په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠٢١

زمانی رووداو و کارەساتەکانی کوردستان روونتر لە زمان و

لێدوانی ھەر کەس، چ پەیامێک دەگەیەنن؟!


تاهیر عیسا       


ئەم روواو و کارەساتانەی ڕۆژانە لەکوردستانی ھەردوو دەسەڵاتی فیرعەونئاسای زۆنی زەردو و سەوزدا ڕوودەدەن، بەزمانێکی سادە و ڕوون و ڕاشکاو، گوزارشت لە کۆتایی دەورەی سی ساڵەی دەسەڵاتێگەلکی میلیشیایی مافیایی و پاشاگەردانی لەکوردستاندا، دەکەن!


ئەوان، ئەمڕۆکە لە سەر ئاستانە و لەسەر لێواری داڕمانێکی یەکجاری نزیکبوونەتەوە!


پەیوەندییە سیاسیی و ئابوری وکۆمەڵایەتیەکانی ناو ئەم سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە گەندەڵ و دژە ئازادی و یەکسانییە، بەتەواوی کەندو کۆسپی گەورەی لەسەر گەشەو نمای ھێزە بەرھەمھێنەرەکانی کۆمەڵگاو ژێرخانی کۆمەڵگادا پێکھێناوە. لەھەر سات و زەمەنێکی مێژووی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا پێشمەرجی داڕوخانی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و چەوسێنەرەکان و ھاتنە پێشەوەی زەمینەی شۆڕش وئاڵ وگۆڕ، ناکۆکی و ململانێی ناو کاراکتەرەکانی سەرەوەی ھێزە دەسەڵاتدارەکان بووەو سیستەمی بەرەو داڕوخان وداڕمانی یەکجاریی بردووە.


ھەردوو دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوزیش، کە لە ئەنجامی ناکۆکیە قووڵەکانی نێوانیان، لەسەر دزی وفزی و تاڵانی، بەجێگایەک گەیشتوووە، کە ھەر زۆنەو بەشە بەناو حکومەتە کارتۆنیەکەی، داھاتی ناوخۆو باج و ڕسومات وگومورگی ناوخۆ و سەرسنورەکانیش بۆ خۆیان گلدەدەنەوەو چارەنوسی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستاو کارمەندانیشیان، لەدۆخێکی نادیاری پڕ لەدڵەڕاوکێدا ڕاگرتووە، ھەر ئێستا بەشێکی زۆریان بۆ زیاتر لەچل ڕۆژ دەچێت مووچەکانیان پێنەدراوە.


ئەم دەسەڵاتە دژە خەڵکییە، لەچوار چێوەی عێڕاقێکی داتەپیوی گەندەڵ وفاسیدی ناجێگیری سیاسیی و ئابووری کۆمەڵایەتیدا، کە لەھەر لەحزەیەکدا، لەلایەک چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەریی کرێکارو زەحمەکێشی لێدەکرێت، لەلایەکی دیکەش، چاوەڕوانی پێکدادانی ھێزە میلیشیا ناکۆک ودژبەیەکەکان، لەسەروبەندی کشانەوەی ھێزە بەناو شەڕکەرەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی دژی بەناو داعش، ئەوانیی خستۆتە ناو گێژاو و تەنگژەو بێ ئاسۆییەکی قووڵ و بەرفراوانەوە، کە بەبێشک چارەنووسیان لە ئەشڕەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان و دارو دەستەکەی باشتر نابێت.


ئەم ترس ونیگەرانیەی ھێزە سیاسییە دینی و ناسیۆنالیستی و تایەفیەکان لە عێڕاق وکوردستاندا، لەبایکۆتی بێ ئەندازە گەورە و بەرفراوانی ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێڕاقدا زیاتر دەرکەوتن و شەبەحی ھێزێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی تووڕەو ناڕازی لەپشتی پەردەی ھەڵبژاردنەکان لەبەرامبەر خۆیاندا، دەبینیەوەو ئەوانی دووچاری ھیستریاو فۆبیای تێداچوونی یەکجاری خۆیان کردۆتەوە!


شەڕوناکۆکی وململانێی نێوان باڵە جۆراو جۆرەکانی زۆنی سەوزو بەتایبەتیش ناکۆکی نێوان ئامۆزاکان لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی و ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرانیان لەحیزبەکەیاندا، کە ھەر یەکەی بۆ خۆی وەک کۆمپانیای دزی و قاچاخچێتی و تاڵانی بۆ پارێزگاری لەسەرمایەو بەرژەوەندیەکانی، ھێزی میلیشیای تایبەت بەخۆی ھەیەو خەڵکی شارنشینی سلێمانی و دەورو بەریان لەناو کەش وھەوایەکی پڕ لە فەوزاو دڵەڕاوکێی شەڕو پێکدادانی خوێناویدا ڕاگرتووە و ھاوکاتیش لەناو ئەم کەش وھەوایەی ململانێی سەرانی حیزب و دەسەڵاتی گەندەڵ ودژە ئازادییاندا، ڕێژەی تاوان و کوشتن و تەقەکردن، لەئاستی کۆمەڵایەتیدا، ڕۆژ بەڕۆژ لەفراوانبووندایەو داڵدەدرانی تاوانباران و بکوژانیش لەپاڵ ھێزە میلیشیاکاندا، بووە بەکارێکی ڕۆتین وئاسایی و مەعنایەک بۆ یاساو ڕێساو دادو داوەریی لەم کۆمەڵگایەدا نەماوەتەوە.


تێکچوونی باری سایکۆلۆجی تاکەکان و پەنابردنە بەر چەک و تاوان، بووە بەدیاردەیەک کە لەسەر دەمەتەقێیەکی زۆر ئاسایی، لەسەر فوول لایت و سەڕەی لەفەو سەڕەی نانەواخانەو لەسەر پارکینگ و لە یانەی شەوانەکاندا، یەکتر خەڵتانی خوێن دەکەن!


ھاوڕێ و ڕەفیقی یەکترن، بۆمۆبایلێک یەکتر دەکوژن، بۆ چەند سەد دۆلارێک دەستی دەچێتە کوشتنی داماوێک و لەژیاندا دەیسڕێتەوە، ڕۆژ نییە کەسێک کۆتایی بەژیانی خۆی نەھێنێت!


چوونە سەری بێئەندازەی قاچاخچێتی بە دەرمانی بێھۆشکەرو چوونە سەری ڕێژەی بەکاربەرانی، کۆمەڵگای بەرەو دۆخێکی خراپ وناھەموار بردووە.


لەپاڵ ئەمانەشدا پێکداپژانی ھاوینی ڕابردووی نێوان ئاسایش و پۆلیسی شارو چەکدارەکانی شێخ جەعفەری جێگری سەرۆکی ھەرێم، کە گوایا ئەمانە پارێزەری ئاسایش و ئارامی شارو ھاوڵاتیانن، ئاربێجی وبیکەیسیان لەناو جەرگەی شاری سلێمانی قوباد تاڵەبانیدا خستە گەڕ کە لە دەورەی پیشووی ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستاندا، وەک سەرۆکی لیستی یەکیەتی بەڵێنی ئارامی و ھەلی کاری بەدەنگدەرانیدابوو، کوژران و بریندار بوونی چەند کەسی داماوی ناو ھێزەکانیانی لێکەوتەوە، دوو بارەبوونەوەی ھەمان ڕووداو ئەمجارەیان لەسیناریۆی دوای ھەشتی تەموزو وەکەنار خستنی لاھوری شێخ جەنگیدا، شەڕی تازەی نێوان باڵی بافڵ و میلیشیاکانی شێخ جەعفەرە کە دووبارە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و کەش و ھەوای شارنشینانی شاری بەتەواوی تێکداوە!


بافڵ، وەک دەرکەوتەی دوای وەکەنار خستنی لاھورو ئیدیعای یەکیەتی تازەو درۆی چاکسازی، تەنیا ھەوڵێکە بۆ یەکدەستکردنەوەی خۆی وەک گەورە مافیای قاچاخچێتی و دزی و تاڵانی، داھاتەکانی زۆنی سەوزو وەڵامدانەوەش یەکدەستانەتر، لەبەرامبەر ئاڵ وگۆڕەسیاسیی وئابوریەکانی جیھان و ناوچەکە و ھێزەکانی دیکەی بانسەری خۆی، کە ئەمەش بەمانای قووڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان کۆمپانیاو بەرژەوەندە جیاوازەکانە لەو زۆنەدا کە پێشتر لەژێر ناوی مەکتەب سیاسییەکانیدا، بەرگی سیاسییان بەخۆدا دابوو، ئەمڕۆ گومانێک لەو مافیاچێتییە و ململانێی بازرگانی وقاچاخچێتیەدا نەماوە، ناتوانێت بەبێ سەرکێشان بۆ پێکدادانی خوێناوی بڕواتە پێشەوە، ھەر کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی درێژە بەسەرمایەگوزاری لەدزی و تاڵانیەکانیدا بدات، پێویستی بەھێزی میلشیاو چەکدارە، کۆکردنەوەی ھەموو ئەم بەرژەوەندە جۆراو جۆرانەش، لەدوای دۆخی ھەڵبژاردنەکان و بایکۆت و ململانێی ناو بنەماڵەو چوونە سەری ناڕەزایەتیەکان و دواترینیان ھاتنە مەیدانی خوێندکاران لەپاڵ خواستی دەرماڵەداو خراپبوونی چاوەڕوانکراوی دۆخی ھەڵبژاردنی داھاتووشیان، ناتوانێت ھەنگاوێکی تر بەمجۆرە بڕواتە پێشەوە.


زۆنی زەردو دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانیش، ئەگەر لەبنەماڵەی تاڵەبانی لەناوخۆیاندا خراپتر نەبن باشتر نین و بەڵام بەدوو ھۆکار، یەکەمیان:-بنەماڵەی بارزانی وەک ھێزێکی خێڵەکی کۆنەپارێز، زۆر حەزەریان لەسەر دەرخستنی ناکۆکیەکانی نێوان خۆیان ڕووبەکۆمەڵگادا ھەیە، دووەمیان:- مەسعود بارزانی، وەک ناوەندێکی کاریزمایی ناو بنەماڵەکەی بۆتە چەترێک بۆ داپۆشینی ھەر ململانێ و ناکۆکییەکی ناوبنەماڵەیی، کە دوای مردنی بێشک چارەنوسیان لە بنەماڵەی تاڵەبانی، کە بەمردنی جەلال تاڵەبانی ئاسەوارەکانی دەرکەوتن و ناکۆکیەکانیان تەقییەوە، باشترنابێت.


دوای ڕاپۆرتی زاک کۆپلین، لە میامی ئەمریکاداو گەندەڵیە بێ شک و بێگومانییە ھەژدە ملیۆنیەکەی مەسرور بارزانی، کە مشتێکە لەخەروارێکی دزی وتاڵانیەکانیان، کارەساتی لافاوی شاری ھەولێرو ئەو وێرانەیەی بەدوای خۆیدا لەو شارەی ھێناو لێدوانەکانی مەسروریش لەپەیوەند بەو ڕووداوەدا، کە گووتی:-- مرۆڤ جگە لەوەی سوپاسگوزاری خودا بکات، ھیچی تری پێناکرێت، نەفرەت وتووڕەیی خەڵکی حاشیەی شاری ھەولێر و جەماوەری ھەژارو نەدارو زەحمەتکێشی کوردستانی لەدژیان بردۆتە لووتکەوە!؟


ھاوکات مەسرورو دارو دەستەو پێوەندەکانی، دەڵێن، کەمتەرخەمی لەکابینەکانی پێشوودا، کراوە، بەڵێ، بەڵام لەکابینەی پێشوودا، ئامۆزاکەی سەرۆکی حکومەت و باوکیشی سەرۆکی ھەرێم بووە، تفێک ھەڵدەداتە ئاسمانی ژوور سەری خۆی و ھەر بەچڕو چاوی خۆی دەکەوێتەوە!


بەڵام ھێشتاش ناتوانێت، ئەو سێسەد ملیۆن دۆلارەی لەلایەن ئاژانسی جایکای یابانی کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا لەلایەن جێگرو بەڕێوەبەری ئاژانسەکەوە ، ھەر یەکە لە ئۆڕاڕای نوێنەری ئاژانسەکە لەعێڕاق و جێگرەکەی کۆڕۆنومای نوێنەریەوە لەکوردستان بڕیاری لەسەردرا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قورس و ئاو و ئاوەڕۆی شاری ھەولێر و دەوروو بەری، کە لەناو پڕۆژەکەدا بەتەوای کێشەی ئاوەڕۆی ھەولێرو لافاوی شارەکەی بەتەوای چارەسەردەکرد، بەڵام پارەکە وەرگیراو دارێکیش لەو پڕۆژەیەدا نەخرایە سەر بەردێک و نازاندرێت چارەنووسی پڕۆژەکە بەکوێ گەیشت و بەکوێش دەگات، بشارێتەوە؟


پێش لافاوەکەش، ھێرشەکانی داعش و کوژرانی چەندین پێشمەرگەی ھەژاری داماو لە بارەگاکانیان، کە گومان دەکرا ھەوڵێک بێت بۆ نیشاندانی مەترسیەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان و دەستی پارتی لەپشت بێت لەجوڵاندنی ئەو بەشە داعشیەی کە ئەمان لەپشتیانن، ھەتا بەئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بڵێن، کە کوردستان ھێشتا مەترسی داعشی لەسەرەو عێڕاق وکوردستان جێنەھێڵن! بەمەش کۆمەڵێک کوڕی ھەژارو نەداری خەڵکی زەحمەتکێشیان کرد بە قوڕگی ئەژدیھای داعشدا، چونکە ئەمانە فێرن لەسەر تڕاژیدیاو نەھامەتیەکانی خەڵکدا بەھرەبەرداریی بکەن و دەستکەوت وبەرھەمی خۆیان بچننەوە، ھەروەک لەشەنگالدا کردیان و بەھەزاران کەسی شارنشینی شەنگالیان خستە ناو چەمبێڵی دڕندانەی داعشەوەو ھەتا ئێستاش ئاسەوارە تڕاژیدیائاساکانی بەردەوامن و نەبڕاونەتەوە!
ئەم ھەل ومەرجەی ژیان لەکوردستاندا، ناتوانێت بەمجۆرە لەناو تڕاژیدیا بەردەوام و دووبارەو چەندبارەکانی خۆیدا، بەردەوام بێت و لەدوو سیناریۆی چاوەڕوانکراودا بەدەرنابێت، یان تڕاژیدی لەشێوەی ئەفغانستان و ھێنانە پێشەوەی ھێزێکی داعشئاسا لەناو ململانێی قوتبە جۆراوجۆرە ئابووریی وسیاسییە جیھانیەکان و ھێزە ناکۆکانی ناوچەکەدا، یان سیناریۆی ھاتنە پێشەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کۆمەڵگادا، کە دەتوانێت بەر بەھەر چەشنە سیناریۆیەکی دزێوی دیکەی چاوەڕوانکراو بگرێت، ئەم دۆخەش زیاتر لەھەر کاتێک ئەرکی خەڵکی چەپ وکۆمۆنیست و ئازادیخوازی کوردستان و ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەی قورسترو سەختتر کردۆتەوە!
___________________________________________________
لەم لینەکەی خوارەوەدا، پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر لەلایەن خودی میدیای پارتی خۆیەوە، لەمانگی دووی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە:
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قورس دەکرێت.
https://kurdistantv.net/ku/2021/02/17/kurdistan/%D8%A8%DB%95%DA%95%DB%8E%D9%88%DB%95%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D9%88-%D9%88-%D8%A6%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%95%DB%86%DB%8C-%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA-%D8%A8%DB%95-%D8%AC%DB%8E%D8%A8%DB%95%D8%AC%DB%8E%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%D9%BE%DA%95%DB%86%DA%98%DB%95%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D9%88%DB%8C-%D9%82%D9%88%D8%B1%D8%B3 
 

 

٢٠\١٢\٢٠٢١

taheresa_9@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک