٢٨\١\٢٠١٧
بچووکبوونەوەی
ئەدۆنیس و گەورەبوونی سەرۆک.
یوسف عیزەدین
''دیموکراسییەت چانسی
ئەوەت دەداتێ، ببیتە کۆیلەی ئەو کەسەی بۆ خۆت ھەڵیدەبژێری''.
(کاڕڵ کراوس).
کردەیەکی ئاساییە نەک ھەر ئەدۆنیس-ێکی گەورەکراو، بەڵکو ھەر بابایەک،
ئەگەر نەناسراو و کردە نادیار و کەم فەرھەنگ و خاوەنی ھیچ بەرھەم و
عیلم و عیرفانێکی بەرچاویش نەبێت، لیژنەیەکی ھەواداری لەبەر ھەر ھۆکار
و مەسەلەیەک خەڵاتی پێببەخشن. ئەگەر بەخشینی ئەو خەڵاتەش بۆ خۆی ببێتە
مایەی سەیر و سەمەرەیی، وەک بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی ٢٠١٦
بە "پۆپ دیلان"ی سترانبێژ و گیتارژەن. باشە کەحاڵ و مەسەلە وایە، ئەدی
بۆ بەخشینی خەڵاتی ئاشتی (ئیریش ماریا
ریمارک) لە بەرواری ١٩ فێبرایری
٢٠١٦ بە ئەدۆنیس، ھەر پێشوەخت و پێش بەخشینەکەیی و دواتریش
زۆرترین مشت و مڕ و ناڕەزایی لێکەوتەوە؟ ھەر لە لێکۆڵەر و نووسەر
"نافید کرمانی"یەوە کەپێشتر ئەو خەڵاتەی پێبەخشرابوو، ناقایل بوونی خۆی
بەخوێندنەوەی وتارێک لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئەدۆنیس-دا
ڕاگەیاند و تا کار گەیشتە وەرگێڕی سەرجەم بەرھەمەکانی ئەدۆنیس بۆ
ئەڵمانی، "شتیڤان ڤایدنەر" سەبارەت بە ئەدۆنیس-ێک کەساڵانێکی لە تەمەنی
خۆی بۆ وەرگێڕانی کارەکانی تەرخانکردووە، بڵێت: "پێم وا نییە ئەدۆنیس
بگاتە ئاست وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی، چونکە ئەو ھەڵوێستەکانی ناسراوە بە
وروژاندنی...".**
لەلایەکی ترەوەو ھەر لەسەرەتاوە خاتوو (جۆزیبینا
ماریا نیکولینی) سەرۆک شارەوانی دوورگەی
(لامبیدۆزا)
ئامادەنەبوونی خۆی دەربڕی، بە وەرنەگرتنی ئەو خەڵاتەی ھاوکات بەویش
دەدرێت، ئەگەر لەتەک ئەدۆنیس-دا بێت. ئەمە جگە لەو ھەموو وتار و نوسین
و دژایەتی و ڕێگریانەی کە ھۆکارە سەرەکییەکەی بەدەر لە ھەموو شتێکی
دیکە، لە نامەکەی ئەدۆنیس-وە بۆ سەرۆکی سوریا سەرچاوەی گرتبوو.**
ئەدۆنیس پێش ئەوەی لە بەرواری ٢٨یئۆگستۆس-ی٢٠١١دا خەڵاتی گۆتە-ی
پێبەخشرێت، بەپەلەپروزێ و لە نامەیەکی کاڵ و کرچی خاڵیی لەو بەھایانەی
کە خۆی ساڵانێک باسی لێوەکردبوو، بە مەبەستی قۆزتنەوەی ھەلەکە و
سواربوونی شەپۆلەکان و زیادبوونی شوھرەت و سەرکەوتن بە پێپلیکانەکانی
خەڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، ھات و خۆی تێکەڵ بە دنیای گەمە سامناکەکان کرد.
ئیدی ئەو پیاوەی کەسانێک دەمیان لە حزوریدا تەتەڵەی دەکرد و بە شەوق و
تاسە و جدییەتەوە گوێبیستی ھۆنراوەکانی دەبوون. نازانم چی بەو کەسانە
دەڵێن؟ لە ئێستادا بە کەمێک تەوس و جار جارە بزە و گاڵتەجاڕییەوە
نامەکەی ئەدۆنیس دەخوێننەوە!
نامەکەی "ئەدۆنیس" بەسەیدولڕەئیس دەست پێدەکات و بە حیکایەتی
دیموکراسییەت بۆ سەرۆک داخڵ بە نامەکەی دەبێت و دەڵێت: "دیموکراسییەت
لە سوریادا، تەنھا پاش خەباتێکی درێژخایەن دێتەدی، بە پێی شەرت و
شەرایت و پرەنسیپگەلێک، دەبێت دابمەزرێت.. ئەمەش ھەر لەمڕۆوە، نەک لە
سبەینێوە".
لە کاتێکدا وەک کاڕڵ کراوس دەڵێت: "دیموکراسییەت چانسی ئەوەت دەداتێ
ببیتە کۆیلەی ئەو کەسەی بۆ خۆت ھەڵیدەبژێری" و ئەمە لە لایەکەوە و لە
لایەکی دیکەشەوە ئەگەر دیموکراسییەت چارەسەر و شتێکی باشیش بێت،
ئەدۆنیس لە کەیدا و بۆ کێی باس دەکات؟!
لە بەشی ٢-ی نامەکەیدا داوا لە سەرۆکی (بە
قەولی خۆی ھەڵبژێردراوی) سوریا دەکات، ھەر
لە سەرەتاوە بەر بە ناڕەزایی خەڵک بگرێت، ئەویش بەوەی کۆمەڵگە لە ڕووی
کلتووری و سیاسییەوە لە زەمەنی ئاسمانی و ئیلاھییەوە بھێنێتەوە بۆ
زەمەن و زەمینی مرۆڤانە. ئەمە لە کاتێکدا جەنگ و ئاشوب و ململانێی
خوێناویی و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی و ئیعتیسامەکان، لەسەر زەمین و لە
زەمەنی مرۆڤانەدا ڕوودەدەن! ئەو سەرۆکەی ئەویش موخاتەبەی دەکات، دواجار
خوێندکارێکی مەدرەسەکەی میشێل عەفلەق-ە و باوەڕی بە ئایدۆلۆژیایەکی
ئیمانیی ھەیە، نەک ئیمانێکی لاھوتی و ئیلاھی و ئاسمانی، ھەر بۆیە لە
کتێبی (فی سبیل البعث)دا
(عەفلەق) دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت
ئەوانەی ئێمەیان قبووڵە و کاریش دەکەنە سەر ئەوانەی تر، تەنھا بە
بیستنی دەنگمان و تەماشاکردنی جووڵە ئاساییەکان و ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان
بکەونەگەڕ. دەمانەوێت بزانین کێن ئەوانەی بە غەریزە وەدوومان دەکەون...
بە بێ ئەوەی پێویستمان بە بەڵگەھێنانەوە و زانست و سەلماندن و ژمارەکان
بێت...".
چۆن دەبێت، ئەدۆنیس-ێکی دەرچووی فەلسەفە و تەماشاچی دوو سەدە، لەوە
حاڵی نەبووبێت، سەرۆک تەنھا پێویستی بە وەلائی کوێرانە و ئیمانی
ئایدۆلۆژی و کەسە گەوجەکانە و وەک خودی میشێل عەفلەق ئاماژەی پێداوە:
"ئیمان پێش مەعریفەیە"، واتە ئیمان بە عروبە و بەعسیزم، نەک ئیمانی
ئاسمانی و لاھوتی.
لە ھەمان بەشدا ئەدۆنیس ئاماژە بەوە دەکات، ھەر لە سەرەتاکانی دەوڵەتی
ئیسلامییەوە بیرمەند و شاعیرانێکی عەرەب ھەبوون، ویستویانە بە تەواویی
ئایین و دەوڵەت لێک جودا بکەنەوە؟!
لە بەشی ٣-دا پاش ئەوەی (سەیدولڕەئیس) دووبارە دەکاتەوە، دەڵێت:
"دامەزراندنی دیموکراسییەت بە جیاکردنەوەی تەواوی نێوان ھەموو شتێکی
ئایینی لە لایەک و لە لایەکی تریش ھەموو شتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و
ڕۆشنبیرییەکان دەبێت... ئەمەش ئەوە بوو (حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی)
نەیکرد، وەک چاوەڕوان دەکرا لێی...".
دیارە ئەدۆنیس چاوەڕێی زۆر شتی ئیجابیی لە حیزبەکەی سەرۆک کردوە و لە
میانی نامەکەیدا دەگەیتە ئەو ڕاستییەی ھێشتاکە ھەر بەتەمایە.
ماوەتەوە بڵێین، بەر لەوەی ئەدۆنیس خەڵاتەکەی وەربگرێت، بەر لە دوو
ھەفتە، گۆڤاری (دێر شبێگلڕ) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکرد و ئەنجامدەری
دیالۆگەکە توانی ئەدۆنیس لە گۆشەیەکی کوشندە-دا تەنگەتاو بکات، کاتێک
بە ئەدۆنیس-ی گوت: "بەڵام تۆ پاش ڕاپەڕینی گەلانی سوریا، بە چەند
مانگێک، نامەت بۆ ئەسەد ناردوە و بە شکۆمەندیی و ڕێزەوە وەسفی دەکەیت
کە ئەو سەرۆکی ھەڵبژێردراوی وڵات و گەلە، تۆ ئەو شەرعییەتەی پێدەبەخشیت
کە شایانی نییە".
______________________________
سەرچاوەکان:
*
www.aljazeera.net/news/cultureandart/2015/9/ %8A%D8%A9
**
www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=263205
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|