په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٩\٢٠٢٠

زنجیرە چاوپێکەوتنێکی وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:

 

سمکۆ محەمەد:

• ئایدیۆلۆژیا رووپۆشێکە لە شێوەی ھۆشیارییەکی ساختە و تەمومژاویی، سەرەتای ھەیە و کۆتایی نادیارە.
• ھەر رۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمیستێک بوێریی گفتوگۆی ئایدیۆلۆژیای نییە.

ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو

- بەشی پێنجەم -


سمکۆ محەمەد نووسەر و روناکبیر لەبەشی پێنجەمی چاوپێکەوتنەکەیدا دەربارەی ئایدیۆلۆژیا و دژەکانی قسە دەکات، پێی وایە، ئایدیۆلۆژیستەکان ھەریەکەیان ئارگۆمێنتی خۆیان ھەیە، ھەریەکەیان پێیانوایە لۆژیکی ئەوان پێچەوانەی ئەو ھەقیقەتەیە کە کۆمەڵگە بەگشتی بڕوایان پێیەتی، لۆژیکستەکانیش واشیدەکەنەوە گوایە وەھمی ئەوانی ترە کە ستایلی جۆرە خۆشەویستییەکە کە مانای کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی ھەیە، ئەمەش زەمینەیەکی فەلسەفی ھەیە کە ماتریال و عەقلانییەت حوکمی بەسەردا دەکەن.

پرسیار: بەھۆی سرووشتی جیاوازییە فکری و ئایینی و زانستیەکانەوە، بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھەموو شتێک سیفەتی ئایدیۆلۆژیای وەرگرتووە، ئەمەش روونکردنەوە وپێناسە و شیکردنەوەی زیاتری ویستووە، لەکاتێکدا توێژەران و بیرمەندانبەبەردەوامی رەخنەیان لەم چەمکە گرتووە، خوێندنەوەی ئێوە چییە و چۆنە، بۆ چی ھەموو دیاردەکان بەو ئاراستەیەدا رۆیشتن؟


سمکۆ محەمەد: نا من تەواو کۆک نیم لەگەڵ ئەو بۆچوونە کە ھەموو شتێک بۆتە ئایدیۆلۆژیا، چونکە ئەم بابەتە چیرۆک و بەسەرھاتی جیاوازی ھەیە کە لەدوای کلاسیکیزم، چەمک یان تێرمی جۆراوجۆر بەرھەمھات و ئەو تێرمانەش بەلانیکەمەوە فکری فراوانتر کرد و رەخنەی نوێی بەرھەمھێنا کە پێشتر رەخنەش سیستمێک بوو لەدژی سیستمێکی تر، کەواتە نابێ ئەوەمان بیربچێ لەوەتەی بیرکردنەوە ھەیە، ئایدیۆلۆژیا ھەیە و لەھەموو سەردەمێک و قۆناغێکدا بەستایلی جیاواز نوێ دەبێتەوە، چونکە ئینسانی ئایدیۆلۆژیست ھەمیشە بەدوای ئایدیایەکی نوێ دەگەڕێت تاکو لەپرۆسەی بڕیارداندا بەپێی ئەو دیدگایە بوونی خۆی بسەلمێنێ، بەڵام ئەو دابڕانە مەعریفییە بەفۆڕمێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ ئەو تێرمانە کرد کە ھیچ نەبێ ئەو سیفەتەی داماڵاند.
وەختێک ئایدیۆلۆژیا لەچەمکەوە بوو بەکەرەستەی دامودەزگای دەوڵەت و ھەروەھا کۆمپانیاکانیش دەبنە بەشێک لەکارگەی ئایدیۆلۆژیا، ئەوکاتە زیاتر ھەست بەمانەوەی ئەم چەمکە دەکەین کە چەند چالاکە.


پرسیار: باشە بۆ ئەوەی قسە لەسەر سەرەتاو دەرھاویشتەکانی دوا قۆناغی فکر و ئایین بکەین، دەبێ لەسەرەتای ئەو جیاوازییە فکری و ئایدیایانەوە موناقەشە بکەین، ئایا بۆچی ھەموو فکرێک و ھەموو کردەیەکی تەنانەت پیشەسازیش بوون بە ئایدیۆلۆژیای کۆنکریتی و بۆچی پێویستمان بەدابڕانێکی تر ھەیە؟


سمکۆ محەمەد: ھەڵبەت ھەموو فکر و ئایین و فەلسەفەیەک بنەمای رەسەنایەتی خۆی ھەیە و ھۆکارێکی مێژوویی و نھێنییەکی کۆمەڵایەتیی ھەبووە گرەوی لەسەر جێکەوتەبوونی کردووە، بۆیە کۆدی بۆ دانراوە وەکو ئەوەی ھەر ئایینێک کۆدی خۆی ھەیە،ئەمە ھەر لەسەردەمی کلاسیکەوە واھاتووە، بۆیە ناکرێ بۆ ھەموو بابەتێک بچینەوە یۆنانی کۆن و میسری کۆن و ھیند و چینی کۆن کە ئەمان ھەم کۆمەڵگە و ھەم دەوڵەت و قەوارەی رەسەنن و جیاوازیان ھەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی لەپاشکۆی ئەمانە مێژوویان بۆخۆیان درووستکرد، بەڵام ئەوەی کە تاڕادەیەک وڵامی ئامانجی ئەو پرسیارە دەداتەوە، ئەوەیە کە کۆتایی سەدەی رابردبوو سەدەی گەشەو ھەڵدانی تەکنۆلۆژیا بوو، بەوپێیەی کە فەلسەفە و ئایینیش لەماڵێک و لەزەمەنی جیاوازدا موناقەشەی لەسەر دەکرا، ئیدی ئایدیۆلۆژیا یەکێک لەو چەمکانە بوو کە زۆرترین موناقەشەی لەسەر کراوە چ لەلایەن ئیایدۆلۆژیستەکانەوە و چ لەلایەن رەخنەگرانییەوە، چونکە زۆرترین رووبەر و فەزای فەلسەفی و ئایینی داگیرکردبوو، تائێستاش گرەوی ململانێکان لەسەر ئەو بابەتە دەکرێ، بۆیەکە مۆدێرنە و رێنیسانس ھاتن، زنجیرە فۆرمێکی لە بەرھەمی ئەدەبی پێشکەش کرد کە دژی ئایدیۆلۆژیا وەستانەوە،ئەمە وەکو تەشکیلاتێکی ئیدیۆلۆژی جیاوازلەسەر زاری بیرمەندان جێکەوتە بوو،ئەوکاتە بوو کە تاقمێک گوتاری بەھایی رێژەیی پێکەوەگرێدراو نوێنەرایەتی ئەم رەوتەیان دەکرد،ھەر لەوکاتەوەئایدیۆلۆژیا جارێکی تر و بەرەنگ و بۆیەکی ترەوە، وەکو ئەوەی لەسفرەوە جیھان بونیاد بنێتەوە،سەرتاپای فەزای بیرکردنەوەکانیسەرخانی کۆمەڵگە و دەوڵەتیشی داگیرکرد، ھەموو دژەکان بەئاکادیمی و دەرەوەی ئاکادیمیاشەوە لەسەر ئەو گوتارە ئایدیۆلۆژیانە کۆک بوون کە قەیرانە مێژووییەکانیان مەترسیدارترن لەو قەیرانانەی ھەنوکەیین، چونکە وەکو پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت (شەڕ بەکۆنە قین دەکرێت)ئەمە تاکو بۆشاییەک مابوو کە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان بوو، ئەم حاڵەتەش لەگەڵ خۆیدا جەنگی دەکرد، مەبەستم ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا بەحوکمی زەمەن لەگەڵ خۆیدا کێشەی ھەبوو، ئەویش بەبنبەست گەیشتنی ململانێی فکری بوو کە پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بوو، لێرەوە پەیوەست بوون بەئەخلاقەوە بوو بە ئۆلگۆیەکی تر بۆ لەدایکبوونی ئایدیۆلۆژیای ھاوچەرخ، بۆ نموونە دادگایی کردنی ھێزی ئایدیۆلۆژی ھاتە ئاراوە کە دژی روحی سەرمایەداری کلاسیکی بوو، دژایەتی روحی سالوسی مەسیحیەت و ئایینەکانی دیکە بوو، ھەروەھا دژایەتی ئەو فکرە کۆنکرێتیانە بوو کە لایەنێکی دیکەی موناقەشەکە بوو، کەواتە بۆمان دەرکەوت بۆچی رەخنە لە کۆی سێکتەرەکان بەئەزموون ھەموو رەھاییگەراییەکی ئایینی و سیاسی و فەرھەنگی رەتکردەوە، نموونەشیان ئەو بیرمەند و شاعیرانە بوون کە دژی سیستمەکان راوەستانەوە و بە مەرگی خۆیان، یان پەراوێزخستنیان کۆتایی ھات، لێرەوە ئەو سیفەتەی باسی دەکەی کاڵ بووەوە.


پرسیار: باشە کەواتە دەکرێ بڵێین ھۆکاری ئەو فرەییەی کە لە ئاڕاستە فیکریەکاندا دەبینرێت، بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریەکانی کەژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی نێو کۆمەڵگەکان، بەدەر لە پێناسە کلاسیکییەکەی، ئێستا پرسیاری دوای ئەوە ئەوەیە ئایا جیاوازی و بەرجەستەبوونی ئەم چەمکە لە کۆمەڵگە داخراوەکان بەراورد بە گەلانی پێشکەوتوو چۆن دەبینن؟، ئایا ئایدیۆلۆژیا چ وەکو ئایین و چ وەکو فکر لەنێو ھەموو کۆمەڵگەکاندا ماوە، یان گەیشتۆتە کوێ؟


سمکۆ محەمەد: کە باس لەزەمەنی پراکتیکردنی ئەم چەمکە دەکەین، یەعنی نابێ جیاوازی لەنێوان ئێرەو ئەوێ بکەین، بەڵام دەکرێ کاریگەرییە نیگەتیڤەکانی ئەو کۆمەڵگە و وڵاتانە بەنموونە وەربگرین کە پراکتیکەکەیان نیگەتیڤە، بۆ نموونە بوزی لە بۆرما توندوتیژن بەڵام لە مالیزیا میانڕەون، ئیسلام لەرۆھژھەڵات بەشی زۆری توندڕەون، کەچی لە تونس یان لەمەغریب میانڕەون، ئەمە جیاوازی لەکۆمەڵگەی داخراوو و کۆمەڵگەی کراوە دەردەخات، بەڵام سەرەنجام ئایدیۆلۆژیا ھەر ئەو فەزایە درووستدەکات کە دەیەوێت، واتە بەپێی ویست و ئامانجی ئایدیاکەیە لەرووی پراکتیکەوە، یان بەپێی ویستی کاڵاو بانگەشەکەیە، جا ئەو ئایدیایە ماتریالی بێت یان ئایدیالیستی بێ ھەمان ئامانجی ھەیە،کەوابوو ئایدیۆلۆژیا لەخۆڕا دەرناکەوێت، بەڵکو لەدەقێکدا یان لەرێگەی تیۆرەوە یان لەفەزایەکی ناجێگیردا دەردەکەوێت، یان لەرێگەی ئایینەوە یان لەرێگەی کەرەستە و گرووپی سیاسی و تەنانەت وەرزشیشەوە دەردەکەوێت، وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین، بۆیە بەئاسانی ئایدیۆلۆژیای ھاوچەرخ نابینرێت و ھەستی پێناکرێ، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە شارەزاییان نییە لە گەمەی سیاسی ئەم سیستمە ھاوچەرخە، لەسیستمی فیدرالیدا ھەر کارێک بەپێی رەھەندی خۆی و بەرامبەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر دەپارێزرێ کە حوکمی بەسەردا دەکات، ئیدی ئایدیۆلۆژیا پەیوەندییەکی خەیاڵییە کە ئەفرادەکان پێکەوە لە بابەت و مەیدانێکی دیاریکراودا گرێدەدات و وەکو واقیع دەیناسێنێ، بەڵام لەدەرەوەی دەقەکەدا مانایەکی دیکەی وەھمی یە.
با پێناسەیەکی نوێ پێشکەش بکەم، ئایدیۆلۆژیا ماسکێکە لەشێوەی ھۆشیارییەکی موزەیەف و تێکەڵ و تەمومژاوی کە سەرەتای دیارە و کۆتایی نییە، چونکە کۆمەڵێک بەھا و بیرۆکەیە کە گروپێک بڕوایان پێیەتی، ھەڵبەت ئەمەش کاریگەری لەسەر فکر دەکات و زۆرجاریش بەلاڕێیدا بردووە، دەبێتە لۆژیکێکی نەشیاو یان مەعریفەیەکی وەھمی کە بیانووەکە ئەوەیە کۆمەڵگە بەپێی ئەو لۆژیکە بەرژەوەندی خۆیان بدۆزنەوە، (عبدللھالعروی) بیرمەندێکی عەرەبییە لەھەشتاکانی سەردەی رابردوو زۆر موناقەشەی ئەم چەمک و تێرمانەی کرد،زۆربەی چەمکەکانی کردووە بە کتێب، لە کتێبی (مفھوم الایدیولوجیە) ئەم چەمکە دابەشدەکاتە سەر سێ جۆر.
جۆری یەکەم (ئایدیۆلۆژیای تێڕوانینی یونیڤێرساڵییە).ئەم سیفەتەی ئایدیۆلۆژیا لەفەلسەفە نزیکتر دەبێتەوە، بەوپێیەی لەحوکمی شمولی و یونیڤێرساڵیدا، چارەسەری کێشەکانی تاک و کۆمەڵگەش دەکات، بەھەمان شرۆڤەشخۆی یەکلایی دەکاتەوە و لەمێشکی ھەمووانیشدا رەنگدەداتەوە.
جۆری دووھەم (ئایدۆلۆژیای تاکگەراییە). ئەم ستایلە بەپێی تێگەیشتن و قەناعەتی تاکەکانە بۆ ئاسۆیەکی فکری دەڕوانێ، لێرەدا تاک ھەموو ئەو رەگەزانەلەفکر ولەوێنەیەکی درووستکراو و رەنگاوەڕەنگدا دەدۆزێتەوە، لەوێشەوە غەریزە بچوک و گەورەکانی خۆی لەجەستە و مێشکیدا تەوزیف دەکات، بەڵام ناتوانێ بازبدات بەسەر ھەموو سنوورەکانی خۆیدا و قەید و بەند بەیەکجاری بشکێنێ، ئەمەش تێڕوانینێکی زەینییە کە خۆی تێدا دەبینێتەوە، نەک ھەموو دونیابینی نوێ ببینێ.
جۆری سێھەم (ئایدیۆلۆژیای دیاردەناسی). ئەم رەھەندەیان شیکارییە بۆ مەعریفە و زانست و کێشە بابەتی و خودییەکان زیاتر دەردەخات، ئەمەیان بەبارتەقای ئایدیۆلۆژیای یونیڤێرساڵی کاریگەری ھەیە، چونکە لەبارەی ئینسانەوە بەگشتی قسە دەکات، چونکە جیاوازییەک لەنێوان ریالییەتی و فکر ھەیە، ئەمە ھۆکاری ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا وا لێدەکات پێچەوانە ببێتەوە لەبەرامبەر فکری راستەوخۆ، ھەڵبەت ئەمەش ئارگۆمێنتی خۆی ھەیە.
کەواتە ئایدیۆلۆژیستەکان ھەریەکەیان ئارگۆمێنتی خۆیان ھەیە، ھەریەکەیان پێیانوایە لۆژیکی ئەوان پێچەوانەی ئەو ھەقیقەتەیە کە کۆمەڵگە بەگشتی بڕوایان پێیەتی، لۆژیکستەکانیش واشیدەکەنەوە گوایە وەھمی ئەوانی ترە کە ستایلی جۆرە خۆشەویستییەکە کە مانای کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی ھەیە، ئەمەش زەمینەیەکی فەلسەفی ھەیە کە ماتریال و عەقلانییەت حوکمی بەسەردا دەکەن، بەڵام لەرابردوودا پەیمانی شۆڕشی فەرانسی و ئاشکراکردنی پارادۆکسەکانی فکر، نەیانتوانی باڵانس بۆ ھەموو شتەکان رابگرن، بۆیە لێرەوە لۆژیکیستەکان ئەمەیان وەکو دیفاکتۆ تەماشا نەکردووە و بەفکرێکی ئایدیۆلۆژیی دۆگما و نازانستی ناوزەدیان کردووە.
کەوابوو لێرەوەئەو جەنگە ئایدیۆلۆژیەی لەگەڵ ئاراستەکانی تر کە خاوەن فرسەتێک نیین بۆ تەعبیرکردن لە خۆیان،ئەو باسە زیندوو دەکەنەوە کە ھەموو رۆشنبیر و نووسەرێک جورئەتی ئەوەی نییە موناقەشەی ئاییدۆلۆژیا بکات، چونکە بەناڕاستەوخۆ رۆشنبیری کردووە بە کارێکتەرێکی چالاک و بەکارھێناو کە لەرێگەی ئەدەبیات و نووسینی رۆمان و تێکستەوە تەعبیر لەخۆی بکات و بەخەیاڵی خۆشی وابزانێ دژی ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام گروپی سیاسی و چین و توێژەکانی تر ململانێیەکی دیکەی راستەوخۆ دەکەن، بۆیە ئایدیۆلۆژیا ھەمیشە خۆی بەرھەمدێنێتەوە و بەراستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ خۆی زیندوو دەکاتەوە.
وەختێک ئایدیۆلۆژیا لەچەمکەوە بوو بەکەرەستەی دامودەزگای دەوڵەت و ھەروەھا کۆمپانیاکانیش دەبنە بەشێک لەکارگەی ئایدیۆلۆژیا، ئەوکاتە زیاتر ھەست بەمانەوەی ئەم چەمکە دەکەین کە چەند چالاکە، ئاڵتۆسێر زووتر لەھەموو بیرمەندەکان ھەستی پێکرد، ئەو باسی لەو جیاوازییە ریشەییانە کرد کە لەنێوان مارکس و ھێگڵ بوو، چۆن دەوڵەت خراپ کەڵکی لێوەرگرت و ھەموو دامودەزگاکانی خستە ژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆژیاوە، ھەڵبەت ئەمە دوابەدوای ئەو جەنگە دیالیکتییەکەی مارکس و ھیگڵ بوو لەرابردوو، ئەوکاتیش بەشێکی زۆر لەبیرمەندان ھەستیان بەمەترسیەکە کرد کە لەئەنجامی ئەو گەشەیە سەرەتای بێبەھاکردنی ئەو شتانەیە کە ئینسان شانازی پێوەدەکات و لەسەروو ھەمووشیانەوە ھۆشیاری و ئازادی نووسین بوو، ئەوەبوو لەدرێژەی ئەو رەوتە چەپە فرۆییدیەی کەلێنە روحییەکانی مارکسی پڕکردەوە، ئەم بێبەھاکردنە بووە میتۆدێکی سنوورداری فکری، ویلھێم رایش یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە ھەردوو فەلسەفەی سایکۆلۆژی و ماتریالیزمی دیالیکتیکی تێکەڵ کرد، بەڵام لەرێگەی رەخنە لەئایدیۆلۆژیاوە، کتێبی (گوێبگرە پیاوی گرگن) ی نووسی و تائێستاش زۆرترین خوێنەری ھەیە، زۆرترین کەس لەسەرەتاسەری دونیادا کەوتنە ژێر کاریگەری و ھەژموونی ئەو بیرۆکەیەوە کە دژی ئایدیۆلۆژیا و خەیاڵی دۆنکیشۆتی بوو.
لەرووی فەلسەفەییشەوە مارکس تێڕوانینی خۆی ھەیە، ئەو پێیوایە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیاکان بەسەر راڤەی کردەی مرۆییدا پەیڕەوناکرێ، پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە زیاتر لەکاریگەری و نیشانەکانی ئەو تیگەیشتنە ئامادەیە، بۆیە لەکتێبی ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانی دەنووسێ وادیارە خەڵکی و بارودۆخی خەڵکی لە ھەموو ئایدیۆلۆژیاکاندا کە لەسەری وەستاون، وەکو ئەوەیە لە فۆتۆیەکی تەمومژاویدا درەکەون،چونکە ئایدیۆلۆژیا ریشەی خۆی لە بارودۆخی ژیانی ماتریالیدا داکوتاوە، بەڵام ئەوە پێویستی بەبوونی پەیوەندییەکی گشتی، یان تاکلایەنی نێوان بناغەی راستەقینەی کۆمەڵگە ھەیە،چونکە پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان بونیادی یاسایی و سیاسی نییە. ئەوەی تێبینی مارکسە لەو پەیوەندییەدا دەکەوێتە نێوان بونیادی چینایەتی و خودی ئایدیۆلۆژیا، بەوپێیەش بێت پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و ژێرخانی ماتریالی دەگشتێنێ، چونکە بنەمای ئەو بۆچوونە کەناڵێکی نێوان ئەو دوانەیە کە بەشێکی دەرکەوتنی ئایدیاکانە و دوا بەدوای ئەو پەیوەندییەش، ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە لەدوای خۆی بەرھەمدێنێتەوە، زۆرجار ئایدیالیزمیش کە بەرامبەر ماتریالیزم دادەنرێت، ھۆکارەکەی تەنھا دژبوونی چەمکە، چونکە ئایدیا وەکو بیرۆکە و بەرھەمی عەقڵ تەماشا کراوە، واتە شتێک لەزەیندا چەکەرەی کردووە، ئەوەی دیکە وەکو رێژەی کامڵبوونی پێش پراکتیک کردنی بیرۆکەکەیە، ئەم چەمکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە روحەوە ھەیە، بۆ ئەو بابەتانە بەکاردێت کە نابینرێت، وەکو چۆن دیکارت لەبارەی لاھوتەوە بەکاریھێنا.


پرسیار: لەو وڵامەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ئەم چەمکە وەکو تارماییە و لەھەموو ئایدیایەکدا ئامادەیە، تەنھا ئەو وەختەش زیاتر زیندووە کە دژەکەی لەبەرامبەر خۆی دەبینێ، نەک ھەر سیاسەت و ئایین، بەڵکو عەقڵ و دەوڵەتیش کاریان پێکردووە؟.


سمکۆ محەمەد: ئێستا باسی ئەوە دەکەم چۆن ھەموو شتێک کردار و پەرچە کردارە و چۆن ھەتا دژ ئامادە نەبێت، بابەتە سەرەکییەکە ئامادە نییە، ھەروەھا باسی دەوڵەتیش دەکەم چۆنجومگەکانی بە ئایدیۆلۆژیا بارگاوی کردووە، بۆچی لەدەوڵەتی خەڵکەوە کە گوایە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەوە روویداوە، بووەتە دەوڵەتی ستەمکار و سەرکەوتکەر، بۆچی ھەموو سیاسەتی کارگێری و سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە بووە بە ئایدیۆلۆژیای گشت. ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە من لەنێو پرسیارەکەی ئێوەدا ئاشکرام کردووە و گرینگی پێدەدەم، چونکە بابەتەکە ناچارمان دەکات شرۆڤەی حاڵەتی پراکتیک کردنی چەمکی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی بکەین کە بۆچی کۆمەڵایەتی بووە و لەمێشکی ھەموواندا رەنگیداوەتەوە، بەوپێیەی ھەموو دەزگاکانی دەوڵەت کە بەئەفرادەکانی خۆی بەڕێوەی دەبات، بەگشتی سەرکوتکەرن و توندن، ئەمە پەروەردەی دەوڵەتە بۆ ئەفرادەکانی کە لەجومگەکاندا کاردەکەن، چونکە کاری ئەوان ئەوەیە بەچڕی چاودێری بیرکردنەوەی خەڵکی بکەن، بۆنموونە تەنانەت بۆ چارەسەری ریشەیی ھەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش، بەپێی ئەو ئایدیۆلۆژیا پراکتیک کراوە کار دەکەن، ھەر بەپێی ئەو بەرنامە داڕێژراوە کار دەکەن کە جومگەکان وەکو بیرۆکە و دەستووری کار وەریانگرتووە، ھەر بەو سیستمە چاودێرییە سیاسییە کاردەکەن کە بنەما فکرییەکەی دەسەڵات قەبوڵی کردووە، دەبینی ئاراستەی کێشەکە بەرەو چ ئاراستەیەک رۆیشت.
وەختێک ھەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی چاودێری وردی سیاسی و ئەمنی بوو، ئیدی ئایدیۆلۆژیا لەچەمکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستووری کارکردن، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە چینی دەوڵەمەند و بازرگان و پیاوانی ئایینی و تەنانەت رۆشبیری موزەیەف و نووسەری موزەیەف و ئەوانی تر کە نزیکن لەدەسەڵات و بەرژەوەندی یەکسانیان ھەیە، ئیدی ھەموو شتێک بەو چەمکەوە بارگاوی دەبێت.


پرسیار: بەدەر لەکایەی سیاسی، ئایدیۆلۆژیا لایەنی دیکەی وەرگرتووە کە زانستە ئەکادیمیەکانە، چونکە زانکۆ لەسەرتاسەری دونیادا دوچاری وەھمێکی دەسەڵاتدارێتی فەرھەنگی بووە، ئەم فەزایە ھیچی کەمتر نییە لە جومگەکانی دەوڵەت، نموونەش لەو سەرەدەمەوە ھاتووە کە ھایدگەر یەکێک لە جومگە ھەرە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نازی بەڕێوەدەبرد کە زانکۆی بەرلین بوو،بۆیە جەدەلێکی زۆری درووستکرد، تائێستاش ئەم دەسەڵاتە ئەکادیمییە بەردەوامە لەو فەزایەی خۆی بەخۆی داوە، ئێستا ئەم تێگەیشتنە لەچ ئاستێکدایە؟


سمکۆ محەمەد:ئێمە تائێستا لەبابەتی بەر لەسەرھەڵدانی دابڕانی فەلسەفە لەئاڵمانیا قسەمان کرد، بەڵام لەدوای سەرھەڵدانی رەوتە فکرییەکە لەئاڵمانیا کە رەخنەیان لە ئایدیۆلۆژیا دەگرت و بەتێگەیشتنێکی سایکۆلۆژییەوە وڵامی پرسیارەکەی بەردەم خۆی دایەوە، ئێمە ناکرێ ھەموو وەھمەکە بەزانستەوە گرێ بدەین، بەڵام دەکرێ بە زانستخوازەکانەوە گرێی بدەین کە پێیانوایە میتۆدی زانستەکەی بەردەستیانداھێنانی فکری خۆیانە کە ئەمە وەھمەکەیە، مەبەستم ئەوەیە مامۆستای زانکۆ ھێشتا لەوە تێنەگەیشتووە بڕوانامە، بڕوانامەی ئەکادیمی و زانست نییە، تەنھا رێگەپێدانی کارە و ھیچی تر، بۆیە وەھمەکە لێرەوە ھەستی پێدەکرێت، ئەوەیدوای ھایدگەریش کە بەشێکی زۆرکردنی زانستی بوو، بەشەکەی دیکەی دەبێ وەکو توانای فەلسەفی تەماشا بکەین، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ھەریەک لە بیرمەندانی وەکو (ئەریک فرۆم و ھابرماس و مارکۆزە و ولھێم رایش) دوای ئەو زەمەنە کە ستەمکاری بەھێز بوو، مانای چەمک و تێرمەکان رەھەندێکی دیکەیان وەرگرت، چونکە لەدوای سەرھەڵدانی کێشەی چەمکی ئایدیۆلۆژیا کە پێشتر ئاڵتۆسێر لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کۆی کردبۆوە، ئەو دوو بیرمەندانە دەرکیان بەو مەترسییە گەورەیە کردبوو کە بەناوی شۆڕشی تەکنۆلۆژی و جیھانگەراییەوە تۆمەتبار کردبوو،گوایە ھێرشی ھێناوە و ھەرچی بەھای فکری ھەیە رایدەماڵێ.
با وایدابنێین رزگاربوونێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەدەرەنجامی دوورکەوتنەوەی ئایدیا فکرییەکانەوە ئینسان ئازاد دەکات، بەڵام دەرکەوتووە بە گەشەی تەکنۆلۆژیاش بارودۆخی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی دابەشبوونی کاردا ھەروەک ئەوەی پێشووترە، ئینسان جارێکی دیکە و بە بیانووی دیکە زیندانی دەکرێتەوە، ئێستا ھەمان ئەو دۆخەی کە چینێک بەسەر چینێکی تردا زاڵە مەجوودە، ئێستا لەدۆخی ژیانی سەدەی ١٨ و ١٩ دەچێت رەنگە لەھەندێک باردا خراپتریش بێت، چونکە رەخساندنی زەمینە و توانای فکری و جەستەیی بۆ دەرکەوتنی چینی ناوەڕاست نەما، ئەوانەی کە بەتەنگ فکرەوە بوون، ئەوانەی کە بەتەنگ دامەزراندنی پێشکەوتووخوازی و شارنشینییەوە بوون، کەوتنە نێوان بەرداشی تەکنۆلۆژیا و باوەڕی ئایینی کە بوو بەئایدیۆلۆژیایەکی نوێ، تا ئەو رادەیەی کە بەشێکی زۆر لەوانەی بێئومێد ببوون لە دونیای سەرمایەداری، بوون بە کەسی ئیدیالیستی و تیرۆریست و لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە ئایدیۆلۆژیایان دەپاراست.
ئاڵوگۆڕی زەمەن کە تەکنۆلۆژیا وەکو بەشێکی گرینگ لەزانستی کرد بەئایدیۆلۆژیا، تەکنۆلۆژیا پانتاییەکی فراوانی فەراھەم کرد بۆ بەشداربووەکانی خۆی، ئیدی ئایدیۆلۆژیا ئەو مانایەی پێشتری نەما کە بریتی بوو لە فکرێکی دیاریکراو یان ئایینێک، بەپێچەوانەوە بەھۆی ھەڵدان و گەشەی تەکنۆلۆژیاوە پیوەندییەکانیش گۆڕانیان بەسەرھات و ھەرکەس بیھەوێ دەتوانێ ببێتە خاوەن ئیمێڵ و دەستکەوتنی داتا لەرێگەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەکەی لەماڵەکەی خۆیەوە کە کۆمپانیا درۆزنەکان بەخۆڕایی پێیان دەبەخشن، ئەمە بەبێ ھیچ ماندووبونێک ئەوەی پێویستی بێت لەدەرەوەی خوێندنەوە و کۆڕ و سیمینار و کۆنفڕانس و ھتد چنگی بکەوێ، ئەم دیاردەیە کە سەرەتاکەی دیاربوو بەنیازە ھیچ بەھایەک بۆ فکر نەھێڵێتەوە، ئەو مەترسییەی خوڵقاند کە کێشەیەک بەناوی ئازادی نووسین و بیرکردنەوە و نەھێشتنی موڵکیەتەوە نەمێنێت و مۆدێلی تەمبەڵی بیرکردنەوە درووست ببێت، بۆیە کێشەی ھەرە گەورەی ئەوەی بەناوی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا ھات، ئەوەبوو دەستی ھەموو کەسێکی واڵاکرد تاکو ببێت بەنووسەر و ھونەرمەند لەھەموو بوارەکاندا، ئیتر ھەرکەس لەماڵی خۆی ھەم بوو بەسەرنووسەر و ھەم خاوەن ستۆدیۆ و ھەم بوو بەکامیرامان و مونتێر و بەڕێوەبەری میدیا و ھتد، بەوپێیەی مەترسی سانسۆرێک نەما کە لەدەرەوەی سانسۆری ئازادی و بیرکردنەوە ھەبوو لەسەدەکانی پێشوو کە لەئەنجامی سانسۆردا بووە فکری نوێ، یان رەخنە و موناقەشەی نوێ بەرھەمدەھات، ھەڵبەت سەرھەڵدانی ئەو خاوەندارێتییە موزەیەفەی کە دژی موڵکیەتی فکرە، کارێکی کرد ھەرچی ناوی موڵکیەتە نەمێنێ و موڵکیەتێکی دیکە بێتەئاراوە کە بەناوی ماسمیدیاوە لەفەیسبوکدا نەخوێنەوار و بیرمەند وەکو یەک بەشداری تەکنۆلۆژیا بن، بگرە بازاڕی نەخوێنەواری رەواجی باشتری وەرگرت، ھەڵبەت ئەم فەزایە لەشوێنێکی دیکەدا کێشەی بۆ سیاسەتیش درووستکرد، ئەویش ئەوەبوو کە لەبەرامبەر بێ بەھاکردنی نووسین، جۆرێک لەناڕەزایەتی گشتی بەبێ ھاتنە سەر شەقام و ترس لەپۆلیس خوڵقاند، ناڕەزایەتی گشتی درووستبێت، ھەڵبەت ئەکادیمیای زانستیش بەم دەخەوە تێوەگلا و وەھمەکەی زیاتر بوو.
سەرەتای سەرھەڵدانەکانی میسر و تونس و لیبیا و سوریا لەناوچەکە، باشترین سەلمێنەری ئەو راستیەن کە سیاسەت لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە خەڵکی لەدژی دەسەڵاتەکان ھەڵخڕان و کردنی بەکۆمبارسی فیلمێک و ھەر خۆشی پاڵەوانی کارتۆنی و کۆمیدیی و تراژیدی بۆداناو و دۆخەکەی گۆڕی، ئەمە راستییەکەیە کە ئازادی کرد بە ویستێکی نیگەتیڤ و ھەموو کەس خاوەنی ھەموو شتێکە و لەرووی غەریزییەوە بۆ ئازادی چێژی لێوەرناگرێت، چونکە ئەم سیستمە ھەموو شتێکی بۆ تاک فەراھەم کردووە، تاکو کەڵک لەو ئازادییەی سەدەی رابردوو وەرنەگرێت و نەگەڕێتەوە بەرەو دواوە و مانای شۆڕش بسڕێتەوە لەفەرھەنگی خۆیدا، ھەروەھا ببێتە ھەڵگری ئەو شووناسەیخودەکان پێداگری لەسەر عەقڵی بیرکردنەوە دەکەن، رۆژانە خۆیان بەرھەمدێننەوە، ئەمەش ستایلێکە لە دیسکۆڕسی عەقلانییەت، کەچی لەبارەی ئەوەی کە بەشێک لە نووسەر و بیرمەندی کۆنسەرڤاتیڤ خۆیان دەنوێنن، ئەوان لەوە تێنەگەیشتوون کە بواری تێگەیشتن لەزمان، بەتایبەتیش زمانی دایک یان لۆکاڵی، ئەوا پێویستە دوور بێت لەھەر ئایدیۆلۆژیایەکی دەسەڵاتگەرێتی سیاسی، بۆیە ھەقیقەتی باڵادەستی زاڵ کرد، چونکە دەسەڵات بۆ خۆی دوودڵە لەمانەوەی بەو زمانەوە کە گوتارەکەی جێگەی سەلماندنی مانەوەیەتی، ھیچ دەسەڵاتێکیش لەدەرەوەی مانەوەی زمانە لۆکاڵییەکەی، زەمانەتی مانەوەی مسۆگەر نییە.

پرسیار: پێشتر باسی ئەوەت کرد کە ئایدیۆلۆژیا تەنھا لەنێو ئایین و سیاسەت و فکردا نەبووە، بەڵکو ئەدەب و نووسینیشی گرتەوە، ئایا ئەمە کۆتاییە یان چۆنە؟


سمکۆ محەمەد: جەنگێک کە یەکێک لە رووبەروو کایەکانی سەدەی بیست بوو، دیاردەی تۆتالیتاری بوو، ئەوەی کە لادانێک بوو بەناویپێشنیاری کلاسیکی تۆتالیتاری بۆ پۆست تۆتالیتاریزم، ئەوەی کە لەپێشنیارەکانی جۆرج ئۆرویل و ھانا ئارێندت و ھاوچەرخەکانیان دەرکەوتووە، یەکێکیان لەرێگەی خوێندنەوە بۆ تۆتالیتاریزم و ئەویتر لەرێگەی ئەدەب و بەتایبەتی رۆمانەوە بوو، ئەوان بیریان لە قۆناغی سیاسی کورتکراوە دەکردەوە، بەو پێیەی کە تۆتالیتاریزم مەحکوم بوو بەوەی پارادۆکسەکانی خۆی نەھێڵێت،دواتر دەرکەوت کە ھیچ کام لەو ئایدیایانە خۆیان بە ئایدیۆلۆژیست نەدەزانی ھەموویان پاساویان ھەبوو، چونکە دەیانزانی بەیەکداداچوونی ئایدیان ئاخری خێر نابێت و پلانی درێژخایانیشیان نییە بۆ رێگەچارەی فکر، بەڵام ئەمڕۆ درووست بە پێچەوانەوە روحی تۆتالیتاریزم و ئەوانی تر، نەک ھەر نەما، بەڵکو خودی خۆی بۆ پارێزرا، مەبەست لە تۆتالیزمی رۆشنبیرییە کە لەکایەی ئەدەبدا ناوی ھەریەک لە جۆرج ئۆرویل و ھانا ئارێندت دێت، وەکو دو کەسی خوێنەر بۆ تۆتالیتاریزم، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ھەریەک لەو دوو نووسەرە ناسراوە کە دەتوانم زیاتر لەدەیان نووسەری وەکو ئەوان باس بکەم، بەڵام ئەوان بەیەک چاو تەماشای یەکێتی سۆڤیەتی کۆنیان کردووە و زاڵم و مەزڵوومیان وەکو یەک تەماشا کردووە، ھەروەکو ھانا ئارێندت لە کتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) و جۆرج ئۆرویل لە رۆمانی (باخچەی ئاژەڵان) نووسیویانە، ئەوان بەوپێیەی دژە فکری کۆمۆنیستی باو بوون، بەیەک ئاراستە بیریان کردۆتەوە و دونیای سیاسەت و رۆشنبیرییان بە دونیای زیندووبوونەوی تۆتالیتاریزم ناوبردووە، چونکە تاکو ئەمدواییەش کە بابەتی ئایدیۆلۆژیا دەھاتە پێشەوە، باسی بیری کۆمۆنیستی و سیستمی یەکێتی سۆڤیەت دەکرا، بەڵام خۆ ئێستا ئەو سیستمە نەماوە، بەھۆی ھەوڵی گروپێک لە توێژەرانی فکری لە ١٩٥٠ تاکو ١٩٦٠ کۆتایی ئایدیۆلۆژیایان راگەیاند، بەڵام بە درێژایی زەمەن و قۆناغەکان، دەرکەوت ئەمان ھەڵەبوون، چونکە تەنھا لەسەر پرنسیپەکان کاریان دەکرد و بەتایبەتی جیھانی سێھەم کە ھەمیشە چاوەڕێی دەستی داھێنانی رۆژئاوا و ئاسیای چین و ژاپۆن و ئامریکایە، کەوابو ئەوان چاوەڕێی ئەو وەبەرھێنانە بەشەرییە نەبوون کە لەرێگەی ئایدیۆلۆژیای مەزھەبی و ئایینی جیاواز و نەتەوەی جیاوازی سیاسی درووستکراو و پیشەسازی و گەمەی وەرزشی جیاواز و کاڵای جیاواز پەیدا دەبێت لە رۆژھەڵات، بۆیە ئەمە ناودەنێم دابڕانێکی دیکەی ئایدیۆلۆژی کە بیرمەندانی سەدەی رابردوو پێشبینییان نەدەکرد.
با ئەوەش باس بکەین کە من لە کتێبی (رەخنە لە ئایدیۆلۆژیادا) باسی ئەوەم کردووە کە پەیدابوونی کۆمەڵناسی پۆست مۆدێرنە ھاتەبوون، کێشەیەکی دیکەی تیۆری پەیدابوو، دەستەبژێرانی رۆشنبیری و سیاسی و ئەدەبی و ھتد، ھەستیان بەم گرێ فکریە کرد، بەڵام ئەمجارەیان کۆدی کولتووریان بۆ دانرا، ئەویش پەنابردن بوو بۆ مارشی سەربازی و مارشی یانەی وەرزشی و مارشی خەڵاتە جیھانییەکان و مارشی شۆڕشی نەتەوە ژێردەستەکان و مارشی حەماسی ئارەزوخوازەکانی سێکسواڵێتی کە ھەموویان فابریکە و درووستکراو بوون، بۆیە تەنانەت ئایدیۆلۆژیستەکانی جیھان بە دەستەبژێر و خەڵکی عەوامەوە کە شوێنکەوتووی ئەو جیھانە سەیروسەمەرەیەن، لەئەخلاقیشدا خۆیان جیاوازکردەوە. کەواتە ئەوەی ئێستا کۆتایی قۆناغی ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو دووبارە بوونەوەی ھەمان مێژووە کە بەژینالۆژیای رۆشنبیری ناسراوە و ھێشتا نووسەر و ئەدیب لەو فەزایە رزگاریان نەبووە، چونکە رۆشنبیران لەبری خۆدەربازکردن لە بیری بنەماڵەیی و دەستگرتن بە بیرکردنەوەی تاکگەرایی، بەپێچەوانەوە بوون بە کەسانی تۆتالیتاریزمی رۆشنبیری، ئەمەشیان کردووە بە ستایلێکی دیکەی ئایدیۆلۆژیا و زۆربەی گرووپە بەناو دەستەبژێرەکان ئەم پرنسیپەیان قبوڵە، چونکە خۆیان لەھەناوی فکرێکی کۆنکریتییەوە ھاتوون و سەر بەھەمان ئیدیۆلۆژیای نادیارن.
لەدوای ھاتنە پێشەوەی سەدەیەکی نوێ و ھەزارەی سێھەم، ئایدیۆلۆژیا وەکو بابەتێکی نوێی فکری کەوتە بەردەم موناقەشەی بیرمەندانی ئەوروپا، ئەمجارەیان ئایدیۆلۆژیا لە چوارچێوە تەسکە حیزبی و ئایینی و مەزھەبییەکەی تێپەڕی و بوو بە ئەرکێکی ناچار کە ململانێکان وەکو ئەرک بە ئینسانی ھەزارەی سێھەمی سپارد، ئەگەرچی ئایدیۆلۆژیا تەواوی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگەی ناچار کرد ببن بە خزمەتکاری، چونکە ماکینەیەکی دیکە بوو بۆ بەرھەمھێنانی جۆرێک لە ئینسانی ئەم سەدەیە و شەرعیەتدان بەو دۆخەی کە کایەی سیاسەت بەرھەمیھێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بەدەر لە ئینسانی ئاسایی، بەشێکی زۆر لە بەناو رۆشنبیرەکانیش کە لەسەر حیسابی رۆشنبیری جددی ھاتن و کۆمەڵێک جومگەی دەسەڵاتیان لەھەموو دونیا بەدەستەوە گرت، ئەوانە بوون کە بەدەر لەبیرکردنەوە و خەمی رۆشنبیری لەداھاتووی ئینسان، بوون بەخزمەتکاری ئایدیۆلۆژیای حیزبی و ئایینی و مەزھەبی و کاریان کرد بۆ سەرخستنی ھاوکێشەی سیاسی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی، ئەوانەی لەئاستی لۆکاڵی دەنووسن و قسەدەکەن زۆرترن لەوانەی کە لەئاستی نێودەوڵەتی شتە ناحەزەکان تیۆریزە دەکەن بۆ خوێنەری تەمبەڵ، ئەم بانگەشەیە مانایەکی وای پێدرا گوایە ئەوان زمانێکی سیاسی جیاوازی دوور لە ئایدیۆلۆژیایان ھەیە، بۆ نموونە.. ئەو کۆنتێکستەی کە بۆ ئازادی رۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھتد بەکار دەھات، ھیچیان کەمتر نەبوون لەو ئایدیۆلۆژیایەی سەدەی رابردوو بەناوی کۆمۆنیزم و رزگاری نیشتیمانی و ھتد ھەبوو، ئەم فەزایە لەکاتێکدا بەرھەمھاتووە کە بەھەموو پێوەرێک دەبوو لەدوای روخانی بلۆکی سۆڤیەتی بەناو سۆسیالیستی، ئەو جۆرە خزمەتکارە ئایدیۆلۆژیایە نەمابوایە و ھەمان زمانی سیاسی رابردوو بەکاربھێنێ، بەڵام بەفۆنتێکی سیاسی جیاواز، تاکو ئینسان بکەن بەخزمەتکار و کۆیلەی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای وشک و ھەندێکجاریش مەترسیدار، کەچی بەپێچەوانەوە ئەم تەرزە لەو بەناو رۆشنبیران و رۆژنامەنووس کە ھەقی ئەوان نییە، ھەروەھا مامۆستایان زانکۆ و ئەکادیمی و حیزبی بەناو چەپ و ھتد ھەبوون و ئێستا ھەن، دەرکەوت ئەم رەوتە زۆرترن لەوانەیکە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ترسیان لێنیشتووە، چونکە ئەوان کەلێنەکەیان بۆ پڕکردنەوە بەنووسین و بابەتی کرچ و کاڵ بەناوی ھونەرەوە و ھەروەھا بەناوی بەرگری لەخەڵکی ھەژار و بەرگری لە ئازادی ژنان و بەرگری لەمافی خوێندن و بازرگانی و ھتد، ترسەکەیان زیاتر کرد کە ئەمە بەئایدیۆلۆژیای پراکتیکی ناسراوە لەدونیای فکری ھاوچەرخدا. ئەم حاڵەتە لەوێوە سەرچاوەی گرت کە ستایلێک لەخوێندنەوە پەیدا بوو جێگەی بەرەخنەی جددی و فکری لەق کرد و بوو بە دیفاکتۆ، بەڵام کێشەکە لەوێدایە ئەم رەوتە بەبێباگڕاوندی فکری تۆکمە قسەیان کرد،تاکو ئەو جێگەیەی کە ئایدیۆلۆژیا وای لێھات ئەو مەترسییەی نەمێنێ.
لەسەدەی رابردوودا کەسێکی وەکو (ئەنتۆنیۆ گرامشی) جارێکی تر بەزمانێکی رەخنەئامێزەوە سەریھەڵدا و رەخنەی لەو تەرزە رۆشنبیرە گرت کە ئەو ناوی نابوون رۆشنبیری ئۆرگانی، ئەوانیش لەچەشنی مەلا و قەشە و مامۆستای کۆلکە خوێنەوار و ھتد ئۆرگانەکانی دەسەڵاتیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام سیاسەت کە خۆی پێچەوانەکردەوە و دژی خۆی وەستایەوە وەکو سیناریۆ، جارێکی تر ئایدیۆلۆژیا ھاتەوە مەیدانەکە و ئەوانەی کە بڕوایان نەمابوو، ئێستا ئیتر بەرگری لێدەکەن، ئەمە ئەو دژکارییەی سیاسەت و ئەدەب و رۆشنبیرییە بە گشتی و رەنگدانەوەی بەسەر کایەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە.
ھەڵبەت درووستبوونی ئەو فەزا درووستکراوە کارێکی کرد کە ئیتر نەک نووسین و رەخنە لەبەرامبەر سیاسەت و جومگەکانی پاشەکشە بکات، بگرە بێ بەھا بکرێت و ھەرکەس بەو جددیەتەوە کار بکات، بکەوێتە بەر تانە و گاڵتەجاری ئەو سوپایەی کە وەکو ئەلتەرناتیڤی رۆشنبیری خۆی نمایش کرد و قەبوڵیش کرا. (کۆڵن ولسن) لەسەروەختی خۆیدا کە پشتگیری لە عەبەسییەت دەکرد، ئەوەی بەیانکرد کە رۆشنبیر دەستی ھەیە لەپارێزگاریکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەوان ھۆشیارترن لەوەی سیاسییەکان بەھەڵەیاندا ببەن، بەڵام ئەمە ئێستا لەژێر چنگی رۆشنبیر دەرکراوە و رادەستی بەناو رۆژنامەنووس و میدیاکار کراوە کە شاشەی زیندووی لەبەردەستە، بۆیە ئەو ئاشتەواییە کۆمەڵایەتییەش مەترسی تێکەوتووە کە خەڵک لەو فەزا گوماناوییە تێناگەن بە رۆشنبیرییشەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین لەیەک کاتدا قسە لەسەر ئەم چەمکە بکەین ئەگەر چەندین رەھەندی جیاوازی پێناسە نەکەین.


پرسیار: زۆرکەس کە قسە دێتە سەر بابەتی فکری و مەزھەبی و ھەندێکجاریش ئەدەبی، باس لەئایدیۆلۆژیای نادیار دەکەن کە بە فۆرم بەرگری لەخۆی دەکات، بەتایبەتی ئایدیای وەرزشی یان تەکنۆلۆژی، ئەمەیان چۆنە کە بەبڕوای من کەمتر قسەی لەسەر کراوە؟.


سمکۆ محەمەد: بڕوانە من پێشتریش ئەوەم بەیان کرد کە دەبێ ئەوە بزانین کە ئایدیۆلۆژیا وەکو ئایین و فکر و سیاسەت، بەتەنھا ھێرشی نەھێنا بۆ زیندووکردنەوەی خۆی، تاکو لەچوارچێوەی سیاسەتدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەمجارەیان کۆمپانیاکان بۆ رەواجپێدان بە کاڵاکانیان کە ئینسان بە کاڵا کرا، ئایدیۆلۆژیاش تەکنۆلۆژیایان بەرھەمھێنا و کردی بە ستایلێکی تر، لەوەش مەترسیدارتر ئایدیۆلۆژیایەکی نوێیە کە وەرزش ە، چونکە ئێستا نەوەکان لەململانێدا نیین وەکو سەدەی رابردوو کە کێشەی دەقی ئەدەبی و رۆشنبیری و زانست و ھتد بوو، ئێستا ململانێی نێوان گەنجان و دابەشبوونیان بەسەر یانەکانی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید و بایرن میونغ و ئینتەر میلان و چێڵسی و ھتد و ئەستێرەی گۆڕەپانەکانیش کەسانی وەکو میسی و رۆناڵدۆ و ھتد لێکەوتەوە، لەکاتێکدا ئەم فەزایە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمیش بەرازیل و فەرانسە و ئەرجەنتینو ھتد، شێوەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانی ئیدیۆلۆژیایەکی نوێیە کە لەرێگەیەوە ھەم ململانێکان دەگوازێتەوە بۆ شەرعیەتێکی ھێمنانە و ئاشتیخوازانەی چێژبەخش، ھەم رەواجدان بە کاڵاو کەمالیات و ئیکسسواراتی وەرزشی و ھەم کوشتنی ململانێی فکری، ئەم بیرۆکەیە لە کاتێکدا ھاتە پێشەوە کە سیستمی سەرمایەداری لە تەواوی دونیادا تێگەیشت بەتەنھا ئینتیمابوون بۆ حیزب و مەزھەب بەس نییە، بەڵکو دەبێ ئەلتەرناتیڤێکی دیکە بدۆزرێتەوە و درێژە بە گەمەکان بدات کە فۆڕمێکی جیاوازی ھەیە، ئەویش ئایدیۆلۆژیای پراکتیکییە.

__________________________________________

بەشی چوارەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک