په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دایە ترێزا ویژدانى بێدارى جیهان.. لە (1979)خەڵاتى ئاشتى نۆبڵی پێبەخشرا.

و: کەژاڵ عەلا


گرنگ نییە ئێمەى مرۆڤ

کارى گەورە ئەنجام بدەین،

گرنگ ئەوەیە کەبتوانین

بە عیشقێکى گەورەوە، کارى

بچووک بەئەنجام بگەیەنین.


ئاگنیز پویاکسى لە ساڵى (1910_5/9/ 1997) لە شارى ئەسکوپیاى ئیتاڵیا لەدایک بووە. باوکى ئەلبانی و دایکى ئیتاڵى بووە، ئاگنیز لە تەمەنى 9 ساڵیدا باوکى لەدەست داوە. ئەو پاش ئەوەى لەگەڵ قەشەکانى یوگۆسلۆفاکیا ئاشنایى پەیدا کرد و گوێبیستى ئاوازى خوشکانى لۆرتۆى هندى بوو، بڕیارى دا پەیوەنیان پێوەبکات. تەمەنى 18 ساڵ بوو بۆ فێربوون چووەشارى دۆبلین لە ئیرلەند و پاش سێ مانگ چوو بۆ هندستان.


ئاگنیز لە تەمەنى 27 ساڵیدا بەهۆى ناوى هاوڕێیەکیەوە نازناوى (ترێزا)ى بۆ خۆى هەڵبژارد. کە دواتر بە دایە ترێزا ناوبانگى دەرکرد لەجیهاندا. ترێزا ڕاهیبەیەکى فەرەنسایى بوو کە بەڕێگەی بچووک کاریدەکرد. ئەم ڕێگەیە ئەوەندە لەلاى دایە ترێزا درەوشاوە و پیرۆز بوو کە کاریگەرى زۆرى کردەسەر ژیانى و ئەم ڕێگەیەى گرتەبەر. دایە ترێزا لە درووشمێکدا دەڵێت: (گرنگ نیە ئێمەى مرۆڤ کارى گەورە ئەنجام بدەین، گرنگ ئەوەیە کەبتوانین بە عیشقێکى گەورەوە، کارى بچووک بەئەنجام بگەیەنین).


دایە ترێزا لە کەلکەتە و لە دێرى ( لۆرتۆ) دەستوورى ڕاهیبەیى ئەخوێند و لەهەمان کاتیشدا لە قوتابخانەى سانتمارى وانەى کۆمەڵایەتى دەوتەوە. هەر لەرێگەى نێوان قوتابخانە و ماڵەوەدا بوو کەبە ڕواڵەتى ژاکاو و غەمگینى هەژاران ڕووبەڕوو بوویەوە. کەلکەتە لەوسەر دەمەدا زیاتر لە( 200،000) هەژار و بێ ماڵ و حاڵى تێدا دەژیان و ڕۆژانە ژمارەیەکى زۆر لە سەر شەقامەکان دەمردن.


ترێزا لە نەخۆشخانەیەکى کەلکەتە خۆى فێرى کارى پەرستیارى کردو لە ناوچە هەژارنشینەکاندا خۆبەخشانە کارى دەکرد و هەروەها لەژێردرەختێکدا وانەى بەمنداڵانى هەژار دەگوتەوە. .ئەو لەم دواییانەدا وتى کە لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا بە جلێکى شڕەوە سواڵى دەکرد بۆ ئەوەى بتوانێک داهاتێکى پێ کۆبکاتەوە و جێگایەک دابین بکات بۆ ئەم جۆرە کار وچالاکیانەى. هەروەها ئەو دەڵێت بۆ پەیداکردنى ژورێک ڕۆژى واهەبووە کە 40 کیلۆمەتر رێگاى بڕیوە!.


ترێزا لەسەر جادەکان هەمیشە یارمەتى خەڵکى بێلانەى دەدا. ڕۆژێک لەسەر شەقام چاوى بە پیرەمێردێک کەوت کە هێشتا گیانى تێدا مابوو، بەڵام مشک و مێروو لاشەکەیان شێواندبوو، ترێزا دانیشت بەدیاریەوە. پیرەمێردەکە لە دواساتەکانى ژیانیدا بە ترێزاى وت:(( تەواوى تەمەنى ژیانم وەک ئاژەڵێک بەسەربردو ئێستاش وەک مرۆڤێک دەمرم... .)) ئەو لەدواى ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا ((خانەى کەسانى پێش مەرگ)ى کردەوە لەهندستان، لەسەر ئەم کارەى چەند جارێک پیلانى کوشتنیان بۆداناوە، چونکە ئەوان پێیان وابوو ئەو دەیەوێت بەم ڕێگەیە خەڵکى لە دواین ساتەکانى ژیانیدا بخاتە سەر ئاینى مەسیحى. بەڵام کاتێک بەچاوى خۆیان بینیان کە دەچووە ژوور سەرى هەرکەسێکەوە لەکاتى سەرەمەرگیدا پێی دەگوت: (تۆ دووعاى دینیى خۆت بخوێنە و من دووعاى دینیى خۆم، واهەستدەکەم کە ئەمە کارێکى جوان و پیرۆزە بەلاى یەزدانى گەورەوە).

لە ساڵى(1960) دایە ترێزا وەک کەسایەتیەکى خۆبەخش و ئاشتى خواز ناوبانگى دەرکرد لە سەرانسەرى جیهاندا. ئەو توانى لەوڵاتى هندستاندا سنوورى نێوان بیروباوەڕە ئاینیەکان بشکێنێ. لەساڵى (1971) خەڵاتى ئاشتى پاپى وەرگرت و ئەو دەم و دەست ئەم خەڵاتەى فرۆشت و بە پارەکەى چەند ئامبولانسى پێکرى بۆ کەسانى توشبوو بەنەخۆشى پێست(گولەکان). لە ساڵى (1972) خەڵاتى نەهرۆی بەدەست هێنا. هەروەها لە ساڵى (1979)شدا خەڵاتى ئاشتى نۆبڵی پێبەخشرا. ئەو بانگهێشتى نانى ئێوارەى نۆبڵى قەبوڵ نەکرد. بەپارەى ئەم خەڵاتە لەگەڵ پارەکانى تریدا کەلەخەڵکى خێرخوازى کۆکردبوەوە توانى خواردن بگەیەنێتە زۆر لەمنداڵە هەژارەکان و لەمەرگ ڕزگاریان بکات. ئەم ژنە ڕۆح سوک و فیداکارەى کە چەندین یادگاریى جوانى لەدواى خۆى بەجێهێشتوە، توانى دەورى گەورە ببینێت بۆ خەڵکانى هەژارى ئەسیوبیا لە سەردەمى وشکە ساڵى ئەو وڵاتەدا. هەرچەندە سەرەتا کەچووە ئەم وڵاتەوە لەلایەن( هایلاتى لاسى)یەوە دەسگیر کرا.


دایە ترێزا لە ژیانیدا شووى نەکردوە و هەرگیز پەیوەندى عاشقانەى نێوان دوو کەسى ئەزموون نەکردوە.. هەروەها ئەو دەورى کاریگەریى هەبوو لە نێوان جەنگى ئیسرائیل و لوبناند و گیانى 37 منداڵى ڕزگار کرد کە لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ درابوون. لە جەنگى ئەمەریک و عێراقیشدا ساڵى (1991 )نامەیەکى بۆ بۆش و ێەدام نووسی کە تێیدا دەڵێت: (لە ماوەیەکى کەمدا ئەم جەنگە بە سەرکەوتن بێت یاخود دۆڕان کۆتایى پێدێت، بەڵام پاش جەنگ هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئازارو ئەشکەنجەى منداڵان و لێقەوماوانى ئەم جەنگە سارێژ بکات).


ترێزا بەخۆش حاڵیەوە دەڵێت کە توانیویەتى(54) هەزار کەس لە لافاوى جۆگە ئاوەکانى سەر جادەکان نەجات بدات. ئەو هەرگیز هیچ شتێکى بۆ خۆى نەدەویست. تا ئەم دواییەش تەنانەت سوودى لە تەلەفۆنیش وەرنەگرد. کاتێک کە بە فڕۆکە سەفەرى دەکرد، بۆ ئەوەى لەو پارەو پولەى کۆیکردبوەوە بۆ خەڵکانى هەژار و برسى سەرف نەکات، لە ناو فڕۆکەکەدا میوان دارى دەکرد. ترێزا داواى لە چەندین گارگەى فڕۆکەوانى کردبوو ببن بەئەندامى ڕێکخراوە خێرخوازیەکانى ئەو. ئە و توانى بەم ڕێگەیە بەرماوەى خواردنى گەشتیارەکان بگەیەنێتە زۆر لە خەڵکى برسیى و لەمردن ڕزگاریان بکات.

چەند نموونەیەک لە درووشمەکانى دایە ترێزا :
1_ هیچ کاتێک وامەزانە کە عیشق شتێکى لەڕادەبەدەر گەورەیە، یا هەمیشەیى و یا کاتییە، بەڵکو پێویستە عیشق نەمر بێت، مەرجى نەمریش ئەوەیە کە هەمیشە وزەى پێببەخشرێت. چرایەکى نەوتى ئەوەندە ڕۆشنایت پێدەبەخشێت، تا نەوتەکەى قەترەى لێدەبڕێت. لات سەیر نەبێت ئەگەر زەمەنێک بێت و مەعشوقەکەت پێت بڵێت: ((من تۆ ناناسم!)).
2_ دوورنیە چاکەکانى ئەمڕۆى تۆ، خەڵکى سبەینآ لەیادى بکات، بەڵام تۆ هەر چاکەکار بە.
3_ ئەگەر بتوانى شادمانى و ئارامى بەدەست بێنى بێگومان کەسانێک هەن ئیرەیت پێدەبەن، بەڵام تۆ هەر کەسێکى ئارام و شاد بە.
4_ ئەگەر تۆ کەسێکى سەرکەوتوو بیت، بیگومان هاوڕێى درۆزن و دۆژمنى ڕاستەقینەت ئەبێت، بەڵام تۆ هەر هەوڵى سەرکەوتن بدە.
5_ مرۆڤ بوونەوەرێکى لەخۆڕازى و دڵڕەق و خۆپەرستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆ هەوڵبدە لێبووردنت هەبێت و کەسێکى میهرەبان بە .
______________________

سەرچاوە: سایتى زنان