٢٥\٩\٢٠٢٠
زنجیرە چاوپێکەوتنێکی
وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:
سمکۆ
محەمەد:
• ئیستاتیکا بەرھەمی ھونەری لە
دەستی رواڵەتە ئەخلاقییەکان دەپارێزێ و نایکات بە موڵکی تایبەت.
• دۆزینەوەی ئیستاتیکا لە ھەر
شتێکدا، گرێدراوە بە عەقڵەوە.
ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو
- بەشی
شەشەم -
سمکۆ
محەمەد نووسەر و روناکبیر لەم چاوپێکەوتنەیدا دەربارەی
ئیستاتیکا وەکو چەمکێکی فیکری و فرە مانا، تیشک دەخاتە سەر ئەو
نھێنیانەی کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن و ھەروەھا لەکوێدا ئیشی
پێ دەکرێت. پێی وایە ئیستاتیکا ئەو
بینینەیە کە لەرێگەیەکی زانستییەوە تەماشای شتەکان و
بوونەوەرەکان دەکات و وێنایان دەکاتەوە بەستایلێکی ھونەری کە
وەرگر سەرەتاکەی ناناسێتەوە، چونکە لە واقیعدا ئەو ماتریاڵە
یان ئەو دیاردەیە شتێکی دیکە بووە، ئەم بینینە لەژێر کاریگەری
ئەو وتە و توانایە بەرھەمدێت، کە وەکو مەعریفە لەبەردەستدایە،
بابەتی جوانیش بۆ ئینسان تەنھا ئەوە نییە کە دەتوانێ لەنێوان
ھێزەکاندا باڵانس بکات کە ھەردووکیان دەرکەوتەی جەستەن، چونکە
ھەموو شتێک پێویستی بە باڵانس بێت، ئیستاتیکا پێویستی نییە،
بەقەد ئەوەی راھێنانی بەردەوامی جەستەیە لەژێر کاریگەری خەیاڵ
بۆ شتەکان و دەوروپشت و پێدراوەکانی ژیان، بەتایبەتی ئەو
جیاوازییەی لەنێوان نێر و مێ دا ھەیە، چەند خۆرسکە ئەوەندە
جوانە.
پرسیار: بەو پێیەی ئیستاتیکا چەمکێکی زانستی فرە مانایە و بەر لەوەی
زاراوەیەک بێت، فەلسەفەیەکە بۆ دۆزینەوەی ئەو نھێنییانەی کە بەچاوی
ئاسایی و بەبێ ھوشیاری نابینرێن لە سرووشتدا، چونکە ھەموو ماناکانی
جوانی پێکەوەنین و ھەر یەک لەوانە لە سیاقی خۆیدا جێگەی دەبێتەوە،
لەمڕوانگەیەوە ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم چەمکە و لەکوێدا پراکتیک دەکرێ؟
سمکۆ محەمەد: لەپێناسەکەوە دەستپێدەکەین کە بەمانای جوانی دێت یان
جوانیناسی، مێژووەکەشی ئەم چەمکە لە سەردەمی ھاتنە کایەی فەلسەفەی
یۆنانییەوە سەریھەڵداوە کە ئەفڵاتون لەنێو عەقڵدا بەدوای فکری جوانی و
لەنێو بوونیشدا بۆ بزواندنی ھەستەکان دەگەڕا، ئەرستۆ ئەم بیرکردنەوەیەی
لە ئەپستراکتەوە گواستەوە بۆ ھونەرە جوانەکان، وەکو جۆرێک جوانی کە
لەسرووشتدا ھەیە و یەکسان نابن بەیەک، ھەروەھا لۆژیکی خەیاڵی ھونەری
لەبەرامبەر ئیدراکی ھەستەکی راگرت کە لەرێگەی ئەزموونەوە ھاتووە، ھەر
ئەم دەستاودەست کردنە جوانی گواستەوە بۆ زانست و ئەدەب و گوتار کە ناوی
نرا ئیستاتیکا، زۆر بیرمەند لەسەر ئەم تێرمە قسەیان کردووە، ھیگڵ
پێیوایە کە جوانی لەھەموو شوێنێک ھەیەو بەردەوام رووبەڕوویان دەبینەوە،
بەو پێیە بێت ھونەر ئەوکاتە دەستپێدەکات کە لاسایی کردنەوە کۆتایی
پێدێت، ھونەری فۆتۆگرافی یان تەلارسازی کە شوێنێکی نیشتەجێبوون باوی
نامێنێت، ئەگەر جێدەستی ئینسانی لێ وەربگرینەوە، بەڵام من تێڕوانینەکەی
(ھێربرد رێد) م لەلا پەسەندە کە لەکتێبی (المعنی الفن)، جوانی وەکو
یەکەیەکی پەیوەندییەکان دەبینێ لەنێوان شتەکان، ئەوانەش کە درکیان
پێدەکەین لەرووی ھەستەوەریەوەیە، ئەوەش کە پەیوەندیی بەسرووشتەوە ھەیە،
خۆی مانایەکی ئیستاتیکییە، بەڵام ئینسان پایەیەکی ھونەری پێدەبەخشێت،
بۆ ئەوەیە لەگەڵ خۆڕسکی خۆیدا دایبڕێنێت، لەکوێدا و لەچەند بواردا
پراکتیک دەکرێ، ئەمەیان فەلسەفەکەیە ھونەرمەند یان ئەدیب چۆن کار لەسەر
ئەو لایەنەی کردەکە دەکات، من پێموایە ھیچ کردەیەکی ئەدەبی و ھونەری و
جەستەیی و تەنانەت مێژووییش نییە بەبێ ئیستاتیکای کەلێنی تیانەکەوێت،
بۆیە ناتوانین بەبێ ئیستاتیکا مانا بۆ ھیچ تێکست یان ھیچ کردەیەکی
ھونەری دابنێین.
پرسیار: ئێستا بواری قسەکردنمان دەگوازینەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی، کە
لەنێوان چۆنایەتی و چەندایەتی ھەیە، ئەم چەمکە لەعەقڵەوە بۆ عەفەویەتی
ماناکە دەگوازێتەوە، ھەروەھا لەسرووشت و خۆڕسکەوە بۆ ھونەر و کردە
ھونەرییەکان، ئایا بەبێ کەرەستەکانی بەردەست، ئێمە چۆن دەتوانین قسە
لەسەر ئەو جیاوازییە بکەین؟
سمکۆ محەمەد: یەکێک لە ماناکانی جوانی بۆچوون نییە لە بارەی ماتریاڵێک،
یان کەرەستەکانی نێو سرووشت بەپێی چەندایەتی، بەڵکو ئیستاتیکا خۆی
مانای چۆنایەتی شتەکانە، ئەم تێرمە سەر بە ئەپستمێکی فەلسەفییە کە
لەبەرھەمی ئەدەبی و ھونەری و سرووشتیدا زیاتر دەردەکەوێت، ئەوەی کە
مرۆڤ چێژی لێوەردەگرێت، پێی دەڵێن چێژوەرگرتن، ھەر وەکو ریمۆن باییر
لەکتێبی (تجلی الجمیل) ھانز جیۆرج گادامیر پێیوایە ئیستاتیکا سەر
بەزانستی چۆنایەتی یە، واتە ئەپستمییە، ئەگەر لە زانستدا چەندایەتی
ھەبێت، ئەوا بۆ ئیستاتیکا چۆنایەتییە و تایپێکی خودێتیشی پێوە
دەردەکەوێت کە رەنگدانەوەی بەسەر خوددا دەبێت، ھاوکێشەکە کەمێک قورسە
بۆیە پێویستی بە سەلماندنە، ئێمە لەنێوان عەقڵ و سرووستی پشت عەقڵ قسە
دەکەین، لێرەوە باسەکە بۆ میتافیزیکا ئاراستە وەردەگرێت، بەومانایەی
لەپشت سرووشتەوە قسە لەسەر ئەو شتانە دەکەین کە جوانن، یان جوانیان
تێدا دەدۆزینەوە، بەڵام بەعەقڵ نەک بەخۆڕسک، مەبەستەکەش ئەوەیە کە
چەندایەتی گواستنەوەی ماتریالە لەجەستەیەکی بێ روحەوە بۆ روحێکی زیندوو.
بۆ نموونە ئێمە لەبینینی ھەر شتێکدا فۆڕمێک دەبینین کە بۆمان ناکرێت بە
ماتریاڵ، بەڵام لێرەدا زەمەن حوکم دەکات بۆ رەسەنایەتی، نەک گواستنەوە
و دەستکاری کردن و نوێکردنەوەی ماتریالەکە، ھەروەک ئەوەی لە بازاڕی
ئەنتیک ھەیە و بەماتریاڵی جوان ناسراوە و گەشتیارەکان وێنەی لەگەڵ
دەگرن، ئێمە دەبێت لەنێوان کردە سرووشتییەکان و پارچە کلاسیکییەکان
جیاوازی بکەین، شاخێک کە وێنەی پیاوێکی پیری کوڕی زەمانەی وەرگرتووە،
دارێک لە چەشنی ژنێکی سەماکەر خۆی ئاڵاندووە بە دارێکی دیکەوە، بەردێک
کە لەشێوەی ماسی یان ئاژەڵێک دێتە بەرچاو، تەدارەکی ژنان لە کل و کلدان
و جوانکاریی جل و بەرگ و ھتد لە کەلەپورێکی دیاریکراودا ھەیە، جیاوازە
لەو پارچەیەی کە لەرێگەی کنە و پشکینینەوە دەدۆزرێتەوە و لە پێشانگا،
یان مۆزەیەک نمایشی دەکەین، ھەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ئیستاتیکای
دەستکاری کراو کە لەرێگەی عەقڵەوە گواستراوەتەوە بۆ جەستەیەکی ماتریاڵی،
ئەمە چەندایەتییە بۆ چۆنایەتی.
پرسیار: باشە قسەیەک ھەیە کە ئیستاتیکا تەنھا لەسرووشت و لەھونەردا
نییە، بەڵکو لەدەقی ئەدەبیشدا ھەیە، چونکە نووسین خەیاڵێکی ھونەرییە و
پەیوەندییەکی ھاڕمۆنی ھەیە لەگەڵ جەستەی ھونەریدا، کە بەشێکیشە لەئەرکی
زمان، ئایا زمان ئەو فاکتەرەیە بتوانێ ئیستاتیکا بخوڵقێنێ؟
سمکۆ محەمەد: لەگەڵ بیستن و خوێندنەوەی ھەر تێکستی جوان و جوانییەک لە
تێکستدا کە خوێنەری جددی ھەستی پێدەکات، پەیوەندیی رەسەنایەتی و
موڵکییەت دەبینین لەزمانێکی بێ روحەوە بۆ زمانێکی زیندوو، چونکە ئەدەب
یەکێکە لە ھۆکارەکانی بەدەستھێنان و دۆزینەوەی جوانیی لەنێو زماندا،
ئەو کاتەی کە شیعرەکانی سۆفۆکلیس و مەزموورەکانی داوود پێغەمبەر و
تێکستەکانی شکسپیر دەخوێنینەوە ئەو کاتەی رۆمانەکانی دایستۆفسکی و
دانتی و ھتد. ئەوکاتەی کە (ئاڕنۆڵد توینبی) وەکو ئەفسانە ناسێک
دەخوێنینەوە، دەبینین چۆن دەڕوانێتە لاماسۆ و بۆڕاق و کەویاری زەردەشتی
و کائینە ئەفسانەییەکانی ژاپۆن و ھیندستان و ھتد، لەوێوە تێدەگەین کە
ئیستاتیکا تەنھا لە فۆڕمێکی بێ زمان دا نییە، بەڵکو لە شتە ووردو
بچووکەکاندایە وەکو گاستۆن باشلار باسی دەکات، ئەو دەڵێت ئەگەر پرسیارم
ئاراستە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی سوودە سەرەکییەکانی خانو یان ماڵ، (بێگومان
لەلای من ماڵ پارێزەرێکە بۆ زیندەخەونەکانم، ماڵ کەسانی خەیاڵ پڵاو
دەپارێزن، بوار بۆ مرۆڤ دەکاتەوە بە ھێمنی و بەبێ ترس بخەوێت،
رووداوێکی بچووک لە کاتی منداڵی و لەجیھانی ھەر منداڵێکدا، رووداوی
جیھانیی منداڵەکەیە) بۆ نموونە وەکو ماڵۆچکەی منداڵان کاتێک گەمەی
تێداکەن و خۆیانی تێدا حەشاردەدەن و دواتر خۆیانی تێدا دەدۆزنەوە و
موڵکییەتی بۆ درووست دەکەن، ئەو تۆپ و جل و بەرگە وەرزشییەی کە منداڵی
ھەژار لەزەمەنی خۆیدا ناتوانن بەدەستی بھێنین و گەمەی پێبکەین و
خەونەکانیان پێتەدی، ئەو مەلەوانگانەی کە بەخەیاڵ وێنا دەکرێت و لەبری
ئەوە پاشماوەی ئاوی زستان بەکارھاتووە، ھەموو ئەمانە یادەوەریەکی جوانن
و لەزماندا وێنا دەکرێتەوە، من بۆ خۆم نموونەی منداڵانی کەرکوک و
بەکارھێنانی رووباری ئاوی خاسەی کەرکوکم ھەیە، کە بەنیسبەت منداڵانی
ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بەبیر خۆمی دەھێنمەوە بۆ نووسن یان بۆ
نۆستالیژیا و یادەوەرییەکی مەزنی منداڵی، دوای ئەوەش راوی ریشۆڵە و
مەلەوانی کاتی پشووی قوتابخانە و شەڕی گەڕەک و ھتد، یان ئەو گۆشە
نادیارانەی ژیانی ماڵی بچووک و بەرتەسک بەتایبەتی ماڵی کوردی کە ھیچ
ئازادییەکی تاکی تێدا نەبووە بەدرێژایی ژیانیان، ھەموو ئەمانە تێکستن
بەڵام نووسینەوەیان دەوێت، رۆلان بارت لە کتێبی چێژی دەق، باسی ئەو
ستایلە نووسینە دەکات، ھەمان ئەو فەزایەیە بەڵام وەڵامێکی ئەپستیمی
دەداتەوە، چونکە ھیچ دەقێکی جوان نییە بەبێ ئەوەی مەعریفەی لەپشتەوە
بێت.
ئیستاتیکا ئەو بینینەیە کە لەرێگەیەکی زانستییەوە تەماشای شتەکان و
بوونەوەرەکان دەکات و وێنایان دەکاتەوە بەستایلێکی ھونەری کە وەرگر
سەرەتاکەی ناناسێتەوە، چونکە لە واقیعدا ئەو ماتریاڵە یان ئەو دیاردەیە
شتێکی دیکەبووە، ئەم بینیینە لەژێر کاریگەری ئەو وتە و توانایە
بەرھەمدێت کە لەبەردەستدایە، بابەتی جوانیش بۆ ئینسان تەنھا ئەوە نییە
کە دەتوانێ لەنێوان ھێزەکاندا باڵانس بکات کە ھەردووکیان دەرکەوتەی
جەستەن، بەڵکو راھێنانی بەردەوامی جەستەیە لەژێر کاریگەری خەیاڵ بۆ
شتەکان و دەوروپشت و پێدراوەکانی ژیان، بەتایبەتی ئەو جیاوازییەی
لەنێوان نێر و مێ دا ھەیە، کە دواجار لەرێگەی خەیاڵەوە بۆ ئەو بابەتانە
دەبێتە ھۆکار بۆ ھەڵچوونی دەروونی، لە کاتێکدا خەیاڵ خۆی بەشێکە لە
رەنگدانەوەی ھەڵچوونی دەروونی، بەتایبەتی ئەوەی کە لەژێر کاریگەری
بیرکردنەوەدایە، ئەو فکرەیەی کە بەرھەمی مومارەسەی واقیعی ژیانی
ئینسانە، سابا ئەو فکرە فانتازی بێت، یان بریتی بێت لە سرووشتی ئینسان،
وەکو بەشێک لە ئەخلاق و ئەزموون کە لەرابردوودا ئینسان کردوویەتی بە
نەریت و بەردەوامیشە لەو نەریتە و لەرێگەیەوە ھەم جوانی کردووە بە
بەھانە و ئەرگومێنت.
پرسیار: بۆچوونێکی سەلمێنراو ھەیە کە تێگەیشتنی (مارسیل برۆستە) و
ھەستاوە بە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و ھونەری وێنەگرتن لە لایەک و ئەدەب
و مۆزیکیش لەلایەکی تر، ئەو پێیوایە کە تێڕوانینی ھونەری تێڕوانینی
شۆڕشگێڕانەیە و تەنھا لەلای بەشێکی کەم لە داھێنەرانی سەدەی بیست
دۆزراوەتەوە، ئەمە وەکو نمونەیەک، ھەر لەمڕوانگەیەوە مەبەستمە بپرسم
ئایا تێڕوانینەکان بۆ دۆخە کۆمەڵایەتیەکە چۆن دەبینی، ئایا ئیستاتیکا
کاریگەری بەبارتەقای شۆڕش ھەبووە؟
سمکۆ محەمەد: راستە چەند تیۆریەکی جیاواز ھەیە لەسەر ئیستاتیکا،
لەوانەش تیۆری ھیگڵ و کانت و کرۆچە و باشلار و ھتد، بەڵام ئەوەی مارسیل
پرۆست ئیستاتیکای وەکو شۆڕش تەماشا کردووە، ئەو پێیوایە شۆڕشی جوان و
ناشیرن وەکو نیگەتیڤ و پۆزەتیڤ وایە، یەکێک لەو تێڕوانینانەکانی ئەوەیە
کە بڕوای بە نموونەی پەیوەندیی جوانی و ھونەری جوانیبینییە، ھەروەھا
ئاسانکاری بۆ ئەو پێشکەوتنە کردووە لە نێوان ھونەر و ئەدەب و فۆتۆگراف
ھەیە لەلایەک، لەنێوان ئەدەب و مۆزیک لەلایەکی ترەوە، ئەم تێڕوانینە
شۆڕشگێڕانەیە، جگە لە داھێنەرانی سەدەی بیست بەولاوە، پێشتر ھەستی
پێنەکرابوو، بۆیە لێرەدا سەربەخۆیی ھونەر دەبینین و ئەو یەکێتیە
دەبینین کە لەنێوان ھونەری شێوەکاری و گوتار و نووسیندا ھەیە، ئەو
شتانەش کە جوانیان تیدایە و ھێشتا ئاشکرا نەکراوە، وردەکاری و تێگەی
تێڕامانە فکرییەکانە کە لەسرووشتەوە بووە بە سەنعەت ھەر وەک ئەوەی لە
خەیاڵی شیعریدا ھەیە کە زۆر جار وەزیفەی شۆڕش دەبینێ.
ھەر لەم سۆنگەیەوە کە باسی شۆڕشگێڕیم کرد، من پێموایە کاریگەری
ئیدیۆلۆژیا ھەیە بەسەر ئیستاتیکاوە کە کەمتر لە مەسەلەی ھونەردا
باسکراوە، ھەڵویستی ھونەر کە ھونەرێکی چینایەتییە یان ھوڵوێستێکە لە
ململانێی بازنەیی لەم چەرخەدا، کە لەنێوان چینی حاکم لە ھێزی
بەرھەمھێنان و چینە ناڕازییەکان لەلایەک ھەیە، ھەروەھا دیاردەی کۆمەڵگە
لە نێوەخنی کۆمەڵگا کە رەنگدانەوەی خودی کاری ھونەرییە. لە راستیدا
ئەمە بەشێکی مەسەلەی ئەخلاقی ھونەرییە جا لە رووی شۆڕشی پرۆلیتاریاوە
بێت، یان ئەو مێژووە بێت کە بەھای رەخنە لە حوکمڕانی، گوتارێکی
ئیستاتیکییە.
ئەم تێگەیشتنەی پرۆست لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ھونەرمەند و بیرمەند و
داھێنەرانی رابردوو بە چاوێکی تەواو شۆڕشەوە تەماشای نوێخوازی و
رووبەڕوبونەوەی ئیشکالیاتە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دەکرد، نموونەی رەوتی
سوریالی و دادائیزم و بزووتنەوەی رێنسانس تادەگاتە تێزەکەی ھێربرت
مارکیۆز و شۆڕشی ١٩٦٨ خوێندکاران و شۆڕشی رۆشنبیری سەر شەقامی سارتەر
بۆ پاڵپشتیکردنی شۆڕشی کرێکاران کە لەتێزەکەی مارکسەوە ھاتووە، بەشێک
لەو داھێنانەی کە لە سەدەکانی پێشوو بینیمان، ھەموو ئەوانە شۆڕش بوون
بەسەر تێڕوانینی کلاسیکی و سەپاندنی شێوازی ژیان بەبێ جوانی، بۆیە لە
زۆر شوێنیشدا ئەم بابەتە داھێنەری لەسەر تیرۆر کراوە کە نموونەی گالیلۆ
و کۆپەرنیکۆس بوون، چونکە کاری بلیمەتی و داھێنەر، کاری تێپەڕاندنی گرێ
و گۆڵ و کێشەکانی سەدەی رابردوو بووە، لەکاتێکدا بینەر و چاودێکەری
ھونەر لەکاتی خۆیدا بڕوای بە شێوەی داھێنانی نوێ نەبوو، تەنھا ئەو کاتە
نەبێت کە سەردەمێک و زەمەنێک بەسەر کارەکەدا تێدەپەڕی و نوستالیژیایەک
بۆ ئازادی کارکردن لەبەرچاو گیرا، بەشێک لە چەمکی داھێنانیش شێوەیەکە
لە نۆستالیژیای کار کە لەنێو شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا ھەستی پێدەکرێت،
لەکاتێکدا ھەر ئەو نوستالیژیایە بۆ ئازادی کار دواجار دەبێتە مایەی
مەترسی بۆ سەر ژیانی داھێنەر و جوانناس، چێژی کاریش ھەروەک ئەوەیە کە
لە فۆڕمە مێژووییەکەیدا دیارە، لەکاتێکدا لەنێو جەوھەری کاردا کە
لەڕووی مێژووییەوە سەپاندنی زۆرەملێ یی بوو لەلایەن ستەمکارەکانەوە،
گەڕان بەدوای ئازادیدا چێژی کار پێچەوانەوەی ئازادی کارە، مارکس
لەمبارەیەوە چێژی کاری لە ناوەڕۆکی ئیستاتیکی دوورخستۆتەوە، لێرەدا پشت
بە ھەلومەرجی خودی و بابەتی دەبەسترێت، چونکە کرێکار لێرەدا بۆ خۆشی
خۆی و بۆ بەدەستھێنانی ئیستاتیکا لە بەرھەمھێناندا کار ناکات، بەڵکو
جگەلەوەی کارێک بۆ نەمری خۆی دەکات، کارێکی ناحەزیشی بەسەردا
دەسەپێنرێت و لەنێو کاڵادا دەبێتە کاڵای بازاڕی سیاسەتی سەرمایەداری،
خۆ زۆربەی پەیکەر و دیواربەند و دیزاینی تەلاری ئیمبراتۆر و
دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان، بەشێک بوون لەو کارە ئیستاتیکییانەی
سەپێنرابوون بەسەر ھونەرمەنددا. بەشێک لەو فۆتۆیانەی کە لەسەدەی
رابردوو لەگۆڤار و رۆژنامەکان بڵاودەبوونەوە، فۆتۆشۆ بوون بەستایلی
کلاسیکی، دواتر دەرکەوت کە وێنە رەسەنەکە ئەوە نییە، بۆ نموونە من
ئەلبومێکی گەورەی وێنەکانی ستالینم بینی کە وێنە رەسەنەکە ترۆتسکی
تیابووە، یان دەستکەوتەکە ھی ئەو بووە، بەڵام لەمیدیاکاندا دەستکاری
کرابوو بۆ ستالین، ئەمە کاری ھونەری سەپێنراوە کە کاریگەری نیگەتیڤی
ھەیە لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و رەنگە شۆڕش دوابخات بۆ کاتێکی نادیار.
بابەتی ئەوەش کە مۆزیک بەشێکی گرینگی ئیستاتیکایە، دەبینین سیمفۆنیای
سێھەمی (ئۆریکا) ی بتھۆڤن کە ماڕشێکی جەنائیزی یە، ئەمەش مانای ئەوەیە
کە بتھۆڤن خۆی جەنازەی ئەو پاڵەوانانە ھەڵدەگرێتەوە کە لەجەنگدا
گیانیان لەدەستداوە و لەبەردەم جەماوەردا دایاندەنێت، بۆیە جیاوازی
لەنێوان مۆزیک و ھونەرەکانی دیکە لێرەوە دەردەکەوێت، بەوپێیەی کە مۆزیک
ھەندێکجار چارەسەری کێشەی ھونەری گەورەی کردووە، یان چارەسەری حاڵەتی
سایکۆلۆژیشی کردووە، ھەروەک چۆن لە ھونەری شێوەکاریشدا پەیکەر یان
تابلۆیەک مانایەکی تایبەتمان پێدەدات، بۆ نموونە تابلۆی جۆرنیکای
پیکاسۆ، یان کاتژمێرە تواوەکەی سلڤادۆر دالی، یان گوڵەبەرۆژەکەی ڤان
کوخ و ھتد، لە نێو کوردەواریدا ھونەری تەپڵ و دەھۆڵ و زوڕنا وەکو
ھۆکارێک بۆ بەختەوەرکردنی چەند چرکەساتێکی کۆمەڵگە لە نەھامەتییەکانی
رابردوو، یان زەماوەندی کۆمەڵایەتی بە تەپڵ و گۆرانی ئاسایی، بەتایبەتی
لە بووک گواستنەوە و شێوەکانی تری خۆشبەختی سووننەتی کولتوورە
کلاسیکییەکان، وەکو ئەو ھەستە ھونەرییە وایە کە ئافریقیەکان وەختێک
مۆزیکی جاز بەکاردێنن بە ھەموو تواناکانیانەوە چێژی لێدەبینین، ئەم
ھونەرە لەلای ئەوان مانای تایبەتی خۆی ھەیە، کە شێوەیەکە لە بەرانگاری
کردن لە دژی ئەوانی تر کە دژی ھەستە ھونەرییەکانی ئەوانن، رەنگە لەلای
کوردیش ھەمان مانای ھەبێت، ھەروەک چۆن لەلای لوڕ و کرمانشانی و ماچۆ و
شێوەزارە کوردییەکان کە ھەمیشە ژێر دەستەی نەتەوە و مەزھەبە
دەسەڵاتدارەکان بووە، وەختێک مردوویان لێ دەمرێت، ئەوان لەبەرمبەردا بە
شایی و بە ھەڵھەڵە و پێکەنین و گۆڕانی تایبەت، لەبری تازیە و ناخوشی
ئاھەنگ دەگێڕن.
جوانی و کردەی جوان، بریتییە لەو ئەزموونەی کە لەڕێگەی خەیاڵ و
رەھەندەکانی دیکەی ناکۆکییە ھەستیارییەکانەوە خۆی دەنوێنێ، رەھەندێک کە
بەرھەست و دیالیکتیکی و دەرەنجامی لێکسووییە واتە (لێکخشاندن) ی دوو
جەستەی جودایە لەیەکتر، ئەمە رەھەندێکی دیکەی بینیینە و ئەوانی دیکەش
موفرەدە پێویستییەکانی سێکس و کردەوە ئەخلاقییەکانە لەکایەی
کۆمەڵایەتیدا، ئەم بابەتە خەیاڵمان دەبات بۆ مایەی فراوانی بینیین بۆ
نۆستالیژیا کە بەشەرییەت خدووی پێوەگرتووە و بەو خودووەش دەژی، زۆر
کارێکتەری ناودار لەدونیادا تەواوی شتەکان بەو کایەیەوە دەبەستنەوە کە
خۆیان کاریگەر و شارەزان، بۆ نموونە فیساگۆرس ئەگەرچی ھەموو شتێکی لە
تێگەیشتنی بۆ دونیا لە ئەندازەییەوە دەبینی، بەڵام بۆ ئیستاتیکا
پێوەرێکی فۆتۆیی داناوە، ھەروەک ئەو ئەندازەیەی بۆ کەرەستەی ماڵ و
چێشتخانە دانراوە، بەڵام خەیاڵ لە کونجێکی ماڵدا کەمتر مەودای ھەیە
بەقەد ئەوەی لە زانست ھەیەتی.
پرسیار: ئەزموونکردنی کار لەرەوتی پەرەسەندندا، یەکێکە لە ھۆکارەکانی
پێشکەوتن و رەنگدانەوەی بەسەر عەقڵ و گۆڕینی ھەستەکانی مرۆڤ بۆ چێژی
ژیان، ئەم ئەزمونی کارکردنە تا چەند فاکتەری نزیکبوونەوەیە لە ھونەری
کار، بەو پێیەی مێژوو سەلماندویەتی بەرھەمی کار دیالیکتیکی سروشت و
خەسڵەت و تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ شتەکانی دەورووبەر؟
سمکۆ محەمەد: ئارەزووکردن بۆ ژیانێکی باشتر و لەبارتر و خۆشتر،
ئارەزووکردنە لە بەردەوامیدان بە کار و خۆ ئەزموونکردن لەنێو کەرەستە
خاوەکانی سرووشت، بۆ نموونە دۆزینەوە و موتوربەکردنی میوە و رەگەزی
ماڵات کە سەرنجی مرۆڤ بەلای ژیانی شایستەدا دەگۆڕێت، ئەو چێژەیە کە
زەمینە بۆ گۆڕینی ململانێ لەنێوان ئینسان و ئینسان بە بیانووی رەگەز و
نەتەوە و رەنگی پێست، دەگۆڕێت بۆ ململانێ لەنێوان مرۆڤ و سرووشت کە
عەقڵ رێنوێنی کردووە، ئەویش لە رێگەی کاری ئازاد و ئازادی کارەوەیە.
بەبڕوای تۆماس ھۆبز خەیاڵ گرێدراوی کۆنتڕۆڵی حوکمێکی عەقڵییە، بینینیش
قودرەتێکە ھاوکاری نووسین دەکات کە بیرکردنەوە ئیعتیباری نوێ و قەناعەت
پێکەر بەرھەمدێنێ، بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا قودرەتی عەقڵی نییە بەمانا
گشتاندنەکەی، ھەروەک ئەوەی شیعر وەکو دەقێکی سەربەخۆ، ستایلی
نووسینەوەی ئیدیۆمە بەزمانێکی ناڕاستەوخۆتر لە زمانی قسەکردنی رۆژانە،
چونکە خەیاڵ بە یادەوەرییەوە گرێدراوە، ئەمەش ھەدەفی ئەدەبیاتە
لەنووسینەوەی خود بەمەبەستی بە ئیستاتیکا کردنی قسە.
دیسان دێمەوە سەر سرووشت، ئەوەی کە لەپەیوەند بە سرووشتەوە ھەیە
بەرامبەر بە جوانی و ھونەر، وەکو دۆزینەوەی حاڵەتی دووھەمی جوانی لە
سرووشتدا، جۆرێکی تری شۆڕشی دیارە بەسەر نادیاردا، لەمبارەیەوە (بندیتۆ
کرۆچە) کە خاوەنی تیۆری مۆدێرنی ئیستاتیکی یە و لەژێر کاریگەری ھیگڵ
بووە، جگە لەمەش بە زەعیمی سیاسی لیبرالی ناسراوە، بەڵام لەرووی
مەعریفییەوە بۆ ئیستاتیکا، ئەو رەخنەی لەوەش گرتووە کە مەعریفە وەکو
حدس تاک لە وێنەیەکی ھەستەکیدایە، بەدەلیلی عەقلانی دووری دەخاتەوە،
لەبری ئەوەش تاک دەخاتە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەوە، لەرووی ئەخلاقیشەوە
بڕوای بەوە ھەبوو کە مەسەلە کۆمەڵایەتییە سرووشتیە چینایەتییەکان
بشارێتەوە، چونکە لە پشت میتافیزیکاوە ئایدیایەک ھەیە کە رەنگە
ئیستاتیکا بزربکات و فۆڕمێکی لێڵ و نادیاری پێبدات، بەڵام ھونەر خۆی
ئامانجێکی ئیتساتیکی پێشکەش دەکات، ئەو لەوێدا ھونەر و جوانی وەکو
سامانی خەیاڵ دەبینێ، لەشوێنێکی دیکەدا بڕوای وایە کە ئینسان تەنھا
بەدەستی جوانی وێنا ناکاتەوە کە مەبەست لە کردەیە، بەڵکو بەخەیاڵ وێنای
دەکاتەوە، لەحاڵێکدا کە ئینسان بەڕاستەوخۆ لەگەڵ شتەکانی دەوروبەری
خۆیدا ناژی، بەڵکو بەناڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سیمبولەکاندا دەکات، بۆ
نموونە ئەفسانە و ئایین و زمان وەکو تۆڕێک لەدەوری ئینسان دەئاڵێن و
بەناچار دەبێت بە کارپێکەری ئەو شتانەی ویستەکان و غەریزەکان دیاری
دەکەن، بۆ ئەمەش ھەر ئەوە شتەکان و کائینە ترسناک و شەڕانگێزەکان و
دڕەندەکان نیین دەبنە مایەی ترس بۆ ئینسان، بەڵکو ئەو فکر و بۆچوونانەی
ئینسانن لەبارەی شتەکانەوە ترس بەرھەمدێنن، بۆیە ئینسان توانای بەسەر
سیمبولەکاندا شکاوە و خۆی کردووە بە سەنتەری عەقڵ، چونکە عەقڵی
بەکارھێناوە و خۆی جیاکردۆتەوە لە سرووشت، بیرمەندێکی ئامریکی ھەیە
بەناوی (ستیفان کۆبرن) پێیوایە ئیستاتیکا گەڕانە بەدوای یاساکانی
چێژوەرگرتن لە جوانی، ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە شتەکانەوە جوانن،
ئەوانی دیکە ئیستاتیکی نیین تەنھا خۆشمان دەوێن وەکو ھۆکارێک بۆ
دۆزینەوەی جوانی لە شتەکانی تردا کە رەنگە خۆشویستنەکە کاتی بێت و
لەشوێنێکدا بووەستێت، وەکو خۆشویستن بۆ پەیکەری خوداکانی سەر زەوی،
سیمبولی نێو ئەفسانەکان کە ئینسان لەسەر شێوەی خۆی بەرھەمیھێناون،
ئەوان دیکەش کە چێژی تایبەت دەبەخشن.
پرسیار: وەک دەبینین زۆر لە دەقە ئەدەبیەکان جۆرێک لە جوانی بەرجەستە
دەبێت، نموونەی بەرگریکردن لە چینێک یان سەرخستنی کارێکتەرێک لە
کێڵگەوە بۆ مەزنایەتی، لەبەرامبەردا جوانییەک لە دەرەوەی ئیرادەی
ئینسان، روئیای ئێوە بۆ ئەو دوو رەھەندە چیە، ئایا جوانیناسی ناچێتە
قاڵبی کێشە فکرییەکانەوە؟ چونکە چارەسەری ئەم بابەتە تەنھا لە چاودا
کۆناکرێتەوە و یەکلایی نابێتەوە؟
سمکۆ محەمەد: دەبێ ئێمە ئەو جوانییە بدۆزێنەوە کە چۆن بارگاوی بووە بە
عەقڵەوە کە لەپرسیاری پێشتووتر وڵامم پێدایەوە، نەک جوانییەک لەفۆڕمدا
لەدەرەوەی عەقڵ، ئەمانوئێل کانت لەچەند ھەڵقەیەکدا و بەچەند شێوەیەک
چارەسەری کێشەی جوانی کردووە کە لەچوارچێوەی عەقڵی ئینسانیدا بووە،
بەتایبەتی لە کتێبی (رەخنە لەعەقڵی پەتی)، رەخنەی میتۆدی بەکارھێناوە و
دواتریش رەخنە لە عەقلی پراکتیکی دەگرێت، ئەو وەکو فەیلەسوفێکی مۆدێرن
کە بڕوای بە ئەزموونگەری خود ھەبووە، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەژێر
عێنوانی (نقد ملکە الحکم) ئەوەندەی باسی حوکمی دەرکراوی جوانی لە خودی
سرووشتیدا یان لەسەر کاری ھونەری کردووە و بەئەخلاقەوە گرێیداوە کە
لەلای ئەو وشەی ئەخلاقی جوانی یە kalon، ئەوەندە باسی ھەقیقەتی
نەکردووە کە بەشێکە لەفەلسەفە، (کانت) حوکمی بەسەر دوو بەشدا کردووە و
لەرێگەی پێناسەکردنییەوە دابەشیکردووە، لەوێشەوە باس لە لێکۆڵینەوەی
گشتی و حوکمی تێڕامانی کردووە، ئەوەندە باسی ھەر ئەو حوکمەشە بۆ جوانی
ھەیەتی کە گرێدراوی خود و بابەتە، چونکە ھیچ بابەتێک نییە پەیوەندیی بە
خودەوە نەبێت مەگەر خودێک ھەڵگری ئەو ئەخلاق و خەیاڵ و چێژەوە نەبێت کە
بابەت خوڵقاندوویەتی، رەنگە چێژوەرگرتن لە جوانی بەشێک بێت لە نامۆبوون
کە تا ئیسَتا ئێمە لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی ئەخلاقی جوانیداین.
مارکس لە کتێبی سەرمایەدا و لەبەشی یەکەم باس لەوە دەکات کە کاری
جوانترین تەلارساز لە کاری کارامەترین بوونەوەر کە ھەنگەکان کەنوو
دروستدەکەن بۆ خۆ بەرھەمھێنانەوە، کاری تەلارسازەکە لە تەونی جانجاڵۆکە
جواترە، چونکە تەلارسازێک بەر لەوەی دەست بەکارەکە بکات، بیر لەوە
دەکاتە چۆن فۆڕمێک بە تەلارەکە بدات، بەڵام ئەمە دواجار بەرھەمی دەستی
کرێکارە بەر لەوەی بەرھەمی تەلارسازەکە بێت، ئەم تێگەیشتنە لەنێوان
ھەنگ و جانجاڵۆکە وەکو کائیناتی بەشەری سرووشتی و کاری تەلارساز وەکو
دیزاین کاری شار و دەوڵەت و رازاندنەوەی سیستم، لەجوانیناسییەوە
سەرچاوەی گرتووە کە دواجار خەیاڵ بەرھەمی دەھێنێت، کێشەی ھەرە گەورەی
فەلسەفەی ئیستاتیکا ئایدیای نەگۆڕە کە مەبەست لە ئایینە.
دەبێ لەوێوە دەستپێبکەین کە جوانی ئاکتێکی سروشتییە، ئەو ئاکتەی ئەگەر
چاوێکی ھۆشیاری لە پشتەوە نەبێت ناتوانرێت ببینرێت، واتە جوانی
ناپێورێت، چونکە ئەزموونێک لە رێگەی چەمکەوە دەرکی پێناکرێت و پێناسە
ناکرێت، بۆیە خۆپاراستن لە لە چەمکسازی واتە ئەخلاقێک کە عەقڵ
مەبەستێتی ھاندەری بینین بێت بۆ چاو، ئەمە بەشێکە لە تێڕوانینی چاوی
ھۆشیار بۆ سرووشت و کەرەستەکانی داھێنان.
لێرەدا مەودایەکی کاتی ھەیە کە پێی دەگوترێت (بدیعی) واتە کاری
داھێنەرانە، ئەم تێگەیە لەلای ھەندێک بە تێڕوانینی شەیتانی ناودەبرێت،
چونکە خزانی شتی بچووک واتە دونیای شتە بچووکەکان بۆ نێو دەقێکی گەورە
و باڵا، واتە (الادب الرفیع) وەکو عەلی ئەلوەردی کۆمەڵناسی عێڕاقی دەڵێ
(ھەموو دەقێکی باڵا زیاتر لە تێڕامانێکی گەرەکە وەکو ئەوەی ئەدەبی
یۆنانی و جاھیلی و ئەفسانەی کۆمەڵگەکانی وەکو ھیند وچین و ئیتاڵیا و
میسر و ئێران و ھەموو دەوڵەتە رەسەنەکان، رەنگە ھەر ئەمەش بێت کە زیاتر
لە ئەفسانەیەک لە دونیای ئەو کۆمەڵگە رەسەنانە ھەیە).
گەمەی زمان بەتەواوەتی بەشێکی گەورە لەپانتایی ئیستاتیکا داگیردەکات،
کەچی سەیر لەوەدایە کە بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی سەرەوە، (فینگشتاین)
فەیلەسوفێکی ناسراوی ئەم بوارەیە، پێیوایە زمان پێناسەیەکی گشتی نییە و
لێکیش جیانەکراوەتەوە، ئەو دەڵێ (گەمەی زمان وەکو گەمەی کەرەستە
پێویستەکانی ژیان وایە، خودی گەمە لێرەدا نموونەیەکی باشە بۆ
بەکارھێنانی جیاجیاکانی وشەیەک، بۆ نموونە باسەکەش وەکو شەتڕەنج و زارو
مار گەمەیە، بەڵام ئێمە دەتوانین قسە لەبارەی گەمەیەکی سۆسیۆلۆژیا، یان
پڕۆژەیەکی کۆمەڵناسی بکەین، یان بڵێین خەڵک دەتوانن فریوم بدەن، یان
بەپێچەوانەوە).
ئامانجی جوانیناسی ھەمان ئەو تەباییەی ھەیە بەڵام ھارمۆنیای تێکستەکە
ئەگەر سرووشت بێت یان کارێکی ھونەری، مەبەستە جیاوازەکە دیاری دەکات،
سڕینەوەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو پانتاییەی کە ژیانی تاک و جھانبینی تاک
دەگۆڕێت، لەلایەک ئەو ئازادییە دەپارێزێت کە دوور کەوتنەوەیە لە
تێڕوانینی گشت، لەلایەکی دیکەوە بەرھەمی ھونەری لەدەستی کۆمەڵگە و
رواڵەتە ئەخلاقییەکان دەپارێزێ و نایکات بە موڵکی تایبەتی، ئەم
ھەقیقەتە بۆ پاراستنی جوانی ھاوئاھەنگی یەکێتییەکی ماناداری ھەیە بۆ
ھەردوو ئایدیاکە کە دژی چەواشەکردنی جوانی راستەقینەن لە تێکستی
دەستکرد و سرووشتگەرایی لەلای ھونەر. بۆیە ئەو گەشەیەی کە سەرمایەداری
لەرووی ئابورییەوە بە خۆیەوە بینیویەتی و ھەموو فۆڕمە جوانەکانی لە
جەوھەرێکی بۆشدا کۆکردۆتەوە و دایپۆشیوە، ئەمە پانتاییەکی خەیاڵییە لە
پێناو کوشتنی ئەو واقیعەی کە جوانی بەرھەمدێنێ لە نێو دیاردە
ناشیرینەکاندا، لێرەدا سەربەخۆیی لە ئایدیادا بۆ تێڕوانینی واقیعیانەی
جوانی ھەستی پێدەکرێت و دەزانین جوانی چییە و مانای چییە، لەحاڵێکدا
رەنگە ئەم چەمکە زیاتر لە مانایەکی ھەبێت.
پرسیار: کاتێ ھونەر دەبێتە شێوەیەک لەھەڵچوونی بێداری و راگرتنی
باڵانسی نێوان فۆڕم و جەوھەر و یەکخستنیان لە کارێکی دانسقەدا، لێرەدا
رۆڵی زانستی جوانی بە چ ئاڕاستەیەک شرۆڤەی ئەو کارە ھونەرییە دەکات
بەپێی پێوانەیی سەردەم، دیارە بۆ ھەر سەردەمێکیش پێوانەی تایبەت ھەیە،
لەکاتێکدا جوانی رێژەگەراییە و رەھا نییە؟
سمکۆ محەمەد: ھەموو شتێک راگرتنی باڵانسی گەرەک بێت، ئیستاتیکا بەھەموو
جیاوازییەکانیەوە کە فرەییە لە پێناسە ئەمەی ناوێ، بۆ نموونە ئاو
پێویستییەکی ژیانە و موفرەدە و زادەی جوانی سرووشتە، کەچی لەدەریادا
دەیان ھەزار ئینسانی خنکاندووە، کەوتنە خوارەوەی ئاو لە ئاسمانەوە یان
لە پانتاییەکی دیارەوە، واتە کارێکی ناوازەی دەرەوەی ئیرادەی ئینسانە،
ئەگەر مەبەست لە کاری سرووشتی بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە پیسکردن و
دەستکاریکردنی سرووشت کە کردەی ئینسانە، وەکو ئەو تێگەیشتنەی دەقی
(فاوست) ی گۆتەی ئاڵمانی لێدێت کە دەبێتە کاری شەیتان و شتەکان و
موفرەدەکان پیس دەکەن، لێرەدا شەیتان بەمانای بۆچوونی ئیسلامگەرایی
نییە، بەڵکو ئەو شەیتانەی کە مانای دژە فەزیلەتە بۆ کردەوەی ئینسانە کە
زۆر جار لەنێو شتە بچووکەکاندا زیاتر دەردەکەوێت، واتە لەنێو ھەموو شتە
جوانەکان شتێکی خراپ و ناشیرین زەق دەبێتەوە، بۆیە بەو پێیەی کە فۆڕم
وتەزایەکە کلیلی سەرەکی جوانیناسییە و لەوێوە دوالیزمەکەی خێر و شەڕ
جودا دەکاتەوە لەرووی ماناوە، ھونەرناسی لێرەدا دەردەکەوێ کە ئایا وەکو
یاسا وەزعی یە؟ یان سرووشتی؟، دەستکردی خودایە یان ئینسان کە پێی
دەگوترێت داھێنان، یەکێکیان لەدەرەوەی ویست کردەی ئینسانە و ئەویتر
ویستی غەریزی ئینسانە کە ئەمە موناقەشەیەکی ترە، بۆیە فیگەرێکی
داھێنەرانەیە و بەکاری سرووشتی وەکو ماتریالیستی و بە کاری خودایی وەکو
میتافیزیکی ناودەبرێت، ھەروەک ئەوەی کە مایکڵ ئەنجیلۆ و بیکاسۆ و
داڤینشی و رامبرانت و تێکستی ئەفسانەی یۆنانی و رۆمانی و سۆمەری و
میسری و ھیندی و چینی و تا دەگاتە رۆژھەڵات کە بریتیین لە ھەردوو
ھونەری تەلارسازی سامەڕرا و بابل و ھتد. لە حاڵێکدا ئەمە جوانییەکی
ھەمەگیرە کە خودێکی تایبەتیان لە پشتەوەیە. ھەروەک چۆن لە پشت دوا شێو
خواردنی عیسا کە لیوناردۆ داڤینشی کردوویەتی و دەیەھا تێڕامانی بۆ
کراوە و فرۆید سایکۆلۆژیایانە قسەی لەسەر کردووە، کەسێکی حەتمییەتی
مێژوویی و تێکست و چیھا قسەی ھونەری لە پشتەوەیە کە تائێستاش موناقەشەی
لەبارەوە دەکرێت کە پێدەگوترێت جوانیناسی رەنج. واتە کەسێک رەنجی داوە
بۆیە جوانی دۆزیوەتەوە لەدەرەوەی سرووشت، ئەمەیە جیاوازی نێوان رەھا و
رێژەگەرایی جوانی.
ئەو ھاوکێشەیەی کە لەنێوان موزیک و دەنگی سرووشتدا ھەیە لە خوڕڕەی ئاو
و دەنگی باڵندەکان و ھتد، لە شوێنێکدا عەفەوییەتی پێوەدیارە، بەڵام کە
ئەکادیمیا و نۆتە و بەرھەمی زانستی موزیکی تێکەڵ دەبێت، جوانییەکەی بە
بارتەقای پێشووتری نامێنێت، چونکە بە ناڕاستەوخۆ سانسۆڕی تێدەکەوێت، من
لەدژی ئەو سانسۆڕە قسەم ھەیە، چونکە ھونەر وەکو رەنگدانەوەی کردەی
سرووشت وایە، وەختێک سانسۆر کرا، ئیدی لە بەھای داھێنانە نادیارەکەی
کەمدەبێتەوە، ھەروەھا بۆ بیسەر و بینەریش چێژی نامێنێت، گەڕانەوە بۆ
نۆستالیژیای زەمەنی ھونەری دەستکرد و خۆڕسک بۆ بەردەوامی ژیان
بەتایەبتی لە ژیانی کوردەواریدا، بۆ نموونە لاوانەوەی ژنێک و داکێک بۆ
منداڵ و مێردەکەی یان ئازیزەکەی کە لەدەستی داوە، یان گەڕانەوە بۆ ژیان
خاکێتی لە گوندنشیندا ھەمان مەبەستی پێشووترمە لە بارەی لاسایکردنەوەی
زەمەنی بەسەرچوو لەبارەی ھونەری خۆڕسکەوە، یان دروستکردنی قالی و بەڕە
و جاجم بۆ خەوتن و خۆ گەرمکردنەوە کە کاری دەستی بووە بەتایبەتی لەلای
ژنان، نوستالیژیای ھونەری کوردییە.
ھەروەھا دەبێ ئەوەش بگوترێت کە رێژەگەراییی بۆ ھەموو دیاردەیەک کە
پەیوەندیی بە ھیومانیزمی عەقلییەوە ھەیە راستە، چونکە دەرکەوتووە
رەھاگەرایی دەرەنجامی بیری رەھایە کە سنوور بۆ عەقڵ و ژیان بەگشتی
دادەنێت، ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم ژیانێکی نۆێین ئەویش ستایلێکی دیکەی
تاکگەراییە، ئەو پارادۆکسەی کە ئینساگەلێک خۆی دوور خستۆتەوە لەسرووشت
ئەوانەش کە خۆیان بە بەرھەمی سرووشت دەزانن و پراگماتیکی لە جوانی
تێدەگەن، واتە سوودگەراکان خاوەن ئەم تێگەیشتنەن، ئەوەی کە ئەفسانە
بۆمانی دەگێڕێتەوە و ئینسان بریتییە لە کائینێکی دیکەی دوور لەم
نموونەیەی ئێستا ھەیە، ھەروەھا ئەو چێژوەرگرتنەی ئینسانی ئێستا لەگەل
رابردوو لە مەرجی ئەوەدایە کە چۆن بتوانین ئەو دوو جۆرە ئینسانە
لەیەکتر جودا بکەینەوە، ئینسانی ئێستا کە رۆبۆتێکی بەکاربەرە و ئەوەی
دوێنی ئینسانی راستەقینەی تێکەڵ بەسرووشت بووە. کەوابوو رێژەگەراییەکەش
جێگەی گومانە ئەگەر بەراوردی بکەین بە تێگەیشتنی ھۆشیارانە بو جوانی کە
لەپشتیەوە عەقڵ ھەیە.
پرسیار: چۆن بتوانین خوێندنەوەیەکی مەعریفی بۆ جیاکاری نێوان جوانی و
ناشرینیەکان بکەین، وەک دوالیزمێک لەیەک کاتدا، وەکو دوو حاڵەت، ئایا
ئەم جیاکارییە قورس نییە لەرووی مەعریفییەوە؟
سمکۆ محەمەد: بەڵێ زۆریش قورسە، چونکە دەرکەوت ھەموو شتێک رێژەییە و
رەھا نییە، با لەوێوە دەستپێبکەم کە بۆچی ژیان بریتییە لە دوالیزم،
ھەروەک لە پرسیاری پێشووتردا باسمان لێوەکردووە، چونکە سەرەتا و
بونیادنانی ژیان ئایین و ئەفسانەی نێو ئایین و دەسەڵاتە ئاینییە
ئایدیالییەکان دایانمەزراندووە، ئەمە وای کردووە کە ژیان بۆ ھەموو شتێک
دابەش بکرێت و لەبەرامبەر ھەموو کردەیەکی خێر، کردەی شەڕ ھەبێت کە
دژەکەیەتی، ئەگەر دوالیزم وەکو ئایدیالیستێک تەماشا بکەین، ئەوا دەبێ
ناوی خێر و شەڕی لێبنێین، بەڵام من بڕوام بە دیالیکتیک ھەیە بۆ سیستمی
دژەکان، مادام ئیستاتیکا رێژەگەراییە، کەواتە جوانی ھەیە و ناشیرینیش
ھەیە کە ئەمە ویستێکی سایکۆلۆژییە زیاتر، بۆیە لەبەرامبەر خۆشیدا،
ناخۆشی و لە بەرامبەر جوانیشدا و ناشیرینی ھەیە، ئەمەش زیاتر لە
جیاوازی نێوان شەوو رۆژدا پەیدا بوو. بۆیە دەڵێم تێڕوانینەکە ئاینیی و
تێگەیشتنێکی کۆنکریتی نەگۆڕە، بۆ نموونە میسرییەکان کاتی خۆی لە
شوێنێکی زۆر ھێمن و دوور لە کێشە دەژیان و ھەموو شتێک دەستەبەر بوو،
بەڵام بە ھۆی نزیکییان لە روباری نیلەوە، ئیدی ساڵانە دوچاری لافاوو و
کێشە سرووشتییەکان دەبوونەوە، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی ئەفسانە کەڵکی
لێوەربگرێت بۆ دەسەڵات و قەناعەت پێکردنی خەڵک بەوەی روباری نیل دوو
وێنەی جوانی و ناشیرینی ھەیە، کاتێک جوانە کە ئارامی بە خۆیەوە دەبینێ
و کاتێکیش ناشیرین کە توڕە دەبێت زریان بەرھەمدێنێت و لافاو ھەڵدەستێت
و دەبێتە مایەی لەناوبردنی ھەموو کائینەکان، ھەروەھا ئەھرامەکانیش
ھەمان ئەفسانەی تراژیدی بەشەرییان لە پشتەوەیە کە ئێستا بۆتە جوانییەک
گەشتیار سەردانی دەکەن.
با بێمە سەر نموونەیەکی تری دوالیزم بۆ دەربڕین لەسەر جوانی و ماناکانی
دیکەی کە یادەوەرییە، بۆ نموونە ماڵ ئەو جێگەیەی کە شوێنی حەوانەوە و
پاراستنمانە لە گەرمای ھاوین و سەرمای زستان، ئەمە تێگەیشتنی
کۆمەڵایەتییە بۆ شوێن، بەڵام بچینەیەکی دانەریشە لە نووسین و ئەدەب و
ھونەردا، بۆیە نوسەری جددی لەماڵەوە دەستپێدەکات چونکە ماڵی کۆن ماڵی
منداڵییە و سەنتەری راھاتنمانە لە شتەکان و دیاردەکان، بۆیە ھەرکاتێک
دەکەوینەوە ماڵەوە لەدیاردەکان دەڕوانین کە لەژیانی ماددی دوور
دەکەوینەوە، واتە دەبینە کەسێکی روحی، چونکە دیاردە ھەستکردنە بە
ئەمانەت و بەرگریکردن ی مرۆڤ لە دووتوێی ماڵدا، ئەمە ماڵ لە دوالیزمی
تێگەیشتنی جوانیناسی و کۆمەڵناسیدا بە دوو مانای جیاواز خۆی دەنوێنێ،
ئەم تێڕوانینە بە گشتی بۆ دەربڕین لەبەرامبەر شێوەی جوانی کە ھونەر
مانای چالاکیەکی جوانە و لە ماڵدا زیاتر بوونی دەسەلمێنرێت.
دیوێکی دیکەی ئەم دوالیزمیەی ئیستاتیکا کە ھەندێکجار ھەستی پێناکرێت،
نموونەی سووربوونە لەسەر پێداگیری ئاست نزمی و بەرزی، ئەم بانگەشەیە بۆ
دیاردەیەکە کە گوایە عەقڵمەند و ئەپستراکتە، ئەمە ئەو دەقەیە کە پڕۆژەی
فۆڕمی رەخنەیی جددی و رادیکاڵی لە سەرمایەداری گۆڕیوە بۆ بۆچوونی
جیاواز و قبوڵکردنی ئەویتر کە وەھمە، ئەو ستایشەی کە ناڕاستەوخۆی
بەشێکی زۆر لە بیرمەندانی رۆژئاوا دەیکەن بەرامبەر ئەم سیستمە نوێیە کە
گوایە لایەنەکانی گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا و عەقلانییەت و گەشەی مرۆیی لە
بونیادە ئابورییەکەوە سەرچاوەی گرتووە، فۆرمێکی وەزیفەیی ھێندە
ناشیرینە کە بە ئیستاتیکای رۆژ ناسراوە و لەکەمترین کاتدا و لە
ریکلامێکی چەند رۆژەی ھەڵخەڵەتێنەر بۆ فرۆشی کاڵا بەولاوە ھیچی تر
نییە، ئەم وەزیفەیە تابلۆ یان شانۆییەک یان جەوھەری شتێکی دیار نییە،
بەڵام لە دیوی ناوەوەیدا و لە کولتوورێکی رۆژانەدا کە بەسەر ئینساندا
سەپێنراوە، پێویستی بە شاھید نییە، سەرمایەداری دواھەمین سەپێنراوی
بەسەر ئینساندا ئەو تێکەڵکردنە کولتوورییە یە کە ھەم کەڵکی لە
ئیشکالیاتەکانی بینیووە و ھەم ئەو فۆڕمەش کە خودی ئینسانی پێ
ھەڵخەڵەتاندووە و گەرەنتی ژیانێکی نوێی پێداوە، مەبەستم لەو کۆنتڕۆڵەیە
کە ھەموو کایەکانی جیھانی گرتۆتەوە و ئینسانی ناچار کردووە بە فۆڕمی
ئیستاتیکی تەماشای بکات و لەشوێنێکی دیکەشدا بەناوی فرە کولتوور و مڵتی
کەڵچەرەوە زەمینەی بۆ کێبەرکێی نەتەوە و کولتوورەکان خۆش کردووە و خۆشی
وەکو تەماشاکەری ئۆپێرا نیشانداوە بەناوی ئازادی یەوە.
بەھەرحاڵ دێمەوە سەر باسەکە بەتایبەتی، قسەیەکی فەلسەفی ئیدیالیستی
ھەیە کە دەڵێ (ھیچ ئینسانێک و شتێکی ناشیرین نییە مەگەر خۆی ناشیرین
بکات)، ھەموو ئەو شت و کەرەستانە ھەن، بەرھەمی سرووشتن و سرووشتیش ھەم
لەرووی ئیدیالیستی و ھەم لەرووی ماتریالیستی یەک مانایان وەرگرتووە کە
خاڵقەکەی دیار نییە، لەوێ خودایە کە ھەڵە ناکات، لەلایەکی دیکەشەوە
بوونێکە لەدەرەوەی ئیرادەی ئینسان کە ھێزێکی دیکەی سرووشتە و ھەڵە
ناکات، کەواتە شتێک نییە بەناوی ناشیرین مەگەر لەرووئیای ئینسانی تاک
رەھەندەوە بێت، چونکە لەلای ئەوان ھەندێک شت بە رێکەوتنێک بە جوان
ناسراوە و ئەوانی دیکە بە ناشیرین، بۆ نموونە سەگ لەلای کریستانی وەکو
ئایین و کولتوور جوانە و لەگەڵ ئینسان پێکەوە دەژین کە ئەمە لە یارانی
ئەشکەوتدا وەرگیراوە و قورئانیش باسی دەکات، کەچی لەلای رۆژھەڵات و
ئاینی رۆژھەڵاتی و ئیسلام، بەبێ ھیچ بیانوویەکی لۆژیکی سەگ کائینێکی
ناشیرین و بەدە و لەھەندێ کاتیشدا جنێودان و قسەی نەشیاوە، لەحاڵێکدا
ئەم کائینە لەگەڵ ئینسان دەژی کەچی ئینسان بۆ خزمەتی خۆی بەکاری
دەھێنێت ئەگەرنا بە کائینێکی ناشیرین و قیزەون تەماشای دەکات، ئەمە
جیاوازییەکەیە لەنێوان ھۆشاری و ناھۆشیاری و دوو گوتاری ئایینی جیاواز
بۆ ئەو کائینانەی لەگەڵ ئینسان دەژین.
__________________________________________
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|