٣٠\٧\٢٠٢٠
زنجیرە چاوپێکەوتنێکی
وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:
داھێنان نیازی بەپشتگیری کردن نییە،
وەک چۆن
دەقی مردوو پێویستی بە تەڵقین نییە.
ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو
- بەشی
دووەم -
سمکۆ
محەمەد نووسەر و روناکبیر لەبەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا دەربارەی
داھێنان و نوێگەری قسەدەکات ، پێی وایە داھێنان ئەو شتەیە کە ھێشتا
نەھاتۆتە بوون، نوێگەریش بەزارەکی دزەی کردۆتە نێو وێژەی کوردی، ھاوکات
تیشک دەخاتەسەر سلبیاتی ھاتنی جھانگەرایی و گەشەی تەکنۆلۆژیا بۆ
کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، کەدەرگایەکی ھزری و تەکنۆلۆژی کردەوە, ئیدی
شتێک نەما بە ناوی داھێنان جگە لەنوێگەری.
پرسیار: وێژە بۆ
خۆی جۆرێکە لە کێشە، روونتر بڵێین فاکتەری پشێوی نانەوەیە، کە کێشە
نەمێنێ ئیتروێژەمان بۆ چیە، لەکاتێکدا ئەو فەزایەی کە تێیدا ژیان
دەکەین، سەردەمانێک تێیدا ئەو گفتوگۆ و بۆچوونانەی لەسەر دیالکتیکی
ئەدەبی و گەشەی ھزری و ئاڵوگۆڕە مەعریفییەکاندا گەنگەشە دەکرا، تا
ئاستێک گەرموگوڕی تێدابوو، بەڵام بە ھاتنی جیھانگەرایی، پێتان وانییە
دۆخەکەی بەرەو ئاقارێکی نەرێنی بردووەو چەمکەکەی زیاتر کەم بەھا
کردووە؟
سمکۆ محەمەد: تەواوی ئەو داخوازی و ئەو کەرەستانەی کە لەسەدەی رابردوو
لەتەواوی کایەکاندا ھەبوو, ئەو موناقەشانەی کە لەسەر گەشە و ھەڵدانی
فکری و ئاڵوگۆڕە مەعریفییەکاندا لەئارادا بوو, ئەو نھێنی و سیحرانەی کە
لەدەقێک یان کارێکی ھونەری کۆما ببوون, ئەو پێوەرانەش کە بۆ جیاوازی و
شتە لەیەکچووەکان بەشێوەیەکی ئەندازەیی ھەبوون, ئێستا ئیتر بەھاتنی
چەمکی جھانگەرایی و پاش جیھانگەراییش کە ژیانی پڕ کردووە لەگرێی
دەروونی، بەشێوەیەک لەشێوەکان بۆ دونیا و بۆ کۆمەڵگە دواکەوتووەکان
بەتایبەتی, خەریکن سادەتر و کاڵتر دەبنەوە, وەختێک تەکنۆلۆژیا بەھێنانی
ئامێرە سیحرییەکانی, وەکو ئینتەرنێت و تەوژمی سەتەلایت و تەلەفۆنی
دەستی کردە دیاریەکی ترسناک, ئیتر دەیان دەرگای جۆراو جۆری فکری و
تەکنۆلۆژی کرایەوە, بەکردنەوەی ئەو دەرگایانەش, شتێک نەما بەدەقی زۆر
جدی و سیحراویشەوە, رێگەمان پێبدات موناقەشەی داھێنانی لەبارەوە بکەین,
بەڵکو موناقەشەی ئیستاتیکی لەبارەوە گەرەکە, چونکی ئیستاتیکا دۆزینەوەی
ئەو کۆدانەی لەنێو ئەو کەرەستانەی کە خۆیان ھەن و دەقی پێ دەخوڵقێنرێ,
لەوانەش زمان و کولتوور و نەریت و ھتد.
پرسیار: باشە ئەی بۆچی لای زۆرێک لە ئەدیبان
داھێنان بووەتە گرێیەکی دەروونی، بەداوی چەمکەکەدا ئەڕۆن و پێی ناگەن،
ئایا ئەو چەمکە تا چەند فاکتەر بووە بۆ بەرھەمھێنان و گەشەی ئەدەبی،
وەک مەعریفە، یان ئاماژەیەکی نیگەتیڤە.. لەبەرامبەر پڕکردنەوەی ئەو
بۆشاییە مەعریفیەی کە لە ئەنجامی دەستبەتاڵی ھەیانە، بەدیوێکی تردا
ئایا خۆدزینەوە نییە لەواقیع ؟
سمکۆ محەمەد: من بڕوام وایە داھێنان ئەو شتەیە کە ھێشتا نەھاتۆتە بوون,
یان بەمانا دۆڵۆزیەکەی داھێنان وەکو فەلسەفەی و فەلسەفەش بەرھەمھێنانی
چەمکە، ئەمە لەکاتێکدا تازەگەری ئەو چەمکەی پەراوێزخست و مەسەلەی شوناس
و سەربەخۆیی ئەدەبی کردە بابەتی مشتومڕی فکری، لەگەڵ ئەوەشدا کەس نییە
نەزانێ سڵێمان پێغەمبەر گوتویەتی" ھیچ شتێک نوێ نییە لەژێر ئاسماندا"
ئەمە مانای ئەوەمان ناداتێ کە تازەگەری یاخوود نوێکردنەوە نامێنێ,
چونکە ئەم ئەرگومێنتە ھەریەک لەھۆرکھایمەر و ئەدۆرنۆش لەکتێبی
دیالێکتیکی رۆشنگەری باسیان کردووە و رەتیدەکەنەوە، ئەوان باس لەو
دەقانەش دەکەن کە لەسەردەمی یۆنانەوە تاکو ئاڵوگۆڕی سیستمی سیاسی
رۆژئاوا ھاتنە ئاراوە، پشکیان ھەبووە، نموونەی ئۆدیسیۆس و ھتد
دەھێننەوە کە بەشێکن لەرۆشنگەری، ئەوان باس لەمرۆڤ و سرووشت و
ململانێکان دەکەن، باس لەرەخنە و ھەردوو زاراوەی (ئۆپژێکت و سۆپژێکت)
دەکەن کە چۆن خراپ کەڵکی لێوەرگیراوە، چونکە تیۆرەی زانستی بریتییە لەو
تیشکە رەخنەییەی ئاراستەی ھەقیقەتە زانستییەکان دەکرێن کە لەپەیوەندیدا
بەو گشتەی لەناویاندان، ھەر ئەوەی کە پێشتر لەلایەن گشتە
کۆمەڵایەتییەکانەوە نەخشەیان بۆ کێشراوە.
ھەڵبەت من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا کەمێک کۆک نیم، بەڵام تاڕادەیەک بەخاتری
ئەوەی چەمکەکان جارێکی دیکە دەخاتەوە بەر تیشکی رەخنەوە، بۆیە کەڵکی
لێوەردەگرم بۆ پێناسەکردنی داھێنان، (جیل دۆلۆز) لەکتێبی فەلسەفە چییە
دەڵێ (چەمک خۆی داھێنانە) کەواتە بەپێی ئەو میتۆدە بێت، نەک ھەر ئێمە
خاوەن داھێنان نیین، بەڵکو دەورو پشتیشمان وەکو فارس و تورک و عەرب
خاوەن داھێنان نیین، ئەگەر بەو پێوەرە جیھانییە قسە بکەین، بەوپێیەی
خاوەنی ھیچ چەمکێک نیین لەوانەی کە لە ژیانی رۆژانەدا بەکاردێن،
ھەروەھا جگە لە(حافزی شیرازی و سەعدی شیرازی) خاوەنی ھیچ پنتێک نیین
ناوی دابڕانی مەعریفی بێت، ئەوەش کە مەبەست لەدەقی داھێنەرانەیە، دیسان
دەیڵێمەوە کە کۆمەڵگە بندەستەکان خاوەنی دەقێکی داھێنان نیین وەکو
دەقەکانی دۆنکیشۆتی سێرڤانتس و ئەفسانەی فاوستی گۆتە و کۆمیدیای
خواوەندی دانتی و دایستۆفیسکی و ھتد، ئیدی ئەم وەھمە لەکوێوە سەرچاوەی
گرتووە، مەگەر داھێنان تەنھا لەوێوە بەپێوەر وەربگرین کە لەچاو
نەخوێنەواری و ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ نووسین نییە، ئەو دەقانەی
ئێستا بەرھەمدێن تەنھا ئەگەر ئیستاتیکایان تیا بدۆزینەوە، ئەگەرنا
داھێنان نیین.
ئەگەرچی تازەگەریش لەکن کۆمەڵگە دواکەوتووەکان, تەنھا بەزاراوە و بەقسە
دزەی کردۆتە نێو ئەدەبەکانیان, بەڵام داھێنان بەپێی خوێندنەوەی
ئیدیالیستی, لەبەرامبەر خوێندنەوەی مەتریالی جۆرێکی تر مامەڵە لەتەک
ئەم چەمکەدا دەکات, ھەڵبەت بۆ نووسین بەگشتی و نووسینی دەقی ئەدەبی
بەتایبەتی, شوێن و کات گرنگی لەدیاریکردنی بەھاکەی دیاری دەکات, ئەو
شیعرانەی کە سۆفۆکلیس لەسەردەمی یۆنانیەکان نووسیویەتی و ئەوەش کە
داوود پێغەمبەر بەتەمبورێکەوە دەگەڕا و شیعری دەگوت و ئێستا وەکو
دەقێکی پیرۆز تەماشا دەکرێ, چ شتێکی کەمتر نییە لەشیعری نوێ, چونکی
رزگاربوون لەکێش و سەروا و کارکردن بەوێنە و زمان, پێشتر کاری بۆکراوە
و جێگەیەکی بۆ دڵەڕاوکێ نەھێشتۆتەوە لەم جۆرە موناقەشانەدا, بەڵام
ئەگەر بڵێین پێوەرەکان زیاتر بوون لەو ھۆکارانەی کە پێشتر پێشمەرجێک
بوون بۆ داھێنانی دەقی ئەدەبی، ئەمەیان راستە, چونکی وردەکاری واقیعی
ژیانی رۆژانە لەم سەدەیەدا کە تەواوی کۆمەڵگاکان لەیەک کاتدا ئاگایان
لەیەکترە, یان بەحاڵێک کۆمەڵگەکان تێکەڵ بەیەکتر بوون و خەریکە لەناو
یەکتردا دەتوێنەوە, بەشێکە لەئەو بەھانەیەی کە بوارێکی نەھێشتۆتەوە بۆ
جێگیرکردنی ئەو زاراوەیەی کە پێشتر خۆمان پێوەی خەریک کردبوو, لەگەڵ
ھاتنی ئەم سەدەیە کە ھەموو سیحرێکی بەتاڵ کردووە بە ئەدەبیشەوە,
رووبەرێک لەو رووبەرانەی کۆن ھەبوون بۆ پەیدابوون و سەرھەڵدانی
فەیلەسووف و خاوەن توانا, ئێستا ھەرچی زیاتر تەسک تر بۆتەوە و دیاردەی
سەرھەڵدانی فەیلەسوف بەسەرچوو, قوتابخانەی ھەڵوەشانەوەگەرایی لەباری
ئەدەب بەتایبەتی لای (رۆڵان بارت) و لەکۆی ھەموو کایەکانیشدا لەلای
(ژاک درێدا) و ھێڕمۆنتیکا لەلای (گادامیر), شتێکی نەھێشتەوە لەژێر
رەحمەتی ئەو فکرەدا رزگاری بێت, بەوپێیەی کە جیاوازیەکی جەوھەری ھەیە
لەنێوان تێگەیشتنی نوێ و درووستکردن, بیر تیژی و دەربڕین لەنووسین و
لەھەر شتێکی تر, مانای ئەو توانایە نییە کە ئێمە بەچەمکی داھێنان،
شیکاری دەکەین, ئەمە لە کاتێکدا کە باس لە ھەڵوەشانەوەگەرایی دەکرێت
بیرمەندانی فەرانسی ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی ئەو چەمکەیان بەسەرەوە
نییە و کاری پێناکەن.
پرسیار: ئایا ئێستا ئێمە دەتوانین بە
پێناسەی رابوردوو مامەڵە لەتەک چەمکە وێژەییەکان بکەین، ھەروەھا بۆچی
لە ئیستادا ئیش بەتیوری بەراوردکاری ناکرێت؟
سمکۆ محەمەد: لەکاتێکدا ئێمە خەریکین قسە لەسەر چەمکە فکرییە
ئەدەبییەکان دەکەین، کاتێک کە چەمکەکان بۆ خۆیان پێویستیان بە تازەترین
خوێندنەوەی قوڵ ھەیە، تاکو تێبگەین لەکوێوە سەرچاوەیان گرتووە و بۆچی
ماناکانیان ئەو واقیعە ئیدیۆلۆژییە بەرجەستە ناکەن کە تەکنۆلۆژیا
ئیدیۆلۆژیای کردووە بە واقیع، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ کە زۆربەی ئەو
چەمکانەی وەکو (چەپگەرایی و ریالیزم) کە شیعر، یان دەقە ئەدەبیەکانیان
لەچوارچێوەی مانیفێستۆیەکدا قەتیس کردبوو, وەکو مانیفێستەکانی گروپی
فازل ئەلعەزاوی و گروپی روانگە و گروپی رەھەندیەکان و گروپی جوایەزی
ھەولیری و گروپی کفری کە فەرھاد شاکەلی سیمبولەکەیان بوو، ھەروەھا
گروپی نیخازی ھەر و ھەر لە دھۆک کە موحسین قۆچان و حسن سلیڤانی و عارف
حیتۆ بوون، ئەمانە ھەموو لەرێگەی مانیفێستەوە بەتەمابوون خویان لەوانی
تر جودا بکەنەوە. بەڵام دەرکەوت ئەدەب کاری تاکە نەک گروپ.
وجودیەتی سارتەر و کامۆ و کۆڵن وێڵسن، کە لە فەلسەفەکەی کیرکەگاردەوە
دەستی پێکردووە و قوتابخانەکانی تری نووسین بەتایبەتی شیعر کاری پێکرا,
لەکاتی خۆیدا بەجۆرێک لەسیحری داھێنان تەماشا دەکرا و مۆدێلێکی نووسینی
پەیدا کردو کاریگەری زۆری کردە سەرمان و ھاتە نێو دونیای ئەدەبی کورد,
کەچی لەئێستادا نەک ھەر کاری پێناکرێ, بگرە بۆتە شتێکی کلاسیکیش.
ئەگەرچی ئەدەبی بەراوردکاری مۆدێلێکی بەسەرچووە, لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر
نیازمان بوو بەروارد بکەین, ئەدەبی کوردیش وەکو ھەر ئەدەبێکی تر
کاریگەرییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەدەبی دەوروپشتی پێوە دیارە و
ناکرێ بەراورد بکرێ, چونکی ھەوڵدراوە مۆرکی تایبەتی پێبدرێ و بەخۆماڵی
بکرێ, بەڵام سەربەخۆیی وەرنەگرتووە، ھەروەک چۆن ئەگەر بەرواردێک
لەنێوان دەقێکی ئەمریکی لەشێوەی دەقەکانی ئیلیۆت یان عەزرا پاوەن و
لۆرکا ی ئەوروپی بکەین, کە یەکێکیان بەناھەق کوژراو ئەویتر دادگاییەکی
ناھەق، بەھەر حاڵ رەنگە ھەمان شت و ھەمان کارتێکردن لەسەر دوو جۆر
دەقدا بدۆزینەوە, ئەمەش جگە لەنوێکردنەوەی دەق بەداھێنان ناچێت, رەنگە
سیحربازێک لە لەحزەیەکدا بتوانێ لەژێر کڵاوەکەیدا کۆترێک ھەڵفرێنێ,
ئەمەش جۆرە داھێنانێکە، بەڵام ئەم کردەیە زوو دەمرێت و تەمەنی کورتە,
ھەرچی دەقێکی ئەدەبیە مانەوەی لەنەمریەکەیدایە کە لەراستیدا دەقنووس بۆ
نەمری و لەدەست مەرگ رزگار بوونی خۆی دەینووسێت کە ئەمەش ئێستا
بەتێڕوانینێکی جھانبینیانە و لۆژیکیانە ناناسرێ و کاری پێناکرێت, چاکتر
وایە لەوە تێبگەین کە ھەموومان و لەھەموو کایەکاندا خەریکی نەمرین,
ھەروەک چۆن نەمری کرێکارێک لەدوورست کردنی دیوارێک یان درووستکردنی
کەرەستەیەکدایە, ئاوھاش نەمری ئەدیب لەدەقەکەیدایە, بۆیە باشتر وایە
ئەدیبی کورد خۆی بەو زاراوانەوە خەریک نەکات و کێشمەکێشی لەسەر نەکات,
گرنگ ئەوەیە تاکی ئەدیبی کوردی خۆی لەژێر خەیاڵات و بیرکردنەوەی ئەویتر
رزگار بکات, سەرقاڵی فکر بن بۆ ئەوەی دەقی سەربەخۆ بەرھەمبھێنن و
بەپرنسیپەکانی ئیستاتیکا و چنینەوە کار پێبکرێت, بەو لۆژیکە کار بکرێت
دەق لەکراوەیی خۆیدا بمێنێتەوە, سنووری شتە باوەکان و یەقینەکان
ببەزێنێ. ئیستاتیکا تەنھا لە وێنە و زماندا کۆنابێتەوە, مەعریفە بەشێکی
تری ھێزی ئیستاتیکی دەقە کە زۆر شاعیر یان ئەدیب ھەیە سڵ لەمەعریفە
دەکەنەوە, یاخوود مەعریفە و عیرفان تێکەڵاو دەکەن, ھەڵبەت خۆ یەکلایی
کردنەوە لەم پرسە و بەتایبەتی لەرووی فکریەوە, لەوە چاکترە خۆیان
سەرقاڵی موناقەشەی شەفەوی، واتە سەرزارەکی بێھوودە بکەن, ئەم دەقە
خوڵقاندنە و ئەویتر مردوو, ھەڵبەت نەخوڵقاندن یان ئەوەی پێی دەڵێن
داھێنان نیازی بەپشتگیری کردنە, نەدەقی مردووش نیازی بەتەڵقینە, بەڵکو
ئەوە خوێنەری جددی و رەخنەگری شارەزایە دەتوانێ شیتەڵکاری بکات, بۆیە
ئەم خۆ سەرقاڵ کردنە بێ بەرھەمە, لەسەرقاڵ کردنی ئەو خەڵکانە دەچێت کە
لەجەھلی نەزانیندا خەریک بوون دەخنکان, وەختێک خۆیان بەپێنج و شەش و
حەوت چینی ئاسمانەوە خەریک دەکرد و واتێگەیشتبوون ئاسمان چین چینە,
لەبری ئەوەی خۆیان بەخود ناسیەوە خەریک بکەن, وەکو (خەیام) ماندوو بوو
پێوەی, کەوابوو مەرج ئەوەنییە نەتەوەیەک لەئەدەبدا داھێنانی نەبێت و
وەکو نەتەوەیەکی دواکەوتوو چاو لێبکرێ, بەڵام مەرجە نەتەوەیەک خۆی نوێ
بکاتەوە و دەقی سەربەخۆی ھەبێ, یان لانیکەم ئەگەر لە ئەدەبیشدا داھێنان
نەبوو لەکایەکانی تردا بەرھەمی ھەبێت, یەعنی گەلێکی بەرھەمھێن بێت و
بەر سێبەری نەبێت, چاوەڕێی دەستی خەڵک نەبێت.
پرسیار: ئێوە باستان لە ھەندێک پڕۆسەی
کاریگەری وێژە و لاساییکردنەوە کرد، دەکرێ لەسەر ئەم پنتە زیاتر
رابوەستن؟
سمکۆ محەمەد: پێشتر بە تیژتێپەر باسی کێشەی لاسایکردنەوەمان کرد کە
بۆتە گرێیەکی دەروونی، ئەفڵاتون باسی لاسایی کردنەوە دەکات لە ئەدەبدا
و بە داھێنانی نازانێت و بە دابڕانیشی نازانێت، بەڵام ئەرستۆ ئەمە بە
دیوێکی تردا دەبینێت و لاسایی کردنەوە بە ھونەر دەزانێت و ھەندێک
لاسایی بە ئیقاع و مۆزیکەوە گرێدەدات، لەلایەکی دیکەوە بە کردەیەکی
غەریزی تەماشات دەکات و بە ئسلوبێکی نوێی دەزانێ. ئەو ھونەر بە ئازادی
مرۆییەوە گرێدەدات و پێی وایە خەیاڵگەری مرۆیی جگە لە فراوانبوونەوەی
ئەم ئازادییە ناچێتە پێشەوە.
بەڵام من وای دەبینم ئەدەب سرووشتێکی گشتگیری ھەیە, بەبیانووی ئەوەی کە
ئەم کایەیە بەر لەھەر شتێک, سەرەکیترین خەسڵەتی ھیومانیستی بوونیەتی
لەگەیاندنی مەبەست و گوتار و ئیستاتیکا, مەبەستمە بڵێم ئەدەب جگە
لەپەیامێکی ناڕاستەوخۆی شەرمن بەرامبەر حاڵەتەکان و بەتایبەتی سیاسەت و
دەسەڵات, شتێکی تر نییە و جگە لەوەی چێژێکە بۆ ئینسان و ھیچی تر,
بەھەرحاڵ شتێک کە بەبێ ئاگاھانە نووسرابێت لاسایی کردنەوە ناگەێنێت,
چونکە جیایە لەوەی بەئاگاھانە نووسرابێتەوە.
بۆ نموونە دەقەکانی مەحوی و مەولەوی و خانی, نزیکایەتیەکی زۆریان لەتەک
دەق و بیرکردنەوەکانی حافزی شیرازی فارس و ئەبو نەواس و تەنانەت دەقە
کلاسیکیکیەکانی تورکیش ھەیە، ھەروەھا عەرەب و ئەوانی تر ھەن, ئەدۆنیس
زۆر لەسەر شیعریەت و کاریگەریەکان قسەی کردووە, لەو بڕوایەدایە دوو جۆر
لاسایی کردنەوە ھەیە.
جۆری یەکەم لاسایی کردنەوەی خودە کە لەرابردوودا لەنێو جەرگەی
ھاوبەشەکانی خۆیدا بەرھەمھاتووە, یەعنی ئەوەی کە لەرابردوودا نووسراوە
یان وتراوە, بەستایلێکی تر و لەرێگای کیمیای وشەو ھۆکارەکانی تری
مقەویماتی دەقەوە خۆی نمایش دەکات، بەڵام عەرەب لەبەر ئەوە جیاوازییان
لەگەڵ کورد ھەیە، چونکە لەپشت زمان و ئەدەبەکەیانەوە، تێکستی ئایینی
ھەیە کە ئەگەر لەبەرخاتری دەقە ئەدەبیە داھینەرانەکەش نەبێت، لەبەر
خاتری دەقی قورئانییە کە لەسەر ئاستی دونیا سەرقاڵن پیوەی، ئەمەش
پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆی زمانە لەنێو دەقدا، کورد خاوەنی تێکستی ئایینی
نییە بەزمانی خۆی.
جۆری دووەمیش لاسایی کردنەوەی ئەویدیە, واتە دەرەوەی فەرھەنگی خودی
دەقنووس دەگرێتەوە, ھەردوو لاسایکردنەوەکە رەوایەتی ھەیە, سەرسام بوون
بەستایل و چەمک گەلێک کە نەک تەنھا بۆ ئەدەب, بەڵکو بۆ ھەموو کایەکانی
تر شیاوە و حەرام نییە, بەو پێیەی کە مەعریفە کەڵەکەبوون و تێکەڵبوونی
ھەموو ئەو کولتوورانەیە کە سەرجەم کۆمەڵگەی بەشەری لەمێژوودا تۆماری
کردوون و بەجێی ھێشتوون, کەسێک یان کولتوورێک نییە لەخۆڕا و لەشکڵی
قارچک و دۆمەڵان ھەڵقوڵابێت, یان بەبێ ئەوەی ژیانی لەتەک بەشەردا
نەکردبێ و وەحی بۆھاتبێ بەزمانێکی تایبەت, بەڵام دەتوانین بڵێین کەسێک
ھەیە توانا فەرھەنگیەکانی خۆی لەدەرەوەی چالاکیە باوەکانی کۆمەڵگە,
مومارەسەی کایەی ئەدەب و رۆشنبیری دەکات, ئەمەیان راستییەکی تێدایە,
ھەموو ئەو فکرانەی کە بوونەتە زەخیرەی ئینسان و کاری پێدەکرێ,
لەئەنجامی بیرکردنەوەیەکی بەکۆمەڵە, وەک زەروورەتێک بۆدرێژەدان بەژیان
و موڵکایەتی قەبوڵ ناکات, بەڵام ئەدیبێک چەکوش کاری تێدا دەکات و راستی
دەکاتەوە بەپێی لۆژیک, ئەمەیە کاردانەوەیەکی تر بەرھەمدێنێ, ئەمە بۆ
ھونەری فۆلکلۆری کوردیش ھەمان مانای ھەیە کە خاوەنی خۆیەتی و ھەروەھا
خاوەنی خاڵی ھاوبەشیشە لەکاتێکی دیکەدا، ئەگەرچی لۆژیکی ئەدەب, لەگەڵ
لۆژیکی زانست جیاوازیان ھەیە, چونکە لەئەدەبدا کار بە تیۆری ماتماتیکی
ناکرێت, بەڵام دیسان ئەدەب بۆ خۆی زانستێکە لەرێگای زمانەوە و ناتوانێ
یاخی بێت لەشتەکانی تر, رەنگە بتوانێ پێناسەی شتەکان بەمەجاز بکات,
مەجاز بەو مەعنایەی بەکار ھێنانی زمانی دووھەم, یان پێدانی فرە مانایی
بە وشە یان زاراوە یان موفرەدە و ھتد کە لەکۆنتێکستی دەقدا جێی
دەبێتەوە، ئەو زمانەی کە جیایە لەزمانی قسەکردنی ئاسایی کە ھەر کەسێک
کاری پێدەکات, بەڵام دیسان دەقنووس رەنگە بتوانێ وشە بتاشێ ھەروەک چۆن
ئەم نموونەیە لە کورددا زۆرە, بەڵام ناتوانێ لەو موفرەدانە زیاتر بەکار
بھێنێ کە ھەر کەسێک بەکاری دێنێ, یەعنی سیستمی نووسین لەئەدەبدا,
سیستمێکی جێگیر و جێکەوتە چوارچێوە دارە بۆ بەکارھێنانی ئەو موفرەدە
باوانەی کە خەڵکی ئاسایش کاری پێدەکەن, بەڵام تەجاوزکردن لەو سیستمە
تەنھا لەرێگای تازەگەرییەوە و رزگار بوون لەکلاسیکیەتەوە باشتر دێتە
بەرچاو, باشە ئایا کەس ھەیە نکوڵی لەوە بکات, ئەوەی کە ئێستا
تەکنۆلۆژیا شتەکانی بەرجەستە کردووە, ئاشکرا کردنێکی نوێیە, وەڵامەکە
لەلای من نەخێرە, چونکە ئەوە ئاشکرا کردن نییە, وەختێک ئامرازەکانی
گەیاندن لەسەردەمێکدا بانگدان بەکوولەکە بوو, ئێستا لەبڵندگۆی
پێشکەوتوو بانگ دەدرێ, وەختێک ئینسان لەکوخ و دواتر لەخانووی زۆر
سادەدا ژیانی دەکرد, ئێستا لەساختومانی باڵا بەرز و ڤێللای سیحراوی,
وەختێک ئاژەڵ و گالیسکە ھەبوو بۆ گواستنەوەی پێویستەکانی ژیان, ئێستا
بەماشینی پێشکەوتوو و میترۆ دەکرێ, وەختێک پێشتر کێڵانی زەوی دیسان
بەئاژەڵ و تەکنۆلۆژیای سەرەتایی بوو, ئێستا بەماشینی خێرا و دەیان
نموونەی تر, ئەمانە خۆ ھەمویان لاسایی کردنەوەن، بەڵام لەپانتاییەکی
فراوانتر و بەفکرێکی فراوانتر لەدونیایەکی جیاوازتر لەرابردوو کە رێژەی
ئینسان لەسەر گۆی زەوی بەبارتەقای ئێستا نەبوو ئێستا گەشەی کردووە,
ھەڵبەت ئەدەبیش ھەر وایە، ئیدی ئەوە زەرورەت بوو کە لەھەندێ باردا
جۆرێک لەداھێنان لەکەرەستەکاندا کراوە، یان خێراتر کراوە وەکو ئەوانەی
کە ئینسان بۆ ژیانی رۆژانەی پێویستی پێیەتی، بەڵام بەگەشە و ھەڵدانی
تەکنۆلۆژیا ھاتۆتە بەرھەم, دیسانەوە دەڵێم ئەمە دۆزینەوە نییە, بەقەد
ئەوەی نوێ کردنەوە و خێرا کردنی ھەمان ئامرازە, ھەڵبەت ئەدەبیش لەم
شتانە بەدەر نییە کە بەشێکن لەپێداویستیە غەریزی و رۆحیەکانی ئینسان,
بۆیە شتێک نییە لەدەرەوەی کاریگەری, تەنانەت ئەو دەقانەش کە وەزیفەی
موقەدەسیان وەرگرتووە لەزەینی ئینسان و موناقەشەی دیالیکتیکی لەسەر
دەکرێ.
ئێمە دەبێ ئەوەش بزانین کە تەنانەت دەقە ئاینیەکانیش لەقۆناغێکەوە بۆ
قۆناغێکی تر جیاوازییان ھەیە و بەقۆناغی گواستنەوە دەژمێردرێت، واتە
شوناس نوێکردنەوە لەرێگەی رۆشنبیرییەوە یان بەھاوچەرخ کردنی ئایین،
ئەمە لەئایینی وەسەنی و میترایی و مەسیحی سەردەمی بەر لەرۆمەکان و
ئیسلامیش کە مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە ھەستی پێدەکەین، ئەوکاتەی کە
جورئەتێک بەخۆمان دەدەین و پرسیارێک دەکەین ئایین چییە؟، ئەوکاتە
دەچینەوە سەر کاریگەرییە رۆشنبیری و مەعریفیی و مێژوویی و تەنانەت
ئەدەبیەکانیش کە زۆر کەڵکی لێوەرگیراوە، چونکە رۆشنبیری کۆمابوونی
مەعریفی گەلانە و دواتر پەرت بووە و لەشوێنێکدا بەشێوەیەک بووە و
لەشوێنێکی تردا فۆڕمێکی تری وەرگرتووە، ھەرئەوەی لەتەنیشت خۆمانەوە
واتە لەتەنیشت کوردستانەوە کە ئێرانە، چەند کاریگەری رۆشنبیری دەبینین
لەسەر ئایین و ئاینیش بەپێچەوانەوە چەند کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەدەب،
ئەوکاتەی کە ئەسکەندەری مەکەدۆنی ئێران داگیر دەکات رۆشنبیری یۆنانی
جێدەھێڵێ، بەپێچەوانەشەوە کە ئێران یۆنان داگیردەکات رۆشنبیری
جێدەھێڵێ، ئەمە بۆ ئیمبراتۆریەتی عوسمانلییەکانیش ھەروایە کە ھاتونەتە
وڵاتانی عەرەب دونیایەک موفرەدەی تورکیان جێھێشتووە و تائێستا کاری
پێدەکرێ و بەپێچەوانەشەوە کە رۆیشتوونەتەوە کەوتونەتە ژێر کاریگەری
قورئانەوە، بزانە کاریگەرییەکە جیاوازی ھەیە چونکە لەوڵاتانی عەرەب
تێکست ھەیە، ئەمە زۆر کۆمەکی بەزمانی عەرەبی و ئەدەبی عەرەبی کردووە،
بەڵام بۆ فارس وانەکەوتۆتەوە.
ئێستا ئیتر بەشی دووەمی موناقەشەکەم ئەوە دەبێت کە چۆن پێناسەی
کاریگەری بکەین لەنێو ئەدەبیاتدا, ئەوەی کە باسی دەکەم ئەنجامی
گفتوگۆیەک بووە, کاتێک شتێکمان لێ ون بووە و بۆی دەگەڕێین و دواتر
دەیدۆزینەوە, ئەمەش ناکاتە لاسایی کردنەوەی ئەدەبی گەلان, ھەرئەوەی
کاتێک کە شتێکی نامۆ دەچێتە شوێنێک, راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری
لەپاش خۆی جێدەھێڵی, دەقەکانی بۆدلێر و مالارمێ و ئۆکتافیوپاس و
مایکۆفیسکی و شاعیرانی عەرەب و فارس و ھتد کە ھێندە زۆرن و ناتوانین
ناویان ریز بکەین, شتێکی داھێنەرانە نەبوون بۆ ئێمە, چونکە داھێنان
ھێشتا پێناسە تەواوەکەی نەبۆتە جێگەی قەناعەتی ئەدیب، ئایا ھەموو ئەو
دەق و ئەدیبانەی خەڵاتی نۆبڵ وەردرەگرن ساڵانە، ھەموویان داھێنانن،
وڵامەکە لەلای من نەخێرە و نموونەش زۆرن، بەڵکو بینییان شێوەیەک بوو
لەئاگادار کردنەوەی ئێمە کە لەرابردوودا ونمان کردبوون و بۆی دەگەڕاین,
خۆ ئەگەر مەیلێک ھەبێ ئەم بۆچوونە رەتبکاتەوە و ئەلتەرتانیڤێکی باشتر
پێشکەش بکات, وەکو ئەوە وایە مێژوو پشتگوێ بخات و لە سفرەوە
دەستپێبکات, یان پنتێک لەپنتەکانی ئەدەبی گەلان پەراوێز بخات کە لەدوای
رێنسانسەوە رۆشنتر خۆی مەترەح کرد، ئەمەش وەکو ئەوە وایە پشتە
رابردووەکان بسڕێتەوە, لەکاتێکدا ئەم چاو نوقاندنە لەئاست دەسەڵاتی
دەقدا کە لەسەر وەختی خۆیدا زاڵ بووە, وەکو ئەوە دێتە بەرچاو کە شەپۆلی
دەریایەک دابڕێنین لەھێزی سەرچاوەکە و تەوژمی ئاوەکە کە ئەمەیان شتێکی
فیزیکیە, یان باشتر بڵێم, وەکو ئەوە وایە پۆشاکی ئێستا دابڕێنین لەو
پۆشاکە سەرەتاییانەی کە تەنھا بۆ داپۆشینی جەستەی ئینسان درووست دەکران
و دوور بوون لەئیستاتیکا, مۆدێل و تەقیلیدیەت یەک شتن, بەڵام لەدوو
دۆخی جیاواز و دوو ستایلی جیاواز, باشە ئەگەر لەستایل چووینە دەرێ,
دەتوانین بڵێین جەوھەری شتەکان جیاوازن, جگە لەو سیاقەی کە خۆی
لەفۆڕمێکی تردا بینیوەتەوە.
پرسیار: کاتێ ھەر دەقێکی بیانی نموونەی
سوپێھری یان بورخیس یان کافکا..ھتد، ئەخوێنینەوە یەکسەر شوناسە
نەتەوەییەکەی ئەناسینەوە، کەوابێ ئێمە باسی ئەدەبێک ئەکەین، باسی شوناس
و ئەدرەس ئەکەین، دەکرێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کورد بەم ھەموو
تێکستەی کە ھەیەتی نەیتوانیوە شوناسی خۆی لەگەل ئەوانی تردا جیا
بکاتەوە، ئایا ئێستا کاتی نەھاتووە لێرە بەدواوە بۆ ئەوەی رێگری لەو
گرفتە بکەین، ھەوڵەکان پێچەوانە بکرێتەوە؟
سمکۆ محەمەد: باشتر وایە لە تەکنیکەوە دەست پێبکەم, ئەگەر ئەدیبی ئێمە
پێشتر ئابڵوقەدراوی تەکنیکی کلاسیکی بوو, ئەگەر ئەدیبی ئێمە پێشتر زمان
یەکێک بووە لەرێگرەکانی گەیاندن و ناساندنی بەدەرەوەی خۆی, ئەگەر
ئەدرەسی نەتەوەیی کورد نەگەیشتبووە گەلان, ئێستا ئیتر ئەو دەقانەی کە
بۆ زمانەکانی تر وەردەگێڕدرێن, سەروەخت و قۆناغەکە ناچارمان دەکات
خەریکبین ھاوشانی ئەدەبی گەلان دەستاودەستی پێبکەین, وەکو پێشترو
لەشوێنی تر باسم کردووە, کردنەوەی ئەو دەرگایەی کە بەرووماندا
کراوەتەوە کە ئەگەرچی زۆر درەنگە, جا چ سیاسەت بێت یاخود سیستمی بازاڕ
بێت, یان ھەر گەمەیەکی تر, بەبێ ئەوەی کورد بەخۆی بزانێ خەریکە دەچێتە
ئاستە بەرزەکانەوە, ئەمە پیاھەڵدان نییە و باسی کەسیش وەکو نموونە
ناھێنمەوە, چونکی تاکی کوردی بەئاسانی ئەمە وەرناگرێ, بفەرموو تەماشای
ئەو کاراکتەرە کوردانە بکەن کە پۆست وەردەگرن لەپەرلەمانەکانی دونیا,
تەماشای تیپی تۆپێن بکەن چۆن دەگەنە شوێنێکی تر, تەماشای شارەزا
لەبارەکانی فەرھەنگی و زانستێکدا بکەن لەئاستی دونیا کە کوردن و ھیچیان
کەمتر نییە لەبیانی, بەڵام کە باسی بۆرخیس و چیخۆف و مەکسیم گۆرگی و
یەسەنین و باسترناک دەکەین یەکسەر ئەدەبی روسی دێتەوە یادمان، کە باسی
دانتی دەکرێت ئەدەبی ئیتاڵیا و باسی کافکا ئەدەبی ڤییەننا و مالارمێ و
بۆدلێریش فەرەنسی و گۆتە ئاڵمانی و نازم حیکمەت تورک و نەجیب مەحفوز
واتە میسر و بوزورگی عەلەوی و ئەحمەدی شاملۆ و سوپێھری یەعنی فارس و
لەدونیای عەرەبیش ھەژمار ناکرێت و ھتد، ئەمانە ھەموویان سەلمێنەری
ئەوەن کە ئەدەبیش لەھەوڵی جدیدایە بۆ پەیداکردنی شوناسی نەتەوە کە
لەدەرەنجامدا ئەدەب بۆ ئینسانە, بەڵام ئەگەر بەتەواوەتیش نادیدەی بگرین
ھەر زمان شوناسەکە دیاری دەکات، دەبێ ئەوە بزانین ئیتر لێرە بەدواوە بۆ
ئەوەی رێگری لەو کاریگەرییە بکەین، ھەوڵەکان دەبێ پێچەوانە بکرێتەوە،
مەبەستم ئەوەیە دەقی بیانی چیتر پێویست ناکات بکرێن بەکوردی بەبارتەقای
جاران، بەپێچەوانەوە کاتی ئەوە ھاتووە کە دەقی خۆماڵی وەربگێردرێتە سەر
زمانەکانی تری لانیکەم فارسی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی و ھتد، ئەمەش
بە پڕۆژە ئەکرێت، ھەروەھا ئەبێ دەقی دانسقە وەربگرین نابێت ھەر دەقێکی
کوردی وەربرگرین و وەریگێڕینە سەر زمانەکانی تر، لەکاتێکدا ئەدەب
ئامانجێکی ھیومانیستی ھەیە، بۆیە قسەکەی من لێرە لەسەر نەتەوە پەرستی
نییە، بەڵکو لەسەر ناساندن و شوناس وەرگرتنی دەقە.
سەبارەت بەئەدەبیش کە ھاوشانی ئەوانی تر کە فەرھەنگی میللەتێکە و
بەیەکێک لەتواناکانی گەلێک دەژمێردرێت، وەکو نەزار قەببانی دەڵێت"
لێکۆڵینەوە دەربارەی شیعر، لێکۆڵینەوەیە دەربارەی ئەو خۆڵەمێشەی کە
ئاگر لەپاش خۆی جێی دەھێڵێ" چونکی دەقی ئەدەبی بەر لەوەی تەنھا نووسین
بێت, ئاگرێکە لەپاش دامرکانەوەی شوێنەوار جێدەھێڵێ, ئەدەبی کوردیش
ئاگری لەوجۆرەی درووست کردووە, بەڵام کە دەنگوباسەکەی و گەرماییەکەی
نەگەیشتۆتە دەورو پشتی, ئەمەیان نەزمێکی سیاسی خوڵقاندوویەتی, چونکی
ئەدەب کردەیەکی دیالیکتیکیە و زمان گەمەی تێدا دەکات, ئەو دەرفەتەی
ئێستا لەبەردەستدایە, ئەگەر چەند ساڵێک لەمەوبەر ھەبوایە, شانسێکی
ترمان دەبوو, ئەمەش تەنھا بۆ ئێمە نەبووە, بەڵکو زۆر لەگەلانی تر بەم
قۆناغەدا تێپەڕیون لەوانەش ئەمازیغیەکان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی
ئەدەبی کوردی نەناسراوە تاکو وەکو ئەدەبی گەلان بچێتە نێو ئەلبومی
نێونەتەوەییەوە، کەمتەرخەمییەکە ئەوەیە کە تاکو نیو سەدە بەرلەئێستا
ئێمە پێویستمان بەوەبوو کە ئەدەبی گەلان بناسین و وەریگێڕینە سەر زمانی
کوردی و ئاشنایەتی پەیدا بکەین، بەڵام ئێستا فەزاکە بەگشتی لەخزمەتی
کورددایە، ئیدی بۆچی ئەم ھەموو زمانزانە لەکورددا ھەیە، کەچی دەقێک
ناکرێتە فارسی یان عەرەبی و ئینگلیزی و فەرانسی و ئیسپانی و ھتد، ئەمە
ئەگەر کەمتەرخەمییە و خاوەنی دەزگایەک نیین، ئەدی ئەو غیرەیە چییە
ئەدیبی کورد لەگەڵ یەکتر ھەیانە، بۆچی رێگرییەکی ئەخلاقی نابێتە جێگەی
ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییە داخراوە، ئەگەر بڕیارە ئێمە خاوەنی دەقی
خۆمانین، ئەگەریش بەپێچەوانەوەیە بۆچی باسی جھانگەرایی دەکەین، خۆ
جھانگەرایی تەنھا ئەوەنییە ئێمە بەھرەمەند بوین لەکەرەستەی تەکنۆلۆژی،
بەقەد ئەوەی پێویستە کەڵکیان لێوەرگرین و بچینە نێو فەزا گشتیە
نێودەوڵەتیەکەوە، خۆ عەرەبیش جگە لە ئەدەبی جاھیلی، ھەر بەتەنھا بەقەد
کورد خاوەنی دەقی کلاسیکین، ئەدی بۆچی ئەوان کتێبخانە و سەرخانی خۆیان
دەپارێزن و دەوڵەمەندی دەکەن، کورد بۆچی خۆی کۆناکاتەوە، بۆیە پێموایە
ھەتا دەقی کوردی نەکرێتە زمانە زیندووەکانی جیھان و ریکلامی بۆ نەکرێت
و نەگاتە دەستی خوێنەری رۆژئاوا و عەرەب و فارس و تورک و ھتد. ئەدەبی
کوردی ئەو شوناسە جیھانییە وەرناگرێ.
پرسیار: ئەو فەوزایەی نێو وێژە درووست بووە،
کە بەتایبەتی رۆمان نووسین بۆتە دیاردە و ھەر نووسەرێک ئەگەر رۆمان
نەنووسێت نە دەناسرێ و نە دەزگاکان پەرتوکیان بۆ چاپ دەکەن، ئایا ئەمە
سرووشتییە و ئاساییە؟
سمکۆ محەمەد: یەکێک لەو پرسیارانەی کە لەپێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر
لەلایەن دەزگا چاپەمەنییە عەرەبیەکان لەمن کرا، گووتیان ئەرێ کورد بۆ
تەنھا رۆمان دەخوێنێتەوە؟، ئایا ئێوە پێویستیتان بە فکر و لێکۆڵینەوە
نییە؟، لەراستیدا پرسیارێکی شەرمھێنەر بوو بۆمن، وڵامەکە بۆمن قورس
بوو، چونکە پرسیارەکە پێش ئەوەی لەلای ئەوان بێ، من لەمێژە ئەم
پرسیارەم ئاراستەی دونیای ئەدەبی کوردی کردووە، بۆیە دێمە سەر ئەوەی کە
بۆچی رۆماننوس زۆربوون و بۆچی دەزگا بەناو چاپەمەنییەکان تەنھا ئەو
چالاکیە دەزانن، ھەڵبەت کێشەی ھەرە گەورەی خوێنەری زمانی کوردی و
زمانەکانی دیکەش، ئەوەیە کە گرینگی بەئەدەبێک دەدات کە تەنھا گێڕانەوە
و حیکایەت بێ، ئەمە بونیادی رۆشنبیری کوردییە لەکۆنەوە تائێستا
واھاتووە، ھەروەھا ستایڵی ئێستا دیارە کە دونیای دەرەوەی خۆمان کاری
پێدەکەن، ئاساییە کەسێک بێت و دەستبداتە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی
بەشکڵێکی ئەدەبی و ناوی رۆمانی لێبنێت، ھەروەھا بیرکردنەوە
لەخاوەندارێتی ستایل نەبۆتە خەمێکی ئەدەبی تاکو ئەدەبەکە بەروارد بکرێ،
ئەو زەمینەیەش لەبارە کە چەند کەسێک بەبێ باگڕاوندێکی رۆشنبیری و
ئەساسیاتی خوێندن لەھەموو کایەکان، کراون بە خاوەن دەزگا و کتێب چاپ
دەکەن، ئەوان چونکە لانیکەم تەنھا رۆمانیان خوێندۆتەوە، بۆیە ئاسانە
ھەم خوێنەر سەرقاڵ بکەن و ئاراستەی بکەن، ھەم بەرپرسیارێتیەکەش کەمترە
بۆ چاپ کردن ھەڵبگرن، بەوپێیەی بەرپرسیارێتی فکری قورسترە لە ئەدەب
بەگشتی، بۆیە کێشەکە تادێت فراوانتر دەبێت کە من پێموایە ئەمە تەمەنی
کورتە، بەڵام لەپەنا ئەمەشدا کۆمەڵێک خوێنەر و دەزگای دیکەش ھەن کە
گرینگی بە فکر و ئەدەبی رەسەن و جوان و بەتوانا دەدەن، لەمە ترسناکتریش
ئەوەیە کە ئەم خوێنەرەی ئێستا بۆتە کۆیلەی رۆمان خوێندنەوە و ھیچی تر،
ئەگەر پەشیمان بکرێتەوە یان بەرچاوی روون ببێتەوە، بەلایەنی کەمەوە
بەشی زۆریان لەخوێندنەوە پاشگەز دەبنەوە، چونکە دەردەکەوێ کە ئەوان بە
ئەنقەست ئاراستەکراون، ھەڵبەت ئەوانیش بۆ تۆڵە سەندنەوە لەم فەزا
خوڵقێندراوە دوور دەکەونەوە لە خوێندنەوە، ئەمە شێوەیەکی دیکەی ھاندانی
خوێنەرە بەرەو خوکوشتن، مەبەستم لە خۆکوشتن ئەوەیە لەئەدەب و فکر
بتۆرێن و دوور بکەونەوە.
__________________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|
       |