١٤\١١\٢٠١٠
زمان پێناسەی گەلە
و گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندووە.
بەڕێزان نوێنەرە کوردەکانی ناو مەجلیسی شووڕای
ئیسلامیی ئێران.
دەبێ ئاگادار بن کە ماوەیەکە کەمپینێک لە ژێر ناوی (ئێستا قوتابخانە بە
زمانی کوردی لە رۆژھەڵات بێتە دامەزراندن) دەستی پێکردووە و خەڵکی
کوردستان چاوەڕوانن ئەم ھەڵوێستە ئاکامی ئەرێنیی ھەبێ. ھاوکات
کەمپەینێکی ھاوشێوەش بۆ کوردانی باکووری کوردستان دەستی پێکردووە و ھەر
لەم رۆژانەدا بوو کە نوێنەرە کوردەکانی ناو پارلمانی تورکیە جارێکی تر
لێبڕاوانە لە سەر زمان و ناسنامەی خۆیان ھاتنە دەنگ و سەرلەنوێ جەختیان
لە سەر قسە کردن بە زمانی دایکی خۆیان کردەوە.
ئەوە راستە کە لە ناو ئێران دا قسە کردن و ئاخاوتن بە زمانی کوردی
یاساخ نیە بەڵام بە داخەوە ئێستاش دەسەڵاتداران لەم وڵاتە بە توندی
دژایەتی لە گەڵ دامەزراندنی قوتابخانە بە زمانی کوردی لە رۆژھەڵاتی
کوردستان دا دەکەن و تا ئێستا لەم بارەوە نەک ھەر بە پێی یاسای بنەڕەتی
خۆیان نەجوڵاونەتەوە تەنانەت ئیزنی ئەوەش نادەن خەڵکی کورد لە سەر ئەرک
و سەرمایەی خۆیان قوتابخانەیەک بە زمانی خۆیان بۆ مناڵەکانیان
دامەزرێنن.
ئێوە وەک نوێنەرانی کوردی ناو مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، ئێستا
نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لە پارلمانی ئێران دا دەکەن و ھەر بۆیەش خەڵک
مافی خۆیانە چاوەروانیان لێتان ھەبێ کە لە ئاست ئەم کەمپەینەدا بێدەنگ
نەبن و دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگی کوردان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. ھەر
وەک پێشتر بەڕێز ئەمین شەعبانی یەکێک لە نوێنەرانی شارەکانی سنە،
کامیاران و دیواندەرە لە مەجلیسی ئێران لە نامەیەک دا بۆ وەزیری علوم و
فەنئاوەری داوای کردنەوەی دوو "واحید"ی دڵخواز بۆ خوێندن بە زمانی
کوردی لە زانستگاکانی کوردستان دا دەکا و ھاوکات پێیوایە کە دەبێ
خوێندن بە زمانی کوردی لە ئاستەکانی راھنمایی و دەبیرستانیش دەست پێ
بکاو پەرەگرتنی زمانی کوردی بە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکی کورد دەزانێ،
حەق وایە ئێستا ھەمووتان بە یەکدەنگ و یەک ھەڵوێست ئەو داوایە لە ناو
پارلمانی ئێران و لە تریبونی مەجلیسەوە دا بێننە گۆڕێ و لە بەرابەر ئەم
مافە سەرەتاییەدا دەنگ ھەڵبڕن.
چەند ڕۆژ لە مەوبەر "بەنگی یلدز" سەرۆکی قەوارەی پارتی ئاشتی و
دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیە لە بەرچاوی پەرلەمانتارانی تورک بە
دەستێک فەرھەنگی زمانی کوردی بەرزکردەوە و گوتی: ئەمە فەرھەنگی زمانی
کوردییە و چەندین ملیۆن کەسیش بەم زمانە قسە دەکەن، جا پێتانخۆش بێت یا
ناخۆش بێت. ھەموومان دەزانین کە ئەمە یەکەم ھەڵوێستی پارلمانتارانی
کوردی تورکیە نەبوو و دواھەمینیش نابێ. ھەر بۆیە چاوەڕوانی و داوامان
لە نوێنەرانی کوردی ناو مەجلیسی شورای ئیسلامیە کە بۆ دەستەبەر کردنی
ئەم مافە سەرەتاییەی نەتەوەکەتان لێبڕاوانە تێبکۆشن. ئەمجاریش لە ئاست
داواکاریی خوێندن بە زمانی دایکی بێدەنگ نەبن و یەکگرتووانە ھەڵوێست
بگرن و داوای یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئاگادار بن کە
لەو کارەدا ھەست و ئیرادەی گەلی کوردتان لە پشت دەبێ.
ھەردوو کەمپینی(ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی
لە باکوور و رۆژھەڵات بێتە دامەزراندن)
سەلام عەبدوڵڵا، کوردستان، خانەقین - سالار سۆفی، فینلەند
dwaroj@yahoo.de
http://emrro.com/ewanbesizau.htm
دەزگای ناسنامە
nasnama٢٠١٠@gmail.com
http://www.nasnama.info
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووری کوردستانی ئێران لە فەڕانسە
peyamneranibesnur@yahoo.com
www.rke.blogfa.com
--------------------------------------------------------------------------------------------------
کاک عومەر ئیلیخانزادە (سکرتێری کۆمەڵەی
زەحمەتکێشانی کوردستان).
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەل سکرتێری کۆمەڵە، کاک عومەر ئیلیخانزادە،
سەبارەت بە کەمپینی (هەر
ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی لە باکوور،
رۆژھەڵات و رۆژئاوا، بێتە دامەزراند)
رایگەیاند:
ئێمە داوا لە ھەموو ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە لە
ناوەوەو دەرەوەی
وەڵات دەکەین پشتیوانی لە کەمپینی ناوبراو
بکەن و پێکەوە لەگەل کوردستانیان، بەشداری لە رێکخستن و گەشەپێدانی
کەمپینی ناوبراو، بکەن. وەک سەرەتا داوا دەکەین لە لایەنگرانمان
لە ناوەوەی کوردستان سمبولی قەڵەم لەبەردەم ماڵ و دوکان و لە گشت شوێنە
گشتییەکان بەرزبکەنەوە.
|