په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٠

زۆریی رۆژنامە و گۆڤار لە نێوان ئه‌رێنیی و نه‌رێنییاندا.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


هەرچەندە داتایەکى دروست لەبەردەستدانییە بۆ دیارى کردنى ڕێژەى کۆى دانیشتووانى هەرێم، بەڵام بەپێى هەندێ لە ئامارو سەرچاوەکان بێت ڕێژەى دانیشتووانى هەرێم خۆى لەنێوان چوار ملیۆن و نیو تاوەکو پێنج ملیۆن کەس بەسەرەوە دەبینێتەوەو ئەم ڕێژەیەش دابەش بووە بەسەر پێکهاتە جیاجیاکان و لەرووى تەمەن و ئاستى خوێندەوارى و ئابوورى و بارى رۆشنبیرى و شارنشینى و هەروەها گوندنشینى و....


لەکۆمەڵگەیەکى لەم جۆرەدا دەیان رۆژنامەو گۆڤار دەردەچن، سەرەڕاى بوونى ڕێژەیەکى زۆر لە کەناڵى لۆکاڵى و ئاسمانی و چەندان رادیۆو ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت و تەنانەت بوونى مۆبایل و زۆر هۆکارى دیکەش کە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەریان بەسەر توانست و ئارەزوو و بارى سایکۆلۆژى تاکەکانى کۆمەڵگەوە هەیە.


بوونى ئەو هۆکارە زۆرەى بڵاوکراوە رۆژنامەوانییەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، نیشانەى کرانەوەو هوشیارى دەگەیەنێت و ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوا هەرێم بەخێرایی بەرەو کرانەوەو دیموکراسى دەچێتە پێشەوەو ئەم هۆکارانەش کەم و زۆر بونەتە هۆى پێشکەوتن و هوشیارکردنەوەى تاکەکان و ئاراستەکردنى کۆمەڵگە بەڕووى جیهانى دەرەوەو پێشکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و شارەزابوون لە رووداوو پێشهاتە جیهانى و ناوخۆیی و شیکردنەوەیان بۆ مەبەستى زیاتر تێگەیشتن لە جموجۆڵە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و هونەرى و تەنانەت وەرزشى و...


ئەمەش رۆڵ و کاریگەرییەکى پۆزەتیڤانەیە کەوا بەهۆى زۆرى ئەو بڵاوکراوە رۆژنامەوانیانەوە هاتۆتەکایەوەو وا چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرى و خاڵ و لایەنە ئه‌رێنییەکانى رووەو هەڵکشان بچێت و لە ئایندەیکى نزیکیشدا جۆرو ستایلى دیکەش بێتە مەیدانەکەوە کە لەژێر کاریگەرى پرەنسیپ و بنەماکانى میدیاى جیهانى دەبێت و ئەمەش سوودى بۆ کۆمەڵگەکەمان دەبێت و پێویستە لە ئێستاوە ئیشى بۆ بکەین بەمەبەستى خزمەتگەیاندن بە کۆمەڵگەکەمان بێ جیاوازى بۆچوون و رەنگ و ئایین و نەتەوەو زمان و تەواوى جیاوازییەکانى دیکەى نێو کۆمەڵگەى کوردستانى و دەبێ هەموومان لەسەر ڕابێین کۆمەڵگە بە جیاوازییەوە جوانەو ژیان تێیدا بایەخى زیاترى هەیە، بەمەرجێک دادپەروەرى کۆمەڵایەتى لە سەرووى هەموو شتێکەوەبێت و رۆڵى فەرامۆش نەکرێت لەیەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە.


لەگەڵ ئەو ئه‌رێنییەى زۆرى بڵاوکراوەکان هێناویەتە ئاراوە، لایەنى نه‌رێنییشی هەیەو دەکرێت بۆ باشترکردنى بەستایلێکى دڵسۆزانە ئیشى بۆ بکرێت و میدیاى کوردى لەم ئاڵۆزییەى تێیکەوتووە رزگارى بێت و خەڵکى واتە خوێنەر لە نه‌رێنییەکانى ئەم زۆرى و بۆرییەى بڵاوکراوەکان هوشیارو ئاگادار بکرێتەوە، ئەمەش نەبێتە هۆى بەرتەسککردنەوەى ئازادى ڕدەربڕین و کارکردن و جۆرى کارکردنە رۆژنامەوانییەکان.


زۆرى بڵاوکراوەکان بۆتە هۆى دابەزاندنى ئاست و ڕێژەى خوێنەران، ئەمەش بەهۆى زۆری و تێکەڵاوى بڵاوکراوەکانەوەیە کە تارادەیەکى زۆر تایبەتەمەندى و ئاراستەى ئیشکردنیان بۆ خوێنەرانیان دیار نییە، واتە خوێنەر کاتێک گۆڤارێک یان رۆژنامەیەک دەکڕێت نزیکەى دوو بابەت یان سێ بابەت پەیوەندى بەوەوە هەیە، ئەگینا باقى بابەتەکانى تر پەیوەندى بەوەوە نییەو ئەمەش بەهۆى غیابى تایبەتمەندێتییەوەیەو تێکەڵاوى لە پەخشکردنى جۆرى بابەتەکانەوە هەیەو خوێنەر ناچارە بۆ بابەتێک، یان راپۆرتێک رۆژنامەیەک یان گۆڤارێک بکرێت، ئەمەش هۆکارى نێگەتیڤ و بێزاری بەدواوە دادەبێت و دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوەى خوێنەر لە کڕین و خوێندنەوەى بڵاوکراوە رۆژنامەوانییەکان.


هەرچەندى بڵاوکراوەکان ڕەچاوى تایبەتمەندێتی بکەن، هێشتاکە کەمە، ئەمەش دەبێتە هۆى ڕاکێشانى سەرنج و ئارەزووى خوێنەر بۆ خوێندنەوەو بەکولتوورکردنى پرۆسەى خوێندنەوە لاى کۆمەڵگەو وەرگرتنى زانیارى و بڵاوبوونەوەى بەنێو کۆمەڵگەداو بەجێهێشتنى ئەو کاریگەرییە رۆشنبیرییەى کە کۆمەڵگە پێویستێتى، بەمەرجێک ئەو زانیارییانەى پێشکەش دەکرێن تینوێتى خوێنەر بشکێنن بە پێدانى زانیارى دروست و زانستى و ورد، کەوا ئەم ڕێگەو هۆکارانەن کۆمەڵگە پێش دەخەن و تەندروستانە بەپێى هەڵومەرجەکان دەچێتە پێشەوەو هاوشانى گۆڕانکارییە جیهانییەکان دەچێتە پێشەوە.

 


هەولێر
Shaxewan_braim@yahoo.com