په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠١٥

دیالۆگ لەگەڵ یوسف عزەدین.

 

سازدانی: گۆڤاری رامان


رامان: زۆرێک لەدەقە ئەدەبییەکانمان کار لەئێستادا دەکەن، ئێستایەک کەلەنێو دنیای گڵۆباڵدا، بۆتە ساتەوەختێکی ترسناک، چونکە چەمکی گومان و کردەی پرسیارکردن دەستەوسانە لەوەدەستھێنانی وەڵامێکی راسیۆناڵ، لەکاتێکدا وەڵامە مارژیناڵەکان دەستخەڕۆمان دەکەن و پڕاوپڕی ھاوکێشەی گۆڕانکارییەکان نین؟ دەبێت ئێستای کەسایەتی و کاراکتەری کورد، لەئێستای دەقێکدا، بخرێنە کوێی ئەو ھاوکێشە جەنجاڵەوەو چ پاڵەوانێکیان لێ بخوڵقێنرێت. دەبێت لە چ دەرگایەکەوە بچنە نێو دنیای دەق و چ وەڵامێکیان بۆ پرسیارەکان پێ بێت یان بۆخۆیان چ پرسیارێکیان ھەبێت؟


یوسف عزەدین: دەبێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە"بیکیت" لەدەستپێکی رۆمانی"ناولێنراوەکان"دا دەیخاتە روو:
(ئێستا لەکوێیە؟ ئێستا چ زەمەنێکە؟ ئێستا کێیە؟).
پرسیارکردنی ئێمە لەئێستا، وەک چەمکێک یان ساتەوەختێک لەزەمەن، پرسیارێکی بارگاوییە بەحوزن و یەئس و بێھوودەیی. بەبۆچوونی"کەیکیگارد" مرۆڤی بەختەوەر و بەئومێد ئەو کەسەیە کەلەئان و ساتێکی ئێستایدا دەژی. واتە ھەموو ئەوانەی کەلەنێو یادەوەرییەکانی رابردوودا دەژین، یان چاویان لەداھاتووەو چاوەڕێن، کەسانێکی نابەختەوەر و بێ ئومێدن، بەڵام رەنگە بۆ ئێمە نەشێت، بەتەواوی لەئانوساتێکی ئێستادا خۆمان قەتیس بکەین، گەرچی پێم وانییە بەڕەھایی، بەختەوەری لەھیچ ئان و ساتەوەختێکی ئێستادا وەچنگ بکەوێت.
زەمەن بۆ خۆی نەفی دۆگماو وەستان دەکاتەوەو بێکۆتا بوونی زەمەنیش، وامان لێدەکات لێکچوون و ھاوشێوەبوونێکی زەمەنی لەنێوان دوێنآ و ئەمڕۆ و سبەینێدا ببینینەوە، ھەروەک لەڕۆمانی "مەدارەکانی ساتوورن"ی "سیباڵد-دا دەبینرێتەوە.
لەمیانی گەشتێک بەنێو زەمەندا، بەئامانجی گەیشتنە حەجی مەسیحییان، تاقیبی رێگەی قەرەجان و گەڕیدەکان دەکات و لەڕێگەی سەرد و مەنەلۆگەوە، رووداوو و کارەسات و ساتە سەیر و سەمەرەکانی مێژوو زیندوو دەکاتەوە، بەچەشنێک کەھەر دەڵێی لەئێستادا روودەدات و خوێنەر ناچار دەکات بپرسێت: (سیباڵد وامان لێدەکات بکەوینە پرسیارکردن سەبارەت بەبوونی چەقۆ ئاساییەکانی نێو مووبەقەکانمان، چونکە ھەر ئەو چەقۆ ئاساییانە بوون کەلەدووەمین جەنگی جیھانیدا، سەرلەبەری خەڵکانی شارۆچکەیەکی پێ سەبڕدرا).
لەڕۆمانی "تەلیسکۆپەکەی شۆپنھاوەر"ی "گێرارد دۆنۆڤان"یشدا بەڕوونی گومان و پرسیارکردن وەک دوالیزمێک دەکەوێتەڕوو.
راستییەکەی ئێمە لەم دنیا جەنجاڵە "میکرۆڤیزیۆنی"دا، لەوە چووینەتە دەر کەکەسی یەکەم بین و بەناچاری بووینەتە کەسی سێیەم. پێدەچێت ئێمە بێجگە لەئۆبژێیەکی دنیای گڵۆباڵ، ھیچی دیکە نەبین.


رامان: ئەگەر "سیباڵد" لەمیانی گەشتکردنی بەنێو مێژوودا، سەرجەم زەمەنەکانی کردبێتە ئێستای ئێمە، یان ئێستای ئێمە لەڕوانگەی رابردوو و داھاتووەوە راڤەکردبێت، دەکرێت بڵێین لەدەقی کوردیشدا ھەمان حاڵەت دەبینینەوە، یان دەتوانرێت ئەنالیزەی کەسایەتی کورد لەڕێی بەرجەستەبوونی کاراکتەرێکەوە بخوێنرێتەوە؟


یوسف عزەدین: "سیباڵد" لەڕۆمانی"مەدارەکانی ساتوورن"دا کەگەشت بەنێو زەمەندا دەکات و بەسەرھاتە مێژووییەکان وێنا دەکات.. خۆی لەقەرەی خستنەڕووی گوتارە سیاسی و تێڕوانینەکانی خۆی نادات و تەنیا بەوەی کەدەیبینێت و دەیخاتەڕوو، پرسیارمان لا دروست دەکات، بەڵام "گۆنتەر گراس" لەڕۆمانی"کێڵگەیەکی دوور"دا راشکاوانە گوتاری سیاسی خۆی وەدەردەخات و بەتوندی رەخنە لەیەکبوونی ھەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا دەگرێت. پێم وایە رۆمانەکەی"سیباڵد" زیاتر دەرفەتی رامان و نامۆبوونمان دەدات لەوەی "گۆنتەرگراس" کەدەبێت یان تەرح و بۆچوونەکان وەک وەڵامێک قبوولڕ بکەین و پێی قایل بین، یان لەگەڵیدا نەبین و پێچەوانەکەی وەک پەرچەکردارێک بخەینەڕوو.. لەکاتێکدا "سیباڵد" ھێدی ھێدی دەمانباتە نێو دنیای رووداوەکان و دیمەنەکانمان پیشان دەدات.
ھەربۆیە خستەڕووی بابەتێکی مێژوویی، رەنگە ئەگەر سەلەفیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەو بەھایەی خۆی لەدەست بدات و مەحکومی سڕینەوەو کەوتنە پەراوێز ببێت. لێرەدا مەبەستم لەروئیاو ئاسۆی تێڕوانینی نووسەرە.. چونکە دەکرێت بابەتێک لەلایەن چەند نووسەرێکی جیاجیاوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دیارە ئەو دەمەش ھەریەک بەشێوازی خۆی بابەتەکە دادەڕێژێتەوەو رەنگە ھەریەکێکیشیان بۆ خۆی خوێندنەوەی جیا جیا بگرێتە خۆی.


رامان: پێتان وایە دەقی خۆماڵی لەڕێی ئەنالیزەکردنی کەسایەتی کاراکتەرەکەیەوە بناسرێتەوە، یان دەتوانین بڵێین کەسایەتی کورد، بەتایبەت ئەو دەمەی لەدەقێکدا وەک کاراکتەرێک تەوزیف دەکرێت، ئەنالیزەیەکی جیاوازی ھەیەو لەکاراکتەری دەقێکی دیکەی دنیا جیاوازە؟


یوسف عزەدین: ئەنالیزەکردنی ھەر چەشن و جۆرە کەسایەتییەک، رەنگە کارێکی ساناو ساکار نەبێت، دەبێت بزانین مێژوو وەک پانتاییەکی زەمەنی، یان مەوداو مەدارێکی بارگاوی بەڕووداو و کارەسات، لەکوێداو لە چ جومگەیەکی زەمەنیدا، کاری کردۆتە سەر ئەو کەسایەتییە. چی لاکردۆتە یادەوەری و چی لەزەینیدا سڕیوەتەوەو بۆ خۆی چۆن دەڕوانێتە ئەو زەمەنەی کە بەسەرچووە، یان لەئێستادا چی دەڵێت و چۆن دەڕوانێتە ئەو ساتانەی کەدادێن، بۆیە دەبێت چەشن و شێوەی لێکچوونمان لەڕووی فەرھەنگ و کولتوورەوە، لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دەوروبەرمان، بخەینە ژێر پرسیارەوە.
پرسیار لەچەشن و شێوەی لێکچوونمان، یان جودایی و جیاوازیمان، لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی لەنزیکیانەوە یان لەگەڵیاندا ژیاوین، بکەین.. مەبەستم ئەوەیە کەئاخۆ دەرگەکانمان ھەردەم ئاوەڵا بووە، بۆ وەرگرتنی دابونەریت و کولتوور و ھەموو ئەو شتانەی کەئەوان خاوەنی بوون؟
یان ھێندەی ویستبێتمان دەرگەکانمان خستۆتە سەرپشت و لەساتەوەختێکدا کەنەمانوویستبێت، شتێکی نەیار و غەیرە بێتە ژوورآ، دەرگەکانمان پێوە داوەو وەک خۆمان ماوینەتەوە.. ئاخۆ ھەردەم میتافۆرێکی خۆپاراستن و خۆپەنادانمان ھەبووە، یان نا...
ھەروەک چۆن ئەو جولەکانەی کەبەڕواڵەت لەنێو میللەتانی دیکەدا توانەوەو ئایین و کەڵچەر و کولتووری ئەوانیان قبووڵکرد، بەڵام لەڕاستیدا بۆخۆیان شتێکی تر بوون و توانیان ھەر ھیچ نەبێت تا ساتەوەختێکی مێژوویی، جیاوازییەکانیان بکەنە میتۆدێکی نھێنی و شاراوە و لەنێو خۆیاندا ھەڵیبگرن.
جا دەبێت ئێمەش وەک"ژاک دریدا"ی بنەجوو، "مارانۆ"بین لەئاست ئەو کولتوور و کەڵچەر و شتانەی کەھی ئێمە نین.. "ژاک دریدا" بۆ خۆی دەڵێت:
(رەنگە ئێوە باوەڕ بەوە بکەن، کەمارانۆ کۆتایی ھاتووە، بەڵام ئێمە لەھەموو ئانوساتێکدا ھەر مارانۆ-ین). گەرچی چەمکی مارانۆ لەڕووی فەرھەنگییەوە واتای خۆی ھەیە، بەڵام وەک ئەوەی کەدریدا بەکاری دەھێنێت، گوزارشت لەو کۆمەلڕ و گرووپانە دەکات کەبەناچاری دەبنە بەشێک لەکۆمەڵگەیەکی تر و بەڕواڵەت دەبنە ئەوان، بەڵام لەڕاستیدا تۆکمەیی بونیادی ناوەکییان، دەبێتە رێگری دیتۆتالیزەیشن و توانەوەیان.
ئەمەش وەک ئۆبژێ-یەک بەزەقی لای جوولەکەکان دەبینرێتەوە. رەنگە بتوانین ھەندێک تەرزە بڕوای سۆفیگەرانەی نێو کوردستان و عەلەوییەتی کوردە عەلەوییەکانی باکوور و چەند گروپە ئایینێکی دیکە، وەک ئەوەی کەدەنگوڕەنگێکی جیاو جودان، بەتایبەت دەکرێت لەو کاتانەدا کەنەیانتوانیوە بەئاشکرا جیاوازییەکانی خۆیان بخەنەڕوو و لەپالڕ ئەوانەی ترداو وەک ئەوان خۆیان پیشانداوە.. بڵێین ئەمانیش مارانۆ-کانی لای ئێمە بوون کەدیارە رەگوڕیشەی بیروباوەڕی ئایینیان دەگەڕێتەوە بۆ نێو یەزدانییەت، ھەر بۆیە ئەوان بێدەنگی ھەڵگری پەیامێکی نھێنی بوون، کەتەنیا لەنێو خۆیاندا ئاشکرایان کردووەو گوتارێکی ئایینیان بۆ دەرەوەی خۆیان پێنەبووە.
جا لێرەدا دەکرێت بێجگە لەبیروباوەڕی ئایینییان جیاوازی لەداب و نەریت و کولتوور و کەڵچەریاندا ببینرێتەوە، بەبەراورد لەگەڵ دەوروبەری خۆیاندا.
ھەر بۆ نموونە، لەکاتێکدا کە سەماکردن لای کورد شتێکی باو و شیاو نییە، یان دەتوانم ھەر بوونی نییە، لای کوردە عەلەوییەکان شتێکی ئاسایی و عادەتی و شایستەیە، بەتایبەتیش مەبەستم لەسەماکردنی ئافرەتانە.. شتێکی ئاساییەو ھەر لەمنداڵییەوە کچەکانیان لەمیانی کەشە ئایینیەکانی خۆیانەوە، فێری سەما دەبن و لەھەموو ئان و ساتێکی تەمەنیاندا، بآ شەرمکردن دەکارێت مومارەسەی بکەن و ئەمە جگە لەوەی زۆر لەو شتانەی لای ئێمە تابۆ و حەرامن، لای ئەوان ئاسایین.
ھەر بۆیە ناکرێت کەسایەتی کورد، وەک تەنیا کەسێک ببینیت و یەک نموونەی کەسایەتی بۆ بکەیتە ئەلگۆ.
ناکرێت ئەنالیزەیەکی تایبەتی بۆ دابتاشیت و لەقاڵبێکی بنێیت و بڵێیت ئاوایە، بۆیە لەئانوساتێکدا کەسەرقاڵی دۆزینەوەی وەڵامێکین بۆ پرسیارێکی دیاریکراو دەیان پرسیاری دیکە لەزەینماندا دەورووژێت و عەوداڵی گەڕانمان دەکات.
ئیدی زۆرجار دەمانەوێت، تۆمارێکی سەربەرد، پارشۆمێنێک، شتێک کەلەسەدا سەد ھی خۆمان بێت و بەڵگەی شارستانێتی باوانمان بێت، دەستمان پێی بگات و بیبینین و لێی خووردببینەوە.


رامان: لەدەقی ئەدەبیدا، تاچەند دەتوانرێت کەسایەتییە مێژووییەکانی خۆمان یان رووداو و کارەساتەکان تەوزیف بکرێن؟


یوسف عزەدین: ئەگەر بمانەوێت وەڵامەکەمان تەنھا لەمەداری پرسیارەکەدا ھەڵسووڕێت و لک و پەلوپۆی لێنەبێتەوەو تایبەت بێت بەو حاڵەتی تەوزیفکردنە، پێم وایە نووسەر دەتوانێت ئیختیاری بابەتێکی لەو چەشنە بکات و خۆی لەقەرە بدات. ئیدی ئەمەش پابەندە بەدنیابینی و روانگەی تێڕوانینی نووسەر و چەشن و شێوەی خوێندنەوەی. رەنگە ھەبێت زۆر تەقلیدیانە تێی بڕوانێت، یان رەنگە بەپێچەوانەوە، دەشێت مامەڵەیەکی ناتەقلیدیانەی لەگەڵ بکات و لەمەئلووفیەتی ساتەوەختێکەوە بیھێنێتە دەرو بیکاتە شتێکی نامەئلووف ، یان بابڵێین لەزەمەنێکەوە بیگوازێتەوە بۆ نێو پانتاییەکانی زەمەنێکی تر.. یان ناچارمان بکات و بمانگەڕێنێتەوە بۆ نێو کۆریدۆرەکانی زەمەنێکی بەسەرچوو و دێرین. یان رەنگە تێکچڕژان و ئاوێتەبوونی زەمەنەکان بێنە ئاراوەو شتێکی جوداو جیاوازی لێ بخوڵقێت.


رامان: لەچ سەدەو قۆناغێکدا رۆمان بەکامڵی دەبینیتەوەو کاریگەری رۆمان لەسەر رەوتی مێژوو، یان بەپێچەوانەوە چییەو چۆنی ھەڵدەسەنگێنیت؟


یوسف عزەدین: ئەگەر باسەکەمان ھەر لەنێو جوغزەکانی مێژوودا ھەڵبسووڕێت، ئەو دەبێت دەیان تەسەوور و بیروبۆچوونی جیا جیا بخەینەڕوو کەڕەنگە لەھەڤپەیڤینێکدا دەرفەتی خستنەڕوو و یەکاڵاکردنەوەی ھەموو لایەنەکانیمان نەبێ.
ئەگەر لەتێڕوانینی شتراوس-وە ھەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەتان بدەم، ئەوە ھەوڵی داڕشتنەوەی گوتەیەکی دەکەم، سەبارەت بەمێژوو، نێوەڕۆکی گوتەکە بەبآ دەستکاری ئاماژە بەوە دەکات کەمێژوو بۆ خۆی نییە، ھێندەی من یان تۆ دیاری دەکەین، بۆیە ناکرێت وەک موتڵەقێک باس لەمێژوو بکەین، چونکە تێڕوانینی من یان تۆ، ئەو ساتە وەختەی مێژوو ئاوا دەبینێت و ھەر لەو تێڕوانینە جوداو جیانەی خۆشمانەوەیە، دەکارێت خوێندنەوەو تێزی جوداو جیاواز بکەوێتەڕوو، ھەر بۆیە شتراوس خودی شتەکانی بەلاوە گرنگ نییە، ھێندەی ئەوەی کەپێوەندی نێوان شتەکانی بەلاوە گرنگە.
بەو پێیەش پێوەندی ئێمە بەمێژووەوە گرنگە، کەدیارە ئەو پێوەندییەش، خودی دنیابینیمان رۆڵ لەکەشفکردنیدا دەبینێت.


رامان: باشە ئەگەر لەم روانگەیەوە بڕوانینە مێژوو کەپێشتر ئاماژەت پێدا، چۆن چۆنی دەتوانین مامەڵە لەگەڵ دەقێکی وەک قەڵای دمدم-دا بکەین؟


یوسف عزەدین: ھەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئیشکالەکە لەخودی دنیابینی و تێڕوانینی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت.. ھەر بۆ نموونە "ئالن رۆب گرییە" پێی وایە نووسەرێکی تەقلیدی دەست دەداتە نووسین، چونکە وەڵامی ھەموو پرسیارەکان دەزانێت و کردەی نووسینیش لای ئەو وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، لەکاتێکدا نووسەرێکی ناتەقلیدی بۆیە دەنووسێت، چونکە بۆخۆی پرسیاری ھەیە. لێرەدا دەبینین دوو مەداری لێکتر جیاو جودا، بۆ ھەڵسوڕان و راڤەکردن و خوێندنەوەی دنیا ھەیە، ھەر بۆیە رەنگە نەکرێت رووداوێکی مێژوویی وەک ئەوە ببینینەوە کەلەدوو توێی بەڵگەنامەو کتێبە مێژووییەکاندا خراوەتەڕوو.
لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە کتێبێک بدەم کەبەزمانی تورکی نووسراوەو تایبەتە بەیادەوەرییەکانی"بەربەڕۆس پاشا"ەوەو یەکێکە لەو کتێبانەی کەبەپەرۆشەوە تورکەکان دەیخوێننەوەو شانازی بەماجەرا و بەسەرھاتی جەنگەکانی ئەو زاتەوە دەکەن و تەنانەت پەیکەریشیان بۆ کردووە. جا ھەموو ئەو بەزمەی کەئەو زاتە کردوویەتی لای زۆربەی خوێنەری تورک، کاری کردەو شیاو و ئاساییە، بەڵام لای خوێنەرێکی دیکەی غەیرە تورک مەسەلەکە واناکەوێتەوە. بەتایبەتیش لای خوێنەرێکی ئەوروپایی.. لەیادەوەرییەکانی"بەربەڕۆس پاشا"دا کەبۆخۆی سەرکردەی چەتەو قەڕاسنەکانی دەریا بووەو بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانییەکان، رێگە پێدراو بووە بۆ ھەر کوشتن و بڕین، دزی و راو و رووتێک، بەمەرجێک لەغەنیمەکانیدا بەشی سوڵتانیشی لێبدات. زۆر بەسانایی و خوێن ساردییەوە، باس لەبەدیلگرتنی دەیان و بگرە سەدان خەڵکی غەیرە موسڵمان دەکات و بەکافریان ناو دەبات و ئافرەتەکانیشیان بەکافیرەو سۆزانی ناو دەبات، باس لەسەربڕینی دیلە نێرەکان و فرۆشتنی مێینەکانیان دەکات، تا ببنە کەنیزەک و جاریەی پیاوماقووڵان و باڵا دەستتان.
سێرڤانتیس-یش یەکێک بووە لەوانەی کەبەدەست عوسمانییەکانەوە زۆری چەشتووە. ئەو دەمەی کەسەرباز بووەو لەجەنگێکی دەریاییدا زامدارکراوەو بۆ ھەتا ھەتایە دەستی چەپی لەکارکەوتووە، دیارە بێجگە لەوەی کەپێنج ساڵ لەجەزائیر وەک دیلێک دەیان ناڕەحەتی چەشتووە، جا ئەو رکەی کەدەرحەق بەعوسمانییەکان لەلای دروست بووە، پاش ساڵانێک لەدوو توێی "دۆن کیخۆتە"دا دەیبینیتەوە، بەتایبەت لەبەشێکی رۆمانەکەدا، ئاماژە بەکردەی ھەتیوبازی تورکەکان دەکات، جا بۆیە لە وەڵامی پرسیارەکەتاندا دەڵێم ھیچ رێساو پێودانگێکی حازر بەدەست شک نابەم، تابتوانم بڵێم کەدەبێت ئاوھا مامەڵە لەگەڵ دەقێکی وەک قەڵای دمدم-دا بکرێت. ئیدی ئەوە پەیوەستە بەخودی ئەو نووسەرەی کەدەیەوێت خۆی لەقەرەی بابەبەتێکی وابدات.
نووسینیش بۆخۆی ھەوڵدان و کەشفکردنە، زیاتر لەوەی داھێنان بێت. ھەروەک بۆرخیس ئاماژەی پێدەدات، چونکە ھەر شتێک کەبەخەیاڵماندا دێت و بەلامانەوە نوێیە، کاتێک دەزانین ئەگەر لەئێستاشدا نەبێت.. لەئانوساتێکی تردا گوتراوە یان نووسراوە. دیارە لێرەدا مەبەستم لە"تناێ"و لێکچوونی دەقێک لەگەڵ دەقێکی تر و شتی لەو بابەتە نییە، چونکە ئەوە بۆخۆی مەسەلەیەکی ترە. ئەوەی کەمن لێرەدا مەبەستمە بیخەمەڕوو، ئەستەمبوونی گوتنی شتێکی نەگوتراوە، کەڕەنگە زۆرجار سەرکێشی و سەرکەشی نووسەر لەگەڕان و کەشفکردندا، بیگەیەنێتە ئەوەی کەپەی بەو نەگوتراوانە ببات، بەڵام بەو پێیەی کەکردەی نووسین لەمیانی وشەو دێڕ و پەرەگرافەوە بەرجەستە دەبێت و دێتە بوون، بۆیە مەودای فەنتازیاو ئەتمۆسفێری دەق بەرتەسک دەبێتەوەو بەتەواوی لەدەقەکەدا رەنگ ناداتەوە.
رەنگە ھەر ئەمەش بێت کەببێتە ھۆی ئەوەی کەپاش تەواوبوونی کردەی نووسین، رکت لەنووسینەکەی خۆت ببێتەوە، چونکە ھەست دەکەیت ئەوەی کەویستووتە بیڵێیت، نەتگوتووە. ئیدی ھەردەم دەقی زیندوو و نووسەر لەبگرەو بەردەو کێشمە کێشدان و ئەگەر بشمانەوێت رۆمانێک بەنموونە بھێنینەوە، کەبەتەواوی ئەو حاڵەتەی تێدا بەرجەستە بووبێت و نووسەری فڕێدابێتە دەرەوەی خۆی، ئەوە دەبێت ئاماژە بەڕۆمانی"دۆن کیخۆتە"ی "میگوێل سێرڤانتس"بدەم، کەھەر لەیەکەمین ساتەوەختی دەسپێکی رۆمانەکەوە، "دۆن کیخۆتە"ی پاڵەوانی رۆمانەکە، دەکەوێتە دژایەتیکردنی نووسەر و ھەوڵی رەتدانەوە و سڕینەوەی دەدات. لەمەشدا سەرکەوتوو دەبێت و نووسەر دەخاتە دەرەوەی دەقەکەوە. ھەر لەدەسپێکەوە دەکەوێتە ناونانی ئەسپەکەی و خۆشەویستەکەی و خزمەتکارەکەی و تاد..
لەبەشێکی رۆمانەکەدا"دۆن کیخۆتە" بە"سانچۆی" خزمەتکاری دەڵێت: ( رۆژێک دادێت کەپەیکەرمان بۆ بکرێت). پاش چەند سەدەیەک ئاواتەکەی دێتە دی و لەئیسپانیا پەیکەریان بۆدەکرێت.
گەرچی زەمەن لەڕۆمانەکەدا، ئەو زەمەنەیە کەھەموو کەسانی نێو مەملەکەتەکەی "دۆن کیخۆتە" وەک خۆی دەیبینن و ھەر ئاواش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بەڵام "دۆن کیخۆتە" نایەوێت لەو زەمەنەدا بژی و بەوپێیەی کەبەفیعلی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ زەمەنێکی بەسەرچوو، خەیاڵ بەھانایەوە دێت و فانتازیای ئەو زەمەنە دەخووڵقێنێت، کەخۆی مەبەستیەتی.
جا حاڵیبوون لەو رۆمانە چەند سەدەیەکی ویستووە، سەرەتا دەکرێتە ئینگلیزی و پاشان فەڕەنسایی و خوێنەرانی ھەردوو زمانەکە وەک دەقێکی کۆمیدی تێی دەڕوانن و پەی بەمەغزاو پەنھان و نھێنییەکانی نابەن. تێڕوانینی خوێنەران بەو چەشنە دەمێنێتەوە تا دەکرێتە ئەڵمانی و ئەڵمانەکان یەکەمین میللەتێک دەبن، کەبەخوێندنەوەی دەست بکەن بەگریان.
خوێندنەوەی"ھاینە" بۆ رۆمانەکە، کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر خوێنەرانی ئەڵمان و دواتر خوێنەرانی زمانەکانی دیکەش. دەبینین خوێندنەوەیەک چۆن دەتوانێت پەنھان و نھێنییەکانی دەقێک کەشف بکات و دەرگاکانی ئاوەڵا بکات.. ھەر ئەم رۆمانەشە "میلان کۆندێرا" بەیەکەمین رۆمانی ھاوچەرخی دەداتە قەڵەم.


رامان: لەچ کاتێکەوە سەری پریاسکەی چرکە ترسناک و ئاڵۆزەکان لەلایەکەوەو جوانی و پاکی یادەوەرییەکان لەلایەکی ترەوە، کرایەوەو توانرا لەمیانی رۆمانەوە راڤەبکرێت؟


یوسف عزەدین: ئاشکرایە "مارسیل برۆست"و"جیمس جۆیس" ھەردوو مەودای کات و شوێنیان ھەڵوەشاندەوەو مەنەلۆگیان کردە دەربڕی نەست و بێ ئاگایی و ...
بەڵام لێرەدا دەمەوێت ئاماژەیەک بە"سامۆیل بیکیت" بدەم، وەک رۆماننووسێک، گەرچی لای خۆمان زیاتر باس لەدەقە شانۆییەکانی کراوە.. ئەگەر یەکێک لەخاسیەتەکانی رۆمانی نوآ لەوەدا بێت کەئیدراک دەخاتە دەرەوەی بونیادی دەقەوە، ئەوە رۆمانەکانی "بیکیت" لەم رووەوە رۆمانی ئیمەژنەیتیڤن و ھەر بەمەش "بیکیت" ھەنگاوێک دەچێتە پێش "جیمیس جۆیس"ەوە.. گەرچی خۆی زۆر بەکارەکانی "جۆیس"سەرسام بووە.
رۆمانی نوآ ئیش لەو دنیایەدا دەکات کەلەزەینماندایەو بەو پێیەش دەقێکی ئیماژی دەخووڵقێت. یەکەمین رۆمانی "بیکیت"، "مورفی"یە، مورفی کاراکتەرێکی بێکردارەو بۆخۆی دەیەوێت ھیچ بێت. پشتی کردۆتە دنیاو لەنێوەوەی خۆیدا دەژی و دنیای دەرەوە بەدوشمن دەزانێت.
مورفی ئۆبژێیەکی مرۆڤی ھاوچەرخە، کەبەتەواوی ھەڵوێستی پاسیفی بەرامبەر بەدنیا ھەیە. جا ھەر لەسەرەتاوە ھەست بەتەنیایی مورفی دەکەیت، زۆربەی کەسایەتییەکانی نێو رۆمانەکانی "بیکیت" ئەنتی میمەتیکن، بەسانایی ساردبوونەوەو ھێوری و داخران، لەھەڵسوکەوتیاندا دەبینرێت و زیاتر بەسۆفی و نیھلیست و بودی دەچن.
"بیکیت" لەدەقەکانیدا، دیتۆتالیزەشنی زەمەن دەکات و رایەڵەکانی تێک دەشکێنێت. لەڕۆمانی "وات"دا، دەبینین "وات" کەکاراکتەری سەرەکی رۆمانەکەیە، رکی لەشەو و رۆژ دەبێتەوە، چونکە زەمەنی موتڵەقن.
"وات" کاراکتەرێکە کەبەدریژایی ژیانی، نەھیچ سیمگەیەکی ھەبووەو نەخاوەنی ھیچ بیرو تەرح و بۆچوونێکە. شاعیری ئەرژەنتینی"رۆبێرتۆ ژارۆز" دنیا بەیەکەمین تێرم دادەنێت، بەڵام کاراکتەرەکانی "بیکیت" دنیایان پآ یەکەمین تێرم نییەو نە لەم دنیاو نە لەو دنیاشدا رزگاربوون نابیننەوەو تەنھا کارێکیان چاوەڕوانییە.


رامان: بەڵام ھەست ناکەیت، زۆربەی کاراکتەرەکانی "بیکیت" لەقاڵبدراون، ئەمە جگە لەوەی کەوێکچوو و ھاوشێوەن؟


یوسف عزەدین: راستە... زۆربەیان ستیرۆتیپیکن و کەمێکیش لەکاراکتەرەکانی ستیرۆسکۆپیکن، تەنانەت زۆرێک لەناوەکانیشیان، بەھەمان پیت دەست پێدەکات و وەک مورفی و مۆلۆی و مالسۆن و مەرسیەرو...


رامان: دەکرێت لێکچوونێک لەنێوان کاراکتەرەکانی کافکا-و بیکیت-دا ببینینەوە، تەنانەت لەڕووی فەزاو ئەتمۆسفێریشەوە؟


یوسف عزەدین: پێم وانییە لێکچوونێکی وابەرچاو ھەبێت، نەخێر فەزا و ئەتمۆسفێری دەقەکانی کافکا، زۆر جوداو جیاوازن لەوەی "بیکیت". ئەگەر بڕوانینە مەسخ-ەکەی دەبینین لەمیانی فیگورێکی نائاساییەوە، دەمانباتە نێو دنیای رۆمانەکەوە. ھەر لەسەرەتاشەوە دەزانین کە"گریگۆری سامسا" بۆتە قالۆنچەو مەسخ بووە. ئیتر پاش ئەو گۆڕانە، پێوەندی ئاسایی و رۆژانەی گریگۆری سامسا، بەدەوروبەرەکەیەوە دەگۆڕێت و دەبێتە پێوەندییەکی نائاسایی، چونکە ئەو لەدنیای ھاوشێوە و لێکچووی ئەوان ھاتۆتە دەرآ و بۆتە شتێکی دی.
کاراکتەرەکانی کافکا پرسیاریان نییە، لەکاتێکدا کاراکتەرەکانی بیکیت پرسیاریان ھەیە، ھەر بۆ نموونە لەڕۆمانی ناو لێنراوەکان-دا "پۆزۆ" دەڵێت: ( تەنھا رۆژێک بۆ ئێوە بەس نییە، لەڕۆژێکدا لەدایک بووین و ھەر لەڕۆژێکیشدا دەمرین، تەنھا رۆژێک بەشتان ناکات).


رامان: وەک دیاردەیەک، زۆرجار لەمیدیا جیھانییەکانەوە نووسەرێک زیاد لەپێویست گەورە دەکرێت و جۆرێک لەھالەی بۆ دروست دەکرێت. دەیان چاوپێکەوتن و ریپۆرتاژی لەگەڵ ساز دەدرێت، بەمەش خوێنەرێکی زۆری بۆ پەیدا دەبێ و کتێبەکانی سەدان ھەزار دانەی لێ دەفرۆشێت. ھەر بۆ نموونە "دان براون" یەکێکە لەو رۆماننووسانەی کەزۆر پرۆگرامی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە، بێجگە لەدەیان وتار و لێکۆڵینەوە کەسەبارەت بەنووسینەکانی نووسراون، بەتایبەت پاش ئەوەی رۆمانی"کۆدی داڤینچی" بڵاوکردەوە، ئێوە ئەم دیاردەیە چۆن ھەڵدەسەنگێنن، بەتایبەت وەک دەبینن، کاریگەری لەسەر نێوەندی ئەدەبی لای خۆشمانەوە ھەیە. ھەر لەدەست و برد کردن لەگۆڕینی ئەو جۆرە بابەتانەو پەرۆشی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی و...ئیدی شتێک لەعەرز و تەڵەب لەمەسەلەکەدا ھەیە؟

یوسف عزەدین: لەڕاستیدا ھەروەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا، ئێمە لەزەمەنێکدا دەژین، کەدنیا بەتەواوی بۆتە مۆزایکێکی"میکرۆڤیزۆنی"و میدیاتیکی.. ئەگەر پێش ئەم زەمەنە، کەسی یەکەم بووبێتین، ئەوە لەئێستادا بووینەتە کەسی سێیەم. ریکلام و پڕوپاگەندە، نەخشەی ژیانیان لەبەرچاودا گۆڕیوین و دەستەمۆی قبووڵکردنیان کردووین، قبووڵکردنی ھەر شتێک کەباشترین ریکلامی بۆ بکرێت.
ئەوەی کە بۆ ئەو جۆرە نووسەرانەش دەکرێت، بەشێکە لەو ریکلامە میدیاتیکییەی، کەتوانای بڕیاردانمان تێدا ناھێڵێت و لەنێوەوە تێکمان دەشکێنێت، ئیدی ئەمە چەشنێکە لەپۆپولارکردنی نووسەرانێک کە بۆ خۆیان مەبەستیانە، ھەروەک پۆپولارکردنی "سەلمان روشدی"و "دان براون"و سەپاندنی دەقەکانیان بەسەر خوێنەردا.
"کۆدی داڤینچی" دەرھاویشتەی کێشمەکێشی دەمێک ساڵ و دێرینی نێو خودی تەریقەت و مەزھەبەکانی مەسیحییەتە، لەئانوساتێکدا بەو رۆمانە، فاتیکان تەنگەتاو کراو قودسیەتی وەک مەرجەعێکی کاسۆلیکی خرایە ژێر پرسیارەوە.
ئەمە جگە لەوەی، کەبووە مایەی ئەوەی کە کۆمپانیاکانی گەشت و گوزار، رۆژانە سەدان توریست لەشوێنە جیاجیاکانی دنیاوە بگەیەننە ئەو شوێن و جێگایانەی کە لەڕۆمانەکەدا ناویان ھاتووە.
لێرەدا پێم باشە، نموونەیەکی پێچەوانەی ئەوەی "دان براون" بھێنمەوە.. لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لەگۆرانیبێژە ناسراوەکانی پۆپ-دا کە بە کلیپێکی ببووە ھۆکاری فرۆشتنی سەدان ھەزار دانەی رۆمانێکی "سالنجەر".. کەلێیان پرسی ئایا ئەمەت بەپرسی نووسەرەکە کردووەو مەبەستت ریکلام کردن بووە بۆ کتێبەکە؟ لەوەڵامدا گوتی: ( تەنھا لەبەر ئەوەی شەیدای دنیای "سالنجەر"م، دەستم دایە ئەو کارەو خۆشحاڵم کەبوومەتە مایەی فرۆشتنی سەدان ھەزار نوسخەی رۆمانەکە، گەرچی دەزانم بۆ خۆی ئاگادار نییەو ئەگەر ئاگاداریش بێت پێی گرنگ نییە.
رەنگە "سالنجەر" تەنھا نووسەرێک بێت لەدنیادا، کەھیچ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ھیچ کەناڵێکی میدیایدا نەکردووەو تا مردیش ھەر بەدوورە پەرێزی و تەنھایی ژیا.
تا ئەو رادەیەی کەھەموو ئەوانەی شەیدای دنیا ئەدەبییەکەی ئەون، یانەیەکیان بەناوی "ھەوادارانی سالنجەر"ەوە پێکھێناوە، ناو بەناو کۆبوونەوە ساز دەدەن و سەبارەت بەدنیای ئەدەبی"سالنجەر" قسەو باس دەکەن و ھەموو ھیواو ئاواتێکیشیان ئەوەیە، کەوەڵامی نامەیەکیان بداتەوە، یان لەنزیکەوە بیبینن و لەگەڵی بدوێن.


رامان: پێتان وایە کە"ئۆرھان پامووک"یش، وەک "دان براون"، رۆمانەکانی سەرپێی بن و بابەتگەلێکی جدی نەبن. تەنھا بەمەبەستێک ئەو ھالەیەی بۆ دروستکرابێت، تا ئەو رادەیەی خەڵاتی نۆبڵیشی پێدرا، لەکاتێکدا کەدەبوو ئەو خەڵاتە بەنووسەرێکی بەتوانای وەک"یەشار کەمال" بدرێت؟


یوسف عزەدین: جا گرفتەکە لەوەدایە، بەبآ خوێندنەوەی سەرجەم بابەتەکانی "ئۆرھان پامووک"و زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیەوە، کاتێکمان زانی پانتاییەکی بەرفراوانی نێو دنیای میدیاتیکی ئێمەی تەنی و تەنانەت وەک لەچەند شوێنێکدا کەوتە بەرچاوم بەدۆستی کوردو شتی لەو چەشنە ناودێرکرابوو.
لەکاتێکدا ئەو زاتە تەنھا لەمیانی چاوپێکەوتنێکەوە ئاماژەی بەقەتڵووعامکردنی یەک ملیۆن ئەرمەنی و سی ھەزار کورد دابوو، کەئەویش دواتر لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لێی پاشگەزبۆوەو تەنانەت نکوڵی لەوەشکرد کەقسەیەکی لەو جۆرەی کردبێت، رۆژنامە ئەوروپییەکانی بەوە تاوانبارکرد، کەشتێکیان داوەتە پاڵی کەئەم نەیگوتووە.
بەڵام دەکرێت پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلڕ جارێکی تر ھەمان گوتەی پێشووی خۆی راشکاوانە دووبارە بکاتەوە، چونکە ھەر لەمیانی گوتنی ئەو دێڕە سیحرییەوە، خەڵاتەکەی بەدەستھێنا.


رامان: باشە ئەگەر "یەشار کەمال" ئەو دێڕە سیحرییەی گوتبا پێت وایە خەڵاتی نۆبڵی پآ ببەخشرایە؟


یوسف عزەدین: بەڵام وەک ئاگادارن، "یەشار کەمال"یش ساڵانیک لەمەوپێش، لەسەر ورووژاندنی مەسەلەیەکی لەو چەشنە، تووشی دەیان بگرەو بەردەو ئەزیەت و چەرمەسەری بوو.
دیارە مەسەلەکە ھەر ئەوەندە نییە، چونکە بەرواری پێدانی خەڵاتەکە بە"پامووک"، ھاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایەی فەڕەنسا، کەتایبەتە بەسزادانی ھەر کەسێک، کەپێی وابێت، یان بڵێت ئەرمەنییەکان بەدەستی تورکەکان قەتڵوعامنەکراون، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین لەیاساکەدا باسی کورد نەکراوە.
جا بۆیە بەراورکردنی" یەشار کەمال"و "ئۆرھان پامووک"، رەنگە زۆر شیاو و لەبار نەبێت، چونکە جدییەتی ئیشەکانی "یەشار کەمال"و سەلیقەو ئەزموونی، بەوەی "پامووک" بەراوردناکرێت، "پامووک"یش بۆ خۆی دان بەوەدا دەنێت، کە"یەشار کەمال" لەو بەئەزموونتر و بەتواناترە.


رامان: جیاوازی رۆمانی"بەفر"ی "ئۆرھان پامووک"و رۆمانەکانی دیکەی چییە؟


یوسف عزەدین: رۆمانی "بەفر" ماھییەتێکی سیاسی ھەیەو زیاتر مەبەستی وروژاندنی کۆمەڵێک پرسیاری سیاسییە، جا سەبارەت بەڕۆمانەکە، "پامووک" بۆ خۆی دەڵێت یەکەمین و دواھەمین رۆمانی سیاسیمەو جارێکی تریش ئیشی وا ناکەم. کەڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە وا ھەست دەکەیت، بەزۆر پێیان نووسیوە، پاڵەوانی رۆمانەکە شاعیرێکە لەمەنفا گەڕاوەتەوەو وەک رۆژنامەنووسێک گەشتێک بۆ قارس دەکات و مەبەستیەتی لەخۆکوشتنی ئەو کچانە بکۆڵێتەوە، لەبەر ئەوەی کەڕێیان پێنادرێت بەلەچکەوە بچنە قوتابخانەو زانکۆ خۆیان دەکوژن.
رۆمانەکە کەدەخوێنیتەوە وا ھەست دەکەیت ریپۆرتاژە رۆمانێک دەخوێنیتەوە، چونکە بەو شێوازە نووسراوەو زۆر بەخێرایی بەند و بەش و دیمەنەکانی دەگۆڕێت، بەشێوەیەک کەخوێنەر بێزار دەبێت، ھیچ گرنگییەکی بەدنیای ناوەوەی رۆمانەکە نەداوە، تەنھا مەبەستێکی نووسەر جێکردنەوەی زۆرترین بەسەرھات و ھەواڵی سیاسی رۆژانەیە، ئیدی چەندان حیکایەتی لا بەلاشی تێدەترنجێنآ، ھەر بۆ نموونە لەبەشێکی رۆمانەکەدا دەست دەکات بەگێڕانەوەی بەسەرھاتی رۆستەم و سوھراب، دەقاو دەقی ئەوەی لە"شانامەی فیردەوسی"دا ھاتووە، وەک خۆی دەینووسێتەوە. جا نامەوێت لەوە زیاتری لەسەر بڕۆم، زیاتر باس لەچوونە پێشی پارتە ئیسلامییەکانی تورکیاو کاریگەرییان لەسەر خەڵک و باسکردنی مێژووی شاری قارس، کەبەبڕوای نووسەر شارێکی کۆنی ئەرمەنییەکانە.. یەکێک لەو شتانەی کەسەرنجی راکێشام، پاڵەوانی رۆمانەکە کەبە"کا" ناوی دەبات، لەکاتێکدا لەیەکێک لەئوتێلەکانی نێو شاری قارس-دا، لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست و برادەردا دانیشتووەو سەرنجی ئافرەتێکی چێشتلێنەر دەدات، نووسەر لەخستنەڕووی ماھیەتی کەسایەتییەکەو ناساندنی بەخوێنەر دەڵێت: ژنە چێشتلێنەرەکە کوردە.. ھەروەک ئەوەی لەبیری چووبێتەوە، ھەموو ئەو کەسایەتیانەی کەخەڵکی قارس-ن، ھەر لەسەرەتای رۆمانەکەشیەوە ئاماژەیان بۆ دەکات و لەگەڵیاندا ھەڵسوکەوت دەکات کوردن.
راستییەکەی ھیچ مەودایەکی فانتازی و ئیستێتیکی لەڕۆمانەکەدا بەرچاو ناکەوێت تا ببێتە مایەی قسەو باسمان، ئاشکرایە بۆ سەرنج راکێشان و بەدەستھێنانی خەڵات نووسراوەو وەک خۆشی دەڵێت، جارێکی تر شتی وا نانووسێت.
لەکاتێکدا رۆمانی "ناوی من سوورە"ی نووسەر، بەتەواوی لەرۆمانی بەفر جیاوازەو ئەگەر ھەردوو کتێبەکە ناوی یەک کەسی لەسەر نەبا، رەنگە بەئاسانی کەس باوەڕی نەکردبا، کەھەردوو رۆمانەکە یەک کەس نووسیونی.


رامان: پێت وایە ئەگەر خەڵاتی نۆبَل، بە"یەشار کەمال" درابا، ئێستا قسەو باسەکەمان بەجۆرێکی تر دەبوو؟ ئەمە بێجگە لەوەی کەبێگوومان دەبووە خۆشحاڵبوونی خوێنەرانی کورد و تەنانەت زێدەتر دۆزی کوردی بەدنیا ئاشنا دەکرد؟


یوسف عزەدین: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین، مەسەلەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ خۆی شتێکی ترەو قسە زۆر ھەڵدەگرێت، "سارتر" پاش رەفزکردنی خەڵاتی نۆبلڕ، لە نامەیەکیدا زۆر راستی سەبارەت بەو مەسەلەیە خستۆتە روو، ئەو خەڵاتانەی "یەشار کەمال"یش تا ئێستا بەدەستی ھێناون، لەئاست بەجیھانیبوونی شاکارەکانیدا شتێکی کەم نییە. رەنگە بەدەر لەماھییەتی خەڵات کەپێم وایە نووسەری جدی بەبآ ئەوەش ھەر دەخوێنرێتەوەو پێویستی پێی نییە.


رامان: "بێرکڵی" دنیا نەفی دەکاتەوە، تا زاتی خۆی فراوانتر بکات. "شۆپنھاوەر"یش ھەموو دنیا دەگرێتە خۆی تا لەوەی کەھەیە مەزنتر خۆی نیشانبدات. ئەی دەبێت دنیا نەفیکردنەوەی چیرۆکنووسێکی وەک "بۆرخیس" بەچ مەبەستێک بێت و بەڕای ئێوە، لەمابەینی "بێرکڵی"و"شۆبنھاوەر"دا لەکوێدا رادەوەستێت و زیاتر لەکامیان نزیکترە؟


یوسف عزەدین: "بۆرخیس" نایەوێت لەمیانی تێزەکانی ئەوانەوە خۆی بسەپێنێت. ئاشکرایە "بێرکڵی"و"شۆپنھاوەر" کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر "بۆرخیس" ھەبووە. لای "بێرکڵی" ھەموو شتێک دەبێتە ئیدراک، واتە ئەو شتە ئەوەندە بوونی ھەیە کەھەستەکانمان پەی پێدەبات. نەفیکردنەوی دنیا لەلایەن "بێرکڵی"یەوە بەواتای تێکشکاندنی ئەو سنوورانە دێت، کەڕێگری فراوانبوونی خودن، چونکە تۆ ئەگەر دنیایەک نەفینەکەیتەوە، کەکات و شوێن سنوورداری دەکەن، ناتوانی رۆحی خۆت بەڕەھایی و خودی خۆت بەفراوانی ببینیت. بەڵام "شۆپنھاوەر" بەپێچەوانەوە ھەموو دنیا دەگرێتەخۆی، تا ئیگۆی بگاتە بەرزترین ئاست و بڵند بێت. لەسوپەر ئیگۆکەی "نیتشە"دا، ئەو تێزەی "شۆپنھاوەر" بە تەواوی کاملڕ دەبێت، بەڵام "بۆرخیس" بەپێچەوانەوە گەرچی نکوڵی لەکاریگەری ئەوان ناکرێت بەسەریەوە، بەڵام بۆخۆی ونبوون ھەڵدەبژێرێت و ئیدی لەخودی خۆیەوە دەمانباتە سەر خودێکی تر و لەو خودەشەوە بۆ یەکێکی تر، دواتر خۆیمان لێ ون دەبێت، بەمەش دەمانباتە نێو دنیای بێھوودەیی و بێمانایی شتەکان. ھەموو ئەمانەش لەمیانی بەخەونکردنی چیرۆکەکانییەوە دەگەیەنێتە ئێمە، چونکە لای ئەو خودی ئەدەب خەونێکی ئاراستەکراوە.


رامان: "بۆرخیس" لەچاوپێکەوتنێکیدا کەلێی دەپرسن ھۆکاری بوونی ئەو ھەموو چەقۆ و خەنجەرانەی نێو چیرۆکەکانت چییە؟ لەوەڵامدا دەڵێت: رەنگە لەبەر ئەوە بێت، کەبۆ خۆم کەسێکی ترسنۆکم.
ئایا بەڕای ئێوە نووسەر زیاتر ئەو بابەتانە بەزۆری لەدەقەکانیدا بەرجەستە دەکات کەبەفیعلی مومارەسەی نەکردوون و لەدنیای ئەوەوە دوورن؟


یوسف عزەدین: رەنگە مەبەستی لە"ترسنۆکی" ئەو مانا سەرزارەکییە نەگەیەنێت کەئێمە فامی دەکەین. ناشکرێت شەڕە چەقۆ و چەقۆ وەشاندنیش بەئازایەتی دابنرێت.. وەک خۆی باسی دەکات کەسێکە باوەڕی بەخورافات ھەیەو دەسپێکی چیرۆکنووسینیشی دەباتەوە بۆ رێکەوتێک.
وشەیەکی زیادە لە چیرۆکەکانیدا نابینیتەوە، بەو پێیەی کەمەبەستی نییە سەرساممان بکات، زۆر بەسانایی و بەبێ زۆر لەخۆکردن سەردی چیرۆکەکانی دەکات، ھەروەک ئەوەی لەڕاستیدا روویاندابێت و لەچاوەڕێبوون و گوماندا جێمان دەھێڵێت و نامانگەیەنێتە یەقین. گومان لای "بۆرخیس" دەرئەنجامێکی فیکری و مەعریفییە، لەبری ئەوەی ھۆکارێکی تەکنیکی بێت.


رامان: ئاماژەت بەوەدا کە وشەیەکی زیادە لەدەقەکانی "بۆرخیس"دا نابینرێتەوە، مەبەستان چییە؟ ئێوە وەک خۆتان، تەوزیفی وشە لەرۆمان و چیرۆکدا چۆن دەبینن و چەند لەگەڵ بەکارھێنانی زمانی شیعریدان؟


یوسف عزەدین: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئینجیلی یۆحەننا، دەبینین وشە یەکەمین تێرمەو تەنھایش دەبێتە دووھەمین تێرم. جا ئەو دنیایەی کەچیرۆکنووس و رۆماننووس بۆ خوڵقاندنی تێکستێک کاری تێدا دەکەن، کەرستەکەی وشەیەو تەنھا بەوشەش دەتوانن وێنای بکەن. بێجگە لە وشە ھیچ کەرستەیەکی دیکەت بەدەستەوە نییە، ھەموو ئەو بونیادەی کەدروستی دەکەیت، بە وشە ھەڵدەچنرێت.
"بۆرخیس" باس لەوە دەکات،
کەپاش تەواوکردنی ھەر چیرۆکێکی بەمەبەستی بژارکردن و لابردنی زۆرێک لەوشە زیادەکانی نێوی پێیدا دەچێتەوە. ھێندەی پێشی بکرێت سادەی دەکاتەوە، ھەروەک بۆ خۆی ئاماژە بەوە دەدات، کەھێندەی پێی بکرێت بەسادەترین شێوە چیرۆکەکانی دەنووسێت. ئینجا ئەمە جگە لەوەی کەلەمڕۆدا تەنھایی بۆتە یەکەمین تێرم و وشەش بۆتە دووھەمین تێرم، بۆیە کاری وشە بۆتە وێناکردنی ئەو تەنھاییە ئەزەلییە و ئەبەدییەی مرۆڤ. ھەر بۆیە لەخۆڕا بۆرخیس ناڵێت: "بۆ خۆم و ھاوڕێکانم و کەمکردنەوەی قورسایی زەمەن دەنووسم"..ھەر ھەموو بابەتەکانیشی لەمەداری تەنھابوونی ئێمەو ئەوان و شتەکاندا ھەڵدەسووڕێت.
سەبارەت بەبەکارھێنانی زمانی شیعریش لەنووسینی چیرۆک و رۆماندا، ئەوە دەبینین "بۆرخیس" شیعر بەزمانی شیعر دەنووسێت و چیرۆکیش بەزمانی خۆی.. زیاتر چیرۆکەکانی نێوەندێکن لەمابەینی وتار و حەکایەتدا و زمانێکی سەردی بەکاردەھێنێت. رەنگە زۆرجار بەکارھێنانی زمانی شیعری بابەتەکە بمرێنێت و گوڕوتینی نەھێڵێت، چونکە ژانرێکی دیکەی ئەدەبی دێتە ناوەوەو تاپێی بکرێت ھەست و سۆزمان دەبزوێنێت. لەکاتێکدا چیرۆک و رۆمان دەبێت بەشێوازێکی تر و زمانێکی تایبەت بەخۆیان تێکەلڕ بەدنیای خوێنەر ببن. بەڵام ئەگەر لەڕوانگەیەکی داستان ئامێزەوە بڕوانینە چیرۆک و رۆمان، ئەوکاتە دەکرێت زمانی شیعری بۆ بەکاربھێنین، بەڵام رەنگە ئەو دەمە وەک ژانرێکی ئەدەبی تایبەت ماھییەتی خۆی لەدەست بدات و ببێتە شتێکی دی. چیرۆک ھەر لە"پۆکاشیۆ"ەوە تا ئێستا و رۆمانیش ھەر لە"سێرڤانتێس"ەوە تا "لویس کارۆلڕ و ھێرمان میلڤلڕ و کارسۆن مێککولێرس و مەنیس کۆمەندەرێس".. ھێڵێکی سەرەکی تێدا دەبینیتەوە کەبەشێکە لەپێکھاتەی سەرەکی رۆمان و لەسیناریۆ و ژانرە ئەدەبییەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە.


رامان: بۆ دەبێت خەون وەک دنیایەکی پەنھان و نھێنی، پانتاییەکی بەرفراوانی دەقەکانتی داگیر کردبێت.. ئەمە چ لەچیرۆکەکانتداو چ لە رۆمانی "دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان"دا دەبینرێتەوە؟


یوسف عزەدین: خەون بە نێوەندێک دەشوبھێنرێت کەدەکەوێتە مابەینی ژیان و مەرگەوە، چونکە تۆ لەڕێگەی خەونەوە دەکرێت بەشێک بیت لەژیان و خۆت وەک زیندوویەک بێتە بەرچاو و لەدنیای خەوندا ھەوڵی بەجێ گەیاندنی کردە زیندەگییەکانی خۆت بدەیت و دەیان شت لات ببێتە سیمگەو سیمبۆل و بەچەشن و شێوەیەکی دی ھەموو ئەو شتانە ببینیت کەلەواقعیدا بینوتن. یان دەکرێت لەڕێگەی خەونەوە وەک مردوویەک سەفەر بەنێو دنیای مردوواندا بکەیت، لەوێدا دەتوانیت لەگەڵ ھاوڕێ و خزم و کەسە مردووەکانی خۆتدا بدوێیت و پێکەوە ھەموو ئەو شتانە باس بکەن، کە لە راستیدا باستان نەکردووە. بەڵآ لەدنیای خەوندا ھەموو شتێک دەکرێت و دەشێت. ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین ھەموو ئەو شتانەی پێشتر بینیومانە لەبەرچاوماندا ون دەبن و نامێنن. شوێنەوار و خانوو و پرد و شوێنە دێرینەکان، رۆژ لەدوای رۆژ دەڕوخێنرێن و نامێنن. رەنگە لەجێگەی ئەواندا شتێکی دیکە دروست بکرێت کەلەگەڵ جۆری بیناسازی ئەمڕۆدا بگونجێت. شتێک کەتەنھا دنیای پێ پڕ دەکرێتەوەو زۆر دوورە لە ئیستێتیکا و جوانی، شتێک کەدەرکەی بۆشاییەکانت لە روو دادەخات.. لەکاتێکدا ھەموو تەرز و چەشنێکی بیناو شوێنەوارە دێرینەکان دەروازەیەکی کراوە بوون بۆ سەر بۆشاییەکان، ئەو بۆشاییانەی کەدەیان میتا پرسیاریان لەزەین و ھۆشی ئینساندا دەورووژاند.
ھەروەک "پۆنتالیس" دەڵێت:
" ئەگەر لەبەر بینینی ھەموو ئەو شتانە نەبایە کەلەدنیادا ون دەبن و نامێنن، رەنگە خەون بینین ئەستەم ببایە". ھەر بۆیە ھێشتاکە خەون بینین نەبۆتە ئەستەم، چونکە بەردەوام شتێک لەبەرچاواندا ون دەبێت و نامێنێت.
بەو پێیەی "بۆرخیس"یش ئاماژەی پێدەدات، دەبێت چۆن واقیع قبوولڕ دەکەین، ئاواش خەون قبووڵ بکەین.


رامان: لەنووسیندا پەیڕەوی چ جۆرە دیسپلینێک دەکەن، تا بتوانن ئەوەی کەدەتانەوێت بیڵێن و بیخەنە روو؟


یوسف عزەدین: نووسین لەیەقین و لۆژیکەوە دەست پێناکات، لێرەدا مەبەستم لەنووسینی رۆمان و چیرۆکە، بەڵکو سەرەتا ئەوەی کە دەتەوێت بینووسیت، وەک خەیاڵ و خەونێک بەشێکی یان سەرتاپای زەینت دەتەنآ، رەنگە لەدەسپێکدا تەواو روون نەبێت.. راستییەکەی کردەی نووسین، پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو رآ و رێچکەیەکی سەقامگیری نییە، چونکە یەقین و لۆژیک و زانینی پێش وەخت، دەقێکی مردووی لێدەکەوێتەوە. تۆ ناچاری بەگومانەوە بڕوانیتە ھەموو ئەو موفرەدات و شتانەی پێشتر دەیانناسیت و پێیان ئاشنایت. دەبێت تەقلیدی بەکارھێنانی لەپێشتری تێکبشکێنیت و ھەوڵبدەیت، دیوێک و روویەکی دیکەی ببینیت.
جا سەبارەت بەدیسپلین، لەگەڵ ئەو رایەی بیکیت-دا کۆک و تەبام کەدەڵێت: ئەگەر لەنووسیندا دیسپلین رەچاو بکەم ئەوە دەبمە پسپۆری ماتماتیک.


رامان: نووسەر لەچ ساتەوەختێکی نووسیندا، یادەوەرییە نۆستالژییەکان لەبەرچاویدا روون دەبنەوەو ناچاری دەکەن کەبەدەر لەئیرادەی خۆی تێکەڵی نووسینەکەی بکات؟


یوسف عزەدین: یادەوەرییە نۆستالژییەکان زیاتر پەیوەستە بەقۆناغێکی ژیانمانەوە، کەناتوانین لەزەینماندا بیسڕینەوەو لێی دوور بکەوینەوە، رەنگە لەنێو جەنجاڵی ژیاندا بۆ تاوێک لەبیرمان بچێتەوە، بەڵام لەھەر ئان و ساتێکدا کەکەمێک دابسکەنێین و رابمێنین، بەخەیاڵ دەگەڕێینەوە بۆ نێو ئەو دنیایەی کەلەڕووی زەمەنییەوە گەڕانەوە بۆی مەحاڵەو ئیدی ھەموو ئەو یادەوەرییانە لەزەمەنێکدا جێماوە، کەزەمەنی ئێستای ئێمە نییە، ئەو یادەوەرییانە پاساژێک لەزەینماندا داگیر دەکەن و لەپرۆسەی نووسینیشدا دزە دەکەنە نێو دنیای ئەو بابەتەی کەدەینووسین، بۆیە چەند دەتەوێت دەقێک بەتەواوی، بەدەرو دوور لەدنیای خۆت بنیاد بنێیت، دواتر سەیر دەکەیت خۆت لەشوێنێکی ئەو دەقەدایت. کافکا لەنامەیەکیدا کەسەبارەت بەڕۆمانی مەسخ بۆ ھاوڕێیەکی خۆی نووسیوە، باس لەوە دەکات کەبەتەواوی ویستوویەتی بێتە دەرەوەی دەقەکەوەو خۆی بەسەردا فەرز نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەک ھەر یادەوەرییە نۆستالژییەکانی کافکا-ی تێدا دەبینرێتەوە، بەڵکو ھەندێک لەڕەخنەگرانیش پێیان وایە کەبەتەواوی پەیوەستە بەژیانی کەسێتی کافکا-وەو رەنگە تەنھا ناوی کافکا-ی کردبێتە سامسا.
ھەر نووسەرێک بتوانێت مامەڵەیەکی ورد لەگەڵ یادەوەرییە نۆستالژییەکاندا بکات، ئەوە بێگومان دەقێکی جوان دەخوڵقێنێت. مەرجیش نییە خستنەڕووی یادەوەرییە نۆستالژییەکانی نێو دەقێک تایبەت بن بەنووسەرەوە، رەنگە تەنھا کەرستەیەکی خوڵقاندنی ئەتمۆسفێری دەقەکە بن، یان تەوەرەیەکی سەرەکی ھەڵسوڕانی کاراکتەرەکان بن، یان ببنە رەگەزی بردنە پێشی رووداوەکان.


رامان: کەلە "ماریۆ بارگاس" دەپرسن: بۆ دەنووسیت.. لەوەڵامدا دەڵێت، دەنووسم چونکە غەمگینم و ئەمە جۆرە رێگایەکە بۆ بەربەرەکانێی خەم، بەڕای ئێوە دەبێت نووسەران بۆچی بنووسن و ئامانجیان چی بێت؟


یوسف عزەدین: نووسین ئەو کردەیەیە کە شوێنەوارێک جێدەھێڵێت و لەدەرەوەی نووسەر شوێنێک بۆ خۆی دەکاتەوە. ھەروەک "رۆلان پارت"یش ئاماژەی بۆ دەکات، دەق بۆ خۆی مەرگی نووسەرەکەی رادەگەیەنێت و دەیخاتە پەراوێزەوە. سەبارەت بەپرسیاری بۆچی نووسەران دەنووسن، سەرەتای نووسین لای "ماکیز" بۆ ئەوە بووە، تا بۆ نەوەی پێش خۆی بسەلمێنێت کەنەوەی ئەوانیش چیرۆکنووسی تێدا ھەڵدەکەوێت.
ئەگەر رۆمانی "رۆژێک لەتەمەنی ئیڤان دنیسۆڤیچ"ی "ئەلیکساندەر سۆلژینستین" بخوێنینەوە، دەبینیت بە پێچەوانەی دەقە سۆڤیتییەکان، دەقێکە کەدەتوانێت دەرکەکانی بەئاوەڵایی بھێڵێتەوە، ئیدی نووسین و وێناکردنی جارێکی تری دنیایە، بەو چەشنەی کەنووسەر دەیبینێت، دەکرێت تۆپۆگرافیایەکی جێگر و مەئلوف، بکرێتە شتێکی نامەئلوف و ناجێگیر.
دەشێت نووسین ئیشکردنێکی پشت سیمگەو رەمزەکان بێت و دنیایەک بت و داھۆلڕ تێک بشکێنێت.. نووسین ھەوڵدانێکە بۆ رەھاکردنی رۆحی ئینسان.


رامان: پێت وانییە نووسەر بۆ ژیان دەنووسێت؟
یوسف عزەدین: دەکرێت لەھەموو دەقە جدییەکاندا، ئۆبژێی تەرحێکی فەلسەفی ببینیتەوە، بەمەش رایەڵێک لەمابەینی خۆی و فەلسەفەدا دروست دەکات، فەلسەفەش ھەر لەکۆنەوە تا "ژاک دریدا" و بەڕای ئەویش فێربوونی مەرگە، واتە تۆ لەم دنیایەدا موسافیرێکیت و زەمەنێکی دیاریکراوت ھەیەو دەبێت گوزەر بکەیت و بڕۆیت.


رامان: بەڵام ئەمە تێڕوانینێکی رەشبینە بۆ ژیان و لێوانلێوە لەحوزن و یەئس؟ دەکرێت کەمێک واقیعییانە بڕوانینە دنیا، ھەروەک لەدەقە ریالیستیەکاندا دەیبینین؟


یوسف عزەدین: من ناڵێم، دەبێت ھەر ھەموومان وا تێی بڕوانین، بەڵکو ئەمە تەنیا روویەکی تێڕوانینە، وەک دەزانن، زۆرێک لەنووسەران بەمەبەستی ھاتنە دی یۆتۆپیایەک، شتیان نووسیوە. یان لەپێناو گۆڕینی دنیادا شتیان گوتووە، بەڵام رەنگە ریالیزم ئەوە بێت کە دڵی خۆمانی پێخۆش دەکەین. تۆ ھەرچییەک بڵێیت و بنووسیت، ئەوە نییە کەھەیە، نووسین بەشێوەیەکی گشتی تەسەورو بینینی نووسەرە. جا زۆر پرسیاریش ھەن کەوەڵامدانەوەیان شتێکی گرانە، چونکە ھەر خودی پرسیارەکە دەیان پرسیاری دیکەی لەھەناودایە.


رامان: دەکرێت بڵێین ئێوەش وەک "بیکیت" پێتان وایە، کەدیوار چوار دەوری تەنیوین.. یان تێڕوانینێکی دیکەتان ھەیە؟


یوسف عزەدین: سەرەتا دەبێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کەئاخۆ ئێمە لەکوێداین و ناسنامەی کۆلەکتیڤیانەی ئێمە کامەیە، لەمابەینی راسیۆنالیزم و مارژیناڵیەتدا، کامە رێچکەو رێبازمان گرتۆتە بەرو گوتاری ئێمە بەرانبەر بەدنیایەک لەدووبارە بوونەوەو رۆتین چییە!؟ ھەر بۆیە واتادارکردنی ژیان و گەڕان بەشێون واتا پەرت و بڵاوەکانیدا، یەکێکە لەکارە سەختەکان، چونکە دەبێت راڤەیەکی قووڵی بوون و عەدەم بکەیت و خۆت لەقاڵبی بوونەوەرێکی فیزیکی بەریتە دەرێ و سەفەر بەنێو پانتاییکانی مەرگدا بکەیت تا بتوانیت شتێک لەژیان حاڵی بیت، دەبێت لەمیتۆلۆژیاوە دەست پێبکەیت و بگەیتە ئێستا، ئێستایەک کە دەبێت چەند جوداو جیاواز بێت لەئان و ساتێکی لەوەو پێشی ئێمە. دەکرێت چەند بچیتە نێو قووڵایی ئەفسانەکان و لێی حاڵی ببین. دیارە مەبەستم لەوە نییە کەنابێت ژیان دۆست بین و ژیانمان خۆش نەوێت. بێگومان عیشقێک بەدنیامانەوە دەبەستێت، بەڵام دەبێت زمانێکی تر بدۆزینەوە بۆ لەیەکتر حاڵیبوون.. دەبێت لەمەدارێکی تردا ھەڵسووڕێین، مەداری گەڕان بەشوێن ناکامڵییەکاندا، چونکە رەنگە کامڵی جێگەی سەرنج و بایەخ نەبێت. ھەروەک "بودا" پێی وابووە، ئەوەی کە بە لامانەوە خۆشەویستە ناکامڵییەکانی ژیانە. ئێمە لەنێو کۆمیدیایەکدا دەژین، کەلێکدانەوەو راڤەو حەزەکانمان دەکوژێت.
ھەر بۆیە رەنگە پێویست بکات وەک"ژاک دریدا" "مارانۆ"بین و بە"مارانۆ"بناسرێین.. بابڵێین ئەگەر گریمانەیەک بمانگەیەنێتە یەقین، ئەوە دەبێت ئەو یەقینە بۆ خۆی گومانکردن بێت لەشتەکان.
خۆشەویستی شتە کامڵەکان زۆر ئەستەمن، لەبەر ئەوە ھەردەم عاشقی شتە ناکامڵەکان دەبین، ئەگەر ژیان بۆخۆی شتێکی کاملڕ بێت، ئەوە خۆشویستنی ئەستەمە؟ لەکاتێکدا مەرگ بۆخۆی شتێکی کامڵە، ھەر بۆیە رکمان لێی دەبێتەوە.
سارتەر دەڵێت: "ھیچ مانایەک لەوەدا نابینمەوە کەبژین و پاشان بمرین". ئیدی ئەمە مەسەلەیەکی سەرزارەکی نییە، ھەموومان پێویستمان بەوەیە کەدرک بەمەرگ بکەین و رووبەڕووی ببینەوە، جا رەنگە زۆر جار نەمری بکەینە ئاڵتەرناتیڤی مەرگ. وەڵامدانەوەی پرسیارەکەتان ھێندە ئاسان نییە، دەبێت بزانین چۆن لەدەرەوەی زەمەنەوە، دەڕوانیتە نێو زەمەن. ھەموو ئەو شتانەی کەبەخەیاڵی ئێمەدا گوزەر دەکات، لەنێو زەمەندا روودەدەن، لەکاتێکدا کەدەبێت بزانین چی لەزەمەن دەترازآ و لەبۆشاییدا ھەڵدەسوڕآ. ئەم تێڕوانینەی "بیکیت" سەبارەت بەوەی کەدیوار چوار دەوری تەنیوین، ئەوەمان بیر دەخاتەوە ئێمە لەکۆمەڵگەیەکی داخراودا دەگوزەرێین، ئیدی بمانەوێت و نەمانەوێت داخرانێک ھەیە کەتووشی تاک رەھەندی و دۆگمامان دەکات. لەوەتەی ھەین ھەست بەسەقامگیربوون ناکەین و وەک قەرەج و کۆچەرییەکان، ھیچ بەشوێنمانەوە نابەستێتەوە، مەوداکانی زەمەنیش بەلامانەوە ھیچ مانایەکی نییە، ئیدی ھەموو ساتەوەخت و رۆژ و ھەفتە و مانگ و ساڵەکانمان لێ تێکەلڕ بووە و نازانین لەکوێدا و لەکەیدا دەبێت چی بکەین.


رامان: ھەست ناکەیت ھەموو ئەو تەسەورانەی ئێوە سۆفیستی و میستیکین بۆ دنیاو زیاتریش دەبنە بەشێک لەدنیای میتافیزیک و ئایدیا و ھەنگاو بەھەنگاو لەدنیای ماتەریالڕ و ریالیست دوور دەکەونەوە. بەبۆچوونەکانتدا وا پێدەچێت کەبەپێچەوانەی زۆرێک لەچیرۆکنووسان و رۆماننووسان کەلەدنیای شیعرەوە دوورن، ئێوە لەو دنیایەوە نزیک بن؟


یوسف عزەدین: رەنگە ھەموو تەسەوف و میستیکێک بەرەو میتافیزیکمان نەبات، ئەگەر خەیام و غەزالی بەنموونە بھێنمەوە کەھەردووکیان ھاوتەمەن و ھاوڕآ و خەڵکی یەک شوێنیش بوون. لەسەرەتادا ھەردووکیان لێکچوونێک لەتەسەوریاندا ھەبووە، پێکەوە خوێنەری دەقە فەلسەفی و لۆژیکییەکانی گریک بوون و تەنانەت غەزالی سەبارەت بەدەقەکانی ئەرستۆ، خوێندنەوەی لۆژیکییانەی ھەبووەو بەڵام ماجەرا فیکرییەکانی غەزالی، ئەو دەباتە شوێنێک و تیفکرینەکانی خەیام-یش دەیکاتە پۆڵێکی دژە تێڕوانینە تەسەوفییەکانی غەزالی و وەک لەھەندێک سەرچاوەی تورکیشدا خوێندوومەتەوە، گوایە شەڕە شیعریش کەوتۆتە نێوانیانەوە.
تەسەوف لای "مەولانا جەلالەدینی رۆمی"یش ئەوەیە کەبڵێت: " کێیت و چیت وابە و ببە، بەڵام وەرە".
تەسەوف بۆخۆی بانگەوازێکە بۆ تێڕامان و تێفکرین.. "یونس ئیمرە"ی سۆفی و شاعیر، ناتوانێت تەنھا گوڵێکیش لەقەدەکەی داببڕێت و لێی بکاتەوە، چونکە لای ئەو، ئەو گوڵە بەشێکە لەوجودی کاملڕ و وەک ئێمە بوونی ھەیەو دەبێت و تا ھەڵدەوەرێت لەژیاندا بمێنێتەوە. لەتەسەوفدا شوێنێک نییە کەس تۆی تێدا نەبینێت، تۆ لەھەموو شوێنێکدا بینراوێکی، گوێلێگیراوێکی، تۆ بەتەنھا جێنەھێڵراویت. جا رەنگە ھەموو ئەمانە شتێکی جوداو جیاواز بن لەوەی کەمن پێشتر ئاماژەم پێدا، چونکە لەوەڵامی پرسیارەکەی پێشووتاندا مەبەستم گوتنی شتێکی تر بوو.


رامان: "عەبدوڵڵا ئەحمەد" چیرۆکی "فرمێسکەکانی بالارینا"ی کردە شانۆگەری و لەھۆڵی مەڵبەندی لاوانی سلێمانی میدیا لەسلێمانی پێشکەشکرا.. دواتر "کامەران رەئوف" لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەی بەو دەقەی ئێوە داوەو بەدەقێکی زۆر جوانی دەداتە قەڵەم و پێی وایە ئەگەر بکرێتە فیلمێَکی سینەمایی فیلمێکی زۆر جوانی لێدەردەچێت؟


یوسف عزەدین: راستە، "عەبدوڵڵا ئەحمەد" ئەو چیرۆکەی کردە شانۆگەری و نمایشکرا.. "بورھان ئەحمەد"یش رۆڵی سەرەکی تێدا بینی.. بەنیسبەت ئەوەی مامۆستا "کامەران رەئوف" سەبارەتی گوتویەتی، ئەو بۆ خۆی ھونەرمەندێکی بەھرەدارەو خاوەن تێڕوانینێکی تایبەتە لەشانۆ و سینەمادا، ھەر بۆیە بەڕێزی لەڕوانگە و دنیابینی ھونەریی خۆیەوە، زیاتر دەتوانێت ئەو دەقانە دەستنیشان بکات، کە بۆ کاری سینەمایی یان شانۆیی دەست دەدەن.


رامان: مامۆستا "ھاشم سەراج" خوێندنەوەیەکی بۆ رۆمانی"دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان" تان کردووە کەبەم دواییە لەگۆڤاری "رامان"دا بڵاوکرایەوە، لەوێدا ئاماژەی بەکەشوھەوا فانتازی و میتۆلۆژییەی نێو رۆمانەکە داوەو دەیان موفرەدات و ئیماو سیمبوڵی نێو رۆمانەکەی تاوتوێکردووەو پێی وایە لەدەسپێکی رۆمانەکەوە ھێماگەلێکی تەورات-ی ھەیە.. ھەر لەفڕێدانی تابووتەکەوە بۆ نێو رووبارە بێکۆتاییەکەی رووباری"سین"و "کەپرە شینە"و زۆر شتی دیکەش.
ئەمە جگە لە راڤەکردنی یادەوەرییە نۆستالژییەکانی نێو دەقەکەو کەشفکردنی نادیارەکانی؟


یوسف عزەدین: بەڵێ دەشێت وابێت!


رامان: بەڕای ئێوە فرەدەنگی لەڕۆماندا، نابێتە مایەی تێکەلڕ و پێکەڵی دەقەکەو سەرلێشێوانی خوێنەر بەگشتی؟


یوسف عزەدین: ئەگەر حیکایەتەکانی "ھەزار و یەک شەوە" بخوێنینەوە، دەبینین یەک بێژەری ھەیەو تا کۆتایی حیکایەتت بۆ دەگێڕێتەوە، گەرچی "شەھرەزاد" وەک کەسایەتییەک، گرفتەکەی ھیچی لەکەسایەتی نێو حیکایەتەکان کەمتر نییەو بگرە زیاتریشە، چونکە ئەگەر بۆ ساتێک حیکایەتەکان جازبییەتیان نەمێنێت، ئەوە ژیانی لەدەست دەدات. سیحری زمان دەکاتە لەمپەری نێوان خۆی و شمشێری جەللادەکەی. کەسایەتی "شیزۆدی" شەھرەیار رێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کەبچێتە نێو زەمەنی حیکایەتەکان و لەگەڵیاندا بژی.. لێرەدا مەبەستم لەوەیە سەرباری ئەوەی کەیەک حیکایەتخوان سەرجەمی حیکایەتەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام حیکایەتەکان بۆخۆیان بونیادی جیاجیان ھەیەو مەبەستی شەھرەزاد-یش لەگێڕانەوەیاندا، خۆ رزگارکردنێتی لە مەرگ و دەکرێت بڵێین تەوەری سەرەکی "ھەزار و یەک شەوە"ش ئەمەیە.
لە"دیکامیرون"ی پۆکاشیۆ و "دۆن کیخۆتە"ی سیرڤانتیس-یشدا، تەکنیکی لەو چەشنە دەبینینەوە، لە"دیکامیرون"دا ھەریەکەی حیکایەتی خۆی دەگێڕێتەوەو لە"دۆن کیخۆتە"شدا لەزۆربەی بەشەکانیدا بەتایبەت لەنێو خان و کۆشک و مەنزڵگەکاندا، یەکێک دەست دەکات بەگێڕانەوەی حیکایەتی خۆی و گەرچی لە بەسەرھات و ماجەراکانی "دۆن کیخۆتە" دوورمان دەخاتەوە. بەڵام گرنگ لەوەدایە کەسەرجەمی دەقەکە دەتوانێت ھەموو ئەو حیکایەتە جیاجیایانە بگرێتە خۆی و بونیادی وەک رۆمانێک لەبەریەک ھەڵنەوەشێتەوە.
فرە دەنگیش لەرۆماندا بەجۆر و چەشنێک، پەیوەستە بە ئەزموونەکانی لەوەو پێشی رۆمانەوەو ھەر بۆیە "دۆن کیخۆتە"م بەنموونە ھێنایەوە.


رامان: پێتان وایە رۆمانی مەغریبی بەتەواوی جیاوازتر بێت، لەو تەرزە رۆمانانەی کەتائێستاکە رۆماننووسی دیکە نووسیویانە؟


یوسف عزەدین: رۆمانی مەغریبی نوآ، رۆمانی ئەزمونگەریین و لەو روانگەیەوە دەڕواننە رۆمان، کەھۆشمەندییەکی مومکینە، نەک ھۆشمەندییەکی واقیعی، نوێخوازی و تەجاوز لەرۆمانەکانیاندا دەبینینەوە، دیارە ئەماش بەسوود وەرگرتن لەئەزموونەکانی "ئالن رۆب گرآ و میشال بوتوور و ناتالی ساروت" کە "ناڕۆمان"یان کردە قۆناغێکی نوێی رۆماننووسین و نەخشەی کۆنی نووسینی رۆمانیان گۆڕی.
رۆماننووسە مەغریبییەکان توانیان ئۆرستۆکراتییەتی زمان تێک بشکێنن و لەقووڵاییەکانی کولتوور و کەلەپووری دێرینی خۆیانەوە شتێکی نوآ ھەڵبھێنجن.
" محەمەد زفزاف و ئەحمەد ئەلمەدینی و موبارەک رەبیع و محەمەد عزەدین ئەلتازی و عەبدوڵڵا ئەلعروی" ھەندێکن لەو رۆماننووسە مەغریبیانەی کەپاش خوێندنەوەی رۆمانەکانیان دنیایەک شتمان لا دروست دەبێت.
مەغریب ھەر لەسەردەمانێکی کۆنەوە خاوەن حیکایەت و سەرگوزشتەی میللی خۆی بووە. ئەو دەمەی کە"سێرڤانتێس" لەجەزائیر دەستبەسەر بووە، حیکایەتی "ئیبن سەڕاج و دولبەرەکەی"، چ دەما و دەم گێڕدراوەتەوەو چ بە دەستنووسیش ھەبووەو دەستاو دەستی کردووەو یەکێکە لەحیکایەتە مەغریبییەکان.. زۆرێک لە رەخنەگران ئاماژەیان بە لێکچوونی نێوان "دۆن کیخۆتە"و "ئیبن سەڕاج" کردووە. بەبۆچوونی ئەوان "سەڕاج" بۆتە "دۆن کیخۆتە"و ناوی خۆشەویستەکەی "ئیبن سەڕاج"یش بۆتە "دولیسینیا"وزۆر شتی تریش.
مەغریب بۆ خۆی زەمینەیەکی لەبارەو ئەمە جگە لەوەی کەمەنفا و دوور کەوتنەوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەو نووسەرانە ھەبووە.


رامان: گوتەیەک ھەیە دەڵێت: نووسەری ئاقلڕ ئەو کەسەیە کەدەقەکانی پاش مەرگی خۆی بڵاو دەکاتەوە؟


یوسف عزەدین: حیکایەت و سەرگوزشتە نەنووسراوەکان، دەما و دەم گەیشتوونەتە ئێمەو نازانین لەدەسپێکدا کآ گوتویەتی و تا گەیشتۆتە ئێمەش چەندی گۆڕان بەسەردا ھاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە پێمان خۆش بێت بزانین یەکەم جار بەخەیاڵی کێدا ھاتووەو لەسەرەتادا چۆن گێڕردراوەتەوەو تا گەیشتۆتە ئێمەش، کێن ئەوانەی شتێکیان لێ لاداوە، یان شتێکی دیکەیان بۆ زیادکردووە. ئەمە حەز و خولیایەکی ئێمەیە بۆ ناسینی دانەری ئەو حیکایەتانەی کەبەلامانەوە جوانن، بەڵام ھەموو ئەوانەی کەلەدروستکردنی ئەو حیکایەتانەدا بەشداریانکردووە، لەئێستادا ناژین و دەمێک ساڵە مردوون و ئاگایان لەو کەینە و بەینەی ئێمە نییە.
ھەر بۆیە پێم وایە دەقی زیندوو تەجاوزی نووسەرەکەی دەکات و بۆ خۆی تێکەلڕ بەدنیای خوێنەرانی دەبێت و لەزەین و بیروھۆشیاندا شوێن جێگەیەک بۆ خۆی دەکاتەوە. جا زۆرجار گەر نووسەرەکە لەژیانیشدا بێت بێئاگایە لەوەی دەقەکەی کێ خوێندوویەتییەوە و گەیشتۆتە کوآ؟
"بۆرخیس" بۆ خۆی سەبارەت بەکتێبێکی خۆی کەزۆری پێ باشە، دەڵێت ئەگەر کەسێکی ئاقلڕ بوومایە، ئەو کتێبەم ھەڵدەگرت، تا پاش مەرگم بڵاوبێتەوە.. دواتر ئاماژە بە"کافکا"ش دەکات: کەوەک نووسەرێک نووسینەکانی پاش مەرگی بڵاوکراونەتەوە.. "بۆرخیس" پێی وایە ئەگەر "کافکا" مەبەستی بووایە، دەقەکانی بسووتێنێت ئەوە بۆخۆی دەیسووتاند، ھیچ پێویستی بەوە نەدەکرد بەھاوڕێیەکی بڵێت، دەقەکانم بسووتێنە.
دیارە ھاوڕێکەشی دەزانێت مەبەستی "کافکا" ئەوە نییە. ئەوەی کەلێرەدا حەز دەکەم بیخەمەڕوو، راستییەکە سەبارەت بە"کافکا" کەزۆر کەم ئاماژەی پێدەدرێت، ئەویش ئەوەیە کە"کافکا" لەژیانی خۆیدا چەند کتێبێکی خۆی بەچاپگەیاندووەو تەنانەت لەنامەکانیشیدا دیارە کەچەند پەرۆشی چاپکردنیان بووە.. یەکێک لەکتێبەکانی خراپ چاپ دەکرێت، زۆر گلەیی لەبەرپرسی دەزگای چاپەکە دەکات و دەڵێت بۆ کتێبی فڵانە نووسەرتان لەکتێبەکەی من باشتر چاپکردووەو شتی لەو بابەتە.
لەکاتێکیشدا کەخەریکی چاپکردنی رۆمانی"مەسخ" بووە، نامەیەک بۆ سەرنووسەری ئەو گۆڤارە دەنێرێت کەرۆمانەکەی بۆ چاپ دەکات، راشکاوانە ئەوەی بۆ روون دەکاتەوە کە نەکەن تابلۆی سەر بەرگی کتێبەکەی بدەنە دەست فڵانە ھونەرمەند، چونکە پێی وایە کەوێنەی قالۆنچەیەکی بۆ دەکات و زۆر دەترسێت کە شتێکی لەو چەشنە بخەنە سەر بەرگی رۆمانەکەی و دەڵێت مەبەستی من شتێکی ترە.


رامان: رەنگە لەئێستادا لەھەموو کاتێک زیاتر کردەی وەرگێڕان لەبرەودا بێت و دیارە رۆڵێکی کاریگەر لەبەرەو پێشچوونی بزاڤی رۆشنبیری نەتەوەییماندا دەبینێت.. ئێوە وەک کەسێکی خاوەن ئەزموون لەوەرگێڕاندا لەمبارەیەوە راتان چییە؟


یوسف عزەدین: وەرگێڕان لەمێژوودا رۆڵێکی گرنگی بینیوە، لەسەردەمی عەباسییەکاندا، ئەگەر زمان زان و نووسەرانی ئەو دەمە زۆرێک لەدەقە گریکییەکانیان نەکردایەتە عەرەبی، ئەوە بێگومان بۆ ھەتا ھەتایە دەفەوتان، دواتریش لەعەرەبییەوە گۆڕدرایە سەر زمانە ئۆروپاییەکان، چونکە لەبەر ھەر ھۆ و ھۆکارێک بووبێت، زۆرێک لەو دەستنووسە گریکییانە بۆ ھەتا ھەتایە دیار نەمان. جا کاری وەرگێڕان دەبێت لەمیانی پڕۆژیەکەوە و سیستەماتیکانە کاری بۆ بکرێت. دەکرێت ھەر دەزگایەکی وەرگێڕان، پرۆگرام و تەرحی جیاوازی لەوەی تر ھەبێت و تایبەتمەندێتی خۆی بپارێزێت. ناکرێت بەتێکەلڕ و پێکەلڕ، ھەرچی ھاتە بەر دەست بە خێرایی وەربگێڕدرێت و چاپبکرێت.. چونکە دەکرێت جدیتر و جوانتر، ئەو کارەبەئەنجام بگەیەنین، بۆ نموونە ئەگەر قەولە شاکارەکانی فڵانە نووسەرێکی جیھانی وەربگێڕدرێت، ئەوە با ئەو دەزگای وەرگێڕانە ھەموو کتێبە وەرنەگێڕدراوەکانی ئەو نووسەرە، بداتە وەرگێڕێک یان چەند وەرگێڕێک و کاری ئەوان گۆڕینی ئەو کتێبانە بێت، بەڵام تۆ سەیر دەکەیت نووسەرێک، بیست، سی کتێبی ھەیەو لای ئێمە دوانی کراوەتە کوردی..رەنگە باشترین کتێبیشی کرابێتە کوردی بەڵام ئەمە ھێندەی ئەوە گرنگ نییە کەئاگات لەھەموو بەرھەمەکانی ئەو نووسەرە بێت.. ئەگەر بەشەخسی نووسەرێک وەک کارێکی فەردی ئەم کارەی کردبێت، ئەوە ھیچ قسەیەکمان نییەو دەست خۆشی لێدەکەین، بەڵام ئەگەر دەزگایەکی وەرگێڕان، ئەو کارە بکات ئەوە دەبێت سەرجەم بابەتەکانی نووسەرێکی دیاریکراو وەربگێڕێت، ھەر بۆ نموونە ئەگەر خوێنەرێکی کورد سەرجەم بەرھەمەکانی "یەشار کەمال"ی نەخوێندبێتەوە، ناکرێت ھەمان تێڕوانینی خوێنەرێکی دیکەی بەرھەمەکانی ئەوی ھەبێت، کەسەرجەمی بەرھەمەکانی خوێندبێتەوە.


رامان: زۆر سوپاستان دەکەین کەماندوومان کردن و توانیمان لەڕێی ئەم ھەڤپەیڤینەوە، ھەندێک لەنەگوتراوەکان بکەینە گوتراو.


یوسف عزەدین: سوپاس بۆ ئێوەش.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک