په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠٢٦

بەهای مرۆڤ لە شیعرە کوردییەکانی مەحوی شاعیردا!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


یەکێک لەو شاعیرە عاریفانەی کە دەقە شیعرییەکانی زۆرترین لایان لێکراوەتەوە و تا ئاستێکی باش سەرنجی توێژەران و خوێنەرانی کوردیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە، مەحوی شاعیرە. مەحوی کە سەرەتا بەنازناوی(مەشوی) دەینووسی، شاعیرێکە بەتامی تەسەوف و عیرفان. ئەو شاعیرێکی تەریقەتی نەقشبەندییە و قاڵبووەوەی نێو دنیابینی تەسەوف و ئاینی ئیسلامە و سەر بە ڕێبازی (ئەشعەری)یە و شارەزایی لە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی هەبووە. جیهانبینی مەحوی؛ جیهانبینییەکە تەژی لە خوداپەرستی. هەر لێرەوەش مەحوی لە دەقە شیعرەکانیدا ڕووی لەهەر بابەت و باسێک کردبێت، لەژێر چەتری ئەم جیهانبینییەدا بەسەری کردووەتەوە و ئاوڕی لێ داوەتەوە. مەحوی شاعیر زۆرجار وشەی حەزرەت وەک پێشگرێک لەلایەن توێژەران و خوێنەرانی شیعرەکانی لەبەردەم ناوەکەیدا دائەنرێت و هەندێکجارییش لەلایەن نێوەندی ئەدەبی کوردی پیرۆز دەکرێت و بە (زات) ناو دەهێنرێت و وەک فەیلەسووف وێنا دەکرێت. شیعرەکانی مەحوی تێگەیشتنیان ئاسان نییە چونکە زۆربەی جار پەنای بردۆتە بەر ژیربێژی و جیناس (ڕەگەزدۆزی) و قسەی نەستەق و کینایە. ئەم شاعیرە لەسەردەمێکدا ژیاوە کە کوردستان لەژێر دەسەڵاتی سیاسی خەلافەتی عوسمانیدا بووە. مەحوی لەژێر سێبەری ئەو خەلافەتە گەندەڵ و دژە دیموکراسییەی عوسمانییەوە کە بچووکترین مافی میللەتانی ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەکەی لەبەر چاو نەگرتووە و لەوەش واوەتر هەر دەنگێک کە دژ بە خەلافەتی عوسمانی بەرزکرابێتەوە، بێڕەحمانە سەرکوت و خەڵتانی خوێنی کردووە. لەسەرەتای سەدەی نۆزدە؛ واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، دەرەبەگایەتی بووە و (دەوڵەتی عوسمانی سوود و قازانجی لە مانەوە و درێژەپێدانی پەیوەندی بەرهەم‌هێنانی دەرەبەگایەتیدا دیوەتەوە.)(١)ژێرخانی ئابووریش لەئاستێکی لاوازدا بووە. بەرهەمهێنانی سەرەکی لەو قۆناغەدا دانەوێڵە و کشتوکاڵ بووە و ئەمەجگە لە بوونی هەندێ پیشەی دەستیی و خۆماڵی بچووک لەچەشنی سەڕاجی و مسگەری و دارتاشی و تەونکاری و ئاسنگەری و عەلافی و چەخماخچی و ناڵبەندی و.تاد. دانیشتوانی ئەوسەردەمەی کوردستان ڕێژەیەکی ئێجگار زۆریان نەخوێندەوار بوونە و بڕوای زاڵ لەو قۆناغە، بڕوای چینی دەرەبەگەکان بووە و لەڕووی ئاینیشەوە ئیسلام و خواپەرستی تەواوی کۆمەڵگەی داپۆشیبوو، ئەمە جگە لە بوونی ئاینزاکانی تری وەک مەسیحی و جوولەکە و زەردەشتی و یەزیدی کە کەمترین ماف و ئازادییان پێڕەوا بینرابوو. بەلای مەحوییەوە هەرکەس ڕەخنە لە ئاینی ئیسلام بگرێت، جگە لەوەی پێیوایە ڕەخنەکانی درۆن، لەهەمانکاتیشدا ڕەخنەگر سەگ و بەراز و مولحیدە.
بە تەکذیبی کەسی وا ، ناکەسێ جورئەت بکا (لاشک)
سەگی هارە ، بەرازە، مولحیدە، بووجەهلە، شەیتانە.(٢)


ئەم هەموو سووکایەتییە( ناکەس، سەگی هار، بەراز، مولحید، بووجەهل، شەیتان) بە ڕەخنەگرێکی غەیرە موسوڵمان یان هەر ڕەخنەیەک لە بیروباوەڕی ئیسلام، نیشانەی پرسیار لەسەر ئاستی هوشیاری مەحوی عاریف و سۆفی دادەنێت. لەلایەکی تریشەوە چەمکی بەهای ئینسان لەدیدی شاعیرەوە بەندە بە قبوڵکردنی ئاینی ئیسلامەوە. لەم سۆنگەیەوە دەبینین ئایدیای دەقە شیعرییەکانی مەحوی و تێڕوانینەکانی لەبازنەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ئەوسای کوردستان خولاوەتەوە، لەکاتێکدا شاعیر چووەتە دەرەوەی کوردستان و سەردانی وڵاتی سعودییەی کردووە بۆ حەج کردن و هەروەها سەردانی شاری قوستەنتینە و بیلادی (ڕۆم)یشی کردووە. شاری قوستەنتینە لەو سەردەمە ناوەندێکی ئاینی و زانستی و کلتووری بووە و بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ ئاڵوگۆڕە زانستی و کلتووری و ئابوورییەکانی ئەوروپا. واتە بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ڕینێسانسی ئەوروپا. کاتێکیش مەحوی شاعیر چۆتە ئەوێ ئەو بەرکەوتنەی نەبینوە یان تێڕوانینە ئاینییەکەی ڕێگر بووە لە بینینی ئەو بەرکەوتنە. چونکە شاعیر لەبری ئەوەی لە هەوڵی فراوانترکردنەوەی مەعریفە و ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی بێت، چووەتە دیوانی سوڵتان عەبدولحەمید و وەک پەیڕەوکەرێکی تەریقەت کەوتۆتە ستایشی خەلیفەی خوێنڕێژ و سەرکوتگەر،ئەویش لەپێناو بڕێک پارە یان وەک محەمەدی مەلا کەریم دەڵێت (مەعاشێک بەناوی خزمەتکردنی هەژاران) ی (٣) بۆ بڕدراوەتەوە.
شەخصێکی ساحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی ئەفلاطون
یۆنانییانی قەومت بۆچی بە دەردی سەگ چوون.(٤)


شاعیر بێئاگا نەبووە لە جیهانی فەلسەفەی یۆنان، ئەوەتا ئەفلاتوون وەک فەیلەسوفێکی کلاسیکی یۆنان، کە کاریگەرییەکەی بەسەر دنیای فکر و فەلسەفە کە تا ئەمڕۆش درێژبووەتەوە، دەکەوێتە بەر تیری سووکایەتی و بێڕێزی ئەم شاعیرە متەسەوفەی ئیسلام. ئەمە هەر بێڕێزی نییە بە ئەفلاتوون بەتەنها، بەڵکوو بێڕێزییە بە دنیای بەها و فکر و فەلسەفە. هەروەها لە دنیای شیعری مەحوی لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیانی تێدا بەدی ناکرێت و لەڕوانگە و جیهانبینی شاعیرەوە، ماف بەهیچ میللەت و کەسێک بەڕەوا نابینرێت کە ملکەچی شمشێری ئیسلام و خەلافەتی خوێنمژی عوسمانیی نەبێت. بەهای مرۆڤ لای مەحوی لە ئیلتزامە ئاینییەکەوە شوناس وەردەگرێت. لەم گۆشەنیگایەوە شوبهاندنی گەلی یۆنانی خەباتگێڕ بە سەگ کە دژ بە خەلافەتی عوسمانی و کە لەپێناو ئازادی ژیان دەجەنگان، دووجار سووکایەتی تێدایە. جارێک بێڕێزی کردنە بە خەباتگێڕانی یۆنان لەپێناو ئازادی. جارێکیتریش بێڕێزی کردنە بە سەگ، کە ئاژەڵێکی بەسووک تەماشاکراو و حیساب بۆنەکراوە لە کلتووری ئیسلامدا. لەکاتێکدا هەموو دەزانین لەمێژووی مرۆڤایەتیدا سەگ ئاژەڵێکی بەوەفا و هاوڕێیەکی دێرینی مرۆڤە. جگە لەمەش لای شاعیر پەیڕەوکەرانی ئایینی غەیرە ئایینی ئیسلام (جوولەکە بەنموونە) ناشیرین و ناپەسندن. هۆیەکەش ئەوەیە کە مەحوی جگە لە پەیڕەوکەرانی ئاینی ئیسلام، کەس بە مرۆڤ نازانێت.
ڕیشێکی پان و ، تووکی بناگوێ درێژ و لوول
صۆفی لە دینی لادە بە دیمەن لە جوو دەکا.(٥)


جوو لای شاعیر دیمەنی قەبیحە و ئەمەش سووکایەتییە بە جووەکان و ئاینەکەیان. جگە لەمەش سنووری سووکایەتیکردنی مەحوی فراوانتر دەبێتەوە و هەر بە ئاینی جوولەکە ناوەستێت و پەل دەهاوێت بۆ خودی خۆشی و سووکایەتی بە خۆی دەکات و خۆی بە سەگ دەشوبهێنێت.
دەخیلی ئەو سەگی بەر قاپییەم جارێ بە یەگجاری
سەرئەفرازم بکە ، فەرموو، سەگی بەر دەرکی خۆمانە
وەکو (جامی) دەڵێ ، دەم وشک هەڵاتوو من سەگێکی گەڕ
جگەر تینووم و دەخوازم نمێ لەو بەحری ئیحسانە.(٦)


چاویلکەی تێڕوانینەکانی مەحوی شاعیر بۆ بەهای ئینسانەکانی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆی، چاویلکەیەک بووە بارگاوی بە ئایین و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی. شیعرەکانی مەحوی کە لەڕاستیدا ڕووبەند (واجیهە)ی بەرژەوەندی چینایەتی دەرەبەگایەتی و سیاسەتی خەلافەتی عوسمانین، بایی گەردێک دڵ ئێشانی بۆ خەلافەتەکەی عوسمانی و خەلیفە و دەست و پێوەندەکەی تێدا نییە، کەچی دژ بە نەیارانی خەلیفە درێغی نەکردووە لە سووکایەتی و تا توانیویەتی بێبەهای کردوون. مەحوی گێچەڵ بە پەیڕەوکەرانی ئاینی فیرعەونەکانیش دەکات کە نزیک بە دوو هەزار ساڵ بەر لە پەیدابوونی ئیسلام ژیاون.
چوو ئەو فیرعەونە حیزە بۆ جەهەننم، قوڕ بەسەر هامان
دەبێ ئەسبابی زووتر چوونە خزمەت ئەو بدا سامان
لەوانە و هەم لە ئەمثالی ئەوانە یاڕەبی هەر ئان
جەهەنم پڕ بکەن، جەننەت تەهیی بێ بۆ موسوڵمانان. (٧)


هەجووکردنی فیرعەونی میسر بە (حیز) و قوور بەسەربوونی (هامان)ی وەزیری فیرعەون، ئاستی دواکەوتوویی مەحوی نیشان دەدات.(٨) لێرەدا شاعیر بەگژ فیرعەوندا چووە کە لەسەردەمی ئەو فیرعەونانە سەرسوڕهێنەرترین داهێنانیان لەبواری پزیشکی و بنیادنانی هەڕەمەکاندا کردووە و شارستانییەتی مرۆڤایەتیان بە توانا پزیشکی و زانستییەکانیان سەراسیمە کردووە و تا ئێستاش نە تەکنەلۆژیای نوێ و نە ژیری دەستکردیش نەیانتوانیوە بۆ ئەو توانا زانستییەی فیرعەونەکان، شیکارێکی زانستی قەناعەتکەر بدەن بەدەستەوە. ئەوە ڕاستە هەم فیرعەونەکان ستەمکار و چەوسێنەر بوونە و هەمیش هەجوو لە شیعردا هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام ئەمانە بیانووی قەناعەتپێکەر نین تا مەحوی دەست ئاوەڵا بێت بۆ هێرش کردنە سەر مێژوویەک و شارستانییەتێک کە کورد و ئیسلام بەم واقیعەی ئێستایانەوە تا ئەبەد پێی ناگەن!


لەبواری کۆمەڵایەتیشدا مەحوی ڕووی لە پیاوانی کۆمەڵگەی کوردییە و بەدەگمەن ئاوڕی لە ژن داوەتەوە. کە ئاوڕیش دەداتەوە جگە لە بێبەهاکردنی ژن؛ شتێکی تر ناڵێت. ژن لای مەحوی کائینێکی سووک و بە کەم تەماشا کراوە.
هەی لە ژن کەمتر! موعەططەل بۆچی؟ نەی ژەن! لێدە نەی
ساقیا!ساقی شکێ، بەس ڕابوەستە، بێنە مەی.
ئەو قوڕومساغە دەڵێن پیری موغانە پێی بڵێن
پیری ئاخر شەڕ! دەری مەیخانە تاکەی دادەخەی؟! (٩)


محەمەدی مەلا کەریم زۆر هەوڵیداوە ئەم لەکە کۆنەپەرستییە لەنێوچەوانی شیعری مەحوی پاک بکاتەوە و ئەم شوورەییەی مەحوی بشارێتەوە، وەلێ نەیتوانیوە. محەمەدی مەلاکەریم لە شەرحی ئەم چوارینەیەدا دەڵێت( لەم بەیتەدا (ژن) بووە بە قوربانی دروستکردنی وشەئاراییەک بۆ هاوسەنگ کردنی لەگەڵ وشەی (نەی ژەن)دا، لەکەی کۆنەپەرستانەی ژن بە سووک زانینیشی هەر لەپێناوی ئەو وشە ئاراییەدا نووساوە بەناوچاوی ئەم چوار خشتەکییەکی مەحوییەوە.) (١٠) . لەم شەرحە کورتەدا محەمەدی مەلا کەریم دوو بیانوو دەهێنێتەوە تا مەحوی لەم کارەساتی کۆنەپەرستییە ڕزگار بکات. یەکەمیان: وشەئارایی و هاوسەنگکردن. دووەمیان: کورتکردنەوەی لە تەنها چوارخشتەکییەک. محەمەدی مەلا کەریم دەیەوێت فێڵ لە خوێنەران بکات و ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە شاعیر لە ڕاستیدا کۆنەپەرست نییە و تەنها لەپێناو شیعر و هاوسەنگی وشە لەم چوارخشتەکییەدا ئەم گەمەیەی بە وشەکان کردووە. بەڕای من؛ محەمەدی مەلا کەریم کەخۆی پاشخانێکی مەعریفی پێشکەوتووخوازیی هەبوو، نەدەبوو خۆی بخستایە بەردەم ئەم ئیحراجییەی خوێنەران. بەڵام ئەم بیانووەی محەمەدی مەلا کەریم هێند بڕ ناکات تا خودی مەحوی ئەفسانەی ئەم بیانووە بەتاڵ دەکاتەوە.
منم وەک ئەو ضەعیفە، ئەم قەصیدە، ئەو گلە دەزوە
ئەمن کڕیاری ماهی ( لا مکان)، ئەو ماهی کەنعانە.(١١)


لەم دێڕەی سەرەوەدا محەمەدی مەلا کەریم و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس هەردووکیان لە شەرحی وشەی (ضعیفە) نووسویانە (ئافرەتی بێدەسەڵات). من ڕووی ڕەخنەم لە بنچینەدا لەوان نییە ئەوەندەی ڕووی ڕەخنەم لە مەحوی شاعیرە کە ژن لای ئەو زەعیف و بێدەسەڵاتە. ئەوە ڕاستە کۆمەڵگەی کوردەواری لەو سەردەمەدا ئاوا تەماشای ژنیان کردووە، بەڵام مەحوی وەک خوێندەوارێکی سەردەمەکەی تێڕوانینی بۆ بەهای ژن هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تێڕوانینی کەسێکی نەخوێندەوار.
شێخێ هەمەوەندێکی دەدا پەند و نەصیحەت
ئەو قوڕبەسەرەی دابووە بەر فەحش و فەضیحەت
خۆش هاتە جواب و وتی، تۆ حەقتە فەقەط من
قوططاعی طەریقم، نەکو قوططاعی طەریقەت (١٢)


مەحوی لەم چوارینەیەدا دوو پلار دەهاوێت. یەکەمیان ڕوو بە شێخە و وەکو قوططاعی طەریقەت یان جەردەی تەریقەت وێنای دەکات. دووەمیشیان ڕوو بە هۆزی هەمەوەندە. کاتێک وەکو قوططاعی طەریق یان ڕێگر دەیان ناسێنێت، شاعیر ئەم سیفەتەی بەسەر هەموو هۆزی هەمەوەنددا گشتاندووە. واتە هەمەوەندییەکانی کردووە بە ڕێگر و جەردە. ئەم گشتاندنە، بێبەها نیشاندانی هەمەوەندییەکانە.
ڕەشێ، بۆ کوشتنی، یەک ڕوورەشی بەدەستەوە بوو
بەدزیەوە وتی: فتوادە، ڕوخصەتم فەرموو
وتم: کە دەرئەکەوێ زوو کە ئەم غەزاکەرە تۆی
بەدەستی سەوز و سپی بوونەوەی جەماڵی ڕوو (١٣)


ئەم شیعرەی شاعیر هەر تەنها نمایشی ئاستی بەلاغە و توانای شیعریی مەحوی نییە، بەڵکو نمایشی فەتوایە دژ بە کوشتنی کەسێک کە بەلای مەحوییەوە ڕووڕەشە. ئەم فەتوایە دژ بە کەسێکە گەر بکوژرێت دەستی بکوژەکە(غەزاکەرەکە) سەوز و ڕووشی سپی دەبێت. سەرچاوەی فەتواکەی شاعیر شەریعەتی ئایینە و تاوانبار دیار نییە کە تاوانی چییە. لێرە نە دادگا و نە گەواهی و نە بەڵگە و نە سەلماندن لەئارادانین. ئەوەی هەیە کەسێک لەلایەن مەحوییەوە فەتوای تیرۆرکردنی دەردەچێت. ئەم دیمەنە هەمان دیمەنی تیرۆرکردنی (جەماڵ عیرفان و فەرەج فۆدە و عەبدولخالق مەعروف و ناهض حتر و طاهر جاووت و فەرهاد فەرەج و ..تاد)مان دێنێتەوە یاد. مەحوی بایی گەردیلەیەک هەستی ئینسانیی تێدا نابزوێت و بچووکترین حیساب بۆ بەهای مرۆیی ناکات، بەڵکو لەبری ئەوە تیرۆری جەستەیی وەک چەکێک لەبەرانبەر نەیارەکانی ئاینەکەی بەدەستەوە دەگرێت.


مەحوی دژایەتی هەندێک مەلا و شێخ و واعیزیشی کردووە، ئەویش لەبەرئەوەی بەپێی پێویست ڕێی ئایینان نەگرتووە، بەڵام هەرگیز دژایەتی دەسەڵاتی سیاسی و خەلافەتی نەکردووە. شاعیر بە ستایشکردنی دەسەڵات، هەم دەستگیرۆیی کراوە و هەمیش خانەقای لە شاری سلێمانی بەناوی (خانەقای مەحوی) بۆ کراوەتەوە. ئەم نزیکایەتییەی مەحوی بۆ دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی و بەیعەتدانی بە خەلیفە، نیشاندانی بێدەنگی و ڕازیبوونە بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی و ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە مرۆڤایەتی ئەنجامی داوە. جگە لەمانەش ئینسان لای شاعیر هەر بۆ ئیتاعەی دەسەڵات و خواپەرستی دروستکراوە، بۆیە ئەو ئینسانە دروست نییە دڵخۆش و شاد بێت و پێبکەنێت، بەڵکو دەبێت بگری تا ڕەحمی خوای پێدەگات. شاعیر هێندە وشکپەرست و هۆگری گریان بووە، پێکەنینی بە مرۆڤ ڕەوا نەبینیوە. بێگومان ئەم داوایەی شاعیر پێچەوانەی سروشتی مرۆڤە.
لەگەڵ فەریاد و گریە حاضرە فەریادڕەسی (مەحوی)
(لیبکوا) ڕێ دەدا پیری تەریقەت طیفلی ساوا بێ.(١٤)


لەشیکردنەوەی بەهای مرۆڤ لای مەحوی، بچووکترین خاڵی پرشنگدار نابینین کە وەک فریادڕەسێک بتوانێت فریای شاعیر بکەوێت و لەدەرەوەی پۆلینبەندی (کۆنەپەرستی)، پۆلینی بکات. ئەم کۆنەپەرستییەی مەحوی هێندە تۆخە کە محەمەدی مەلا کەریم لە چەند جێگایەکی دیوانی مەحوی ناچار بووە و ڕووی ڕەخنە لە شاعیر بکات و ئەو ڕاستییە بدرکێنێت.(١٥)


سەرەنجام مەحوی شاعیر؛ پشتیوانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و خەلافەتی عوسمانی بووە و بیرکردنەوەی نێو شیعرە کوردییەکانی (١٦) چەند فرسەخ دوورن لە بەها و ئەندێشەی ئینسانیی. هەربۆیە جگە لە سووکایەتی بە خۆی وەک ئینسان، دژایەتی میللەتان و کارەکتەرەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتی و تەنانەت ئاژەڵەکانیشی کردووە و بە شان و باڵی سوڵتان عەبدولحەمیدی خوێنمژی عوسمانی و حەمەعەلی شای قاجاری هەڵدەداوە. شاعیر (هەستێکی قەدەرییانەی پاشکەوتووش لە بیریدا بەدی دەکرێ کە ئینکاری هەموو هۆیەک دەکا لە ژیاندا و ئینسان دەکا بە پۆشەیەک بەدەم بای قەدەرەوە. ئەمە جگە لەوەی زۆرێک وشەی قاموسی وای بەکارهێناوە لە جیهانی ئەدەبی فارسی نەک ئەمڕۆ؛ بەڵکو لە سەردەمی مەحوی خۆشیدا بە وشەی مردوو و لەکارکەوتوو دادەنرێن. هەروەها شیعرە فارسییەکانی هەر دووبارەکردنەوەی شیعرە کوردییەکانی خۆین.)(١٧) مەحوی ئینسانەکانی دەرەوەی بازنەی باوەڕی ئیسلام بە بێبەها بینیوە. ژن لای ئەم شاعیرە کلاسیکە متەسەوفە کە ئەدەبی کوردی شانازی پێوە دەکات، بێبەها و بەسووک تەماشاکراوە و هەروەها شاعیر چەکی فەتوای بەکار‌هێناوە و ڕێگەی داوە لەژێر سێبەری فەتواکەی کردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت. بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە مەحوی شاعیر هەڵگری بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەیە و پیرۆزکردنی ئەم شاعیرە و شیعرەکانی، پیرۆزکردنی کۆنەپەرستییە و بەهای مرۆڤ لە جیهانبینی ئەم شاعیرە کلاسیکییە متەسەوفەی کورد، لەئاستێکی زۆر لەخوارە!

______________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١) کەمال مەزهەر ئەحمەد، چینی کرێکاری عێراق دروستبوون و سەرەتای بزووتنەوەکەی، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە فوئاد مەجید میسری، لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن، چاپی دووەم، ٢٠١٩، لاپەڕە ٩.
(٢) و (٣) و (٤) و (٥) و (٦) و (٧) محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕەکانی ٤٤٧ و شەش و ٢٤٥ و ٢٥ و ٤٥٧ و ٣٤٧.
(٨) هەجوو لە شیعری کلاسیکی کوردی، وەک باقی شیعری کلاسیکی میللەتانی تر ڕێگە پێدراوە و شەقڵێکی شیعرییە و قسەیەک لەو بارەوە نییە. بەڵام کاتێک هەجووکە دەگۆڕێت بۆ سووکایەتی و بێبەهاکردنی ئینسان لە هەناوی ڕابردوویەکی دوور ( چەند هەزار ساڵ بەر لە نووسینی دەقەکە) ئەوکات ئەو شەقڵە شیعرییە مانای سەردەمییانەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ ڕق و کینەی بێمانا.
(٩)و (١٠) و (١١) و (١٢) و (١٣) و (١٤) محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕەکانی ٣٥٨ و ٣٥٨ و ٤٥٥ و ٣٣ و٥٧٠ و ٢٩٦.
(١٥) لێرەدا خوێنەر دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ دیوانی مەحوی بەتایبەتی لاپەڕەکانی بیست و شەش و بیست و حەوت. محەمەدی مەلا کەریم ڕاشکاوانە ڕەخنە لە شاعیر دەگرێت بەوەی کە تێنەگەیشتووە و نەیتوانیوە دوژمنی ڕاستەقینەی گەلەکەی و هۆی کڵۆڵی و پاشکەوتوویی کۆمەڵ و ڕزیوی و گەندەڵیی سیستێمی کۆمەڵایەتی بناسێتەوە.
(١٦) ئەم لێکۆڵینەوەیە تایبەتە بە شیعرە کوردییەکانی مەحوی، بەهیچ شێوەیەک لای لە شیعرە عەرەبی و فارسییەکانی مەحوی نەکردۆتەوە.
(١٧) محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕە سی و یەک.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک