زیندانییانى سیاسى
لە نێو بەرداشى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا.

هیوا ڕەش
پێویست بەوە ناکات بچمە نێو باسێکەوە کە باس هەڵنەگرێت ! ئەوەش کێشەى
بەشخوراوترین توێژى سیاسى کۆمەڵگاى کوردییە کە خۆیشم یەکێکم لە وان ،
لەوانەیە ئەگەر منیش وەکو بەرپرسى خواپێداوى ئێستا گەرما و سەرمام
نەدیبایە بە هەمان شێوە غەمم لە تەواوى خەڵکى بەشمەینەت بخواردایە ،
ئەگەر لە برسانا و لەبەر بێ بەرگى تەواوى کورد ڕەق هەڵبهاتایە ، مێش
میوانم نەبوو شەرتە گوێشم پێ نەدایە ! بە تایبەتى ئەوانەى دوو فاقانە
هەم شۆڕشگێڕ بوون و هەم جاسوسیش ، هەم بەعسیى عەرەبى بوون و هەم بەعسیى
کوردییش ، هەم دز بوون و هەم خاوەن ماڵ ، هەم کاڵەگ خۆر بوون و هەم
بێستان ڕنیش .
زیندانییانى سیاسى کوردستان ، کە خۆیشم یە کێکم لەوان و لە بەرامبەر
قارەمانێتى هەندێکیان بە بەژنى زراڤیان ناگەم ، ئێستا بوون بە کەسانەى
عەوەجەى سکرتێرە خانمى چاوکاڵ بن ، لە ناوەختا دەمەتەقێى مەسئولێکى
پێست پەمەیى لەگەڵ مەدامێکى چاو و برۆ ڕەشى عەرەبى خواروو تێک بدەن ،
یان لە ڕێگەى خالە خولە سوورەکانەوە مواجەهەى ئەندام سەرکردایەتى
حیزبێک بەدەست بێنن - - - یان و یان ئەبێت لە پێناوى دابین کردنى جگەر
گۆشەکانیان خۆپیشاندان ، ڕێپێوان و مانگرتن ئەنجام بدەن و لەو
ئاکامەشدا ڕاپێچى زیندان بکرێن ! ! ! لە جیاتى ئەمنە سوورەکە ببنە
میوانى ئاساییشە زەرد و سەوزەکە ، ئەوسا مقاوەمەت و بەرخودان دەست
مایەمان بوو ئێستا ڕقى پەنگ خواردوو لە دزو بوودەڵە ، ئەوسا ئەویسترا
کەسایەتى مەعنەویمان وورد و خاش کەن ئێستا کەسایەتى مادى ، مادى و
مەعنەویش دوو ڕووى دراوێکن ، جەللادەکانیشى هەمان جەللادن و لە ژێر
چەند ناوێکن ، بەڵام ئێمە هەر ئەوانەین کە سەرى بەرزمان دانانەوێین بۆ
هیچ کەسێ ، هەر سەرى بەرزیشمانە ناهێڵێ دەم ببەین بۆ هیچ دەسێ .
بیست مانگى ڕەبەقە ، زیندانییانى سیاسى لە سەرتاپاى عێراقدا ، هەر
یەکەو مانگانە پێنج سەد هەزار دینار مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە ، وەلێ
تەنها زیندانییانى سیاسى کوردستان ، بەڵام بەدەر لەو ناوچانەى لە ژێر
ڕکێفى حکومەتى هەرێمى کوردستان نین ، لەو بڕیارە کە بە ماددەى 4
ناسراوە بۆ خەرج کردنى مووچە بۆ زیندانییانى سیاسى لە هەر سێ پارێزگاکە
( هەولێر ، سلێمانى و دهۆک ) کە خاک و ئاو و بازاڕ و گشت کایەکانى
ژیانى تێدا زەوت کراوە ، دەست درێژى کراوەتە سەر بژێوى زیندانییانى
سیاسى و قووت و پارووى دەمى مناڵە چاو گەشەکانیان ، و تا ئێستا حکومەتى
خۆماڵى کوردستان خۆى لێ کردوون بە کەڕەى شەربەت و نە بایان دیوە و نە
باران و بەرزەگى بانان کە وتوونەتە سەر نیعمەتى ئیلاهى زیندانییان ،
نەک مووچە تەنانەت هەست بە بوونى زیندانى سیاسى کوردستانیش ناکەن چ جاى
دابین کردنى مافەکانیان ! چەندین ملیار دینارى زیندانییانى
هەرێمەکەمانیان بە تاڵان بردووە ، ئەگینا بۆچى ؟
1 – بە چاک و بە خراپ متەق ناکەن ؟
2 – ئەگەر پارەکەیان نەخواردووە بۆ ڕوون کردنەوە نادەن ؟ !
3 – ئەگەر پارەکە خوراوە کێ لێى بەرپرسە ؟ !
جا ئەگەر 10000 زیندانى سیاسى هەبن لە کوردستاندا و هەر یەکە و مانگى
500000دیناریان بۆ ماوەى بیست مانگ خورابێت ، مەگەر هەر ژمێریارى
بەرپرسەکان لەم دەسکەوت و خێر و بەرەکەتەى ئاغاکانیان سەر دەرکەن و
بزانن چەند ئەکات ، چونکە حاسیبەش لە ئاستى لێکدانەوەى ئەم گوژمە پارە
بێ ئارەقە وەدەست هێنراوە کڵۆڵە و ئەستەمە سەر دەر بکات ؟ !
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|