌سه‌له مه‌سه‌له‌ی که‌م و زۆری نییه، مه‌سه‌له زیاتر له‌وه ده‌چێت که تۆ ته‌لارێکی ڕێکوپێکت هه‌بێت به‌ڵام بته‌وێت بیڕووخێنی و خانوویه‌ک له جێگه‌که‌یدا درووست بکه‌یت که نه‌زانی چۆن ده‌رده‌چێت، لێره‌دا مه‌به‌ست له ئه‌لفبێیه.
به‌ڵام خاڵێکی دیکه‌ش هه‌یه، ئایا ڕاسته ئێمه به زۆری زۆرداری زاراوه‌یه‌ک وه‌ک زمانی خوێندن به سه‌ر هه‌موو کورددا بسه‌پێنین به بێ ئه‌وه‌ی خودان زاراوه‌کانی تر ڕازی بن یان ئاره‌زووی خوێندنیان هه‌بێت به‌و زاراوه‌یه؟ سه‌ره‌نجام چۆنی لێ به سه‌ر دێت، ڕه‌نگه هه‌ندێک هه‌بن زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی نه‌یار هه‌ڵبژێرن و زاراوه‌که‌ی به سه‌ریاندا سه‌پێنراوه ڕه‌ت بکه‌نه‌وه، نموونه‌ی واشمان هه‌یه و ڕووی داوه.
له ڕاستیدا ده‌بێت ئه‌م باسه گرنگه زیره‌کانه چاره‌سه‌ر بکرێت و تا ڕاده‌یه‌ک دڵی هه‌مووان ڕابگیرێت، به‌ڵام نابێت ئه‌و دڵڕاگرتنه له سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بێت.
ماویه‌تی
سوێد 2007-08-11
* ماچۆزوان: ماچۆزمان، ئه‌وانه‌ی به زاراوه‌ی ماچۆ قسان ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ لێره‌دا ده‌گوترێت زمان؟ چونکه باوباپیرانی ئێمه ئه‌م مه‌سه‌له‌ی فره‌زاراوه‌ییه‌یان نه‌زانیوه، پێیان وا بووه هه‌ر یه‌که له‌م زاراوانه زمانێکن، هه‌ر وه‌ک هه‌ورامییه‌کانیش ده‌ڵێن: زوان هه‌ورامی. ** هه‌ڵبه‌ته زمانێکی دیکه‌ش هه‌یه به ناوی رۆمانشی به‌ویش ده‌خوێنن، واته له سویسرا چوار زمانی ڕه‌سمی هه‌یه. *** ئه‌مه هه‌ڵه‌یه ده‌بێ بگوترێت سه‌رۆکێ، چونکه سه‌رۆکێن واته سه‌رۆکه‌کان.
|