په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٣

دیدارێکی کورت لەگەڵ مامۆستا رەزا ساڵح.

- پسپۆڕ لە بوای ئەدەبی منداڵان -

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

مامۆستا رەزا ساڵح نووسەرێکی چالاک و پڕ بەرهەم لە بواری ئەدەبی منداڵان؛ کە ساڵانێکە خزمەتێکی زۆری لەو بوارەدا کردووە و جێدەستی بەڕوونی دیارە. باسکردن لە ئەدەبی منداڵان، بەبێ باسکردن لە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا رەزا مانای نابێت. ڕۆژنامەی ڕەوت بەپێویستی دەزانێت چەند پرسیارێک ئاراستەی مامۆستا رەزا بکات، بەو هیوایەی پێكڕا بتوانین ڕۆشنایی بخەینە سەر چەند لایەنێکی ئەدەبی منداڵان.

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): مامۆستا رەزای ئازیز سڵاوت لێبێت و سوپاست ئەکەم بۆ پەسندکردنی ئەم دیدارە. سەرەتا با پرسم مامۆستا رەزا ساڵح کێیە و چی هانیدا ڕوو لە ئەدەبی منداڵان بکات؟
رەزا ساڵح: زۆر سوپاسی ئێـوەی بەڕێـز دەکـەم بـۆ سـازدانی ئـەم دیـدارە ئەدەبیـیە. ناوی تەوام (رەزا ساڵـح عـەلی) یە. نازناوی ئەدەبیم (رەزا شوان) ە، ساڵی (١٩٤٦) لە دێی (گۆگجە) لە ناوچەی (شـوان) ی سەر بە پارێـزگای کەرکـووک لەدایـک بـووم. خوێنـدنی سەرەتایی و ناوەنـدی و ئامادەیی (لـقی وێـژەیی)م لە کەرکووک و پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایانم لە باقووبە - دیالە تەواو کرد. لە ساڵی (١٩٦٩ ـ ١٩٩٥) لە چەند قوتابخانەیەکی شاری کەرکووک (باوا، مەشخەڵ، عـایشە،١٤رەمەزان) مامۆستا و جێگـری بەڕێـوەبـەر بـووم. لە (نەرویج) یش لە شاری (ڤـۆس و بـێرگـن) سێ ساڵ مامۆستای (زمـانی دایـک) زمـانی کـوردی بـووم.
لە ساڵی (١٩٧٠) دا، ئەنـدامی یەکـەم کـۆنگـرەی یەکـێتی نووسـەرانی کـورد بـووم لە بەغـدا، ئەنـدامی دەستەی دامەزرێنـەر و ئەنـدامی یەکـەم دەستەی بەڕێـوەبـەری (لـقی کەرکووکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووم. یەکەم ژمارەی گۆڤاری (گزنگ) م ئامادەکرد کە ئـۆرگـانی یەکـێتی نـووسـەرانی کورد ـ لـقی کەرکـووک بـوو. ئەنـدامی سەنـدیکای مامۆستایانی کوردستان بـووم.
لە ساڵی (١٩٧٠) یەکەم کتێبم بۆ منداڵانی کورد بە ناوی (هـەڵـەشـەیی) ەوە، لە بەغـدا چاپکرد، کە چـیرۆکێکی درێژە بۆ منـداڵان. یەکەم کتێـبە کە لە کەرکووک بۆ منـداڵان بە کـوردی نووسـرابێـت و چـاپکـرابێـت. لە ساڵی (١٩٧٠ ـ ١٩٧٣) بە نـاوی خـوازراوی (هـیوا شـوان) خۆبەخـشانە، پەیامنێری رۆژنامەی (هـاوکاری)بـووم لە کەرکـووک. لە ساڵی (١٩٨٤ـ١٩٩٤) ئامـادەکـەری بەرنـامـەی هـەفـتـانەی (جـیهـانی منـداڵان) بـووم، لە تەلەفـزیـۆنی کەرکووک. لە ترسی گرتن و فـشاری بەعـسی شۆڤـێنی، ساڵی (١٩٩٦) ڕووم لە هـەنـدەران کـرد و ئێستا خـۆم خـێزانەکەم لە نەرویـج دەژیـن. سێ کوڕ و دوو کچمان هەیە، لەماڵ و حاڵی خۆیاندان. لە نەرویجیش لەگەڵ دوو مامۆستا و چەند کچ و کوڕی لاو و منداڵـدا، زیاتر لە ساڵێک (رادیۆیی کوردستان) مـان دامەزرانـد و بابەتی هەمەڕەنگەی کوردیمان پێشکەش دەکـرد. لە ساڵی (٢٠٠٦) دا (کۆمـەڵەی منـداڵانی کورد)م لە نەرویج مەزرانـد، بە زمـانی کوردی و نەرویجی (٥) ژمارەی گۆڤاری (کوردیلەکان) مان دەرکرد. لە ساڵی (١٩٦٧) ەوە تا ئەمـڕۆ، لە چەنـدین ڕۆژنـامە و گۆڤـار و سایتی ئەلیکـترۆنی کوردیـدا، نووسینی هـەمـەچـەشـنەم بڵاوکـردۆتـەوە، بە تایبەتـیش لـە بـواری ئەدەبیـات و پـەروەردەی منـداڵانـدا. دانـەبـڕاوم بەردەوامـم لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا. تا ئێستا (١٠) کـتێبی چاپکـراوم هـەیە. کە بۆ منـداڵانـن و پەیـوەندیـان بە ئەدەب و رۆشنبیریی و زانستی منـداڵانـەوە هـەیە. گەر باسیان بکەم، لە زۆر کۆمەڵە و رێکخـراوی کەشدا، چالاکیم هەبـووە و هـەیە.
وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتـان، چی هـانیدام کە ڕوو لە ئەدەبی منـداڵان بکەم؟ کە منـداڵ بووم، بەیانیانی هـەینیی هەمـوو هەفـتەیەک، لە ڕادیـۆیی کوردی لە بەغـدا، گوێم لە بەرنامەی (باخچەی منداڵان) دەگرت، کە مامۆستای ڕەوانشاد (ڕەمـزی قەزاز) ئامادە و پێشکەشی دەکرد. لێرەوە هـۆگـری جیهـانی منـداڵان و ئەدەبی منـداڵان بووم. منداڵەکانمان گرنگتریـن سامان و سەرمـایەی گەلەکەمانـن، گرنگـترین ژێـرخانی نەتەوەییمانن. داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان، لە دەستی منداڵانی ئەمـڕۆماندایە. ئەم ئامـانجە ستراتیـژی و چارەنـووسسازەش لە رێی پەروەردەکـردن و ئاراستەکـردنی ڕاسـت و دروسـتی منـداڵانی ئەمـڕۆمـانـدا دێتـەدی. ئەدەبـی منـداڵانیـش پێوێستییەکی گرنگی منـداڵانە و بایەخی لە گرنگی هەڵمـژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە نووستن کەمتر نییە. شاعـیری گەورەی بـولگاری (ران بـوسـلیک) دەڵێت: "ئەدەبی منـداڵان، وەکـو هـەوای پاک و شـیری دایـک، پێـویسـتە هـەبـێـت". بە لای منـەوە، خـزمەتی منـداڵان و پەروەردەکردن و ڕۆشـنبیریکـردنیان بە دروسـتی، پێویسترین و پیرۆزترین ئەرک و خزمەتە. ئەم ئەرکەش لەسەر سەرشانی هەموومانە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): قۆناغبەندی ئەدەبی منداڵان پەیوەستە بە تەمەن و ژینگەی منداڵ، ئایا ئەو قۆناغبەندییە چۆنە و کامیان لەڕووی پەروەدەییەوە هەستیارترین قوناغی ژیانی منداڵانن؟
رەزا ساڵح: زاناکـان و دەروونـناسانی منـداڵان، بەپـێی گەشـەکـردنی فـسـیـۆلـۆژی و سایکـۆلـۆژیی و تواناکانی وەرگـرتـن و بـڕکـردنی خەیـاڵ و هـۆشی منـداڵان، تەمەنی منداڵییان کردوون بە چەند قـۆناغـێکەوە. هـەر قـۆناغـێکیش لە ڕووی زمان و توانای وەرگرتن و بـڕکردنی خەیـاڵ و گوزارشتکردن، پێویستی و تایبەتمەندیی خۆیان هـەیە. بەڵام سەرجەم دەروونناسان و پسپۆران و پەروەردەکاران، جەخت لە گرنگی قۆنـاغی بەرایی منداڵان دەکەن، لە (لەدایکبوونەوە تا تەمەنی شەش) ساڵان. بە گرنگترن و بە هەسـتیارترین و بە چارەنـووسسازتـرین قـونـاغ لە ژیـانی مـرۆڤـدا دادەنـرێـت، چونکە بناغـەی کەسایەتی لەم قـۆناغەدا دروست دەبێت، پـرەنسیپ و زۆربەی چەمکەکانیش، لەم قـۆنـاغـەدا لە هـزری منـداڵانـدا شـین دەبن. هـەر لـەم قـۆنـاغـەدا، پێـشبینی ئـەوە دەکرێت، کە ئەم منـداڵانە لە داهـاتوودا، چ کەسایەتییەکی ئەرێـنی یا نەرێنییان لێ دێتە ئـاراوە. بۆیـە گرنگـترین قـۆنـاغ لە ژیانی هەر کەسێکـدا، قـۆنـاغی زانکـۆ و خوێنـدنی باڵا نییە، بەڵکو قـۆنـاغی مـنداڵـیی بەراییە. لەم پێودانگەوە دەبێت ئەوە بـزانین کە چی ئەرکێکی پەروەردەیی گرنگ و چارەنووسسـاز لە ئەستۆی دایکان و باوکان و دادەکانی باخچەی منـداڵان هـەیە. هـەر هـەڵـەکـردن و سەقـەتـیـیەک لە پەروەردەکـردنی منداڵانی ئەمڕۆمانـدا بکـرێت. کارەساتێکی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە ڕاستکردنەوەی ئەسـتەم بێـت، هـەر هەمـووشـمان باجـێکی قـورسی ئـەم هـەڵانـەمـان دەدەینـەوە. (ئالـیزابێـت مـاخـت) دەڵێت:"لە کاتی ئەنجامـدانی پەروەردەکردنی منـداڵەکانمانـدا، هەر هـەڵـەیەک بکەیـن، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگـێک، کە لە پێنـاوی داهـاتـوویەکی باشـتردا دەسـتمان پێکـردووە". نووسەرانی بـوارەکـانی ئەدەبیـاتی منـداڵانیـش، گـەر نابـەڵـەدبـن لە پێـویسـتیـیەکـانی قـۆناغـەکانی منـداڵی و لە تایبـەتمەنـدییەکـان و لە زمـانی هـەر قـۆنـاغـێک، ناتـوانـن ئەدەبێکی گونجاوی پـڕ بە پێستی ئەو قـۆناغـە بنووسن. ئەمەش کێشەیەکی زەقـە لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی منداڵانی کورد دا. کە بە زۆری ڕەچاوی قـۆناغـبەنـدییەکان ناکەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): پەیوەندی نێوان منداڵ و خوێندنەوە دەبێت چۆن بێت و ڕۆڵی خێزان و بەتایبەتیش دایک و باوک چییە لەم پەیوەندییەدا؟
رەزا ساڵح: نکوڵی لەوە ناکرێت کە هەموومان لە ڕێی خوێنـدنەوەوە، پێگەیشتووین و پێشکەوتووین و خۆمان ڕۆشنبیرکردووە. بە دۆستکـردنی منداڵ لەگەڵ گۆڤـار و کتێبی منـداڵان و هـۆگـرکـردنیـان بە خوێنـدنەوە، بە پلـەی یەکـەم ئەرکی خـێزانە. لە وڵاتـانی پێشکەوتوودا، لە ژووری هەر منداڵێکـدا کتێبخانەیەکی خنجیلانە و جوان هەیە، کە بە کتێب و گۆڤـاری منـداڵان بەپـێی قـۆناغـەکانی تەمەنیان دەیڕازێننەوە. بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە، خوێندنەوە ببێت بە کولتوور و بەشێکی پێویست لە ژیانی ڕۆژانەیان و خـووی پێـوەبگـرن. بێگومان منـداڵان چـاولێکەرن و چـاو لە دایکان و لە باوکانیان دەکـەن. پێویستە دایکان و باوکان، ببن بە نمـوونە و سەرمـەشـق لە خوێنـدنەوەدا، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان چاویان لـێبکەن. لە هەر ماڵێکیشدا شەوان کاتێک (گەر ماوەکەی کورتـیش بێـت ) بە نـاوی "مـاوەی خـوێنـدنەوە" هـەبێـت. تا لـە منـداڵـییەوە، منـداڵان شەیـدا و تامـەزرۆی خـوێـنـدنەوە بـبن.
بە داخەوە لە کوردستاندا، ئەم هەست و هـۆشیارییە، لە لای خـێزانانی کوردمان کـز و لاوازە. لە جیاتی ئەوەی کە بە دیاری کتێب و گۆڤاری منـداڵانیان بۆ بکـڕن، دەمانچە و تـفەنگ و شـمشێری باغـەیان بۆ دەکڕن. هـاوڕێیەکی نووسەرم لە ئەمریکا، گـێڕایەوە وتی: کە منداڵ بووم، باوکم لە جیاتی ئەوەی گۆڤـارێک یا کتێبێکی منداڵانم بۆ بکـڕێت، چـوو خەنجـەرێکی بـۆم کـڕی و پێیوتم، ئەوەی دەرزییەکی پیاکـردی تـۆ خەنجەرێکی لـێـبدە. خوێندنەوە خۆراکی رۆحە. گرنگی کـتێبخانە لە ماڵەوەدا، لە گرنگی چـێشتخانە کەمتر نییە، گەر زیاتر نەبێت. لە هەر ماڵێکـدا کـتێبخانەی تێـدا نەبێت، بە ماڵی نازانم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): وەک دەزانین جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەشێوەی پەروەردە، هەورەها لەنێو کورددا گوێگرتن لە داستان و حیکایەتەکانی بەرئاگردانی کەسە بەتەمەنەکانی خێزان وەکو نەنک و باپیرە ڕۆڵی خۆیان هەبووە لە دیاریکردنی کەسایەتی منداڵ. ئایا چیرۆکە ترس و ئەفسانەئامێزەکان دەتوانن چی بۆ منداڵی کورد بکەن؟
رەزا ساڵح: جیـاوازی لە پـەروەردەکـردنـدا، دەگـەڕێـتـەوە بـۆ ئاسـتی هـۆشـیاری و ڕۆشنبیریی خـێزانەکان. کە چۆن بە دروستی گۆش و پەروەردەی منداڵەکانیان بکەن. ئـەو داسـتان و حیکایەت و ئەفـسانـانەی کە بەڕێـزتـان دەیـڵـێن، بەشـێکی گرنگـن لە کولتووری بۆجێماو. هەر گەلـێک شانازییان پێوە دەکات و دیانپارێـزێت. ئێـمەی کورد خاوەنی بە دەیان نەزیلە و چـیرۆک حیکایەت و و داسـتان و ئەفـسانەی فـۆلکۆری و میللـیین، کە زادەی خەیـاڵ و هـزری بـاو و باپـیرانمانن، پـشتاوپـشت و دەمـاودەم بە زارەکی گـێڕاویـانەتـەوە، تـا بـە نـەوەی ئەمـڕۆمـان گـەیـشـتـوون. مـۆرک و شـەقـڵی رەسەنایەتیی کوردییان پێوە دیارە و کاڵ نەبوونەتەوە، بەشێکن لە ئەدەبی کوردیمان و شانازییان پێـوە دەکـەین. گـێڕانەوەی ئـەو چـیرۆک و حـیکایەت و ئەفـسانانە بە زاری داپیران و باپیران چێژ و خۆشییەکی تایبەتییان هەیە. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە بەشێکی زۆر کەمی ئـەو چـیرۆک و حیکایەت و ئەفـسانانە بـۆ منـداڵان گـونجـاون، بە زۆری بۆ گەورەکان وتراون. هەندێ لەو ئەفسانانە بابەتی ترس و تۆقـین و توندوتیژی و شەڕ و کوشتنیان لەخۆگرتوون و بە تـراژیـدیا کۆتاییان هـاتووە، یا دەعـبای خەیاڵیی تـرسناکی وەکو، جنـۆکە و خـێو و تـارمایی و دێوودرج و شومقار و ئەژدیهـایان تێدایە. ئەمانە تـرس دەخەنە دەروونی منـداڵان و لەوانەیە شەوان بێـنە خەویـان و کاریگەری خـراپیان لەسەر دەروونیان ببێت. بۆیـە پێویستە ئەو چـیرۆک و حیکایەت و ئەفسانانە بۆ منـداڵانی کوردمان هـەڵـبژێـرین کە دوورن لەو فـاکتەرە نەرێـنی و زیانبەخـشانەوە. لـە ئەمـڕۆشـدا، لـە سـایـەی شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و داهـێـنانی سـەیـر و سـەمـەرە و گـڵوبالـیزمدا، منـداڵان سەرقـاڵی تەلەفـزیـۆنی ڕەنـگاوڕەنگ و ئایپـاد و ئـینـتەرنێـت و ئـایـفـۆنی زیـرەک و سـینەمـای منـداڵان و فـیلمی کارتـۆن و شانـۆن، کەمـتر ڕوو بە لای چـیرۆک و حیکایـەت و ئەفـسانەکانـدا دەکـەن. لە لایـەکی کەشەوە، مانـگانە گـۆڤـاری ڕەنگاورەنگ بـۆ منـداڵان دردەچـێت. ساڵانـەش بەدەیـان کـتێـبی چـیرۆک و شیعـر بۆ منـداڵان چـاپ دەکرێـن. منـداڵان ڕۆژانـە سەیـری ئـیـنـتەرنـێـت دەکـەن و سـوود لەو بابـەتە هەمەڕەنـگانە وردەگـرن کە بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نووسـراون.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): منداڵ لەنێوان چیرۆک و شیعردا کامیانی لا پەسندترە؟ کردەی وەرگێڕانیش لە زمانە زیندووەکانی جیهانەوە بۆ سەر زمانی کوردی بایەخی خۆی هەیە و وەک ئاداگارم بەڕێزتان لە ئینگلیزییەوە کاری وەرگێران بۆ منداڵان دەکەن، وەرگێڕان تا چەند پێویستە و چیبکرێت تا ئەو لایەنە پەرە پێبدرێت؟
رەزا ساڵح: چـیرۆک و شیعـر دوو ژانـرن لە ژانرەکانی ئەدەبی منـداڵان. هەرەیەکەیان چـێژی خۆی هەیە و کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەیە. کامیان لای منداڵان پەسەندترە؟ ئەم پرسیارە وەک ئەوە وایە کە لە منـداڵان بـپرسین: دایکـتان خۆشدەوێـت یا باوکـتان؟ بێگـومان دەڵـێن هەردووکیانمان خـۆشـدەوێـت. بەڵام دەکـرێت لە تەمەنی (٣) ساڵییەوە چـیرۆکی کـورت و ئاسـان بـۆ منـداڵان بگـێڕینەوە. بەڵام شیعـر و سـروود، کە کـێش و سـەروادارن، دەکـرێـت لە چــوار سـاڵـییەوە و فـێـربـکـرێـن و چـێـژی لـێـوەربـگـرن.
وەرگـێڕان لـە هـەمـوو زمـانـەکـانی جـیهـانـدا هـەیە و بەشـێکە لـە ئـەدەب، منـداڵانی کوردمان لە رێی وەرگـێڕانەوە ئاشنای کـولتوور و ئەدەبی منـداڵانی گەلانی تر دەبن و سـوود لـە لایـەنە ئەرێـنییەکـانیـان وەردەگـرن. وەرگـێرەکـانـیش هـەمـیشە هـەوڵی وەرگـێڕانی بابـەتی هـەڵـبژاردە و نـاوازەی نـووسـەرە بەنـاوبـانـگەکـان دەن.
بۆ پەرەپێـدانی وەرگـێڕانی بابـەتی منـداڵان، پێـویـسـتە بەڕێـوەبـەرایـەتی رۆشـنبـیریی منـداڵان ـ سـەربە وەزارەتی رۆشـنبـیریی کوردستان یـان یەکـێـتی نـووسـەرانی کورد، لیژنەیەکی وەرگێڕانی شارەزای زمانەکانی بیانی دروست بکەن و بودجـەیەکی دارییان بۆ تەرخـان بکەن. تا بتوانن ساڵانە کۆمەڵێک کتێب لە زمانەکانی جیهانەوە، لە بواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، وەربگـێڕن بۆ سەر زمـانی کوردیمـان. ئەگەر بیانەوێـت دەکـرێـت. تا ئێستا کۆمەڵێک چـیرۆک بۆ منداڵان لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی و لە سایتە ئەلیکترۆنییەکان و لە گۆڤارەکانی منداڵاندا بڵاوم کـردوونەتەوە.


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): با ئەوەش بپرسم؛ ئایا ئەو بایەخەی لە کوردستان بە ئەدەبی منداڵان دراوە، چەند جێگای دڵخۆشین؟
رەزا ساڵح: کۆمەڵـێک لە نووسەرانی دڵـسۆز و بەتوانا و ناسراوی بواری ئەدەبیاتی منـداڵانی کـورد، جێ پەنجـەیـان لە پێشخـستـنی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کوردمـان دیـارە، سەرەڕای ئـەو گرفـتانەی کە هـاتـوونەتە رێیـان، بە تایبەتیـش پشـتگـیری نەکـردنی دارایی. تا ئێستاش بەرپـرسانی رۆشـنبـیری لـە کوردستانـدا، بە چـاوێـکی کەمـتر لە ئەدەبیاتی منداڵان دەڕوانن و هـاوکاریی نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان ناکەن. گەر لە ساڵێکدا دوو و سێ کتێبی منداڵان چاپ بکەن یا نا، ئەوەش لە ڕێی واستەکارییەوەیە. بـۆیە جـێگای دەستخـۆشی و دڵخـۆشی نیـن، هـەمووشی لـەژێـر بیـانـووی قـەیـرانی داراییـدایە. کەچـی بە دەفـتەر بـۆ گـۆرانـبـێژ و وەرزشکارانی بیـانی خـەرج دەکـەن.


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): مامۆستا رەزا گیان، سوپاس بۆ کاتت، سوپاس بۆ بەدەمەوە هاتنت، سوپاس بۆ خەمخۆریت، عەزیەتم دایت، من پرسیارێکی ترم نەماوە. ئەگەر بەڕێزتان هەر قسەیەک یا پەیڤێکتان ماوە و بتانەوێت باسی بکەن، بفەرموون.
رەزا ساڵح: سەرەڕای ئەو گلەییانەم لە هاوکاری نەکردنی نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، گەشـبینـم بە پێشکەوتن و بە داهـاتوویەکی گەشـتر بـۆ ئەدەبیـاتی منـداڵانی کوردمان. چونکە نووسەرانێکی دڵسۆزمان هـەیە.. ئامـادەن لە ژەمـەکانی خواردنیان کەم بکـەنەوە، تاپـارەی چـاپکـردنی نووسـیـنەکـانیـان بـۆ منـداڵان، کـۆبـکەنـەوە.
لە کۆتـاییدا، دووبـارە زۆر سوپـاسی ئێـوەی بەڕێـز دەکـەم، کە ئەم دەرفـەتەتـان بۆ ڕەخسانـدین. بۆ ئەوەی چەنـد تیشکێک بخـەینە سەر ئەدەبیاتی منـداڵان.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک