په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٨\٢٠٢٠

زنجیرە چاوپێکەوتنێکی وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:

 

سمکۆ محەمەد: جیاوازی جگە لەوەی ململانێی چینایەتییە، گەمەی حاڵەتەکانیشە.

ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو

- بەشی چوارەم -


سمکۆ محەمەد نووسەر و روناکبیر لەم بەشەی زنجیرە چاوپێکەوتنەکەیدا دەربارەی چەمکی جیاوازی و رخنە قسەدەکات و پێی وایە، جیاوازی پشت بەعەقڵگەرایی دەبەستێت و بۆ قبوڵکردن و نەمانی فکری شمولی و کۆنکریتی بوو، بۆیە ھەر گرووپ و ئایدیایەکیش بەبێ عەقڵ ئەم چەمکە قبوڵ بکات، تەمەنی کورت دەبێت.

 

پرسیار: یەکێ لە گرفتە ھەروە گەورەکانی مرۆڤایەتی کەمی گفتوگۆی فیکریە، لەسەر بنەماکانی چەمکی رەخنە و جیاوازی، زۆر کەس ئەم تێگەیشتن و دونیابینییەیان نییە و بەپێچەوانەوە وەک مافێکی سروشتی دەبینن، بۆیە سەرەتا دەپرسم چەمکی جیاوازی چی دەگەیەنێت لەدیدی ئێوە، بۆچی جیاوازی ھەبێ؟


سمکۆ محەمەد: چەمکی جیاوازی لەبنەمادا بۆ قەبوڵکردن و نەمانی فکری شمولی و کۆنکریتی سەریھەڵدا و تیۆریزە کرا، ھەروەھا شێوەیەکیش بوو لەوڵامدانەوەی چەمکی ھەقیقەت کە ھەر ئایدیا و ئایین و فەلسەفەیەک ئەو بانگەشەیەی دەکرد، بەومانایەی جەنگێک بوو لەنێوان لۆژیک و فەلسەفەی کلاسیکی، دواتر بەفراوانبوونی دیالیکتیک کە گومانی بۆ ھەموو چەمکەکان درووستکرد و ھەقیقەتی کردە پاشکۆ، ئیدی ئەو فشارەی لەسەر فەلسەفەی ژیان ھەبوو نەیھێشت، کە بەپێی شوێن و کات سیستم و دەسەڵات و دەقە ئایینیەکان کاریگەری ھەبوو، بۆیە ھەقیقەت تەنھا لەتیۆرە فیزیایی و ماتماتیکییەکاندا مایەوە، دەنا لەژیانی رۆژانەدا ئەو ئایدیایانە قڵپ بوونەوە، ئەوەبوو سەرەتا چەمکی جیاوازی کە ئەزموون کرا، لە قبوڵ نەکردنی ئایینەکانەوە ھاتبوو بوو لەگەڵ یەکتر، ئەمە ئەزموونێکی تاڵ بوو، لەوێوە جیاوازی وەکو کۆنتڕۆڵ بۆ ھیچ ئایدیایەک ھەقیقەتی نەھێشت.
وەختێک مارتن لۆسەر ھات و بانگەشەی ناتوندوتیژی ئایینی و یەکتر قبوڵکردنی پێشکەش کرد، ئەمە بوو بەسەرەتایەک بۆ باڵانس لەنێوان کاسۆلیک و پرۆتستانتی رۆژئاوا، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە جیاوازی لەنێو فکردا ھەمیشە ئامادە بووە، دواتر لەنێو رۆشنبیریدا بووە بەستایلێک و لەنێو کایەی میدیایی و رۆژنامەگەریشدا کاری پێکرا، بۆ نموونە ململانێی نێوان لایەنە دژەکان کە نموونەی ئەنارشیزم و ریفۆڕمخوازەکانە، پڕ بایەخترین جیاوازییە ئەگەر بەپێی قسەی ماری دوگڵاس بێت کە لەکتێبی (پاکیزەیی و مەترسی) باسی ئەو شتانە دەکات کە لەجێگەی خۆیاندا ھاودژ و ناڕێکن، نەک ئەو شتانەی کە بەبڕوای ئینسان لەسرووشتدا نارێکن.
ئێمە دەتوانین زۆربەی جیاوازییەکان بگەڕێنینەوە بۆ حاڵەتە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ نموونە جیاوازی ئەگەر لەنێو گرووپە کۆمەڵایەتییە یاخیەکانی وەکو قەرەج و بوھیمیەکان وەربگرین و لەو فەزا کۆمەڵایەتییە نەبێت، لەنێو کایەی فکریدا ھەموو بەجیاوازیەوە بژین، ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە بەھای جیاوازی لەئاستی قبوڵکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و رەگەز و نەتەوە و زمان و کولتوور و ئاییندا دەردەکەوێت، بەرلەوەی جیاوازی قبوڵکردن لەدونیای دەرەوەی رۆژھەڵات ببێتە باو، گرووپە کۆمەڵایەتییە یاخیەکانی رۆژئاوا و ئامریکا، رێسا و نۆرمێکی تایبەتیان ھەبوو، ئێستا چونکە لەئاستی کۆمەڵایەتییدا جێگەی خۆیان کردووە و بەڕادەیەک جێکەوتە بوون، ئیدی کاریگەرییە نەرێنییەکە کەوتە گۆڕەپانی دەوڵەت و سیستمەوە، بۆیە ئەوانیش وەکو چۆن قەرەجەکان لەسەرتاسەری دونیا بەرێسا و یاسای خۆیان دەژین، بەھەمان ریتم لەئاستی سیستمدا گوێیان کەڕ دەکەن و بڕوایان بە سیستم و لەقاڵبدانی ئینسان نییە، رەنگە ھەر ئەمەش بێت وابکات بەچاوی نامۆوە ببینرێن و قەبوڵ نەکرێن.
لەراستیدا جیاوازی لەرێگەی عەقڵەوە مانای ھەیە نەک ئایدیایی ناکامڵ، بۆیە جیاوازی پشت بەعەقڵگەرایی دەبەستێت.
بەھەرحاڵ ئەم چەمکە بۆ قەبوڵکردن و نەمانی فکری شمولی و کۆنکریتی بوو، بۆیە پشت بە عەقڵ دەبەستێت، بۆ نموونە ھەر گرووپێک و ھەر ئایدیایەک بەبێ عەقڵ ئەم چەمکەی قبوڵ کرد، تەمەنی کورت دەبێت و ھەر کاتێک کێشەیەکی بچووک درووست بوو، ئەو جیاوازییە ھەڵدەوەشێتەوە.
دەبێ ئەوە بزانین کە جیاوازی نەسەرەتا و نەکۆتایی نییە، تیری ئیگلتن نووسەرێکی بەناوبانگی مارکسییە، پێیوایە ھەندێک شت ھەیە بۆ ئەوی بگوازرێتەوە، دەبێ قبوڵ بکرێ و جیاواز بێت، ئەمەش بۆ سەلماندنی رەسەنایەتییە، رەسەنایەتیش ھێز بەدەست ناھێنێت ئەگەر کۆپییەکی تر لەبەرامبەری نەبێ،بۆیە جیاوازی رێگەیەکی دیکەی لێکۆڵینەوەیە لە ئامادەیی شتێکی تر کە لەگەڵ خۆیدا جیاوازە و پێشوازی لە وردبینی بابەتی دەکات، بەومانایەی بەبێ وردبینی لەشتەکان، رەگوڕیشە لەعەقڵی کارێکتەرە جیاوازەکان داناکوتێت، ئەمەش بۆئەوەیە تاکو بابەتێکی دیکە ئاسان بکات، ئەمە سەرەتای چوونە نێو دونیایەکە کە نابێت ھیچ شتێک و ھیچ کولتوور و نووسین و ئایدیایەک، بەبیانووی ھەقیقەتەوە لەلایەن ئایدیایەکی ترەوە پەراوێز بخرێت، کەواتەجیاوازی ئەو واقیعیەتەیە کە دەیھەوێ ئیعتیبار بۆ ئەوانی تر بگەڕێنێتەوە، کەمن وای دەبینم جیاوازی گەمەی حاڵەتەکانە.


پرسیار: ئەی چۆن جیاوازی نەبووە کەرەستەیەک بۆ پراکتیک کردنی لەژیانی واقیعی، بۆچی ناونیشانی جیاوازی وەرگرت؟

 
سمکۆ محەمەد: تائێستا ھیچ چەمکێک نەبووە لەسەرەتای بەرھەمھێنانیەوە تاکو ئێستا، دووچاری کێشە نەبووبێت، چونکە فەلسەفە و فکر بۆخۆیان کێشەن، کێشەی ئەم جیاوازیەش وەکو ھەرکام لەچەمکەکانی تر لەسایەی بازاڕی سیاسەت و سەرھەڵدانی رەوتی توندڕەوی تیرۆریستی خراپ پراکتیتک کراوە، بۆیە پراکتیک کردنەکەشی ریتمی جیاوازی وەرگرت، ئەو نووسەرانەش کە پشتگیری ئەو رەوتە بوون بەبێ ئارگومێنتی توندوتۆڵ، لەبری ئەوەی بەئەرێنی خۆیان بەرھەمبھێننەوە و ئەویتر لەبەرامبەر یەکتر قەبوڵ بکەن، بەپێچەوانەوە لەژێر عینوانی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیرکردنەوەی جیاواز، گورزێکی کوشندەیان لەو فەرھەنگەدا کە کاریگەرییەکی نەرێنی خوڵقاند لەنێو خەڵکی بەگشتی، نموونەی ئەو جیاوازیەی کە سیستمی دیموکراسی بانگەشەی بۆ دەکات و لەململانێی حیزبی و سیاسیدا کۆی کردۆتەوە کە ئەمە ھەم وەھمە و ھەم گەمەی سیاسییە، نموونەش بێ بەھاکردنی بۆچوونی بیرمەندانی رابردووە، ئیدی ھەرکەس لەئەنجامی بێکاری و ئارەزوویەکی ھەرزەکارانە بۆ خوێندنەوە و بەکارھێنانی ئینتەرنێت و جیاوازی لەبیروبۆچوونی ئاینگەرایی و پشتگیری لەیەکێک لەبەرەکانی جەنگی سیستم و تیرۆر، بەناوی جیاوازیەوە رووبەڕووی ئەو چەمکە فکریانەش بوونەوە و کردیان بەبازاڕێک بۆ رەواج پێدانی بیری تەسک و نالۆژیکی.
بەشێک لەسەرھەڵدانی ئەم کارەساتە فەرھەنگیەی زۆربەی زۆنەکانی سەر گۆی زەوی گرتەوە، بەتایبەتیش ناوچەی رۆژھەڵات، تەنھا بۆ ئەوەبوو کە چیتر لەرێگەی فکرەوە ململانێ چینایەتییەکان لەگەڵ تەکنۆلۆژیا نەکرێ، کەچی بەپێچەوانەوە ململانێکانیان گەڕاندەوە سەرەتاو لەململانێی ئایینەکان و زمان و نەتەوەوە جارێکی تر خۆی بەرھەمھێنایەوە، ئەمەش تاکە ئامانجێک بوو بۆ گێلکردنی ئینسان بەگشتی و ئینسانی رۆژھەڵاتی بەتایبەتی، سلاڤۆی ژیژاک بیرمەندێکی چیکی ئەم چەرخەیە،لەکتێبی (سەرەتا وەک تراژیدیا و کۆتایی وەک کۆمیدیا) باسی وەرگرتنی جیاوازی دەکات و پێیوایە لەدوای سەرھەڵدانی چەمکی جیھانگەراییەوە، مەترسیدارترین چەمک، چەمکی ئازادی بیروبۆچوون بوو کە خراپ کەڵکی لێوەرگیرا، ئەوەبوو وەکو سەرەتایەک ھەستی پێکرا کە ھەوڵێک ھەیە بۆ سوککردن و بێ بەھاکردنی و ھاندانی کۆلکە خوێنەوار بۆ نووسین، ئیدی ئەم ھەوڵە لەشوێنێکی دیکەشدا بازاڕێکی گەورەتریشی بەرھەمھێنا، ئەویش بەرھەمھێنانی خوێنەواری شەیدای بڕوانامەی زانکۆکانی کەرتی تایبەت و نووسەری کرچ و کاڵ بۆ گەرمکردنی بازاڕی میدیا تاھاتنی میدیای ئەلیکترۆنی و گەشەکردنی تاکو ئەم سەردەمە.

پرسیار: باشە تۆ لەلایەک پشتگیری لەم چەمکە دەکەیت و لەلایەکی تر بەگەمەی دەزانی، ئایا ئەمە باڵانسی فکری تیایە؟، ئەگەر ھەیە بۆچی ناتوانین جیاوازبین، لەکاتێکدا ھەموو ململانێکان لەسەر سەلماندنی بوونە، سەلماندنی شوناسی ئایدیایی و نەتەوەیی و ئایینی و ھتد، ئایا بەراستی ئەمە ھەموو جیاوازییەکانە؟


سمکۆ محەمەد: من بەپێی بۆچوونە جیاوازەکان ئەرگۆمێنتم ھێناوەتەوە و بەپێی ئایدیای فکری خۆشم کۆمێنتم ھەبووە، ھەروەھا بەپێوەری رەخنەیی قسەم کردووە کە ئەگەر جیاوازی نەبێ، رەخنەش قەبوڵ ناکرێ، بۆیە دەبێ وەکو رەخنەیەک لە ئەپستراکت کردنی ئەم چەمکە باسی رەخنە بکەم، یان باسی جیاوازی خۆم بکەم وەکو مافێکی فکری، چونکە من تەواو کۆک نیم لەگەڵ ئەوانەی لەژێر عینوانی جیاوازی، ھەموو جیاوازییە ریشەییەکانیان لەجیاوازی فکرو جیاوازی ئایین و ئایدیاییدا کۆکردۆتەوە کە ئەمە وەھمە، ئەو چەمکە بەدەر لەوەی مانای جیاوازی ھەیە و لە بنەمادا بەھۆی قبوڵ نەکردنەوە تیۆریزە کراوە، لەلای من جیاوازی جگە لەجیاوازی چینایەتی شتێکی تر نییە کە رەخنە لەبنەمای سیستمەوە ھاتووە، ئەگەر سیستم نەبێ فکر ناتوانێ رەخنە قەبوڵ بکات سابا ھەر کایەیەک بێت، چونکە جیاوازی ھەموو ئایینەکان و نەتەوە و کولتوور و زمانەکان، لەنێو ھەناوی خۆیدا ھەڵگری جیاوازییەکی دیکەیە، ئەویش جیاوازی چینایەتییە کە لەخۆشگوزەرانیدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەدۆخی ناجیگیردا زیاتر ھەستی پێدەکرێ، خۆئەگەر بەپێچەوانەوە تەماشای بابەتەکە بکەین، دەبینین تەنھا دەبێتە سەفسەتەبازی فکری و نمایشکردنی رۆشنبیریی، بەمانایەکی تر ئەوە جیاوازی نییە ئەگەر کات بەوە فیڕۆ بدەین، ئایا ھەموو ئایدیا و ئایین و بیروڕا فەلسەفییەکان پێویستن یان نا؟، ئەمە وەکو ئەوە وایە دوو کەس دوو قەترە ئاو بخەنە نێو پەرداخێکەوە و ھەرکەس لەوانە باسی جیاوازی قەترە ئاوەکەی خۆی بکات، ئەم جۆرە جیاوازییە ئایدیاییە، جیاوازییەکە تەنھا فۆڕمی باسەکەیە نەک جەوھەر.
ئایا پێویست نییە بپرسین ئەو ھەموو دەقەمان پێویستە لەئەدەب و ھونەر و ھتد؟، وڵامەکە بەڵێیە، چونکە جیاوازییەکە تەنھا لە فۆڕم و سیتایڵە و کێبەرکێکەش ھەر ئەو فۆڕمەیە نەک جەوھەر، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ئەمانە چالاکی رۆژانەن و بوونێکی واقیعییان ھەیە، بەڵام ئەوەی کە واقیعیەتی پێنادرێ و لەئینسانی دەشاردرێتەوە، یان جەنگەکە بەلاڕێدا دەبرێت، ھەم رەخنەیە لەسیستم و ھەم جەنگی چینایەتیی نێوان گرووپێکی کەمی باڵادەستی جیھانە، بەسەر زۆرینەی خەڵکی گۆی زەوی، ئەمە ناعەدالەتی و جیاوازییە ریشەییەکەیە کە بەرگری لێدەکرێت، بۆ نموونە بزانە ھەموو ئەوانەی کە سەر بەھیچ ئایدیایەک نیین و سەر بەھیچ فەلسەفەیەکی سیاسی نیین، کەچی دەزانن ناعەدالەتی و نایەکسانی ھەیە، دەزانن کێشەیەکی گەورە ھەیە بۆ مانەوە و نەمانەوە لەم ژیانە درووستکراوە وەھمییە، دەزانن کە بەبارتەقای زەوی و ئاسمان، ژیانی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان جیاوازی ھەیە لەگەڵ ھەژارەکان.

پرسیار: ئێمە جیاوازیەکی تر دەبینین لەئاستی جیھانی، ئەویش لە رەگەز و پێست و ھتد کورتکراوەتەوە، ئەمەیان چۆنە؟


سمکۆ محەمەد: من لەپێشتر باسی ئەو جیاوازیە وەھمیە خوڵقێنراوەم کرد کە سیستمی سەرمایەداری درووستی کردووە و کردویەتی بە واقیع، بەڵام سەیرکە ئەوکاتەی کە رەشپێستێک لەلایەن پۆلیسێکی راسیست و سپی پێستەوە لەئامریکا دەکوژرێت، بزانە چۆن غیرەتی ئینسانی دەجوڵێت و لەتەواوی دونیادا کەیسەکە دەبێتە جیھانی و ھەموو خەڵک بەبێ بیرکردنەوەی جیاواز دێنە دەنگ، ئایا ئێمە ھەقمان نییە بپرسین ئەوە بۆچی کەیسی کورد بەھەموو شێوازەکانیەوە نەبۆتە جیھانی، بۆچی یەکدەنگی لەسەر نەکراوە، کەچی دەبینین بەناوی جیاوازییەوە ئەم جیاوازییە چینایەتییە پشتگوێ دەخرێت و بابەتی لاوەکی پێشکەش دەکرێت بەناوی رۆشنبیری گەلانەوە، خۆ ئەوەش نھێنی نییە و ئاشکرایە بۆچی گروپێکی کەمی سیاسی کە خۆیان ناویان لەخۆیان ناوە سیاسی، بوونە بە سەرداری کۆمەڵگەکان و بەسەر کۆی کۆمەڵگەوە بەناوی دیموکراسی و بازاڕەوە مامەڵە دەکەن،لەکاتێکدا گروپێکی کەمی یاسایی لەنەتەوەکان و گرووپە ئایینیەکان بوون بەرامبەر و زمانحاڵی ھەموو خەڵک بەبێ ئەوەی ھەڵبژێردراو بن، خۆ ئەم پرسیارانە زۆر سادەن بەڵام قوڵایی فکری ھەیە، وەختێکیش بۆ ھێنانەوەی ئارگۆمێنتی خۆیان، بەبێ ئاگا دەبن بە مارکسی و چەپ، بۆ ئەوەی شەرعیەت بە خۆ بەخاوەنکردنی بابەتێکی رۆمانسیانەی سیاسی بدەن، ئەمە بنەمای کێشەی سۆسیالیزمە کە ئینسان بەبێ ئاگایی داوای دەکات بۆ خۆشگوزەرانی ژیان، بۆیە لەکەڤەرێکدا گوتارەکەیان دەگۆڕن و وەکو رابەڕێکی چینایەتی قسە دەکەن، سەیرەکە ئەوەیە ئەوەیان بیرچۆتەوە کە خۆیان ئاڵا ھەڵگری دژایەتی ئەو جیاوازییە رەسەنن، ئەمە کێشە بنەڕەتییەکەیە کە خزاوەتە نێو جیاوازیەوە، ئینسان لێرەدا پارادۆکسی فکری بۆ ئاشکرا دەبێت و لەو تەکتیکە فکرییانە تێدەگات ئامانجەکە چییە و بۆچی ئەوە پەراوێز دەخرێت و بۆچی شتی تر بەناوی جیاوازییەوە پێشنیاز دەکرێت، لێرەوەیە عەقڵمەندی و فکر و تێگەیشتن لەخودی چەمکەکە دەردەکەوێت، راستە بۆ ئایدیاکان و ئایینەکان و سیاسیەکان ئەو جیاوازییە پێویستە، بەڵام بەمەرجێک ئەمە پشتگوێ نەخرێت و وەکو کەڤەرێک بەکارنەھێنرێت.
چەمکی جیاوازی شرۆڤەیەکە لەرێگەی ھەڵوەشاندنەوە گەراییەوە دەردەکەوێت، سەبارەت بە ئامادەبوونی شتێکی تر کە بریتییە لە پارادۆکس و تایبەتمەندی لەنێو خودی شتەکە، ئەگەر جیاوازی بۆ زمان بەکاربھێنین، دەبینین جیاوازی لەبارەی پارادۆکسەوە ئەوەیە بۆ نموونە پیتی A دەنووسرێ و دەخوێنرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژنەڤتن، یان گەێنەر نییە، سیفەتە پێکھێنەرەکانی کاریش کپ دەکات، بەڵام لەناو کۆنتێکستدا نییە، ھەڵبەتە ئەمە سەبارەت بە نووسین لەبارەی دال و مەدلولەکانی، سەرەتای ھاتنی بونیادگەراکان تاکە ئامانجیان ئەوەبوو لە جیاوازی فکری چینایەتی بدەن و گورزیشیان وەشاند، بەڵام دواتر لەرێگەی دیالیکتیکەوە جارێکی تر ئەوە رەوییەوە و دەرکەوت ئەو جیاوازییە راستەقینەترە، بۆ نموونە فرانکفۆرتییەکان لایەنگرانی ئەو رەوتە فکرییە، وای لێھات لەنێو کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتیشدا ئەم رەوتە رەنگیدایەوە و دژایەتی فکری مارکسیەتیان دەکرد بەبێ ھیچ ئارگۆمێنتێک، سەرەتا دژایەتی چەمکی یەکگرتنیان کرد، یەکگرتن بەھەموو ماناکانییەوە، دواتر لێدان لەحیزب و بزووتنەوەی کرێکاری و سەندیکایی و رێکخراوەیی و ھتد، کە ئەمانە بەرھەمی دونیای عەلمانییەت بوون تاکە رێگەی رزگاری بوو لە خێڵ و عەقیدەی ئایینی و کولتووری زاڵ و ھتد، پاشان لێدان بوو لەبەھا ئینسانییەکان، بەڵام ئەمە تەنھا چارەکە سەدەیەک بڕی کرد، پاشان دۆخەکە لەرێگەی خوێندنەوە بۆ دەقە رەسەنەکان کاریگەری ئەرێنی خۆی دانایەوە و شتەکان ھاتنەوە شوێنی خۆیان.


پرسیار: دونیایەکی دیکەی جیاوازی ھەیە کە لەئاستی غەریزییە، نموونەش ئەو حاڵەتەیە کە بەناوی ئازادی بەکارھێنانی جەستەوە، دیاردەیەک ھەیە و ئاسایی بووە بەناوی سیکسواڵێتی، ئایا ئەمە جیاوازییە؟


سمکۆ محەمەد: لایەنێکی دیکەی درووستکردنی کەڤەر بۆ جیاوازی، ئەویش مەسەلەی مۆڕاڵە، مۆڕاڵ بەمانای لێدان لە موقەدەس ئەوەی کۆمەڵگە بەگشتی بڕوای پێی ھەیە، مەبەستم ئەوەیە کە بەناوی جیاوازییەوە سێکسواڵێتی و ھۆمۆسێکسواڵێتی وەکو دەرھاویشتەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی نوێ، کرا بە ماف و ستایلێک لە ئەنتۆلۆژیا، لەکاتێکدا ئەنتۆلۆژیا پرۆتۆکۆڵێکە ئینسان لەگەڵ خودی خۆیدا تۆماری دەکات و عەقڵ ئاراستەی دەکات، کەچی زیاتر لە دیاردەکە خۆی شەرعییەتی پێدرا، بەوپێیەی کە بەناوی ئازادی بەجەستەی خودەوە کرا بە ستایلی ژیان و ئانارشیزمی کولتووری، تا ئەو ئاستەی کە ھەم پارلەمانی ئەوروپا و ھەم کەنیسەکان دانیان پێدانا کە ئەمە لەپشتییەوە ھێزێکی سیاسی و ئابوری ھەبوو، من خۆم ئەمەم لەنزیکەوە بینیوە و کارم لەسەر کردووە لە ئەوروپا، لەراستیدا ئەمە جیاوازی نییە، بەڵکو ویستێکی تاکییە لەرووی سێکسییەوە کە ئینسان مافی ئەوەی ھەیە جەستەی خۆی بە ئارەزووی خۆی بەکار بھێنێ، کەچی بەناوی جیاوازی یەوە بابەتەکە بەیونیڤێرسال کرا، کورتکردنەوەی ئەم حاڵەتە لەرووداوێکەوە وەکو ھەر کارێکی دیکەی ئارەزوومەندانە تایبەتمەندێتی پێنەدرا، بەڵکو کرا بە ریسکێکی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەمەش نەیتوانی سنووری نێودەوڵەتی ببڕێت و تەنھا لە رۆژئاوا مایەوە، چونکە کولتوور حوکمی بەسەر گوتارەکەوە ھەبوو، لەکاتێکدا بەتێڕوانینی سلاڤۆی ژیژاک ئەو جیاوازییە تەنھا لەوێدا دەردەکەوێت و ھەستی پێدەکرێت کە دایکێکی ھۆمۆسێکسواڵی رەشپێست، دەرک بەئازاری تەنھا ھۆمۆسێکسواڵی رەشپێست دەکات کە حاڵەتەکە ئاسایی نییە و ھی خۆیەتی، نەک سپی پێستێک، بۆیە دۆڵۆز بەتوندی رەخنە لەم جۆرە گەڕاندنەوەیە دەگرێت و پێیوایە یەکسانی رەوشێکی پەرچەکردارە، بەوپێیەی ئەمە ئیتیکی گێڕانەوەی چیرۆکی ئازاری رەگەزێکە بۆ رەگەزەکەی خۆی، نەک رەگەزەکەی بەرامبەری، لێرەوە تێدەگەین کە ئەو مۆڕاڵەی بەناوی جیاوازی یەوە لەھەموو کایەکاندا ھەیە و بۆتە مۆدێل، نەک ھەر وانییە بەڵکو پێچەوانەکەی راستە، ئەمە کارەساتە گەورەکەی پشت وەھمی جیاوازی یە، من دەمەوێ ئەوەش زیادبکەم کە ئەگەر ھەر ئەو جۆرە بەناوی ئازادی بەکارھێنانی جەستەوە زیانی لە سیستم بدایە، نەک ھەر قەبوڵ نەدەکرا، بەڵکو خوێن دەڕێژرا و یاسای توندیان بۆ دەردەکرد، ھەروەکو چۆن لەکۆنەوە لەمێژووی ھەموو ئایینەکاندا تۆمارکراوە، لەمدواییەشدا لە ئەفغانستان و پاکستان و ھەندێک شوێنی تر پەێڕەوی لێکرا، کەواتە بانگەشەکە خۆڕسک نییە و لەپشتیەوە گوتارێک و پاڵنەرێکی سیاسی ئابوری ھەیە.
بە بۆچوونی ھانا ئارێنت کە لەژێر کاریگەری ھایدگەر و والتەر بنیامین بوو، لای وایە فرەیی و جیاوازی توانای مرۆیی و پێویستیەکانی ژیانی گشت دابین دەکات، ئیدی ھەر لە ئاشکراکردنی شوناسی ئایینی و ئایدییایەوە بگرە، تاکو دەگاتە شوناسی کرێکار لەنێو فەزای ئازادیدا، ئەمە ھەرچەند لەدونیای سەرمایەداریدا بەسیستم جێگەو رێگەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام سنوورداریشە، چونکە رەنج و کار وەکو دوو تایبەتمەندی ژیانی ئەو جیاوازییەن کە داپۆشراوە بەکەڤەری دیکە، ھەروەھا چالاکی و کاری ھاوبەشیش گرێدراون بە ئیرادەوە، ئیرادەش لەدایکبوونەوەی ھێزێکی نادیارە لەنێو دیارەکاندا، بۆیە ئازادی لێرەدا لەجیاتی بەکارھێنانی کاڵا بێت وەکو فریدریک ئەنگڵس دەڵێت، دەبێتە ستایلێکی دیکەی دەرکەوتن، چونکە ئەو ھەقیقەتەی کە شۆڕش بزری کردووە، ژیانی تایبەتی وەکو ئەلتەرناتیڤ پێشنیاز کردووە بۆ شۆڕشێک کە لەجیاتی گروپەکان، تاکەکان بۆ خۆیانی دەستەبەر دەکەن، ھەڵبەت ئەم چالاکی و ئازادییە، وەکو رەخنە و جیاوازی تەماشاکراوە لەدونیای پۆست سەرمایەداری ھاوچەرخ، بۆیە ھەمیشە تیشکی خراوەتە سەر، ئەمە دیاریکردنێکی دیکەی شوناسی تاکێتییە.


پرسیار:قبوڵکردنی جیاوازی چونکە بەرئەنجامیھۆشیاری یە، کەواتە ئێمە لەنێو مەعریفەدا ئەو فەزایەمان ھەیە کە رۆشنبیر و کەسە شارەزاکان لەھەموو کایەکاندا فکری یەکتر قبوڵ بکەن، ئەی بۆچیئەو گفتوگۆیەنابینرێت بەتایبەتی لەکایەی ئەدەبدا؟


سمکۆ محەمەد: خاڵی سەرەتایی دانپێدانان بەئەویتر مانای جیوازی یە، ئەمە ئەگەر قبوڵکردنی جیاوازییەکە شتێکی ئاساییی بێت یان قورستر لەتێگەیشتن کە ھەندێکجار کولتوورەکان لەیەکتریش تێنەگەیشتوون و یەکتریشیان قبوڵ کردووە، وەکو ئەوەی لەھیندستان ھەیە و لە رۆژئاوا رەنگیداوەتەوە بەناوی کۆمەڵگەی فرە کولتووری، بەڵام ئەمە بەشێکە لەپەیوەندیی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی، بۆیە گرینگ ئەوەنییە بۆئەوەی بیسەلمێنین جیاوازین لەگەڵ یەکتر، بڵێین جیاوازین یان کۆمێنتمان ھەبێ لەسەر ھەموو شتێک، بەڵکو گرینگ ئەوەیە ماھیەتی جیاوازی بزانین و گرینگی بەو رێگەیە بدەین و ھەمیشە لەپەروەردە و عەقڵی نەوەکاندا رەنگبداتەوە، من تەنانەت ئەو جیاوازیانەش کە بەناوی زمانەوە باس دەکرێت بە فەیک و ساختە دەزانم.
با لەبارەی زمانەوە وڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی زمانی فەرانسی و ئینگلیزی و عەرەبی زمانی زیندوون و زمانی ئۆردو زیاتر لە ملیارێک و نیو خەڵک قسەی پێدەکەن جیاوازێکی زیندوو نیین؟، ئەم کەیسە ھیج جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کەیسی چینایەتی کە سەرتاسەری جیھان بەناچار قەبوڵیان کردووە و لەگەڵ فەزا خوڵقاوەکەی دەژین و چارەنووسی ئینسان لەدەست گروپێک ئینسانە، وەختێک باسی ئەم جیاوازییە رەسەنە دەکەین، تۆمەتی شمولی و کۆن و دژە ئینسانیمان پێدەبەخشن، ھەڵبەت ئەمە بۆ داپۆشینی راستیەکانە و نەک دەرخستنی جیاوازی.
من لێرەوە باس لەو فەزا خاڵییە دەکەم کە لەنێو مەحفەلی رۆشنبیری رۆژھەڵاتیی ھەیە، لەکاتێکدا ئێمە ئەم چەمکەمان وەکو ھەر چەمکێکی تری فەلسەفەو فکر لەدونیای رۆژئاوا وەرگرتووە، بۆیە نەپەروەردەکراوین بەو ئاراستە بیرکردنەوەیە، نەک دەشتوانین ھەرزی بکەین بەو تەمەنەوە کە کۆمەڵگە پیرێتی پێوەدیارە، لەراستیدا چەمکێک ھەرس دەکرێ و قبوڵ دەکرێت و پراکتیک دەکرێت، ئەگەر بەسیستم ئینسانی بۆ ئامادەکرابێت و پەروەردە کرابێت، رۆژھەڵاتی ئەو رۆشنبیرییە نوێیەشی کە پەیدای کردووە، تەنھا وەکو فۆرم کاری پێدەکات و لەجەوھەردا کەس خاوەنی ئەو پرنسیپە ئەخلاقییە نییە کە لەھەموو کایەکاندا فەرزکراوەو کاری پێبکرێ، مەبەستم ئەوەیە ببێتە مۆڕاڵ و لەژیانی رۆژانەدا ھەستی پێبکەین، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی کە فرەییە لە ئایین و ئایدیا و زمان و شێوەزار و بن زمان، کەچی ئەو فرەییە نابینین کە لەرۆژئاوا بەناوی فرە کولتووری ھەیە، ئەم جیاوازییە نابینین، تەنانەت لە گەیاندنیشدا، بۆ نموونە کوردی (کرمانجی سەروو خواروو) بەھۆی ئەوەی لەیەکتر تێناگەن، بەناچاری بەعەرەبی قسە دەکەن، ھیچکامیان بۆ ئەویتر تەنازول ناکەن شێوەزارەکە تێکەڵ بکەن، ئەمە لەدونیای عەرەبیشدا ھەیە لەو وڵاتانەی بەشی ئەفریقین و ئەوانەشی ئاسیایین.
دیسان ئەگەر کێشەی زمان وەربگرین کە بریتییە لە دال و مەدلول، ھەموو ئەو شتانەم دەوێ کە زمان مانا بەرھەمدەھێنێ، ھەر زمانێکیش کەمترین مانای لێبەرھەمھات، واتە زمانێکی ھەژارە، لەمبارەیەوە جاک لاکان و فێردیناند دی سۆسێر وەردەگرم کە لەبارەی زمانەوە تیۆریان ھەیە، ئەوان پێانوایە زمان دەنگە، ئەگەر دەنگیش بنووسرێتەوە و زمان شتێکە وەکو گەنجینە، سۆسێر دەیگەڕێنێتەوە بۆ کتێبی (تەورات) بەو مانایەی کە چیرۆکی سەرەتایی زمان لە داستانی ئادەم و حەواوە ھاتووە کە قسەیان کردووە و ناویان لە شتەکان ناوە، کەواتە ئەو جیاوازییە لەزماندا ھەیە ئەوە بنەماکەیەتی، جاک لاکانیش بۆ ئیدراک، لەھەردوو حاڵەتەکەدا رۆژھەڵاتی کەڵکیان لەم باسە تیۆریانە وەرنەگرتووە.
بەھەرحاڵ ئەو رووبەرەی کە بۆتە جێگەیەک بۆ خۆنمایشکردن و بەلارێدابردنی گوتاری مەعریفی، لەبری ئەوەی رۆشنبیرەکان لەپەراوێزی چەمکەکە و بەپێی لۆژیکی چەمکەکە مانای جیاوازیەکان بەیان بکەن، ھەروەھا لەرێگەی بۆچونەوە خۆیان لەو تەرزە میدیاکارە جیابکەنەوە کە بوونە بەکارەکتەری ھەڵچوونە سیاسیە نامەعریفیەکان،بەبێ ئەزموون و بەبێ شارەزایی لەسیاسەت، زۆرجاریش بەھۆی ئەو نەشارەزاییەوە بەکاری سیخوڕیەوە تێوەگلاون، بەپێچەوانەشەوە رۆشنبیر بوون بەتیۆریستینە رۆژنامەوانیەکان و ئەوانەش کە ئەدەبین، بەگشتی و بەبێ ئاگا دوور لە تێگەیشتن لەچەمکی جیاوازی لەکۆنتێکستدا، بەناوی جیاوازییەوە کۆمەک بەسیاسەتێک دەکەن دژی سیاسەتێکی تر، ئەم حاڵەتە تائەو جێگەیە پەلی ھاویشتووە کە بۆتە چەند جۆرێک لەبازاڕ بۆ چەمکەکە، جارێک گەرمکردنی بازاڕی سیاسی و یەکلایی کردنەوەی ھێزە سیاسیە کێبەرکێکەرەکان، جارێکی دیکە بۆتە بازاڕێک کە سیاسەتێک دژ بە سیاسەتێکی دیکە، بۆ نموونە ھەم بەشی زۆری رۆژنامەکان موڵکی سیاسیەکانن، ھەم ئەو کەرەستە رۆژنامەوانییەی کە لەبازاڕ دەفرۆشرێت، دیسان موڵکی کۆمپانیاکانی کارەکتەرە سیاسیەکانن و کەڵکی لێوەردەگرن.
بەپێی تێبینی و تێگەیشتنی نووسەری بەناوبانگی عەرەبی (زکی العلیو) ھەست بەوە دەکەین کە جیاوازی جگە لەوەی لەنێو کارەکانی دیکە وەکو نووسینی کتێب بەمیتۆد، لەھیچ شوێنێکی تر جێگەی نابێتەوە، بەپێچەوانەوە دەرکەوتنەکانی تر لەرێگەی میدیاوە و بەتایبەتی شاشەی تەلەفزیۆن، ئەوەیە کە ھەم ھاندانە و ھەم ھاندەرن بۆ بەشداریکردنی کاریگەریانەی خەڵک و جیاوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ھەم پشکداری کردنە لەدیاریکردنی بڕیاری چارەنووسی خۆی بەشی ھەبێت و نەترسێت، ھەڵبەت ئەم ھۆشیاریە تەنھا بەھاندان نابێت، بەڵکو بەئارگومێنت ھێنانەوە دەبێت کە رەخنە ببێتە نەریت، چونکە ھەتا قبوڵکردنی جیاوازی بەجەوھەری خۆی کاریگەری لەسەر گشت نەبێت، رەخنە نابێتە نەریتی کۆمەڵایەتی، بۆیە کێشە ئاڵۆزەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بریتییە لەو جیاوازییە وەھمییەی کە میدیا درووستی کردووە.

پرسیار: باشە باسی گرێیەیەکی دیکەی جیاوازیت کرد کە راگەیاندنە، ماوەی رابردوو بەناوی جیاوازییەوە میدیا وەکو رووبەڕێک بۆ جێگەکردنەوەی جیاوازییە ھەمەلایەنەکان بەکارھات، بەرھەمەکەشیمان بینی کە لەئاستی تێگەیشتنی خەڵک و تەنانەت سیاسیەکانیش نییە، ئایا بەھەق وایە ئەم رووبەڕە جێگەی جیاوازەکانی کردۆتەوە؟

 
سمکۆ محەمەد: لەراستیدا ئەم رووبەرەی کە بۆتە جێگەیەک بۆ خۆنمایشکردن و بەلارێدابردنی گوتاری مەعریفی، لەبری ئەوەی رۆشنبیرەکان لەپەراوێزی چەمکەکە و بەپێی لۆژیکی چەمکەکە مانای جیاوازیەکان بەیان بکەن، ھەروەھا لەرێگەی بۆچونەوە خۆیان لەو تەرزە میدیاکارە جیابکەنەوە کە بوونە بەکارەکتەری ھەڵچوونە سیاسیەکان، بەبێ ئەزموون و بەبێ شارەزایی سیاسەت، زۆرجاریش بەھۆی ئەو نەشارەزاییەوە بەکاری سیخوڕیەوە تێوەگلاون، بەپێچەوانەوە رۆشنبیر بوون بەتیۆریستینە رۆژنامەوانیەکان و ئەوانەش کە ئەدەبین، بەگشتی و بەبێ ئاگا دوور لە تێگەیشتن لەچەمکی جیاوازی لەکۆنتێکستدا، کۆمەک بەسیاسەتێک دەکەن دژی سیاسەتێکی تر، ئەم حاڵەتە تائەو جێگەیە پەلی ھاویشتووە کە بۆتە چەند جۆرێک لەبازاڕ بۆ چەمکەکە، جارێک گەرمکردنی بازاڕی سیاسی و یەکلایی کردنەوەی ھێزە سیاسیە کێبەرکێکەرەکان، جارێکی دیکە بۆتە بازاڕێک کە سیاسەتێک دژ بە سیاسەتێکی دیکە، بۆ نموونە ھەم بەشی زۆری رۆژنامەکان موڵکی سیاسیەکانن، ھەم ئەو کەرەستە رۆژنامەوانییەی کە لەبازاڕ دەفرۆشرێت، دیسان موڵکی کۆمپانیاکانی کارەکتەرە سیاسیەکانن و کەڵکی لێوەردەگرن.
جیاوازییەک لەمیدیادا بووەتە باو، خراپ بەکارھێنانی ئەو رووبەرەیە بۆ جەنگ تەرخان کراوە، ئەم رووبەرە بەشێکی جەنگی دیارە کە لەگوتارەکاندا باشتر دەبینیرێت، ئەویش لەھەواڵ و چاوپێکەوتنەکاندا دەردەکەوێت،بەشەکەی دیکەی نادیارە، چونکە تەواوی جەنگەکە کۆکراوەتەوە لەسیاسەتێکی ناتەندورست کە لەکۆنتێکستدا دەرناکەوێ، یان ھێزێکی تارماییە لەدژی ھێزێکی تر، لەحاڵێکدا ئەو جەنگەی کە دەبوو رۆژنامەنووس بیکردایە و رۆشنبیری جدی ھاوپشتی بکردایە، نەک ھەر پەراوێز خراوە و لەبیری خەڵک براوەتەوە، بگرە قەناعەتێکی تەواویشی درووستکرد کە جەنگی گروپە کۆمەڵایەتیەکان و جەنگی مەعریفی و جەنگی نێوان کۆنخواز و نوێخوزا و جەنگی بازاڕ و جەنگی چینەکان، بچووک بکرێتەوە لەجەنگی سیاسەتێکی لۆکاڵی و بچوکتریش جەنگی دەروونی حیزبە سیاسیەکان کە ھەموویان لەژێر عینوانی جیاوازیدا پێناسە کراون.
ئەم جۆرە ھاندانە بۆ میدیاکار و کردنیان بە ئەستێرەی وەھمی شاشە، لەرێگەی خوڵقاندنی رووداوی ھەمەچەشنی ناھەقیقییەوە، چەند ئامانجێکی ھەبوو، یەکێک لەوانە نەھێشتنی بڕوا بەخۆبوون و بڕوا بە ژیانی ئاسایی بوو، ھەروەھا سنووردارکردنی چێژی ژیان بوو لە بابەتە فرەییەکان، ھەروەھا لەبیربردنەوەی ھەستی مۆڕاڵی بوو لەئینساندا، ھەڵبەت ئەمانە ھەموو ئامانجی خۆیان پێکا.

__________________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک