په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢٥

بەشداریی ژنانی شاعیر

لە خەباتی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا!

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پێشوتن.


خەبات بۆ وەستانەوە دژ بە فەلاکەتباری ژیان و کاری ژنان لەنێو بزووتنەوەی کرێکاریی کەنەدا بە سەرەتایەکی زەحمەت و پڕ لە کێشە و گرفت دەستی پێکرد. ژنان لەو هەلومەرجە نائینسانییەدا کە سەرمایەداری بەسەریاندا فەرزی کردبوو، دووجار دەچەوسێنرانەوە، جارێک و وەکو کرێکار و جارێکی تریش وەکو ژن. دۆخی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی کرێکاران و ئاگایی سیاسی و چینایەتی ئەو بزووتنەوەیە لە کۆتایی نیوەی یەکەم و سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لەئاستێکی نزم دابوو بەجۆرێک کە ژنان زۆرجار جگە لە سەرمایەداران و بۆرژوازی دەکەوتنە بەر ڕق و نەفرەتی پیاوانی کرێکار و هاوچارەنووسەکانیشیان. حیزبە سیاسییەکان و نەقابە و یەکێتییە کرێکارییەکان و خەباتگێڕە سۆشیالیست و مارکسیستەکانی کۆمەڵگەی کەنەدا لەو قۆناغەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێ ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بوونەوە و تا ئاستێکی باشیش توانیان دەستکەوتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گرنگ بەدەست بهێنن و فەرزی بکەن بەسەر بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کەنەدا. لەنێو بزووتنەوەی کرێکارانی کەنەدا، خەبات و تێکٶشانی ژنانی کرێکار لەململانێی نێوان کۆمپانیاکانی جەنەڕاڵ مۆتۆڕ و فۆرد و کرایسلەر لەلایەک و نەقابەکانی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا (١) لەلایەکی تر، لێوانلێوە لە فیداکاری و قوربانیدان لەپێناو مافە ڕەواکانیان. ژنانی کرێکار جگە لەوەی لەسەنگەری کارکردن و ڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ سەرمایەداران شانبەشانی پیاوانی کرێکار لەڕیزەکانی پێشەوەدا بوونە، لەهەمان کاتدا لەمەیدانی ئەدەبیشدا بەتایبەتی لەمەیدانی شیعر توانیویانە بوونی خۆیان بسەلمێنن و بەشیعر بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان بکەن و بەشداری ئەو خەباتە چینایەتییە مەزنە بکەن. ئان بەیڵی و مەی پارتریچ و چەندین شاعیری تر (٢) لەو شاعیرە کرێکارییانەن کە شیعریان وەکو چەکێک دژ بە ستەمی سەرمایەداری و کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕ بەکارهێناوە. ژنانی کرێکار لەو قۆناغەدا (کۆتایی نیوەی یەکەم و سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو) دووچاری گەلێ ستەم بوونەتەوە لەوانە کرێی کەمتر لە پیاوان، مەسەلەی هاوسەرگیری و منداڵبوون، نەبوونی بیمە و زەمانەتی کار، نالەباری بیمەی تەندروستی، پشوو و چوونە سەرئاو، پرسی سینیۆریتی (٣) و دابینکردنی پێداویستییەکانی کارکردن( دەستکیش بە نموونە) تا دەگات بە گرفتی ڕێکخراوبوون لە یەکێتیی و نەقابە کرێکارییەکان. ژنانی کرێکار لە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی کەنەدا سەرباری گرفتەکانیان، بەڵام توانیان مێژوویەکی گەش و پرشنگدار بۆ خۆیان تۆمار بکەن و دەستکەوتە چینایەتییەکانیان ببێتە مایەی سبەینێیەکی باشتر بۆ نەوەکانیان.

شیعر و ململانێی چینایەتی.


کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕ لە کەنەدا لە ساڵی ١٩٦٣ کۆمەڵێ بڕیاری دژە کرێکاریی دەردەکات سەبارەت بە گواستنەوەی چەند بەشێک لە کۆمپانیاکە لەشاری (ویندزۆر)ەوە بۆ مەڵبەندی مەککینۆنی پیشەسازی لەشاری ( سەین کاترین) و هەورەها گواستنەوەی بەشێکیش لە مەکینۆنەوە بۆ شاری لەندەنی ئۆنتاریۆ. جگەلەمەش کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕ بەشی دروستکردنی گێڕ دەگوازێتەوە بۆ ۆڵکەرڤیڵ و ڕاشیگەیاند کۆمپانیا لەناوچەی ویندزۆر بەشێکی نوێی بڕین دادەمەزرێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و تەنانەت داخستنی بەشی دوورین لە ئۆشاوا. کاتێک ناڕەزایەتی کرێکاران دژ بەم سیاسەتەی کۆمپانیا دەست پێدەکات، کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕ نوێنەرانی نەقابەی کرێکاران دڵنیا دەکاتەوە کە ئەم ئاڵوگۆڕ و گواستنەوانە بەهیچ جۆرێک کاریگەری لەسەر کرێکارانی پیاو دانانێت. هەرواش بوو کاریگەرییەکە تەنها ژنانی کرێکاری گرتەوە و نزیکەی ٤٠٠ ژنی کرێکار کەوتنە دۆخی مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان. لەم هەلومەرجەدا مەی پارتریجی ژنە کرێکاری شاعیر و بەرپرسی کۆمیتەی کرێکارانی ژنان لە ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی کەنەدا لەساڵی ١٩٦٧ شیعرێک بەناوی ( کۆتایی کەنەفتی "٣٢") دەنووسێت و لە ڕۆژنامەی( ئۆشاوا ۆرکەر)(٤) بڵاوی دەکاتەوە، کە بەمجۆرە ڕاز و نیگەرانی ژنانی کرێکار وێنا دەکات:
هاوبەشی خەمەکانی یەکدی دەبووین
کاتێ لەکار دووا دەکەوتین
بەڵام لەکۆتایی وەرزدا
لە وەختی خۆی تەواو دەبووین.
هاوبەشی تێگەیشتنی یەکدیمان دەکرد
کە سکاڵامان لە بەختی خۆمان دەکرد
بەڵام ژنبوون تاکە تایبەتمەندییەکمان بوو
تاکە شتێکیشە هەمان بێت.(٥)

کۆمپانیا لەهەمبەر خولقاندنی ئەم دۆخە دژوارە بۆ ژنانی کرێکار لەوپەڕی دەست ئاوەڵایی دابوو، چونکە یاسای پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی کەنەدیی، خەڵکی کەنەدیی دەپاراست لەهەر هەڵاواردنێک لەسەر بنچینەی نەتەوە و ئایین و ڕەنگیپێست، بەڵام جێندری تیا نەبوو. بۆیە پایەیەکی خەباتی کرێکارانی ئەو قۆناغەی بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدا چەسپکردنی پاراستنی مافی یەکسانی جێندەر بوو لەو یاسایەدا. جەنەڕاڵ مۆتۆڕ ‌هێندە دژە ئینسانیی بوو تەنانەت ژنێک دادەمەزرێنن کە نەیان دەزانی دووگیانە و سکەکەی سێ مانگانە. کاتێک هاتە ئانوساتی منداڵبوون و کرێکارەکە چووە خەستەخانە، کۆمپانیا ئەو کرێکارەی دەرکرد.
یاساکان تێپەڕێنران و پەسندکران
لەلایەن ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی ناوی جەنەڕاڵ مۆتۆڕە
تێکۆشانمان دوورە لەوەی کۆتایی بێ
هەتا پیاوان وشیار دەکەین
دەزانین ڕێگەی ئێمە جیاوازە
لەم سۆنگەیەوە هاوڕاین کەوا
ئێمە دوای ئازادی ناکەین
تەنها یەکسانیمان دەوێ.(٦)


شاعیر لە شیعرەیدا بەڕوونی باس لە نیگەرانی گرفتی جێندەر دەکات. سکاڵای شاعیر هەم وەک کرێکارێک و هەم وەک ژنێک لەشیعرەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. دیارە گرفتی ژنبوون لە کۆمەڵگەی کەنەدا تا ئەم دەیانەی دواییش هەر هەبووە و ڕەنگە ئێستاش لەم گۆشە و ئەو گۆشە هەبن. ئەوەی کۆمپانیا لە ژنانی کرێکاری دەویست تا بڵێی نائینسانانە بوو. وەکو کرێی کەمتر لە پیاوان و منداڵ نەخستنەوە و شان خاڵیکردن لە بەرپرسیارێتی خانەوادە. بۆیە دروشمی (یەکسانی) یەکێک بووە لە دروشمە هەرە بەرجەستەکانی خەباتی ژنانی کرێکار لەو قۆناغە دیاریکراوەی ژیانی بزووتنەوەی کرێکاری. ئان بەیڵی ژنە شاعیری کرێکاریی بۆ گەیشتن بە مافەکانیان باس لە لێکهەڵپێکرانی خەباتی ژنان و پیاوان دەکات و بەرگری لە کۆمیتەی ژنان دەکات و خەباتەکەی دەکات.
دەتەوێ بزانی چی دەکەین و بەنیازی چین
هەوڵ دەدەین بەچاوی هیچ کەسێکی تر نەبینین
بۆ مافەکانی ژنان هاتووینەتە مەیدان
تا کێشەکانیان بخەینە بەرباس و دووان
نابێ لەوەزیاتر دەستەوەستان بین
وا هەست بکەین
ئێمەی ژن هیچمان پێناکرێ
توانای کارکردن و ڕاسان
شانبەشانی هاوڕێی کرێکاری پیاوین
ئێمە خوازیاری یەکسانین
ڕەنگە تێبگەی ئەگەر هەردوو پێکەوە بین
چەند گونجاوین.(٧)

ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٦٧ کۆمپانیا تا دەهات فشارەکانی لەسەر کرێکارانی ژن زیاتر دەکرد ئەویش بە کەمکردنەوە و دەرکردنی کرێکارانی ژنان لە بەشی دوورین، بۆیە مەی پارتریچ شیعرێک وەک نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕ ( مستەر ۆکەر) دەنێرێت. پاتریچ لەکۆتایی شیعرەکەیدا دەڵێت:
ئێمە هیچ لەخۆبایی نین پێمانوایە تەنها ئەوە مانادارە
ساڵی داهاتوو گەر کار بکەین دەمانەوێ بزانین لە کوێ کار دەکەین. (٨)

لەو ململانییەی نێوان کۆمپانیاکان و نەقابەی کرێکاران کە کرێکاران بەگشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەتی ببوونە ئامانج، ئەو ئاگاییە چینایەتییەی کە دەبوو لەئارادا بێت بەپێی پێویست نەبوو. مەی پارتریچی شاعیر دەڵێت( ئێمە لەوێ بووین و پیاوانی کرێکاریش هیچیان لەدەست نەهات. جا پێیان خۆش بێت یان نا ئێمە دەبوو دژ بەو بڕیارانە بوەستینەوە.) (٩) ژنانی کرێکار لە کۆبوونەوەی یەکێتیی کرێکاران بەشدار دەبوون و بەتووڕەییەوە دەیان پرسی چەند کرێکاری ژن لەکار دەرکراون یان دەردەکرین؟ ژنێک لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان شیعرێک دەنووسێت و بەمجۆرە گوزارشت لە دۆخی شڵەژاوی خۆیان دەکات:
ئێمە چاوڕەوانی بەفەرمی ناسینین وا چاکترە زوو بێتەدی
هەست دەکەم زۆر تەنیاترم لەو پیاوەی وا پێیەکانی نایە سەر مانگ
ڕۆژنامەنووسەکانت هەموو ناوازەن شتێک دەبێت لەبیر بێت
من وەکو ژن پۆلینکراوم، بەڵام ئەندامی نەقابەم.(١٠)


سەرباری ئەوەی نەقابەی کرێکاران ڕای دەگەیاند کە ڕێکخراوەکەیان جێگەی ژنانی کرێکارە و ژنان دەتوانن پێشڕەوی تیا بنوێنن و خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەر، بەڵام ژنانی کرێکار رێکخراوەکەیان وەکو ڕێکخراوێکی پیاوانی کرێکار دەبینی. ئەم گرفتە کە گرفتێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی بوو پەیوەندی بە ئاگایی چینایەتییەوە هەبوو. وشیاری سیاسی کرێکاران بەگشتی لەئاستی پێویستدا نەبوو و هەر ئەمەش وایکردبوو بۆرژوازی و سەرمایەداران بتوانن لەژێر ناوی جێندەر ( ژنان و پیاوان)، واتە ڕیزی کۆمەڵاتی کرێکاران پچڕ پچڕ بکەن و لاوازیان بکەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت کە ئاگایی سیاسی چینایەتی لەو خەباتەدا ئامادەیی نەبووە.
ئێمە کۆمیتەیەکمان هەڵبژارد
تەنها و تەنها بۆ یەک ئامانج
تا گرێبەست یەکسان بکا
بەو ڕێگاچارانەی دەیدۆزینەوە
لە تەواوی ڕۆژنامەکان
هەندێک بەپشت گوێخستنی پیاوان
کۆتایی بە هەنگاوی ڕزگاری ژنان دێنن
ئەمەش خواست و ئامانجی نییە.
تا ئەو کاتەی پیاوان وشیار دەکەینەوە
دەزانین کە دزاینی ئێمەی ژنان جودایە
لەم ڕوانگەوە هەموو کۆکین لەسەر ئەوەی
ئێمەی ژنان بەدوای ئازادیدا وێڵ نین
تەنها یەکسانیمان دەوێت.(١١)


مەسەلەی یەکسانی جێندەر لەو قۆناغە مێژووییە لە خەباتی ژنانی کرێکار لە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی کەنەدا، مەسەلەیەکی گرنگ و هەستیار بووە و شیعریش ئامرازێکی خەباتکارانە بووە کە ژنانی کرێکاری هەڵسوڕاو و شاعیر دەستیان بۆ بردوە و دژ بە چەوسانەوەی سەرمایەداران بەکاریان هێناوە.

دوا قسە.


ژنانی شاعیر و کرێکار لە نەقابەی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا لە لە کۆتایی نیوەی یەکەم و سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، تێکۆشاون لەپێناو مافە ڕەواکانیان و بەشیعر گوزارشتیان لەو خەباتە چینایەتییەی کرێکاران کردووە. شاعیرانی وەک مەی پارتریچ و ئان بەیڵی و شاعیرانی تر شانبەشانی هەڵسوڕاوانی کرێکاران، کەلەنێو مێژووی خەباتی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا هەڵسوڕاو بوونە و لەڕێگەی شیعرەوە توانیویانە جوانترین شانازیان بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. بەشداری ژنانی شاعیر لەو خەباتە بەشدارییەکی چینایەتی بووە و شیعریش ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی خەباتکارانەی خۆی گێڕاوە و بووتە ئاوێنەی باڵانومای ئەو خەباتە پڕ لە سەروەرییەی ژنانی کرێکار.
____________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
(١) نەقابەی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا (Canadian Auto Worker)؛ یەکێک بوو لە گەورەترین سەندیکاکانی کرێکارانی کەنەدا، بەڵام لەگەڵ نەقابەی پەیوەندییەکان و نەقابەی وزە و کرێکارانی کاغەزی کەنەدا یەکیان گرت و لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێتیی نەقابەکانی(یونیفۆر)یان پێکهێنا. ئەم نەقابەیەلە سەرەتادا لە کارگەکانی ئۆتۆمبێل لە ئۆنتاریۆ لەساڵی ١٩٣٧ دامەزراوە، جۆرج بیرت لە ١٩٣٩ تا ١٩٦٨ واتە بۆ ماوەی ٢٩ ساڵ، سەرۆکی ئەو نەقابەیە بوو. ئەم نەقابەیە کرێکارانی کۆمپانیاکانی جەنەڕاڵ مۆتۆڕ و فۆرد و کرایسلەر لەخۆ دەگرت. دوای چەندین ئاڵوگۆڕ ئەم نەقابەیە ئێستاش لە زۆرێک لە کەرتەکانی ئابووریدا نوێنەرایەتی کرێکارانی کەنەدا دەکات.
(٢) بەداخەوە نەتوانرا زانیاری لەسەر ژیانی ئەو ژنە شاعیرە کرێکارانەی کە بەشیعر گوزارشتیان لە خەباتی خۆیان کردووە و ناویان لەم نووسینەدا هاتووە، بەردەست بخەین. لەلایەکی تریشەوە بەگوێرەی سەرچاوەکان زیاتر لە بیست و پێنج هەڵسوڕاوی ژنانی کرێکار لێبراوانە تێکۆشاون لەپێناو بەرگریکردن لە ئینسانییەتی ژنان و پیاوانی کرێکار و مافەکانیان.
(٣) بەپێی فەرهەنگی ئازادی وشەی سینیۆریتی بەمانای تەمەن گەورەتری یان سەرەکێتی یان باڵاتری یان لەپێشتربوون دێت. من ئەم ڕاڤانەم بە گەنجاو نەزانی و هەر وشەی سنیۆریتیم وەکو خۆی دانایەوە.
(٤) ڕۆژنامەی ئۆشاوا ۆرکەر(Oshawa Worker Newspaper)؛ ڕۆژنامەیەکی کرێکاریی بوو و پاشان بوو بە گۆڤار لەلایەن لیژنەی ڕۆشنبیری نەقابەی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیی کەنەدا لۆکاڵی ٢٢٢ ەوە، دوو مانگ جارێک بەچوار لاپەڕەی قەبارە گەورە بڵاودەکرایەوە. ولیەم نۆبڵ لەدەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو سەرنووسەری چەندین ژمارەی ڕۆژنامەی ئۆشاوا ۆرکەر بووە. پاشان ڕۆژنامەکە دەبێت بە گۆڤار.
(٥)Labour’s Dilemma, The gender Politics of Auto Workers in Canada 1937 – 1979, Pamela Sugiman, University of Toronto Canada, 1997, page 138 and 139.
(٦) هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕەکانی لاپەڕە ٢٠١ و ٢٠٢.
(٧) هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە لاپەڕەکانی ٢٠٢ و ٢٠٣.
(٨) هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٤١.
(٩) هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە لاپەڕە ١٥٥.
(١٠) بەداخەوە ناوی شاعیرەکە تۆمار نەکراوە. هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە لاپەڕە ١٥٥.
(١١)Labour’s Dilemma, The gender Politics of Auto Workers in Canada 1937 – 1979, Pamela Sugiman, University of Toronto Canada, 1997, page 200 and 202.

 

سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک