٥\٦\٢٠٢٢
ئەوە جەنگی
ئابوورییە کە کارایی پتری ھەیە نەک جەنگی سەربازیی.

زاھیر باھیر
مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، ھەر
جۆرە جەنگێک بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و ھاووڵاتیانن لە
خەڵکە ھەژار و ئاساییەکە. کۆتایی ھەموو جەنگێکیش بە سەرکەوتنی لایەنێک
لە ھەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی
دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان ھەر جۆرێک بن جەنگێکی ڕەوا نییە و پشتگیرکردنی
ھەر لایەکیان ھەڵە و نادروستە.
لە جەنگی ئۆکرانیا و رووسیادا، لە لابەلاکردنەوە و بەدەستھێنانی
ئامانجەکانی جەنگەکە پێشبینییەکانی ھەردوو لا بە ھەڵە دەرچوون. پوتین
وا پێشبینی دەکرد کە لە دوو ھەفتەدا یاخود لە مانگێکدا دەتوانێت
ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ
بکات. ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە رووسیا لە
ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێی و قۆناخی سەردەمیش لە قۆناخی مەترسی رووسیا و
شەڕی سارد و گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەرووس و
ئێران و سوریا و وڵاتە دۆستەکانی دیکەی رووسیا دەشکێنن. بەڵام واقیع
پێچەوانەی بیرکردنەوە و تاکتیکەکانی ھەردوولایان ڕۆیشت.
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە چەکی
گەمارۆدانی ئابووریی و گوشار خستنە سەر رووسیا و تەریککردنی زیاتری، بە
زەرەری ئەمەریکا و ئەوروپا و سەراپای جیھان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە
ببێتە چەکێک بۆ چۆکدادانی رووسیا و کشانەوەی لە ئۆکراینا و ڕازیبوونی
بە مەرجەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی*.
شەڕەکە سەد ڕۆژی تێپەڕاند و ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە
وڵاتانی ڕۆژئاوا و تا رادەیەکیش ئەمەریکایە کە لە پێگەیەکی لاوازی
ئابووریدان، کە بە دوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و
دەسەڵاتیان دێت. ھەر ئەمەشە کە ئێستا ھەر ھەموویان ڕازین بە وتووێژ و
دانوستاندن بەڵام لە ھەڵوێستی بەھێزیی ئۆکرانیاوە نەک لەم پێگە لاوازەی
ئێستایدا تاکو ھەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام
وڵاتێک چەند شار و شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لە ئۆفیس و کۆمپانیا
و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لە سنوری دەریای ڕەشەوە
ئابلوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەھێز بکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟
ھەر ھەموویان بە نھێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە
سازشکردن و وتووێژ لەگەڵ پوتیندا، بەڵام تەنھا ئەمریکایە و ھەندێک لە
ئابووریناسەکان و ڕۆژنامەنوسەکانن کە بە ئاشکرا ئەوە دەلێن.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ھێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی و
سیاسەتمەدار وتی " ڕەنگە کۆتایی شەرەکە بەوە بێت کە ئۆکرانیا بڕێک لە
خاکەکەی لەدەست بدات" بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە ڕێگایەک
وتووێژ و دانوستاندنە. ڕۆژی سێ شەمە، ٣١/٠٥، جۆ بایدن بە ڕۆژنامەی
نیویۆرک تایمزی وت " داگیرکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕێگەی
دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو
دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات
بە ئۆکرانیا".
ئەم وەرچەرخانە لە بۆچوون وھەڵوێستدا چۆن ڕووی دا؟
لە کاتێکدا زیاتر لە ٤٠ دەوڵەت ھاوکاری و ھاوپشتی ئۆکرانیایە، بە
سەدەھا ملیار دۆلار ھەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و ھەم وەکو
دانی چەک و تەقەمەنی قورس بە سوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە جگە لە
سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لە ڕاھێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا
لەسەر بەکارھێنانی چەکە نوێیەکانی کە لە ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و لە
بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو
وڵاتانە.
لە سیاسەتی بۆیکۆتی نەوت و غازی رووسی، رووسیا نەک ھەر زەرەری نەکردووە
بەڵکو بە ھۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بۆتەوە. بە
گوێرەی ئامارێکی نوێ لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵداساڵی ٢٠٢٢ دا، پوتین
شانازی بە زیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بە بڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦
ملیار پاوەند) - بەھای غاز و نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی
ھەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دەکات.
کاتێک یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی
لە ھەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕاگەیاند، رووسیا بەمەش زەرەری نەکرد
بەڵکو قازانجی کرد، چونکە تێچووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھاندا
بەرزبووەوە و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە رووسیا سوودێکی دیکەی دارایی
بەدەستبھێنێت.
ڕووسیا ھیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ
وزەکەی، ھەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەدا ٥٠
لە بەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. ھەروەھا ھیندستان ھەر لە
سەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشو نەوتی لە رووسیا کڕیوە و دایناوە
لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد. کڕینی نەوتی رووسیا لە لایەن
ھیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ رووسیادا ئەمریکا و
تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە ھیندسستان نیگەران کرد . ھەر زوو وەزیری
دەرەوەی بریتانیا خۆی گەیاندە ھیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە
ھەڵوەشاندەنەوەی ئەو سیاسەتە ڕازی بکات . بەڵام نەک ھەر ئەوان ڕازی
نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی
ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لە
حوکمڕانانی ھیندستان بکەن.
سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری
بە ڕێژەی لە سەدا ٨.٥ دابەزێت بەھۆی داڕمانی ھاوردەکردن لە ڕۆژئاوا.
بەرزبوونەوەی ھەڵئاوسانی پارە لە وڵاتانی گروپی ٧دا کێشەیەکی ترە. لە
بەرواری ١٨/٠٥/٢٢ ڕێژەی ھەڵئاوسانی پارە لەو وڵاتانی گروپی ٧دا ئاوا
بووە: بریتانیا بە ڕێژەی لەسەدا ٩، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی ٤٠ ساڵدا
] ئەمەریکا لە سەدا ٨.٣، ئەڵمانیا لەسەدا ٧.١٤، کەنەدا لە سەدا ٦.٨ و
ئیتالیا لەسەدا ٦، فەرەنسا لە سەدا ٤.٨، یابان لە سەدا ١.٢.
ھەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵک کە ھەر ھەموو
شتێک گران بووە و گرانتریش دەبێت . ھەر بۆ نموونە لە بریتانیادا کە
نرخی غاز لە مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی لە سەدا ٥٤ سەرکەوت، لە مانگی
ئۆکتۆبەردا ئەم ڕێژەیە زیاتر سەر دەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی
نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لە
ڕادەیەکدا ، کۆتایی دێت ، ئەو کاتە وا پێشبینی دەکرێت کە ماڵێکی ئاسایی
نرخی غازیان لە نێوان ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ پاوەند لە ساڵێکدا زیاتر بدەن.
لە ئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووریی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی
خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی ھەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە.
ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ
ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کە ھەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت. لە
لایەکی دیکەوە بەڕیوەبەری بەرنامەی جیھانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا،
سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن. ئەمە لە کاتێکدا٤٤ ملیۆن کەس لە
جیھاندا بەرەو برسێتی دەچن".
یەکێتی ئەوروپا نەک ھەر پێشنیاری ڕاگرتنی دانی پارەی بە رووسیا لەلایەن
وڵاتانی نزیک لە ڕووسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا دژایەتیشیان
دەکات. بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە ھەندێک لەو وڵاتانە زۆر
پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا ١٢٪ی نەوتەکەی و ٣٥٪ی
غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، ھۆڵندە لە سەدا ١٥، ئەو ئامارانەش لە
ھەنگاریا زۆر زیاترن. ڕەنگە سزاکان زیانیان بە توانای قەرزکردنی ڕووسیا
گەیاندبێت، بەڵام تەنھا بەرزبوونەوەی لە سەدا ٧٠ی نرخی غازی جیھان،
ھاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی ڕووسیای زیاد کردووە. زیادەی مامەڵەی
بازرگانی رووسیا بە گوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی،
لە ئێستا لە سێ ھێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.
ئەمانە ھەموی تا ڕادەیەک دەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە سزادانی رووسیا
بە ئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا
کە ئەو سزایانە دەسەپێنن. ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بە ڕێژەی لە
سەدا ٤٨ بەرزکردۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، ئەمەش بازاڕەکانی وێران
کردووە، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەفریقادا. ھاوکاتیش بەھای ڕۆبڵ گەر چی
لە سەرەتادا شکا بەڵام ئێستا ھەڵساوەتەوە و بەرزیش بووەتەوە. رووسیا
لەو گەمارۆیەی کە لە سنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشی
داناوە کە ناھێڵێت دانەوێڵە و بەرھەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا ھەناردەی
وڵاتانی دیکە بکرێت ، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت
دەیفرۆشیێت . کەواتە ھەندێک لە زەرەر و زیانەکانی شەڕەکە ھەر خودی
شەڕەکە و سزادانەکانی رووسیا، خۆیان قەرەبووی رووسیا دەکەنەوە. بە
واتایەکی دیکە رووسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات.
لەم ماوەیەدا ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی
دی ئەم شەڕە لە ڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوە و ئەمەریکا و
وڵاتانی ھاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن ھاوکاری ئۆکرانیا بکەن.
دەبێت بیر لە کردنی سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لە
ڕۆژی دووشەممە، ٢٣/٠٥ گەیشتە ئەو قەناعەتە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا "سیستەمی
موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو رووسیای ھەیە " بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. .
لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا وئەڵمانیا
کە ڕۆژی شەمە، ٢٨/٠٥ بۆ ٨٠ خولەک ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین
ھۆشداری لە بەردەوامی گواستنەوەی چەکی ڕۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا
داوە. لەوە دەکات ئەو ھەڕەشەیەی پوتین ھەڵوێستی بایدن-ی گۆڕیبێت کە
وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور ھاوێژی مەدای ١٦٥ کیلۆمەتری
بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. تا ئێستا تەنھا ئەو موشەکانە دراون بە ئۆکرانیا کە
مەدای ھاویشتنیان لە ٧٠ کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە
نەنرێت بە ناو رووسیاوە.
ئەنجامگیریی.
ئەوەی کە ئێستا ڕوونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە
ئەوەیە کە جەنگی جیھانی سێیەم ڕوونادات گەرچی ڕەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی
دیکەش ھەر بەردەوام بێت. ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو
ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوەی لە ئێستادا بە بڕی زیاتر لە تریلیۆنێک
دۆلار خەمڵێنراوە ، نزیکەی ١١ ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لە
وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. ھاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بە بێ
مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆ و سزا
ئابورییەکانی کە لەسەر رووسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە،
ئەنجامی ئەمەش لە لایەن ھاووڵاتیانیانەوە بە ھیچ شێوەیەک قەبوڵناکرێت و
ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بە خەڵکی و تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام
دەبێتە ھۆی پرۆتێستی گەورە و ڕاپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم
شەڕە کۆتایی پێ بھێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و
خاک و گیانی ھاووڵاتیانی ئۆکرانیا.
گەر ئەمەش ڕووبدات کە گریمانی زۆری ھەیە ، بێ گومان پوتین لەم جەنگەدا
براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بە ھیچ
تەماشای بکەن، ھاوکاتیش بەھا و ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕکێی چەک لە لایەن
ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.
_________________________________________
*
تکایە بۆ زانیاریی لەسەر گەمارۆ و سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی
خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارتدا پێشبینی
سەرەنجامی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانم لەسەر رووسیا کردووە:
سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر
کامیان؟
https://emrro.com/sizaugemaroy.htm
٤\٦\٢٠٢٢
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|