١٥\٨\٢٠٢٤
دووکەڵێک لە پشتی پەتەکەوە؛
نمایشێک پڕاوپڕ
لە واقیعیەت.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ڕاهێنان و مەشقی چڕوپڕ، دواجار شانۆنامەی
دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە بەزمانی ئینگلیزی هاتە نمایش کردن. (١) ئەم
شانۆنامەیە لەلایەن نووسەر و هونەرمەند ڕزگار حەمەڕەشید نووسراوە و هەر
خۆیشی دەریهێناوە.(٢) ئەم کارە هونەرییە لەلایەن گرووپی شانۆی سکای (٣)
بە هاوبەشی لەگەڵ شانۆی پشتبەستوو بە توێژینەوە لە زانکۆی بریتیش
کۆڵۆمبیا، لە ڕۆژانی ٥ – ١٠ی ٧ی ٢٠٢٤ لەسەر شانۆی ڕاوندهاوس لە شاری
ڤانکووڤەر پێشکەش کرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە شەیدایانی شانۆ ئامادەی
بینینی بوون. ئەم نمایشە باس لە درێژترین و تاریکترین شەوی ژیانی دوو
کەسی گەنج دەکات ( گوڵناز و فەرهاد) کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مردن
دەبنەوە. "دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە" دوای چیرۆکەکانی دوو هەڵسوڕاوی
سیاسی دەکەوێت کە کەوتوونەتە زیندانەوە و لە تاریکترین و درێژترین شەوی
ژیانیاندا کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەپێشە، لەپشتی دیوارەکانی زیندانە
تاکە کەسییەکانیانەوە، ڕێگەیەک دەدۆزنەوە تا ئازار و خۆشی و ترس و
گاڵتەکردنەکانیان بۆیەکتر بگوازنەوە. ڕێگەکە سەرەتا بە ترس و دەست
پێدەکات و پاشان وردە وردە لەگەڵ هەڵکشانی هێڵی درامی نمایشەکە ترسەکە
کاڵ دەبێتەوە یان دەڕەوێتەوە و زیندانییەکان لەڕێگەی کێشان بە
دیوارەکاندا دەکەونە گفتوگۆیەکی نادڵنیایی و دواتر ئەو نادڵنیاییەش بۆ
یەکجاری سەر تەختەی شانۆکە چۆڵ دەکات. غەزال و ناڤید کە ڕۆڵی گوڵناز و
فەرهادیان یاری دەکرد،(٤) بەوپێیەی ئەوانیش بە باکگراوندی دەقەکە نامۆ
نەبوون، توانیبوویان ڕۆڵەکە جوان بەرجەستە بکەنەوە. ئیتر لەمیانی
گفتوگۆی فەرهاد و گوڵناز لە ژوورەکانی زیندانەوە کەچاوەڕوانی
لەسێدارەدانی سبەینێن، چارەنووسیان بۆ چەند ساتێک فەرامۆش یان پشتگوێ
دەخەن و دەکەونە سۆراخی کێشەکانی یەکتر. تا سەرەنجام ئەو ترسەی کە
ژیانی گووشیبوون، لەئارادا نامێنێت و کێشە گشتییەکانی ژیان و کۆمەڵگە
دەبێتەوە خەمی ئەو قوربانییانەی زیندان کەلەئەنجامی چالاکی سیاسییەوە
دووچاری ئەوڕۆژڕەشییە هاتوون. دەرهێنەریش لێزانانە بەسوود وەرگرتن لە
تەکنیکەکانی شانۆ، توانیبووی ئەوپەیوەندییە تووندتۆڵەی نێوان بینەر و
نمایشەکە تاسەر بپارێزێت.
پانتایی دەقی
دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە.
شانۆنامەی
دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە پانتاییەکی گەورە لە واقیعی ژیانی
میللەتی کورد؛ داگیر دەکات، یان وردتر بڵێم لەهەناوی واقیعی ژیان و
خەباتی میللەتی کورد لەدایک بووە. واقیعێک کە لەلایەکەوە لێوانلێوە لە
ستەم و نایەکسانی و سەرکوتی ملهوڕانەی ڕژێمە دیتاتۆرەکان و لەلایەکی
تریشەوە لێوڕێژە لە خەبات و بەرخوردان و تێکۆشانی بەردەوام لەپێناو
بەرگریکردن لە ژیان و مافەکانی ئینسان و ئازادی. باکگراوندی دەقەکە
مێژووی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردستانە. کارەکتەرەکانیشی هەر لەو
تێکۆشەرانەی نێو زیندانە تاریکەکانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرانەن کە ڕۆژانە
بە مەرگ و سێدارە وەڵامی داخوازییەکانیان دەدرێتەوە. ناوەڕۆکی نمایشەکە
لالێکردنەوەیەک بوو لە کۆمەڵێ پرسی گرنگ وەکو پرسی ئازادی و زیندان و
لەسێدارەدان و خۆشەویستی و جێندەر و بزووتنەوەی ( ژن ، ژیان، ئازادی) و
تا دەگات بە پرسی گشتی و شمولی ئینسان لە یەکسانی و دادپەروەری
کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی سنوورەکان و خەبات دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان،
لەوێشەوە تا دەگات بەو بەهەشتەی کە ناوی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە کە
لەوێدا باڵندەکان دەجریوێنن و ڕووبارەکان هاژەیان دێت و باخچەکان
هەمیشە سەوزن و مرۆڤەکانیش بەمانای وشەکە بۆ هەمیشە ئازادن. ئەمە خاڵی
جیاکەرەوەی ئەم نمایشەیە لەگەڵ نمایشە هاوشێوەکانی تری. بانگەواز بۆ
دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە تەنها بە نەمانی ستەمی چینەکان دێتە دی، یا
وردتر بڵێم تەنها و تەنها لە کۆمەڵگەی بێ چین و بێ ستەم و چەوسانەوە
بواری جێبەجێبوونی هەیە لەمیانی ڕستە و پەرەگرافی گفتوگۆکاندا هەستی
پێدەکرا. شوناسی نمایشەکەش لە گفتوگۆکانی ساتەوەختی خۆشیگێران و شایی و
سەمای کارەکتەرەکانەوە تۆختر خۆی دەنواند. واتە ئەم کۆتایی شادیهێنەرەی
نمایشەکە لەڕێگەی خەیاڵ، بەتەکنیکی سڵاید بوو بە شادەماری چڕبوونەوەی
شوناسی نمایشەکە کە دەرهێنەر بەمەبەستەوە وەک هاویشتنی دوا تیری نێو
کەوانی خۆی، ئامانجە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی پێی پێکا. دەقی
دووکەڵێک
لەپشتی پەتەکەوە؛ دەقێکی واقیعییە بە ئامانجێکی کۆمەڵایەتی کە دەخوازێت
ئەم ستەم و چەوسانەوەیەی لەسەر میللەتی کورد و مرۆڤایەتییە کۆتایی
پێبهێنرێت، ئەویش نەک بە ترس و خۆخواردنەوە و گۆشەگیری و تەنیایی،
بەڵکوو بەخەباتی دەستەجەمعی نەپساوەی مرۆڤەکان لەپێناو سبەینێیەک کە
نەک پەتی سێدارە نەکرێتە ملی گەنجەکانمان، بەڵکوو سبەینێیەک کە لێورێژ
بێت لە پێکەنین و هیوا و خۆشی و داهێنان و شکۆ. ڕووبەری نمایشەکە یان
با بڵێم ڕووبەری پەیامی دەقەکە گەرچی خاڵی لێوەهەستانی کوردستان و
ڕۆژهەڵاتی ناوینە، بەڵام ئەم خاڵە نابێتە چوارچێوەیەکی تەنگ بەبەری
مەبەستە کۆمەڵایەتییەکە، چونکە خودی ئەم خاڵی لێوەهەستانە لەگەڵ خەمە
گشتی و سەرتاسەرییەکانی مرۆڤایەتی ئاوێتەی یەکتر دەکرێن و لێرەوە
نمایشەکە سیفەتی لۆکاڵبوونی خۆی لەدەست دەدات و وەک بەرهەمێکی فراوانتر
و جیهانیتر دێتە بەر دیدە.
تەکینک لە نمایشی
دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە.
شانۆ زۆر بەسادەیی بەجۆرێک دزاین کرابوو کە لەچەندین پەردەی سپی
پێکهاتبوو کە هێمای دیوار و ژووری تاکەکەسیی بوون، کە زۆرترین
ڕووبەریان لە شانۆکە داگیر کردبوو. دیارە دانانی ئەم پەردە سپییانە
مانا و هێمای خۆیان هەبوو. دوو دەرگاش لە هەردوو لای راست و چەپی
شانۆوە هەبوون کە دەرگای ژوورە تاکەکەسییەکان بوون. جووڵەی بەردەوامی
ئەکتەرەکان ( فەرهاد و گوڵناز) هەر لەسەرەتاوە جۆرە هارمۆنییەکی تێدا
بوو کەلەگەڵ دەقەکە یان گفتوگۆکان تەریب بوون. ڕووناکیش ڕۆڵێکی گرنگی
بینی لە نیشاندانی گەیاندنی مەبەست بە بینەران. دەنگیش چی دەنگی
ئەکتەرەکان یان دەنگە خواستراوەکان هەمئاهەنگانە لەگەڵ جووڵە و مەبەستی
دەق بەرز و نزم دەبوونەوە و ڕەوتی کەش و ئەتمۆسفیری نمایشەکەیان دەگۆڕێ.
بەکورتی تەکنیکی نمایشەکە ڕێک بەباڵای دەقەکە بوو.
دوا جار.
دوواجار دەقی
دووکەڵێک لەپشتی پەتەکەوە، وەک دەقێکی واقیعی کە لەلایەن
ستافێکی بەئەزموون، بەرپرسیارانە نمایش کرا، بانگەوازێکەوە بۆ
سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ واقیعی تاڵی ژیان وخەباتی
ئازادیخوازان و شۆڕشگێران لەژێر دەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات،
کە ڕۆژانە لەهەمبەر داواکردنی ئازادی و مافە ڕەواکانی خۆیان، دووچاری
ئازار و ئەشکەنجە و گرتن و لەسێدارەدان دەبنەوە. نمایشەکە بە تەکنیکێکی
جوان و گونجاو لەگەڵ دەقی شانۆنامەکە هەڵگری پەیامێکی کۆمەڵایەتی
ئینسانیی مەزنە کە دەیهەوێت دۆخی کۆمەڵگە بشڵەقێنێت و ڕاچڵەکینێک
بهێنێتە ئاراوە تا مرۆڤەکان لەدەوری خەم و خۆزگەکانی خۆیان کۆببنەوە
بکەونە تێکۆشان بۆ بەدیهاتنی ئەو خەونانە پێش ئەوەی درەنگ بکەوێت و
مرۆڤایەتی لەسەردەستی سەرمایەداری تەماحکار و چاوچنۆک و ژینگەکوژ،
دووچاری کارەساتێکی نەخوازراو ببێتەوە.
______________________________________________
ژێدەرەکان:
١- ڕزگار حەمەڕەشید نووسەری دەقەکە دەڵێت( دەقەکە بە کوردی نەنووسراوە،
بەڵام پشتی بە کۆمەڵێک ڕووداوی ڕاستەقینە بەستووە. ڕستەکانی سەر
دیوارەکان، ڕستە ڕاستەقینەکانی سەر دیوارەکانی زیندانن، ئەوەم وەک خۆی
وەرگێڕاوە. چەندین نوسخەی جیاوازم لێ نووسی چ بە کوردی و چ بە ئینگلیزی،
بەڵام دواجار بڕیارم دا چونکە لێرە کاری تێدا دەکەم هەر بە ئینگلیزی
بینووسم.)
٢- ڕزگار حەمەڕەشید؛ خەڵکی شاری سلێمانی کوردستانی عێراقە و دانیشتووی
شاری ڤانکۆڤەرە. ڕزگار شانۆنامەنووس و دەرهێنەری شانۆ و ئەکتەر و
نووسەرە، ئێستاش وەک دەرهێنەری هونەری بۆ گروپی شانۆی سکای کاردەکات.
لە ساڵی ١٩٨٤ ژیانی هونەری خۆی دەستپێکردووە، یەکەم پڕۆژەی وەرگێڕان و
دەرهێنانی ڕزگار لە ساڵی ١٩٨٧، شانۆگەرییەک بوو لەسەر بنەمای چیرۆکی
ڕاستەقینەی شاری لینینگراد لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. بەرهەمەکانی
ڕزگار وەک دەرهێنەر بریتی بوون لە: سپارتاکۆس، زیندووکردنەوەی سەگەکان،
تابلیۆ، باران، سیامند، هاوار، دوا یاری و شانۆگەرییەک کە لەسەر بنەمای
شیعرەکانی ئارسەر ڕیمبۆد، وەرزێک لە دۆزەخدا. ڕزگار لەگەڵ زۆرێک لە
تیپە شانۆییەکان لە ڤانکۆڤەر، مۆنتریال، تورکیا، عێراق، و کوردستان
کاری کردووە. هەروەها بۆ ماوەی نۆ مانگ تاقیگەیەکی نواندنی بەڕێوەبرد،
کە سەرنجی لەسەر تەکنیکەکانی ئیمپرۆڤیزەیشن و ڕاهێنانی ئەکتەرەکان بوو
بۆ یارمەتیدانی ئەکتەرە بەشداربووەکان بۆ دۆزینەوەی تواناکانیان بۆ
پەرەپێدانی شانۆنامە و نمایشکردن. ڕزگار لە زۆر شوێنی جیهاندا چەندین
سیمینار و وۆرک شۆپی سەبارەت بە شانۆ و تەکنیکی نواندن و نمایش و هونەر
نووسیوە و ئەنجام داوە.ڕزگار پێی وایە شانۆ دەتوانێت ڕۆڵێکی شایستە
بگێڕێت لە پەرەپێدانی کۆمەڵگایەکی تەندروستتر بۆ نەوەکانی داهاتوو،
شانۆش شوێنێکە بۆ فراوانکردنی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ بۆ بنیاتنانی
ژیانێکی باشتر
٣- گروپی شانۆی سکای؛ تیپێکی تۆمارکراوی قازانج نەویستە کە جەخت لەسەر
گفتوگۆی هونەری و ئیستاتیکا دەکاتەوە. ئەندامانی ئەم گروپە هەوڵ دەدەن
سنوورەکانی داهێنان فراوانتر و هەوڵدانی بەردەوام بەردەوام داهێنان لە
جیهانی شانۆدا. ئەم گروپە لەلایەن تیمێکی لە خۆبەخشەکانەوە
بەڕێوەدەبرێت کە بە قووڵی پابەندن بە ئەرکەکانیانەوە. گروپی شانۆی سکای
پشت بە کۆمەکی تاکەکان و کۆمپانیاکان و یارمەتییەکانی حکومەت دەبەستین
تا بتواننن تێروانینەکانیان بگەێنین بە شوێنی مەبەست. هەر کۆمەکێک کە
وەریدەگرن توانای ئەوەیان پێدەبەخشێت تا بتوانین بەرهەمی شانۆی کاریگەر
و بەشدار لە پەیکەری کلتووری کۆمەڵگەکان، بەرهەم بهێنن.
٤- هونەرمەند غەزال ئازەرباد کە لەدایک بووی شاری مەشهەدی ئێرانە کە
ڕۆڵی گوڵنازی بەرجەستە دەکرد و هونەرمەند ناڤید چەرخی لەدایکبووی وڵاتی
ئێرانە و ڕۆڵی فەرهادی نمایش دەکرد.
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|