٢٨\١\٢٠١٥
لێکۆڵینەوەی ئەدەبی:
دەسەڵاتی زەعیم لە
نێوان زەبر و گەمژەیی.
- خوێندنەوەیەکی کراوە لەپێناو دۆزینەوەی شوناسی زەعیم لە دەقی "پایزی
زەعیم" ی تەڵعەت تاهیردا -

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
گەڕان بە دوای ئایدێندتی کارەکتەری هەر
دەقێک دەبێ لە بونیادی دەقەکەوە دەست پێبکەین. لەو جێگایەوە کە
ستراکتۆری دەق دەبێتە هۆکاری نیشاندان یان بەرجەستە کردنەوەی وێنەکانی
کارەکتەری دراو لە دەق. بەم پێیە خوێنەر دەبێ لە مانا دیار و
شاراوەکان، زمان و ئامڕازەکان، سیمبۆڵ و ڕەگەزەکانی تری ئەدەب ورد
بێتەوە و ئەو پارچانە کۆبکاتەوە و دواتر پێکیانەوە بنووسێنیت و تا
وێنەی کارەکتەری دراو ڕوون دەبێتەوە و ئینجا لەوێشەوە ناساندنی شوناسی
کارەکتەرەکە ئەنجام بدرێت. ئەم پرۆسەیە هەندێجار ورد و ئاڵۆزە و
هەندێجاری تریش بڕێک سادەترە، ئەویش لەسەر هونەری دواندن و داڕشتنی
نووسەر وەستاوەتەوە. نووسەر دەتوانێ لە پێناو بە ئاکام گەیاندنی ئەم
پرۆسەیە دەست بۆ گەلێ تەکنیک و چەمکگەلی وەک ئایین و ئەفسانە، زانست و
تەکنەلۆژیا، دەروونناسی و کۆمەڵناسی، فەلسەفە و...تاد ببات. تەلعەت
تاهیری شاعیر لەم دەقەیدا(پایزی زەعیم) ئەفسانە و باری سایکۆلۆژی
کردۆتە مەبنای گەیشتن بە دوا پلەی ئایدێندتی کارەکتەرەکەی، بۆ گەیشتن
بە نیشاندانی دوا مۆدێلی جۆرێک لە زەعامەت کە پڕە لە ناکۆکی و دژ
بەیەک، پڕە لە تراژیدیا و کۆمیدیا.. دواجار پرە لە دونیایەک ئەگەر و
پێشبینی کە لەوانەیە کۆمەڵگە بخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی وا دەکات دەقێکی ئەدەبی بخوێنرێتەوە، ڕادەی
پەیوەست بوونی خوێنەرە بە دەقەکەوە. هونەرسازی لە تەلاری دەق، خوێنەری
جیددی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی ئەدەبی و ڕەخنەییەوە. هونەرسازی یان
هونەری وێناکردن لە پایزی زەعیمدا سەرەتا بە ئەفسانەکردنی کارەکتەر
دەست پێدەکات و کۆتایشی نادیارە. ئەفسانەش وەک ئاشکرایە لە چیرۆک و وشە
پێکهاتووە. ڕووداوەکانی ناو ئەفسانە وەک چیرۆکێکی ڕاستەقینە تەماشا
دەکرێن، زۆربەی جار ڕووداوەکان ترسناکن و لە ڕابردوودا ڕوویانداوە و
پاڵەوانەکانیش کەسانی زۆر بە توانا و لەڕادەبەدەر بەهێزن ئیتر چ ئینسان
بن یان خواوەند یان هەر فۆرمێکی تر لە کارەکتەر. ئەم شێوازە
قەناعەتپێکەرەی ئەفسانە لە خۆیدا هەڵیگرتووە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ناسینی
ڕاستییەکی بە میتافۆرکراو نەک ڕاستییەکی ئەدەبی. چونکە ڕاستی ئەدەبی
یانی وێناکردنی واقیع. ئەدەبیش پانتاییەکە توانیویەتی ئەفسانە لە خۆیدا
هەڵبگرێ و بیپارێزێ. لێرە پەیوەندییەکی دوالی لەنێوان ئەفسانە و ئەدەب
دێتە ئاراوە. ئەدەب ئەفسانە نمایش دەکات و ئەفسانەش ئەدەب دەوڵەمەند
دەکات. نووسەران لە گۆشەنیگای جیاوازەوە دەڕواننە پێویستی ئەفسانە لە
نووسینەکانیان. "نووسەری مۆدێرن بڕیار دەدا بچێتە ناو ئەفسانەوە لەبری
ئەوەی تەنها وەکو شێوەی بینینی خەڵکانی ڕابردوو بیبینێ."(١) بەم پێیە
نووسەری مۆدێرن نایەت دەست بە چنین و داوی کۆنەوە بگرێت و ئەژدیهای
هەزار ڕوخسار و دێوی ترسناکمان بۆ بنەخشێنێ، ئەو دێ لە سەحنەی
کۆمەڵگاوە دەست بۆ ئەفسانە دەبات و لە میتافۆری هەڵدەکێشێ. لە دەقی
پایزى زەعیم کاک تەلعەت تاهیر لە دوو ئاستدا ئیش لەسەر دەرخستنی وێنەی
زەعیم دەکات. لە ئاستی ئەفسانە و دەرخستنی قودرەتە بێئەوپەڕەکانی زەعیم
(شوناسی دەرەوە) و لەئاستی سایکۆلۆژی کە بچووککردنەوەی وێنە کێشراوەکەی
زەعیمە تا خاڵی چرکردنەوەی ڕەنگەکان و دەرکەوتنی وێنەی هەڵگێڕدراوەی
ناخی زەعیم بە ڕەش و سپی(شوناسی ناوەوە). هەردوو ئاستەکە بەدرێژایی
شیعرەکە ئاوێتە بە یەکتر هەناسە دەدەن. درێژکردنەوەی ئەم دوو ڕەهەندە
وەک دوو جۆگەلە لەڕووی وردکردنەوەوە دەڕژێنە ناو چاڵی شوناسی زەعیم.
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات پایزی زەعیم لەو ڕەهەند و ئاستانەدا بهێنێتە گۆ
و لەو کۆدانە ورد بێتەوە کە ساختمانی ئایدی شوناسی لەسەر بنیاد نراوە.
(١)
ڕەهەندی ئەفسانە لە شوناسی
زەعیمدا.
شوناسی دەرەوە.
بونیادی دەقی پایزی زەعیم بونیادێکی سایکۆ - میتۆلۆژییە و خوێنەر
دەتوانی لە میانی ئەم بونیادەوە بگات بە وردکارییەکانی شوناسی زەعیم.
نووسەر هاتووە بە پەنابردن بۆ ئەفسانەپەیکەری زەعیمی وەک خواوەندێک بۆ
نەخشاندووین. واتە سیفەتە لەڕادەبەدەرەکانی زەعیم سیفەتگەلێکن لەسەرووی
سروشتەوە (Supernatural)ەوەن و تواناکانی
بەهێزترن لە سەرجەم یاساکانی سروشت و نۆرم و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە.
شوناسێک کە زەعیم لەم دەقەدا پشتی پێدەبەستێ شوناسێکی (فوق العادة) یە
و ناتوانین لەم ئاستەدا زەعیم بگێڕینەوە ناو گۆمەڵگە و بە مرۆڤەکانی
بەراورد بکەین. لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی خوێنەر و دەق ئەو پرسیارانە
دێنە پێشەوە وەک ئەوەی بۆچی زەعیم فیرعەون ئاسا لە مرۆڤەوە کراوە بە
خواوەند؟ سەرچاوەی ئەو هێزە لە ڕادەبەدەرەی زەعیم چییە و چۆن بەدەستی
هێناوە؟ ئایا زەعیم بەپێوەری ئەفسانە نەمرە؟ و گەلێ پرسیاری تریش. بۆ
گەڕان بەدوای شوناسی زەعیم پێویست ناکات بەدوای بنەما کلاسییەکانی
ئایدێنتیدا بگەرێێن و مەودایەکی سیاسی پێببەخشین، بەڵکو بە وردبوونەوە
لەسەر دۆخەکانی دەق و کارەکتەری زەعیم بەتایبەتی لەڕووی سایکۆ -
میتۆلۆژییەوە دەمانگەێنێتە خاڵی مەبەست.
کەس بیرى نایە لە کەیەوە بۆتە زەعیم؟
ئەوەى زانراوە کەسێکى ئاسایى نییە!
دەتوانێ کانزاکانى ژێر زەوى بخوات و
پێدەشت بە دارستانەوە بجوێت و
روبار هەڵقوڕێنێ و ئاسمان بخاتە باخەڵییەوە!
مێژوونوسەکانى دەڵێن:
تواناى زەعیم لە ئەفسانەکانیش بەدەرە، (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت
تاهیر).
زەعیم مەقامێکی بەرزتری لە مرۆڤەکان هەیە و تواناکانی لە سەرووی
ئەفسانەشەوەن. سەرکەوتنی تەوزیفی ئەفسانەش لە دەقی ئەدەبی پەیوەستە
بەوەی کە دەبێ ئەفسانەکە بەهێز بێ. ئەم بەهێزییەی ئەفسانە ڕۆڵی هەیە لە
درێژبوونەوەی تەمەنی ئەفسانەکە. ئەفسانەی بەهێز سنووری نەوەکان و
سەدەکان دەبڕێت. بەم پێیە ئەفسانەی بەهێز وەک مارگرەیت ئات ود دەڵێ
"هەرگیز نامرێ"(٢). بەهێزبوونی ئەفسانەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕایەڵ و
پەیوەندییانەی نێوان کارەکتەری ئەفسانەکە و واقیع. واتە نووسەر هەوڵ
دەدات لە چادرگاکانی نێوان واقیع و ئەفسانەوە میتافۆریانە خوێنەر
بدوێنێ. نووسەری کارامە زمانی ئەفسانە دەکاتە زمانی واقیع. ئەو دەزانێ
دەمامکی ئەفسانە فراوانترکردنەوەی پانتایی ئازادییەکانی نووسەرە لە
دەرخستنی کرۆکی بابەتەکەی. دەمامکی ئەفسانە لە دەقی ئەدەبی لەلایەکەوە
پەردەیەکی تەنکە کە جووڵە و چالاکی ئایدیای دەق و نووسەر دادەپۆشێ و
لەلایەکی ترەوە دەستی خوێنەر دەگرێ بەرەو نزیکبوونەوە لە ئامانج.
هەروەها ناڕاستەوخۆیی لە دیاریکردنی مەبەست و گرتنەبەری زیگزاگی
ئەدەبیش ڕۆڵ دەبێنێ لەدەرخستنی ئامانجی دەق. مادام هەموو دەقێکی ئەدەبی
ئامانجێکی لەخۆیدا هەڵگرتووە، کەوابوو مافی نووسەرە ئازادییەکانی خۆی
لە نیشاندانی ئەو ئامانجە بۆ خوێنەر بەدەستە بگرێت و پیادە بکات. کاک
تەلعەت لەم شیعرەدا هەوڵدەدا سەرسامییەکانی خۆی نەک هەر تەنها لەئاستی
پەنابردن بۆ ئەفسانە، بەڵکو لەئاستی زمانیشدا لەڕێگەی پەنابردن بۆ
خاڵبەندییەوە، بەرجەستە بکاتەوە.
ئەگەر "ئەفسانە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە بتوانرێ بە جۆرێ لە جۆرەکانی
هۆشیاری کۆمەڵایەتی و بە هەوڵێکی سەرەتایی مرۆڤ بۆ ناسینی جیهان و
تێگەیشتنی جیهان دابنرێت."(٣) یان وەک ڕۆلان بارت دەڵێ " ئەفسانە
جۆرێکە لە ئاخاوتن" (٤)ئەی خوێنەری کورد لەکوێی ئەم ناسین و
تێگەیشتنەوەی لایەنی ئاخاوتنی دەقی پایزی زەعیمەوەیە؟ دەقی پایزی زەعیم
لە تەمومژ نەپێچراوەتەوە، بەڵکو بەڕوونی ستراکتۆری دەقەکە دەبینرێت.
زەعیمی نێو دەقی پایزی زەعیم، زەعیمێکی بەرجەستە و شوناسداری ژیانی
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییە. ئەمەش ئینتمای دەقەی پایزی زەعیمە بۆ شوێنگەی لە
دایکبوونی. شاعیر جارێک وێنەی زەعیم لە ئاوێنەی دەرەوەوە و جارێکی تر
لە ئاوێنەی ناوەوە دەکێشێ. ئەم وێنەکێشانە بێ هیچ زۆر لەخۆ کردنێک
ئەنجام دەدات.
دروستکەرى وەرزەکانە
بە قسەکانى بەهار دێنێ،
بە کردەوەکانیشى پایز! (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
ئەفسانە لە دەقی پازی زەعیمدا خاوەنی هیچ ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و
کلتووری نییە، چونکە زەعیم خۆی کەوتۆتە دەرەوەی هەر هەلومەرجێکی سیاسی
و کۆمەڵایەتی و ئابووری. بۆ نزیکبوونەوە لە واقیع، نووسەر گەشتی نێو
ئەفسانەکانمان پێدەکات. ئەم گەشتەش تەنها یەک ئەرکی گرنگ ئەنجام دەدات
ئەویش دەرخستنی ڕووی شوناسی زەعیمە. لێرە شاعیر شوناسی زەعیم لە ڕێگەی
بەکارهێنانی ئەفسانەوە دەخاتە ڕوو. ئەفسانە لەم دەقە هەر لەبەردەم
تەوزیف کردنیکی ئاسایدا نییە، بەڵکە ڕەهەندی ئەفسانە واوەتر دەچێت و
دەبێتە بەشێک لە پرۆسەیەکی فراوانتر، ئەویش پرۆسەی ناساندنی ماهیەتی
زەعیمە. شاعیر لەم پرۆسەیەدا دەست و پێ سپی نییە و هونەر دەنوێنێ. لێرە
زەعیم پاڵەوانە، بڕیاردەرە، بەهێزە، خاوەن تواناییەکی لەڕادەبەدەرە.
سروشت بەزێنە و لەدەرەوەی یاساکانی سروشت و ژیانەوەیە. شوناسی زەعیم
شوناسێکی بە زەبر و بە دەسەڵاتە. خاوەن فەرمانە و دەتوانێ چی بوێ
بیکات. کەوابوو تا ئێستا زەعیم تەنها دەرەوەی دیارە. خوێنەر تەنها
لەبەردەم شکڵ و بیچمی کەسێکی ئەفسانەییە کە مەگەر تەنها خواوەندەکانی
ئەفسانەکان ئەو بیچمەیان هەبێ. ئەم وێنەیەی دەرەوەی زەعیم سەرباری
زەعامەکەتەی، دەرخستنی لایەنێکی نادیاری ژیانی زەعیمە ئەویش ئەکتەر
بوونە. زەعیم ئەکتەرە و دەبێ بەردەوام و ڕۆژانە تەمسیل بکات. دەبێ وای
خۆی نیشان بدات کە سەرحاڵە، لەسەر شنگ و تاقەتە، گوێی فیل دەردێنێ و
گوێز بە دان دەشکێنێ.
تاکە کەسە بتوانێت
بە گوفتارى، مانا بسڕێتەوە!
بە کردارى ، جووڵە لە جووڵە بخات! (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت
تاهیر).
بەخشینی ئەو سیفەتانە بە زەعیم لە لایەکەوە هێمایە بە توانا و دەسەڵاتی
زەعیم وەک کاریزمایەک لە قەڵەمڕەوی خۆیدا و لەلایەکی ترەوە نیشانەی
دەستبردنە یان پەنابردنە بۆ ئەفسانەکردنی پاتریاکێک کە مێنتاڵیتییەکەی
لەسەر دیکتاتۆریەتی بێپەردە ڕسکاوە. ئەم پەنابردنە بۆ ئەفسانە
پەنابردنە بۆ زمان و شێوازێکی دەربڕین. ئەفسانە لەم دەقەدا کۆمەکی
خوێنەر دەکات دیوی دەرەوەی زەعیم و دەسەڵاتەکانی ببێنێ، توانا و
فەرمانەکانی لەمس بکات و هێزی سوپا و دەست و پێوەندەکانی و نەعرەتەکانی
زەعیم ببیستێ. کەوابوو دەستبردن بۆ ئەفسانە پرۆسەیەکی نائاگایی نییە،
بەڵکو شاعیر بە هۆشیارییەوە هەوڵی داوە لایەنی خواوەندی زەعیم وێنا
بکات. ئەمەش دەرخستنی شوناسی زەعیمێکی بە زەبر و بە دەسەڵاتە. واتە
نیشاندان و بەرجەستەکردنەوەی شوناسی دەرەوەی زەعیمە.
(٢)
ترس و گرێ
دەروونییەکانی زەعیم لە پەیوەست بە شوناسەوە.
شوناسی ناوەوە.
زەعیم گەرچی لە هەیکلی دەرەوەیدا وەک بینیمان چ هێز و ئیرادەیەکی پتەو
و چ دەسەڵاتێکی گەورەی لەپشت وەستاوە، بەڵام لەهەمان کاتدا وەختێ
بەشەکانی تری پایزی زەعیم دەخوێنینەوە دەبینین ڕووبەڕووی ناواخنێکی
وێران و کەللەیەکی بەتاڵ دەبینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش شاعیر سوود لە
ڕایەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زەعیم وەردەگرێت. شاعیر لەڕێگەی
کارەکتەری دایکی زەعیمەوە گەلێ وردکاری ژیانی ڕۆژانەی زەعیممان بۆ
دەخاتە ڕوو. ئەو زانیاریانەش ڕۆڵیکی گرنگ دەگێڕن لە جێگیرکردن و
خستنەڕووی شوناسی ڕاستەقینەی زەعیم. دایکی زەعیم کە نزیکترین کەسە لە
زەعیم و کانگای خاڵە لاوازەکانی کوڕەکەیەتی زۆر بەساکاری بێئەوەی
بچووکترین کێشەی لەزمانی گتوگۆ هەبێ، سەرکۆنەی کورەکەی دەکات:
رۆڵە هەندێ پارە لە پشتییەک بشارەوە. گیانى دایە
لەو کورسییە بتهێننە خوارەوە هیچ ئیشێک نازانى . ئاخر تۆ قەسابیش
نەبووى ! یان خۆزگە دەنگت خۆشبایە ! ئێستا شوکر ، وەزیرەکان مریشکم بە
ناوى چین و ماچینەوە لێدەکڕن ، لەو کورسییە بتهێننە خوارەوە ئەوەش
نامێنێ . کەسی دایە ، هەردووکمان پیر بووین ، بتهێننە خوارەوە دەبێ
تەنیا سەیرى ئەلبومى وێنەکانت بکەیت ، منیش حەوسەڵەم نەماوە ، چیتر
سەڵکە پیاز و دۆشاوى تەماتە و ژێرپیاڵە خوێ ، لە دراوسێکان قەرزکەم.
(دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
گێڕانەوەی ئەم قسەیەی دایکی زەعیم لەزاری توتییەکی هەڵاتووەوە،
دەرخستنی لایەکی لێل و تاریکی ئەو تابلۆیەیە کە من ناوم ناوە شوناسی
ناوەوە. لێرە دەبینین زەعیم کەسێکە بوودەڵەیە، ژێر دەستی بۆڵەبۆڵ و
ئامۆژگارییەکانی دایکییەتی، ئەو دایکەی وەک وتمان زمانی گتفوگۆ نازانێ
و خەمیەتی کوڕەکەی لەو تەختە نەهێننە خوار، دایکێکی نەخوێندەواری
بێئاگا لە کارەکتەری کوڕەکەی و بێخەبەر لە پرەنسیپ و بنەمای ژیانی
سەرۆکایەتی و دپپلۆماتیکیی و زۆر دوور لە ژان و خەمی مەملەکەت. شاعیر
جارێک بە خۆی و جارێکیتر لە ڕێگەی دایکی زەعیمەوە دۆخە سایکۆڵۆژییە
تێكشکاوەکەی زەعیم دەخاتە ڕوو. دایکی زەعیم سەرباری خۆشەویستی بۆ
کوڕەکەی، کە ئەویش خۆشەویستییەکی شروشتییە، لەخەمی داهاتوو دایە،
پێشبینی ئەوە دەکات کە ڕەنگە ڕۆژێک بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری یان
کودەتایەک کوڕەکەی لەسەر تەخت بهێننە خوار و باریان لێژ بێ. بۆیە
هەڵپەی ئەوە دەکا و دنەی کوڕەکەی دەدات تا بیرێک لە پاشەڕۆژ بکاتەوە.
بۆیە خوێندنەوەی دایک بۆ زەعیم، یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ بینینی زەعیمی
ئۆریجیناڵ کە کوڕە دەست و پێ سپیەکەیەتی. ئەمە دەرخستنی کانزا
ئەسڵییەکەی زەعیمە لەژێر دەمامکەکانەوە. بەڵام زەعیم هەر لە ئاستی
گوناه و دەستەپاچەییدا نامێنێتەوە، بەڵکو لە دۆخێکی تراژیدی گەورەدا
ژیان بەسەر دەبات.
مەیبینن لە وێنەکاندا پێدەکەنێت ، زەعیم گوناحە.
گندۆرەیەکى بە قەڵەمبڕ پاک نەکرد و ترسى ژەهرى نەبێ!
لە نیوەشەواندا سەلاجەى بۆ قومێ ئاو نەکردەوە و ترسى تەقینەوەى نەبێ!
بۆینباخێکى نەبەستا پەتى سێدارەى بیر نەهێنێتەوە! (دەقی پایزی
زەعیم تەلعەت تاهیر).
ترس سێبەری خستۆتە سەر ژیانی زەعیم. زەعیم بەپێچەوانەی ئەو هێز و
دەسەڵاتەی کە هەیەتی، ترس لێی ناگەڕێ یەک شەو بە ئاسوودەیی سەر بخاتە
سەر سەرین. ترس غەریزەیەکی سروشتییە و لە هەموو زیندەوەرێکدا بوونی
هەیە. ترسەکەی زەعیم زیاد لە مانا و دەلالەتێکی هەیە. زەعیم تا ئەمرێت
ناتوانێت بەکامی دڵی خۆی بچێتە بازاڕ و قاپێک شێلم بخوات و شەربەتێک
هەڵقوڕێنێ، یان بچێتە دوکانی کاستەر فرۆشێک و کاستەرێک بخوات.
زەعیم دەیەوێت سادە بژى.
لەبەر چاوى کامێراکان،
بەرى نەشۆراوەى باخچەکان دەخوات و
وەک پسپۆرێکى کشتوکاڵى بە پێکەنینەوە دەڵێت:
پەیینى کەمە و
پاشەڕۆى بیست و شەش گوێدرێژى نەخەساوى بۆ تەرخانکەن.
بۆ ئەوەى لە میللەت نزیک بێ،
چوارلاى لاندگرۆزەرەکەى نارنجى کردووە،
گوایە تەکسییە و بە نهێنى بە شوێن گرفتەکانى خەڵکدا دەگەڕێ.
(دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
ئەم ساویلکەییەی زەعیم بە گەمژە سەیرکردنی خەڵکە. هەرچەندە زەعیم خەڵک
بە گەمژە دەزانێ، لە هەمان کاتیشدا خەڵک لە گەمژەیی زەعیم دڵنیان.
بوونی ئاوێتەبوونێکی گەورە لە نێوان ترس و گەمژەیی، بوونی کەلێنێکی
زەبەلاح لەنێوان زەعیم و خەڵک، بوونی فریوێکی زۆر بەوەی زەعیم لە نەسلی
خواوەندە، ئەو پاکێچە دراوانەن کە شوناسی زەعیم خۆی تیایاندا
دەبینێتەوە.
دایکى گوتەنى بریا دارتاش بوایە، یان معاون
توبى،
یان هیچ نەبێ، هونەرمەند.
بەڵام تەنیا دەزانێ فەرمان دەربکا!
هەموو سامانەکەى وڵاتێک و فتقێکە
کە دەنگى ژانى زۆر لە فیکەى کتریی دەچێ! (دەقی پایزی زەعیم
تەلعەت تاهیر).
زەعیم نەخۆشە ئەویش بە هەردوو باری بایۆلۆژیی - سایکۆلۆژیی و سیاسی -
کۆمەڵایەتی. زەعیم لەلایەکەوە فتقی هەیە ئەمەش ڕێگرە لە کارکردن و
ماندووکردنی جەستە لەکاتی پێویستدا، ئەمەش بەدەوری خۆی گرێیەکی دەروونی
بۆ پێکهێناوە. لەلایەکی تریشەوە بەمانا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی زەعیم
فەرمانڕەوایەکی ترسنۆک و تۆقیوە لە دەوروبەر و دەست وپێوەند. لەرزۆک
لەبەردەم پێشهات و ڕووداو، لاواز لەبەردەم ژن و خۆشەویستی. ئەو ژنانەی
زەعیم پێوەندی پێوە هەن، ژنانگەلێکی زۆرزان و بەرژەوەندخوازن، جگە
لەوەی وەڵامی داواکانی زەعیم نادەنەوە، دزیشی لێدەکەن. زەعیم ناوێرێ
هەموو ئاوێک بخواتەوە و هەموو خواردنێک بخوا و دەست بداتە هەموو شتێک
گەر پێشوەخت پشکنینی پێویستی بۆ نەکرابێ. ئەم بوودەڵەییەی زەعیم شوناسی
دووەمی زەعیمە. خوێنەر لەم دەقەدا لەبەردەم زەعیمێکی گوناه و لاواز و
بێدەسەڵاتدایە.
زەعیم گوناحە..
تا ئێستا کەس خەبەرێکى راستى پێنەداوە!
ژەمێکى بە تێرى نەخواردووە!
پاسەوانەکانى بە پاساوى ژەهر،
نیوەى چێشتەکەى دەخۆن.
لە ترسى ئەوان ، هەنگوین لە کونى دیوار دەشارێتەوە.
ناچارە بە دزى دکتۆرەکان ساوار بە گۆشت بخوا.
ژیانى تایبەتیشى نەماوە. (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
ئەم کابووسی ترسە هەر بە تەنها لە قەسر و کۆشکی زەعیمەکەی تەلعەت
تاهیردا بوونی نییە. بەڵکو ئەتمۆسفیری ژیانی ڕۆژانەی سەرجەم زەعیم و
دەسەڵاتدارەکانە لە گۆشە جیاجیاکانی حکومڕانی ڕۆژهەڵات. کێرڤی
ڕوونبوونەوەی شوناسی زەعیم پێ بەپێی چوونەسەر و نزیکبوونەوەی دەق لە
کۆتایی لە ئاستێکەوە دەچێتە ئاستێکی تر. واتە سەرەتا لەبەردەم زەعیمێکی
گوناه وەستابووین و ئینجا زەعیمێکی نەخۆش و دەروون داهێزراومان بینی و
ئێستاش زەعیمێکی نەخوێندەوار.
زەعیم ئەو رۆژنامەیە دەخوێنێتەوە،
کە خۆى بۆ خۆى دەریدەکا. (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
خوێندەوارییەکەی زەعیم خویندەوارییەکی ئەپستمۆلۆژی نییە و بارگاوی نییە
بە مەعریفە، بەڵکو خوێندەوارییەکەی زیاتر لێککردنەوەی ڕەش و سپییە لە
یەکتر و هیچتر نا. ئەم خوێندەوارییەش بۆ کەسێکی ئاسایی ڕەنگە کێشە
نەبێت، بەڵام بۆ فەرمانڕەوای مەملەکەت کارەساتە. ئەم سیفەتە
نەخوێندەوارییە دیسانەوە سیفەتێکی بەربڵاوی نێو فەرمانڕەواکانە.
ئەم پارادۆکسییە لە ژیانی زەعیم گەرچی زادەی خەیاڵە، بەڵام تا سەر ئێسک
واقیعییە. چونکە حاڵی زەعیمەکەی تەلعەت تاهیر کە دەرخەری شوناسیشیەتی،
هەمان دۆخی زەعیمەکانی ڕۆژهەڵاتە، هەمان حاڵی ئەو سەرۆک و پاشا و ئەمیر
و شێخانەیە کە خاوەن سوپای گەورە و دەمودەزگان و سڵ لە سێبەرەکانی
خۆیان دەکەنەوە. ئەو زەعیمانەی کە دیوارێکی گەورەیان لە نێوان خۆیان و
خەڵکدا دروست کردووە. ئەوانەی پێیان وایە خەڵک تەنها بۆ ئەوان دەژیت.
زەعیمگەلێک کە لە قوولەی قاف دان و دەنگی کەسیان ناگاتێ. زەعیمگەلێکی
دەروون پر لە گرێ و گۆڵ و نەخوێندەوار و بێتوانا و بوودەڵە و لەهیج
لەبار نەبوو. ئەم وێنە نیگەتیڤە پڕ بە پێستی ئەو دۆخە تاڵ و کارەساتبار
و غەمبارەیە کە بەداخەوە خاوەنانی ئەم وێنانە بڕیار لە چارەنووسی
ملیۆنان مرۆڤ دەدەن.
(٣)
پایزی زەعیم ..بەهەشتی
زیندان.
بوونی پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوان قەسیدەی پایزی زەعیم و ڕۆمانی
پایزی پەتریارکی گابرێل گارسیا مارکیز و هەروەها نووسینی (لە پەراوێزی
ڕۆمانی پایزی پەترێرکی مارکێزەوە) لەسەرەتای دەقەکە هێمای ئیلهامبوونی
ڕۆمانەکەیە بۆ ئەو دەقە شیعرییە و ڕەوینەوەی گومانی هەر لێکدانەوەیەکی
ترە بۆ سەرچاوە و لەدایکبوونی دەقی پایزی زەعیم. واتە کاک تەلعەت تاهیر
نەهاتووە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بکاتە شیعر. بەڵکو هەوڵیداوە لە
پەنجەرەیەکی تر و بەگۆشەنیگایەکی ترەوە لە پایزی زەعیمە ملهوڕەکانی
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وردبێتەوە. بەراوردکردنی دەقی پایزی زەعیم و پایزی
پەتریارک (نەک پەترێرک)کاری ئەدەبی بەراوردکارییە و پەیوەندی بەم باسەی
منەوە نییە. بەڵام خاڵی هاوبەش لە هەردوو ناونیشانی دەقەکاندا پایزە.
من لێرە کارم بەسەر پایزەکەی مارکیزەوە نییە، بەڵام بۆ پایزەکەی زەعیمی
لەمەر خۆمان دەڵێم هەر تەنها گوزارشت لە وەرزێکی ساڵ نییە، بەڵکو پایز
سیمبۆڵێکە بۆ نیشاندانی ڕەنگ زەردی و وشکبوونەوە، هێمایە بۆ گوزەشت
بوونی سەوزی ژیان، نیشانەی نزیکبوونەوەیە لە کۆتایی. زەعیمەکان یان "
سەرکردەکان تا ڕادەیەکی زۆر وەک چاوتێبڕینێکی گونجاو بۆ تێگەیشتن لە
هەڵکشان و داکشانی وێنەی مێژوو دەناسرێنەوە"(٥) بەو پێیە ناسینی
سەرکردە، ناسینی هەلومەرج و ئاستی هۆشیاری سیاسی و ئابووری و
کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە لە بڕگەیەکی زەمەندا. پایزی زەعیم وەک ناو و
نیشانیش سیمبۆڵی کۆتایی سیستمی زەعیمە و نزیکبوونەوەیە لە دۆخی ڕاپەڕین
و شۆڕش.
بەر دەخوات ، بەڵام دەستى لە جوانییەکانى درەخت
بەربووە.
لە کۆشکدایە ، بەڵام پێى لە خۆشییەکانى پیاسە بەربووە.
کۆترى هەیە و بێ پەنجەرەى دۆست .
ترێى هەیە و شەرابى نییە!
هاوارى هەیە و نابێتە گۆرانى! (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
زەعیم دەستی بە هەموو شتێک دەگات و چێژیان لێ
نابێنێ، چی بوێ لە ئیختیاریدایە و چی ئارەزوو بکات دەیخوا بەڵام لەزاری
زەعیمەوە تامی هیچ نادەن. جوانی لە چاوی زەعیمەوە بێرەونەقە، باغ و
باغاتەکانی کۆشک جگە لە زیندانێکی ڕەنگین هیچیتر نین.
هێڵى تەمەن لە دەستەکانیدا نابینرێ.
ناو لەپى ، وەک پێستى سکى بۆقێکى پیر،
ساف و جیڕە!
زەعیم:
زیندووێکى دیارى،
مردنێکى نادیارە! (دەقی پایزی زەعیم تەلعەت تاهیر).
ژیانی زەعیم نەخشە بۆ کێشراوە و دەبێ بەپێی ڕەچەتە و ڕێنمایی پزیشکی
تایبەت بژێت. وەک چۆن ژیانی زەعیم بۆ خەڵک ڕوون نییە، مردنیش نادیار
دەبێ و چۆنیان بوێ(چۆن بەرژەوەندی بنەماڵە و خێزان و خێڵ ..ببوورن
بەرژەوەندی گشتی و وڵات بخوازێ!!) وا ڕایدەگەێنن. پایزی زەعیم هەر
پایزی تەمەنی زەعیم نییە، بەڵکو ڕەوینەوەی ئەو ترس و بیمەیە کە دەسەڵات
بەدرێژایی ژیانی لە دڵ و بیری خەڵکیدا چاوندوویەتی. زەعیمە فیرعەون
ئاساکان وەک چۆن کاریان لەسەر تێکشکاندنی حورمەت و شکۆی خەڵکە، ئاواش
کار لەسەر بە بەهاربوونی دەسەڵاتیان دەکەن. بۆیە پایز لێرە هێمای
زەنگێکی ترسناکە بۆ عەرشی دیکتاتۆرە ملهوڕەکان. هێمایە بۆ ئەوەی
سەرباری هەر شکۆ و دەسەڵاتێک سەرتاپای ژیانیان پایزە و خاڵییە لە هەر
خۆشی و چێژێکی سادە. شێوازی ژیان و چۆنییەتی فەرمانڕەوایی کردنی زەعیم
بە دەوری خۆی کارئاسانی دەکات لە ناسینەوە و بەرجەستەکردنەوەی شوناسی
زەعیم.
(٤)
سەرئەنجام.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە شوناسی زەعیم دەبڵ شوناسە. زەعیم لە
یەک کاتدا بە هێزە و بێهێزە، خوێندەوارە و نەخوێندەوار، بەتوانایە و
بێتوانا، بە زەبرە و بێدەسەڵات، سەرحاڵە و نەخۆش، بەهەیبەتە و
بوودەڵەیە، خاوەن فەرمانە و ژێردەستەی گلەیی و بۆڵەی دایکیەتی. ئەم
دەبڵ شوناسە گوزارشتە لە دەبڵ ژیان و دەبڵ مۆراڵ و دەبل بیچم. دوو
وێنەیی ژیان زەعیم ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە هەموومان دەیزانین و
نایڵێین، هەستی پێدەکەین و خۆمانی لێ گێل دەکەین، دەیبینین و چاومان لە
ئاستیدا دادەخەین.. بە بۆچوونی من ئەمە ئەو جوانییەیە کە دەقی پایزی
زەعیم لە خۆیدا هەڵیگرتووە.
سەرەنجام لە سیاقی دەقی "پایزی زەعیم"ی تەلعەت تاهیر و لە گەڕان بە
دوای شوناسی زەعیمدا، دەتوانین بۆچوونەکانمان لەم خاڵانەدا چر
بکەینەوە:
یەک: شوناسی زەعیم دەبڵ شوناسە. شوناسێکی پتەو و بە زەبر(شوناسی
دەرەوە) و شوناسێکی لاواز و بوودەڵە(شوناسی ناوەوە). هەردوو شوناسەکە
لە یەککاتدا زەعیمی لە تەناقوزاتێکدا هێشتۆتەوە و ناچارە لەبەردەم ڕای
گشتی و دیوانی زەعامەتی خۆیدا نمایش بکات و وەک ئەکتەر ڕۆڵ ببێنی.
دوو: شوناسی زەعیم شوناسێکی ڕۆژهەڵاتییە و هەمان تایبەتمەندی
ڕۆژهەڵاتیانەی هەیە کە خۆی لە پیادەکردنی ستەمی بێئەوپەڕدا
دەبینێتەوە.. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی پێوانە دیموکراسییەکانی
دەسەڵاتدارێتیی ڕۆژئاوایە. ئەم شوناسی ڕۆژهەڵاتبوونە تایبەتمەندی ئەو
زەعیم و سەرکردانەی ڕۆژهەڵاتی ناوینن کە هەڵگری ڤایرۆسی دیکتاتۆریەتن.
سێ: دەقی پایزی زەعیم گەمەیەکی هونەری پارادۆکسییە و تەژییە لە
ئایرۆنی. شاعیر لە ڕێگەی نیشاندانی تەناقوزاتی ژیانی زەعیمەوە بەڵام بە
ڕێگەیەکی هونەرسازی ئایرۆنی، پلەیەکی هونەریی بەرزی بە دەقەکەی
بەخشیوە.
چوار: خەیاڵ و واقیع بە زمانێکی سادە و ساکار و جوان و بەرز
نەخشێنراون.
پێنج: زمانی دەقەکە دوورە لە زمانی نوخبە و گەمەی ئاڵۆزی زمانەوانیی.
شاعیر هەر ئەو ئامراز و ڕەگەزانە بەکار دەهێنێت کە مرۆڤێکی سادە
بەزمانی سادە دەریان دەبڕێت. شاعیر لە خاڵبەندییەوە خوێنەر دەباتە نێو
ئەو جیهانە سەرسوڕمانەکەی دەق.
شەش: حاڵەتی بەرز و نزمبوونەوەی وێناکردنی دۆخەکانی زەعیم حاڵەتێکی
دراماتیکە و ئاستەکانی ژیان زەعیم بوونەتە پەیژەی ناسینەوەی شوناس.
ئەم ئیشکردنە لەسەر واقیع و وێناکردنی بیچمی زەعیم بەو ئاستە لە تەکنیک
و هونەر چانسی ئەوە دەدا بە دەق تا لە دڵی خوێنەردا جێگای خۆی بکاتەوە
و لەپانتایی یادەوەریدا بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. دەقی "پایزی زەعیم
" دەقێکی فرە ئاست و فرە پەلوپۆیە و گەلێ خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێ کە
خوێنەری ڕەخنەگر دەتوانێ ئیشی لەسەر بکات و لایەنە نادیارەکانی بخاتە
ڕوو.
_____________________________
تێبینی: قەسیدەی
"پایزی زەعیم" نووسینی کاک تەلعەت تاهیر لە ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە ٣٨٠
ساڵی ٢٠١٠ بڵاو بۆتەوە. بەڵام بۆ ئاگاداری خوێنەر، بۆ سەرجەم کۆپڵە و
نموونە شیعرەکانی نێو ئەم نووسینە من پشتم بەو دەقە بەستووە کە کاک
تەلعەت تاهیر خۆی بۆی ناردم و بەڕێنووسی خۆی بڵاوم کردوونەتەوە.
_____________________________
سەرچاوەکان:
١- Myth and Modern Writer Alan wall, 2009. From
Myth, Metaphor, and Science Published by Chester Academic Press
کە لەم سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگیراوە.
http://www.rlf.org.uk/fellowshipscheme/writing/documents/MythandtheModernWriter.pdf
٢- The Myth series & Me Margaret Atwood Read
magazine Volume 6 Issue 1 p 35
٣- دراسة في ادب الفولکلور الکردي الدکتور عزالدین مصطفی رسول دار
الحریة الطباعة بغداد ١٩٨٧ ص ١٣.
٤- Roland Barthes Mythologies Translated by
Annette Lavers USA 1972 page 109
٥- The New Psychology of Leadership Identity,
Influence, and Power
S. Alexander Haslam, Stephen D. Reicher and
Michael J. Platow page 1
http://books.google.ca/books
سەرەتای مانگی حوزەیران
٢٠١٤ - کەنەدا
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|