په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠٢١

دیدارێک لەگەڵ پابلۆ نیرۆدای شاعیر.

 

 

سازدانی: ئێریک بۆکستڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەشێکی ئەم چاوپێکەوتنە بۆ یەکەمجار لە پڕۆگرامێکی یەک سەعاتیی ڕادیۆیی بە ناوی (نیرۆدا شاعیری هەردوو کیشوەری ئەمریکا)، بڵاو کرایەوە، کە ڕادیۆی کەنەدا لە ساڵی ١٩٧١دا پەخشی کرد. چاوپێکەوتنەکە بە زمانی فەرەنسیی ئەنجام دراوە، ئەو زمانەی کە پابلۆ نیرۆدا باش دەسەڵاتی بەسەردا دەشکا و لە دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە زانکۆی سانتیاگۆ خوێندبووی. لێرەدا بۆ یەکەمجار تەواوی چاوپێکەوتنەکە بڵاودەکەینەوە.

 

ئێریک بۆکستڵ: ئەوانەی شیعری تۆیان خوێندبێتەوە،لە یەکەم نیگادا سەرنجیان بەلای جیهانبینی کرێکارانی شیعرەکانتدا ڕۆیشتووە و هەندێکیش پێیان وایە تۆ شاعیرێکی سیاسیت.

پابلۆ نیرۆدا: من بەپێداگرییەوە پێت دەڵێم کە شاعیری سیاسیی نیم. من ڕێگە بەو پۆلینکردنە نادەم کە جەغد لەسەر ناسینی من وەک نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیای ئیلتزامی شیعریی دەکات. ئومێدی من وەک نووسەرێک ئەگەر ئومێدێک هەبێ، ئەوەیە کە دەربارەی هەموو ئەو شتانە بنووسم کە دەتوانم بیان بینم و دەستیان لێبدەم و بیانناسم و خۆشم بوێن یان ڕقم لێیان بێتەوە. بەڵام ئاڕاستەکردنی پەنجەی ئاماژە بۆ " جیهانی کرێکاران"ی من، وام لێدەکەی بە ڕێگەیەکی نائاگایی و پەیگیرانە ببمە قسەکەری (وتەبێژی) نیگەرانییەکانی کۆمەڵانی کرێکاران یان یەکێتییە کرێکارییەکان، کەمەش ئەسڵی مەبەستەکە نییە. من تەنها لە بەشێک لە شیعرەکانم زایەڵەی نیگەرانییەکانی جیهانی هاوچەرخم و نیگەرانییەکانی جیهانی ئەمریکای لاتینم. بەڵام ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە لە ژێر تایتڵی شاعیری سیاسیی پۆلینبەند بکرێم.
ئەو شاعیرانەی کە هەرگیز بۆیان نەکراوە لەگەڵ هەستی خەڵکەکانیاندا لە پەیوەندیدا بن، یانیش ئەوانەی کە هەردەم بێدەربەست و کەمتەرخەم بوون و شیعریان بۆ هاندان و ئامۆژگاری لە ڕێی گوشینی واقیعەوە نووسیوە، زیاتر شاعیری سیاسی سەردەمی ئێمەن. چونکە بەهۆی دوورەدەستی شیعرەکانیانەوە لە بزووتنەوەی مەدەنیانەی گشتی و گەشەی جیهان، هاتوون بەشدارییان لە ڕاگرتنی ئەو گەشەکردنە کردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو کەسانە - ئەو شاعیرانەی کە ئەم جۆرە لە شیعری سیاسیی دەنووسن- زیاتر شاعیر و نووسەری کۆنەپەرستن.
بەلای منەوە نووسین دەربارەی کرێکاران، نووسین دەربارەی کۆڕ و کۆمەڵەکانیان(ئاپۆرەی خەڵک) بەرئەنجامی هەستەکانمە. ئەمەش هەر ڕەشکردنەوە نییە و هیچ پەیوەندیشی بەو ئایدیلۆژیایەوە نییە کە شیعرەکانم ئاڕاستە دەکات. من هۆشیارم بە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەمریکای لاتین و جیهان، وەک چۆن هۆشیارم بە ئۆقیانووس و گوڵ و ژیان. ئەوە سروشتییە ئەو دیمەنەی زۆرتر جوڵاوتر یان گەشەسەندووتر و گەورەترە کە سەرجەم مرۆڤایەتی پێوەی دەرگیرە- بەردەوام چاودێری بەشێک لە شیعرەکانم بکات. بەڵام بە گشتی ئەگەر بەشی سیاسی لە شیعرەکانم (کارەکانم) دەربکەی، ئەو بەشەی کە کەسێک پێی دەڵێ سیاسیی یان کۆمەڵایەتی ناگاتە یەک لەسەر چوار یان لەسەر پێنجی کارەکانم. بۆیە هەمیشە ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە پۆلینبەند بکرێم. ئەو پۆلینبەندییەی دەیەوێ پۆلینبەندێکی ناحەزانە و سەرپێیانەم بداتێ. من شاعیری مانگم. من شاعیری گوڵم، من شاعیری خۆشەویستیم. ئەمەش بەو مانایەیە کە من تێگەیشتن و تێڕوانینی کۆنم لە شیعردا هەیە، ئەمەش بەرپەرچدانەوەی ئەوەی نووسیومە و ئەوەی دەینووسم نییە. بەرپەرچدانەوەی ئەو شیعرانەی لێبڕاوانە بۆ گەشەی کۆمەڵگە و هەروەها بۆ پەرەسەندنی دەسەڵات و ئاشتی نووسیومن نییە.

ئێریک بۆکستڵ: تۆ ئێستا ئەمەت وت کە شاعیری ئەستێرە و گوڵ و خۆشەویستیت. دەشێ کەسێک ئەمەی بۆ زیاد بکات شاعیری بەرد و دار و ڕووبار و چیای ئەم کیشوەرە تازەیەی. زۆرجار بیر لە یەکەم گەڕیدەی ئەوروپی دەکەمەوە کە هەوڵیداوە ئەم جیهانە وەسف بکات. هێرناندۆ کۆرتێز(١) کە لە وڵاتی مەکسیکەوە نامە بۆ چاڕڵسی پێنجەم دەنووسێ، بە زەحمەت دەتوانێ وەسفی ئەوە بکات، کە دەیبینێ، لەبەر ئەوەی وشەی پێویستی نەدەزانی بۆ ئەو وەسفانە. چەند گرنگە ئەو گرفتەی کە بە جیهانی نوێ ناوزەد کراوە؟

پابلۆ نیرۆدا: لێمگەڕێ با بڵێم کە ئەوە کێشە نەبوو. ئەوە کاری ئێمە بوو. کاری شاعیری ئەمریکای لاتین بوو کە ناو لە سەرجەم خولقاوەکانی جیهان بنێ. لەو کاتەوەی کە ناو، کە وشە، یەکەم شت بوو کە بوونی هەبووبێ بێ زانیاری یان ناونانی شتە بنچینەییەکان. بۆیە ئێمە لە دۆخی ڕێکخستنی شاردنەوە و بە نهێنیکردنی مەتریاڵەکانین. ئەم زانیارییەش بۆ کیشوەرەکەی ئێمە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دووایی، ئەو سەردەمەی کە دەستم بە نووسین کرد دوای دەیەی بیستەکان کە خوێندکارێکی زانکۆ و شاعیرێکی لاو بووم، خۆی نواند و هاتە بەرباس. بێ هاوتاترین کلتووری سەرنجڕاکێش کلتووری ئەوروپی، بەتایبەتی کلتووری فەرەنسیی بوو. وە هەرچەندە ئێمە نووسەرمان هەن، نووسەرگەلێکی بەهرەدار کە تەنها بە زمانی فەرەنسی نووسیویانە. نووسەرە ئیکوادۆرییەکان ، ئەوانەی بەچاوێکی سووکەوە لە کیشوەرەکەی خۆیان دەڕوانی، نەیان دەزانی کە تەنها ئاراستەی خۆیان ناگۆڕن، بەڵکو زمانیشیان دەگۆڕن. جا وەک دژەکردارێکیش بۆ ئەم هەڵوێستە جوانیناسییە کە هەڵوێستێکی چینایەتیش بوو، ئۆلیگاریشە گەورەکانی ئەمریکای لاتین وا خۆیان دەنواند کە نوێنەری کلتوورێکی بەرزن و دەیانویست بە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی ئەوروپی و خەڵکەکەیەوە پەیوەست بن. لەو سەردەمەدا جۆرێکی تایبەتی هونەر لە پێناو هونەر لە ئەمریکای لاتین برەوی هەبووە(باڵا دەست بووە). ئەمە نە داهێنانی منە و نە هی ئەوانەشە کە لەو سەردەمەدا دەستیان بە نووسین کردووە، کە پاڵنەری بایەخی ئێمە بۆ وڵاتەکانمان و خەڵکەکانمان بن. ئێمە ئەم بیردۆزەیەمان دانەهێناوە. ئەم بیردۆزەیە هەر لە سەرەتاوە هەبووە و هەر لەگەڵ یەکەم شاعیرەوە هەبووە کە لە داگیرکەران یان گەڕیدەکان هاتۆتە دەرێ. ئێمە نموونەی ئەرسیلای(٢) شاعیرمان هەیە. بناغەدانەری شیعر لە وڵاتەکەم کە ئیسپانییە. نوێنەری چارڵسی پێنجەم،(٣) کە لەگەڵ یەکەم شەپۆڵی داگیرکەران هات و دراماترین و سەرنجڕاکێشترین شتی لەسەر شیللی و هیندییە سوورەکان نووسیوە کە بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ بەرگرییان لە ئازادی خۆیان کردووە. ئەوە ئەرسیلا بوو کە لەراستیدا هەڵگری ڤایرۆسی جەغدبوونی ئێمە بوو. بەڵام لە سەدەی نۆزدە ئۆلیگاریشی دەوڵەمەندمان هەبوون کە کیشوەرەکەمانیان لەلایەن سەرمایەدارییەوە دەچەوساندەوە. ڕێی بۆ چینێکی ئەرستۆقراتی خۆشکرد کە لە چەوسانەوەی بەربڵاوی خەڵک بێتە دەرێ ئەمەش بووە هۆی جێکەوتەبوونی شێوازی ژیانێکی ئەوروپی. جا بەهۆی ملکەچبوونی ئەم کاریگەرییە و سەرسەختییەکەی کە تا ئەمڕۆش هۆشیاریانە یان ناهۆشیارانە گەلێ لە شاعیرەکان ویستویانە ببن بە ناوداری جیهانیی و لە ڕێگەی ڕۆشنبیری ئەوروپییەوە خۆیان بە ڕۆشنبیری یونیڤێرساڵی (جیهانیی) لێكهەڵپێکن. بەڵام ئێمە کەوتینە شوێن پێی هەڵگرتنی با و باپیرانمان. ئێمە دەبێ تێڕوانینمان بۆ ژیان سەبارەت بە دەستەنگی و ئازاری خەڵکەکانمان لەسەر ڕووپەڕێکی جوگرافیا و سەرزەمینێکی فراوان و ڕووداوگەلێکی مێژوویی گەورە و دیاردەگەلێکی سروشتی مەزن لە ئەمریکای لاتیندا وەلا بنێین. ئەمەش شتێکی نوێ نییە. بەڵام بەو پێیەی سەر بە نەوەیەکی نوێین و ململانێی چینایەتیش تا دێ زیاتر و زیاتر دەبیتە جێی بایەخ، ڕووبەڕووی خەباتی کەسی (شەخسی) و گۆشەگیریی کرێکاران بووینەتەوە. بەم کارەشمان ئەو پەیوەندییەمان بڕی کە ئێمەی بە ئۆلیگاریش دەبەستایەوە. بەدڵنییایشەوە لەگەڵ ئەم شێوازە ئەوروپییەی کە بە ئاشکرا نەمردووە بیپاریزین چونکە لەوانەیە مرۆڤ باش و خراپی دۆخەکە لەناو یەک سەبەتەدا دانەنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە کەلەپوورێکی مەزنی ڕۆشنبیری ئەوروپیمان هەیە کە ڕێزی لی دەگرین و پێی سەرسامین کە بە بێ ئەو کەلەپوورە نە دەتوانین بژێین و نە دەشتوانین وەکو نووسەر و بیرمەند بەرەوپێش بچین. ئێمە زۆر قەرزاری ڕۆشنبیری ئەوروپین. ئەرکی سەرشانمانە ڕۆشنبیری تایبەت بە خۆشمان دروست بکەین(دابهێنین). ئەمەش مانای ئەوەیە کە بایەخ بە کیشوەرەکەمان بدەین و خۆمان بین و ئەمەش ڕێگەیەکی سەختە. ڕێگەیەکی زۆر ڕەسەنیشە، ڕێگەیەک کە هەندێکجار بەرەو بێتامیمان دەمانبات. باشە ئێمە نە لە بێتامی دەترسین و نە لە واقیع،کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان سروشتییانە قەبووڵە کاتێک دان بە پێویست بوونی شتێک لە ڕۆشنبیری ئەوروپیدا دادەنێین.

ئێریک بۆکستڵ: ئەی ئەوە ئامانجی کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ(٤) نەبوو؟

پابلۆ نیرۆدا: کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ هیچ تیئۆرییەکی نەبووە. لەو ساتەوەی دەستم بە کارکردن کرد کۆمەڵێ بابەتم دۆزییەوە کە لە وێدا بوون. بە گشتی من دژ بە تیئۆرم. کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ کە ئیشێکی ئۆرگانیکییە و شێوازێکی تایبەت بەخۆی وەرگرت و نامەوێت لە ڕیزبەندی (دۆخی)شیعری کلاسیکی دایبنێم. بەڵام لە کۆتاییدا شێوازێکی هاوشێوە(چوونیەک) هەیە سەرباری گشتی بوونەکەی تەنها مەسەلەی مەعریفەی(هەست پێکردنی) لەناکاو نییە بەڵکو ژیانی ئۆرگانیکی هەموو ڕۆژەی ژیانمە. بۆیە لە فراوانترکردنەوەی ئەم مەعریفەیەوە توانیم ئەم کتێبە بەهەمان دڵسۆزی و هەمان خۆشەویستی بۆ هەموو ناوچە و وڵاتانی کیشوەری ئەمریکا بنووسم. من تێبینی دەکەم کە بەرهەمی تاقیکردنەوەی لێکدانەوە جیاوازەکان لە توانایدایە ببێتە هۆی هێنانە دەرەوەی کارێک. باشتر بڵێـم کتێبەکە لەگەڵ لەدایکبوونم یان لەگەڵ هەستپێکردنێکی لەناکاوی خۆم بە خۆم وەک نووسەرێک، دەستی پێکردووە. کانتۆ جەنەڕاڵ لە واقیعدا تەماحی ئەوەی هەبوو لەهەموو شتێکدا خۆی فراوان بکاتەوە و لە هەموو دیاردەکانی کیشوەری ئەمریکا ورد بێتەوە. تەنانەت لە هەندێ بەشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە باکووری ئەمریکا. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەوە گەشەی کەسێتی و شاعیری ئەمریکای لاتینە کە کیشوەرەکەی خۆی دەناسێ و دەیەوێت بچێتە نێو ئەو شوێنانەی کە هێشتا پێی ئاشنا نییە. ئەوە ئەو شیعرەیە کە کۆتایی نەهاتووە و دەکرێ لەلایەن سەرجەم شاعیرانی ترەوە درێژەی پێ بدرێ. ئەمەش کارێکی داخراو نییە ، بەڵکو کارێکێ کراوەیە بە جۆرێک کە هەموو ڕەوت و داهێنانە تازەکان و هەموو کێشە نوێیەکانی ئەم کیشوەرە تازەیەی تیا ڕەنگ دەداتەوە.

ئێریک بۆکستڵ: تۆ ئەم بەرەو مەعریفەی کیشوەرییە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

پابلۆ نیرۆدا: لەڕووی مێژووییەوە ئەم بەرەو مەعریفە کیشوەرییە لەگەڵ بایەخی گەشەی ئۆلیگاریشەکان و چینەکان بۆ بۆرژوازی گەورە لە ئەمریکای لاتین لە سەردەمی ڕۆبن داریۆ(٥) ڕێک دێتەوە. ئەوکات هەستێک هەبوو بەوەی مرۆڤ دەتوانێت ناوی شۆڕشی پێچەوانە لەو گۆمەڵگەیانە بنێت. گەر بمانەوێت وشەیەکی تر بەکار بێنین، ئەو وشەیەش (ئەنتی بۆلیڤیاری)یە. بۆلیڤار(٦) لەڕوانگەی سەرتاپای کیشوەرەوە بیری دەکردەوە. ئازادیخوازانی وەک سان مارتن(٧) و سوکری (٨) و ئۆهیگینز(٩) هەمیشە بیریان لە ئەمەریکای لاتین دەکردەوە وەک تاکە کیشوەرێکی مەزن، تەقریبەن وەک یەک وڵات چاویان لێدەکرد. بۆیە بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکان تێکەڵی یەکتر دەبوون. بۆیە بۆلیڤار لە ڤەنزوێلا لە دایک دەبوو کەچی خۆی لە پیرۆ دەبینییەوە. سان مارتن ئەرجەنتینی بوو تا ئەوسەری ئیکوادۆر نەوەستا. ئۆهینگز کە خەڵکی شیلی بوو ماشێنی ڕزگاریخوازی پیرۆی شکل و شێوە پێدا. لەهەمان کاتیشدا هەستی ناسیونالیستیش زۆر بەهێز بوو بەڵام ئەو هەستانە قەڵبەزەیان دەکردە نێو نێشتمانپەروەرییەوە. بەڵام بۆرژوازی، بۆرژوازی گەورەی دروستبووی دوای سەربەخۆیی کیشوەری ئەمریکای لاتین، بە چالاکی دیاریکراوی خۆی، ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بینی لە گۆشەگیر کردنی وڵاتانی ئەمریکای لاتین. ئەمەش پرۆسەیەکی زۆر درێژە کە بەشێوەیەکی ڕوون بەستراوەتەوە بە دەرەبەگایەتی و لەوێشەوە دووبارە بەستراوەتەوە بە ئیمپریالیزم. ئینجا ئەمریکای لاتین بوو بە چەند سندوقێکی بەسەریەک داخراودا. ئەمەش یانی سیاسەتی ملکەچکردنی ناوخۆیی کە ئیمپریالیزمی بەریتانیا و ئەڵمانیا و دواتریش وڵاتە یەکگرتووەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم گۆشەگیرییەدا هەبووە. بەمەش ئاستەنگی پەیوەستبوونی عەمەلییان لەنێوان ئەو وڵاتانە پێکهێنا کە بە هەمان زمان قسە دەکەن و سەربە هەمان ڕەچەڵەکن.
ئەم گۆشەگیرییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لەنێوان وڵاتانی خۆمان ئێستا تەنها زەمینلەرزەکان یان بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان یان بزووتنەوە تیرۆریستییەکانمان هەن. بەڵام سەبارەت بە ئەمریکای باکوور هەموو شتێک دەزانین. خوێنەری سەرەتایی و خوێنەری هاوچەرخ هەموو شتێک دەربارەی جیابوونەوەی خانمە ئەکتەرەکانی هۆلیود تەبیعیش گشت شتێک دەربارەی شازادە مۆناکۆش دەزانن. کەچی خەباتی کرێکاران و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئەندامگیریی سەندیکا کرێکارییەکان و کارە زانکۆییەکان و تەنانەت ئەو کتێبانەش کە نووسەرە گران و ئاڵۆزخوازەکان دەینووسن بە زەحمەت لە سنوورەکانەوە دەپەڕنەوە. بەڵام بەهەرحاڵ بەپێی ماریارتیگی،(١٠) نووسەر و فەیلەسوفی ماتریاڵیستی پیرۆ، بزووتنەوەکەمان و ئەم نەوەیەی ئێستا جارێکی تر بە بیروباوەڕی بۆلیڤارییەوە بیریان کردۆتەوە بەوەی کە کێشەی خەڵکی ئەمریکای لاتین یەک کێشەیە. ئینجا چەندین کارمان بەرهەمهێناوە کە شوێن پێی ئەم نموونەیە هەڵدەگرن و ئەمەش دۆزینەوەیەکی تازەیە.کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ یەکێکە لەو کارانە. بەڵام پێموایە کە بیرۆکە سیاسییەکە کیشوەرانەیە، وە هەست و سۆزی نووسەرانی نەوەی نوێمان دوای نزیک بە سی ساڵ بەزۆری لەیەک ئەچن ئەمەش دەبێتە هۆی هاتنە دەرەوەی یەک شێوە لە بیرکردنەوە - بەتەبیعەتی حاڵ لەگەڵ جیاوازگەلێکی زۆر گەورە - وەک یەک کیشوەر کە هەمان گرفت و کێشەی نەخوێندەواری و نەزانی و دواکەوتوویی هەیە.

ئێریک بۆکستڵ: جەنگی ئەهلی ئیسپانیا پێدەچێت پێکدادانێکی هاوشێوەی لەمجۆرە بێت.

پابلۆ نیرۆدا: لەڕاستیدا جەنگی ئەهلی ئیسپانیا تێڕوانینێکی تازەی بەخشی بە ئەدەب و بەشێوەیەکی بەربڵاویش لە بەرهەمەکانی نووسەرانی ئەمریکای لاتین ڕەنگی دایەوە. ئەوە زۆر ڕوونە کە هیج دیاردەیەک وەک جەنگی ئەهلی ئیسپانیا بۆ نووسەران و خەڵکی ئەمریکای لاتین لەمێژووی هاوچەرخدا پڕ بایە نەبووە. ئەو جەنگی ئەهلییەش تێگەیشتنێکی فرەلایەن و فرە دەستەجەمعی فێرکردین سەبارەت بە کێشەکانمان و بۆچوونەکانمان. ئەمەش ساتی لێک نزیکبوونەوەی نووسەرانی ئەمریکای لاتینی بار هێنا. ئەوە ڕاستە کە ئێمە لەوێ بووین. ڤالیجۆ(١١) و پاز(١٢) و من، کە ئەمەش ڕێگری لە جیاوازی بیروبۆچوونمان و بەرهەمی هەر یەکەمان نەدەکرد. بەهەرحاڵ پێموایە تۆ مافی خۆتە ئاماژەی پێبدەی و چونکە کاتێ ئەڵێم جەنگی ئەهلی لە ئیسپانیا بۆ یەکەمجار یەکدەستی نووسەرانی ئەمریکای لاتینی ڕوو بە دیاردەیەکی مێژوویی نواند، بەو مانایەیە کە کاریگەرییەکەی بە شێوەیەکی سروشتی لە گەشە و بەرەوپێشچوون لە کیشوەری ئەمریکای لاتین بەردەوام دەبێت.

ئێریک بۆکستڵ: کەسانێک هەن دەربارەی ئەو جۆرە شیعرە دەدوێن و هاوتای دەکەن بە ماتریاڵیست و تەنانەت بە ماتریاڵیزمی مێژووییش.

پابلۆ نیرۆدا: پێموانییە شیعر لە ماتریاڵیزمی مێژووییەوە بهێنرێتە کایەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە ماتریاڵیزمی مێژوویی توانایەکی زانسیی و فەلسەفییە کە سەرجەم دیاردەکان دەگرێتەوە. ئەگەر کەسێک ماتریاڵیزمی مێژوویی لە شیعرەکانمدا بدۆزێتەوە ئەوا ئەمە شتێکە لەدەرەوەی خۆم. من لە کارەکانی خۆمدا نە بەشوێن ماتریالیزم و نە مادیی بوونم و نە بەدوای ڕوحانییەتی مێژووییەوەم. من تەنها ئەنووسم و بەس. تەنها شتێک کە پێویستیم بە نووسینیەتی ئیرادەی نووسین و کاغەز و قەڵەمی ڕەساسە. هەموو ئەو تێڕوانینانەی خەڵک دەربارەی شیعری من هەیانە، بۆ من شتگەلی دەرەکین. ئەگەر کەسێک پەیوەندییەکی فەلسەفی بدۆزێتەوە ئەوە بەرپرسیارێتی (کێشەی) من نییە. من دەرگا بەکراوەیی بەڕووی هەموو ئەمانە دەکەمەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەتوانم بڵێم من کەسێکی ماتریالیستیم لەناو مانای شیعریدا. ئەمەش مانای وایە من ناتوانم قسە بکەم یان گۆرانی بڵێم یان بنوسم تەنها لەسەر شتە هەستپێکرا و بینراوەکان نەبێ. ئەگەر خەڵک ئەمە بە ماتریاڵیزم دەزانن، ئەوا من ماتریالیستم.

ئێریک بۆکستڵ: من لێرەدا وای بۆ دەچم تۆ بیر لەو گفتوگۆیانەی کە دەربارەی مرۆڤایەتین، دەکەیتەوە، لەبری هەڵاتن لە سادەگەریی لە ڕووی ژیانی ڕاستەقینەدا.

پابلۆ نیرۆدا: من هیچ تیئۆرییەکم سەبارەت بە مرۆڤ نییە. من تیئۆرم سەبارەت بەو پێڵاوە هەیە کە نیازم وایە بیکڕم کاتێ پێلاوەکانم دەدڕێن یان کاتێ جلەکانم کۆن و پەرپووت دەبن. بەڵام نازانم مرۆڤ چییە. من خۆم مرۆڤێکی زیندووم و ژیانیش بیرکردنەوە نییە لەوەی کە بەهێزی (مرۆڤ) بە چ مانایەک دێت؟ڕەنگە ئەو شتە بێ کە من بایەخی کەمتر پێ دەدەم لە وەستایەکی فیتەر یان زانایەکی زەمینناسی بە ئەزموون کە مرۆڤیان زۆر بەلاوە گرنگە. بەڵام ئەم موناقەشە بێکۆتاییەی مرۆڤ چییە زۆر هەڵدەگری تا ئەو ئاستەی کە بەلامەوە گرنگ نییە. ئێمە دەزانین لە دایک بووینە و دەشمرین و تاد، بەڵام لەنێو هەموو ئەمانەدا زۆر زەحمەتە یان زۆر ئاسانە شت بڵێین. من هیچ پەیوەندییەکم بەمەوە نییە و ناشزانم چی لە دەوروبەری دەگوزەرێ. ڕەنگە ئیدراکێک زۆر جیاواز بێت لە ئایدیالیزمی فەلسەفی وەک موناقەشەی شتە ئەبەدییەکان کە هیچ چارەسەرێکی نییە. بەشێوەیەکی گشتی من شاعیرێکی عەمەلیم. شیعریش پڕ بە مانای عەمەلیبوون ، عەمەلییە. بۆ نا؟ بۆچی شیعری عەمەلی وەک شیعری بێکەڵک چاولێدەکرێ.ئەمە بۆچی گرنگ نییە؟ ئەمە بۆچی خەون نییە؟ بەڵام هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دژبەیەک لەنێوان ئەم هەستە جیاوازانە، ئەو شتەیە کە من تێی ناگەم. بەڵام بە نسبەت ئەو ڕاکردنەی کە دەچێتەوە سەر سیستمێکی فەلسەفی تایبەت، یان دەچێتەوە سەر گفتوگۆیە بێکۆتاییەکان و زیادکردنی تابعێکی ئیستاتیکی بۆ بیانووەکان، کە لەوانەیە ئەمە پێویست بێت وەک ئایین، لەوانەیە کێشکردنی لوغز ئەو کێشکردنە بێ بەرەو دۆزەخ. بەڵام لەم جیهانەدا بێئەندازە سەرقاڵین تا ئەو ئاستەی ئەگەر نیشانی بدەین کە لێکۆڵینەوە بەدرێژایی چەندین سەدە بێکەڵک بووە، ئەی باشە بۆچی بەشێوەی ئەشکەنجەی ئەوانی تر بەردەوامی هەیە؟ من فەیلەسوفەکان جێدێڵـم تا بە ئازادی بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە خۆیان بپرسن ئەو مرۆڤە کێیە و چییە؟ بەڵام لە من مەپرسە چونکە من بە تەواوی هیچ شتێک دەربارەی ئەو پرسیارە نازانم.

ئێریک بۆکستڵ: حەز دەکەم بگەڕێینە دواوە بۆ ئەو جێیەی کە دەربارەی ناتەبایی زمانی شیعریی، لە نێوان کردەیی و نا کردەیی شیعریدا دەدوای.

پابلۆ نیرۆدا: سەرەتا پێویستە بیربکەینەوە لەوەی کە جێیەک هەیە بۆ شیعری سادە و ڕاستەوخۆ، وە جێش هەیە بۆ ئەزموون و شیعری ئەزموونگەری و گۆڕانی زمان و هەورەها ئەو شاعیر و نووسەرانەش کە بەشێوەیەکی گشتی هەست بەوە دەکەن کە پێوانەکانی زمان و گوزارشت لە ساتەوەختێکی تایبەت لە بیروباوەڕ و سنوورەکانی بیرەباوەڕیان بەس نییە. لەمەشەوە گۆرانی بەردەوام و قوتابخانەی بەردەوام و بزووتنەوە ئەدەبییەکان لەدایک دەبن. کەس ناتوانێ سیستەمی ئیستاتیکا و هونەر و گۆڕانی جلوبەرگ ڕەت بکاتەوە، بەڵام ئینجا لە وەڵامی قوتابییەکدا ئەمەوێ بڵێم تەنانەت هەتا تۆزێک لە دژەکردار، تۆزێک لە دژە کاری نهیلیستی و وێرانکەریش بێت هەندێ روحی دیاریکراو هەن کە تەنها بە شیعرەوە قەتیس نامێنن، بەڵکو پەل دەهاون بۆ سەرجەم هونەرەکان بەتایبەتی هونەری وێنەکێشان.
با لێرەوە دەربارەی شیعر و وێنەکێشان بدوێین. لەگەڵ گەشەی بۆرژوازی و دروستبوونی شارە گەورەکان، نووسەران و شێوەکاران لە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی و زۆربەی زۆری خەڵک دوورکەوتنەوە. ئەم دیاردەیەش لەسەرەتای ئەم سەدە پیشەسازییە گەورەیەی بۆرژوازییەوە دەرکەوت. ئێمە ئەم دیاردەیەمان نەدەبینینی. نەمان دەتوانی ڕوانین و لێکۆڵینەوە لەو ئاستەنگانەی کە هەن، ڕەت بکەینەوە. بەڵام ڕۆڵی شاعیرێکی ڕۆمانتیکی، گۆتە(١٣)، شیللەر(١٤)، کیتس(١٥)، بایرۆن(١٦)، یان ڤیکتۆر هیگۆ(١٧) لەگەڵ دەستپێکی ئەم سەدەیەی گەشەی مەزنی پیشەسازی بۆرژوازیدا دیار نەمان.(ونبوون). شاعیران خۆیان گۆڕی، خۆیان گۆڕی بۆ تایبەتمەند. ئەو مەعریفە و هەست و ونەستانە هەڵاتن کە لە خیلالی نووسینی ئاسایی و مەجازییەوە ڕێیان بۆ دەکراوە و لە هونەری وێنەکێشاندا (شێوەکاریدا) خۆیان بەرجەستەکردەوە. لەو کاتەدا بەکردار شوێنێکیان بۆ هونەر چێکردبوو، بەو ئیعتبارەی کە شتێکی تایبەتە بە چینێکی تایبەتی چێنراو لە بۆرژوازی گەورە. بۆرژوازی بچووکیش لەڕێگەی روحێکی ڕێگری چینایەتییەوە ویستی بەڕێگای تایبەتی خۆی ئەو وانەیە لە بۆرژوازی گەورەوە ئیستیعاب بکات. بۆرژوازی بچووک نەیتوانی لەگەڵ کرێکاراندا ڕێ بکات بەڵام لەگەڵ پارەدارە گەورەکاندا توانی.
سەرپاکی ئەم دیاردە ئابوورییە ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو. چۆن لەڕێگەی گۆڕینی مێژووی ئابووری و پەیوەندییە چینایەتییەکان خۆمان ڕابەرایەتی بکەین تا خۆمان بگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخە تازەیەی شتەکان؟ چۆن بەسوودوەرگرتن لە هەموو میتۆدەکانی پرۆپاگەندە وەک شێوەکانی تەجریدی، خۆمان بگەڕێنینەوە سەر ئەو ڕێگەیەی کە دوور کەوتۆتەوە لێمان و تاد. لەو رێگەیەی کە گەلێ کاری مەزنی هێنایە بەرهەم، کارگەلێک کە زۆر دوور بوون لە هەستی خەڵکی. ئەی کێ ڕاستە خەڵک یان شێوەکارە ئەبستراکتەکان، یان زۆربەی شاعیرە سەرڕاستەکان راستن؟
من خۆم لەم کێشەیە بێبەری ناکەم. چونکە شیعرەکانم بۆ تێگەیشتن زۆر قورس بوون. بەڵام ئەتوانم شتێک بڵێم: شیعرەکانم گوزارشتن لە دڵسۆزییەکی ڕەها. ڕەنگە ئەمە حاڵی شاعیرانی تریش بێت. بەڵام وەک قوتابخانەی شێوەکاری، یان شانۆیی، یان فیلمسازی، یان شیعر، یان پەخشان، یان مۆسیقا خۆی بەتەواوەتی لە خەڵک جیا دەکاتەوە. ئەبینیم ئەمەش لەسەر ڕێیەکی هەڵەیە، ئەبینم لە کوێرە کۆڵانێکە کە زۆر بڕ ناکات. بەڵام لەلایەکی ترەوە من نە خۆم ڕەت دەکەمەوە - دیارە تەواو بێهوودەیە خود ڕەت بکرێتەوە - نە لێکۆڵینەوەی بەردەوام و نە فراوانترکردنەوەی تواناییەکانی گوزارشتکردنیش. بۆیە ئەمانە ئەو کێشانەن کە نە بە ڕەخنە و نە تەنانەت بە چاودێرییەکانمان (تێبینییەکانمان) و نە بە بەرهەمەکانمان نایگەینێ. بەڵکو لە خیلالی پەیوەندی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەیگەینێ. کاتێ چین خەبات دەکات، کاتێ هەلومەرجی ئینسان گەردوونیانە هەستێکی نوێ وەردەگرێ نەک تەنها لە هەندێ وڵاتی تایبەت. - با روونتر بڵێین کاتێ ڕۆژئاوا دەبێتە سۆشیالیست - پاشان لەوانەیە فۆرمۆڵبەندییەکی جیاواز ببینین یان ڕێرەوی ڕۆژهەڵاتناسی کە ئەدەبی خەڵکیی بتوانێ بێتە مەیدان بێ ئەوەی ئەدەبێکی پۆپۆلیستی یان لێکۆڵینەوەیەکی هونەریی یان ئەزموونگەرایی بە بێ خودگەرایی و ئیندیڤیجواڵییەتی توندڕەوانە بێت، کە لە توانایدا بێت بەشدارییەکی بنچینەیی هونەر و هونەر هاوچەرخ و هونەری داهاتووگەرایی، پێشکەش بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات.
____________________________________________
سەرچاوە:
Memorious issue 4
A Journal of new verse and Fiction
March 2005

http://www.memorious.org/?id=76
پەراوێز و ژێدەرەکان عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ئامادەی کردوون:
١- هێرناندۆ کۆرتێز: ساڵی ١٤٨٥ لە ئیسپانیا لەدایکبووە. زانکۆی ساڵەمەنکا تەواو دەکات و بایەخ بە کاروباری سەربازی دەدات. پاشان دەبێت بە گەڕیدە و خولیای گەشتی دەبێ . ساڵی ١٥١١ دەچێتە کوبا و ١٥١٨ دەچێتە مەکسیکۆ وەک فەرمەندەی سەربازی خزمەت دەکات.ساڵی ١٥٤٧ لە ئیسپانیا بۆ هەمیشە چاو لێک دەنێ.
٢- ئەرسیلا: شاعیر و سەربازی ئیسپانی لە ساڵی ١٥٣٣ لە ئیسپانیان لە دایکبووە و ساڵی ١٥٩٤ کۆچی دوایی کردووە. بە داستانە شیعری لا ئەروکانا ناوبانگی پەیدا کردووە.
٣- چارڵسی پێنجەم: (١٥٠٠-١٥٥٨) ئیمپڕاتۆری ڕۆمان و پاشای ئیسپانیا بووە.
٤- کانتۆ جەنەڕاڵ: دەیەمین کتێبی شیعری پابلۆ نیرۆدایە. یەکەمجار لە وڵاتی مەکسیک ساڵی ١٩٥٠ چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کۆشیعرە لە پانزە بەش پێکهاتووە و ٢٣١ شیعر لە خۆ دەگرێت.
٥- ڕۆبن داریۆ: شاعیری نیکاراگوا ساڵی ١٨٦٧ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩١٦ مردووە. نوێنەری ڕەوتی ئەدەبی نوێیە لە زمانی ئیسپانیدا.نازناوی شازادی شیعری ئیسپانی و بە باوکی ڕۆحی شیعری ئیسپانی نوێ دادەنرێت.
٦- بۆلیڤاری: ڕابەری سیاسی و سەربازی ڤەنزوێلا لە ساڵی ١٧٨٣ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٣٠ مردووە.
٧- سان مارتن: ژەنەڕاڵی ئەرجەنتینی و ڕزگاریخوازی ئەمریکای باشوور لە ساڵی ١٧٧٨ لە دایکبووە و لە ١٨٥٠ مردووە. یەکێک بووە لە سیاسییە راستگۆکانی نێو مێژووی ئەمریکای باشوور.
٨- سوکری: ئەنتۆنیۆ خۆسە سوکری ڕابەری سەربەخۆخوازی ڤەنزوێلا لە ساڵی ١٧٩٥ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٣٠ مردووە.
٩- ئۆهینگز: بەرناردۆ ئۆهینگز ڕیکیلمی لە ساڵی ١٧٧٨ لە دایک بووە و لە ساڵی ١٨٤٢ مردووە. یەکێک بووە لە ڕابەرە بەناوبانگەکانی خەباتی وڵاتی شیللی بۆ سەربەخۆیی.
١٠- ماریاتیگی: خوسە کارلۆس ماریاتیگی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و فەیلەسوفی سیاسی و کۆمۆنیست پیرۆ ساڵی ١٨٩٤ لەدایکبووە و لە ١٩٣٠ مردووە.
١١- ڤالیجۆ :سیزەر ئەبراهام ڤالیجۆ شاعیر و نووسەر و شانۆنامەنووس و ڕۆژنامەنووسی پیرۆیە و لەساڵی ١٨٩٢ لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٣٨ مردووە. تا لە ژیاندا بوو تەنها سێ کتێبی شیعریی بڵاو کردەوە.
١٢- پاز: ئۆکتاڤیۆ پاز شاعیری مەکسیکی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی ١٩١٤ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٨ مردووە.
١٣- گۆتە: جۆهان گۆتە شاعیر و نووسەری گەورەی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٧٤٩ لە داکبووە و لە ساڵی ١٨٣٢ مردووە.
١٤- شیللەر: جۆهان کریستۆف فریدرک شیللەر شاعیر و فەیلەسوف و پزیشک و شانۆنامەنووس و مێژوونووسی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٧٥٩ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٠٥ کۆچی دوایی کردووە.
١٥- کیتس: جۆن کیتسی شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیزی لە ساڵی ١٧٩٥ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٢١ کۆچی دوایی کردووە.
١٦- جۆرج گۆردن بایرۆن شاعیر و سیاسەتمەداری بەریتانیا لە ساڵی ١٧٨٨ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٢٤ کۆچی دوایی کردووە.
١٧- ڤیکتۆر هیگۆ: شاعیر و ڕۆماننووس و یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەری فەرەنسی ساڵی ١٨٠٢ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٨٥ کۆچی دوایی کردووە.

جەنگی ئەهلی ئیسپانیا: جەنگی ئەهلی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٩ تا ساڵی ١٩٣٩ درێژەی کێشا کە جەنگی نێوان کۆمارییەکان و ئەنارکیستەکان و کۆمۆنیستەکان بوو دژ بە ناسیونالیستەکان. لەئەنجامدا ناسیونالیستەکان لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٩ سەرکەوتن و تا ساڵی ١٩٧٥ دەسەڵاتی ئیسپانیایان بەدەستەوە بوو. جەنگەکە دوو ساڵ و هەشت مانگ و دوو هەفتە و یەک رۆژ بەردەوام بوو. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوون بە قوربانی ئەم جەنگە.
شازادە مۆناکۆ: بنەماڵەی دەسەڵاتی وڵاتی مۆناکۆیە کە وڵاتێکی بچووکە لە کیشوەری ئەوروپا و سێ لای فەرەنسایە و چوارەم لای دەریای سپی ناوەڕاستە.سیستەمی حکومڕانی پاشایەتییە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک