په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠٢٣

زمانی جەستە لای ئازاد سوبحی.

 

جەزای ئاسنگەر


پێشباس.

دلاوەر قەرداغی لە شیعری (بەفرت لە دڵم دەبارێ، هۆن هۆن غەمتم لە بەر دەڕوا) بۆ ئازاد سووبحی دەنووسێت:
ڕاستە … ڕۆشتوویت
بەڵام دڵت نایەت زۆر دوور بکەویتەوە
دڵت نایەت ئەوەندە دوور بکەویتەوە
کە دەنگت پێمـان نەگا و
کاتێ دەستمان بۆ ڕادەوەشێنیت
نەتبینین


یەکێك لەو خەسارانەی لە مەیدانی رۆشنبیریی کوردی کەوت لە دوای دوو هەزارەی میلادییەوە لە دەستدانی ئەو رۆشنبیر و ئەدیبە پاڵفتە و دروستانە بوون کە عەشقی تەواو و بێ خڵتەی وێژە و دنیا بەرفرا وانەکەی بوون و لەگەڵ خۆیان و قەلەمەکەیان راستگۆ بوون، خاوەنی دید و هەڵوێست و خوێندنەوەی خۆیان بوون، جوڵە و گوفتار و وشەیان یەك ئاراستە بوو؛ مەحاڵیشە جێیان پڕ ببێتەوە لەم عەسرەدا، یەكێك لەوانە (ئازاد سوبحی) بوو کە زۆر بێدەنگ رۆی و ماڵئاوایی نەکرد (جگە لە فڕێدانی درەختێك لەبەرد) و بێزاریی گیانی سەربڵندی و پێچانەوەی لاشەی بەبەردبووی خۆی.

سەباح رەنجدەر دەنووسێت: سەرەتای نەوەدەکان من و ئازاد لە ڕۆژنامەی: (ئاڵای ئازادی) بەیەکەوە کارمەند بووین. ئەو سەرپەرشتی لاپەڕەی فیکری دەکرد و من سەرپەرشتی لاپەڕەی ئەدەب. ڕۆژانە شەش کاتژمێر بەیەکەوە بووین و ڕۆژانێکی پڕ یادگاری ئەدەبیین. شیعر فۆرمی ھەموو ھەستەکانمان بوو. پێویستیی نووسین تێکەڵ پێویستیی ژیان دەبوو، دۆخی ھاوشێوەیان وەردەگرت. ھەموو شیعرەکانی خۆی بۆ دەخوێندمەوە، بەڵام ھەرچی بۆچوونت بەرانبەری ھەبووایە، یەک پیتیشی نەدەگۆڕی و وەک خۆی دەیھێشتەوە. دوای خوێندنەوەی ھەموو دەقێکی بە شێوەی بڕوابوونێکی پڕاوپڕ، دەستی ڕەزامەندی دەجووڵاند و دەیگوت: (دەقی ڕەسەن).

شێرزاد حەسەن سەبارەتی دەڵێت:
ئەم تەمەنى خۆى داگیرساند و نەچووە بەر ئاگردانى نامەردان.
ئازاد لە گەوهەرفرۆش دەچوو، هەميشە وايدەكرد زۆر چاوەرِوان بن تاوەكو دەچووە بن زەرياى رۆح و فيكرى خۆى و مروارى و مەرجانى دەچنييەوە، ئەوسا بێ كەشوفش پێشكەشە دەكردين. بە ئەمەكەوە دەيڵێم بؤ هەميشە وەك قوتابييەكى شەرمن بە تاسەوە حەزم بوو لێوەى فێر بم. ئازاد رِێزى هەر وشەيەكى دەگرت، چ بە زار و چ بە نووسنە، بۆ هيچ خواست و تەماع و ئيگۆيەكى هەڵئاوساو ئامادە نەبوو يەك پيت بە فیڕۆ بدات، ئەم مامەڵەى ئەڵماسە لە تەك وشەكانى خۆيدا دەكرد.

ئازاد لە جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان؛ لەسەرەتای نەوەدەکان بۆ یەکەمجار هەستی کرد زۆر لە پێش ئێمەوە کە روومەتی گوڵە گەنمەکانی رەش بوون.

(لە ڕۆژی شەشەم: خێڵە بەردینەکان کڕنووشیان بۆ پێکەنینی چەکەکان برد و بە نھێنیی یەکەمین کوشتن ڕوومەتی گوڵەگەنم ڕەش بوو). مەخابن تا لە رۆژی حەوتەمدا خۆی بووە دەرەختێك لەبەرد و نەیتوانی تا دواپەردەی تراژیدیەکان ئاواز بۆ ئازارەکان بڵێت....ئەو هەر زوو دزرا...بەڵام ئاگرەکەی ناسڕینەوە..
من دزرام
من دزرام لە رەگ و ریشەوە دزرام
دابڕام لە نەسڵی خۆم
ئەی رۆحی پەرکەم گرتووم
ئاگرەکەم مەسڕەوە.. دەنگم دامەپۆشە
ئیدی لەم پەراوێزە نامێنمەوە کە باڵندەی نییە!
من ناوەکیم من مەخلوقێکی ناوەکیم
پێناسەکان خەیاڵم ئەکوژن


ئازاد و ئیحای جەستە.

بۆ کەسێکی وا هۆشمەند و خاوەن هەڵوێست؛ ئاشکرابوو کە وێنە رەهەندی مێژوویی و ئیحایی خۆی هەیە، دور نییە جارانێك لە جێی دەقە شیعرێك بدوێت و شتانێکمان پێ بڵێت بە کورتبڕی هێندەی چرکاندنی دوگمەی کامێراکەو تەسلیم کردنی راسپاردەکە بە بینەرانی دوای خۆی.

جا من لام نەنگ بوو باسی ئازاد بکرێت و کەمێك لەو پێشەکییەکەی نووسیمەوە نەخرێتە روو، ئەمە بە وەفایەك دادەنێم بۆ گیانی سەربڵندی ئەو شاعیر و بیرمەند و رۆشنفکرەی لە یادەوەری دەستەجەمعی ئەدیبانی کوردا بە ئاسانی کاڵ نابێتەوە.

ئێستا بابێینە ناو بابەتەکەو بەراوردی ئەو دوو وێنەیەی سەر بابەتەکە بکەین و بزانین چییان لێ تێدەگەین و خوێندنەوەمان بۆی چی دەبێت؟

ئەگەر دیقەتی سێ شت بدەین لەو دوو وێنەیەدا چەند جیاوازییەکی سەرەکیمان بۆ دەردەکەوێت؛ ئەوانیش:
١- رووگەی دەموچاوی ئازاد.
٢- سیماو شیوەی دەمی ئازاد.
٣- شوێنگەو شێوازی دەستی چەپی.

وێنەی ژمارە ١                   وێنەی ژمارە ٢       

راڤەکان.

لە وێنەی یەکەمدا دەبینین هەر سێ لەم خاڵانای سەرەوە لە حاڵەتی ئەرێنیدان، بەوەی رووی دەموچاوی ئازاد لە کامێراکەیەو شێوازی دەموچاوی کراوەو بە بزەیە، دەستی چەپیشی لەسەر پشتی کەسی لەگەڵ وێنەگیراودایە، کە ئەمەش پەیوەندی رۆحی و لێك نزیکی دەردەخات لە زانستی دەرونسازیدا.


هەرچی وێنەی دووەمیشە بە پێچەوانەوە؛ حاڵەتەکان نەرێنین و لە روو دامانێکی پێوە دیارە، هەرچی رووگەی دەموچاوی ئازادە وەکو کەسێکی زوویربوو بە پێچەوانەی رووگەی کەسی وێنە لەگەڵ گیراودایە، دەموچاوی گرژیەکی پێوەدیارە و هیچ بزەیەك بەدی ناکرێت، هەرچی دەستی چەپیشییەتی نوقاوە و تەنانەت نەك نزیك نییە لە جەستەی کەسی لەگەڵ وێنەبۆگیراودا بەڵکو مەسافەیەکی بەرچاویش لە نێوانیاندا هەیە، کە ئەمەم زۆر دەگمەن بینیوەتەوە لە وێنەکاندا کە دوو کەس لەگەڵ یەکتریدا بیگرن!

بەرئەنجام.

هیوا لەسەر خەون و خەیاڵ هەڵناچنرێت و بە لافوگەزاف کەس نابێتە رۆشنفکر، هەرچەندە لەم رۆژەدا وەکو شەهادەی ساختەی زانکۆکان هەموو نازناو و بەهایەك دەبەخشرێتەوەو بۆشە لە مانا راستەقینەکانی خۆیان، بەڵام تەنیا رووکەشبینەکان سەر بۆ ئەو وتانە دەلەقێنن کە کاڵفامان بە ناوی ئەدەب و هونەرەوە دەیدرکێنن و دەیفرۆشنەوە بە کەسانی بێچارە و کۆڵەوار.

راستە ئەو وێنەیە زەمەنێكی پێشتر لە کۆچی شاعیر گیراوە و چونکە ئەو لە ٢٠١٤دا ماڵئاوایی کرد کە هێشتا کەسی وێنەلەگەڵ گیراو لە وێنەی دووەمدا ئەو سوکایەتی بە داهێنەر و ئەدیبانی پێشەنگی کورد نەکردبوو، بەڵام دانایی ئازاد لەوەدا بوو هەر زوو درکی پێشهاتەکان دەکرد، کورد گوتەنی مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، وەك چۆن ئەو لە سەرەتای نەوەدەکان هەموو ئەم سیناریۆیانەی ئێستای لە وێنە شیعریەکانیدا ئافراندبوو و هەر زوو ئەم زەمەنەشی جێهێڵا.
 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک