په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٥

جەنگ و برتۆڵد برێخت

دوو ئایکۆنی سارد و گەرم.

نووسین و ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)


کەم نین ئەوانەی لە ژێر بیانووی جیاجیا دژایەتی شیعر و بەرهەمەکانی برتۆڵد برێختیان دەکرد و هەوڵیان دەدا لە بایەخی هونەریی و ئیستاتیکیی و هەڵوێستی بوێرانەی کەم بکەنەوە. ناسیونالیست و لیبڕاڵەکان ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرت کە مارکسییە و مارکسییەکانیش ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرت کە مارکسی نییە و هەندێکی تریش ڕەخنەی ئەوەیان ئاراستە دەکرد کە سیاسەت بەهرەکەی کوشتووە. بەڵام برێخت دوور لەو هەرا و زەنایە دەوەستا و پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەی بۆ دەکرد و وەک ئەوەی بڵێ ڕەخنەگران ئەو برێختەی ئێوە باسی دەکەن ئەوە من نیم. لەگەڵ ئەوەشدا دەیزانی ئەم ڕەخنانە نیشانەی ئەوەیە کە ڕەخنەگران بە جیددی برێخت دەخوێننەوە و جێگایەکی بەرزی هەیە لە ئارگیومینت و ڕەخنەکانیان. لەگەڵ ئەوەی برێخت تا دەهات هوشیارتر دەبۆوە و قووڵتر بیری دەکردەوە، زیاتر لە نەهامەتییەکانی کۆمەڵگە دەگەیشت و دەیزانی هۆکاری بنەڕەتی ئەم نایەکسانییەی ژیان چییە و دەبێ چ بکرێ تا ئەم نا یەکسانییە کۆتایی پێبێ. لەگەڵ دەرکەوتنی برێخت وەک نووسەرێکی بەهرەدار و بەتوانا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەوروپا، جەنگیش دێت لە دەرگای ژیانی کۆمەڵگە دەدات. برێخت کەوتۆتە سەردەمێکەوە کە جەنگ ڕەنگرێژی کردووە و مۆری خۆی بە هەموو شتێکی ژیانی مرۆڤەکانەوە ناوە. بۆیە لە بەرهەمە شیعریی و شانۆنامەکانیدا ئەو ڕەنگدانەوەیە بە تۆخی دەبینین. من لەم نووسینەمدا تەنها بەرهەمە شیعرییەکانی دەگرم و دەکۆشم بزانم برێخت و جەنگ چۆن وەک دوو ئایکۆن دژ بەیەک و بەرامبەر بەیەک دەوەستنەوە.


جەنگ وەک دیاردەیەکی نەگریس و شووم لەئەنجامی قەیرانی ئابووری لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەردەکەوێت و بەرپا دەبێت. تەواوی بەریەککەوتنە سیاسییەکان بەرئەنجامی بەریەککەوتنە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە چینایەتییەکانە. ئەوە پێداویستییە ئابوورییەکانە لە چەشنی فراوانترکردنەوەی سنووری جوگرافی هێزی کاری هەرزان و بەرهەمهێنانی کاڵا و پەیداکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکان چوارچێوەی شەڕەکان و مەودای نێوانیان و کورتی و درێژی جەنگەکان دیاری دەکەن. کەوابوو دەتوانین بڵێین جەنگ بریتییە لە بەرئەنجامی قەیرانی ئابووری. ئەوەی لە ژوورەکان و پشت پەردەکانەوە دەگوزەرێن جگە لەم ململانێیە ئابوورییانە هیچیتر نین. سەرکردە سیاسییەکان لە ڕاستیدا سەرکردە و نوێنەری بەرژەوەندی ئابووری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین. بەڵام جەنگ میللەتان یان گەلان هەڵی ناگیرسێنن، جەنگ جەنگی حکومەت و دەسەڵاتەکانە لەپێناو فراوانترکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری. جەنگی تەماح و هەڵپەی سوود و کەڵەکەی سەرمایەی بورژواکانە. ئەوانەی لە ژوورە دەست پێڕانەگەیشتووەکان و پشت پەردەکانەوە بڕیارەکان دەردەکەن ئەوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی ملیۆنان خەڵکی هەژار و دەستەنگ دەدەن، ئەوانن بڕیار دەدەن مەرگ بکەنە دیاری دەستیان بۆ خەڵکی ستەمدیدە.


کاتێ ئەوانەی سەرەوە دەربارەی جەنگ دەدوێن
سەرجەم خەڵک دەزانێ جەنگ بەڕێوەیە
ئەوانەی سەرەوە لە ژوورێک کۆدەبنەوە
ئەی مرۆڤی سەر شەقامەکە، ئەی ئینسانی خاکی
ماڵئاوایی لە هەموو هیواکانت بکە
حکومەتەکان واژووی پەیمانی دەست درێژی نەکردن دەکەن
ئەی پیاوی بچووک
تۆ وەسیەتەکەت ئامادە بکە.
(١).


برتۆڵد برێخت گەرچی لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا کەوتە نووسینی شیعریی نیشتمانیی، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩١٦وە وردە وردە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و بەتایبەتی کە لە ساڵی ١٩١٨ دەکرێتە سەرباز لە نەخۆشخانەی سەربازی لە شاری ئۆکسبۆرگ. کاریگەرییە تاڵ و ناخۆشەکانی ئەو ئەزموونە وا لەم شاعیرە دەکەن کە هەتا کۆتایی ژیانی ببێتە دوژمنێکی سەرسەختی جەنگ. ئەم لاوە بەدوای ئاڵوگۆڕ و گۆڕانەوە بوو. ئاڵوگۆڕ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی و گۆڕان لە جیهانبینی خەڵک و تێڕوانینی خۆی بۆ مەسەلە گرنگەکانی هونەر و ئەدەب. بۆیە بێ هۆ نییە کە لە ساڵی ١٩٢٢ لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا بەپێی قسەی ڕەخنەگری ئەڵمانی هێربێرت ئهێرینگ لەنێوان شەو و ڕۆژێکدا ڕووی ئەدەبی ئەڵمانی بگۆڕێت. (٢) ئۆجین برتۆڵد فریدریک برێختی شاعیر و شانۆنامەنووس و دەرهێنەری شانۆیی و مارکسیست لە ١٠ی شوباتی ساڵی ١٨٩٨ لە ئۆکسبۆرگ –باڤاریا لە وڵاتی ئەڵمانیا لە بنەماڵەیەکی مەسیحی لە دایک بووە. تەمەنی چواردە ساڵان بوو کە جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات. لەتەمەنی حەڤدە ساڵی دەچێتە زانکۆی میونیخ بۆ خوێندنی دراما. لە حوزەیرانی ساڵی ١٩١٦ وە وتارەکانی برێخت لە ڕۆژنامەکان بڵاو دەبنەوە. لە پایزی ساڵی ١٩١٨ دەیکەنە سەرباز. ساڵی ١٩١٩ لەگەڵ پاوڵە بانهۆلزەری هاوڕێی کچی کورێکیان دەبێ بەناوی فرانک. ساڵی ١٩٢٢ جگە لەوەی سەرنجی ڕەخنەگران بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ خەڵاتی کلایسیت لەسەر یەکێک لە کارە شانۆییەکانی وەردەگرێت. ساڵی ١٩٢٧ یەکەمین کۆشیعری برێخت بڵاو دەبێتەوە کە سەلیقەی نووسین و توانایی ئەو شاعیرە بە دەردەکەوێت. ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ خانمە ئەکتەر هێلینا وایجڵ هاوسەرگیری دەکات. دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ئەڵمانیا لەلایەن نازییەکانەوە برێخت لە ئەڵمانیا هەڵدێ و لەئەوروپا لەهاتوچۆدا دەبێ. و خۆی وتەنی هەر ڕۆژەی لە وڵاتێک بەسەر دەبات. برتۆلد برێخت تا ساڵی ١٩٣٠ ورد خەریکی خوێندنەوەی سەرچاوە سۆشیالیستییەکان بوو و بەقووڵی هیگڵ و کارڵ مارکسی خوێندۆتەوە و تا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە شۆڕشی مارکسی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.پێویستی خوێندنەوەی ئابووری برێختی گەیاندۆتە مارکس و ئیتر بەردەوام بەدرێژایی ژیانی لەخوێندنەوەی مارکسیزم دانەبڕاوە و تا دنیاش جێدێڵێ هەر هەڵگری بیروباوەڕی مارکس بووە. ساڵی ١٩٣٥ لەسەر چالاکییە جۆربەجۆرەکانی دژی نازییەت ڕەگەزنامەی(جنسیە)ی ئەڵمانی لێدەسەنرێتەوە. ساڵی ١٩٤١ دەچێتە ئەمریکا و لەوێش پاش شەش ساڵ بێئومێد دەگەرێتەوە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات. ساڵی ١٩٤٩ تیپی بەرلین دادەمەزرێنی و ساڵی ١٩٥٣ دەبێتە سەرۆکی یانەی قەڵەمی ئەڵمانی و ساڵی ١٩٥٤ خەڵاتی ستالین بۆ ئاشتی وەردەگرێت و لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٥٨ لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لە لووتکەی چالاکی و داهێناندا ئەم شاعیرە مەزنەی پرۆلیتاریای جیهان و بە هۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی دەکات.(٣).

 

برێخت و هاوسەرەکەی لەسەر بانی هۆڵی شانۆی ئەڵمان لە ڕێپیوانی ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار ١٩٥٤.


برێخت زۆر وریایانە کەوتبووە دژایەتی سیاسەتی جەنگ و کاولکارییەکانی کە ژیانی خەڵکیان کردبووە دۆزەخ. ئەو دەیزانی ئایین هەژاران لە دەستەنگی زیاتر و هیوای درۆزنانە دەهێڵێتەوە. بۆیە هەوڵی دەدا خەڵکی لەو خۆشباوەڕییە دوور بخاتەوە و ڕاستییەکان فێر بن. لەهەمان کاتیشدا بەردەوام و چالاکانە لەدژی نازییەکان دەجەنگا و بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکرد و گەشتی ئەنجام دەدا و لە کۆنگرەکاندا وتاریی پڕ جۆشی پێشکەش دەکرد. دەنگی شیعریی برێخت دەنگی خەڵکی چەوساوە و ستەم لێکراو بوو. ئەو پێیوابوو ئەدەب هۆکارێکە بۆ تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەبێ چینی کرێکار بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی ئامادە بکرێن. برێخت وتویەتی" ئەرکی هونەرمەندەکانی ئەڵمانی دیموکرات، بڵاوکردنەوەی ئیدەکانی کۆمۆنیزمە"(٤). برێخت لەشیعرەکانیدا زۆر بەڕوونی ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە ئەوەی بەرژەوەندی لە جەنگدا هەیە بورژوازی و سەرمایەدارانن نەک کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. دەوڵەمەندەکان و دەستڕۆیشتووەکان لە جەنگەکان زیانمەند نابن. دەسترٶیشتووەکان بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە بازاڕ قۆرخ دەکەن و نرخی شتومەک و کاڵا چەند بەرابەر بەرز دەکەنەوە و باجە قورسەکە خەڵکی بەشمەینەت دەیدەن. لەلایەکی تریشەوە ئاشکرایە لە جەنگەکاندا هەمیشە براوە و دۆڕاو هەیە. لەڕووی سیاسییەوە ڕەنگە لایەنێک یان دەوڵەتێک براوە بێت. بەڵام لە ڕاستیدا چونکە جەنگەکە جەنگی ئابووری و بەرژەوەندییە زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە. بۆرژوازی و سەرمایەداران نەک هەر نادۆڕێن بەڵکو براوەی هەمیشەیین.


جەنگ بەڕێوەیە
ئەمەش یەکەم جەنگ نییە
گەلێ جەنگی تر بەر لەم جەنگە ڕوویداوە
کاتێ جەنگی پێشوو تەواو بوو
سەرکەوتوو و دۆڕاو هەبوو
لای دۆڕاوەکان هەموو خەڵک برسی بوون
لای سەرکەوتووەکانیش هەموو خەڵک برسی بوون.
(٥).


برێخت ئەم ڕاستییەی جوان هەست پێدەکرد. برێخت لەوەش دڵنیا بوو کە تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکارە دەتوانی کۆتایی بە جەنگ و سەرجەم نیزامی سەرمایەداری بهێنێ. ئەوە لای برتۆڵد برێخت ڕوون بوو کە جەنگ ماڵوێرانی و کاولکاری و مەرگ بەدوای خۆیدا دەهێنێ. جەنگ بە مانای کوشتارگایەکە کە ئەوەی مرۆڤ بێت شەرمەزار دەبێت لە ئاستیا. برێخت بە هەموو توانایەکییەوە وەک ئینسانێک و وەک شاعیرێکی ڕادیکاڵ لەدژی ئەم دیاردەیە وەستایەوە. برێخت باوەڕی وابوو کە تەنها هێزی کۆمەڵایەتی چینایەتی کرێکار و خەڵکی ستەمدیدەیە دەتوانی بەر بەم وەحشیگەری شەڕ و ماڵوێرانییە بگرێت.


جەنگ "با" نایبات بەرەو جیهان
جەنگ مرۆڤەکان دەیخوڵقێنن
ئاشتی وەکو دار و گەڵا ناڕوێت
ئاشتیش تەنها بە ویستی مرۆڤ نەبێ باڵا ناکات
ئەی گەلان. تۆ تۆ چارەنووسی جیهانی
هێزی خۆت لەیاد بێ
جەنگ یاسای سروشت نییە
ئاشتیش خەڵاتێک نییە بدرێ
دەبێ ڕقمان لە جەنگ بێ
ئێستا دەبێ بە خوێنمژان بڵێین نا.. نا.. دیسانەوە.. نا
دەست لە ژیان هەڵناگرین
ئەو کات جەنگیش هەڵناگیرسێ.
(٦).

وەستانەوە بوێرییەکانی برێخت سەرباری هەر کەموکوڕییەک نەک هەر جێگای ستایشن، بەڵکو جێگای لێوردبوونەوە و تێڕامانن. برێخت بەمانای وشەکە لە سەنگەری کرێکار و خەڵکی هەژارەوە بەرامبەر بە سیستەمە جۆراوجۆرەکان وەستاوەتەوە بە سیستیمی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش کە خۆیان بە سیستەمی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ناوزەد دەکرد."شۆڕشی ئەڵمان شکستی خوارد، بەڵام ڕێگەی برێشت ساخ بووەوە. ئەو بەدەوری خۆیەوە دونیایەکی پڕ لە تاوان و وەحشیگەری دەبینی. برێشت دژی ئەم نیزامە بوو و پێی وابوو کە ئەم دونیایە دەبێ بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆردرێ، برێشت توانایی هونەری خۆی خستە خزمەت شۆڕش و پێکهێنانی ئەم ئاڵ و گۆڕە شۆڕشگێڕانەیە. کۆمۆنیزمی ئاڵمان، شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەتایبەتی نووسراوەکانی لینین برێشتی هێنایە سەر ئەم قەناعەتە کە کرێکاران دەبێ دەزگای دەوڵەتی بوژوایی تێك بشکێنن و دەسەڵاتی شورایی دابمەزرێنن" (٧)ئەوەتا ساڵی ١٩٥٣ کاتێ شۆڕشی کرێکارانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لەسەر دەستی ڤاڵتەر ئۆڵبرێشت و حیزبی بەناو کۆمۆنیستی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات سەرکوتکرا، برێخت لە وتە بەناوبانگەکەیدا بێڕەحمانەترین سەرزەنشتی ئەو حکومەتە دەکات و دەڵێت " ئەگەر ئەم میللەتەتان بەدڵ نییە ، بڕۆن میللەتێکی تر بدۆزنەوە."(٨).

 

پەیکەری برتۆڵد برێخت لەدەرەوەی هۆڵی شانۆی ئەڵمان لە بەرلین.


برێخت وەستانەوە بەرامبەر بە سەرجەم بەهاکانی بورژوازی بە ئەرکی خۆی زانیوە و درێغی نەکردووە. بۆیە شیعریشی هەر بۆ ئەو مەبەستە بەکار هێناوە. واتە برێخت لەڕێگەی شیعرەکانییەوە هەوڵیداوە کرێکار و هەژاران هوشیار بکاتەوە و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێ. هەر بۆیەش زمانی نووسینی شیعرەکانی زمانێکی سادە و ساکارە. بێ گرێ و گۆڵە و خەڵکی هەژار و کرێکار بەجوانی لێی تێگەیشتوون. برێخت لەسەر زمانی خەڵک ژیاوە و لەوێشەوە زمانی نووسینی خۆی دەوڵەمەند کردووە بەجۆرێک کە داڕشتنە شیعرییەکانی کورت و پوخت و پتەون. بەکورتی برێخت، ئەو شاعیرەی سەرجەم ژیانی تەرخان کرد بۆ دژایەتیکردنی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی بەربەریەتی بورژوازی و وەستانەوە لە سەنگەری کرێکار و زەحمەتکێش، هەژارانە و بە برسێتی لە تاراوگە ژیا و لەئەنجامی فشار و ترس ئەم شاعیرە هەر ڕۆژەی وڵاتێکی گۆڕیوە وەک ئەوەی هەر ڕۆژەی پێڵاوێک بگۆڕێ.(٩)

لە کۆتایشدا لە ڕاستای ئەم کورتە نووسینەوە دەتوانم کورتەی وتارەکە لەم چەند خاڵەدا چڕ بکەمەوە:


یەک: برێخت سەرباری بەرهەمە شانۆییەکانی کەجێگای بایەخ و خوێندنەوەن، شیعرەکانیشی جێگایەکی بەرزیان هەیە لە گۆشەنیگای ڕەخنە و میتۆدەکانی لێکۆڵینەوەوە.
دوو: برێخت بەتوندی بڕوای بە مارکسیزم و شوشیالیزم هەبووە و بەقووڵی کارڵ مارکس و هیگڵی خوێندۆتەوە.
سێ: هەوڵیداوە بەرژەوەندییەکانی کرێکار و خەڵکی هەژار بپارێزێ و بەرگرییان لێبکات.
چوار: زۆر بە سەختی دژی جەنگ و سیاسەتی جەنگ بووە و هەوڵیداوە سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی بورژوازی ڕیسوا بکات.
پێنج: زمانی شیعرەکانی سادە و ساکار بووە و شێوازی نووسین و داڕشتنی شیعرەکانی بەجۆرێک بووە کە کرێکار و خەڵکی هەژار بەئاسانی تێیگەیشتوون.

 
دواجار گەرچی بزووتنەوە شۆسیالیست و مارکسییەکان لە ئەمڕۆی جیهانگیریی جیهاندا لە پاشەکشەدان و لەژێر پاڵەپەستۆی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی بورژوازیدان، بەڵام بەبۆچوونی من ئاوڕدانەوە لەم بابەتانە پێویست و گرنگ و جێگای بایەخە. منیش لە درک کردنی ئەم پێویستییەوە ئەم نووسینەم ئەنجام داوە.(١٠).
______________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١- قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧ ص ١٠٠.
٢- بڕوانە شیعرەکانی برتۆڵد برێخت بە زمانی ئینگلیزی کە لەم سایتەی خوارەوە بڵاو کراونەتەوە.

http://www.poemhunter.com/i/ebooks/pdf/bertolt_brecht_2012_3.pdf
هەروەها بڕوانە قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧ ص ٦.
٣- بە بۆنەی سەدەمین ساڵی لەدایکبوونی برتۆڵد برێشت نووسینی فەرەیدون نازری گۆڤاری هانا ژمارە ١٠ ١٩٩٨ لاپەڕە ٦ و ٧.
٤- بە بۆنەی سەدەمین ساڵی لەدایکبوونی برتۆڵد برێشت نووسینی فەرەیدون نازری گۆڤاری هانا ژمارە ١٠ ١٩٩٨ لاپەڕە ٥.
٥- بڕوانە شیعرەکانی برتۆڵد برێخت بە زمانی ئینگلیزی کە لەم سایتەی خوارەوە بڵاو کراونەتەوە. 

http://www.poemhunter.com/i/ebooks/pdf/bertolt_brecht_2012_3.pdf
هەروەها بڕوانە قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧.
٦- بڕوانە شیعرەکانی برتۆڵد برێخت بە زمانی ئینگلیزی کە لەم سایتەی خوارەوە بڵاو کراونەتەوە.

http://www.poemhunter.com/i/ebooks/pdf/bertolt_brecht_2012_3.pdf  
هەروەها بڕوانە قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧.
٧- بە بۆنەی سەدەمین ساڵی لەدایکبوونی برتۆڵد برێشت نووسینی فەرەیدون نازری گۆڤاری هانا ژمارە ١٠ ١٩٩٨ لاپەڕە ٤.
٨- قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧ ص ١٩.
٩- قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر القاهرة ١٩٦٧ ص ٢٥.
١٠- ئەمرۆ مارکسیزم وەک زانستی ڕزگاری چینی کرێکار نەک هەر باس ناکرێ بەڵکو وەک ئیدەیەکی بێکەڵک و بیسوود بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تەبلیغی بۆ دەکرێ و تا دێت لەبەر چاوی چینی کرێکار و خەڵکی ستەمدیدە ناشیرین دەکرێ. بەهەوڵە بێئەوپەڕەکانی بورژوازی جیهانی، مارکسیزم وەک جیهانبینییەکی ناتەواو و ناڕێک دەخرێتە بەرچاو و لەبەرامبەردا دید و جیهابنینی بورژوازی بە ڕەونەق و جوان نیشان دەدرێ. ئەم هەوڵە جگە لە ترسی بێئەوپەڕی بورژوازی لە مارکسیزم هیچیتر نییە. مارکسیزم چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەباتی چینایەتی کرێکارانە دژ بە نیزامی سەرمایەداری و حکومەتەکانیان.
تێبینی : ئەم شیعرانەی لەم نووسینەدا ئاماژەیان پێکراوە و بە نموونە هێنراونەتەوە کاتی خۆی لە ساڵی ١٩٩٠ لە عەرەبییەوە وەرمگێڕانە سەر زمانی کوردی و لە نامیلکەی (دیوارەکان دەروخێنین) لەژێر ناوی (دلاوەر حوسێن) وەک بڵاوکراوەی گۆڤاری ڕابەر ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بڵاوم کردەوە. خۆشبەختانە لەم ڕۆژانە دەقە ئینگلیزییەکەی ئەم شیعرانەم بەرچاو کەوت و ئینجا لەگەڵ دەقە عەرەبییەکە کە لە کتێبی ( قصائد من برتولد برخت) ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دایە بەراورد کرد و دووبارە وەرمگێڕانەوە سەر زمانی کوردی.

 

هاوینی ٢٠١٤ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک