٥\١\٢٠١٤
زیندانەکانی عەقڵ و کارگەکانی فەرھودکردن.

ئەرسەلان مەحمود
لەکۆمەڵگە داخراوەکاندا، ھەمیشە لەبیانووێک زیاتر ھەیە، تا یەکە
کاریگەرە باڵاکانی ئەو کۆمەڵگەیە، لەڕێگەیەوە ماف و سەربەخۆییە
زاتییەکانی تاک، لەبۆتەی نەرێتگەرایی و دەستوردانی شەرعی و تەنانەت
یاسایش بدەن.
یانی، ئەم ھەژموونە باوگەرایخوازە، ھەمیشە وەک چەکێک دژی یەکە
پێکھێنەرەکانی وەھا کۆمەڵگەیەک حازر بەدەست و لەسەر پێیە، بەو ئامانجەی
ماف و توانستەکانی تاک، ھەردەم بەدەم وتنەوەی دەستەواژەی چاکەو
بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە لەتەیمانی مێگەلدا بھاڕێت و بیانکاتەوە
بەخۆراکی یەکە کاریگەرە باڵا دەستەکانی، ئەمە لەکاتێکدا تەواوی ڕوانینە
ئاسمانی و ڕێسمانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، جەستەی مرۆڤ وەک خود، جگە
لەخۆی موڵکی مەخلوق و بوونەوەرێکی دی نییە، یانی مافی ئەزەلی و بنەڕەتی
و سروشتی خۆیەتی خاوەندارێتی لەدیدو ڕوانگەو ڕوانیەکانی خۆی بکات نەک
بەبێ ویست شەتەک بدرێتە ئەوەی پێیدەگوترێت " چاکەو بەرژەوەندییە
گشتییەکان " چونکە وەھا ڕوانگەیەک لەمێژودا ملیۆنەھا مرۆڤی ڕاپێچی
مەرگکردوە، ڕەنگە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەجەنگ و ماڵوێرانییە زۆرو
زەوەندەکانی ڕابردو، بەس بێت بۆ سەلماندنی وەھا ڕاستینەیەک.
یەکە قۆرغکارییە باڵا دەستەکانی وەھا کۆمەڵگەیەک، لەپێناو ئەوەی
ڕەوایەتیش بدەنە وەھا بەرخۆرییەک، ئەم دەرئەنجامە وەک حەسانەیەک
لەبەرژەوەندی خۆیاندا، وێناو ئەژمار دەکەن، یانی پێچەوانە بەکۆمەڵگەی
گەشە سەندو، ھەردەم ئەوەی وادەکا ئەزمونکردنی ھەبوونت وەک تاک بەمانا
بابەتییەکەی، بەھای ھەبێت، پشت دەبەستێت بەھەڵخراندن و سەپاندنی ھزری
دەستەجەمعیگەرایی و سنوردارکردنی ماف و توانست و ئازادییەکانی تاک.
ئەم بەندو باوە، بەجۆرێکە، تەنانەت ئەوەی بکەوێتە دەرەوەی پانتاییە
کەلتووری و شەرعییەکانیشەوە، ئەوا بەڕێگەی ھێنانە ئاراوەی یاسا
داتاشراوە شەتەکدراوەکانی دەستی دوو، " ئەو یاسایانەی لەبری بونگەرایی،
سەرچاوەکەیان لەئەستێرکە باوگەراکانە " چەندایەتی ئەرک و، چۆنایەتی ماف
و، فۆڕمی ڕەفتارکردنی تاک، دەسەپێندرێت.
ئەمە لێرە - کوردستان - وایە، مرۆڤ وەک تاک، بەر لەھەر شتێک، دەبێ ببێت
بەبەشێک لەکۆیە مەزنەکەو وەک باوانی بدوێ، وەک ئەوەی باوە ڕەفتار بکا،
بەڵام بۆی نییەو ناتوانێ تەنانەت مافی بەماناکردنی ئازادیخود لەخۆدای
خۆیی لەخۆدا بەمانا بکات، بۆی نییەو ناتوانێ خەون و خولیاو توانستە
زاتییەکانی خۆی وەک تاک و، وەک ئەوەی شیاو بەھەبونیەتی، ئەزموونبکات.
لەکوردستاندا، بەھۆی زاڵگەرایی وەھا ھەژموونێک و بەھۆی ڕەنگپێدانەوەی
وەھا بێبەری کارییەکی تاک لەماف و بەکار بردنی توانستە زاتییەکانی خۆی،
ئەوەتا بەشە ھەرە زۆرە سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکەی وڵات، خۆکارانە
کەوتووەتە خزمەت ژیانکردن و بەھێزکردنی زیاتری پێگەی یەکە باڵا دەستە
قۆرغکارەکانی کۆمەڵگەوە، تاک و ھزری تاکگەرایی ھێندە لەژێر باردان،
دەتواندرێ بگوترێت نەدۆزەخییەو نەبەھەشتییە، یانی ئەگەر نەگوترێ
ژیانێکی تەواو ڕوەک ئاسا دەبێ بژین،" ئەو ڕوەکانەی نەلەدۆزەخدا دەسوتێن
و نەلەبەھەشتیشدا، بوونیان ھەیە" ئەوا بەمانایەکی دی، تەواو ڕاستە
ئەگەر بگوترێ " نەئازادو نەکۆیلەیشن "، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەبری
ئازادی، بەرەو خودکۆیلەیی خویخۆیان ئاڕاستە دەکرێن و دەبردرێن.
چونکە بەرژەوەندی و فراژۆپێکردنی ھەستە ئاکارییە باڵاکە، ئەو ھەستە
خودپەسەندە جەمعیگەراییەی وایکردوە قوڵبوونەوەی ھزری بێموبالاتی لەناو
جومگە کۆمەڵایەتیەکاندا، لەناو ژینگە گشتییەکەی کۆمەڵگەدا، لەناو یەکە
ئیداری و کایە سیاسییەکەیدا، بەتەواوەتی ببێتە یەکێک لەپرسە مەترسیدارە
ھەرە ڕاشکاوە حاشا ھەڵنەگرەکانی ھەستنەکردنی تاک لەئێستادا بەرامبەر
بەئەرک و بەماف و بەرپرسیارێتییە جڤاکییەکانی.
رەنگە بگوترێت، ئەی ئەوەنییە زۆرینەی خەڵک لە"٢١/٩/٢٠١٣"ـدا، بەشداری
ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ھەرێمیانکرد، مەگەر ئایا ئەوە ھەستکردنی تاک
نییە بەرامبەر بەئەرک و بەماف و بەرپرسیارێتییە جڤاکییەکانی سەرشانی؟،
ھەرچەندە نامەوێ لەیەکەی باسەکە لابدەم، بەڵام وڵامدانەوەکەی بەگرینگ
دەزانم.
زۆر بەسادەیی: لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا، وەک ھەمیشە ئەوەی خەڵک دەھێنێتە
سەر ھەست و دەیانجوڵێنێت، ئەوەی ئاڕاستەیان دەکات، ئەوەی بەشدارییان
پێدەکات، لەڕاستیدا ئەوا گشتاندنی ھەستە ئاکارییە بەرژەوەندیخوازە باڵا
دەستەکەی کۆمەڵگەیە بزوێنەرەکەی، نەک ئەزمونکردنی ماف و درککردنی تاک
بەخود ئەرکدارکردنگەرایی.
ئەگەر نا، دەمێکە ساغبۆتەوە، لەوەھا کۆمەڵگەیەکدا، بێبەھاتر
لەھەڵبژاردن، خودی دەنگدەرە، چونکە دەنگدەر، ھەرگیز نەیتوانیووە لەم
واقیعە چەقبەستووەی تێیکەوتووە دەربازی بێت، ھەمیشە تەوافوقاتی بەناو
نیشتیمانی و ھاوپەیمانی بەرخۆرو ئەم نەوعییەتە لەبەرژەوەندیگەرایی چینە
باڵا دەستەکەی کۆمەڵگە دوای ھەر ھەڵبژاردنێک، بوونەتەوە شوێنگرەوەی
بەرئەنجامەکانی خودی ئەو ھەڵبژاردنە.
سەرنجبدە، دوای ھەر پرۆسەیەک، کاتێک زۆرینەی ڕەھا، ھەم لەسەر ئاستەکانی
تاک و ھەم لەسەر ئاستە گشتییەکەی خەڵکیش بەدیناکەی ھەست بەوە بکەن ئەم
حکومەتەی پێکھێندراوە یا پێکدەھێندرێ ئەوە ڕەنگدانەوەی ھێزی
ئەزمونکراوی ئەرک و ئەزمونکردنی مافەکانی ئەوانبێت، دروست لەم
حەقیقەتەی سەرەوە، بەڕونی تێدەگەی.
ئەگەر ھەبێ و ھێشتا بییەوێ بپرسێت، ھۆکاری وەھا ھەستنەکردنێک چییە،
مەعلومە تاک نایبینێت ئەم حکومەتە وەسیلەی لانیکەمی ھێنانە ئاراوەی
خۆشگوزەرانی و خواستەکانی ئەو یا ئەوانی دی ھاونیشتیمانی ئەو بێت،
بەقەد ئەوەی خودیخۆی و ئەوانی تری ھاونیشتیمانی وەک وەسیلەیەک دەبینێت
لەخزمەت قایمکردنەوەی پێگەو پارێزگاریکردنی بەرژەوەندی دەستە باڵاکانی
کۆمەڵگە، بەنمونە:
تەنھا لەیەک ساڵدا، بڕی" ٦٨ ملیارو ٤٠٧ ملیۆنو ٣٢٠ "ھەزار دینار،
دەچێتە قورگی تەنھا"١٣٣٦"بەناو پلە تایبەتەکانەوە، بێگومان ئەمە بێجگە
لەمووچەو ئیمتیازاتی بێشوماری بەنمونە وەک ئیفادو نا ھاوسەنگی
خاوەنشکۆو ئەوانی تری پێیان دەگوترێ سەرکردەو شرینیاتی منداڵانی پلە
یەک!
لەبەر ئەوە، ھەر حکومەتێک، مافی تاک و خەڵکەکەی وەک ئەوەی شایستە
بەھەبوونیانە دەستەبەر نەکات و نەیپارێزێت، ئەوە بەو حاڵەوە نایشتوانێ
وابکا تاک و یەکە پێکھێنەرەکانی، لەبنەمادا بەھیخۆیانی بزانن.
بەڵام ئەوەتا خۆشیانی لەگەڵدا دەگونجێنن؟، یانی دانەرو گوێگری ئاوازە
بێدەنگییەکە، بەمانا بابەتییەکەی دیسانەوە ھەر خویدیخۆیانن؟، دەی ئەگەر
ئەم دەرئەنجامە پەیوەندی بەنا ئاگامەندییانەوە ھەبێ، ئەوە بەشە ھەرە
زۆرەکەی ھۆکارەکە، پەیوەندی بەدەرھاویشتەی ئاکارە خود سەپێنە دەستە
جەمعییەکەوە ھەیە، چونکە بەبێ ئەوەی تاک تیایدا بەخۆی بزانێت، کراوە
بەستەمکاری سەر خودیخۆی.
دەگوترێت" ئیرادەی خەڵک، یانی ئیرادەی زۆرترین ژمارەو چالاکترین
بەشەکانی خەڵک لەکۆمەڵگەدا"، بەڵام ئەرێ ھەر بەڕاست تۆ بڵێیت وەھا
زۆرینەیەک بەسروشت تامەزرۆی ئەوە بن خودیخۆیان سەرکوت بکەن؟، یان ئەوە
فەرزیاتی کەلتورو ئاکاری چینە باڵا دەستەکەی کۆمەڵگەیە ئەمەیکردوە
بەسەوابتاتی ژیانکردن و وایکردوە خودیخۆیان بەرەو خودکۆیلەگەرکاری
خۆیان بەرن؟
دیارە بەدڵنیاییەوە ئەوەی لێرەدا نەسازە، ئەوە ڕێز نەگرتنە لەپێکھاتەی
ھەر تاکایەتییەک لەلایەن یەکە دەستە جەمعییەکەوە، چونکە مرۆڤی ئەم
چەرخە بەسروشت، ڕەنگە مەرگ بەلایەوە ئاسایی تربێ لەوەی ببێتە کۆیلە،
کەواتە ئەوەی دەنگدار لەھەڵبژاردندا دەیکات، لەڕاستیدا ئەرکدارکردنی
یاسادانەرو وەزیرانێک نییە بەرامبەر بەخزمەتکردنی جڤاک و ھێنانە
ئاراوەی ژینگەو ژیانێکی شایستەتر، بەقەد ئەوەی مووچەدار کردنیانە..
ئێستا لەھەر ھاوڵاتییەک بپرسیت، لەوڵامدا دەڵێت" بەرھەمی ھەڵبژاردن،
چینە باڵا دەستەکەی کۆمەڵگەو ئەو ١١١ ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتیمانی و
ستافی ئەنجومەنە جیاوازە کارگێڕییە ناوەندییەکانی دی و سیاسییە بڕیار
بەدەستەکان دەیبەن و دەیخۆن، لەکاتێکدا ڕەنگە ژمارەیان ھەر ھەموویان
نەگاتە ١٥٠ھەزار کەس لەناو میللەتێکی چەند ملیۆنیدا.
ئەمەش لەپوختەترین مانادا، نیشانەی ئەوەیە، زیندانەکانی عەقڵ، ستەمکاری
بێزاو، قومارخانە زەبەللاح و کارگەکانی فەرھوتکردنی سامانە کۆمەڵایەتی
و نیشتیمانییەکان، تەنھاو تەنھا لەکۆمەڵگە داخراوەکاندان و، جیاوازییەک
ئەگەر ھەبێ، تەنھا لەناوەکانیاندایە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|