په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٧

زمانی زبر لە ئایەتەکانی قورئاندا.

سەروەر تەھا حەمەئەمین


گەر لە ئایدیاو بیرۆک و میتۆدی بەھرەمەندە مێژوویەکانی جیھان ووردبینەوە، کەم تا زۆر، وەک سوکایەتی و بۆ ھێنانە خوارەوەی ڕێز و بەھای کۆمەڵایەتی و کەسایەتی بەرامبەر، زمانی زبر، زمانی بازاڕی، بەکار ھێنراوە.


ئەگەر چی ئاستی زمانەکە لە کات و شوێنی جۆراوجۆرد، لە ئاست شێوەی جیا جیاو بە شێوازی تایبەت و گشتی بەکارھێنراوەو ھێورکردنەوەیەکی دەروونی بە بەکارھێنەرەکەی بەخشیوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە ئەم شێوە ئاخاوتنە کە بەم جۆرە زبر و بازاڕییە دەردەبڕێت،  بێژەرەکەی خودای ئیسلام بێت و وەک ھەموو وشەیەکی دیکە چووبێتە ناواخنی ئایەتەکانی قورئانەوە.


یەکێک لەو بابەتانەی کە تا ئێستا بەڕادەیەکی باش گرنگی پێ نەدراوە ، زۆر بە کەمی دەستی بۆ براوە، بەکارھێنانی کۆمەڵێک ووشەی بازاڕییە لە دەقەکانی قورئاند، کە خودای ئیسلام وەک ئامڕازێک بۆ سوکایەتی لەبەرامبەر نەیارانیدا بەکاری ھێناوە..


لێرەدا ھەوڵ دەدەم ئەو جۆرە زمانە زبرە یاخوود باشتر بڵێین بە کەم و سوک تەماشاکردنی خود، بۆ نەیارانی لە چەند خاڵێکدا دیاری بکەم و ماناو لێکدانەوەکانیشی بەو سەرچاوانە شیبکەمەوە کە لەلایەن زانایانی ئیسلامەوە جێی متمانەو باوەڕن.


ئایەتی یەکەم:
((مثل الذين حملوا التوراة ثم لم يحملوها كمثل الحمار يحمل أسفارا بئس مثل القوم الذين كذبوا بآيات الله لا يهدي القوم الظالمين)).
واتە: بۆ نمونە: ئەو کەسانەی تەوراتیان کردە بەرنامەی خۆیان و دواتر پەیڕەویان لێ نەکرد، ئەقڵیان وەک ئەقڵی ئەو گوێ درێژە وایە کە بارێک کتێبی ھەڵگرتبێت،  ئەمەش نمونەیەکی نالەبارە بۆ ئەوانەی کە بەڵگەکانمان بە درۆ ئەخەنەوە، خوداش ھیدایەتی ستەمکاران نادات..


یان دەڵێت:

((فما لهم عن التذكرة معرضين (٤٩) كأنهم حمر مستفرة(٥٠)فرت من قسورة)).
واتە: باشە ئەوە بۆچی لە یادکردنەوە پشت ھەڵدەکەن و ڕوو وەردەگێڕن ، دەڵێی گەلە گوێ درێژی کێوین و دەسڵەمێنەوە لە ترسی شێر ھەڵھاتوون.
لەم سێ ئایەتەدا زۆر بە ئاشکرا ئەوانەی کە گوێ لە قورئان ناگرن ، دەیان چوێنێت بە گوێ درێژ، ئەمەیە پێشێلکردنی ئەوپەڕی مافی قبوڵ نەکردن و جوێندان بە نەیارەکانی.

ئایەتی دووەم:
((ولقد درانا لجهنم كثيرا من الجن والانس لهم قلوب لا يفقهون بها ولهم أعين لا يبصرون بها ولهم آذان لا يسمعون بها أولئك كالانعام بل هم أضل أولئك هم الغافلون)).
واتە: بێگومان ئێمە زۆرێک لە پەری و ئادەمیزادمان بۆ دۆزەخ دروستکردووە، ئەوانە دڵیان ھەیەو بەو دڵە لە ڕاستی تێناگەن، چاویان ھەیەو حەقی پێ نابینن، گوێیان ھەیەو حەقی پێ نابیستن، ئەوانە وەک ئاژەڵن بگرە خراپتریشن، ھەمیشە بێئاگان لە حەق.


ھەروەھا (ابن کسیر) بۆچونی وایە، کە لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، ئەوانەی ھەستەکانیان بەکارناھێنن و سودیان پێ ناگەیەنێت، وەک ئاژەڵن، کە حەق نابیستن و نابینن و تێی ناگەن.


لەم ئایەتەدا دەکەوێتە بەکارھێنانی زمانی زبر، بۆ نەیارانی و بە کوێر و کەڕ و دڵێکی بێ ھۆشیان لە قەڵەم ئەدات، پێیان دەڵێت وەکو ئاژەڵن بگرە لە ئاژەڵیش خراپترن، لەم کاتەدا سوککردن و کەمکردنەوەیان، تا ئاستی ئاژەڵیشی پێ کەمەو دەڵێت بگرە لە ئاژەڵیش خراپترن.


لێرەدا سنوری سوکایەتیکردنی قورئان نەک ھەر ئینسانە نەیارەکانی بە ئاژەڵ سەیر دەکات، بگرە دەگاتە سوککردنی نەیاران بە جنۆکەکانیشەوە.

یان دەڵێت:
((أم تحسب أن أكثرهم يسمعون أو يعقلون إن هم إلا كالانعام بل هم أضل سبيلا)).
واتە: ئایا وا دەزانیت زۆربەی ئەوانەی ڕاستییەکان دەبیستن، یان بیر و ھۆشیان دەخەنە کار؟ ئەوانە ماڵات نەبێت (ئاژەڵ)ھیچی تر نین، بەڵکو گومراتریشن لە ماڵات.


لێرەدا دەکەوێتەوە سوککردنی نەیارەکانی و بەو کەسانەی کە جگە لە قورئان ئاینێکی تر ھەڵدەبژێرن و دوای ئارەزووی خۆیان دەکەون، پێیان دەڵێت: ئەوانە ھیچ شتێک نین جگە لە ئاژەڵ نەبێت، کە بە ئاداتی (إستثناء) بەکاری دەھێنێت (الا) کە ئەم ئاداتە لە زمانی عەرەبیدا بۆ جیاکردنەوەیە. واتە ئەوانە تەنھاو تەنھا ئاژەڵن و لە مرۆڤایەتی بەدەرن.

 

 

sarwartaha52@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک