په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

زیندان نامانترسێنێ !


بەشدار على    


وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوایەکى لەسەر رۆژنامەنوس رزگار کۆچەر تۆمار کردووە ،گوایە ئەو رۆژنامەنوسە سوکایەتى بە وەزارەت و وەزیرەکە کردوە.......


لەم ساڵانەى دواییدا لە کوردستاندا مۆدێلێکى نوێ لە سەرکوت و دەمکوتکردنەوەى خەڵکى کوردستان بە تایبەت رۆژنامەنوسان دەستى بۆ دەبردرێت کە ئەویش توندکردنیانە لە زیندان ،بە مانایەکى تر لە رێگاى زیندانەوە دەیانەوێت پەیامێک بەگوێە خەڵک و رۆژنامەنوسان بدەن کە( دەبێت ووریا بن ئێوە بۆتان نیە قسە لەسەر هیچ بکەن،ئەو وڵاتە وێرانیش بێت و لەبرسان مردن ،بەڵام ئێوە نابێت دەنگ هەڵبڕن!).


ئەگەر نوزەشتان لەبەر لەدەم دەربێت لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر کۆتایت پێنەیەت دەبێت بچیتە زیندان،بێگومان ئەو جۆرە مامەڵەیەش لەگەڵ خەڵک و رۆژنامەنوسان لەگەڵ سەرەتاترین مافەکانى مرۆڤ و ساکارترین پرەنسیپەکانى کارى رۆژنامەگەرى ئازاد کە لە کوردستاندا ئیدعاى بۆ دەکرێت ناکۆکیەکى قوڵ پەیدا دەکات.


رزگار کۆچەر بە هەزارەها دۆلارى بە ناوى پرۆژەیەکى هونەرى یان رۆشنبیرى لە وەزارەتى رۆشنبیرى وەرنەگرتوە کە پرۆژەکەش لە واقعدا بوونى نەبێت و وەهمى بێت،کە پرۆژەى لەم جۆرە لەم وەزارەتە زۆرە! تاکو دادگاى بکرێت و بیخەنە زیندانەوە ،رزگار کۆچەر بروانامەکەى ساختە نەکردووە و لەم وەزارەتەدا دەستى بەسەر بەشێکدا گرتبێت و مانگانە بە ناوى جۆراو جۆر گونیەیەک دۆلار بباتەوە ماڵەوە ،تاکو لە زینداندا توندى بکەن،رزگار کۆچەر پەلامارى کەسى نەداوە و نەک جەستە هەستى کەسیشى بریندار نەکردووە و سەنتەرێکى رۆشنبیرى بێ(شوێنیشى) نەکردۆتەوە تاکو لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکرێت!بەڵکو رزگار تەنها هۆشدارى داوەتە وەزیر و کاربەدەستانى وەزارەت ئاگاداربن سامانى ئەو وڵاتە بەهەدەر مەدەن ،خۆتان بەو پرۆژە ئیفلیجانە خەریک مەکەن و دەست بۆ کارى راستەقینەى خۆتان بەرن ئەو وڵاتە وێران بوو لە بێ رۆشنبیرى و بێ فەرهەنگى و نەبونى هونەرێکى سەردەمیانە.


ئێمە لەو رۆژەوەى قەڵەممان هەڵگرت زانیمان لە کۆمەڵگایەکى خاڵى لە یاسا و دەستور و دەسەڵاتێکى مەدەنى ،تەژى لە نایەکسانى و ناعەدالەتى و گەندەڵى و میلشیایى ،بەشمان تەنها سەرکوت و لێدان و کوشتن و لە باشترین حاڵەتیش زیندانە،چونکە بریارمانداوە هەموو ئەو کارانەى کە خەریکە ئەو خەڵکە بەرەو قوربەسەرى و ماڵوێرانى و سەرگەردانى زیاتر دەبات قسەى لەسەر بکەین.


داوا تۆمارکردن و بانگکردنى رۆژنامەنوس رزگار کۆچەر بۆ دادگا ئەوپەرى بێ تواناى وەزارەتى رۆشنبیرى لە کوردستان نیشان دەدات و جارێکى تریش دەیان پرسیارى تریشى خستەسەر بەرێوبەران و بەرپرسانى ئەو وەزارەتەى کە دەبێت تاکەکان فێرى دیالۆگ و وەڵامى هێمنانە بکات نەک زەبر و توتد و تیژى و رق لە نێو هەستى تاکەکان جێگاى بکاتەوە کە ئەو کردەوەیەشى هەنگاوێکى ترە بۆ رۆیشتن بەم ئاقارە.


 

Bashdar_net@yahoo.com