په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٧\٢٠١٥

    ئەگەڕێمەوە بۆ ناو مەردستان.

کامیل ژیر

رۆڵەی شیرینم، جگەرگۆشەکەم
کۆڵەکەی ژینم، زەبەن هۆشەکەم
پشتوپەناکەم
تاکە هیواکەم
مژارم لێڵە، بازە بەرزەکەم
بەجێم مەهێڵە باڵ و گورزەکەم
منی کوردستان
منی مەردستان
نەکەی بە تێشووی مرۆڤخۆرەکان
بە پای پلانی جەردە بۆرەکان
نە پەرتەوازیی!
نە پارچەخوازیی!
    *    *    *
بەڵێ دایەخان، منی هەڵۆی تۆ
بەرز هەڵفڕیم لە مەڵبەندی خۆ
نزم چوومە خوار
لە ئەم شار و شار
ئەی نائومێدیی، رەنجی بێوەریی!
ئەی نیشتمانم گەنجی گەوهەریی
وەی ئاوارەبوون!
بێ بەرنامەچوون!
ئەگەڕێمەوە بۆ ناو باوەشت
ئەژیێنمەوە ئارامیی لەشت
بازەکەی جاران
ئاوێتەی یاران
نەجەنگێ، ئەنجام لە جێدا ئەمرێ
درەختێ دارە، گوڵ و دڵ بگرێ
مەردستانەکەم
کوردستانەکەم
ئەجەنگم وێنەی برای پێشمەرگە
مەرگ جارێکە و بە مەردیی مەرگە.


٢٤\٧\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک