په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠٢٠

زمان لە پێگەیاندنەوە ھەتا تێگەیاندن!


برایم فەڕشی     


گەر مرۆڤ، خاوەنی زمان نەبوایە، لە دارستان و ئەشکەوتەکان دەرباز نەدەبوو! پێشکەوتنی مرۆڤ و جیھان، بوونی فەرھەنگ و کۆمەڵگا، گرێدراوی بوونی زمانە. مرۆڤ بە بێ زمان، بێدەستەڵاتە و دەستەڵاتی لە مێشک و زماندا کۆ بووتەوە! کۆمەڵگای ئێنسانی بە بێ زمان، کۆمە کۆمەی زیندەوەرانە و ھیچی تر!
ھەموو زیندەوەرانی سەر گۆی زەوی جەستە و مێشک و چەشنێک زمان بۆ پێوەندیگرتن لە گەڵ یەکتریان ھەبووە و ھەیە، بەڵام ئەوان خاوەنی ئەو چەشنە لە زمان و مێشک نەبوون، کە بتوانن خۆیان بپارێزن و ژیانیان بەرەو گۆران بەرن. وەک دایناسۆرەکان کە مەزنترین زیندەوەری سەر وشکانی بوون. ئەوان و بێژمار باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵ و زیندەوەر لە ناوچوون، لە بەر نەبوونی ئیمکانی بیرکردنەوە، تاقیکردنەوە و دەربڕین لە ڕێگای زمان! مرۆڤ گەر ئەو ئیمکانەی نەبایە، بە جەستەی بچکۆلانەیەوە،‌ بەر لە دایناسۆرەکان لە ناو دەچوو.


لەناوبردنی زمانی ھەر زیندەوەرێک، کارەساتێکی بەردەوامە لە ژیانی زیندەوەرەکە. مرۆڤ کە نەتوانێ بە زمانی دایکی خۆی، بیرو ھزر و ھەست و تێگەیشتنی خۆی بھێنێتە سەر زمان، ئەو مرۆڤە لە زاتی سرووشتی خۆی دادەبڕێ و تا کۆتایی ژیان لە گەڵ کەسایەتی سرووشتی خۆی جووت نابێت. زمان پێناسەی کەسایەتی و ھۆی سەرھەڵدانی کەسایەتییە. بوون بە مانای ئینسانی بیرکەرەوە، گرێدراوی بوونی زمانە!


مرۆڤی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، زیاد لە سەد ساڵە، بە ھۆی سیستەمی فێرکردن و بارھێنان، مێدیایی زاڵ، سیستەمی سیاسی- حکوومەتی- ئیداریی و داسەپاندنی زمانێکی تر، دوور لە سرووشتی کەسایەتی خۆی، دوور لە زمان و فەرھەنگ و مێژووی خۆی، بۆ مەبەستی دوور لە ویست و بەرژەوەندی خۆی و نیشتمانەکەی، بارھێندراوە و بۆ مەبەستی دڵخوازی نەتەوەیەکی تر ئادابتە کراوە، گۆڕدراوە و تێکدراوە.


مرۆڤی کورد لە ڕێگای زمانێکی تر، کە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و فەرھەنگ و مێژوو و خوو ڕەفتاری کۆمەڵە کەسێکی ترە، لە گەڵ خۆی و زمانەکەی بێگانە کراوە. کەم نیین ئەو کوردانەی لە ژیانی ڕۆژانە و لە ھەموو ژیانیاندا، ئەو پێویستییە نابینن بە زمانی خۆیان بنووسن، بخوێننەوە و بیروھزر و تێگەیشتنیان لە ڕێگای زمانی خۆیانەوە دەرببڕن. گەلێکی زۆر لە کارمەندان لە سەر ھەتا خوار، دەرسوێژی فێرگە و زانستگا، ھونەرمەند، پسپۆڕی بوارەکان، خوێندن و نووسینی زمانی خۆیان نازانن و ھەست بەوە ناکەن، کەمایەسییەکی زمانی و کەسایەتیان ھەیە. زۆرن ئەو کەسانەی کە “زمان” تەنیا لە وشە و ڕستەدا دەبینن و گەر گۆڕدرا و زمانێکی تر لە جێگای داندرا بۆ یان ئاساییە.


کەم نیین ئەو کەسانەی کە پێیانوایە زمانی دایکی ئەوان، زمانی ھونەر و زانست و سیاسەت و پسپۆڕی نییە، ھەر بۆیە زمانی دووھەم و سێھەم بە قەرز وەردەگرن و جێی زمانی خۆیانی پێ پڕ دەکەنەوە. ئەم پرۆسەیە قووڵایی ئاسیمیلاسیۆن بە دەستی کورد خۆی دەردەخات. ئەو موھەندیس و دوکتور و پرۆفیسۆر و شارەزا و ھونەرمەندەی بێگانە لە خۆی، بێگانە لە ھەست و سرووشتی خۆی دەبێتە پەیژەی زمان و فەرھەنگ و زانست و شارستانیەت و شانازی ئەو میللەت و کیانەی، کە ئەوی توواندۆتەوە و کەسایەتی لێ زەوت کردووە، دەبێ لە تەنیایی خۆیدا چ وڵامێک بداتەوە کە ناتوانێ ھەست و بیر وھزری خۆی لە زمانی خۆیدا ھەڵڕێژێ؟!


نووسەری ئەم دێڕانە وەک شانۆپێداگۆگ و داڕێژەری سیستەمی فێربوون و فێرکار، زیاتر لە سی ساڵە ئەم دیاردەیە لە ناو منداڵ و لاوان و بنەماڵەکانیان سەیر دەکات و لایەنەکانی زیانمەندی دیاردەکە لە پرۆسەی فێربوون تاوتۆ دەکات و لایەنەکانی زانستی لە پراکتیکدا لە ناو میللەتانی ھەمەڕەنگی چوارقوڕنەی جیھان، کە لە ئاڵمان دەژیین ھەڵدەسەنگێنێ. بە ئەرخایەنی دەسەلمێندرێ، ئەو منداڵانەی بە ھەر ھۆیەک لە فێربوونی زمانی دایک، لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک، بێ بەری دەکرێن، تووشی کێشە لە پرۆسەی فێربوونی زمان، تووشی کیشە لە خۆ دەرخستن لە ڕێگای زمان، تووشی کێشە لە پێوەندی کۆمەڵایەتی، تووشی کێشە لە گەڵ ‌خۆیان و ھەست و بیروتێگەیشتنیان دەبن. زمانی دووھەم و سێھەم و چەندەم ھیچکات جێگای ھەمەلایەنی زمانی دایک ناگرنەوە، نە لە ڕووی دەرەوە، نە لە ڕووی ناو و دەروونەوە!


لە حاڵەتی دابڕان لە پرۆسەی زمانی دایک، ئەو لایەنە دەروونییە، مرۆڤ تووشی زیانی جیددی دەکات، بە بێ ئەوەی مرۆڤەکە ھەست بەو نوقسانە دەروونیە بکات. ئەو دایک و باب و بنەماڵانەی خۆیان دەبنە ھۆی ئەوەی مندال فێری زمانی فارسی ببن لە جیاتی زمانی دایک، زیان بە منداڵەکەیان دەگەینن. حکوومەتی ڕەزاشا و کەسانی وەک محەممەد عەلی فرووغی و سیستەمی شاھەنشاھی و سیستەمی حکوومەتی ئیسلامی و موستەشارەکانی کوردی بوارەکانی فەرھەنگ، ھونەر، زانست، فێرکاریی لە دەرێژەی ١٠٠ساڵی ڕابووردو، زیانی دەروونیان بە کەسایەتی، فەرھەنگی و ئینسانی مرۆڤی کورد گەیاندووە، کە ئێستاش بەردەوامە.


ئەوەی زمان یاساخ بکرێ، گوتن، نووسین، خوێندنەوە بەم زمان و ئەو زمان، لێرە و لەوێ بەربەست بکرێ، کەس و کەسان تاوانبار بکرێن لە بەر ئەوەی زمانی دایکی خۆیان فێربوون، یان فێر دەکەن، لە مێشکی مرۆڤی تەندرووستدا ناگونجێ، لە مێشکی مرۆڤی ئاسایی، پایبەند بە مافی ئینسان و لە پلاتفۆرم و قانوونی ھیچ وڵاتێکی ئەمڕۆی سەر گۆی زەمین کە پایبەند بە ئەخلاق و پڕێنسیپی ئینسانی بن، ناگونجێ!


زمان یاساخ کردن، تەنگ وچەڵەمە سازکردن لە سەر ڕێگای گەشەی زمان، تێگەیشتنی ئەوڕۆیی نییە! ئەوانەی زمان و بوونی کەسان و نەتەوەی جگە لە خۆیان، ناڕەسمی، کەم نڕخ، بێبایەخ سەیر دەکەن و سەرەڕۆیانە زمانی میللەتانی تر بە زاراوە و بن زاراوەی زمانی خۆیان، لە رێگای درۆ و چەواشەکاری لە قەڵەم دەدەن و بەرگی درۆیینی زانستی بە بەردا دەکەن، بە پێی یاسا و ڕێسای باوەڕپێکراو، لە ڕیزی تاوانباران، دەژمێردرێن!


ئەمڕۆ بە دەگمەن وڵات لە جیھان ھەیە، پشت ئەستوور بە قانوون و رێسای ڕەسمی وڵاتەکەی، فەرمانی زیندانیکردنی مرۆڤ، بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایک دەربکات، جگە لە یەک وڵات. لەم وڵاتە بە ناوی خودا و ئیسلام دەست دەبڕن، ژن بە زیندوویی لە چاڵ دەنێنن، خەڵک لە سەر شەقام ھەڵدەواسن، ئینسان لە چیا و شاخەکان بار لە کۆڵ ڕاو دەکەن. ئەم وڵاتە،‌ ھەمان وڵاتە کە شارەکانی یۆنانی ئاگردەدا، ھەمان وڵاتە کە چاوی ئینسانی دەردێنا و مرۆڤی بە زیندووی کەوڵ دەکردو قورقوشمی داخی لە گەرووی نەیارانی خۆی دەکرد.ئەوان لە کەتیبە کۆنەکانیان، باسیان لە ڕەوشت و ئاکاری خۆیان دژ بەوانی تر کردووە و ئەم ڕابووردوەی خۆیان بە شارستانیەتی چەند ھەزار ساڵە بە خەڵکی جیھان فرۆشتووە!


ئەوان پڕ بە مێژوویان ئاکاری نامرۆڤانەیان دژ بە مرۆڤی کورد و وڵاتەکەی ئەنجام داوە.ویستوویانە و دەیانەوێ ئەو نەتەوەیە لە ناوخۆیاندا بتاوێننەوە، یان لە ناوی بەرن. ئەوان توانیان کورد بەرەو ئێرانی بوون بکێشن، کە خۆ دیتنەوەیە لە ناو زمان و فەرھەنگ و مێژوو و کیانی فارس. کورد ھەیە خۆی مێژووی خۆی چەواشەکارانە نووسیوەتەوە، خۆی بە ئێرانی ڕەسەن بەوان فرۆشتووە، خۆی منداڵەکەی خۆی ئاسیمیلە کردووە!


لەم وڵاتە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن و ئاڵترناتیڤەکان، بە یەک زمان، بە یەک فەرھەنگ و بە پێی یەک ئیدئۆلۆژی دەدوێن، ئیدئۆلۆژی یەک ڕەچەڵەک، یەک خودا، یەک ئایین، یەک وڵات، یەک نەتەوە.چ ئەو کەسەی پەت دەخاتە ملی حەبسکراو، چ ئەو کەسەی حکووم بۆ زیندان و ئیعدام دەردەکات، چ ئەوەی بە ناوی زانست ھاواری نەمانی ئەوانی تر دەکا و چ ئەوانەی بە ناوی ھونەر و فەرھەنگ خۆیان بادەدەن.ھەموو بە یەک زمان دەدوێن، زمانی توواندنەوەی ئەوانی تر! ئەوان لە ھەمووشتێکی نوێ و کۆنی جیھان کەڵک وەردەگرن، بۆ ئەوەی نەگۆڕ و ناشارستانی و نادێموکرات بمێنن. ئەوان لە ھەر بەرگ و جامەیەکدا، بە ڕێگای باپیرانیاندا دەڕۆن!


وەرگرتنی زمان لە ئینسان بە ھەر شێوەیەک و بە ناوی ھەر ئایین و ئیدئۆلۆژی و لەژێر ھەر تێگەیشتن و بڕوبیانویەک، جنایەتە و بە پێی یاسا و ڕێسای سەردەم لە ژێرپێنانی مافی بنەڕەتی مرۆڤە. حکوومەتی ئیسلامی کە زیاتر لە چل ساڵە بە ناوی خودا و ئایین موژدەی ڕزگاری ئینسان و موژدەی یەکسانی و بەرابەری نێوان موسڵمانان جاڕ دەدات، بۆی ئاسایی و قانوونییە، زمانی ئینسانەکانی تر یاساخ بکات، بۆی ئاساییە ڕێگریی لە زمان بکات. بۆی ئاساییە خەڵک لە مافەکانی بێ بەری بکات و لە زیندان تووندیان ‌کات و بەرەو پەتی سێدارەیان بەرێت؟


حکوومەتی ئیسلامی زمانی نەتەوەکانی تر بە زمان نازانێ و زمانی فارسی بە سەر خەڵکانی نە فارسدا سەپاندووە و فێربوونی زمانی خەڵکانی تری یاساخ کردووە. دەزگای قەزا و داد و عەداڵەت، کە کراوەتە لقێک لە دەزگاکانی ئەمنیەتی و مافیا(سیاسی-نیزامی- ئابووری- ئیدئۆلۆژیک)، بە پێی فەرمانی شاراوە، بڕیار لە سەر خەڵک دەردەکەن.


قازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، فێرکردنی زمانی کوردی، وەک دژایەتی” ئەمنیەتی نەتەوەیی” خۆیان دەبینن و حووکمی دە ساڵ زیندان دەردەکەن، ھەر وەک چۆن دە ساڵ زندانیان بە تاوانی پارێزگاریی لە “مافی مرۆڤ” بە سەر سەدیق کەبوودوەندا داسەپاند، ھەر وەک چۆن حکوومی سێدارەیان بە سەر فەرزادی دەرسوێژدا داسەپاند، ھەروەک چۆن لە درێژەی حکوومەتیان ھەزاران ھەزار کەسیان بێ سووچ، بە بیانووی “تھدید ملی، مفسد سەر ئەرز” لە ژیان بێ بەش کرد.


ئەم تێگەیشتنە فێربوونی زمانی کوردی و کوردبوون بە “تھدید” دژ بە کیانی خۆی دەزانێ.گەر منداڵی کورد داوای مافی خۆی بکات، خۆشەویستی بۆ دار و شاخ و بەردی وڵاتەکەی بنوێنێ، حکوومەت و دەزگاکانی ئەمنیەتی و سیخوری و داد، بە “تھدید” دژ بە خۆیان وەری دەگرن و لە کاتالۆگی ئەواندا منداڵی کورد ئەو کاتە ئازیز دەبێت، کەخۆشەویستی و داوا لە خۆیدا بکوژێ و خۆی لەوان و زمان و مێژوو و کیانیاندا ببینێتەوە!


سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی لە سەرەتا ھەتا بەمڕۆ، توواندنەوەی فیزیکی و گۆڕینی ناسنامە و پەروەردەکردن و بە ئێرانیکردنی کورد لە کوردستان بووە. بە بۆمباران، وێرانکردن، ڕاونان، چۆڵکردنی گوندەکان، کووشتن، مەحروومکردن دەستیان پێکرد و لە ھەمان کات بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و لە ژێر سایەی خۆیاندا پەروەردە و پەروار کران.ئەو کەسانە و منداڵ و نەوەکانیان، لە درێژەدا بوون بە دەست و چاو و گوێ و تەنانەت سەری حکوومەت لە کوردستان و ناو سیستەم. بەشێکی زۆر لەو کەسانە دەور و ڕۆڵی خۆیان لە ھەموو ئاست و لە ھەر بوارێکدا دەگێڕن و لە ناو و دەرەوەی حکوومەت کورسی و شوێنی خۆیان ھەیە. ھێندێک لەوانە وەک سەردەمی ڕەزاشا دەوری تئۆریسین دەگێڕن و لە ھەمان کات بە شارەزایی تەواو کاری ڕێکخستن ئەنجام دەدەن، ئەم کەسانە لە ناو کورد لە دێرزەمانەوە لە بەرگی جیاوازدا ھەبوون، جار ناسراون و جار نەناسراو ماونەتەوە!


لە تئۆری، تێگەیشتن، سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتی ئیسلامی-دا، ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، گەشەساندن و گەشپێدان، پێشکەوتنی خەڵک و وکۆمەڵگا و ھەر وەھا بە ڕەسمی ناسینی نەتەوەیەک بە ناوی کورد، جێگای نەبۆتەوە و بە پێی ھەموو بەڵگەکان، بەرنامەڕێژی، ئامار و کردەوەیان، کۆلێکتیوێک بە ناوی کوردستان کە چەند”ئوستان” لە خۆ دەگرێ، بە عەمد و بە پێی پلان ڕەسمیەتی نەبووە. دەیان نموونە ھەیە کە بودجە، پرۆژە بە ناوی ئوستانەکانی کوردنشین وەرگیراوە و لە دەرەوەی کوردستان جێبەجێ کراوە. بوودجەی ساڵانە و پێنجساڵانەی ھەموو ئوستانەکانی کوردنشین لە ھیچ بوارێکی سەنعەتی، کۆمەڵایەتی، ئامووزشی، فەرھەنگی، ھونەریی، عومرانی، بنیاتنان، ئابووریی، لە گەڵ ئوستانگەلی وەک ئیسفەھان، فارس، خوراسان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات بەراوەرد ناکرێ. گەلێک لەو پرۆژانەی کە لە بواری فەرھەنگ، زمان، ھونەر لە لایەن موستەشارەکانی ھەمەڕەنگی حکوومەت لە کوردستان بە ناوی نوێنەر، ئوستاندار و فەرماندار و شاردار و شوڕا و رییسی فڵان شوێن و فڵانە ناوەند و شیرکەت و دامودەزگا و تاکە کەس لە ماوەی چل و یەکساڵ پروپاگەندەیان بۆ کراوە، یان ھیچکات تەواو نەبوون، یان ھەر لە سەرەتاوە پرۆژەکە لە سەر کاغەز بووە، وێنەی لەو چەشنە لە نێوان زانستگای کوردستان و ئوستانداری کوردستان لە ساڵانی پێشوو ھەبووە، ھەروەھا زانستگاکانی شارەکانی کوردنشینی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلام تێکەڵ مامەڵاتی لەو چەشنە بوون.


حکوومەتی ئیسلامی سەرجەم دەزگای تەبلیغاتی، مێدیا، سیستەمی”ئاموزش و پەرورش”، ئیرشاد و سەرجام دامودەزگای نیزامی و ئەمنیەتی خۆی بۆ کۆنترۆڵی مێشک و زمان و بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری مرۆڤی کورد بەکارھێناوە. شانۆ، سینەما، مێدیا، کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەویزیۆن و ھەرچی ھەیە لە ژێر کۆنترۆڵ دایە و ھونەرمەند، نووسەر، فەرھەنگساز، پسپۆڕی ئەم بوار و ئەو بوار خۆیان ڕاھێناوە، کە چۆن بنووسن، چۆن قسە بکەن، چۆن بەرھەمی ھونەریان بە پێی نۆڕمەکانی دەزگاکانی کۆنترۆڵ و سانسۆر و ناوەندەکانی ئەمنیەتی جێبەجێ بکەن! لە جیاتی گۆڕینی بارودۆخ، بەرھەم و کەسەکان گۆڕدراون!
لە وڵاتێکدا کە بەرھەمی فیلم، شانۆ، کتێبی ھاوەردە لە دەرەوە، دوور لە ھەر پڕێنسیپک تێک دەدرێ، دەبێ چۆن مامەڵە لە گەڵ زمانی نەتەوەیەکی وەک کورد بکرێ، کە سەرجەم حکوومەت و دەزگاکانی لە خۆیانی نازانن و بەردەوام دژ بە ھەموو پێکاتەکانی بوون و پلان و بەرنامەیان لە دژی دارشتووە.


زمان کە سەرەکیترین سیمای کەسایەتی کەسەکانە، لە دێرزەمانەوە ڕووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە بووە و بە حکوومەتی ئیسلامی دەستی پێنەکراوە، بەڵام لە حکوومەتی ئەواندا سەرەڕای ئیزنی چاپی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە، بەردەوام ناوچەیی مامەڵەی لە گەڵ کراوە، ئەوەش ھەمان سیاستە کە لە حکوومەتی پەھلەویی بۆ حکوومەتی ئیسلامی بەجێ ماوە. زمانی کوردی تەنیا لە بازنەی جوغرافیای ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی گردوکۆ ناکرێ و بە چەند کەس لە ژێر چاوەدێریی دەزگای ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامی "چاکە"بە خۆیەوە نابینێ. زمانی ٥٠ میلیۆن کورد لە کۆڕێکی چەند کەسیدا جامەی ستاندارد ناکرێتە بەری. ئەوەی حکوومەتی ئیسلامی و حکوومەتەکانی بەر لەوان بە سەر زمانی کوردیان ھێنا، ئیسلام و عەڕەب بە سەر زمانی فارسیان ھێنا و ٢٠٠ ساڵ نەیانھێشت زمان و پێنووسیان بە فارسی بگەڕێ، ئەوان دەبوو دەرس لەو مێژووە و مێژووی خۆیان وەرگرن.کارەساتێ کە ئیسلام و عەڕەب بەسەر ئەوانی ھێنا، ئەوان بە سەر کورد و ئەوانی تریان ھێنا!


ئەو ترس وەحشەتەی بۆ خەڵکیان ساز کردووە، ترس و وەحشەتی ناوخۆیانە کە دەریدەخەن و ھێدی ھێدی لێیان دەبێت بە کابووس.سەڵالەی بەر لە ئەوانیش تووشی ئەو کابووسە ھاتن، ئەوان ڕۆیشتوون و مناڵی کورد بەردەوام زۆرتر لە جاری جاران بە زمانی کوردی دەنووسن و دەخوێنن. ئەمجارە ڕۆڵەی کورد بە پێنووسەکانیان لە گەڵیان ڕووبەڕوو دەبن.ئەوانەش کە لە ئێوە دەترسن و دەنگ ھەڵنابڕن و داوای مافی خۆیان ناکەن و خۆیان کلا ڕادەگرن، ھەر وەک ئێوەن، تەوفیریان نییە.


مناڵانی کورد، پێویسیتیان بەو مامۆستایانە نییە، کە دامودەزگاکانی ئێوە، بڕوانامەیان پێدەبەخشن.دەرسوێژانی زمانی کوردی بڕوانامە لە دەزگاکانی ئەمنیەتی، نیزامی، ئیدئۆلۆژیک، سیخوڕیی وەرناگرن!دەزگاکانی ئەمنیەتی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک سەڵاحیەتی زانستییان نییە، ستاندارد بۆ زمانی کوردی دیاریی بکەن. مەشرووعیەت لە لای دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی نییە! ھەر کات زانستگای سەربەخۆ، پشت ئەستوور بە زانست، دوور لە ئیدئۆلۆژی- دەزگاکانی ئەمنیەتی- نیزامی- سیخوڕیی، سیاسی دامەزرا، دەرسوێژ، بە مەیلەوە پشت بە زانستی زانستگاکان ئەبەستن.


ناوەندەکانی فەرھەنگی و دەرسوێژەکانی زمانی کوردی تاوانبار نیین، ئێوە تاوانبارن کە قانوونی دەستنووسی خۆتان ژێرپێ ناوە و ئەرکی ئێوە کەوتۆتە ئەستۆی ئەو کەس و ناوەندانە کە کاری نەکەردەی ئێوە دەکەن. زانستگا و وەزارتخانەکانی ئێوە تاوانبارن کە بە ئەرکی خۆیان ھەڵناستن و بەرد دەخەنە سەر ڕێگای ئەو کەس و ناوەندانە کە کاری نەکردەی ئێوە دەکەن. دامودەزگاکانی ئەمنیەتی و نیزامی و سیخوڕیی و ئیدئۆلۆژیک و ئایینی ئێوە تاوانبارن کە ھەر جولەیەکی مرۆڤی کورد لە کۆڵبەرەوە ھەتا دەرسوێژی زمان،گۆرانیبێژ، نووسەر،شاعیر، پەیکەرساز، کارمەند بە چاوی ئەمنیەتی سەیر دەکەن و کوردستانتان کردۆتە پادگان و مۆڵگەی شەڕخوازی خۆتان. ئێوە تاوانبارن کە ھەر کەس جگە لە خۆتان بە تاوانبار دەزانن. ئێوەن کە فەزای ئەو وڵاتەتان کردۆتە ئەمنیەتی و لە ھەر سووچێک دەستەی گشتاپۆتان بەڕێوەیە.
بەشکم لە زمانی ئەم نووسینە، کە زمانی کوردییە،‌ تێبگەن!


ئابی ٢٠٢٠
ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک