١\٣\٢٠١٤
فڕین
بەسەر هەورەکانی هەناسەدا.

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
ف، فێربوونی
دەستوپەنجە نەرمکردنە لەگەڵ خەم و
هاتنەوەیە لەگەڵ وەهمەکانی سەفەر
ڕ، ڕۆیشتنە بەسەر ئاسمانەکانی خەیاڵ و لەخشتەبردنی دڵە
بەپەلکە ڕەنگاوڕەنگەکانی گریان
ی، یاخیبوونە لە سەردەم و ڕەتکردنەوەی گۆرانییە باوەکانی عەشقە
ن، نووستنی نیگایە لە نێو شەپۆڵە بێزارەکانی بینین و ناسککوژیە
ب، بردنەوەی گرەوەکانی گومانە بەر لە کوشتنی سیزیف
ە، ئاوێنەبەندی شیعرێکە تۆراو لە خوێنەر و شاعیر و بێزووکردوو بە
تەنیایی
س، سەرنجی سەفەری سەرابەکانی سەر نەخشەی بیابانی بێئومێدییە
پێش ئەوەی خۆر سڵاو لە پەنجەرەکانی تاریکی بکات
ە، ئاسۆی کورتبینی باڵندە کۆچەرەکانی خۆشەویستی مرۆڤە
نەدەفڕی لەشەقەی باڵ بداو بفڕی و نەلەسەر تاڵە تریسکەی هیوایەکدا
دەنیشنەوە
ر، ڕوانینە لە ژماردنی ئەستێرەکانی ڕواو لەچەقی ئاسمان
ه، هەڵمی سڕبووی سەر پەنجەرەی یادەوەری دڵدارییە
ە،ئاواتی وشکەوەبووی دڵی قەیرە پێکەنینێکی ڕەشپۆشە
و، وردبوونی گۆزەکانی پاکانە و شووشەی دڵی کچە جاحێڵێکی کوردە
ر، ڕاکردنە بەژێر پردەکانی خۆونکردن و دۆزینەوەی پەنجەرەکانی ئیمانە
ە، ئحم و قورگ پاککردنەوەی کارەکتەرێکی ئێدوارد ئەلبییە
ک، کۆچی پیتە وێلەکانی نامەیەکە خاڵی لەسۆز، تەژی لە ترس و هەڕەشە
ا، ئاوەدانکردنەوەی وێرانەخاکی ت س ئیلیۆتە
ن، ناردنی نامە جێماوەکانی دوای شەڕن بۆ کچە بێوەژنەکانی لەشار جێماو
ی، یادخستنەوەی نامەکانی شاپلنە بۆ سەدە گەمژەکان
ه،هونەری دەستبردنە بۆ ناو گەڵی چیرۆکێکی ئیرۆتیکی
ە، ئاوێزان بوونی من و نێرگزە لە ساتی سەمای سۆفکلیسدا
ن، نوێبوونەوەی جەنگەکان و کوشتنی هەستەکان و ڕوحە
ا، ئاوڕدانەوەیەکی تووڕەی سترێنبێرگە لەڕابردوو
س،سێبەری دوورکەوتنەوەیە لەهەتاوەکانی غەدر
ە، ئەوینێکی قەدەغەکراو و ڕیپێدراوی سەر شەقامێکی تووڕەیە
د، داڵدادانی وشەیە لەباوەشی شیعرێکی ئەویندار
ا، ئامادەبوونە لە بەردەم فڕین بەسەر هەورەکانی هەناسەدا.
١٧\١\٢٠١٣
- کەنەدا
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|