په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

زۆرینەی کۆڵنەدەرو کەمینەی بەختەوەر!


ستار محەمەد قادر 


زۆرن ئەو کەسانەی لاپەڕەکانی ژیانیان تژییە لە هەڵوێستی جوامێرانە، لێ کەمن ئەوانەی ئەو هەڵوێستەیان بۆ بووبێ بە دەلیڤەیەک، کە هەموو ژیانیانی پڕاو پڕ کردبێت لە بەختەوەری!


ئەوانەی وا لەبەرانبەر دوژمنێکی سەر سەختدا کۆڵنەدەر بوون، ئەمڕۆش لە بێدەربەستی دەسەڵاتی کوردیدا، کۆڵ هەڵگرن؛ کۆڵ هەڵگرێک بارگەیان ناگوێزنەوەو ناتوانن سنوورەکان ببەزێنن، ئەوان ئەم نیشتیمانەیان خۆش دەوێت، بۆیە شەوانیان دەخەنە سەر رۆژ تا خەمەکان بچننەوە. هیچ کاتێ چاوەڕوانی بەختەوری ناکەن تا دەرگایان بکوتێ و فاکتیان تێک بدات، چونکە لە بەراییەوە لە پێناو بەختەوەری میللەتێکدا تێکۆشاون، ناتوانن پێڵوی چاوەکانیان دابخەن و تەنهاو تەنها خۆیان ببینن! ئەوان وا راهاتوون شەوانیان بە تاریکی و رۆژانیان بە هەناسە ساردی بگوزەرێنن. ناتوانن خەمەکان لە خۆیان داببڕن، وا راهاتوون ئازار بکەن بە سێبەرو لە پاڵیدا بحەوێنەوە، وا فێر بوونەو خۆشەویستی نەتەوەیەکی ستەمدیدە رایانی هێناوە کە خەم و ئەندێشە ئاوێتەی یەکدی بکەن و لە پاڵ سێبەری ئازارێکی تووناویدا شەو و رۆژ سەرە مەرگی خەوێکی کوللە مەرگ بشکێنن!


ئاخ ئەگەر دەمانزانی تاریکایی دەبێت بە بەشێک لە ژیانمان و رووناکی لە ئاسمانماندا ناهێڵێت، ئەگەر دەمانزانی جگە لە ستەم و شەپا زللەی دوژمن هی دیش هەیە تێمان بسرەوێنێ، ئەوکات تێدەگەیشتین دەبوایە شەڕێکمان بکردایە تا بۆ یەکجاریی تاریکیمان بدڕیایەو رووناکیمان بەرهەم بهێنایە! رەنگبێ زۆر کەسان بەوە رازی بن ئەم هەموو نەهامەتییانە بۆ قەدەر بگەڕێننەوە، لێ ئەو قەدەرە لەوێدایە کە ئێمە خۆمان دەمانەوێت وا ببێت! من لەوە دڵنیام رۆژ بە تیشکی خۆی دنیا رووناک دەکاتەوە، کەچی هەرگیز وەکو هەور ناگرمێنێت، لەوەش دڵنیام هەر ئێمەو ئێمە بووین لە بەختەوەرییەکانی خۆمانمان گرتەوە بە بێ دەنگی دامان لە یەخەی کەسانێک، کە هەر کاتێ بیانەوێت، وەکو گرمەی هەور هەموو رابردووە لە خۆ بوردووەکانی ئێمە دەدەن بە چاوی نەوە بێنازە کۆڵنەدەرو کۆڵ هەڵگرەکانی خۆماندا!


ئەم کوردستانەی من، ئەمڕۆ نە گوندەکانی هەمان گوندی جارانە و نە شارەکانی هەمان شارەو نەش شارۆچکەکانی هەمان رۆحیان تێدایە. تا جاران بوو، نیشتیمانێک پێکەوە شاد دەبوون و دەگەشانەوە، هەر هەمووشیان بۆ گیانبازی شەهیدێک ئەستێرە لە ئاسمانیاندا دەکوژایەوە! بۆ وامان لێهات، بۆ تەنها بەشێکمان رووناک و سەرتاپای نیشتیمان ئازاراوی و تاریک؟! تۆ بڵێی ئەو رێگایەی ئێمە بۆی دەڕۆیشتین، هی ئەو کەسانە بووبێت وا ئەمڕۆ لە نازو نیعمەتدان؟ لە ناو میللەتی نەزاندا هەموو شتێک واریدە! بیریشی لێ مەکەنەوە سبەی خۆر هەڵدێ و دەتوانن گوڵ بژێرێک لە نێوان ئەو روومەتانەدا بکەن وا لە حەژمەتی میللەتێکدا خەویان لە چاوانیان تۆراندووەو ئەوانەش وا رەنگ و روویان بۆنی سێوو هەناروو پرتەقاڵیان لە خۆیان گرتووە! ئەوانەی وا شەوانیان بە بیرکردنەوە لە کوردستانێکی سووتماکدا دەگووزەرێنن، لە گەڵ ئەوانەی وا بەبێ تیشکی خۆر نە گەرماو نە سەرما پێیان دەوێرێت! ئێمە، ئێوە، ئەوان ئەی گەل دەتوانین گوڵ بژێرێک لەم نێوەندەدا بکەین، بەڵام وا دیارە جارێکان ئەفیونی ئەم باشە یان ئەویان، خانەکانی مێشکمانی داگیر کردووەو بەردەوامین، خەبات دەکەین تا کەمینەیەک بەختەوەرو زۆرینەیەک تا ئەزەل کۆڵنەدەرو بەشخووراو بکەین!!
 

 

star_qadr@yahoo.com