په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٥

فیدراسیۆنی میدییەکان.

 

  میھرداد. ر. ئیزەدی*

لە تورکییەوە: یوسف عزەدین

حەوت سەد ساڵ"پ.ز" میدییەکان دەسەڵاتێکی بەرفراوانیان لەناوچەی کوردستان ھەبووەو لەساڵی حەوت سەدو بیست و حەوتی"پ.ز"دا دەوڵەتی خۆیان دامەزراندووەو دیارە شانبەشانی ئەمانیش میتانییەکان کەبەڕەگەز ھیندۆئەوروپین لەرۆژئاوای کوردستانداو پاشانیش لەباکووری کوردستاندا دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووەو ھەندێکیش لەشارەکانی ناوەڕاستی ئەنادۆڵی تورکیایان بەدەستەوەبووە، وەک "ئورفاو قەرەقامیش و ئادیامان، لەو دەمەشدا ھیتییەکان لەناوچەی "عەنتاب"دا نیشتەجآ بوون. شایانی ئاماژە پێدانیشە کەدەرحەق بەمێژووی میدییەکان، بەپێی پێویست سەرچاوە و زانیاری تەواومان بەدەستەوە نییە.


یەکێک لەسەرچاوە گرنگەکان کەدەرحەق بەمیدییەکان نووسراوە، کتێبی"مێژووی موسا"یە و لەنووسینی: "کرۆنێ"یە، کتێبێکی بێ وێنەو دەگمەنە و ئاماژەی بۆ شێوازی ھەڵبژاردنی میدییەکان کردووە: لەدەستنیان کردن و ھەڵبژاردنی سەرۆک و سەرکردەکانیدا، لەکەش و ھەوایەکی دیموکراسیانەدا.


یەکەمین سەرۆکی میدییەکان "دەیۆکیس یان دیاکۆ" بووە.. "دەیۆکیس" بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە یەک لەدواییەکەکانی ئاشوورییەکان، ھەموو ھێز و توانستە جۆراوجۆرەکانی ئەو دەمی دەسەڵاتدارانی کوردستانی لەچوارچێوەیەکی یەکانگیردا دژ بەئاشوورییەکان رێکخستووە.


بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا ھەولڕ و تەقەللای میدییەکان لەزنجیرە ھێرشێکدا بۆ سەر ئاشوورییەکان، چ لەسەردەمی "دەیۆکیس"دا و چ لەسەردەمی "خشتاتریتا" بەتێکشکانی میدییەکان کۆتایی ھات.


دواتر و لەساڵی"٥٨٥-٦٢٤" کەبەماوەی حوکمی "کەیاکسارێس" دەزانرێت و لەسەر دەستی ئەو شاری "ھواخشتریتا-ئاراپاخا"، لەساڵی "٦١٥"ی"پ.ز"دا ئازادکراو پاشان شاری "ئادیابێنە-ھەولێر"یان لەساڵی"٦١٤"ی"پ.ز" دا ئازادکرد. دواتریش ھێرشیان کردە سەر پایتەختی ئاشوورییەکان"نینۆوا". میدییەکان دەوروبەری نینۆوا-یان بەتەواویی تەوقداو ناوچەیەکیان لەو ناوەدا بۆ چاوەڕێکردنی سەربازەکانیان دروستکرد، لەئێستادا ئەو شوێنە بەگوندی "شەریفخان" ناسراوەو شوێنجێگەی ھێرشی سەرەکی میدییەکانیش بۆ سەر "نینۆوا"، لە"تۆپزاوا"ی ئێستای شاری ھەولێرەوە بووە.


شادەمار و جێگەو شوێنە ستراتیژییەکانی ئاشوورییەکان"ئاشوور و کالھو و نینۆوا و شارۆکین و باڵاوات" بووە کەلەساڵی "٦١٢"ی"پ.ز" دا بەتەواویی کەوتە دەست میدییەکان. شایانی باسیشە ناوچەی"ئەلقۆشین"ی ئەو دەمی دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانێتی ئاشوورییەکان، لەئێستاشدا ماوەو بە"ئەلقۆش" ناو دەبرێت و بەوپێیەی لە"تەورات"یشدا ئاماژەی بۆکراوە، گوایە"ناعوم"ی پێغەمبەر لەو ناوچەیەدا سووتێنراوە.


نوێترین شێوازێک کەمیدییەکان لەو سەردەمەدا وەک تاکتیکێک لەجەنگدا بەکاریان ھێناوە، شێواز و تاکتیکی پارتیزانی بووە، چ لەڕووی پێکھاتەی ھێزەکانییەوە کەلەخەڵک پێکھاتبوو، چ لەڕووی ھێرش و پەلاماردانیشەوە کەلەئێستاشدا ئەم جۆرە شێوازە پارتیزانانە لەپەلاماردانەکانی گەریلاکان-دا بۆ سەر دوژمنانی دەبینرێتەوە، ئەم راستییە مێژووییەش دەرحەق بەچەشن و شێوازی پارتیزانانەی میدییەکان لەجەنگدا لەساڵی"١٩٥٨"دا لەلایەن "دیاکۆنۆف" لەباشووری کوردستاندا دۆزرایەوە کەلەسەر" بەھی ستون"یان ستونی رەش نووسراوە.


ئاشکرایە کەسەدان سالڕ لەحوکمی ئاشوورییەکان و چەشنی ئەو فەرھودو راوڕووت و دەست بەسەراگرتنی تەواویی سەروەت و سامانی دەسەڵاتدارە جیاجیاکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەپەیڕەوییان کردبوو، ئاشوورییەکان سەروەت و سامان و گەنجینەیەکی بآ وێنەیان لەدنیادا پێکەوە نابوو. ھەموو ئەمانە کەوتنە دەست میدییەکان و بآ سآ و دوو، گشت ئەو دەستکەوتە بەبەھاو بەنرخانەیان گواستەوە بۆ پایتەختی ئەو دەمەیان کە"ئێکباتانا" بوو، لەئێستاشدا بە"ھەمەدان" ناسراوە.


ئەم ھەموو سەروەت و سامان و دەستکەوتە بێ وێنەیەی میدییەکان کەوەک راستییەک لەحەکایەت و سەرگوزەشتە ھەمەجۆرەکاندا جێی خۆی کردۆتەوەو ھەردەم باسی لێوەکراوەو لەئێستاشدا ھیچی نەماوە.. گەرچی لەسەردەمی حوکمڕانی میدییەکاندا، بۆتە مایەی فراوانبوونی پایەی میلیتاریی میدییەکان و فاکتەری سەرەکی ئیدامە پێدان و بەردەوامی ھێرش و پەلاماردانە سەربازییەکانی ئەوان لەمیانی ھەولڕ و تەقەللایاندا بۆ پاوانکردنی ناوچەی زیاتر و بەرفراوانکردنی بازنەو پانتاییەکانی دەسەڵاتیاندا.


لەو دەمەدا فیدراسیۆنی میدییەکان، سەرتاپای ناوچەکانی کوردستانی لەخۆگرتبوو، لەساڵی ٦٠٩ی "پ.ز" "ئوراتۆ"، لە"٦٠٦"ی "پ.ز" "ئازەربیجان" و لە"٦٠١"ی "پ.ز" "دەرزەنە-دەرسیم" و لەساڵی "٥٩٦" "پ.ز"یشدا "تاباڵا" کەوتە ژێر دەستی میدییەکان.


پانتایی دەسەڵات و حوکمڕانی میدییەکان لە"ماڵاتیا"ەوە تا رۆژھەڵاتی باشووری "ئادیامان"و باکووری نێوەڕاستی "تیلەھۆیوک"بووە.


میدییەکان بەردەوام بوون لەفراوانکردنی پانتاییەکانی دەسەڵاتیان و بەو مەبەستەش سەرووی رووباری فوراتیان تێپەڕکردو بەرەو ناوچەکانی کوردە "زیلانییەکان" ملیان نا. بەحوکمی کشانەوەی ھێزی سەربازی لیدییەکان، لەمیانی خۆدزینەوەو قورتاربوون لەشاڵاو و ھێرشی میدییەکان، نێوەندێکی ڤالا بۆ کوردە زیلانییەکان دروست ببوو، ھەر بۆیە زیلانییەکان بەشێوەیەکی گشتگیرو ھەمئاھەنگ پێشوازییان لەمیدییەکان کردو دژ بە ئیمپراتۆریەتی "لیدییەکان" لەگەلڕ ئەواندا یەکیانگرت و لەساڵی "٥٨٩"ی "پ.ز" شاری "کاپادۆکیا"...لەساڵی "٥٨٥"ی "پ.ز" شاری پۆنتس و دواتریش شاری "قەیسەری" ئازادکرا.


پاشان میدییەکان گەیشتنە کەنارو سنووری خۆرھەڵاتی شاری ئەنقەرە، نزیک رووباری "ھەلیس" کەلەئێستادا "قزلڕ ئرماک"ی پێدەگوترێت، شایانی باسیشە کەسەرجەم ئەو ناوچانەی کەلەو دەمەدا ھەبوون و پێشتر ناومان ھێنان، ناوچەی کوردنشین بوون.


لە ٨ی مایسی "٥٨٥"ی "پ.ز" لیدییەکان تەنھا نیوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بەدەستەوە مابوو. بەناچاری و بۆ بەرگرتن لەشاڵاو و ھێرشی میدییەکان، بڕیارنامەی ئاشتییان لەگەلڕ میدییەکان مۆرکرد بەو پێیەش ئەو ناوچانەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، بووە بەشێک لەبەشەکانی دیکەی فیدراسیۆن-ی میدییەکان و وەک خەڵاتێک و پاداشتێکی رۆلڕ و کاریگەری کوردە زیلانییەکان لەسەرکەوتنی میدییەکاندا، میدییەکان ئەو ناوچانەیان بۆ جێھێشتن.


زۆر بنەماڵە و ھۆزی ئاری رەگەز دەچنەوە سەر بنەچەی "ساگرتیانەکان"و وەک ئاشکرایە چیای "زاگرۆس" بەناوی ئەوانەوە ناونراوە. ھەروەک لەکتێبی "کوردستانی عێراقی مۆدێرن" کەلەنووسینی"دیاکۆنۆف"ەو لەساڵی "١٩٨٥"دا چاپکراوە، ئاماژەی بۆ کراوە. لەو دەمەداولەپاش زنجیرەیەکی درێژخایەنی کۆچ و رەو لەناوچەکانی نێوەڕاستی کوردستاندا بەتەواویی بڵاوبوونەتەوەو لەناوچەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکاندا گیرساونەتەوەو سەقامگیربوون.


ھەندێک نموونەی ئەو شوێنانەش، ناوچەی "نەبی یونس"،"کۆرساباد"،"نەمرود"،"شەرقات"،"باڵاوات"،"ئادیابێنە"،"نینۆوا"یە لە ترۆپکی سەرکەوتن و دەسەڵاتدارێتی میدییەکاندا و لەساڵی "٥٨٤"داو لەسەردەمی دوا دەسەڵاتداری میدییەکاندا کەناوی "ئاستیاگێس- یان- ئازھی داھاک_زوحاک" بووە، لەپڕو لەناکاو لەپرۆسەیەکی پیلانی ئامێزی چنراو و کودەتایانەدا، "زوحاک" بەدەستی نەوەی خۆی کەبەڕەگەز نیوە فارس بووە، کوژراو نەوەی ناپاکی"زوحاک" کۆتایی بەحوکمی میدییەکان ھێناو کاروباری حوکم و دەسەڵاتیشی بۆ"کیرۆس" ی دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی ئەخامەنییەکان جێھێشت. لەسەردەستی "داریوس"ی فارس، لەساڵی "٥٢٢"ی "پ.ز" دا، بەتەواویی حوکم و دەسەڵاتی کۆنە فیدراسیۆنی میدییەکان (کەتا ئەودەمەش بەسەرکردایەتی ئەخامەنییەکان و نیمچە ڕۆڵێکی میدییەکان بەڕێوەدەبرا) کەوتە دەستی فارسەکان.


ھەروەھا رێبازی ئایینی "یەزدانی" وەک ئایینێکی رەسەنی کوردانەو زالڕ و باڵادەستی ناوچەکە تا سەردەمی"ئازھی زوحاک" پەیڕەودەکرا، جگە لەزاڵبوون و باڵادەستبوونی بەسەر ئایینی زەردەشتییەکانەوە، بگرە لەوە زیاتریش رێگە نیشاندەر و رابەری راستەقینەو شوێنجێگەو قاڵبوونەوەو گۆشکردنی پیرو موغانە زەردەشتییەکان بووە.. کەچی لەسەردەمی "داریوس"ی فارسەوەو بەبەرنامە ویستویەتی "یەزدانییەت" ئایینی رەسەنی میدییەکان بشێوێنێت.. لەھەوڵێکی بێ وێنەدا "یەزدانییەت" قەدەغەکراوەو زەردەشتییەت سەپێندراوەو ھەربەوەشەوە نەوەستاوە،خودی گاتاکانی زەردەشتی شێواندووەو بەمەبەستی خزمەتکردنی خۆی و دەسەڵاتەکەی گۆڕیویەتی، گەرچی لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە.


لەو گۆڕانکارییانەی کەلەگاتاکانی زەردەشتدا کردوێتی و بۆی زیادکردووە، ھاوتاکردنی ناو و چەمکی"ئەھریمەن-شەیتان-بە-زوحاک"بووە.


ھەر بۆیە لەمیتۆلۆژیای ئێرانیدا، راشکاوانە ئەم ھاوتا بوونەی ناو و چەمکی زوحاک و شەیتان دەبینرێتەوە.


گەرچی ئەو لقە ئایینییانەی کەلە"یەزدانی" یەکان جیابوونەتەوە... بەپێچەوانەی ئەم تێڕوانینەوە، ناوی "زوحاک" کەبەھەڵە بۆتە"ساھاک-ساحاک"، ھێشتاکە رێز و مەزنی و قودسییەتی خۆی پاراستووەو ھەردەم لەلایەن ئەو لقە ئایینییانەوە ستایش دەکرێت.


میدییەکان گەرچی بەتەواویی لەگەلڕ سەرجەم ھۆز و بنەماڵە کوردەکانی ناوچەکانی کوردستاندا، لەڕووی کلتوور و داب و نەریت و کەشە کۆمەڵایەتییەکاندا ھاوتەباو یەکانگیر بوون، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەری گروپە ئارییەکانی ترداو لەئەنجامی بگرەو بەردەو ھێنان و بردنی مامەڵەکاریانەدا، ئەو سەربەخۆییە تایبەتمەندەی خۆیان لەدەستداوە، لەنێو گروپە دەسەڵاتدارە ھیندۆئەوروپییەکانی ئەو دەمەدا تواونەتەوە، پێکڤە کۆمەڵگەیەکی بەڕەگەز ھیندۆ ئەوروپی ئێرانییان پێکەوە ناوە.


بەڵام ھێشتاکە تا ئەمڕۆش کاریگەری میدییەکان بەسەر کوردەوە، شوێنجێگەی بەرچاوی خۆی پاراستووە، بەتایبەت لەرووی زمانەوانی و داب و نەریت و سەرجەم کەشە کۆمەڵایەتییەکاندا.


لەزۆر ناوی شوێن و ناوچەکانی کوردستاندا، بڕگەی "ماە"مە" ھێشتاکە بەکاردێت و جێماوێکی وشەی "مەد-ە و بەپلەی یەکەم دێت لەبەکاربردندا و بەپلەی دووەمیش لەبەکارھێناندا وشەکانی"ئیسکیت-سارمات-ئالان"دێت، جێماوێکی شوێنەواری ئارییەکانە لەڕووی ناوھێنانی شوێن و زمانەوانییەوە و دەکرێت لەئێستادا پەی پێبەرین و بیدۆزینەوە، وەک: "سەقز-ساکواند-سارمی-ئالان" دیارە ناوی ئەو ناوچەو شوێنانە پاش گۆڕانو گۆڕانکاری ساڵانێکی دوور و درێژە، ھێشتاکە ماکی زمانەوانی ئیسکیتییەکان ھەڵدەگرێت و لەڕووی مێژوویشەوە بەشوێنەواری ئیسکیتییەکان"ئارییەکان" لەقەڵەم دەدرێت.


ھۆز و بنەماڵە ئارییەکان و ساگارتیانەکان لە ناوچەکانی کوردستاندا وەک: ھەولێر، نینۆوا، چیاکانی زاگرۆس، پاش کۆچ و رەویان بڵاوبوونەتەوەو تا ئێستاکەش مۆرکی ئەوانیان پێوە دیارە.. "ساگارتییەکان" بەباوانی "فارس و پارتییاییەکان و ھایگییەکان" ناسراون.
تا ساڵی ٢٠٠ی "پ.ز" ئەم کۆچ و رەوە بۆ کوردستان ئیدامەکارانە درێژەی ھەبووەو بەردەوام بووە.

تێبینی: مێژوونووسی "یۆنان-رۆمان"ی "ڤلاڤیۆس ئاریان" لەکتێبی" ئێکستەیکس کۆنترا ئەلەنۆس" کەلەساڵی"١٣٤"ی "پ.ز" دا نووسیوویەتی، ئاماژەی بۆ دووجاری داگیرکردنی کوردستان کردووەو لەو سەردەمەدا.. جێگەی داخ و نیگەرانییە گەر بڵێین، کتێبە بەنرخەکەی "ڤلاڤیۆس ئاریان" کەپێشتر ناومان ھێنا، لەبەردەستدا نەماوەو ونبووە؟!

__________________________________

* میهرداد. ر. ئیزەدی: تا ماوەیەکی نزیکیش مامۆستای مێژوو و زمانە رۆژھەڵاتییەکانی زانکۆی ھارڤارد بووە.
نووسەر لیسانسی لە زانستی سیاسی و جوگرافیدا ھەیە.
بڕوانامەی ماجستێری لە گۆڕانکاری و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە.
بڕوانامەی دکتۆراشی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانی سەبارەت بەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێ بەخشراوە.
لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا سەبارەت بە مەسەلەی کورد، دوو جار بانگھێشت کراوەو گوێ لە ڕاوبۆچوونەکانی گیراوە.
بابەت و وتارێکی زۆری لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە:
Kurdish Times , Middle East Journal
ئەم کتێبەی ئامادەیە بۆ چاپ بەناوی:
A basic of the land and people of Kurdistan

 

ژێدەر:
Kurtler\Mehrdad.R.Izadi\Doz Yaynlar\istanbul\2004

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک