په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

راگه‌یاندنی گرووپى ٨٨ لە هەڵەبجەى شەهید:

زیندانکردنى (برایمى کاکە ئەحا) ریسوا و شه‌رمه‌زار دەکەین.

 

 

 

هەر لە کاتى پەسەندکردنى یاسای خۆپیشاندانەکان لە لایەن پەرلەمانى کوردستانەوە ئێمەى جەماوەرى هەڵەبجەى شەهید رژاینە سەر شەقامەکان و بەدەنگى بەرز هاوارمان کرد نا بۆ سنووردارکردنى ئازادیی و زەوتکردنى ئازادییمان لە کەس قبوڵناکەین، بەڵینمان دا کە هەرگیز گوێ بە هیچ کۆت و بەندێک نەدەین کە ئازادیینان لێ زەوت بکا و هاوارمان کرد هیچ شتێک نییە بتوانێ سنوور بۆ ئازادیی دابنێ بەڵکو ئەوە ئازادییە سنوورى نێوان هەموو کارێکى باش و خراپ دیارى دەکا.

لە کاتى خۆپیشاندانەکانى حه‌ڤده‌ی شوبات و ڕۆژانى دواى لە شار سلێمانى و شار و شارۆچەکانى دەورووبەرى شارى هەڵەبجەى شەهیدیش وەک زۆربەى شارەکانیتر هاتە سەرشەقام و دژ بە گەندەڵى و نادادپەروەرى کۆمەڵایەتى و خراپى سیستمى سیاسى و ئیدارى لە کودستان خۆپیشاندانى ئەنجامدا و بە هۆى مامەڵەى خراپى بەرپرسانى ئاسایشی هەڵەبجە نەزانینیان و خەمنه‌خۆرییان بۆ خه‌ڵکی هه‌ژاری هەڵەبجە فرمانکردنیان کرد بە چەکدارەکانیان کە لوولەى تفەنگەکانیان بکەنە سەر سنگى خۆپیشاندەرانى هەڵەبجە بە هۆى ئەو تەقەکردنەشەوە دەیان ڕۆڵەى هەڵەبجە بوونە قوربانى نەزانینى بەرپرسه‌کانی ئاسایشی هەڵەبجە بەم هۆیەشەوە دوو شەهید و دەیان بریندارى لێکەوتەوە کە ئێمە پێمان وایە ئەگەر مامەڵەى بەرپەرسانى ئاسایش سەرده‌میانە بوایە و فرمانیان بە تەقەکردن نەکردایە خوێن لە لووتى هیچ رۆڵیەکى ئەم شارە نەدەهات.

برایمى کاکە ئەحا کە یەکێکە لە قوربانیەکانى خۆپیشاندانەکان و لە کاتى خۆپیشاندانەکەى بیست و سێی ئادار لە هەڵەبجە بریندار کراو لە لێوارى مەگ گەڕایەوە، ئێستا دەسەڵاتى یەکێتى ژیانى پێڕِەوا نابینن و دەیانەوێت لە ڕێگەى دادگاوە تاوانبارى بکەن ئەوەى لەسەر شەقام بە لوولەى تفنگەکانیان نەیاتوانى ئەنجامى بدەن ده‌یانەوێ لە ڕێگەى دادگاوە خەونەکەیان بەدی بهێنن پشتیوان و پاڵپشتێکى بەهێزو پاوێکى بوێر و ئازاى هەڵەبجە لە زیندان توند بکەن لە خەڵکى هەڵەبجە داببڕن.

ئێمە وەکو گرووپى هه‌شتا و هه‌شت بە توندیی زیندانکردنى برایمى کاکە ئەحا ریسوا و شه‌رمه‌زار دەکەین و لە ئاست ئەم پێشەلکارییه‌ و تۆمەت دروستکردنى بێبنەما دەستەوسان نابین و هەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر لە پێناوى ئازادکردنى برایمى کاکە ئەحا هەروەها بە دادگایگەیاندنى هەموو ئەو بەرپرسانەى کە فرمانیان بە تەقەکردن داوە دژ بە خەڵکى هەڵەبجە.

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو خەڵکى هەڵەبجە بە گشتیی و کەسوکار و هاوسەنگەر و هاوخەباتەکانى کاک برایم دەکەین کە بێنە دەنگ دژ به‌و کاره‌ ناڕه‌وایه‌ی کە بەرامبەر ئەم پیاوە ئازا و دلێرە کراوە و قبوڵى نەکەن قوربانییه‌ک له‌ زینداندا بێ و جەلادەکانى حه‌ڤده‌ی شوبات و رۆژانى دواییش خەڵات بکرێن و لەسەر شەقامەکان بسوڕێنەوە.


گرووپى ٨٨ - هەڵەبجەى شەهید

halabja.group88@yahoo.com


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک