په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠٢٠

زنجیرە چاوپێکەوتنێکی وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:

 

سمکۆ محەمەد:

ھەژاری فکری رۆژھەڵاتی بوو بە سەرەکیترین ھۆکاری کۆچ.
بازاڕی ئازاد کۆچبەر و پەناھەندە، وەک کاڵایەکی زیندوو تەماشا دەکا.

ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو

- بەشی هەفتەم (کۆتایی) -


بەشی هەفتەمی گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناکبیر سمکۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەی کۆچ لە دونیادا و بە تایبەتی کۆچی کوردان بۆ ھەندەران، ئەو بەدەر لە تێڕوانینی باو و گوتراو سەبارەت بەم دیاردەیە، ھۆکارە نەگوتراوەکانی درکاندووە و بە ستایلێکی نادیاری بازاڕی ئازادی لەقەڵەمداوە.

 
پرسیار: تێرمی کۆچ وا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە ھەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو کێشەو گرفتانەی کەمرۆڤ پێوەی لەنیشتیمانی خۆی پێوەی دەناڵێ، جا ئەو کێشانە سیاسی بن یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی، لەکاتێکدا ئێمە کۆچی زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە و زانستی و پیشەییشمان ھەیە، بەگشتی خوێندنەوەی ئێوە چیە بۆ ئەم تێرمە؟


سمکۆ محەمەد: من دەبێ جیاواز لەتێگەیشتنە باوو گشتیەکانی رابردوو قسە بکەم کە لەسەر ھۆکارەکانی کۆچکردنی زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە کراوە، چونکە شتێک کە باس کراوە و موناقەشە کراوە لۆژیکی نییە دووبارەی بکەینەوە، پێناسە سەرەتاییەکەی ئەو تێرمە کە چەندین رەھەندی جیاوازی ھەیە، ئەوەیە کە ھەرکەس وڵاتی خۆی بەنائارامی بینی و ھەستیکرد جێگەی نابێتەوە یان خۆشگوزەرانی نەماوە و یان ناحەسێتەوە لەسایەی ئەو دەسەڵاتەی حکومەت و کۆمەڵگەکەی، ئەوا ناچارە کۆچ بکات بۆ شوێنێکی ئارامتر, چونکە ئەو شێوە کۆچە، بڕیارێکی نائاساییە لە زەمەنێکی نائاسایی و ناجێگیردا،لەلایەکی ترەوە ئارەزوومەندانەیە لەبەر ئەوەی کەسی کۆچبەر لەنێوان دوو دونیای جیاوازیبەھەشت و جەھەننم، ناچارە یەکێکیان ھەڵبژێرێ، ئەویدیکە پاڵنەرێک ھەیە کەسەکە ناچار دەکات ئەو جوگرافیایە جێبھێڵێت، لەھەردوو بارەکەدا من پێموایە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ھەژاری فکری ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە ھەیە کە لەو جوگرافیایە دەژین، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوایە ئەوا لەبری کۆچ، دەبوو گەشت بکەن بۆ بینینی ئەو فەزایەی کە سیحرێکە لەخەیاڵی ئەواندا کە جیاوازە لەفەزای رۆژھەڵاتی.
رەھەندێکی دیکەی نیگەتیڤی کۆچ، ئەوەیە کە ئینسان بەھۆی کۆچکردنییەوە، شوناسی خۆی و زمانی و خۆی و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی و کاریگەرییە ھەمەلایەنەکانی لەئاستی سیاسی لۆکاڵی لەدەستدەدات، ھەموو ئەمانە دەبنە بەشێک لە نامۆبوونی تاک لەنێو دونیایەک کە نەدەبێتە نیشتیمانی و نە ئەلتەرناتیڤیشی ھەیە، ھەڵبەت ئەم باسی کۆچە لەکۆنەوە ھەیە و بەشێوازی ئایدیالیستی و ماتریالیستی قسەی لەسەر کراوە، بۆ نموونە کۆچی فەیلەسوفەکان لەترسی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی بووە، کۆچی پێغەمبەرەکان و باوەڕدارەکان لە نیشتیمانی خۆیانەوە بۆ جوگرافیایەکی تر، لەترسی توندوتیژی ئایینی و دیسپلینە یاسایی و سیاسیەکانی پێش خۆیان بووە، کۆچی گروپە نامۆکانی دونیا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، وەکو جیپسەکان و ھیندییە سوورەکان و ھیپییەکان کە خۆیان بە خۆڕسک کۆچبەرن و بڕوایان بەگۆڕینی کەشوھەواو جوگرافیاوە ھەیە، خوایشت و خۆڕسکە،بەڵام ئەوانەی کە بەھۆکاری زانستی کۆچ دەکەن، پرنسیپێکی فکری و ئەخلاقی لەپشتەوەیە و بۆ مەرامێکی زانستییە، نموونەش کۆچی کۆپەرنیکۆسە کە بەھۆیەوە جیھانی ئاشکرا کرد وگوتی گۆی زەوی خڕە و پان نییە.
ئەگەر کەمێک بچینە دواوە دەبینین کۆچ رەھەندێکی دیکەی سیاسی ھەبووە لەدونیای رۆژھەڵاتیدا، مەبەستم ململانێینێوان نەتەوەی ستەملێکراوو کۆڵۆنیالیزمە،ئەمە جەنگێکی فکری و فەرھەنگی بەرھەمھێنا کە لەنێو وڵاتی خۆیان نەدەکرا، بەناچار لەنێو وڵاتی خودی کۆلۆنیالەکان دەکرا، بۆ نموونەکۆچی فەلەستینیەکان بۆ ھەندەران، بۆ درووستکردنی لۆبییەک بوو بۆ پشتگیری کردنی کێشەی فەلەستین، ئەوانەش کە لەمیسر و جەزائیرەوە رۆشتبوون بۆ ئەوروپا، دیسان ھەمان رەھەندی ھەبوو، بۆ ئەوەبوو کەگەنجەکانیان لەیەککاتدا دوو ئەرک ببینن، یەکەمیان خۆرزگارکردن بوو لەھەژموونی کۆنتڕۆڵکردنیان لەدەستی کۆڵۆنیالیزمی فەرانسی، رەھەندی دووەم ئەوەبوو کە ھەم لۆبی و ھەم سەرچاوەی ئابورییەک بن بۆ ئەوانەی لەمیسر و جەزائیر لەژێر ھەژموونی کۆلۆنیالیستی فەرانسی مابوونەوە، رەھەندی سێھەم پاراستنی کولتووری خۆیان بوو کە لەئەوروپا بەرھەمدەھاتەوە،ئافریقییەکانیش نموونەیەکی دیکەی ھەمان شێوەی ژیانی سیاسیین، بەڵام ئەوانەی کەلەبولگاریاو چیک و سلۆڤاکیا و رۆمانیا کۆچیان کردووە لەرۆژئاوا گیرساونەتەوە، جیاوازییەکی بەرچاویان ھەبووە، یەکەم کێشەی چوونیان بەڤیزا نەبوو، چونکە لەرووی جوگرافییەوە ھاوبەش بوون، دووھەم لەرووی کولتووریشەوە مێژووی ھاوبەشیان ھەبوو، بۆیە کێشەکەیان تەنھائابوری بوو کەئەمە لەدوای روخانی بلۆکی سۆڤیتی کۆن بووە مۆدێل، چونکە ئابوری بەشێکی زۆری لەفەزای ئازادی ئینسان داگیر کردبوو، سێھەم قەبوڵ نەکردنی ئەو بەناو جیاوازییەوەھمییە بوو کە تەنھا راسیزمی بەرھەمھێنا،ئەوەبوو دەرەنجامەکەی لەدوای ھاتنە سەرتەختی دیموکراتە راسیستەکان و شکستی سۆسیال دیموکراتەکان بوو لەزۆربەی رۆژئاوا و ئەسکەندەنافیا، بەھەرحاڵ جیاوازیەکە لەشێوەی ھاندانی تاکەکاندابوو، نەک تەنھا سیاسی و ئابوری، بەڵام ئەوەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سوریا و یەمەن و لیبیا و کوردستانلەدوای ھاتنی ھێزە کۆلۆنیالیەکانی جیھان روویدا، بەلۆژیک و بەعەقڵ و ستراتیژی سیاسی نەبوو، کۆچێکیسەپێنراو بوو، بۆیە نەیانتوانی نەلۆبی درووستبکەن، نەوەڵامێک بن بۆ گۆڕینی شێوازی سیاسەتکردنی دەسەڵاتی نوێ، تەنھا شتێک بوو کەجارێکی دیکە فەزای ژیانی سیاسی دووبەرەکی نێوان تایەفەکان ببەنە ئەوروپا، دەرکەوتنی ئەو راسیزمەی کە دواجار لەنەرویژ و سوید و ئەڵەمان بینیمان و بوون بەھەواڵ، باشترین سەلمێنەری ئەو راستیەن کە چۆن خەڵکی ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە بگونجێن لەگەڵ دونیای دەرەوە، لەوەش واوەتر ئەوەیە کە کەمترین رۆژھەڵاتی لەدونیای دەرەوە توانیویەتی دەوری توانای خۆی ببینێت و کە گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی، لەئاستی کۆمەڵایەتیداتواناکانی رەنگبدەنەوە، بەڵام بۆ میسری و فەلەستینی و رۆمانی و بولگاری و ھەنگاری و مەنگۆلیەکان توانای بەشەری بوو، مەسەلەی لۆبی درووستکردن تەنھا لەئیسرائیلیەکان دێت کەلەدوای پاکتاوکردنیان لەلایەن نازییەت و دەسەڵاتی ئوسترالیا و مەسیحیەت و ئیسلام ھتد، وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە تەواوی سێکتەرەکانی ئابوری و ئەدەب و سیاسەت و بازرگانی یان کۆنتڕۆڵ کرد، کەڵکیان لەتوانای بیروبۆچوونی داوود بینگوێڕین وەرگرت کە دامەزرێنەری ماسۆنیەتی ئیسرائیل وجوولەکەبوو، کەچیبۆکوردەکان تەنھا چوون بۆ ھەندەران ئامانج بوو، ئەمە بەشێکە لەجیاوازییەکانی بەھەندەران بوونی کورد و بەشێک لەعەرەب و ئیسرائیلی و وڵاتانی رۆژئاوای رۆژھەڵاتی کە تائێستاش بەرگری لەشێوەی ژیانی خۆیان دەکەن.


پرسیار: باشە تائێرە قسەت لەسەر مانا و رەھەندەکانی کۆچ کرد، ئەی ئەو کۆچەی کە لەدوای ساڵی ١٩٩١ چ بەتاک و چ بەکۆمەڵ روویدا و مافیای جیھانی کەڵکیان لێوەرگرت، ئەمەیان چۆ جودا بکەینەوە، ئایا دەکرێ تەنھا گوناحەکە بخەینە ئەستۆی ئەوروپا؟

 
سمکۆ محەمەد: وەزعیەتێک کە لەڕابردوودا خەڵکی رۆژھەڵات تیا گوزەریان کرد. بەتایبەتی لەدوای جەنگە ناوخۆییەکانەوە لەلایەن داگیرکاری ئامریکاوە فەزاکەی گۆڕی، وەزعیەتێکی درێژخایەن و دڵڕەقانە بوو, ھەم لەئاستی سیاسی و حوکمرانییەتی سیاسی و ھەم لەئاستی کۆمەڵایەتیش، بۆخوێندنەوەی ھەردوو رەھەندەکە ھەوڵدەدەم بۆچوونەکانم بەسەر دوو میحوەری جودا لەیەکتر دابەشی بکەم.
میحوەری یەکەم پەیوەندیی بەجێگیرنەبوونی رەوشی سیاسی و ئابوری ناوچەکەوە گرێدەدەم, ئەمەش وەھا فەزایەکی ئەمنی خوڵقاندبوو کە نەک ھەر گەنج, بەڵکو تەواوی خەڵکی ناوچەکە بیر لەوە بکەنەوە وڵاتی خۆیان جێبھێڵن و چارەنووسی خۆیان بدەنە دەستی قەدەرێکی نادیارەوە, قەدەرێک بەدەستی قاچاخچی و پیاوانی مافیا و پۆلیسی دەوڵەتانی دراوسێ و رۆژئاوایی و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش، باشتر وایە کە ھەندە کورت رەھەند نەبین و لەوە تێبگەین کە بەمۆدێلکردنی کۆچ تەنھا لەیەک جوگرافیا نەبوو, بەڵکو وەزعیەتێکی ناسرووشتی بوو کە تەواوی ئەو وڵاتانەشی گرتەوە کە لەڕووی سیاسیەوە ھاوشێوەی عێراقن و لەرووی ئابوریشەوە دەستکورت کراون و وڵاتە داگیرکار و چڵێسەکان چاویان تێبڕی بوون. مەبەستم لەدەستکورت کردن ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژھەڵات خاوەنی سامانێکی سرووشتی گەورەی وەکو نەوت و گاز و فۆسفات و ئاون، بەڵام ھەم دەسەڵاتداران و ھەم وڵاتانی زلھێز بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و خەڵک بەکاری ناھێنن، بۆ سەلماندنی ئەم داتایەش لەپەناھەندەی وڵاتانی وەکی ئێران و ئەفغان و ئەمریکای لاتین و میسر و لیبیا و مەغریب و جەزائیر و فەلەستین و سوماڵ و سودان ھەندێ لەوڵاتانی بەناو سۆسیالیستی کۆن و ھتد دەرکەوت, ئەو وڵاتانە لەخۆڕانییە لەو ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەدا دەژین، بەڵکو چارەنووسیان بۆ نەخشەیەکی سیاسی وەکو ئەمڕۆ ھەڵگیرابوو کە دواجار یبینیمان، لەحاڵێکدا دەبوو لەگەڵ روخانی سۆڤیەتدا ئەو وڵاتانە بڕوخێن و سیستمێکی دیکەی ئینسانی لەرووی سیاسیەوە جێگەیان بگرنەوە، بەڵام کەنەروخان، سیناریۆکان بۆ رۆژێکی وەھا دواخران کە رەھەندی جیاوازی ھەیە و جەنگێکی درێژخایەنی سێھەمە کە ئێستا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکن ئەنجامی دەدەن، بەڵام لەفۆڕمێکی دیکەدا کە بەناوی جەنگی بایلۆژی دەکرێ.
میحوەری دووەمی باسەکەمان ئەوەیە کە دیسان بەلەبەر چاوگرتنی وەزعیەتێکی نالەباری وەھا کە پەیوەندیی بەجێگیر نەبوونی ھەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتانە و باری ئابوریان ھەبوو, دۆخێکی ڕەخساند کە ئەوروپا لەوساتە وەختەوە کەڵک لەو مەتریاڵە بەشەریە وەربگرێت کە لەدەست ناعەدالەتی وڵاتەکانیان و ترس لەمردن و غیابی یاسا, دەست لەنیشتمان و تەواوی ئەو یادەوەریانە ھەڵبگرن کەزەمانێک خۆشیان ویستووە, سەرەنجام بچن لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان بەکەیسی جۆراوجۆرەوە داوای پەناھەندەیی بکەن و بژین و بەھەرکارێکی ناشایستە و رەش و نایاسایی ناچارو دەسەنەخواربن, ھەڵبەت ھەر کەسێک کەپرسی کۆچی لەلا گرنگە دەبێ ئەو داتایانەی لەبەردەستدا بێت کەرێگە خۆشکەرن ئەوروپا بۆ پڕکردنەوەی بواری کارکردنی دەستی کار کەبەکرێکاری یەخەرەش لەقەڵەم دەدرێت, ئەمەش ئەوروپا بەھاوکاری لەگەڵ un پەیمانێکی ئابوری نھێنی ئیمزا بکات، تاکو لەرێگەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیەوە کەڵک لەو کەسانە وەربگرێت وەکو ھێزێکی کار و دەستی کار, لەبری ئەو ھێزەی پێشوتر کەھەیبوو, ھەرچی کرێکارێک کە پێشتر کاری رەشی دەکرد و بەیەخە سپی و بەکرێکاری پلە یەک لەقەڵەم بدرێن, نموونەش کرێکارانی کشتوکاڵ و سەنعەت و کەشتیڕانی بوو کەدواجار بێکارکران، رەنگە قەیرانی ئابوری لەناوچەی یۆرۆ باشترین سەلمێنەری ئەم بۆچوونەی من بێت، بۆیە ئەو کێشە ئابوریانە و ھەڵایسانە ئابوری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە ناوچەی دۆڵار نابینرێ، بەھەر حاڵ ئەم نەخشە سیاسییە ئابوریە درێژخایەنە, تاکو ئەو جێگایە توانی بەردەوام بێت کە زەنگی گۆڕینی مۆدێلی سیاسەت لەلایەن ئامریکاوە بۆ ھەموو جیھان لێدرا و بوو بەمۆدێلێک بۆگشت ئەوروپاش, لەمڕاستایەشدا ئەوروپا تێیدا سوودمەند بوو, ئەمە جگە لەبازاڕێکی تر کە لەرووی تەکنۆلۆژیەوە کۆنتڕۆڵی وەدەست ھێنابوو, بۆیە لای من مەسەلەی کۆچ چەندە مەسەلەیەکی تایبەتی ناوخۆیی و گرەوی تاکە کەسە بۆ گەڕان بەدوای خۆشگوزەرانی و سیحری ئەوروپا, دوو ئەوەندەش زیاتر پەیوەندیی بەسیاسەتی دەرەکیەوە ھەیە کە لەمێژبوو نەخشەی بۆداڕێژرابوو. ئەگەرنا خۆ دەیان کەس لەدوای رووداوەکانی ساڵی ١٩٩٦ چ لە عێڕاق و چ لە ئەفغانستان، بەویستی خودی ئامریکا رەوانەی دەرەوە کران, لەئەفەریقا کە جەنگی نێوان سودانی باشور و باکور لەئارادابوون، بۆیە ئەو ھاوڵاتیانە تەنھا گەنج نەبوون و بەویستی خۆیان کۆچیان بکەن, بەڵکو خودی ئامریکا بوو سوودی لەو خەڵکانە دەبینی کەپێشتر لەرێکخراوە بیانیەکان کاریان دەکرد و لەدەرەوەی وڵات بەکەسی سیاسی لەقەڵەمدران, ئەمە بەشێکە لەورەھەندە سیاسیە ئابوریەی کە پەیوەندیی ناراستەوخۆی بەکۆچەوە ھەیە.


پرسیار: تۆ تەنھا باسی کۆچی زۆرەملێت کرد، ئەی کۆچی گەنجان بەتەنھا کە بەشێکی زۆری بەویستی خۆیان بوو، ئەمەیان چۆنە؟


سمکۆ محەمەد: ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کەیسی ئەو پەنابەرانە بکەین لەھەر وڵاتێکدا بەپێی تایبەتمەندی خۆیان بوون, دەبینین لەقۆناغێکەوە بۆقۆناغێکی دیکە تەفاوتیان ھەبووە, بۆ نموونە لەسەرەتای نەوەدەکاندا تاکو ساڵی ١٩٩٦. ئەوکات unمافی پەنابەرێتی بەو کەسانە دەدا کە ئینتیمایان بۆفکری کۆمۆنیستی و چەپڕەوی سیاسی بوون, لەساڵی ١٩٩٦ بەدواوەش بەو مافی پەناھەندەیی بەو کەسانە دەدرا کەخەڵکی ئەو ناوچانە بوون کە جەنگیان تێدابوو، کەچی لەساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە تاکو ئاڵوگۆڕی سیاسی لەناوچەکە, ھاوکێشەکە دەگۆڕێت, فیزەو پەناھەندەیی بەو کەسانە دەدرێت کەیسی ئیسلامی یان لایەنگرانی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەیان ھەبووە کە حاکم بوونە, دواتر کەیسی ئەوانە قەبوڵ دەکران کە زەرەرمەندی شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننەکانی بەغدا و سابیئەی خوارووی عێڕاق بوو،چونکەلەترسی جەنگی نادیاری تایەفەگەری و نێوخۆیی نێوان شیعەو سوننە و جەنگی مەزھەبگەرایی کۆچیان دەکرد, پاشان بۆ ئێزیدییەکان کە تاکە زەرەرمەندی دەستی داعش بوون، ئەم ھەقیقەتانە ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆچی خەڵک بەرەو ھەندەران و وڵاتانی ئەوروپا, سیناریۆیەکی نادیاری سیاسی و ئابوری رووت بوو, نەک کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی, نەک گەڕان بەدوای ژینگەیەکی تەندرووست و بینینی رۆمانسیانە بۆ یادەوەری و نیشتمان, یان کۆچی درووستکردنی لۆبی نەتەوەیی یان زانستی، رەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەگەڕانەوە بێت بەدوای ئازادی و ئازادی سیاسیەوە، ھەڵبەت ئەمە ھەقیقەتێکی تێدایە, مرۆڤ ئەگەر کەسێکی ھۆشیار و خاوەن مەعریفە و بوونگەرا نەبێت، لەوڵاتی خۆی نەبێت نامۆ دەبێت, باری سایکۆلۆژی تەندرووست نابێت, بەڵام راستییەکەیئەوەیە نامۆ بوون تەنھا لەدەرەوەی خاک و نیشتمان نییە, بەقەد ئەوەی لەپەیوەندیەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەشدایە کە دواتر دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی تاکەکەس و نامۆبوون بەکولتووری دەرەوەی خۆی.
من پێموایە بینینی ئەم پرسە رەھەندی دوورتری ھەیە لەوەی تەنھا بەکێشە ناوخۆییەکانەوە گرێبدرێت. یاخود بەسەرکێشی و یاخی بوونی گەنجەوە گرێبدرێت. بازاڕی ئازاد تەنھا مامەڵە لەگەڵ کاڵاو شمەکدا ناکات, بەڵکو ئینسانیش وەک کاڵایەکی زیندوو تەماشا دەکات و کەڵکی لێوەردەگرێت, ئەمە رووی راستی ئەو سیستمە نوێیەیە کە لەنێو کایەی سیاسەتدا سیمای بازاڕی ئازاد ئارایش دەکات و ھەوڵدەدات شەرعیەتی یاسایی نێودەوڵەتی پێبدات، بۆیە دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە ھەندێک لەو کۆچبەرانەی ئێستا ناویان رەوەندی کوردی و عەرەبیە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، بەھۆی ئەوەی دەریان دەکەن کە قەیرانی دارایی تەواوی ئەوروپای گرۆتەوە و بەشێکیشی بەھۆی ئەوەی ناتوانن بگونجێن لەگەڵ ئەو سیستم و کولتوورەدا، ھەندێکیان لەنوێ دەچنەوە، ئەمەیان پەیوەندیی بەخۆشگوزەرانییەوە ھەیە کە ئینسان بەوەھم توشی بووە و پێیوایە ئیدی سەرتاپای ژیان لەھەموو دونیا گۆڕاوە کە ئەمەش وەھمێکی ترە.


پرسیار: دەمەوێ پەنجە لەسەر بابەتێک دابنێم کە پێی دەوترێت کۆچی بەکۆمەڵ، تاچەند کاریگەری ھەبووە لەسەر دروستکردنی رای گشتی جیھانی لەسەردەمی ئێستای سەرمایەداری کە باڵی بەسەر تەواوی جیھاندا راکشاوە، بەمەبەستی خولقاندنی کەشێکی ئارام، روونتر بڵێم تاچەند ھۆکارە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی ناجێگیر، بۆ ئەو پنتە جوگرافییەی کە خەڵکەکەی پەڕاگەندە بوونە، تاچەند بەھای بۆ کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان ھێشتەوە؟


سمکۆ محەمەد: وەکو لەوەڵامی پرسیارەکەی پێشووتر بەیانم کرد, تەفاوت و جیاوازی بەڕۆشنی تێدا دەبینرێت لەکۆچی رۆژھەڵاتییەک بۆ ئەوروپاییەک، یان کۆچی عەقڵگەرایی لەگەڵ کۆچی پەرچەکردار, ئەوکاتەی کۆچ کردن بەشێک بوو لەو سیاسەتەی کە بۆ چۆڵکردنی کۆمەڵگەکە لەھەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆشنبیری ھاتە ئاراوە و بوو بەمۆدێل, لێرەوە لەکۆچی تاکەوە دەچینە کۆچی بەکۆمەڵ، بوونی تاکێک لە لەھەندەران, بوونی ئابووریەکی سەربەخۆیە بۆ خودی خۆی، بەڵام بوونی گرووپێک لەھەندەرەان کە بەستراتیژیەتی سیاسی دەوڵەتی بێت یان بە ستراتیژییەتی کۆمەڵایەتی بێت، ھەوڵێکی جیاوازە و لانیکەم بۆ گرووپێکی ترە و ئامانجەکەیان جیاوازە، تاکێک خۆی گەرەکیەتی ستایڵی ژیانی بگۆڕێت و دوور بێت لەھەر سانسۆرێکی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ئایینی، بەدابڕان لەقەڵەم نادرێت، چونکە کاریگەری نابێت، بەڵام گرووپێک کە دەچنە ھەندەران ئەوا مانەوەیان یان گەڕانەوەیان، لەھەردوو بارەکەدا بەگۆڕینی ئەو کولتوور و فەرھەنگە کاریگەریان لەسەر بەجێماوەکانی وڵاتدەبێت، جاران خێزانێک ئەگەر قەرزیشیان بکردایە ھەوڵیاندەدا کەسێکیان رەوانەی دەرەوە بکەن, بۆ ئەوەی کۆمەکی مادیان بکات، مەرجی ژیان بوو لەکوردستان کە لەگەڵ عێراقدا ھەر بەراورد ناکرێت, لایەنێکی دیکەی ئەوەبوو کە بەکۆمەڵ کۆچ بکەن، تاکو روحیەتی ناڕەزایەتی و پێکھێنانی ھێزێکی جەماوەری بۆ درووستکردنی رای گشتی و ھەژاندنی شەقام لەبەرامبەر سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەمێنێت,
سەبارەت بەوەی چۆن بەراوردێک لەنێوان کۆچی رابردوو و کۆچی ئێستادا بکەین, وەکو گوتم جیاوازی و تەفاوتیان ھەیە, ھەمومان شاھیدی ئەوەین کە سەردەمێک ھەڵمەتی دژە کۆچ کردن بەوە دەستی پێکرد, ئەگەر کەسێک لەدەرەوە بوایە بەکەسێکی بێڕەوشت لەقەڵەم دەدرا, دەیانوت بۆ ئەوە چۆتە دەرەوە کاری بەدڕەوشتی بکات, ئەمە بەشێکی بۆ ھێزی سیاسی بەناو عیلمانی لەپشتەوە بوو، بەڵام بەشێکی زۆری بۆ ھێزە فەندەمینتالیلیستەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان کارێکتەری سیاسی ھێزە گەورەکانی دەرەوەی کوردستان بوون، دواتر ھەر ئەو ھێرشانە خاوبوونەوە و کۆچ بوو بەمۆدێل و ھەر ماڵ و خێزانێک کوڕێکی ھەندەرانی ئەگەر داوای کچێکی بکردایە بۆ ھاوسەرگیری, ماڵی کچەکە مەمنونیش دەبوون, ھەندێجار مەرجیان ئەوەبوو کە کوڕەکەیان، کچەکەیان بباتە ھەندەران, ئەوکات بەھای ھەر ١٠٠$ ێک بەبارتەقای مووچەی دەیان فەرانبەر دەبوو و دواتر ئەو فەزا ئابوریە بوو بەھەڵم و ئاسەواری نەما کە ئەمە مەسەلەیەکی ئابووری سیاسی بەحتە، تۆ بڕوانە وەزعی ئابوری چۆن گۆڕان بەسەر ھاوکێشە کۆمەڵاتیەکانیش دێنێت، ئەمەیە جیاوازی نێوان کۆچی تاک و کۆچی بەکۆمەڵ، ماڵێک کچەکەیان بچێتە دەرەوە واتە سەرەتای چوونی گروپەکەیە.


پرسیار: وەک باستکرد......... ( )، چۆن بتوانرێت پەنجە بخرێتەسەر رێکارەکانی کەمکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە لەو فەزایانەی کە تێیدا بانگەشەی بە دامەزراوەیی کردنی ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردنی دەکرێت، ئەمە ئەرکی کێیە، لەکاتێکدا دەیان ناوەندی ئەکادیمی ھەمەچەشنی بوارەکانی زانستە مرۆیی و پیشەیی و سیاسی..ھتد بوونی ھەیە؟


سمکۆ محەمەد: بڕواناکەم ھیچ کەسێک ھەبێت شوێنی باب و باپیری خۆی خۆشنەوێت و یادەوەرییەکانی بێ بەھا تەماشا بکات, لەبەرامبەر ئەمەشدا ھیچ کەسێک نییە لەبەر ئەوەی نیشتمانەکەی شوێنی باب و باپیریەتی و یادەوەری تێدا ھەیە, ھەموو ناعەدالەتییەک و ھەموو ناڕەحەتیەکی سیاسی و ئەمنی و ژیانی نائاسایی قەبوڵ بکات, کە وابوو لێرە بەدواوە وەھمی خۆشەویستی نیشتمان لەرۆمانسیەت دەچێتە دەرەوە, ئیتر ئەو نیشتمانەی کە تائەوکاتەی خاڵی دەبێتەوە لەبەختەوەری و ژیانی ئاسایی و یەکسان بۆ ھەموو ھاوڵاتیەک, مانایەکی نامێنێتەوە, لەبەرئەوەی بەھای ئینسانی نامێنێت, تموحی ژیانێکی یاسایی نامێنێت, پەیوەندیەکان لەسرووشتی خۆیان دەردەچنە دەرەوە, کەسێک نییە ئارەزووی ئەوە بکات, لەتەنھایدا ژیان بکات و کەسوکاری نەبینێت, کەسێک نییە ئارەزوی ئەوە بکات خزمەتی شوێنێک بکات کە چاک دەزانێت پەیوەندیەکانی بەردەوام نامێنێتەوە, کەسێک نییە ئەوە قەبوڵ بکات کە تەنھا لەسەر ئەوەی رۆژھەڵاتیەو سەر ڕەشە, توانجی لێبدرێت و کاری بۆ مەیسەر نەکرێت, تەنانەت لەسوپەرمارکێتەکانیش شمەک و کاڵای پێنەفرۆشرێت, تائەو رادەیەی کەسێک نییە بەمانای ئیدیۆلۆژیست ناوی کۆچبەری بەناو بکرێت، ھەر کارێک کە بەناچار دەیکات سەرەنجام بەرھەمەکەی بۆخۆی نییە, چونکە داھاتی رۆژانەی سنووردارە, بۆیە کاتەکانیشی سنووردار کراوە, ئەمانە ھەموویان مانای ئەوەمان دەدەنێ کە ئینسان ئەوکاتە نیشتمانێک بەموڵکی خۆی دەزانێ کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلەبەندی ھاوڵاتی بوون ژیان دەکات, ئەوەش کە لەدەرەوە بەختەوەرتر ژیان بەسەر دەبات, ئەمەیان بەبەراورد لەگەڵ ژیانی نائاسایی وڵاتەکەی خۆیەتی, من تەنھا ناڕوانمە بابەتی کۆچ و بڕواشم بە چارەسەری ریشەیی نییە, چونکە ئەم بابەتە جیھانییە زۆرەملێ بێت یان سەپێنراو.

پرسیار: باشە لەھەموو دونیا ئەم بابەتە بەردەوامە، لەلایەن میدیاوە کە بەحیساب دەسەڵاتی چوارەمە گرینگی پێدەدرێت، کەچی کێشەکە چارەسەر وەرناگرێت، ئایا پێتان وایە میدیا لەخەمی بابەتەکە بووە یان تەنھا وەکو کاڵا مامەڵەی لەتەک کردووە؟


سمکۆ محەمەد: جارێ با باسی ئەوە بکەمکە ھەرگیز من میدیام وەکو دەسەڵاتی چوارەم نەبینیوە، ئەسڵەن لەچاوپێکەوتنێکی دیکەدا گوتوومە بەشێکە لەدەسەڵاتی سیاسی، نەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی حکومەت، بەھەرحاڵ میدیا کۆچی وەکو کاڵایەک کەمتر تەماشا کردووە و ھەندێکجاریش بۆئەوەی لەپەنای ھەواڵ و ریپۆرتاژێکدا سوودی لێوەربگرێت، باسی کۆی وەکو دیاردەی رۆمانسیانە باس کردووە، زۆرجار خودی رۆژنامەنووسەکان کە بەنیازبون کۆچ بکەن، کارەکەیان دەخستە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بیکەن بەکەیسێکی زیندوو کە ئەوروپا زۆر گرینگی بە نووسەر و رۆژنامەنووس دەدەن، رەنگە زۆرجار میدیاکار چیرۆکی وەھمیان ھەڵبەستاوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن وڵاتەکە زۆر بۆگەنە، بۆیە خەڵک دەیانەوێ کۆچ بکەن لەترس و لەبێکاری و توندڕەوی و ھتد، کەیسی خنکاندی ئایلان کە منداڵێکی سووری بوو، واقیعیەتی کەسەکە بەپێچەوانەوە بوو سیناریۆ بوو، باشترین سەلمێنەریش ئەوەبوو کە یەکەم بەدەیان و سەدان منداڵی تر خنکان و بوون بە خۆراکی ماسییە قرشەکان، کەچی تەنھا باسی ئایلان کرا، دووھەم رۆژنامەنووسەکان لەوێ ئامادەبوون وێنەیان دەگرت وەکو ئەوەی پێشتر ئامادەکرابن، سێھەم باوکی منداڵەکە دواتر ئیمتیازی وەرگرت و گەڕایەوە سوریا و پاشان ئاشکرا بوو کە کەیسەکە بەپێچەوانەوە بوو، میدیاکارەکان لەوێدا دەرکەوتن ئاراستە کراون و بۆ دەزگا تر کار دەکەن، ساڵی ١٩٩٨ بینیمان پۆلیسی بولگاریا سەگیان بەردایە گیانی پەنابەرە رەش پێستەکان، میدیاکارەکان ئەو لایەنەیان شاردەوە، پاشان ئاشکرا کرا، بۆیە من ھەمیشە بەگومانەوە تەماشای ئەو کارەم کردووە کە خۆم ساڵێک خاوەنی ئەو شوناسەی کارکردنە بووم.

__________________________________________

بەشی شەشەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin6.htm  

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/zincirecawpekewtin1.htm

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک