٢\١٠\٢٠١٣
بۆ بنبڕکردنی
تیرۆر پێویستە
کورد لە ناوچەکانی
جەلەولا و سەعدیە و عەفرین و سەرێکانی شەڕی تیرۆر بکا.

فوئاد زیندانی
تەقینەوەکانی هەولێر وانەیەکی تری خوێناویی
بوو بۆ ئێمەی کورد!
دوای یەک سەدە لەکوشتن و تیرۆرکردنی کوردان لەلایەن ووڵاتانی داگیرکەری
کوردستان کەلەئەنجامی پرۆسەیەکی داگیرکاری ووڵاتانی زلهێزی وەکو
بەریتانیا و فەڕەنسا هێڵی سنورە دەستکردەکانیان داڕشت و کوردستانیان
بەسەر چوار بەش دابەشکرد ، لەوساوە هەر ڕۆژێ بەجۆرێک کوردان لەناو
دەبەن . دوای خەباتێکی درێژخایەنی کوردان لەهەر چواربەشەکەی کوردستان و
هاتنەپێشەوەی کەشوهەوای سیاسی نوێ و ڕەخسانی دەرفەت و ڕاپەڕینی
جەماوەری کورد ، لەبەهاری ساڵی ١٩٩١ بەشێک لە کوردستانی باشور وەک
بەشێک لەکوردستانی مەزن ڕزگارکرا ، دواتر لە ١٩ ی مای ساڵی ١٩٩٢ یەکەم
هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و دواتریش حکومەت پێکهێنرا و
بارودۆخەکە بەهەموو لایەنە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانی تا ساڵی ٢٠٠٣ واتە
ساڵی ڕوخانی دیکتاتۆری عیڕاق بەمشێوەیە بەردەوامبوو ، دوای ڕووخانی
ڕژێمی سەدام و دروستبوونی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیڕاق و نووسنیەوەی
دەستوری نویی عیڕاق و دابینکردنی بوودجەی ساڵانە بۆ هەرێمی کوردستان و
دواتریش دەرهێنانی پەتڕۆڵ و هەناردەکردنی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەهەرێمی
کوردستانەوە ، هەرێم گەشانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیت لەبوارەکانی
ئاوەدانکردنەوە و باشتربوونی داهاتی تاک ،وە لەوەش گرنگتر سەقامگیری
باری ئاسایشی هەرێم ببوە جێگای سەرسوڕمانی زۆربەی چاودێران لە ووڵاتانی
جیهان ، تەنانەت ببوە ناسنامە بۆ جیاکردنەوەی هەرێم لەبەشەکەی تری
عیڕاق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم ، بەتایبەتی لەو شەش ساڵەی
دواییدا . زۆرجار ڕۆژنامەکانی جیهان لەبابەتەکانیاندا هەرێمی
کوردستانیان وەکو نموونەی سەقامگیری لەعیڕاق و ناوچەکە باسکردووە ، بۆ
نموونە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩/٩/٢٠١٣ ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەڵمانی (دی ڤێڵت)
بابەتێک لەنووسینی ڕۆژنامەنووس (تیرێزا برۆیەر) بڵاوکردۆتەوە ، تیاییدا
هاتووە هەرێمی کوردستان بەیەکێک لەشوێنە گەشتیاریەکان هەژماردەکرێ ،
لەبەشێکی تری بابەتەکە نووسەر ئاماژە بەپێشکەووتنەکان دەکات لەهەرێمی
کوردستان ، بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی بابەتەکەی لەسەر شاری هەولێر
تەرخانکردووە . بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە زمانی ئەڵمانی لینکی
بابەتەکە:
http://www.welt.de/print/wams/reise/article120484864/Jenseits-von-Bagdad.html
هەرێمی کوردستان بەگشتی شاری هەولێر بەتایبەتی شاری یارمەتی و بەزەیی و
ڕێزگرتن لەمرۆڤە ، مێژووی ئەو شارە پڕە لەسەروەری و هەڵوێست ، کاتێک
ڕژیمی بەعسی ٨ هەزار بارزانی ئەنفالکرد و هەڵەبجەی کیمیابارانکرد و
خەڵکی دەڤەرەکە و دەڤەرەکانی پشدەر و بادینانی ڕاگواست بۆ کۆمەڵگا
زۆرەملێکانی قوشتەپە ، کەورگۆسک، سێبیران، جدیدە .... ئامانجی ڕژێمی
بەعسی عیڕاق ئەوەبوو خەڵکەکە توشی مردنی هێواشببن ، بەڵام خەڵکی هەولێر
بەهەموو توانای خۆیان یارمەتی ئەو هەموو خەڵکە دەربەدەر و
ڕاگواستراوەوەیاندا ، جگەلەوەش سنوری ئیداری هەولێر زۆربەی کات کامپی
کوردانی بەشەکانی تری کوردستانی لیبووە کەتازەترینیان کامپی کەورگۆسک ،
باسترمە ، قوشتەپە ، دارەشەکرانە کە لەمانگی ئاب لەماوەی چەند هەفتەیەک
پێشوازی لە دەیان هەزار کۆچبەری کوردستانی ڕۆژئاواکرد . بەهۆی گەشەی
ئابووری و سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی شاری هەولێر زۆربەخێرای گەورەتر
بووە و هەزاران عەرەب بەناوی وەبەرهێنان و کارکردن و گەشتوگوزار
ڕوویانکردۆتە هەرێم لەهەولێر نیشتەجێبوونە ، خانوو دەکڕن و بەفەرمی
لەتاپۆ بەناویان دەکرێ ، ژمارەی هاووڵاتیانی عەرەب لەزیادبووندایە
ئەگەر وابڕوا دیمۆغرافیای هەولێر و شارەکانی تری هەرێم دەگۆڕدرێ یاخود
عەرەب دەبێتە پێکهاتەی سەرەکی لەو شارانەدا ، جگە لەوەش لەداهاتوو
دەبنە مەترسیدارترین هۆکار بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، ئەوەی
کەباسمکرد بۆتە هۆی دروستبوونی پرسیار لەلایەن تاکی کورد : بۆچی خەڵکی
کورد لەناوچەکانی سەعدیە و جەلەولا بەئاشکرا لەلایەن تیرۆریستان و
عەرەبە شۆڤێنیەکانی عیڕاق تیرۆر دەکرێن ناچاریان دەکەن خاکی خۆیان
جێبهێڵن ، ڕێژەی کوردان لە سەدا حەفتاوە بووە بەسەدا حەوت ، سەرباری
ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە چەندینجار داوایانکرد هێزی پێشمەرگە ئەو
ناوچانە بپارێزن ، بەڵام کەس ئاوڕی لێنەدانەوە ؟ لەناوچەکانی بەدرە و
جەسان و مەنەلی ڕێژەی دانیشتوانی کورد خەریکە دەبێتە سفر ، لەشاری
کەرکوک سیاسەتی بەعەرەبکردن و تەقینەوە بەردەوامە ، بۆچی خەڵکی ئەو
ناوچانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ناپارێزرێن و پشتگوێخراون ،
ئایا ئەوانە کورد نین ، ئایا ئەو ناوچانە کوردستانی نین ؟ تاکەی
چاوەڕێی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بکرێ ؟ بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی
کوردستان بیر لەدیاریکردنی سنوری ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان ناکاتەوە
و کاری بۆ ناکا ؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتەی کەهەیەتی نەک
هەرنەیتوانیەوە کوردانی ئەو ناوچانە و خاکی کوردستان لەو شوێنانە
بپارێزێ ، بەڵکو نەیتوانیوە ئاسایشی ئەو سێ پارێزگایەی هەرێم هەولێر ،
سلێمانی ، دهۆکیش گەرەنتی بکا ، ڕاستە وەکو پێشتر ئاماژەمپێکرد ئەو سێ
پاریزگایە بەبەروارد لەگەڵ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی
هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عیڕاق ئاسایش و ئارامی زیاتر بەرقەرارە ،
بەڵام من باسی گەرەنتی دەکەم ، ئایا تەنیا زیادکردنی بازگە و پشکنین و
کارمەند دەبنە هۆکاری دابینکردنی ئاسایش بەشێوەیەکی گەرەنتی بۆ هەرێمی
کوردستان ؟ وەڵامەکەی بێگوومان نەخێرە . چۆن دەتوانین ئاسایش و ئارامی
بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەین ؟ وەڵامەکەی ئەوەیە هێزی کوردی
پیویستە شەڕی تیرۆر و تیرۆریستان لە ناوچە سنوریەکانی جوگرافیای
کوردستان بکا ، ئەگەر بمانەێ دەستی تیرۆر نەگاتە ناو شارێکی وەکو شاری
هەولێر و شارەکانی تری کوردستان پێویستە لەناوچەکانی جەلەولا و
سەعدیەوە و حەمرین و تەلەعفەر تا دەگاتە سەرێکانی و عەفرین لەکوردستانی
ڕۆژئاوا هەموومان پێکەوە بەبێ جیاوازی شەڕ لەدژی ئەو تیرۆریستانە بکەین
. ڕەنگە خوێنەری ئەم بابەتە ئەو پرسیارە لەلای دروستببێ ، هەولێر چ
پەیوەندیەکی هەیە بە جەلەولا و سەعدیەوە و سەرێکانی و عەفرین و ...؟
بابەتی تیرۆر لەناوچەکەدا بابەتێکی گرێدراوی یەکترە و لەبازنەیەکی پڕ
لەکێشەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە پەرەی سەندووە ، کوردستانیش کەوتۆتە
ناو ئەو بازنە پڕ کێشەیە ، تیرۆریستان لەتونس، مەغریب ، لیبیا، سعودیە
، ئەردەن ، تورکیا ، ئەفغانستان ، داغستان ، ئازەربێجان ،.... دێن لە
باکوری سوریا کۆدەبنەوە قوڵای ئەو تیرۆریستانە سعودیە و قەتەڕ و
تورکیایە ، ئامانجی سەرەکی ئەو تیرۆریستانە شەڕکردن نیە لەگەڵ ئیسڕائیل
،یا لەدژی ڕژیمی بەعسی سوری دەسەڵاتدار ، بەڵکو ئامانجی سەرەکیان
شەڕکردنە لەدژی نەتەوەی کورد ، پلانی درێژخایەنی ئەو تیرۆریستانە
ئەوەیە بەناوی ئیسلام و جیهاد کوردان بکوژن و تەقینەوە لە شارە
کوردیەکان ئەنجامبدەن ئاسایش و ئارامی کوردستان تێکبدەن ، ئامانجیان
ئەوەیە هاوشێوەی سوریا عیڕاق و لوبنان بکەنە گۆڕەپان بۆخۆیان.
لە ٢٧/٩/٢٠١٣ شپیگل ئۆنلاین ئینتەرناشیناڵ بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە ،
لەبەشێکیدا تیرۆریستەکان باسی پلانی داهاتوویان دەکەن ، بۆ خوێندنەوەی
تەواوی بابەتەکە ئەوە لینیکی بابەتەکەیە:
http://www.spiegel.de/international/world/foreign-jihadists-in-syria-favor-liberal-transit-towns-over-front-a-910092.html
بێ گومان کوردستانێکی ئارام لەبەرژەوەندی
ئەواندا نیە ، پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نیە ،
بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم هەرچەند دوورەپەریزبێت لەشەڕکردن لەدژی
تیرۆریستان بەهیچ شێوەیەک خۆی نەخاتە ناو شەڕی سەپێنراو بەسەر
گەلەکەمان لە هەرێم و لە کوردستانی ڕۆژئاوا ، ئەوە بەو مانایە نایەت
کەتیرۆریستان چیتر هەرێمی کوردستان ناکەنە ئامانج ، بەپێچەوانە ئەو
پلانەی کەهەیانە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕدرێ ، تیرۆریستەکان
لەسوریا دوای ڕوخانی بەشارئەسەد ، هەموو قورسای خۆیان تەرخاندەکەن بۆ
کورد کوشتن لەڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر لەوێ سەرکەووتن بەدەستبێنن ئەوا
دواتر هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج ، ئەو پلانەش وەکو ئاماژەمپێکرد
بە پشتگیری و سەرپەرشتی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ لەژێر چەتری ئەمەریکا
و بلۆکی ناتۆ ئەنجامدەدرێ . ئەوەی جێگەی داخە سەرباری ئەو هەموو
تاوانەی گرووپە تیرۆریستەکان و شۆڤینی عەرەبی دژ بەگەلی کورد کەئەنجامی
دەدەن هێشتا لەهەرێمی کوردستان بۆ پەردەپۆشکردن و ڕووسپیکردنەوەی ئەو
تاوان و تاوانبارانە حیزبە ئیسلامیەکان پڕوپاگەندەی ئەوەدەکەن (خیلافەتی
ئیسلامی) دەگەڕێتەوە و حوکم دەکا !! گەلی کور خیلافەتی بۆ چیە ؟
تیرۆریستان کە گەلەکەمان تیرۆر دەکەن هۆکارەکەی ئەوە نیە گەلی کورد
موسڵمانی تێدانیە ، بەپێچەوانەوە زۆرینەی خەڵکی کورد موسڵمانە ، گەلی
عەرەب لەسەردەستی سەڵاحددین ئەیوبی کەکورد بووە بوون بەخاوەن ئەو
ناسنامەی کە ئێستا هەیانە ، ئەوەندەی مزگەوت لەشارە کوردیەکان هەیە
لەهیچ شارێکی عەرەبی و ئیسلامی ئەوەندە مزگەوتەی لێنیە ، کەچی بەرەی
نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام کە گرێدراوی رێکخراوی تیرۆریستی
ئەلقاعیدەن زۆر بەڕاشکاوانە لەکوردستانی ڕۆژئاوا ڕایدەگەیەنن کە کورد
موسڵمان نین بەڵکو کافرن ! گەلی کورد خیلافەتی ئیسلامی بۆچیە ئەگەر
کورد خاوەن کوردستان نەبێت ، خیلافەتێک بەئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و
تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبیل لەناو شارەکانی کوردستان و حەڵاڵکردنی ژنانی
کورد و سەربڕینی کوردان بەدەستی تیرۆریستان و بەپرۆسەی پاکتاوی نەژادی
و بەعەرەب کردنی کوردستان دروستببێ هەرنامانەوێ . زۆر لەمێژە خۆری
ئیسلامی سیاسی لەجیهاندا ئاوابووە ، ئەوەی کەبەناوی ئیسلامی سیاسی
ماوەتەوەش لەلایەن شمشێری سعودی و مانگی تاریکی تورکی وتاقمی فەتحوڵا
گوڵەنە و کەوای ڕەشی ئێران دەجوڵینرێ.
گەر بمانەوێ گەلەکەمان لە تیرۆری گرووپ و تاقمە تیرۆریستەکانی بەناو
ئیسلامی و عەرەبی بپارێزین ، پێوویستە لەکۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کە
چاوەڕێ دەکرێ ئەمساڵ لەهەولێر ببەسترێ ، کۆنگرە بڕیاری یەکلاکەرەوە
بدات ، ستراتیجیەتێکی هاوبەش دابڕیژرێ لەسەر چۆنیەتی بەرگریکردن لەخاکی
کوردستان و خەڵکی کورد ، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەرژەوەندی تەسکی
حیزبایەتی بەلاوەبنرێ ، کاربکرێ لەسەر دەستنیشانکردنی سنوری جوگرافی
کوردستان و چۆنیەتی بەرگریکردن لەو سنوورە.
fuadzindani@yahoo.de
|