په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠١٠

زیندانی مۆدێرن!!


بەشدار عه‌لی  


گەرمیانیەکان ئاوى خواردنەوەیان نییه‌، تاکو ئیستا قوتابخانەکانى سێ دەوامى تیادەکرێت و بەدەست کەمى بیناى قوتابخانەوە دەناڵێنن، کەچى حکومەتى کوردى دورستکردنى بەندیخانەیەکى (مۆدێرن)ى لە کەلار بە بڕى (یەک ملیار و چوارسەد و حەفتاو یەک ملیون دینار)کردە دیارى !


گەرمیانیەکان هێندە هیلاک و ماندوون پێویستیان بە پارک و باخچەى مۆدێرنە نەک زیندانی مۆدێرن، گەرمیانیەکان هێندە لە ئاوارەیى و سەرگەردانى گوزەراندوویانە پێویستیان بە خانووى مۆدێرنە بۆ پشودان و حەوانەوە نەک زیندانی مۆدێرن،مناڵان و لاوانى گەرمیان دەبێت گۆرەپانى یارى و سەنتەر و کۆفى نێتى مۆدێرنیان بۆ دورست بکرێت، نەک بەندیخانەى مۆدێرن.


دەسەڵاتێک کە تۆزقاڵێک بە تەنگ کێشە و گرفتەکانى خەڵکەوە نەبێت و ئاگادارى بار و گوزەرانیان نەبێت،هەر دەبێت زیندانی گەورە گەورە دورست بکات بۆ ئەوەى لەکاتى نارەزایەتى و مانگرتن لە زیندانەکان توندیان بکات و جێگایان ببێتەوە.


لەهەموو دنیا ئەو دەسەڵاتانەى کە لەخەڵکەوە دوورن و ئاشنایەتیەکیان بە کێشە و گرفتەکانیانەوە نییه‌ و هەنگاوێکیش نییه‌ بۆ چارەسەرى و باشتر کردن،دەست بۆ جبەخانە و گرتوخانە دەبن بۆ درێژەدان بە تەمەنیان.


خەڵکى ناحیەى پیرەمەگرون گڕیان گرت و چاوەروانى و دش دامان بەدیار نا یەکسانى و ژیانى شاهانەى بەرپرسان و رووت و رەجاڵى خۆشیان دەفەتێکى بۆ نەهێشتنەوە و خۆپیشاندانیان کرد،کەچى دەسەڵاتى سیاسى بە تێکدەر و خائین ناویان بردن.


ئەگەر داواکردنى ئاو و کارەبا و رێگاوبان و نەخۆشخانە و خوێندنگا تێکدەرى بێت،بۆ هەموومان شانازییە تێکدەر بین،ئەگەر داواکردنى یەک بەرمیل نەوت لەم زستانە کە هەموو دونیا بە نەوتى عێراقەوە حەساونەتەوە خائینى بێت بۆ هەموومان شانازییە خائین بین،ئەگەر نارەزایەتى بەرامبەر بە دزى و فەرهود و بێ سیستەمیەک کە لەدامودەزگاکان لەئارادایە دەستێکى لە پشتەوە بێت،ئەوا پێویستە هەموو خەڵکى کوردستان لەدوایى دەستێکى لەم شێوەیە بگەڕێن.

دوو مامۆستاى قوتابخانەیەکى بنەڕەتى لە هەولێر دران بە دادگا و پارتە ئیسلامیەکان و راگەیاندنەکانیان هاواریان لێهەڵسا ،گوایە ئەو مامۆستایانە نمونەیان بە پێغەمبەرى ئیسلام هێناوەتەوە لە تاقیکردنەوەکان و بەمەش سووکایەتى بە رابەرانیان کراوە و مایەى قبوڵ نییه‌! رۆژانە سەدان مناڵ و ژن و گەنج و پیر و پەکەوتە لەم مەملەکەتەدا لەنێو مەرگەسات و تراژیدیا و رووداوى جەرگ بڕدا هەست و نەستى بریندار دەکرێت و ناخۆشترین ساتەکانى تەمەنیان بەرێدەکەن ،بەڵام پارته‌ ئیسلامیەکان و راگەیاندنەکانیان کێشەیەکیان نییه‌،دەیان کێشەى دەورى کۆمەڵگا و تاکەکانى تەنیووە و سامان کۆکردنەوە لاى بەرپرسان بۆتە فەرهود و لەبرسان مردن و نەبوونى پێداویستیە رۆژانەییەکان بۆتە دیاردە ،پارته‌ ئیسلامییه‌کانیش مێشێک میوانیان نییه‌،رۆژانە دەیان ژن و ئافرەت گڕ لە جەستەى خۆیان بەردەدەن،دەیان گەنج و لاو کۆتاى بە ژیانیان دەهێنن،سەدان مناڵ لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان خەریکى دەستفرۆشین،بەڵام راگەیاندنى ئیسلامیەکان و پارتەکانیان لەبەر پاروە چەورەکانیان نوزەیەکیان لێوە نایەت ،بەڵام دوو مامۆستا تەنها لەبەر ئەوەى وویستویانە دوور لە مەزهەب و ئایین پرسیارى تاقیکردنەوەکانیان بە رۆشنى بخەنە بەردەستى قوتابیەکانیان دەبێت سزا بدرێن! بەپێچەوانەوە ئەوانەى دەیانەوێت پەروەردە و فێرکردن و زانست و مەعریفە تێکەڵى خورافیات و ئاین بکەن دەبێت سزابدرێن و لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوە نەک ئەو دوو مامۆستایە،کێشەکە حیزبە ئیسلامیەکان نین، دەسەڵاتى سیاسییە لە بەرامبەریان دەچەمێتەوە و لەمناوەشدا خەڵکى کوردستان دەبنە قوربانى.

 


Bashdar_net@yahoo.com