١٥\٧\٢٠١٤
زیندانی سەربەخۆیی!

ئەرسەلان مەحمود
تەبایی و هاتنە ئاراوەی هاودەنگی لەهەمبەر بابەت و پرسە
چارەنووسسازەكاندا، شتێكە مومكینە، بەڵام ئەمە وەك ئەوەی هەیە
بەتەبلیغاتی حزبی و، بەبڕیارو ڕاسپاردەو بانگەوازی تەمومژاوی سوڵتان
نایەتەدی، بەڵكە بەلای كەمەوە كاتێك بەمانا دەبێت، تاك وەك هاوڵاتییەكی
سادە لەگۆڕەپانەكەدا دەربكەوێ و ئازادانە بتوانێ بكارێت لەوەها
دۆخێكدا، یانی بكەوێتە دەرەوەی شەتەكدانی حزبی و، بەرژەوەندی
ئایدیۆلۆژی و تەبلیغاتی ئاینگەراییەوەو بەمانای وشە خۆی بێت. دەبێ
تایبەتمەندییەكە هەوێنەكەی دروست لەخانە بەدیهێنەرەكانی بەنمونە
ئامانجە جڤاكییە گەورەكەوە هاتبێت.
ئەگەر مرۆڤایەتی، دیارە لەدەروەی پێكهاتە ئۆرگانیكییە دەوڵەتگەراییەكەی،
هێشتا چاوەڕوانی بەنمونە ئانشتاینێكی دی بكات، تا هەبوونی لەفۆڕمێكی
نوێتردا بەمانا بكاتەوە، كورد لەناو ئەم كۆیە مەزنەی مرۆڤایەتیدا، وەك
تاك و هەم وەك نەتەوەیش، هەڵە دەكات خولیای بەماناكردنەوەی شوناسەكەی
لەبۆتەی سەربەخۆیدا، بخاتە سەبەتەی چاوەڕوانی بە نموونە دەست فریاد
ڕەسێكەوە بە تەنها، چونكە نە كێشەكەی لەم دۆخەدا كێشەیەكە زانستی بێت
تا بابای فریاد ڕەس داهێنەر بتوانێ لەوەها ئاڵۆزی و ڕۆبۆتگەراییەك
دەربازی بكات، نە سەربەخۆیی لە زیهنیەتی خەڵكانی ئاسایی ئەم وڵاتەدا،
هەمان ئەو سەربەخۆییە خۆیی و بابەتییەیە مێشك و خەیاڵدانی خاوەنشكۆی بە
خۆیەوە خەریككردوە و، نەشونمای پێدەكاو، تەمای لەسەر داناوە. سەربەخۆیی
لە زیهنیەتی خەڵكدا، درەختێكە جگە لە بەر و بۆنی خۆش، خاڵییە لە پەتییە
دڕك، سێبەرێكە هێندەی دڵ دەیبا پان و بەرینە، دەتوانن لەژێر
سێبەرەكەیدا پشووبدەن و، خەونەكانیان وەك تاك و كۆیەكی ئازاد،
لەسایەیدا بهێننە دی. سەربەخۆیی لەجەوهەردا بەرهەم و داهێنراوێك نییە
لەبەرهەم و داهێنراوەكانی فریاد ڕەس، سەربەخۆیی مافێكە ئەزەلی،
خواستێكە، كوردەواری دەمێكە لەسەری كۆدەنگە، بەڵام حزبەكانی ناكۆكن،
ئەمە نەك هەر لەهەمبەر سەربەخۆیی، بەڵكە ساڵەهای ساڵە لەژێر چەترێكدا
ناتوانن كۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجام بدەن، گرفتە هەرە گەورەكەی حزب و
حزبیەكانی كورد لەوەدایە، ئەوەی بكەوێتە دەرەوەی كۆمەڵگەی حزبیانەوە،
ڕێك لەڕوانینیادا دەكەوێتە دەرەوەی هەر شتێكیانەوەو مەكروهە، حزبیەكان
جگە لەجێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەی حزبی، وەزیفەیەكی دی نازانن و
نابینن.
ئەم ڕوانینە حزبییە، بەكۆمەڵایەتی بووە، خەڵكی بەسەر دوو بەرەی گەورەو
چەند بەرەییدا، بەشكردوە، پەرتەوازەییەكە لەباوەڕدارو ماددییەتگەرایدا
نەماوە، ڕەوایی لەناڕەوایەتیداو، ناڕەوایی لەڕەوایەتیدایە، حەقیقەت
بەڕبەی حزبی دەپێورێت، قۆناغی كۆتایی هاتنە پێشەوەی هەر دەرفەتێك،
لەبری هاتنە دی خەونەكانی خەڵك، لەبری سەركەوتنە سەرەوەی هزری ئازادی
و، بەمانا بوونی مافی سەربەخۆیی، بریتییە لەسیناریۆی ڕەش، درامای
تراژیك، ملشكاندنی یەكتری، ئەمە لەكاتێكدایە وەهمۆكەی زاتگەرایی
لەسیاسەتدا، هەیمەنە پێكردنی هەژموونی حزبی لەواقیعدا، هێندەی
وێرانكەرەو دەبێتەوە ئاریچەی هەڵگرساندنەوەی شەڕ لەناو خۆدا، ئەو
جەنگەی لەناوەوەی هەر تاكێكی حزبییەوە دێ و گەرمكردنەوەی دەوێ، ئەو
شەڕەی لەقوڵاییە تاریكەكانی دەرونی حزبییەكانەوە بەفیكەو فتوایەك سەر
هەڵدەدات، هەرگیز ئەوەندە ناچێتە خانەی خەزمەتكردنی خەڵك و هێنانە
ئاراوەی كۆدەنگی.
ئەم خەڵكە، ئەگەر سەربەخۆیی كوردستانی بوێت، لەپێناو ئەوەدا جارێك،
تەنها جارێك لەدەرەوەی ڕەزامەندی حزبی، دەهاتنە سەر هەست و شەقامیان پڕ
دەكرت لەنای ملهوڕی حزبی و، هاواری سەربەخۆیی، ئەم میللەتە ئەگەر
ئازادی خۆشبووێت، تێدەگەیشت نەك هەر دیووی ناوەوەی حزب، بەڵكە ڕوخساری
حزبیش لەم مەملەكەتەدا، زیندانی سەربەخۆییە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|