په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٠

زنجیرە چاوپێکەوتنێکی وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:

 

- ھەموو دونیا بە پێی فەلسەفە ریفۆرم و سیاسەت بکات، چەوسانەوە کۆتایی پێ نایەت..
- بەردەوامبوونی ململانێ لەگەڵ ھێزی گەورەتر لە مرۆڤ، ستایلێکی تری خۆکوشتنە..

ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو

- بەشی سێیەم -


سمکۆ محەمەد نووسەر و روناکبیر لە بەشی سێیەمی گفتوگۆکەماندا قسە لەسەر بەشێک لە ژیان و ئەزموونی رامیاری خۆی دەکات و ھەروەھا تیشک دەخاتە سەر چەمکی سیاسەت لەدیدی (ماکیاڤیللی و کانت)ەوە، پێی وایە ئەوەی لەیەکتریان جودا دەکاتەوە، تەنھا ئەخلاقە.
 

پرسیار: وێڕای ئەو چەندین کتێبە وێژەیی و ھزریانەت کە بەچاپت گەیاندوون، پێم وابێ کتێبت ئامادەیە بۆ چاپ لەبارەی یادەوەرییەکانتەوە، باس لە چالاکیەکانی خۆت دەکەیت بەناوی شکست، تێیدا ئاماژەت بە ئەزموونی رۆژنامەوانی و وێژە و ھزر و بزوتنەوەی چەپ..ھتد کردووە، وێستگەی ئەزموونی رامیاریت چۆن و لەکوێوە دەستی پێکرد؟


سمکۆ محەمەد: ھەڵبەتە من پێشتریش ھەر خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوومە، لەپەنای سیاسەت، کاری ئەدەبی و رۆزنامەوانیشم کردووە، رۆژنامەوانیش تەنھا بۆ ئەوەبوو کە رووبەڕێک بۆ ئازادی فەراھەم بکەم، ئەوەی کە ویستومە ھەموو شتەکان ببەمەوە سەر سیاسەت بەرمەبنای ئەوە بووە کە لەژێر کاریگەری قوتابخانەی ماتریالیزمی دیالیکتیکی بووم و لەوێشەوە سیاسەتم وەک ھونەرێک لەبەرچاو گرت و گرنگیم پێدا و بوو بەیەکێک لەئەولەویەتی کار و بیرکردنەوەی من، جگە لەمەش نەوەی ئێمە ھەم نەوەی بەرھەمی جەنگ بوو ژیانی لەگەڵ ئەو جەنگانەدا بوو کە بەناچار دەژیا و بوو بەسیاسی، ھەم بۆخۆی بارگاوی ببو بەسیاسەت و ھەروەھا ژیانو چالاکی شێوەیەک بوو لەھەڵوێست، ھەڵبەت لەبەرئەوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئێمە جیاوازی ھەبوو لەو فەزایەی کە بۆ گەنجی دوای ھەزارەی سێھەم رەخساوە، بۆ نموونە مەسەلەی ھاتنی تەکنۆلۆژیای بەپەلە و بەھرەمەندبوونی گەنج لەھەموو بوارەکان و چاوکرانەوەیان بەرووی دونیا، لەمەش بترازێ رەنگە ھەندێ کەس لەنەوەی ئێمەش ھەبوون دووربوون لەسیاسەت، بەڵام ئەوە تێگەیشتنی من و ھاوڕێکانم بوو کە لەدەرەوەی سیاسەت ھیچ ئینسانێک نایکڕێت، چونکی ئەوە ئێمە نیین سیاسەت ھەڵدەبژێرین بەڵکو ئەوە سیاسەتە پەلکێشمان دەکات و ناچارمان دەکات یاری تێدا بکەین، بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بەواقیعی ژیانی ئینسانەوە ھەیە، مومکین نییە دوور کەوتنەوە لێی، بەم پێوەدانگەش بێت تێدەگەین کە سیاسەت پانتاییەکی گەورەی داگیرکردووە لەژیانی ئینساندا، من لەم راستایەدا لەنێو ھاوتەمەنەکانی خۆم و ئەو نەوەیەی کە لەگەڵمدا ژیاوە، وەک کەسێکی جیا لەوان بیرم کرددۆتەوە، ئەمەش بووە مایەی سەر ئێشە بۆم و چەند جار لەساڵانی ھەشتاکان و نەوەدەکان لەسەر سیاسەت زیندانی کراوم لەسەردەمی بەعس و لەدوای راپەڕینیشەوە، بەڵام بۆمن مایەی خۆشحاڵی بووە، چونکی توانیم دوورتر رەھەندەکان دیاری بکەم لەھەر شتێک کە بمەوێت قسەی تێدا بکەم و ئەزموونی بکەم، بەشێکی دیکەی ئەوەی من ئارەزووم کردووە ھەم سیاسی و ھەم رۆژنامەنووس و نووسەر بم, ئەوەبوو کە خەڵکی شارێکم ھەمیشە لەکێبەرکێی جیاوازدا ژیاوە، مەبەستم لەشاری کەرکوکە، سابا ئەو کێبەرکێیە ناسیونالیستی بێت، یان ئینتەرناسیونالیستی. ھەڵبەتە پێشتر ناکامڵ بووم، ئەو پێکەوە ژیان و جیاوازی قبوڵکردنەی کە ئێستا خەریکم بیری لێدەکەمەوە, ئەوکات وەھا نەبووم, ئێستا بەلەبەر چاوگرتنی ئەو میتۆدە فکریانەی لەئەوروپاوە گەیشتونەتە ئێمە یارمەتی داوم کەوردتر لەجاران بیر بکەمەوە، بەم شکڵە ھەوڵمداوە ئەو کتێبانەی کەلەبارەی یاسای سیاسەت و زانستی سیاسیدا ھەیە کەڵک وەربگرم و جیایان بکەمەوە و کەمێک دوور بکەومەوە لە کاڵفامی و بیری خاو, یان وەھمی سیاسی مۆدێرن، ھەر بۆیە بەشداریم لەدامەزراندنی چەند گروھێکی سیاسی کردووە، پێشم وابووە ئەگەر رۆشنبیری بەش بەش بکەین سەرەنجام لەنێو سیاسەتدا کۆدەبنەوە، ھەڵبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ھەلومەرجەبوو کە سۆڤیەت لەئارادا بوو کێبەرکێی دوو سیستمی سیاسی و دوو جەمسەری ژیانی سیاسی لەنێو کۆمەڵگەکاندا،ئەو باوەی وەرگرتبوو، ئەوکات گەنج لەنێو گروھەکانی کۆمەڵە و مارکسیەکان پەیوەندیان دەگرت و منیش یەکێک بووم لەوکەسانەی بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئیدیۆلۆژیا دەقەکانی مارکسم و ئەنگڵس و بیرمەندەکانی دیکەم دەخوێندەوە و ئیلھامم لێوەردەگرتن، ئەمەش بەو پێوەدانگەی کە لەبیری ئەرستۆ و دواتریش ماکیاڤیلی و کانت ھەبوو، چونکە بۆم دەرکەوت کە دوو ئاراستەی فکری ھەیە لەسیاسەتدا، فکری ماکیاڤیللی یە بەپێی ئەخلاقی کار ناکات، ھەرچی فکری کانتی یە کە بریتییە لەپەیوەست بوون بە ئەخلاقەوە، بۆیە ئەوەی ئەو دوو بیرمەندە لەیەکتر جودا دەکاتەوە، تەنھا چەمکی ئەخلاقە لەسیاسەتدا، بەھەرحاڵ بیری پۆستمۆدێرنە ئەگەرچی کاریگەری لەسەر من نەبووە، بەڵام بەخوێندنەوەی قوتابخانەی فرانکفۆرت و پاش فراکفۆرتییەکان و ھاتنی رەوتی فکری لەلایەن ئالان تۆرین و ئالان بادیۆ و پیتەر برۆکەر و ھتد،تەواو بەم بیرمەندە مۆدێرنانەوە سەرقاڵ بووم، تاکو تێبگەم بەدیماگۆجیەت قسە نەکەم، چونکە ئەم زاراوەیە لەساڵانی ھەشتاکان و نەوەدەکان زۆر باو بوو، بەتایبەتی بە مارکسییەکانیان دەگوت خاوەن بیری دیماگۆجی، منیش ھەوڵمداوە ئەوە بزانم بۆچی سیاسەت و سیستمەکان ھەوڵی ریفۆرم دەدەن و کەڵک لەبیری ئینتەرناسیۆنالیستی وەردەگرن، تاکو منیش لەرووی فکرییەوە کەڵک لەوە وەربگرم لەدوالیزمەکان کە بیرمەند و پێغەمبەرەکانی مێژووی کۆمەڵگەی بەشەری و بیر لەوانە بکەمەوە، لەوە تێگەیشتم کە رۆشنبیری کەڵەکەبوونی مەعریفە و ترادسیۆنەکانی کۆمەڵگە بووە لەمێژودا.
ھەموو چەمکانەی لەسەرەوە باسم کردن، ھەمیشە کاریگەریان لەسەرم داناوە و لەگەڵمدا ھاتوون و گەشەی کردووە, بەڵام سەر بەیەک قۆتابخانەی بیرکردنەوە بوومە و لەدڵەڕاوکێدا نەژیاوم، ئەویش بیری ماتریالیزمییە، ئەوەش کەبەدەوری ئارەزووەکانی خۆمەوە نەبووم و خەریکی بیرکردنەوە بووم لەسیاسەت مەنفەعەتی گشتیم زیاتر لەبەرچاو دەگرت، لەوەی مەنفەعەتی خۆم لەبەرچاو بگرم کەئێستاش وەھا بیردەکەمەوە, سەرەتای گەنجێتیشم ھاوڕێکانم ھاندەدا کە دەسەڵاتەکان ئەوەیان دەوێت گەنج روو لەسیاسەت نەکەن و ھەرزەکارانە ھەڵبسوڕێت, ئەمە لەسیاسەتی بەعسدا بەرۆشنی دەرکەوتبوو و ھەوڵی دەدا ھەرچی زیاتر گەنج لەسیاسەت دوور بخاتەوە بەبیانووی ئەوەی بەدەوری ئارەزووەکانی خۆیانەوە بن نەک سیاسەت، ئێستاش دەسەڵاتەکانی دونیا ھەمان بیرکردنەوەیان ھەیە و پشتگیری لەو بیرۆکەیەدەکرێت لەنێو بەناو رۆشنبیراندا، یان بە بیری لۆکاڵی و وەرزش و تەکنۆلۆژیای نوێ و بە فیلمی ئاکشن و ھتد خەریکیان دەکەن.


پرسیار: باشە بەوپێیەی تەمەنێکت لەناو ھزر و سیاسەتدا گوزەراندووە و دەکرێ بڵێین ھەر بەو ھۆیەشەوە ناوبانگتان پەیداکردووە، دەمەوێ بپرسم دوای ھاتنی مۆدێرنە پەیوەندیی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفە چووە چ ئاستێکەوەو تا چەند لە خزمەتی یەکتر بوون؟


سمکۆ محەمەد: بائەوە لەبیر نەکەین کە لەبەردەمماندا مێژوویەک ھەیە پێمان دەڵێت" لەھەر سەردەمێک و قۆناغێکدا شێوەیەک مامەڵە کراوە لەتەک ئینساندا"مەبەستم لەقۆناغە یەک لەدوای یەکەکانە، کەڵک وەرگرتن لەم نەسیحەتە فکرییە لەوێدایە کە قۆناغەکانی کۆمەڵگەی بەشەری راستییەکی ھاشا ھەڵنەگرە، قۆناغەکانی دایک سالاری و کۆیلەیەتی و فیودالیزم و دواتریش لەکێبەرکێیەکی بەردەوامدا ھاتنی سیستمی سەرمایەداری و ئێستاش سیستمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری بەردەوامی بەم شێوە سیاسەتە داوە. بەڵام ئەوەی کە(فۆکۆ یاما) باسی لێوە دەکات و دەڵێت" مێژوو کۆتایی پێھات" لەراستیدا ئەم موناقەشەیە ھێگڵ لەسەردەمی خۆیدا کردی و پاشان مارکس ھات و رەخنەی لەو دیالیکتیکە گرت و گوتی" ئێمە کەڵکمان لەدیالیکتیکی ھێگڵ وەرگرت، بەڵام ئەو میتۆدە لەسەر سەر راوەستابوو، ئێمە ھاتین لەسەر پێی خۆی رامانوەستان"، دواتر لەسەر فەلسەفەی سیاسی قسەیەکی دیکە دەکات و دەڵێ" ئێمە کارمان ئەوەیە دیالیکتیک بیخەینە سەر پێی خۆی کە ئەمە کاری فەلسەفەیە و پێشتر فەلسەفە ئەم وەزیفەیەی وەرنەگرتبوو، بۆیە ئێمە ئەوەمان زیاد کرد کەفەلسەفە کاری گۆڕینی واقیعی ژیانە، نەک وێناکردنی کارەکانی رابردوو"، ھەر وەک ئەوەی بۆ سەلماندنی بیانووەکەی گوتی" مێژوو لەسەر پشتی رابردووەکان راوەستاوە" ئەمانە وتەی فەلسەفی مارکسن و ھیچ رۆشنبیرێک ناتوانێ نکوڵی لێبکات و کەڵکیشی لێوەرگیراوە، جگە لەوەش فۆکۆ یاما مردنی مرۆڤی لەفەلسەفەی نیچەوە وەرگرتووە و ھەڵاوگێڕی کردۆتەوە،جگە لەمانە شتێکی نوێی نەگووتوە، ئەلێرەوە تێزەکەی فۆکۆیاما ھەڵدەوشێتەوەو ناتوانێ جێکەوتە بێت، بۆیە من ئەو پێشەکیەم ھێنایەوە بۆ دوالیزمییەتی ریفۆرم یان توندوتیژی، لەبەر ئەوەی ئیدیۆلۆژیاش لەو سەروبەندەدا کە پێشتر کار بەئایدیۆلۆژیا دەکرا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، خراپ کەڵکی لەفەلسەفە وەرگرتووە و کردوویەتی بەجۆرێک لەئایین، ھەر بۆیە من لەو بڕوایەدام ئەگەر ھەموو دونیا بەپێی فەلسەفەش ریفۆرم بکات و بەفەلسەفە سیاسەت بکات، بەپێچەوانەوە چەوسانەوە کۆتایی پێ نایەت، بەشێکیشی ئەو ئیشکالیاتەیە کە مرۆڤی ناچار کردووە و پاشان پاشگەز بێتەوە لێی، مادام ئێمە لەبەردەم مەوقیعەتێکی سێ جەمسەرین واتە (پێش رووداو، کاتی روداوو، پاش رووداو)، کەواتە دانانی ئەم زەمەنە ئەزموونمان بۆ دەکاتە سەنگی مەحەک،لێرەوەیە نیازمان بەلێکۆڵینەوەیەکی سیاسییە کە لەقوتابخانەی ماتریالیستی دیالیکتیکدا زیاتر کاری لەسەر کراوە و رۆشنتر کراوەتەوە، ھەر لەوەی کە ئەم بیرە پێ لەسەر ھیومانیزم دادەگرێت، واتە جێکەوتەکردنی بیری مرۆڤدۆستی لەبەرامبەر مەرگدۆستی، ئەمەیە فەلسەفە و فکر ئەگەر خۆ کوشتنیش ھەڵبژێرن، ناھەقی نییە، چونکە بەردەوام کردنی ململانێ لەگەڵ ھێزی گەورەتر لەمرۆڤ، ستایلێکی تری خۆکوشتنە،ئەمە بەرمەبنای فکری مارکسە کە موناقەشەی ئینترۆپۆلۆژیا و کۆمەڵناسی کردووە لەسەردەمی ئەبیقۆرسەوە تاھاتنی تێزی نوێ بۆناو کایەی سیاسەت، لەوێوە تێدەگەین کە دابەشبوونی ئینسان بەسەر کۆمەڵگەی جیاواز و نەتەوە و مەزھەبی جیاوازدا، یان ئەو نەریتەی لەپەیوەەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا ھەیە، یان ئەوەی مرۆڤ ھەمیشە لەگەڵ سرووشتدا ململانێ دەکات، یان ھەوڵی بێھودەی ئینسان و رزگاربوون لەمەرگ، بەشێک لەو موناقەشانەیە کەھەمیشە لەنێو فکردا جێگەیان دەبێتە وە و کۆتاییان پێنایەت، ھەموو ئەمانە ئایدیۆلۆژیا سنووری بۆدانا و فکری لەو بابەتانە قەتیس کرد،ئەمە جگە لەوەی فکری موزەیەف ئەو دونیابینیانە دەیگۆڕێت بەئاراستەیەکی دیکەدا دەیبات، ئەگەر خوێنەر ھۆشیار نەبێت ئەو کێشانە دەدۆزێتەوە کە ئایدیۆلۆژیا چ زیانێکی گەیاندووە، ئەمەش مێژوو لەگەڵ خۆیدا باریھێناوە.
بۆیە کەس ناتوانێ (ئیتنیک، مەزھەب، ترادیسیۆن) بەگشتی لەبیری ئینساندا وەدەرنێت، کەوابوو مێژوو شتەکان و دیاردە جیاوازەکان دیاری دەکات، ئەو بەش بەش کردنەی ئینسانیش راستییەکی ھاشا ھەڵنەگرە، ئەگەرچی ھیگڵ مێژوو وەھا پێناسە دەکات و بەکوڕی زەمەنەکەی خۆی لەقەڵەمدەدات، بەڵام لەشوێنێکی تردا دەڵێت "ئەوەی کە لێوەی فێر نابین خودی مێژوو خۆیەتی" بەڵام مارکس ئەم ئیشکالیاتەی لەبیری ئینساندا رزگار کرد و وەڵامی پێدایەوە و دواتر حەتمیەتی بۆدانا، من پێموایە یەکێکە لەئیشکالیاتە فەلسەفیەکانی مارکس بۆمێژوو لەوەی مەرگ بۆ سەرمایەداری دەداتە دەست خودی سیستمەکە خۆی کە ئێستا ئیتر دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک زیاتر وەھا دەرنەچوو، ئەو لێرە کە باس لەبیری سۆسیالیزم دەکات بەوە گرێیدەدات کەنەھێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و چینایەتی سەرەتا لە نەھێشتنی نەتەوەی سەردەست بەسەر نەتەوەی ژێر دەستەوە ھەڵدەوەشێنێتەوە و ترادیشنەکان وەکو خۆی تەماشا دەکات کە ھەندێ لەبیرمەندان خراپ کەڵکیان لەکۆمۆنیزم وەرگرتووە, گوایە مارکسیزم و سۆسیالیزم دژی نەتەوەخوازیە کە بەبڕوای من پێچەوانەکەی راستە، ئەگەر ئەو باسەی ئێستا دونیای سەرقاڵ کردووە و ناوی کۆڤید ١٩ یە، گرێی بدەم بە ستایلێکی تری کۆمۆنیزم کە دەستکردی خودی سەرمایەدارییە، ھەڵەنیم، چونکە ئەو حەتمییەتەی کە مارکس و مارکسییەکان باسیان دەکرد، ئێستا سەرمایەداری ھاوچەرخ خەریکە خۆی پراکتیکی دەکات بەسەر گرووپە بچووکەکانی خوار خۆیەوە، بۆ ئەوەی تەمەنی درێژبێت و بمێنێتەوە وەکو تارمایی، ھەڵبەتە ئەمە پێویستی بە ئارگۆمێنتی نوێ ھەیە تاکو وڵامی پرسیارەکەی دوای ئەمە بدرێتەوە بۆچی خۆی خۆی دەکوژێت، بەوپێیەی کە سەردەمی ئێستا، سەردەمی ئارگۆمێنتە بۆ ئاشکراکردنی تەکتیکی سیاسی پۆست سەرمایەداری ھاوچەرخ.


پرسیار: وتەیەکی دینیس دیدیرۆ ھەیە کە دەڵێت" پێشتر و نەبووە فەیلەسوفێک پیاوێکی ئاینی بکوژێت لەکاتێکدا پیاوانی ئاینی زۆرێک لە فەیلەسوفانیان کوشتووە، ئایا لەمڕوانگەیەوە ئایدۆلۆژیا بیرۆکەیەکی بکوژە یان لەکۆتاییدا پاڵنەرە بۆ کوشتن، لەکاتێکدا فەلسەفە بیرۆکەیەکی خۆشەویست و ئاشتی ئامێز بووە؟

 
سمکۆ محەمەد: بەرلەوەی باس لە ئایدیۆلۆژیا بکەین، دەبێ باس لەرۆشنگەری و قبوڵکردنی جیاوازی بکەین، چونکە سیستمی کەنیسە و قەشەسازی لە رۆژئاوا، تەنھا ئایدیۆلۆژیا نەبوو، بەڵکو سیستمی سیاسی بوو، بەوپێیەی جگە لەقەبوڵ نەکردنی ئایینەکانی تر و کەلتوورەکانی تر، تەواو فەزای سیاسی و فەرھەنگیشی خنکاندبوو، دیدرۆ یەکێک لەو بیرمەندانە بوو کە لەھەوڵی دەقشاکاندنی ئەو سیستمە و ئەو بیرکردنەوەیە بوو کە بە دیماگۆجییەت ناسرابوو، واتە تاک بیری و بیرتەسکی و بیری بەستوو، ھەڵبەت ئەم دیاردەیە دواتر بەیەکێک لەنەخۆشیە سایکۆلۆژییەکان لەقەڵەمدرا، بەھاتنی سەدەی ھەژدە، ئیدی رۆشنگەری گەشەی سەند، پێشڕەوانی ئەم بوارەش بریتی بوون لە ڤۆڵتێر و جان جاک رۆسۆ کە رەوتی رۆمانسیزمیان بەئایینەوە گرێدەدا، بەلایەنی کەمەوە جێپەنجەیان بەسەر گۆڕینی عەقڵی کەنیسەوە دانا، لەوانەش بەرھەمە ناسراوەکەی رۆسۆ بەناو پەیمانی کۆمەڵایەتی بوو، ئەمە بەشێکی لەژێر کاریگەری دینیس دیدرۆ بوو، بەڵام دیدرۆ ھەتا لەژیاندا مابوو بەھۆی توندوتیژی دەسەڵاتی کەنیسەوە کە کوشتنی فەلسەفە یەکێک بوو لەو ئەرکانە، ھیچ کتێبێکی بەچاپ نەگەیاند، تەنھا ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لەبارەی ئایین و ئیلحاد و ماتریالیزمەوە قسەی لەسەر دەکرد، لەوانەش موناقەشەکردن بوو لەسەر سیستمی پاشایەتی و کەنیسە و کەسایەتی مارشاڵ ی ئەو سەردەمە، چونکە فەرانسە لەکاتی خۆیدا سیستمەکەی پاشایەتی بوو، ئەمەش بەوھۆیەوە بوو کە سیستمەکە بەرادەیەک گوتاری زاڵ کردبوو، تائەو ئەندازەیەی کە لەژیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیشدا رەنگیدابۆوە، ھەڵبەت ئەمە دوای مردنی کاریگەری ھەبوو بۆ سەر رۆشنگەرەکان، بەڵام دەبێ ئەوەشمان بیرنەچێت کە ئایدیۆلۆژیا بەشێکی تر بوو لەکێشەی رۆشنگەری، بەوپێیەی ھەتا کاتی دابڕانی فەلسەفی دوای کارڵ مارکس، ئایدیۆلۆژیا یەکێک لەرێگرییەکانی بەردەم فەلسەفە بوو، بێگومان لێرەوە رەخنەی راستەقینە و دیالیکتیکی دەستیپێکرد، چونکە ھەموو ئەو بیرۆکانەی بۆ دەربازبوون لە میحنەتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ھەبوون، ھیچیان دابڕانی راستەقینە و بێ کەموکوڕی نەبوون بە فیورباخیشەوە کە دانەری فکری ماتریالیستیە، بەھیگڵیشەوە کە دانەری دیالیکتیکە، بۆیە قسە لەسەر رەخنە دەکەم وەکو ئەوەی پێشووتر باسمان کردووە، چونکە دەرکەوت بەبێ رەخنە ھیچ سیستمێک ناتوانێ ژیانی سیاسی ئاسایی وەربگرێت، یان ھیچ نەبێ جیاوازی و قەبوڵکردنی ئەویتر وەکو واقیع تەماشا بکات، لەراستیدا مەسەلەکە تەنھا ئایین نییە، بەڵکو ئیدیۆلۆژیای توندئاژوو، لەئایین خراپتر و دوژمنکارانەتر مامەڵەیان کردووە لەگەڵ فەیلەسوفەکان و بیرمەندەکان، چونکە ئەوان ھەرزی فکری و فەلسەفە و ماتماتیکیان نەدەکرد، بۆ نموونە ئەم نەریتە درێژەپێدەری قەناعەتی دەسەڵاتێک بوو لەیۆنانەوە سەرچاوە گرتبوو، ئیدی ئەو سیستمە تاکو شکستی ھێنا یان تاھاتنی مارتن لۆسە کە ریفۆرمی ئایینی کرد، دەیان کەسی وەکو سوقرات و گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس و گرامشی و ترۆتسکی و دواتریش حەللاج و سوھرەوەردی و ھتد ھاڕی. ئەمانە تەنھا جیاوازی فکرییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و فکری ھەبوو، ئەگەرنا خەتاکە تاوان نەبوو بەڵکو فکری نوێ بو لەدژی سیستمی ئایینی و کەنیسە، بۆیە لەشوێنێکی دیکە ئەگەر بەرگریکردن نەبێ لە ئایدیالیزمی کۆنەپەرستانە، ئایدیۆلۆژیا بەتەنھا چەمکێکی نەرێنی نەبووە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیا بەشێک بوو لەو ھۆکارانەی کە زەمینەی بۆ کرانەوە سازکرد.


پرسیار: بەدەر لەم گفتوگۆیە، دیدی ئێوە لەبەشەکانی پێشووتر، وادەردەکەوێت لەگەڵ تەوژمە فکرییە مۆدێرنەکاندا گرفتت ھەبێ، دەپرسم روانینتان بۆ نەزمی نوێ چۆنە کە بەگڵۆبالیزە ناوزەد دەکرێت. ئایا ئەم چەمکە لەکوێی ھزری رامیاریدا خۆی دەبینێتەوە، یان روونتر بڵێم تا چەند نوێیە لە ھزری رامیاریدا؟


سمکۆ محەمەد: ئەگەر تەماشای فکری سیاسی بکەین لەسەر دەستی بیرمەندانی سەدەی نۆزدە ھاتۆتە ئاراوە، پێشتریش وەکو باسم کرد لەسەر دەستی بیرمەندی پێشەوای رۆشنگەری بووە کە ھەم کاری دابەشکردووە و ھەم گۆڕینی شوێنی ئینسانی گۆڕی لەگوندی بێ ئاگاوە بۆ شاری فراوان و پێشکەوتوو، بۆ نموونە گەشەی تەکنۆلۆژیای سەرەتایی و تەلارسازی و شێوەی خوێندن و کەرەستەی نێوماڵ و بیرکردنەوە بەڕووی دونیادا بەشێوەی فراوان و ھتد، دواتر کانت و پاشان ھیگڵ قسەیان لەسەر کردووە, دواتر مارکس لەمانیفێستدا ئاماژەی پێداوە ئەو دەڵێت" وەختێک دێت سیستمی سەرمایەداری ھێند پڕ دەبێت بەناچار سەرمایەگوزاری دەخاتە دەرەوەی جوگرافیاکەی خۆی و ئێق دەکاتەوە" ئەمە رێک ئەو مانایەمان دەداتێ، ھەروەک ئەوەی بەشێک لەناوەڕۆکی گڵۆبالیزەیشن پێناسە دەکات و جۆرێک لە پێشبینی بوو، گەشەی تەکنۆلۆژیا و بازاڕ و گۆڕینی چەمکەکانە بەئاراستەیەکی دیکەدا کە دیسان بازاڕی فکرییە و کۆمەک بەبازاڕی ئابوری دەکات و لەوێشەوە بازاڕی سیاسەت، بەڵام ئێستا لەچەمکێکدا بچوک کراوەتەوە.
ئەوەتا دەوڵەتانی جیھان کۆمپانیاکانی خۆیان لەدەرەوەی خۆیان کار پێدەکەن، نموونەش بەگەڕخستنی تەکنۆلۆژیا سەربازی ئێرانە کە لەلایەن وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیاوە بەدەستیھێناوە وەکو یابان و چین و کۆریاو ئەڵمان و ھتد. ھەرچی ئەوروپایە کۆمپانیاکانی خۆیان دەفرۆشتەوە بەدەوڵەتانی بێبەرھەمی وەکو تایڵاند و تایوان و مالیزیا و نیپاڵ و تورکیا و کەندا و ھتد. ئامریکا لەوڵاتانی تازە پێگەیشتووی وەکو لیتوانیا و ئەرمینیا و ئۆزبەکستان و ھتد، ئەم رەوشە لەبازاڕ کە بەشێکە لەگڵۆبالیزەکردنی جیھان لەکەندەدا و ئەمریکای لاتینش ھەیە، بۆ نموونە کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان بەناوی نەتەوەی وەھاوە دەکرا کە کەمترین کەسیان ماوە، تەنانەت ترادیسیۆنە رەسەنەکانی خۆشیان بیرچۆتەوە کەچی زیندو دەکرێنەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا نەتەوەکانی تر پشت گوێ دەخرێن، ئەم مۆدێلە لەسیستمی بەناو بازاڕی ئازاد لەگڵۆبالیزەکردنی دونیاوە سەرچاوەیگرتبوو، ئەمەش جۆرێکی تری جەنگی بازاڕ بوو کەلەھاتنی سیحرێک دەچێ،سەرلەھەڵدانی تەکنۆلۆژیای نوێ و زیرەک و ھاتنی چەمکی نوێ بۆ ناو سیاسەت و بەرقەرارکردنی مۆدێلێکی نوێ بۆ داگیرکاری وڵاتان لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا، بەھەماھەنگی کردنی ھێزە نێودەوڵەتییەکانی تری ئەوروپا و شەرعیەتدان بەو مۆدێلە سیاسییە بەناوی جیھانگەراییەوە. خواردنی سامانی نەتەوەکانی تر و بێ بەھاکردنی بەھا ئینسانیەکان و تێکەڵکردنی ترادیشنەکان و پێکھێنانی دەوڵەتی کۆمەڵگەکان و نەھێشتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی سەلمێنەری ئەو راستیەن، ئەمە خراپتر بوو لەجەنگی دووھەمی جیھانی کە بەرھەمی مۆدێرنە بوو، ھەروەک ھانا ئارێنت لەکتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) باسی دەکات، من پێموایە ئێستا ئیتر جارێکی تر سەردەمی کۆیلەیەتی گەڕاوەتەوە، بەڵام لەفۆڕمێکی تردا، بۆ نموونە ئەگەر لەسەردەمی فەراعینەکاندا و لەسەردەمی یۆنانی و رۆمەکاندا, کۆیلە دەبوایە ھاوڕەگەزەکەی خۆی بکوژێت تاکو ئازاد بێت و کاری سەپێنراوی بەزۆری پێنەکرێت، ئێستاش ئینسان بەناچار لەبەر ئەوەی ئابوری سنوردار کراوە لێی، ئاوھاش کاتی بۆ سنوردار کراوە و بەشێوەیەک لەشێوەکان کۆیلەی بازاڕ و سیستمی ئێستایە کە لەتەلەفونی ئایفۆن و گالاکسی و لە تیپی تۆپی پێ لەنێوان بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید و تیپەکانی دیکەی ئینگڵستان و ئیتاڵیا و ئاڵمان و ھتد، بۆیە دانیپێدا بنێین یان نا، جۆرێکی تری کۆیلەیەتی گەڕاوەتەوە، ئەوەش کە پێی دەڵێن مافی مرۆڤ، ئەم سیاسەتەی کە لەمەحفەلی سیاسیدا بۆتە باو، جۆرێک لە دووفاقیەتی سیاسییە کەئەمریکا و بەریتانیا سەرقافڵەکەین، ئەمەش یەک ستراتیژی ھەیە کە ھەرچی ھەیە بەنەفعی سیاسی و ئابوری ئامریکا و وڵاتانی زلھێز دەگەڕێتەوە کە چاویان بڕیوەتە رۆژھەڵات کۆتایی پێبێت، ئەمانە بەشێکن لەو فەزا فکرییەی کەمن لەگەڵیدا کۆک نیم و جێگەی رەخنەی منە، بەڵام چەند رەواجی ھەیە و چەند لەکاتی ئێستا وەردەگیرێ ئەوە شتێکی ترە، بەڵام فکری کۆنکریتیی نییە وەکو ئەوەی لەشکڵی تەشییر ھەوڵی ناوزڕاندنی ئەو جۆرە جیھانبینیە دەدرێ.


پرسیار: پێشتر باسی فۆکۆ یامات کرد و بەشێوەیەک جوابی تێزەکەییت داوەتەوە، ئەی سەبارەت بەتێزی سامۆئیل ھینتگتن کە پێیوایە ئەم چەرخە چەرخی پێکدادانی شارستانیەتەکانە، ئایا ئەمە مانای جەنگی گروپە بچووکەکانی کۆمەڵگەی بەشەرییە وەکو ھەندێک دیمەنی ئەو سیناریۆیەمان لە بۆرما و یەمەن و عێراق و ھتد بینی؟.


سمکۆ محەمەد: ھەڵبەت ھینتگتۆن یەکەم جار ئەم بابەتەی لە گۆڤارێکی ئامریکی بڵاوکردەوە کە ناوی Forn avearz، ئەمە رەتدانەوەی تێزەکەی فۆکۆ یاما بوو، باس لەبەردەوامبوونی جەنگی سارد دەکات گوایە کۆتایی پێنەھاتووە، ئەم جەنگە دەبێتە ھۆکارێک لەنێوان نەتەوە و دەوڵەتە بچووکەکان، دواجار باو بوو بخوێنرێتەوە شتێکی تازەیە ھاتووە، بۆیە من ئەم تێزەم لەپەنا تێزەکەی فۆکۆ بەتەواوی خوێندۆتەوەو لەکێشەی فکرەکانیش تێگەیشتم مەبەست لەم ئامانجە چییە و ئەم پێشبینییە نالۆژیکیە چییە، ئەوکاتیش ھەردوو بیرۆکەکە بەوەھمی فکری سیاسیم داناوە و نووسینم ھەیە لەسەری و لەمیدیای ئەوکات بڵاوکراوەتەوە، چونکە بەبڕوای من ھەردووکیان بەیەک تێڕوانین تەماشای دونیایان دەکرد.
د.فوئاد مورسی کتێبێکی ھەیە بەناونیشانی (الراسمالیة تجدد نفسھا) ئەو پێش ئەوان کتێبەکەی نووسیوە و پێش ئەوانیش وەڵامی ئەو ئیشکالیاتانەی داوەتەوە کە پێشبینی وەھا دەکرا، لەتێزەکەیدا کە (دار عالم المعرفة) بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ" سەرمایە بەھۆکار بەردەوامبوونی گەشەی ئابوری و تەکنۆلۆژی و نوێکردنەوەی ھێزی بەرھەمھێن، جارێکی تر پەیکەرەی ئابوری خۆی دەگۆڕێت و دایدەڕێژێتەوە، ھەروەھا لەگەڵ ھەموو ئایدیایەکدا دەتوانێ خۆی بگونجێنێت و کەڵکی لێوەربگرێت، دەتوانێ ئینسان شەیدای شتێکی سیحراوی بکات کە ئەویش پارەیە، بۆیە دەتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە، ھەروەھا لەقوڵایی خۆیدا بیردەکاتەوە و ئەلتەرناتیڤی بۆ ھەموو حاڵەت و دیاردە و کێشە و گرێکانی بەردەمی پێیە، دەشتوانێ دژەکانی خۆی لەناو ببات، چونکە بەتاک جەمسەری ماوەتەوە ئەم سیستمە، کەوابوو تێڕوانینەکانی د.فوئاد لەبەرامبەر ھەردوو تێزەکەی فۆکۆ و ھینتگتن، بیرۆکەکەی نوێبوونەوەی سەرمایەداری، تەنانەت لەلای چەپەکانیش جێکەوتە بوو، کەوابوو ھەر ئەو ئامانجە بوو کە ھەوڵیاندا تێزەکانیان کە بۆیان نووسرابوو، خوێنەر بەیەک ئاراستەدا ببەن، سەرەنجام خەڵکیان تووشی وەھمی تێگەیشتن کرد لەم چەرخەی ئێستا کە ھەر زوو رەوایەوە.
لەگەرمەی پرسی بزووتنەوەی تەبشیریدا کە لەناوچەکە زۆر چالاک ببوون و خەڵکێکی زۆر بەھۆی ھەڵڕژانی پارەوە ببوون بە کریستیانی، لەساڵی ١٩٩٧ ستیڤن کە راوێژکاری فەرھەنگی دەسەڵاتدارێتی ئەوکاتی بێل کلنتۆن بوو، لەھۆتێل تاوەری ھەولێر دابەزی بوو، بەسوتفە بینیم و لەرێگەی موتەرجمێکەوە، موناقەشەی ئەوەم لەگەڵ کرد تۆ وەک بەرپرسی یەکەمی ئەم بزوتنەوەیە پێتوایە لەکوردستانێک کە زۆرترینیان موسڵمانن، دەتوانن رێگە خۆشبکەن بۆ ئەوەی خەڵک ببێتە مەسیحی یان ئەمە سەرھەڵدانەوە و وەبیر ھێنانەوەی دەقی تەوراتە لەکۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردستان و ھێنانەوەی جولەکەیە لەشوێنێک کە پێشتر تیا ژیاون و یادەوەریان جێھێشتووە و رەنگە موڵکیشیان ھەبێت، ئەو ئینکاری ئەو رایەی منی کرد و گوتی" تەبشیریەت تەنھا خوداناسییە و ھیچی تر لەرێگەی ئینجیلەوە" ھەروەھا پرسیاری ئەوەم کرد ئایا ئەو تێزەی ھینتگتن سەردەگرێت کە گوایە چەرخی پێکدادانی شارستانییەتەکانە، ئایا بە مەسیحی بوونی کوردی موسڵمان ململانێی شارستانی درووست نابێ، وەڵامەکەی زۆر بە سادەیی و نەخێربوو، لەو موناقەشەیە بۆم دەرکەوت کە ئەو تێزەش تەنھا سەرقاڵکردنی خەڵکە و ھیچی تر،بۆم دەرکەوت دیسان نەخشەیەکی نوێ ھەیە بۆ ھەڵوەشانەوە ولێکترازانی شیرازەی کۆمەڵگەو لەپیرۆز دەرکردنی شتە پیرۆزەکانی ئەو کۆمەڵگەیانەی ژێردەست و خاوەن دەوڵەت نیین.
بەبڕوای من ئەوەی ئێستا ھەیە ململانێی شارستانیەتەکان نییە، بەڵکو کاڵکردنەوەی ترادیشنە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە و تاڕادەیەکیش بێ بەھاکردنییەتی، ھەروەک چۆن زۆربەی شتەکانی دیکە بە بوونی ئینسانیشەوە بێبەھا کراون لەبەرامبەر پارەدا، بۆ نموونە خۆئێستا لەئەوروپا زیاتر لەترادیشنێک و مەزھەبێک و ئایینێک و ئیتنێک پێکەوە دەژین. ئەگەر بەقسەی ھینتگتن بوایە دەبوو ململانێکە لەئەوروپاوە دەست پێبکات. ئەم تێزە جێگیر نەبوو، تەنھا مەسجێکی سیاسی بوو ئەگەر کاری پێکرا، دەبێ خاوەن ترادیشنە توندڕەوەکان خۆیان ئامادە بکەن، وەکو ئەوەی لەعێڕاق و سوریا و لیبیا و یەمەن و بۆرما و بەشێک لە سودان درووست بوو بەڵام دواتر ئەم دیاردەیە لەگەڵ گواستنەوەی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی سیستمی سەرمایەداری و جێگیربوونی لە ئاستێکدا، سیناریۆکە بەرەو کۆتایی دەچێت.


پرسیار: کەوابوو مرۆڤ بەپێی بیرکردنەوەی نوێ، لەوە دڵنیابێت کە ئەو تێزانەی باس کران، بۆ نموونە جیھانگەرایی ھەموو شتێک ھەڵدەلوشێت، یان ھیچ کولتوورێک لەجێگەی خۆی نامێنێ، مادام لە رۆژئاوا فرە کولتوورین؟


سمکۆ محەمەد: دەبێ کەمێک رابمێنین لەبەردەم ئەم دۆخەی کە پاشماوەی سەرمایەداری کلاسیکی و جیھانگەراییە، دواتر دەرکەوت جیھانگەرایی واتە العولمە، ئەمرکە بوو، بۆچی؟، لەبەر ئەوەی بابەتەکە تاک رەھەند نییە، بەڵکو فرە رەھەندە، ململانێکانی کۆن چەند دژواربوون، جەنگەکان چەند قورس بوون، کۆڵۆنیالیزم چەند غەدار بوو، ھیچیان نەیانتوانی بەسەر سرووشتی مرۆڤدا زاڵبن و ماکی ھۆشیاری لەرێگەی پراکتیککردنی تێزێکەوە کۆتایی بە ئینسان بھێنرێت، بۆ نموونە سەرھەڵدانی پڕۆژەی (طات) لەساڵی ١٩٩٤ و دوای نەمانی بلۆکی سۆڤیەتی کۆن دەستبەکار بوو، ھەڵبەتە ئەم پڕۆژەیە کورتکراوەی رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی گۆمرگ و بازرگانی یە، ئەویش دوای جەنگی سارد بوو کە کار بۆ ئەوە دەکرا بازرگانی ئازاد بێ، نابێ رێگری لەبەردەم بازرگانی نێودەوڵەتی بکرێ و ھەموو کارەکانی دەوڵەتان لەرێگەی رێکەوتنەوە بێت، ئەمە بۆ ئەوەبوو کە ئینسان سەرقاڵ بکرێ بە بازرگانی ھێنان و ھاوردەی کەلوپەل و شمەکی دەوڵەتانی زلھێزەوە، تاکو خۆیان لەبیربچێت کە تێکەڵ بوون بەو فەزا بازرگانییە، لە سیفەی ئینسانییەت دادەبڕێن و دەبن بە کاڵا وەکو کاڵای پێویست، بۆ نموونە قاچاخچێتی بە ئینسانەوە بوو بە کارێکی ئاسایی و بەبەرچاوی دەوڵەتانەوە کە باسیان لە مافی مرۆڤ دەکرد، ھەروەھا کارێک کرا کە ئینسان و دەوڵەتە بێھێزەکان بچنە ژێر ھەژموونی قەرزەکانی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە، تاکو بۆ ھەتاھەتاییە تاک و کۆی ولاتەکە و سیستمەکە و قەوارەکەش، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو سیستمە ئابورییە بن، ئەمە دکتۆر (سەمیر ئەمین) لە کتێبی (فی مواجھة ازمة عصرنا) باسی کردووە، ھەڵبەتە بیرمان نەچێت رۆشنبیری باویش لەو سەردەمەدا وەکو تەوژمێکی ناکامڵ ھاتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای رۆژھەڵات و بەشێکی زۆری ئاسیا، ھەموو بیرکردنەوەیەکی ھونەری و ئەدەبی و فەرھەنگی بەگشتی، کەوتنە ژێر ئەو ھەژموونە فکرییە و ئینسان لەبیرکرا، بەڵام ئەوەی کە دەسەڵاتیان بەسەریدا نەشکا، ئەوەبوو کە نەتوانرا جەوھەری ئینسان بگۆڕن تەنھا فۆڕمەکەیان گۆڕی، ئەوەی کە مایەوە ئینکاری ئینسان بوو لەوەی رەخنەی لەو سیستمە نائینسانییە گرت، ئەمە بوو بەڕەوتێکی فەرھەنگی بۆ تێگەیشتن لە زانستە مرۆڤایەتییەکان، رائیدی ئەم فەرھەنگەش (جۆرج طۆسدۆرفە) کە دواتر یۆرگن ھابرماس و لەمدواییەشدا سلاڤۆی ژیژاک و پیتەر سڵۆتردایک و ئالان تۆرین و چەندی تر درێژەیان بەو رەوتە دا، ئێستاش رەخنە لەو سیستمە دەگرن کە خەریکە بەناوی عەقلانیەت و بەناوی ئازادی سیاسی و ئازادی بازرگانیەوە دژی ھەموو بەھاکانی ئینسان مامەڵە دەکەن، کەوابوو ئەو مادام جیھان شتێکی حەتمییە، دەبێ ژیانیش حەتمی بێت، کە ژیان حەتمی بوو، گۆڕینی سیستم و تیۆرە دژە بە بەھاکانی ئینسانیش تەمەنیان درێژنابێت.

__________________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک