په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

زمانی زبر و گوێنەگرتنی بەرپرسان.

 


سالار بابەشێخ  


لە هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان، رۆژی سێشەممە 17/11 لە هۆڵی پێشەوا، لە ناو باڵاخانەی وەزارەتی رۆشنبیری، (رێکخراوی ئاسۆی مەدەنییەت) کۆنفرانسێکی لە بارەی زمانی زبر لە راگەیاندنی کوردی ساز کرد. دیارە بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری ئەم کۆنفرانسە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەمەڕ "هۆکارەکانی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی" ئەم دیاردە دزێوە، بەڕێوەچوو.


دوای وتاری بەخێرهێنان، لە دانیشتنی یەکەمدا دەبوا وتاری پەرلەمانی کوردستان بخوێندرێتەوە، کە بە هۆی دانیشتنی پەرلەمان ئەم وتارە نەخوێندرایەوە، بەڵام دەکرا نامەبەرێکی پەرلەمان، هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستانی سەبارەت بە زمانی زبر لە راگەیاندنەکاندا، بە کۆنفرانسەکە بگەیاندبایە و لانیکەم لە لایەن پێشکەشکارەوە بخوێندرێتەوە. دواتر وەزیری رۆشنبیری وتاری وەزارەتەکەی پێشکەش کرد و هەریەک لە نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرنووسەری رۆژنامەی (هاوڵاتی) را و سەرنجی خۆیان بە نووسراوە و بە گوتار پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە مۆڵەتی لێدوانیان پێدرا. بەڵام جگە لە نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان کە تا کۆتایی کۆنفرانسەکە لە گفتوگۆکاندا بەشدار بوو، هیچکام لە وەزیر و دوو بەرپرسی راگەیاندنەکانی دوو حزبی دەسەڵاتدار، تەنانەت ئامادە نەبوون گوێ لە بەشی دووهەمی کۆنفرانسەکە بگرن، ئەوان رۆیشتن و کامێرا و نوێنەری تیڤییەکانیش دوایان کەوتن و جگە لە سەتەلایتی نەورۆز کامێرایەک نەما!!


لە بەشی دووهەمی تاوتوێکردنی "زمانی زبر لە راگەیاندنی کوردی "، (جەودەت سەعید) ئەندامی دەستەی داواکاری گشتی و (د. رەزوان بادینی) مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، (هەڤاڵ ئەبووبەکر) کە بە ئامادەنەبوونی(د. سامان فەوزی مامۆستای زانکۆی سلێمانی)، ئەو بۆشاییەی پڕ کردەوە، بەشدار بوون. هەروەها خستنەڕووی پڕۆژەی بەڵێننامەی شەرەفی رۆژنامەنووسانی کوردستان کە (حامد محەمەد عەلی) سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئامادەی کردبوو، لە لایەن خۆیەوە خوێندرایەوە. دواتر هەر کام لە ئامادەبووانی خوازیار، لە کەمترین دەرفەتی چەند خولەکیدا، رەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو، بەڵام وەکو زۆر جاری دیکە بەرپرسانی ئامادەبوو کە خۆیان بە خاوەن رامان و ئەندیشە و خۆیان بە "موفەکر و تیۆریسیەن"دەزانن و گوێگرانیان بە کاڵفام و کەمزان، تەنانەت هەندێکیان گوێگر بە گێل و نەفام دەزانن و لە نێوان وتارەکەیاندا چەند جارێک پرسیار دەکەن: "تێگەیشتن؟ تێدەگەن؟"، دووجرتەکی بۆی دەرچوون و تەنها قسەیان کرد و وتاریان خوێندەوە و گوێیان لێنەگرتین!!


خۆی لە راستیدا فارس گوتەنی "کەمبوود تەکفیر دروستدەکات"، کاتێک بەرپرس، خەڵک بە گێل بزانێت و قسەی خۆی بکات و لە کاتی گوێگرتن فرتە بکات، هەڵچوون و ناڕەزایی دروست دەبێت! بۆچی هەندێک لە بەرپرسان هۆڵەکانی گفتوگۆ بەجیدەهێڵن؟ ئەی ئەو لێشاوی رەخنەیە کە ئاراستەیان دەکرێت، لە کوێدا وەڵامی دەدەنەوە؟! کێ ناڵێت هەر ئەم گوێنەگرتنە لە رای جیاواز، یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی زمانی زبر و پەرەسەندی ئەم دیاردە دزێوە؟!


راستە زمانی زبر پاشماوەی خەباتی شاخە بەرامبەر بە داگیرکەر و بکوژانی کورد و (میراتی ململانێی حزبی و کۆنە رق و کینەی شەخسی و فڕینی سەروەت و سامانی باهاوردەی هەندێک لە بەرپرسان و.. هتد)یە، بەڵام لە کەشوهەوای بانگەشەکردن بۆ پراکتیزەکردنی دیموکراسی لە کۆمەڵگەی کوردی، تەنها دەرفەت رەخساندن بۆ دەربڕینی ئازادانەی رای جیاواز و درکاندنی بۆچوونەکان بە بێ ترس و لەرزی سەرکوتکردنیان و زیادکردنی ژمارەی رۆژنامە و گۆڤارەکان، بەس نییە. هەموو ئەمانە نیوئەوەندەی ئەوەی کە بەرپرس و دەسەڵات، خۆی لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و نوخبە و رۆشنبیری وڵاتەکەی نزیک بکاتەوە و گوێ لە ئازار و مەینەتی و داخواز و بۆچوونەکانیان بگرێ، کاریگەری نییە بۆ ئەوەی مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی کەم بکاتەوە. بێگومان کە مەوداکان بەرینتر بوون، رقەکان ئەستوورتر بوون، ئەو کات زمانی زبر لە گوتار و نووسینەکاندا سەرهەڵدەدات و ئەم پەتایە دەبێتە دیاردە و قەیرانێکی ئەخلاقی لە کاری رۆژنامەوانیدا بەرهەم دەهێنێ.


ئەز راموایە نەک نەزیفی نەوتی کوردستان و زیادبوونی ژمارەی دەزگاکانی راگەیاندن، بەڵکو خۆ جیاکردنەوەی بەرپرسان و دووری گرتنیان لە ناوەندەکانی رەخنەساز و گوێنەگرتنیان لە ئەندێشە و خامەی بوێر، یەکێکە لە هۆکارەکانی تەشەنەکردنی زمانی زبر.


بەداخەوە هەندێک بۆچوونی کرچ و کاڵ هەن، سەبارەت بە بوونی زمانی زبر لە راگەیاندنی کوردیدا، پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە کە لە شەڕی ناوخۆ زبرترین زمان بەکار هێنراوە! کەواتە لەو هزرە وەهمییانه‌دا زۆر ئاساییە پەڵەیەکی دیکە بکەوێتە سەر لاپەڕە تاریکەکانی مێژووی کورد!! چما لە شەڕی ناوخۆ و لەو خۆکوژییانەدا، دەستی برا بە پەلەپیتکەی چەکەکەی سینگی براکەی نەدەپێکا و خەڵتانی خوێنی نەدەکرد؟!!


بۆ ئەوەی ئەو ئاسەوارە نەشیاوە بسڕینەوە و ئەو پەڵە و لکە نەگریسانەی مێژوومان بکەینە پەند و رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگرین، پێویستە لە هەموو رێگایەک و لەسەرووی هەموویانەوە بە زەبری یاسا و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی بنبڕکردنی زمانی زبر بدەین، کە زۆر جار لە منداڵدانی ئەم زمانە زبرەدا توێی توندوتیژیی و بەگژداچوون و دوژمنایەتی ناوخۆیی چێندراوە.


دیارە شرۆڤەی کۆنفرانسەکە و شیکاری لە سەر بابەتە پێشکەشکراوەکان و خۆ شۆڕکردنەوە بە ناخی هۆکارەکانی دروستبوون و تەشەنەی زمانی زبر و و دۆزینەوەی چارەسەرییەکان، هەویرێکە ئاوی زۆر هەڵدەگرێ. ئەوە بۆ پسپۆران بەجێدەهڵم و ئاواتەخوازم کاری بەردەوامی بۆ بکەن، بۆ ئەوەی زمانی زبر و زمانی بازاڕ بابەتییانەتر پێناسە بکرێن. چونکە زمانی بازاڕ ساکار و جوان و سادەیە و زمانی شەقامە و گەورە و گچکە لێیتێدەگەن. زمانی بازاڕ جیاوازی هەیە لەگەڵ زمانی شەقاوە و لۆمپەنەکان. جنێوفرۆش و ناوزڕێنەر و خاوەن قەڵەمی فرۆشراو، نابێت لە ریزی رۆژنامەوانان و لە ناو رۆژنامە و گۆڤارەکاندا جێگە و رێگەیان هەبێت. بەرپرسانیش پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و هاوکات لە تەک لێدوان و وتارەکانیان، گوێی بیستنیشیان هەبێت.
 


19/11/2009